“دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان”
بەشداریکردنی لایەنە کوردییەکان بە هاوپەیمانییەتی و لیستی جیاواز لە ناوچە دابڕاوەکان، بەتایبەتی کەرکووک بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا، زیانی بە دەنگی لایەنە کوردییەکان گەیاند، کە بووە هۆی سووتانی ڕێژەیەکی زۆر دەنگ. لایەنەکان بە کۆی گشتی تاوانباری ئەو دۆخەن، کە هیچ کامێکیان دەستپێشخەرییان نەکرد بۆ ئەوەی کە گشتیان بە هاوپەیمانییەتییەکی یەکگرتوو و بەهێز بەشداری لە هەڵبژاردنەکە بکەن بە لایەنی کەمەوە لە کەرکووک. هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین گرنگییەکی زۆری هەبوو، بۆ ئەوەی ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان دووپاتبکرێتەوە. هەڵبژاردنەكە گرنگ و جێی بایەخ بوو، لایەنەكان چاویان لەوە بوو کە لە ڕێگای ئەو هەڵبژاردنەوە پایەی پارێزگاری كەركووك بەدەست بهێننەوە، هەرچەندە لایەنەکان لە هیچ پارێزگایەكی ناوچە دابڕاوەكان نەیانتوانی لە هاوپەیمانییەكی كوردیدا كۆببنەوە. لایەنە کوردییەکان لە هەموو ئەو پارێزگایانەدا 15 کورسیان لە کۆی 75 کورسی بەدەستهێناوە کە دابەشبوونەکە بەم جۆرەیە:- کەرکووک 7 کورسی بە جۆرێک یەکێتی 5 کورسی و پارتی 2 کورسی، نەینەوا 6 کورسی بە جۆرێک پارتی 4 کورسی و یەکێتی 2 کورسی، لە هەریەکە لە دیالە و سەڵاحەدینیش 1 کورسی بەدەستهاتوون کە لە هەردوو شوێن بەربژێرەکانی یەکێتی سەرکەوتوون.
“کولتوور و هۆشیاریی سیاسی؛ یەک ڕیزی و هاوپەیمانییەتی لایەنەکان”
گشت لایەنە کوردییەکان، ئەوانەی بەشداری هەڵبژاردنیان کرد و ئەوانەیشی بەشدارییان نەکرد، تاوانباری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ئەو دۆخەن کە لە ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکان و کەرکووک ڕوودەدات. یەکێک لە ئەرکەکانی لایەنی سیاسی لە هەر وڵاتێکدا، بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی سیاسی پەیوەست بە پرۆسە سیاسییەکانی وڵات، کە لایەنە سیاسییەکان کەرستەیەکی گرنگی بڵاوکردنەوەی ئەو هۆشیارییەن، بەڵام هیچ کامێک لە لایەنە کوردییەکان نەیتوانی ئەو ڕۆڵە ببینن، کە هانی کوردستانیان لە ناوچە دابڕاوەکان و کەرکووک بکەن، بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن و بڕیار لەسەر چارەنووسیان بدەن. ئەو لایەنانەشی، کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا نەکرد، دەبوو هانی کوردستانیان بدەن، بۆ ئەوەی دەنگی بە لایەنە کوردییەکان بدەن لەپێناوی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا و هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان لە ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا. هەروەها گشت ئەو لایەنانەیشی، کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد، نەیانتوانی کە لە بانگەشەکاندا هۆشیاری سیاسی بڵاوبکەنەوە، پەیوەست بە بەشداری کوردستانیان لە ناوچە دابڕاوەکان و کەرکووک لە هەڵبژاردنەکەدا.
