“گهشتێک بهناو بهرههم و بیرکردنهوهی ئالبێر کامۆ”
“پێشهکی”
نیهیلیزم یان پووچگهرایی له پانتای گوتاری فهلسهفهی و ئهدهبی نیوهی دووههمی سهدهی بیستهمدا تێڕوانین و چهمکێکی ئاماده و چالاک و هاوکات سهرنجڕاکێش بووه، ڕهنگه هۆکاری ئهوهی زۆرێک لهو نووسهر و بیرمهندانهی که پهیوهست بوون بهم تێروانینهوه، بوون به ناوه دیار و کاریگهرهکانی جیهانی ئهدهب و بیرکردنهوه فهزا و کهشێکی دهروونناسانهی گشتگیر و یونیڤێرساڵ بووبێت که تهنانهت پێش جهنگه جیهانییهکان زهمینهیان بۆ ڕهخسابوو و له ئانوساتی چهکهرهکردنی مۆدێڕنه و بهدواداهاته نهخوازراوهکانی دهرکهوتن، یان بهدهربڕینێکی دیکه ههستێکه له مرۆڤدا و وهکوو بۆشبوونی ژێر پێیهتی لهوهی که پێ لهسهر ئهرز و زهمینێکی پتهو و ڕاوهستا و له بهها و ماناکان دانێت، نیهیلیزم له ڕۆحی مۆدێڕنهوه لهدایک بوو و دهتوانین بڵێین یهکێک له دهرکهوته ئۆرژیناڵ و ڕهسهنهکانی مۆدێڕنه وهکوو پرۆژهیهکی مهعریفی، زانستی، هونهری و مێژوویی و…هتد. ڕۆژئاوا بوو که بوو بههۆی بوومهلهرزهیهکی وهها که تا ئێستهش ئاسهوارهکانی ماون. ناوگهلێکی وهکوو نیچه، کافکا، کامۆ لهم پانتایهدا زۆر دیار و درهوشاوهن و ههر کامهیان ئهزموونێکیان له گێڕانهوه و فورمولهکردنی نیهیلیزم و گێڕانهوهی دۆخی مۆرڤی مۆدێڕن ههبوو و به هۆکاری زۆر و زهبهند لهوانهش گرێدراوێتی نیهیلیزم لهگهڵ فهلسهفهی ئیگزیستانسیالیزم و وجوودگهرایی ئهم ههست و تێڕوانین و جیهانبینییه بهشێوهیهکی خێرا و سهیر به جیهاندا بڵاو بوویهوه بهڵام بێگومان لهههر وڵاتێک به پێی هۆکار و مهرجه کولتووری، مێژوویی، زمانی و میتافیزیکییهکانی خۆی دهرکهوته و دهرهاوێشتهی ههبوو.
له بهشیکی زۆر له وڵاتانی ڕۆژههڵاتی نیهیلیزم له لایهن ئایین و مهزهوهکانهوه بهرپهرچ درایهوه و زیاتر وهکوو تێڕوانینێکی دژهئایین و دژهخودا ناسێنرا، بهڵام ئهمه چهنده لهگهڵ ڕاستیدا یهکی دهگرتهوه لێکۆڵینهوهیهکی فراوان و ههمهلایهنی پهیوهسته چونکه وهڵامهکهی له چوارچێوهی “وایه” و “وانییه”دا نادرێتهوه. له ئهدهبی چیرۆکیی کوردیدا و له کۆمهڵگای کوردیدا نیهیلیزم دهرکهوتهیهکی زهق و دیاری نهبووه و وهکوو بهرههمی جیدی ئێمه ناتوانین فڵان یان فیسار بهرههم دهستنیشان کهین که پهرژابێته سهر پرسگهلێکی ئاوا یان ڕووداوان و دۆخێکی گێڕابێتهوه که له ناو ئاوهها فهزایهکدا بووبێتن، ههرچهند له فهزای شیعریی دوای ڕاپهڕین ههم له باشووری کوردستان و ههم له ڕۆژههڵات ئهو بابهتانهی که ڕاستهوخۆ یان ناڕاستهوخۆ پهیوهست دهبوون به بابهتی ژیان و شێوهژیانی مۆدێڕن و پرسگرهکانی مرۆڤی ناو شار و دهستهویهخهبوون لهگهڵ بهها نهریتییهکان و ئهخلاق به شێوهی تایبهتی کهم نهبوون بهڵام بهگشتی ئهم تێڕوانین و جیهانبینییه وهکوو قۆناغێک له قۆناغهکانی وشیاریی مرۆڤی سهردهم و سووکه ئهزموونی مرۆڤی جیهانی ئێمهش زاڵ نهبوو و لهو چرکهساتهش که دهرکهوتهی ههبوو زیاتر دهرکهتهیهکی نیوهچڵی ههبوو و بهپێی ئهوهش بهرپهرچێکی ئایدۆلۆژیکی ئایینی یان نهرێتی دهدرایهوه، ئهگهر بهشێک لهم مێژووهی نیهیلیزم بهێنینه پێش چاوی خۆمان به ئاسانی تێدهگهین که نیهیلیزم نهک تهنها دژایهتیی لهگهڵ ئهخلاقدا نییه بهڵکوو بیرکردنهوه و دهرهوهستیی قووڵه له ناو چهمک و دڵهڕاوکی ئهخلاقییهکاندا، لێرهدا نموونهی ژیانی هزری و ئهدهبی ئالبێر کامۆ؛ ئهدیب و بیرمهندی فهرهنسی و بنج و بنهوانی بیرکردنهوه و جیهانبینیی دهخهینه ڕوو و دهشێت وهکوو نموونهیهک بۆ ڕاستکردنهوهی ئهو تێڕوانینه چهوتانه و ئهو گێڕانهوه نیوهچڵانه بخوێنرێتهوه که لهمهڕ نیهیلیزمهوه له دونیای ئێمهدا سهریان ههڵدا.
