” ڕانانێک بۆ فیلمی دۆگمان”
گۆڕەپانێکی چۆڵ، کۆمەڵێک خانوو و هەندێک فرۆشتگای سەرکۆڵانان، پێدەچێت ئێمە لەشارۆچکەیەکی بچووکی وێران بین کە شوێنی ژیانی کۆمەڵێک خەڵکی دزێوە. لەیەکەم دیدارماندا لەوێ هەر زوو ئاشنا دەبین بە “مارسیلۆی سەگساز”. ئەو زەعیفێکی لاتی داماوە، باڵایەکی مام ناوەندی هەیە، کەمێک گەمژە دێتە پێش چاو بەڵام بوێرییەکی ڕاستەقینەی تیادا دەبینین، لەهاوسەرە شۆخەکەی “ئەلیدا” جیابۆتەوە و کچێکی هەیە بەناوی سۆفیا کە جارجار دێت بۆ لای و یاریدەی دەدا لە پیشەکەی، کچێکی ڕۆح شیرینە و باوکی خۆشدەوێ هەندێک کات بەزەییشی پێدادێتەوە، بەهەمان شێوە مارسیلۆش باوکێکی میهرەبانە بۆی هەوڵدەدات پارەی بۆ کۆ بکاتەوە لەڕێگای سەگسازکردن – جوانکردن، گەرچی کچەکەی نازانێت بەڵام ئەو دەزانێت ئەم کارە پارەیەکی زۆری تێدا نیە، لەبەر ئەمە دەبێت لەپاڵیدا هەندێک کاری تر بکات لەدوای تەواو بوونی کارەکەی. مارسیلۆ کەسێکی کۆمەڵایەتییە و زۆرکاتیش لە یانەکە کۆ دەبێتەوە.
هەندێک دیمەنی سەرەتا؛ دەرهێنەر “ماتیۆ گارۆنی” سەرقاڵە بەنیشاندانی بوێرییەکەی “مارسیلۆ” و زەحمەتی کارەکەی، ئەو بەو سەگە قەبە و زل و دڕانەی ڕاکشاون لەسەر تەختەکەی پێمان دەڵێت ئارامییەک و ئازایەتییەکی خۆ نەویست لەم کارەکتەرەدایە، هەروەها نیشانی دەدات کە ئەو بە هۆی پیشەکەیەوە خولیای هاوڕێیەتی پەیدا کردووە، هاورێیەکی دڵسۆزە. “سایمۆن” هاوڕێیەکی خراپی مارسیلۆیە و دڕەندەیە هەر خەیاڵی لای بە دەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی، پاش ئەو “مارسیلۆ” دەیەوێت پارەی زیاتر کۆکاتەوە دەرمان دەهێنێت و دەیدات بە سایمۆن، سایمۆن هەم دەبێتە کڕیار و هەم هاوڕێی. لێرەدا ئیتر لەسەر چیرۆکەکە بەردەوام نابم لێی دەپچڕێم لە کۆتای وتارەکە دەگەڕێمەوە، سەرنجەکانم لەسەر فیلمەکە دەدرکێنم.