گشت ئەو لایەنانەی، کە بەشداریان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد، تاوانبارن لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، بەتایبەت لە کەرکووک کە بۆ یەکەمجار بوو لایەنە کوردییەکان لە نیوەی کورسییەکانی پارێزگایەکە کەمتر بەدەستبهێنن و ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن بەو شێوەیە کەم ببێتەوە. لایەنەکان بەهۆی سەرقاڵ بوونیان بە ناکۆییەکانی نێوانیان نەیانتوانی لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیدا بەشداری لە هەڵبژرادنەکەدا بکەن، هەروەها هانی کوردستانیان بدەن بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن و چارەنووسی خۆیان دیاریبکەن، هەروەها پارێزگار و نوێنەرەکانیان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵببژێرن. سەرەکیترین هۆکاری ئەوەی، کە لایەنە کوردییەکان بۆ یەکەمجار لە هەڵبژاردنێکی کەرکووکدا لە نیوەی دەنگەکان کەمتر بهێنن ئەوە بوو کە نەیانتوانی بە یەک هاوپەیمانییەتیی یەکگرتووی کوردستانی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن، بەڵکو هێندەی خەریکی کێشە و ململانێیەکانی نێوانیان بوون، خەریکی پرسە نیشتمانی و یەکلاییەکەرەوەکان نەبوون، بەتایبەت پرسی کوردستانیبوونی ناوچە دابڕاوەکان و کەرکووک. کۆی گشتی ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی لایەنە کوردییەکان نەبوون، لایەنە بەشداربووەکان پێویستە گشتییان بەرپرسیارەتی ئەنجامەکان و ئەو دۆخە هەڵبگرن کە لە ئێستادا و لە دوای هەڵبژاردنیش ڕوو لە ناوچە دابڕاوەکان و کەرکووک دەکات.
لە سیاسەتدا، هیچ شتێک بە ڕەهایی نییە، دەبوو لایەنەکان ئامادەسازی زیاتریان بۆ هەڵبژاردنەکە بکردبا، دەبوو هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە قووڵ و مەودا درێژیان بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەرئەنجامەکانی هەبووایە. بەر لە ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێک پێویستە لایەنەکان توێژینەوە و گشتپرسی پێویست ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی سەنگ و پێگەی خۆیان لە هەڵبژاردن بزانن، بەتایبەت ناوچە دابڕاوەکان و کەرکووک، کە هێڵی سوورن و هەرگیز خاک مایەی سازشکردن نییە. خاک ئابڕوو و شکۆی هەر نەتەوەیەکن، دەبێت سیاسەت لە هەر نەتەوەیەکدا لە خزمەتی نەتەوەدا بن، لایەنە سیاسییان کەرستەیەک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لەپێناوی خزمەتکردنی نیشتماندا، لایەنە سیاسییەکان هەرگیز نابێت بەها و پرەنسیپ بن، بەڵکو تەنها دەبێت تەنها کەرستەی گەیشتن بە دەسەڵات بن، کە لە کۆتاییشدا دەسەڵات دەبێت تەنها و تەنها لە خزمەت نیشتمان بێت. کولتووری پۆزش هێنانەوە و دەستلەکارکێشانەوە و وازهێنان لە سیاسەت لە کۆمەڵگادا درووست نەبووە، لە هەموو جیهاندا کاتێک لایەنێک یانیش کەسێک لە پرۆسەیەکی سیاسی دەدۆڕێت، ئەوا پۆزش بۆ خەڵکەکەی دەهێنێتەوە، دەستلەکاردەکێشێتەوە یانیش بە یەکجاری واز لە سیاسەت دەهێنێت، بەڵام ئەوە هێشتادا نەبووە کلتوور لە کۆمەڵگای ئێمەدا.