“ژیان و بەرهەمەکانی ئالبێر کامۆ”
ئالبێر کامۆ لە هەشتی نۆڤەمبەری ساڵی 1913 لە مۆندۆڤی1 وڵاتی ئەلجەزایر هاتە دونیاوە. باوکی، وشتە لوسییەن2، هەتیوێک بوو کە بۆخۆی خوێندن و نووسین فێر بووبوو و کرێکاری عەمبارێکی شەراو لە کارگەیەکی شەراوسازی ئەو دەڤەرە بوو. دایکی، واتە کاتێرین هێلێن سینت3، نەخوێندەوار بوو و لەرووی بیستن و ئاخاوتنەوە کیشەی هەبوو. باوک و دایکی کامۆ، بەجووت، رۆڵەی ئەو ئەورووپییە هەژارانە بوون کە بە هیوای دۆزینەوەی دەرفەتێکی باشتر لە ئەورووپاوە هاتبوون بۆ ئەلجەزایر. بنەماڵەی باوکی فەرەنسی بوون، و بنەماڵەی دایکی ئیسپانی بوون و خەڵکی دوورگەی مینۆرکا4. هەشت مانگ دوای لەدایک بوونی ئالبێر، باوکی بانگهێشتی بەرەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی کرا. ئەو بەو جلە سووروشینەی دەستەی یەکەمی زواوەکانەوە(یەکەی سەربازی فەرانسە لە وڵاتی جهزایر)، کە بە تەواوەتی لەبەرچاوان بوو، ئامانجێکی ساکار بوو بۆ “بی کەی سیی”ە ئاڵمانییەکان. لە سێپتەمبەری 1914 دا لە شەڕی مارێن بەهۆی لاپاڵی خومپارەوە بریندار بوو و چەند حەوتوو دواتر گیانی دەرچوو. تەواوی ئەو شتەی ئالبێر لە سەر باوکی دەیزانی، چیرۆکانێک بوون کە لە نێو بنەماڵەدا دەگێڕدرانەوە.
منداڵی کامۆ لە ئەلجەزایر تێکەڵەیەک بوو لە هەژارییەکی قووڵ و چێژگەلێکی ساکار. لەگەڵ دایک، برا، دایەگەورەی و دووخاڵیدا لە بینایەکی سێ ژوورەی تەنگ دا دەژیان. بیناکەیان نە کارەبای هەبوو نە ئاوی لوولەکێشی. لە پێگەردی هاتنەژوورەوە دا چەند ئادابخانەیەکی توورکی هەبوون، کونێک لەسەر چاڵێک، کە هەمیشە بۆنی پیسایی دەدا. دایکی کارەکەر(خاوێنچی) بوو. بنەماڵە لە ژێر دەستی دایەگەورە دا بەڕێوەدەچوو، کە ئەویش نەخوێندەوار بوو، بۆ پەروەردە و ئەدەبی منداڵان لە قامچی کەڵکی وەردەگرت!. بەهەموو ئەمانەشەوە ئالبێر ستایشی دایکی دەکرد و لە هاودڵی لەگەڵ برا و دوو خاڵۆکەی چێژی دەبرد. عاشقی رۆخ، زەریا، و خۆرەتاو بوو. بەکایەکردن لەگەڵ منداڵان لەگەڕەکەکانی ناوچەی بەلکوور، لەنێزیک گەڕەکێکی عەرەب نشین دا، کەیفی دەکرد. کامۆ، لە دواهەمین بەرهەمیدا، رۆمانێکی ژیاننامەیی ناتەواو، واتە مرۆڤی یەکەم5، داکۆکی لە سەرسەری بوونی نیگای بنەماڵەیان بۆ دین دەکات. بنەماڵەی کامۆ ئەگەرچی بە ناو کاتۆلیک بوون، بەڵام هیچ سەردانێکیان نەدەکرد بۆلای قەشەکان، نەدەچوونە کڵێسەوە، باسێکیان لە خودا نەدەکرد. “کاتۆلیک بوون، بەڵام درووست بەهەمان شێوە کە فەرەنسی بوون؛ کاتۆلیک بوونیان کورتدەکرایەوە لە رێورەسمگەلێکی وەکوو؛ غوسڵی تەعمید، عەشای رەبانی، هاوسەرگیری . . . و رێوڕەسمی ناشتن”. (مرۆڤی یەکەم،165)
کەسێک کەدەورێکی سەرەکی لەژیانی کامۆ دا گێڕا یەکێک لە مامۆستاکانی خوێندنگەی سەرەتایی بە ناوی لۆڤیس ژێرمەن6 بوو. ژێرمەن هەستی بە لێهاتووییەکانی ئالبێر کرد و دایەگەورەی هێنایە سەر ئەو بڕوایەی کە بواری پێ بدات تاکوو وانەی تایبەتی بە نەوەکەی بڵێتەوە، بەڵکوو لە تاقیکردنەوەی بوورسی خوێندن دا بەشداری بکات. دایەگەورە رەزایەتی دا و ئالبێر لە تاقیکردنەوەکە دا دەرچوو و بوورسی وەرگرت و توانی لەباتی ئەوەی وەکوو براکەی بچێت بۆ ئیشکردن بڕوات بۆ خوێندنگە. کامۆ لە خوێندنگەی دوا ناوەندی دا مامۆستایەکی دیکەی پەیدا کرد: مامۆستایەکی فەلسەفەی خۆش زەوق بەناوی ژان گرۆنییە7. لە نێوان ئەو کتێبە زۆرانەی کە کامۆ لە سەردەمی خوێندنی دواناوەندی دا خوێندییەوە، لە دوو کتێب زۆرتر لە هەموو کتێبەکانی تر خۆشی هات، دوورگەکان8ی ژان گرۆنییە و چارەنووسی مرۆڤ9ی ئاندرێ مالرۆ. کامۆ لە 1959دا نووسی، دوورگەکان لەرێگای بیرخستنەوەی “رازەکان، شتە پیرۆزەکان، سرووشتی کۆتایی مرۆڤ”، نەبوونی پەروەردەی دینی نەرێتیی منیان قەرەبوو کردەوە.(Lce،328) کامۆ هەروەها لە دوورگەکان فێر بوو کە چۆن لەرێگەی باسکردنی شت و رووداوە بەرهەستەکان، ئەندێشە فەلسەفییەکان گەڵاڵە بکات.