لەنێو فیلمەکەدا ئەهریمەنێکی ناڕاستەوخۆ لەژێر ناوی هاوڕێیەتی لەمێشکی “مارسیلۆ” دروست دەبێت، هاوڕێکەی تووندوتیژ و تۆقێنەر و چەوسێنەرە، تەنانەت زۆربەی کات خۆشی لێی دەترسێت، ئەوان هیچ کاتێک هاوڕێیەتیەکی ڕاستەقینە لەنێوانیاندا نیە، تەنیا لە پێناو خۆیاندا یەکترییان خۆش دەوێت بەمەش هیچ جۆرێکی جیاواز لە نیگەرانی دروست نابێت، نیگەرانییەک کە بەشێوەیەکی ئەقڵانی بتوانین لێوەی لە خۆشەویستن تێ بگەین. بنچینەی هەموو هاوڕێیەتیەک گەر بەرژوەندی خوازی، یاخود خۆ خوازی بێت، خۆماشمان بوێت ناتوانین ناوی بنێن هاوڕێیەتی و بە هاورێیەتیش بیفڕۆشینەوە، من کاتێک خۆمم دەوێت ڕەنگە هیچ جێگەیەک نەبێت بۆتۆ یا جێگەیەکی خراپ هەبێت کە بەردوام هەست نائارامی و ناسوودەیی بکەیت، لەبەر ئەمەیە ئەرستۆ لە پەیوەندی بەم باسەوە گەڕاوەتەوە بۆ چەمکی ئاگاپەی یۆنانی و پێمان دەڵێت:- هەموو هاوڕێتییەک پێویستی بەکەسێکی باش هەیە، چونکە کەسی خراپ توانای خۆشویستنی کەسی نییە، ئاگاپە:- کە خۆشویستنە لەبێ مەبەستیدا یا بێ بەرژوەندیدا، وەک خۆشویستنی عیسا بۆ خوا دەکرێت بیری لێ بکەینەوە، بەگشتی ئەمەش دەبێتە هەوێنی هاورێیەتییەکی ڕاستەقینە و دەکرێت بۆ هەمیشە بمێنێتەوە. بابەتی هاوڕێیەتی باش دەزانم ڕەنگ بێت ئێجگار زەق نەتوانێت سەرنجمان بەرێت لەنێو بابەتی فیلمێکدا، بەڕادەیەک ڕەنگ بێت ئێستا بۆ قۆناغی ئێمە کەمێک نامۆتر بێت، ئێمە هەمیشە لەخراپەوە زیاتر دەگوشرێین، چونکە لانیکەم لامان وایە ئەمە قسەی دڵی ئێمەیە، دەشێت یەکێک بم لەوانەی گەر فیلمەکە بەخەڵوزی دڵسۆزی و وەفادا بگاشیەتەوە، ئامادە نەبووم گۆشتی خۆمی پێ ببرژێنم، بەخاتری ئەوەی لەخراپەوە فێری قەدر زانین و لێکەوتەکانی مرۆڤ بوون دەبین، گەر هەموو شتێک باش بێت بۆ مرۆڤ خراپە، لەم سۆنگەیەوە گەر بانگێشتی “نیچە” بکەین ئەو دەڵێت:- دەبێت تووخمەکانی ململانێ لەنێو ژیانکردنی هاوڕێیەتییدا هەبن و لەگەڵیشیدا پێویستن. ڕووبەڕووبوونەوە لەنێو سیستەمی هاوڕێیەتیدا پێشنیارێکی ڕەهایە لای نیچە. دەکرێت ئەم بیرکردنەوە بۆ سەردەمی پۆستمۆدێرنە کە تییدا مرۆڤ ئاوێتەیەکی ڕاکردووە لە ڕۆحی تەنیایی بەتەواوی نەچێتە سەر و خۆیان لەمە هەڵاتبن، بەڵام هێشتا گرنگە بۆ زانینی حەقیقەتی نێوانیان.
لەگرێی دووەمی فیلمەکەدا دەیبین “سایمۆن” لە مێژە وازی لە پارهدان هێناوە لەبەرامبەر ئەو دەرمانانەی لەمارسیلۆی وەردەگرێت، ئەوی بە هەڕەشەیەکی ترسناک تۆقاندووە، لەبەر ئەوەی بە دەمارگرژ و دۆخی ناجێگیر لەناو شارۆچکە ناسراوە، پێویستی بە هێورکەرەوە هەیە، ئەوەش لای “مارسیلۆ” دەستی دەکەوێت، لەبەر ئەمەیە “مارسیلۆ” تووشی یەکەم گرێی دەروونی خۆی دەبێتەوە، هەستی چاوەڕوانی لای سەر هەڵدەدات. لەخۆیدا بەنادیاری دەڵێت سەیرکە من چیت بۆ دەکەم چاوەرێم بۆم بکەیتەوە. یەکەم جەنگی دەروونی خۆمایەتییە بابەتییەکە سەر هەڵدەدات کە تیایدا دوو هێز هەولدەدەن ڕێگا بۆ خۆیان خۆش بکەن و پێی بگەن، ئەوان هەندێک جار خۆیان لەم بەرامبەر کردنەدا نمایندا دەکەن، یەک لەوی تر زیاتر هەولدەدات جەڵەوی فەرمانڕاوایەتییەکردنە بگرێتە دەست.