“باجی لایەنەکان و بەشی هەڵبژاردنەکانیان”
پێویستە لایەنەکان بە کۆی گشتی داوای لێبووردن لە گشت کوردستانیان بکەن، بەتایبەت کوردستانیانی ناوچە دابڕاوەکان و کەرکووک، بەشێک لەو لایەنانەیشی کە نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی کورسی بهێنن و بوونە مایەی سووتاندنی ڕێژەیەکی زۆری دەنگ، ئەوا پێویستە بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن و گشتپرسی هەر لایەنێک لەگەڵ سەرۆک لیستەکانیان و بەربژێرەکانیان، هەروەها بەرپرسە باڵاکانی ئەو لایەنانەی، کە تەمەنیان نزیک بە چارەگە سەدەیەک و زیاترە دەستلەکاربکێشنەوە و بە تەواوی واز لە سیاسەت بهێنن، چونکە سەرەڕای ئەوەی بوونە هۆکاری سووتاندنی ڕێژەیەکی زۆری دەنگ، هەروەها لایەنەکانیان بەتایبەت بەشی ڕاگەیاندن و گشتی پرسی لایەنەکانیان هیچ جۆرە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەیەکی قووڵیان بۆ سیستەمی هەڵبژاردن و ئەنجام و دەرئەنجامەکانی نەبوو. بەر لە ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێک، دەبێت بەشی هەڵبژاردن و گشتپرسی لایەنەکان لە نێوان خۆیاندا خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ورد و قووڵیان بۆ هەڵبژاردنەکە هەبێت، پێویستە ڕەچاوی ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن و پێگە و سەنگیان بکەن، کە ئایا تاوەکو چەند دەتوانن نوێنەرایەتی دەنگی کوردستانیان بکەن؟ لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا ئەوە سەلمێندراوە، کە بەشی هەڵبژاردن و گشتپرسی لایەنەکان نەوەک هەر خوێندنەوەی قووڵ و وردیا بۆ ئەنجام و دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان نەبووە، بەڵکو بەرپرس بوون لە دۆڕانی لایەنەکانیشیان و بەدەستهێنانی دەنگی کەم کە بەشێکیان ژمارەی کورسییەکانیان لە کۆی گشتی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە ناگات بە تەنانەت پێنج کورسیش، هەروەها بەربژێرکردنی کەسانی ناشارەزا و ناچالاک و بێ توانا، کە نەیانتوانیوە نوێنەرایەنی دەنگی کوردستانیان بکەن.
“ژمارەی کورسییەکان و ڕێژەی دەنگەکان”
ژمارەی کورسییەکان؛ لە چوار پارێزگاکەی ناوچە دابڕاوەکان لایەنە کوردییەکان، کورسییەکانیان لە 43 کورسییەوە بووە بە 15لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پێشوو کە ژمارەی کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئێراق زیاتر بووە لە ئێستا، لایەکە کوردییەکان لەو پارێزگایانەی کوردستانی باشوور و ئێراق کە هاونیشتمانیانی تێدان، 43 کورسیی ئەنجوومەنەکانیان لابوو، ئێستا لەو ناوچانە خاوەنی 15 کورسین، کە 6 کورسییان بەربژێرانی پارتی دیمووکراتی کوردستان و 9یەکەی تریش بەربژێرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەدەستیانهێناوە. بەگوێرەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کەم کراونەتەوە، لە کەرکووک پێشتر ئەنجوومەنی پارێزگا 41 کورسی بوو، ئێستا بووە بە 16 کورسی، لە نەینەوا 39 کورسی بوو، ئێستا کراوە بە 29 کورسی، کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی دیالە و سەلاحەدینیش لە 29 کورسییەوە کراوە بە 15 کورسی. کورسیی لایەنە کوردییەکان لە ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای کەرکووک لە کۆی 41 کورسی، 26 کورسی بووە، ئێستا لە 16 کورسی حەوت کورسییە. لە پارێزگای نەینەوا پێشتر لە 39 کورسی، کورد 13 کورسی هەبوو، ئێستا لە کۆی 29 کورسی 6 کورسی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دیالە ئەنجوومەنی پێشوو لە 29 ئەندام سێیان کورد بوون، ئەنجوومەنی نوێی هەڵبژێردراوی ئەو پارێزگایە لە کۆی 15 کورسی یەک بەربژێری یەکێتی سەرکەوتووە و ئەویش عەرەبە. ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین تەنیا پارێزگایە کورد پێشتر یەک کورسی هەبووە و ئەمساڵیش پارێزگاری لێکردووە. لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا لەنێو لایەنە کوردستانییەکاندا تەنیا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کورسییان بەدەستهێناوە، یەکێتی نۆ کورسی و پارتیش شەش کورسی بەدەستهێناوە.