لەساڵی یەکەمی دواناوەندی دا بوو کە دەرکەوت نەخۆشی سیلی هەیە، ئەم نەخۆشییە لە سەرانسەری ژیان دا بووە مایەی ئازاری. لەو سەردەمەدا هێشتا ئانتی بیۆتیک نەهاتبووە گۆڕێ، بەڵام دەرمانە ئاساییەکان بۆ کێشەی تەنگەنەفەسی و گیرانی سییەکان ئەوی لە شاڵاوە ئیفلیجکەرەکانی نەخۆشییەکەی رزگار کرد. کامۆ لە ساڵی 1933 دا چووە زانکۆی ئەلجەزایر و ماستەرییەکەی لە فەلسەفە دا وەرگرت. سەردێڕی تێزەکەی “میتافیزیکی مەسیحی و فەلسەفەی نوێ ئەفلاتوونی10 ” بوو. ئەگەرچی پلەی ئەو لە قۆناغی ماستەری دا زۆر بەرز نەبوو، بەڵام بواری ئەوەی وەرگرت لە قۆناغی دۆکتۆرا دا(ئاگرگاسیون) درێژە بە خوێندن بدات و پلەی مامۆستایی فەلسەفە وەربگرێت. لە 1938 دا نووسینگەی پزیشکی ئەلجەزایر داواکاری کامۆی بۆ وەرگرتنی پیشەی مامۆستایەتی فەلسەفە رەتکردهوه، دەوڵەت نەیدەویست ئەگەری بەئەستۆکەوتنی دەرمانی پزیشکی نەخۆشێک بکەوێتە بەردەمی. تێکەڵەی باوەڕبەخۆبوون و سست بوون، جلەشیک و پیکەکان، روخساری دڵنشینی (لە هێمفری بوگارت دەچوو) ئەوی لای ژنان خۆشەویست و خوێن شیرین دەکرد. بەم هەمووە شەوە، لە20 ساڵاندا، بەپەلە لەگەڵ ژنێکی ماڵانگەڕ و بێدەربەست و هاوکات دڵڕفێن بەنێوی سیمۆن ئایە11 هاوسەرگیری کرد. دایکی سیمۆن کە پزیشکێکی سەرکەوتووی چاوبوو، بە دەستکراوەیی خۆی ئاتاج و ماتاجی ئەم دووەی دابین دەکرد بەو هیوایەی کەکامۆ بتوانێت هاریکاری و دەسگری سیمۆن بکات بۆئەوەی دەست لەبەکارهێنانی ماددەسڕکەرەکان هەڵگرێت. بەڵام کامۆ نەیتوانی. کامۆ ئەوکات کە بۆی دەرکەوت سیمۆن بۆ وەدەست هێنانی ماددەسڕکەرەکان لەگەڵ دۆکتۆرێک دا هاوخەو دەبێت، لە سیمۆن جودا بووەوە. کامۆ جارێکیتر هاوسەر دەگرێتەوە. ژنی دووەمی، واتە فرانسیە فۆر12، مامۆستای بیرکاری و خەڵکی ئووران13 بوو. فرانسیەیش جوان بوو، بەڵام دەروون خواز و توێدار بوو. لە ساڵی 1945 دا، فرانسیە دووانەیێک دێنێتەدنیاوە: کاتێرین و ژان. فرانسیە ئەگەرچی هەرگیز لەکامۆ جودا نەبووە، بەڵام لە خەیانەتە هەمیشەیی و ئاشکراکانی کامۆ ئازارێکی زۆری دەدیت.
لەناوەڕاستی دەیەی 1930 دا کامۆ لێوانلێو بوو لە وزە و بڕست. سەرقاڵی رۆژنامەنووسی بۆ ئالجێر رێپۆبلیکەن14 بوو، رۆمانێک و چەند وتار و شانۆنامەی نووسی، گرووپێکی شانۆی رێکخست، و چووە ریزی حیزبی کۆمۆنیستەوە. سەردەمی ئەندامەتی لەحیزبی کۆمۆنیستدا کورت بوو. لە 1937 دا حیزب، ئەوی بە هۆی پشتگری لە رادیکاڵەعەرەبەکان کە لە هەوڵ بۆ بەدەست ئانینی مافە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانیان بوون، دەرکرد. بەڵام لە کاری نووسین دا سەرەتای رێگەی بوو. یەکەمین رۆمانی،واتە مەرگی خۆش15، ئەوەندە یەکیەتی و تەکووزیی نەبوو کە بایەخی لەچاپدانی هەبێت، بەڵام کۆمەڵێک لەوتارەکانی لە1937 دا لەژێرناوی بەروپشت16 و کۆمەڵێکی تری لە1939 دا لەژێرناوی رابواردن17 بڵاو کردەوە.