پەیوەندییەکە پابەند دەبێت بە چوونە بەرامبەری بەردەوامەوە، شتێکی تر دەبێتە مایەی پرسیار ئایا دەسەڵات توانای گۆڕینی هەقیقەتی هەیە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ پرسیارە مێژووییەکە؛ ئایا هەقیقەت چییە؟ لەدێر زەمانەوە و واتە مرۆڤیش، بەر لەهەرشتێکی تر، هەر بوونەوەرێکی تر کە هەبێت، حەقیقەت هەبووە، پێشینەیەکی قبوڵکراوی هەبووە، کەوابوو نەگۆڕە چوون هەقیقەت بەمانا باوەکەی فەزیڵەتی کۆنترینی هەڵگرتووە، تا هەنووکە ئەوە هەقیقەت و یاسا سرووشتییەکانن کە کلیلی ملیۆنان دیاردەیان هەڵگرتووە، بۆیە دەگونجێت بڵێن خۆی پشکی گەورەی دەسەڵاتە و لە هەقیقەتەوە دەسەڵات ئاڵوێر دەکات. مرۆڤ وەک بوونەوەرە سەربەگۆبەنەکە کاتێک دێتە سرووشت خێرا مەیلی وەرگرتنی دەسەڵات دەکات، دەسەڵاتیش چونکە لەگیرفانی هەقیقەتدایە، بەناچاری بۆی دەبێتە دز و خواستی گۆڕینی هەقیقەت دەکات، لە بنچینەدا هەموو جەوهەرەکانی مرۆڤ قابیلی گۆڕانن و ئەوە مرۆڤە زیاتر لە هەرشتێکی تر ناو سرووشت هەڵگری ناوەڕۆکێکی نادیارە، سەروکاری مرۆڤ لەگەڵ ڕاستیدا هەرگیز تەواو نابێت، بەردەوام ڕاستیمان بۆ میقاتکردنی کاتژمێری کەسایەتییەکی گەورەداناوە
“سایمۆن” دوای ئەوەی هاوڕێکەی لە کردەیەکی دزی دەئاڵێنێت و “مارسیلۆ”ی داماو دووساڵ زیندانی دەکرێت، تەواوی خەڵکەکە وا بیر دەکەنەوە مارسیلۆ لە تاوانەکەدایە، گەرچی ئەو بۆ وەرگرتنی بڕە پارەیەک دەچێتە زیندان، تا دواتر بە ئارامی کچەکەی بەرێت بۆ گەشت، بەڵام کۆمەڵەکە تێڕوانینان دەگۆڕێت دەربارەی و ئیدی هەقیقەت ئاوەژوو دەبێتەوە، پێناسییەکی ڕۆنساید وەردەگرێت، بە دەرچوونی مارسیلۆ لە زیندان دەیەوێت هەق و مافی بۆ بگەڕێتەوە و سەر پێچی هاوڕێکەی بکات سەرباری لەدەستدانی کەسایەتی و پیشەکەی، “سایمۆن” بڕە پارەی ناو زیندانەکەشی دەخوات، ئەوەش جارێکی تر مارسیلۆ توڕە دەکات هەوڵی تۆڵەدەدات. بەداخەوە سرووشتی دەرکەوتەی مرۆڤ یا ڕواڵەتبینینی مرۆڤ هێندە ڕوون نییە، تا بتوانین حوکمێکی تەواو دروست و ئەقڵانی بدەین، بەنموونە کاتێک هەورێک یان بارانێک دەبارێت، ئیتر بەدەرکەوتنیان دەزانین ئەمە بارانە و هەور نیە، یاخود بە پێچەوانەوە، نە باران خۆ دەتوانێت بکاتە هەور و نەهەوریش خۆی دەکاتەوە باران، بۆیە دیاردە سرووشتییەکان ڕاستیەکی نەگۆڕن، مرۆڤ بە دەگمەن لەوان دەچێت و دەتوانێت وەک ئەوان بێت. هەمیشە مرۆڤ تووشی ئەو گرفتە دەبێتەوە، لە زۆر شوێندا دەخرێت و سەردەوێت، یا دەگۆڕێت، دەگۆڕێت بە ناهەق، لە ڕاستییەوە بۆ ناڕاستی ،ئەمەش دەق-دەگرێت و کۆنکرێت دەبێت لای کۆمەڵ ئیدی لێرەوەیە دیکتاتۆر درووست دەبێت.