ڕێژەی دەنگەکان؛ کۆی گشتی ڕێژەی دەنگە سووتاوەکان بۆ هەر پارێزگایەک بەپێی ئەنجامە بەراییەکان زیاتربوون لە 106,514 دەنگ، لەو هۆکارانەی وایکرد لایەنە کوردییەکان کورسی کەم لە هەموو ئەو پارێزگایانەدا بەدەستبهێنێت دابەشبوون و نەبوونی یەکڕیزی و یەک هاوپەیمانییەتی بوو لە هەڵبژرادنەکەدا، کە کۆی گشتی ڕێژەی دەنگە سووتاوەکان بۆ هەر پارێزگایەک بەپێی ئەنجامە بەراییەکان زیاتربوون لە 106,514 دەنگ، کە بەم شێوەیە دابەشبوون: کەرکووک: 53,617، نەینەوا: 34426، دیالە: 16,680، سەڵاحەدین: 1,791، کەرکووک:- زیاتر لە 53,617 هەزار دەنگ، ئەمساڵ لە کەرکووک دوای 18 ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، لەکاتێکدا لە پارێزگاکانی دیکە ساڵی 2013 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تێدا کرابوو. زیاتر لە 53 هەزار دەنگی لایەنە کوردییەکان لە کەرکووک دەسووتێن. بە گوێرەی ئەو ئەنجامەی رۆژی سێشەممە 19/12/2023 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئێراق بڵاویکردەوە، لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک 217 هەزار و 815 دەنگیان بەدەستهێناوە و دەنگەکانیان بەم شێوەیە: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 139 هەزار و 373 دەنگ؛ پارتی دیموکراتی کوردستان 46 هەزار و 749 دەنگ؛ جووڵانەوەی نەوەی نوێ 24 هەزار و 620 دەنگ؛ هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک کە یەکگرتوو و کۆمەڵ پێکیانهێنابوو 6655 دەنگ و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان 377 دەنگ.
ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لە ١٥ كورسی و كورسییەكی كۆتای كریستیان پێك دێت. لایەنە كوردییەکان بە پێنج لیستی جیاواز لەو پارێزگایە بەشداربوون لە هەڵبژاردنەكەدا. پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیستی ژمارە ١٩٧، یەكێتی و حیزبی شیوعیی كوردستان پێكەوە بە هاوپەیمانێتییەك بە ناوی (كەركووك هێز و ئیرادەمانە) بە ژمارە ١٤٢، جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە ١٦٧، هەریەكە لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەریی بە هاوپەیمانیی (مەشخەڵی كەركووك) بە لیستی ژمارە ١٦٣ و پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش بە تەنها بە لیستی ژمارە ٢٠٢ بەشداربوون لە هەڵبژاردنەكە. لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٥ـی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكدا، “لیستی برایەتیی كەركووك” كە لیستێكی كوردستانی بوو، ٢٦ كورسیی لە كۆی ٤١ كورسیی ئەنجوومەنەكە بەدەست هێنا، بەوەش لایەنە کوردییەکان پایەی پارێزگاری كەركووكیان بردەوە، بەڵام لەدوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧، لایەنە کوردییەکان پایەی پارێزگاریان لەدەستدا و لە ئیدارەی پارێزگاكەش ڕۆڵیان لاواز بوو.
“لە 26 کورسییەوە بۆ 7 کورسی”
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005ـی پارێزگای کەرکووک، لیستی برایەتیی کەرکووک کە کورد دروستیکرد، زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو؛ خاوەنی 26 کورسیی ئەنجوومەنەکە بوون لە کۆی 41 کورسی. لەنێو لیستی برایەتیی کەرکووکدا جگە لە لایەنە کوردستانییەکان، پێکهاتەکانییش بوونیان هەبوو؛ کە دوو ئەندامی تورکمان، دووی عەرەب و سێ کەسی کریستیانیشی تێدا بوون.