ساڵی 1939 ساڵی دەستپێکردنی جەنگی دووەمی جیهانیش بوو. کامۆ هەوڵیدا لە ئەرتەش دا ناونووسی بکات، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە وەرنەگیرا. لە بەهاری1940 دا، ئەرتەشی ئاڵمان بەسەر فەرانسەدا زاڵ بوو. ماوەیەک دواتر “ئالجێرر یپۆبلیکەنی” لیبراڵ داخرا، و کامۆ بێ ئیش کەوت. هاوڕێکەی، واتە پاسکال پیا18، ئیشێکی لەپاریس دا بۆ بینیەوە -لاپەڕەبەندیی رۆژنامەی پاریس-سۆیر19. کامۆ لەساڵی 1942 دا رۆمانێکی گرینگی بڵاو کردەوە، ،واتە بێگانە20، و بەدوای ئەوەشدا لەساڵی 1943 دا کۆمەڵێک وتار بە ناوەرۆکێکی نێزیک لەو رۆمانە، واتە ئووستوورەی سیزیێف21بڵاو دەکاتەوە. کاتێک وەکوو نووسەرێک ناسرا، توانی لەکن بڵاوکەرە نوێکەی، واتە گالیمار، ئێشێکی ویراشتەکاریش وەربگرێت. کامۆ تاکۆتایی ژیانی هاوکارییەکەی لەگەڵ گالیمار درێژە پێدا. کامۆ لە هەموو شتێکی نازییەکان رقی هەبوو. لە رەگەزپەرەستییانەوە، جوولەکەدژییانەوە تا دەگاتە تۆتالیتاریسم و لەسەرەخۆ مرۆڤ کوشتنیان. لە 1943 دا چووە ریزەکانی بەرەی خۆڕاگری فەرەنسەوە و ماوەیەک دواتر بوو بە سەرنووسەری گۆڤاری ژێرزەمینی کۆمبات22. لە 1944-1945 دا دوو شانۆنامەی بەهێزی نووسی و بردنیە سەر شانۆ: واتە خراپ لێک گەیشتن23 و کالیگولا24. لەم سەروبەندە دا لەگەڵ ژان پۆل سارتێر و سیمۆن دۆ بووار و باقی ئەندامانی کۆڕەکەیان بوو بە هاوڕێ. بۆ ئینسانێکی وەکوو کامۆ کە لە هەژاری و نەخوێندەواریدا پێگەیشتبوو، ئەزموونی ئامادەبوون لە ناوەندی گۆڕەپانی رۆشنبیری پاریس دا سەرخۆشکەر و تا رادەیێکیش سامدار بوو.
لە سەردەمی داگیرکاریی نازییەکان دا بوو کە یەکەمجار ناوی کامۆ لە گەڵ ناوی ئیگزیستانسیالیزم دا هەڵپێکرا. ئەگەرچی بەرواڵەت وشەی فەرەنسی «ئیگزیستانسیالیست» یەکەمجار لە لایەن فەیلەسووفێکی کاتوولیک، واتە گابریێل مارسل25، هاتە گۆڕێ، بەڵام ئەندێشەی فەلسەفەیەکی چەقگرتوو لەسەر پرسەکانی بوونی ئینسان، بژاردن(انتخاب)، و رەسەنایەتی(اێالت) دەتوانین تاکوو سورێن کیێرکێگار، پرۆتێستانییەکی تووندوتیژ، پەیگیریی بکەین. کامۆ هۆگرییەکی تایبەتی بۆ پرسە ئیگزیستانسییەلەکان هەبوو و بەقووڵی لە دوو بیرمەند کە لەبیچمدان و پێک ئانینی ئیگزیستانسیالیزم دا کارتێکەر دەهاتنە ئەژمار کاریگەری وەرگرتبوو؛ واتە فیۆدۆر داستایۆفسکی و فریدریش نیچە. بە هەموو ئەمانەشەوە، کامۆ هەمیشە لەوەی کە خۆی ئیگزیستانسیالیست ناوزەد بکات دەترسا. سەرەتا بەو هۆیەوە پارێزی دەکرد کەلە تێڕوانینی ئەودا ئیگزیستانسییالیزم لەگەڵ جمانی ئیمانی(جهش ایمانی) دا یەکێک بوو. دواتر بەم هۆیەوە کە ئیگزیستانسیالیزم لەروانینی ئەو دا هەمان فەلسەفەی ژان پۆل سارتێر بوو.
بە کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی کامۆ بەردەنگ گەلێکی لە ئاستی جیهانی و هەلێکیشی بۆ بەشداری لە نۆژەنکردنەوەی فەرانسە دا دیتەوە. ئەو، چوار ساڵی رەبەق بەتەواوی وزەی خۆیەوە تێکۆشا تاکوو ئەو وانە ئەخلاقی وسیاسیانەی کە لە خەبات دژی تۆتالیتاریسمی نازییەکان وەریگرتبوو لە ناوەرۆکی سەروتارەکانی سەرنووسەری، چەند نامەیێک بۆ هاوڕێی ئاڵمانی26، و لە«نەقوربانی نەجەللاد»27، و لەرۆمانی دووهەمیشیدا، واتە تاعوون28، و هەروەها لەشانۆنامەی شاری گەمارۆ29 دا بیڵێتەوە.