بەڕوانینی من دیکتاتۆر ئەو کەسەیە کە کۆمەڵ یا تاقم و کۆمەڵگە سەرسام دەبن بە ڕاستییەکانی، بەڕادەیەک هەرچی ئەو بیڵێ ڕاستە و هەرچی ئەویش نەیڵێ درۆیە، ئەوەی ئەو دەیکا وایە، نەشیکردبێت وانیە، ناوەڕۆکی دروستبوونی ئەم خڵتە بۆ گۆنەش ترسە، جڤات کاتێک لە تاکێک دەترسێت فووی تێدەکات، ئەویش بە ئەندازەی فووەکەی زیقەیەکی ناخۆش دروست دەکات. دیکتاتۆر چونکە بەرهەمی ترسە هەر دەبێت بە ڕووبەڕووبوونەوە و ئازایەتی لەناوی بەریت، ئێمە لەناوبردنەکە ناومان ناوە شۆڕش. لەدوای ناوەڕاستی فیلمەکە هەقیقەتی “سایمۆن” دەبێتە شەڕانییەکی بێزارکەر، بەرەو دیکتاتۆری دەچێت، غەدر و مافی خەڵکی دەخوات، خەڵکی ناوچەکە بەشێوەیەک گەورەیان کردووە، لێی دەترسن. تاکە مرۆڤ کە بوورییەکی ڕاستەقینەی تێدایە مارسیلۆیە، مارسیلۆ لە مافی خۆی خۆش نابێت پەنە دەباتە بەر تۆڵە تا جارێکی تر متمانەی کۆمەڵی بۆ بگەڕێتەوە، کارێکی مرۆڤایەتی لەگەڵ ئەوانیشدا بکات
جیاواز لە کۆمەڵ بۆ تاک شتێک نیە بە ناوی ڕاستی تیۆری، ڕاستییەکی ڕەها کە هەموو ئەقڵ و ژیانمانی لەسەر بنیاد بنێن، وەک شتێک دانەبڕاو بێت لە ژیانمان، ڕاستییەکی ڕاستەقینە نیە بۆ تاک، گەر ڕاستییەکان بزانین و بەوشێوەیە نەژین کەوابوو ئەوەش درۆیە. مارسیلۆ درک بەمە دەکات، سوورە لەسەر ئەوەی تۆڵە بکاتەوە، بەبیانووی دەرمان و تیمێک مافیا دەیهێنتە ماڵەکەی خۆی، لەوێ سزایی دەدات، لەم سزادانەش تووشی ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی سەخت دەبن، مارسیلۆ سایمۆن دەکوژێت. ئەقڵ هێز دەکوژێت، عادەتەن مرۆڤی لاواز گەر خاوەن ئەقڵ بێت، دەتوانێت مرۆڤی بەهێزی بێ ئهقڵ بکوژێت، چونکە هێزی ڕاستەقینە لە بیرکردنەوەدایە، لە ئەقڵ و ئەندێشەدایە، مارسیلۆی لات دەیباتەوە.
کۆتاییەکانی فیلمەکە زۆر نازدارن، مارسیلۆی لاوازە سایمۆنە زلەکەی بەشانەوەیە بە ناو زەرد و بێ گیانی خاکێک دادەیبات، بەرەبەینیەکی مات و بێ دەنگە وەک ئەوەی هەر بەیانییەک ستەمکارێکی تیدا دەمرێت، مارسیلۆ پاڵەوانی ژیانی خۆیەتی چاوەڕێ دەکات، هەمووان وی وەک پاڵەوانێکی ئازا ببین، ئەو ستەمکارێک و زاڵمێکی بۆ لەناوبردوون چاوەڕوانی چەپڵەیە. چاوەڕێدەکات پیادە هەڵبدەن و ئەمیش وەک پاڵەوان بناسێنن،
بۆیە بەدەنگێکی پڕ لەڕزگاریی و شادییەوە هاوار دەکات کوشتم، من کوشتم، بەڵام کەس گوێبیستی نابێت، لەو بەیانییەدا هەمووان نووستون، مارسیلۆ جارێکی تر بێ ئومێد دەبێتەوە لێیان، دەشێت لەچاوانیدا ئەوەمان بۆ دەرکەوێت کە کۆمەڵگا پاڵەوانی ناوێت، کۆمەڵگەی نووستوو لەڕاستیدا هیچی ناوێت، جارێکی تر ئەم کارەکتەرە نیگەر دەبێتەوە بێتاقەتی سڕی دەکات، بەڵام مارسیلۆ لە دڵەوە ئاسوودەیە، چونکە خۆی دەزانێت، چی کردووە، ڕۆژێک دێت شارۆچکەکەش بەخەبەر بێن بزانن ئەم چیکردووە