نەینەوا؛ زیاتر لە 34426 دەنگ، چەند ناوچەیەکی گرنگی پارێزگای نەینەوا لە سنووری مادەی 140دان، وەک مەخموور و شنگال. پارتی دیموکراتی کوردستان لەو پارێزگایەدا 127 هەزار و 938 دەنگی بەدەستهێنا و 4 کورسی بردەوە؛ یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیش لەگەڵ چەند هێزێکی دیکەدا هاوپەیمانییەکی بەناوی ئەهلی نەینەوا پێکهێنا و 45 هەزار و 939 دەنگی بەدەستهێنا و 2 کورسی بردەوە، بەڵام هەردووکیان دەنگی زۆریشیان لەدەستدا. یەکێتی 9178 دەنگی لەدەستدا و پارتیش 24325 دەنگی سووتان. پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانیش 923 دەنگی هێنابوو و هەموویان سووتان. بەڵام دەنگەکانی نەوەی نوێ، هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک و پارتی سۆسیال دیموکرات هێندە نەبوون کە ئەو لایەنانە بە تەنیا کورسی بەدەستبهێنن و هەربۆیە ئەو دەنگانە هەموویان دەسووتێن. ئەو دەنگانە لەگەڵ ئەو دەنگانەی دیکەی کە پارتی و یەکێتی بەدەستیان هێناون و بەشی کورسییان نەکرد و دەفەوتێن هەموویان 53 هەزار و 617 دەنگن. لە پارێزگای نەینەوا كە بەشێكی دانیشتوانەكەی كوردە، لایەنە كوردستانییەكان بە سێ لیست و هاوپەیمانی بەشداربوون لە هەڵبژاردنەكە و زۆرینەی دەنگی كورد لە قەزاكانی مەخموور و شنگال بوون. ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ٢٩ كورسییە، پارتی بە ٥٢ بەربژێر و یەكێتیش بە ٢٥ بەربژێر لەگەڵ بەربژێرەکانی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان وەكوو سێ لایەنی كوردی، بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد.
“لە 13 کورسییەوە بۆ 6 کورسی”
ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای نەینەوا 39 ئەندامی هەبوو، لە ئەنجوومەنی پێشوودا 8 ئەندامی کورد لە لیستی پارتی دیمووکراتی کوردستان و 3 ئەندامی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان هەبوون، هەروەها ئەندامێکی ئەنجوومەن لە کوردانی ئێزدی و ئەندامێکیش لە کوردانی شەبەک بوون. بەگوێرەی یاسای نوێی هەڵبژاردن، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 29 ئەندامی دەبێت، کە سیانیان کۆتای کریستیانن، لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا لایەنە کوردییەکان 6 کورسییان بەدەستهێناوە، چوار کورسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و دوو کورسیش یەکێتیی نیشتمانی کوردستان.
“دیالە؛ زیاتر لە 16,680 دەنگ”
لەکۆی 15 کورسییەکەی دیالە، لایەنە کوردییەکان تەنیا یەک کورسیان بردووەتەوە، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی دیالەدا بەشداربوون، بەڵام بە سێ لیستی جیاواز. بەربژێرەکەی پارتی لەو پارێزگایەدا 6804 دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام دەنگەکانی بەشی هێندە نین ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە؛ هاوکات پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان 133 دەنگی بردووەتەوە، بەڵام ئەوانیش سووتان، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 23715 دەنگی بردووەتەوە، بەڵام بە گوێرەی سیستمی سانت لیگۆ کە کورسییەکان لەسەر بنچینەی دابەش دەکرێن، 9743 دەنگی زیادەن و هەربۆیە ئەوانیش دەسووتێن، واتە کورد بە گشتی لەو پارێزگایە 16 هەزار و 680 دەنگی لایەنە کوردییەکان سووتاون.
“لە 3 کورسییەوە بۆ 1 کورسی”
لە پارێزگای دیالە گۆڕانکاری بەسەر کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکەدا هاتووە و لە 29 کورسییەوە کەمکراوەتەوە بۆ 15 کورسی، پێشتر لایەنە کوردییەکان سێ کورسیان هەبووە و ئێستا یەک کورسیان بەدەستهێناوە کە بەربژێرێکی عەرەب لە لیستی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەدەستیهێناوە. هەڵبژاردنی رابردوو پارتی و یەکێتی پێکەوە بەشداریان کرد و سێ کورسیان بەدەستهێنا؛ دوو یەکێتی و یەکێکی پارتی. ئەمساڵ وەکو دەنگ دەنگی کورد کەمی نەکردووە و زیاتریش بووە، تەنیا یەکێتی 8 هەزار دەنگ زیادیکردووە.