لە1948 دا شەڕی سارد ئەو رێکەوتەی(ئیتیفاقەی) نێوان وڵاتانی جەنگی جیهانگیری دووهەمی خستە ژێر کاریگەری خۆیەوە. کامۆ لە شانۆنامەی دادخوازەکان30(1949) و لە نووسراوەی ئینسانی سەربزێو31(1951)دا پەرژایە سەر پرسی یاخی بوون، شۆڕش، و زۆرەوانی یان تۆپزی (جباریت). کامۆ دەیگووت مارکسیسم و یەکیەتی سۆڤیەت مەترسییەکی جیددیتر لە سەرمایەداری رۆژئاوایی بۆ سەر ئازادی، شان و شکۆ و بەختەوەری مرۆڤن. تارادەیێک هەر لەم سەردەمە دا سارتێر گەیشتە بەرئەنجامگەلێک دژی بەرئەنجامەکانی کامۆ. دوای ئاڵ و وێرکردنی چەند نامەیەکی تاڵی راشکاوانە، هاوڕێیەتی ئەو دوو کەسە کۆتایی پێهات. کامۆ پێشتریش لە هاوڕێیەتی پاسکال پیاش بێبەش بوو بوو، پاسکال پیایێک کە ئێستاکە بەرگری لە شارل دۆ گوول و حیزبی سانتریستی ئەو دەکرد. کامۆ لە 1954دا کۆمەڵە وتارێکی کورت لە ژێرناوی هاوین32 بڵاو کردەوە. ئەم وتارانە ئەگەرچی لە سەردەمانێکی جیاواز دا نووسراون، بەڵام نیشانەن لە عەشقی کامۆ بو ئەلجەزایر و رۆحی مەدیترانەیی. بەداخەوە هاوئاهەنگی ئەم رۆحە لە سەرەتای نوشوستی دا بوو.
لە ئۆکتۆبری1954 دا،رێکخراوێکی شۆڕشگێڕانە،واتە “بەرەی رزگاریی نەتەوەیی FLN” هێرشی کردە سەر ئەلجەزایرە ئوورووپاییەکان. لە 1955 دا، هێزەکانی فەرەنسی دەستیان دایە شاڵاوە تۆڵەسێنەرەکانی خۆیان لە هەمبەر کوشت و بڕینەکانی FLNو لەسەر بنەمای سیاسەتی “بەرپرسیارێتی گشتی” خوێنی بێ گوناهانێکی زۆریشیان رشت. بەدرێژایی شەڕی ئەلجەزایر، فەرەنسیەکان بۆ تۆقاندن و وەدەست خستنی زانیاری دەستیان دایە ئەشکەنجەی بەندکراوان. سارتەر و (بنەماڵەکەی) لایەنی شۆڕشگێڕانی FLNیان گرت کە دەیانەویست ئەلجەزایر لە ژێر دەسەڵاتی فەرانسەوییەکان رزگار بکەن. بەڵام کامۆ بوو بە دوو کەرتەوە. ئەو لە رەگەزپەرستێک، کە هەشت ملیۆن ئەلجەزایریی خانەخوێ وخۆماڵیی دەکردە هاووڵاتی پلە دوو بێزار بوو، بەڵام تووندوتیژیی FLNیشی شەرمەزار دەکرد و بە قێزەون ئەژماری دەکرد و دەیزانی (رزگاریی) ئەلجەزایر بە دەستی FLN رەنگە ببێتە هۆی دەرکردنی زۆرتر لە یەک میلیۆن ئەلجەزایری غەیری عەرەب-لەوانەش ئەندامانی بنەماڵەکەی خۆی. دەیگووت: “من باوەڕم بە دادوەری(عەدالەت) هەیە”، ئەو بۆ گەیشتن بە جۆرێک لە ئاشتەوایی مەدەنی هەوڵی دا، و داکۆکی کردە سەر ئۆتۆنۆمی ئەلجەزایەر لە لێژنەیەکی فەرەنسی دا و رێگەی ئەلجەزایری گرتەبەر تاکوو پشتیوانانێک بدۆزێتەوە. سەردەمێک کە هیچ کام لە دوولایەن، روانگەکانی ئەویان بە واقیع بین نەزانی، دوو ساڵ بێدەنگی هەڵبژارد. لە 1962 دا، ئەلجەزایەر سەربەخۆیی تەواوەتی وەرگرت، بەڵام زۆربەی جەماوەری ئوورووپایی ئەم وڵاتە لە ترس دا٬ بەرەو باشووری فەرانسە هەڵهاتن.