“سەڵاحەدین؛ زیاتر لە 1791 دەنگ”
لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا پێگەی لایەنە کوردییەکان لە پارێزگای سەڵاحەدین لە لاوازبوونی بەردەوامدا بووە. لایەنە کوردییەکان ئاگاداربوون کە هێندە دەنگ بەدەستناهێنن بەتەنیا بچنە نێو ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدینەوە، هەربۆیە بەربژێرەکانیان لەنێو لیستەکانی تر (کە گشتیان لیستی عەرەبین) جێگەکردەوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەک بەربژێری هەبوو کە ئەویش لەنێو هاوپەیمانیی جەماهیری وەتەنییەدا بوو و بە بەدەستهێنانی 8448 دەنگ کورسییەکەی بردەوە، هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانە یەک بەربژێری لەنێو لیستی حەسمی وەتەنییدا هەبوو کە تارا جەلال بوو و تەنیا 1171 دەنگی بەدەستهێنا و ئەو دەنگانەش سووتان. حیزبی شیوعی کوردستانیش بەربژێرێکی هەبوو و ئەویش 620 دەنگی بەدەستهێنا و سووتان. لەو پارێزگایەدا بەگشتی 1791 دەنگی لایەنە کوردییەکان سووتان.
پارێزگای سەلاحەدینیش چەند ناوچەیەكی كوردستانییە و دەنگی لایەنە كوردییەکانی تێدایە، وەكوو دوزخورماتوو و ئامرلی و سلێمان بەگ، بەڵام هیچ کامێک لە لایەنە كوردییەکان لەم هەڵبژاردنەدا لیستیان نەبوو، پارتی و یەكێتی و شیوعی بە هەبوونی بەربژێر لەناو لیستە عەرەبییەكاندا هەوڵیان دەدا نوێنەریان لە ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایەدا هەبێت كە ١٥ كورسیی بۆ دیاریكرابوو. لە پارێزگای سەڵاحەدین تواندراوە پارێزگاری لە 1 کورسییەکەی هەڵبژاردنی پێشوو بکرێت، لە پارێزگای سەڵاحەدین، کە قەزای خورماتوو لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بەو قەزایەیە، لایەنەکان پارێزگاریان لە کورسییەکەی پێشتریان کردووە. ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای سەڵاحەدین 29 کورسی بوو، لایەنە کوردییەکام یەک کورسیان هەبوو، ئەم ساڵ بە یاسا نوێیەکە، کورسیی ئەنجوومەنەکە کەمکراوەتەوە بۆ 15 کورسی و لایەنە کوردییەکان پارێزگاریان لە کورسییەکەیان کردووە و کورسییەکیان مسۆگەر کردووە، کە بەربژێرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرکەوتووە.
“چارەنووسی ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکان و کەرکووک”
هەر هەڵبژاردنێک لە ناوچە دابڕاوەکان و كەركووك وەك ناوەندی ئەو ناوچانە، گرنگی گەورەی بۆ لایەنە کوردییەکان هەیە، بەتایبەت كە ئەو ناوچانە ئێستاشی لەگەڵدا بێت كێشەی سەرەكی نێوان هەولێر و بەغدان. ئەنجامی هەڵبژاردنیش دواجار كاریگەری لەسەر هێزی لایەنە کوردییەکان دەبێت لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ و کەرکووک. لایەنە كوردییەکان لە هەر چوار پارێزگای ناوچە دابڕاوەکان (كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین) بە هاوپەیمانی و لیستی جیاواز بەشداریان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد، كە زیانی زۆری بۆ ڕێژەی دەنگ و کورسی لایەنە کوردییەکان هەبوو، بووە هۆکاری سووتانی زیاتر لە سەد هەزار دەنگ. بردنەوەی لایەنە كوردییەکان لە هەر هەڵبژاردنێکدا لەو پارێزگایانە ڕۆڵی گرنگی هەیە لەسەر هێزەکانیان لە ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکان و کەرکووک. هەرچەندە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ئێراق چەند جارێك لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس کراوە، کە لە ساڵەکانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٩ و ٢٠١٤ بوون، بەڵام لە دوای هەڵبژاردنی یەكەم كە لایەنە کوردییەکان زۆرینەی كورسییەكانی كەركووكیان بەدەستهێنا، لایەنەکانی بەغدا ڕێگەیاننەدا هەڵبژاردنی تر بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجامبدرێت، بە پاساوی جیاواز و ڕێگرتن لە بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکان لەلایەن لایەنە کوردییەکان لەو پارێزگایە. لایەنەکانی بەغدا ئەمجارە ڕێگریان نەکرد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بەو بڕوایەی، کە لایەنە کوردییان ناتوانن دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنن، بەهۆی ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر.