لە1956 دا، کامۆ سێیەمین رۆمانی، واتە بەربوونەوە(داکەوتن)33 ی، بڵاو کردەوە. شێواز و پەیامی ئەم رۆمانە لەگەڵ هەر شتێک کە پێشتر نووسی بووی جیاوازییەکی بەرچاوی هەبوو. لە نێوان رەخنەگەلێک کە لەسەر ئەم رۆمانە نووسرا هەم رەخنەی ئەرێنی و ستایشئامێزانە بەدی دەکرا، هەمیش رەخنەی نەرێنی و حاشاکەرانە، بەڵام کتێبەکە فرۆشێکی لەڕادەبەدەری هەبوو و لە شەش مانگی یەکەم دا 126500 دانەی لێ فرۆشرا. ساڵی دواتر، کامۆ کۆمەڵێ کورتە چیرۆکی ستایش ئامێز لەژێر ناوی هوبووت و مەلەکووت34 و وتارێکیشی دژی سزای لە سێدارەدان لە ژێرناوی تێڕامانگەلێک سەبارەت بە گیۆتین35 بڵاو کردەوە. لە 1957 دا، خەڵاتی نۆبڵ لە ئەدەبیاتدا تایبەت درا بە کامۆ. ئەم خەڵاتە وەکوو ئەوەی کە باوە، دەبوایە بۆ کامۆ وەکوو نیشانە و ئاماژەیێک بۆ سەرکەوتن بێت و خۆشحاڵی کات، بەڵام نیگەرانیگەلی زۆر ئەم شادی و خۆشحاڵیەیان لێ رەش و تار دەکرد. ئەو نیگەران بوو کە نەوەکوو ئەم خەڵاتەیان بە ناڕەوا پێ دابێت و بە جاروبار گوتی کە دەبوایە ئەم خەڵاتە بە ئاندرێ مالرۆ بدرایە. ئەو نیگەرانی خەمۆکی و هەوڵ بۆ خۆکوژی فرانسین و هەروەهاش نیگەرانی تەندرووستی نالەباری خۆی بوو. ئەو نیگەرانی بشێوی ئەلجەزایر، قین و دابڕانی لەباقی رۆشنبیرانی فەرەنسی، و تواناکانی بۆ داهێنانی بەرهەمی باش بوو. لەچل و سێ ساڵی دا خەمی ئەوەی بوو کە باشترین ساڵەکانی تەمەنی تێپەڕاندبێت. بە پەیامنێرێک دەڵێت “خەڵاتی نۆبڵ هەستێکی کوتووپڕی پیربوونی بە من دا” Todd،381. یەکێک لە خۆشییەکانی کامۆ لە سەرتاپای ژیانیدا هەڵگۆستنەوە(اقتباس) و بردنەسەرشانۆی بەرهەمی نووسەرانی تر بوو. لە هەمان سەرەتای کار، واتە لە 1936 دا، کامۆ شانۆنامەیەکی بەپێی رۆمانی مالرۆ، رۆژەکانی تووڕەیی36، نووسی و بردبوویە سەر شانۆ و لەکۆتایی کاردا، واتە1956، شانۆنامەیێکی لە رووی شیوەن بۆ راهیبەیێک37 ی فاکنەر هێنایە گۆڕێ و بردیە سەر شانۆ. لە 1959ش دا شانۆنامەیەکی لەژێر رۆشنایی رۆمانی شەیاتین38 ی داستایۆفسکی دا نووسی و بردیە سەر شانۆ. ئەو لە خەیاڵی ئەوەدا بوو کە دەساڵی تەواو بۆ کاری شانۆ تەرخان کات. بەڵام زۆرترین هیوای بەستبووە رۆمانە ژیاننامەییەکەی واتە مرۆڤی یەکەم.
کامۆ بە مافی نووسینێک کە وەریدەگرت و بە پارەی خەڵاتی نۆبڵ دەوڵەمەند بوو. بۆیە کەوتە گەڕان بەدوای بینایەکی گەورەتر لە پاریس دا و هاوینەهەوارێکی بەردینی جوانی لە پرۆڤانس بۆ بنەماڵەکەی کڕی.”می39، خۆشەویستە ناسکۆڵە دانیمارکییەکەی کامۆ، زۆربەی کات لە هاوێنە هەوارەکەی ئەو ناوە دا بوو”. کامۆ بەدوور لە هەراوهۆریای پاریس، دەرفەتێکی زۆرتری هەبوو تاکوو درێژە بە رۆمانی مرۆڤی یەکەم بدات. وا بیری دەکردەوە کە ئەمە دەبێتە باشترین رۆمانی و پێشکەشی کردە دایکی. پێشکەش نامەکەی بەم شێوەیە بوو؛ “بۆتۆ کە هەرگیز ناتوانی ئەم کتێبە بخوێنیتەوە”(FM,3).دەستنووسە144 لاپەڕەییەکەی هیچ ئاماژەیێکی فەلسەفی ئاشکرای نییە، بەڵام پیشاندەری رۆشنبوونەوەی کامۆ لە پەروەردەی ئەخلاقییەتی. بۆنموونە لە جێگایەک لە کتێبەکە دا دەنووسێت، بە منداڵی زۆر هەوڵمدا تاکوو جیاوازی نێوان راست و هەڵە(حەق و ناهەق) تێبگەم، بەڵام کەسێک پێوەرێکی نەدایە دەستم و هەنووکە کە هەموو شتێک لە من هەڵدێت تێدەگەم پێویستیم بەکەسێکە کە رێگەم پێ نیشان بدات، وشیارم کاتەوە، هانم بدات، نە لە سۆنگەی دەسەڵاتێکەوە کە هەیەتی، بەڵکوو لەسۆنگەی سەروەری و هێزییەوە; من باوکمم دەوێت.(FM,36) لە سێیەمی ژانوییەی 1960دا، کامۆ هاوڕێ لەگەڵ میشیل و ژانین گالیمار و کچەکەیان، واتە ئان، لەگەڵ سەگە ماڵییەکەیاندا هاوینەهەوارەکەیان بۆ ماوەی دوو رۆژ بە مەبەستی پاریس بەجێهێشت. رۆژی دواتر کە میشیل ماشێنەکەی دەخوڕی ماشێن لەجادە دەرچوو و بەری دوو دار کەوت و تێک قووپا. کامۆ ئانووسات گیانی لەدەست دا. میشیل چەند رۆژ دواتر مرد. ژانین و ئان زەختیان پێ نەگەیشت. سەگەکەیش ون بوو. کامۆ بارەها بە هاوڕێکانی گووتبوو هیچ شتێک ریسواتر لە مەرگی منداڵێک و هیچ شتێکیش گەوجانەتر لە کوژران بە رووداوی ئۆتۆمبێل نییە. کاتێک هەواڵ گەییشتە دایکی کامۆ کە کوڕەکەی مردووه، نەیتوانی بگریەت، تەنها گووتی”زۆر گەنج بوو” .(Tood,414)
چەند رۆژ پاش مەرگی کامۆ، سارتێر شیوەن نامەیێکی دڵگر و بەرزبینانەی نووسی و کپ بوونی دەنگێکی بڵند لە نیوەی ژیان دا بەپووچییەکی بێڕەحمانە ناوزەد کرد و لە ستایشی کامۆ دا نووسی: “ئەو سامانهەڵگری ئەمڕۆیی ئەو زنجیرە دوور و درێژەی ئەخلاق خوازانێک بوو کەرەنگە رەسەنترین شتەکان لە ئەدەبیاتی فەرانسەدا هی ئەوان بێت”.(Saretre,1965.110-111) وا دێتە پێش چاو کە کامۆ بە ئەخلاق خواز ناوزەد کردن و لەڕیزی کەسانێکی وەکوو موڤنتنی، پاسکال، ولتر و ئەوانیتر ئەژماردن زۆر بەجێ و رەوایە. بلیمەتی و رەسەنایەتی کامۆ لەوەدا بوو کە دەیتوانی بە سەرکەوتووییەوە ئەندێشە فەلسەفییەکان بخاتە قاڵبی ئەدەبەوە و بەم شێوەیه، شعووری ئەخلاقی خوێنەرانی بێدار کات. ئەم سەرکەوتنە زۆرتر لە هەمووان لە سێ رۆمانی ئەو و لە هەندێ لە وتارەکانیشی، لەوانە ئووستوورەی سیزیێف دەکەوێتە بەرچاو. بەرهەمەکانی تری بەم رادەیە سەرکەوتوو نەبوون. هەندێجار ئەندێشەکانی کامۆ لە تێگەیشتنی بۆ پرسە پێوەندیدارەکان یان پسپۆڕبوونیی لەدەربڕینی ئەدەبییانەیاندا، سەرتر و بەرزتر دەڕۆیشتن. کامۆ زۆربەی کات حاشای لەوە دەکرد کە فەیلەسووفە، زۆربەی رەخنەگرانیش ئەم وتەیەیان بە ماناوە وەرگرتووە. بەڵام ئەم حاشاکردنەی کامۆ لەسەر بنەمای جیاوازی لە میتۆد بوو نەک لە پرس و بابەتدا. بۆ فرانسیە دەنووسێت: “من باوەڕم بە ئەندێشەگەلێک نییە کە لە درێژەی باس و جیاوازی باوەڕەکان بەیان دەکرێت. من فەیلەسووف نیم و بۆ من ئەندێشە سەربووردەیێکی دەروونییە کە دەکوڵێت و دێتە جۆشێ، و یان مرۆڤ ئازار دەدات یان سەرخۆشی دەکات” .(Todd,280)
کامۆ پێی خۆش بوو کە هزرە فەلسەفییەکەی لە ناخ و دوو توێی ئەزموونی ژیانکراو بێتە دەرێ و بخرێتە بەردەم پێوەر و پێودانگی تێڕوانین و هەستی ئەخلاقییەوە تاکوو پێبگرێت و هەڵکات. ئەو بە ئەقڵی ئازاد و رەها و رێباز داڕێژیی فەلسەفی بێ باوەڕ و رەشبین بوو. ئەو بەدوای فەلسەفین(هزرین) بە شێوازێک بوو کە لە گەڵ وتووێژی ئینسانی دا هاوساز و لەگەڵ دڵەکورکێی دینی دا پەیوەست بێت و بشێت بێ کەڵک وەرگرتن لە دەستەواژە پسپۆڕانە(فنی)ییەکان بێتە زمان و دەربڕین.
“ڕیشە دینییەکانی ئەندێشەی فەلسەفی کامۆ”
ئەلف:- دڵەڕاوکێ مەسیحییەکان.
کامۆ چەند رۆژ دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لە وتووێژێکدا گووتی: “من دڵەڕاوکێگەلی مەسیحیم هەیە، بەڵام سرووشتم پاگانییە.” (Essais،1615) (پاگانی: دەربڕینێک کە یۆنانییە کەوناراکانیان لەرووی دینییەوە پێ ناوزەد دەکرد و وەرگێڕانی بە ئیلحاد یان کوفر یان بوت پەرەستی گومانئامێزە) دڵەڕاوکێکانی کامۆ چ بوون؟ ئەو کە بیرمەندێکی فەلسەفی بوو، دڵەڕاوکێی پێگەی ئینسان لە جیهان، مانای ژیانی مرۆیی، هۆکارەکانی ژیان و ئەخلاقی هەبوو.ــپرسە گرینگەکانی ناو هەموو دینەکان لەوانەش مەسیحییەت. ئەو بە پێچەوانەی سارتێر و زۆربەی فەیلەسووفە پسپۆڕەکانی سەردەمی خۆی، هۆگرییەکی تایبەتی بۆ پرسگەلی پێوەندیدار بە ئاگایی، تێگەی هەستمەند، مەعریفە، ئیرادەی ئازاد، یان “بوون” نەبوو. بۆیەش ئەو راستی دەگووت کە هاوبەشی دڵەڕاوکێ مەسیحییەکانە. بەڵام کامۆ مەسیحی نەبوو. ئەو نە باوەڕی بە خودا هەبوو نە بنەما ئەخلاقییە تایبەتییەکانی مەسیحیشی قبووڵ بوو. حەزی دەکرد لە رووی ویستەناو(غریزە)ەوە، خۆی بە پاگانی بزانێت: مرۆڤێک عاشقی چێژە بەرهەست و جەستەییەکانی ئەم دونیایه، نەک رەحمەتە ئەفسووناوییەکانی ئاسمان. وەکوو سیزیێف لە ئووستوورەی سیزیێف دا، “ئاو و خۆرەتاو، بەردە گەرمەکان و دەریا” ی لە سەرووی “پاداشتی بەندایەتی خوا” دەنرخاند.(Myth،8) کامۆ لەم رووەشەوە هەم دیس پاگان بوو کە کراوەیی و میانەڕەویی روانینی “یۆنانیی” بۆ جیهان لای باشتر و سەرووتر بوو لە -بەتەعبیری خۆی- رەهاخوازی مەسیحییەت. لە وتووێژێکدا دەڵێت: “من مەسیحی نیم. من هەژار لەدایک بووم لەژێر ئاسمانێکی شاد، لەجیهانێک هاونەوا لەگەڵ خۆم، و نەک تووندوتیژی، بەڵام وا هەست دەکەم دڵێکی یۆنانیم هەیە، یۆنانییەکان حاشاکەری خواکانیان نەبوون بەڵام بەتەنها بەش یان لابەشی خۆیانیان دەدانێ. مەسیحییەت دینێکی رەهایە” …. Essais،380