سەرەڕای ئەوەی ئەنجامەکان هەڵبژاردن لە ناوچە دابڕاوەکان و کەرکووک لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبوون، بەڵام ئەنجامەکان بەس بوون بۆ ئەوەی کوردستانیبوونی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ و کەرکووک دووپاتبکەنەوە. ئەم هەڵبژاردنە گرنگ بوو، بۆ ئەوەی کوردستانیبوونی ناوچە دابڕاوەکان و کەرکووک دووپاتبکرێتەوە، هەروەها کوردانی ئەو ناوچانە خۆیان پارێزگار و نوێنەرەکانیان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا دیاریبکەن. ئەو دۆخە بەزۆر سەپێندراوە بگۆڕن، کە ڕووی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکانی تر کردووە. هەڵبژاردنی ئەمجارە نیشاندانی ئیرادەی کوردستانیان ئەو ناوچانە بوو بەسەر میلیشیاکان، کە نەوەک هۆکاری دڵناییکردنی ئاسایشی ئەو ناوچانە نەبوون، بەڵکو هەر ئەو هێزانە بەشێک بوون لەو کێشە ئەمنییانەی کە ڕووی لە ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکان کردووە. لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ و کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانەوە دۆخێکی بەزۆر سەپێندراو ڕووی لەو ناوچانە کردووە، بەتایبەت کە لە دوای ڕووداوەکانەوە بە بڕیارێکی نایاسایی پارێزگارێکی بەوەکالەتی شۆڤێنی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئێراق دیاریکرا، کە ڕەوتێکی تری بەعەرەبکردن و داگیرکردنی زەویوزاری جووتیارانی کوردی لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠، بەتایبەتی کەرکووک دەستیپێکرد.
لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە گۆڕانکاری زۆر بەسەر ئیدارەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هاتووە. دانانی راکان جبووری بە پارێزگاری سەپێندراوی بەوەکالەتی کەرکووک، دوورخستنەوەی چەندین بەڕێوەبەری کورد لە پۆستەکانیان، هەروەها دوورخستنەوەی ٥١ بەرپرسی بەش و هۆبە لە پۆستەکانیان کە ئەوانیش کورد بوون و دانانی کەسانی شۆڤێنی لە شوێنیان بەشێک لەو گۆڕانکارییانە بوون. تاوەکو ئێستا بەهۆی کەمتەرخەمی بەشێک لە لایەنە کوردییەکان و بوونی هزری شۆڤێنی لە پەرلەمانی ئێراق نەتواندراوە یاسایەک دەربچێت بۆ ئەوەی کێشەی تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن. ئەوەی لە ناوچە دابڕاوەکان ڕوودەدات لە دەرئەنجامەکانی نەبوونی هێزەکانی پێشمەرگەیە لە ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان. سوپای ئێراقی و حەشدی شەعبی هەرگیز ناتوانن ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بۆشاییەکی ئەمنی گەورە لە ناوچە دابڕێندراوەکان درووست بووە، کە تاکە ڕێگاش گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، هەروەها نەمانی پشێوی و ئاژاوە و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە درووست بووە.