ئەندێشەی فەلسەفی کامۆ بەشێوەیێکی قووڵ ریشەی لە پرسە دینییەکان دایە. بۆ درک و هەڵسەنگاندنی ئەم ئەندێشەیە، پێویستە نەتەنیا لە گەڵ خودی ئەم پرسانە، بەڵکوو دەبێت لەگەڵ فەیلەسووفان و نووسەرانێکی تایبەتیش ناسیاوەتیمان هەبێت کە لە بیچم دانی تێگەی ئەو بۆ ئەم پرسانە رۆڵ و دەورێکی شیاویان هەبووە. بەڵام لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانیدا بەدەگمەن ناوێک لەو بیریارە مەزهەبییانە کە لە پەروەردەی سەرەتایی ئەو دا رۆڵیان هەبووە، دێتە گۆڕێ. بۆ نموونە لە ئووستوورەی سیزیێف دا شێلگێرانە دەڵێت “واقیعەکانی” پەیوەست بە پووچی بە تەواوەتی ناسراون و ئەو تەنها هۆگری توێژینەوە لەسەر بەدواداهاتەکانێتی. دەنووسێت: “رێگەم بدەن دووپاتی کەمەوە، ئەم قسانەیان بە جاروبار گووتووە” هەموو ئەدەبیات و فەلسەفەکان سەرڕێژن لەم قسانە. تەنانەت قسە و باسەکانی رۆژانەش لەم وتانە بیچم دەگرێ و دەمەیێت .(Myth،12 بەڵام کامۆ زێدەڕۆیی دەکات کاتێک دەڵێت: “هەموو ئەدەبیات و فەلسەفەکان سەرڕێژن لەم قسانە”.
زۆربەی نووسەران و فەیلەسووفەکان بەم ئاکامە گەییشتوون کە بەگشتی جیهان پووچ نییە. سەرەڕای ئەمەش هەندێک لە فەیلەسووفان(وەکوو ئیسپیۆنوزا، لایبنیتس، و هیگل) گووتوویانە کە جیهان بەهیچ کڵۆج و چەشنێك، پووچ نییە. نووسەرانێک کە کامۆ لە زەینی دابوون چ کەسانێک بوون؟ بەدڵنییاییەوە هەموو نووسەران نەبوون بەڵکوو نووسەرانێک بوون کە بەتایبەتی لەتێڕوانینی ئەودا، لانیکەم تا رادەیێک، لەم رووەوە جێی سەرنج بوون کە داڵغە و کەڵکەڵەی پووچی راستەقینە یان رواڵەتییانەی جیهانیان هەبووە. لەم رووەوە ناسینەوەی هەندێک لەو ژێدەرە سەرەکییانە کە پاشخانی فیکریی ئەویان شکڵ دەدا و پێملیان دەکرد بۆ هەڵکۆڵین لە پرسگەلێکی وەکوو بەدواداهاتەکانی ژیان لە جیهانێکی پووچ دا، دەتوانێت لە شیکاریی نووسینەکانی کامۆ دا یارمەتیمان بدات. لە نێوان ئەم سەرچاوانە دا، فەیلەسووفگەلێکی خوداباوەڕ کە لە درێژە دا دەپەرژێینە سەریان لە گرنگترینەکانن.
پهراوێزهکان:
1.Mondovi
(شیاوی گوتنە کە لە زمانی فەرەنسیدا لوسییەن بۆ پیاو و لوسییێن بۆ ژن بەکار دەچێت.و) 2.Lucien
3.Catherine Helen Sintes
4.Minorca
5.Le Premier Homme(The First Men)
6.Louis Germain
7.Jean Grenier
8.Les IIes(Aslands)
9.La Condition humaine(Mans Fate)
10.Metaphysique Chretinne et Neoplatonisme(christian Metaphysicm and Neoplationsm)
11.Simone Hie
12.Franciue faure
13.Oran
14.Alger Republicain
15.La mort heureuse( A Happy Death)
16.L enwers et l endroit(The wrong side and the right side)
17.Noces(Nuptials)
18.Pascal pia
19.Paris-soir
20.L etranger(The stranger)
21.Le mythe de Sisyphe(The Myth of Susyphus)
22.Combat
23.Le Malentendu(The Misunderstanding)
24.Caligula
25.Gabriel Marcel (1889-1973)
26.Lettres a un ami allemande (Lettres to a german friend)
27.”Ni Victimes ni bourreaux” ( Neither Victimes nor Executioners)
28.La Peste(The plague)
29-L’Etat de siege(State of siege)
30.Les justes(The just Assassins)
31.L’Homme revolte(The rebel)
32.L’ete(Summer)
33.La chute(The fall)
34.L’Exile et le royaume(Exile and the kingdom)
35.reflexions sur la guillotine(reflections on the Guillotine)
36.Le temps de mepris(days of Wrath)
37.Requiem for a nun
38.The Possessed
39.Mi
وهرگێڕان و پێشهکی: عادڵ قادری