جەستە دەبێتە چوار بەشەوە؛ جەستەی ئادەم، جەستەی حەوا، مناڵەکانیان، جەستەی عیسا. بەم شێوە خودا ئادەمی لە شتێکی دەرەوەی نێر و مێ خوڵقاند، حەوای لە نێری بێ مێ، مناڵەکانی ئەو دووەشی لە نێر و مێ، عیساشی لە مێی بێ نێر خوڵقاند»
“ئیبن عهرهبی”
“وەستانێک لەسەر ڕۆمانەکەی موحەمەد حەسەن عەلوان”
“عەلوان” چیرۆکنووس، نووسەر، ڕۆژنامەنووسی عەرەبی لە ڕیاز لە دایک بووە و لە ئەمریکا خوێندوویەتی. عەلوان چەندین چیرۆک و ڕۆمانی هەیە کە یەکێک لە دیارترینەکانیان مردنی بچووکە “موت صغیر” کە تایبەتە بە بیۆگرافی عارفی گەورەی سەدەی شەش “محێدین ئیبن عەرەبی” ئەم ڕۆمانە لە ٢٠١٦ تەواو بووە و لە ٢٠١٧ خەڵاتی پۆكهری عەرەبی وەرگرتووە. عەولوان بە تازەیی و زیاتر دوای ڕۆمانی مردنی بچووک ناوی بیسترا، ڕۆمانەکە بە زمانی فارسی بە ناوی «گاه ناچیزی مرگ» لە لایەن ئەمیر حوسەینی ئەلهیاریەوە بۆ زمانی فارسی وەرگێڕدراوە. چونکە من ڕۆمانەکەم بە فارسی چنگ کەوت بە زمانی فارسی خوێندمەوە، ئەوا سەرنجەکانم دەکەمە دوو بەشەوە، یەکیان تایبەتە بە خودی ڕۆمانەکە و ئەوی تریشیان تایبەت بە وەرگێڕانەکەی.
“تایبەت بە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە”
نووسەر هەوڵیداوە کە بیۆگرافی بن عەرەبی وەک خۆی و لە بەرگی سەرد و چیرۆکدا بخاتە ڕوو؛ کە بە ڕاستی تا ئاستێکی زۆر لەمەدا سەرکەوتوو بووە. چوارچێوەی ڕۆمانەکە لەسەر ئەو ڕاستییە بەندە کە بن عەرەبی دەیەوێ بگاتە چوار وەتەدی «مێخ، بزمار» خۆی و ببێتە قوتب، واتە لەو تێگەشتنەوە وەرگیراوە کە لە ناو سۆفیەکاندا باوە و پێیان وایە عارفێک بۆ ئەوەی ببێتە قوتب دەبێت بگاتە وەتەدەکانی خۆی، بن عەرەبیش تەواوی سەیر و سلوک و گەڕانی گەڕانە بەدوای مێخەکانی خۆیدا کە چوار دانەن، ئەم چوارەش بن عەرەبی وەک کۆشکێک ڕاگیر دەکەن و هیچ ڕەشەبا و با و بۆرانێک ناتوانن چیتر بیلەرزێنن، ئەم تێگەشتنە سیمبولییە و بە دونیای عیرفانەوە پەویوەستە.
“عەلوان” هەوڵیداوە بە سوود وەرگرتن لە تێگەشتنە سیمبولیەکانی خودی ئیببن عەرەبی وەک لە وتەکەی سەرەو دەردەکەوێ کۆی نووسینەکە ئیدارە بکات و بە شێوەیەکی ورد و زیرەکانە بمانداتە دەست کۆمەڵێ چیرۆکی پێکەوە بەستراوی سۆفییەک کە هەمیشە لە سەفەردایە بەدوای مێخەکانی خۆیەوە، خوێنەریش لەگەڵ چیرۆکەکاندا دەڕوات و بە تاسەوە چاوەڕێیە تا بزانێ چۆن و کەی ئیبن عەرەبی دەگاتە مێخە یەک لەدوای یەکەکانی خۆی، کاتێ کە پاڵەوانی ڕۆمانەکە دەگاتە هەر یەک لە وەتەدەکانی خۆی دەڵێی گۆیا نووسەر و خوێنەریش پێی دەگەن، ئەمە وا دەکات ئاستی ڕۆمانەکە زۆر بەرز بکاتەوە و خوێنەر مەستتر و کەمەندکێشتر بکات. ڕۆمانێک سەراسەر پڕ لە هەوڵ و ئیشتیاق و عیشق و مەعنەویەت.
“وەتەدەکان”
فکرەی چوار وەتەد و کەشفی چوار ڕەهەندی کە هەمان ئەسفاری ئەربەعەی سۆفیانەیە فکرەیەکی هێجگار جوانە، بە تایبەت کاتێ عارفێکی وەک بن عەرەبی سەفەری بێ گەڕانەوەی بۆ دەکات، سەفەرێک بێ وەستان، گەڕانێک بێ کۆتا. وەتەدەکان یەکتر دەناسنەوە بەڵام دەقیق ناڵێن وەتەدی پاشتر کێی و ناوی چییە، تەنها دەڵێن بڕۆ لە فڵان جێیە، وەتەدی یەکەمی ئیبن عەرەبی سۆفییەکی پیرە بە ناوی “کومیی” کە لە یەکێک لە قەبرستانەکانی ئیشبیلیە لە ئەندەلووس دێتە لای ئیببن عەرەبی و پێی دەڵێ وەتەدی دووەمت لە ئەفریقایە، ئیبن عەرەبی پاش چەندین هاتن و چوون تا لە ڕێی حەج لە میسر وەتەدی دووەمی خۆی بەناوی حەسار _کە ماتماتیک زانێکی گەورەیە_ دەدۆزێتەوە. وەتەدی سێیەمیشی لە مەککەیە، بەڵام لە بەغداد بە یەکتری دەزانن. وەتەدی سێیەم زۆر سەرنج ڕاکێشە کیژێکی زۆر جوانی قەدباریکی پەنجە شمشاڵییە، خەڵکی ئەسفەهانە و باوکی لە موحەددیسینی ناوداری مەککەیە، ناوی نیزامە، ئیبن عەرەبی “ترجمان الاشواق” کە کۆمەڵێک غەزەلە بۆ ئەوی دەنووسێ، ئیبن عەرەبی لەسەر ئەو شیعرانە ناوی لەکەدار دەبێ و لە دیمەشق بە بەرد دەری دەکەن، بەڵام دواتر دێت غەزەلەکان شەرح دەکات و بە دیوی عیرفانیەوە دەیبەستێتەوە و تا ڕادەیەکیش لەمەدا سەرکەوتوو دەبێت. وەتەدی چوارەم کە زۆر جێی سەرنجە پیاوێکی شێتۆڵکەی فاڵگیرە کە پاش زەختێکی زۆر لەلایەن ئیبن عەرەبیەوە خۆی کەشف دەکات و دەڵێ ناوم شەمسە، شەمسی تەبڕێزی!
هەرچەن بن عەرەبی زۆر داوا دەکات لە شەمس و ڕۆحی نیساری دەکات، بەڵام شەمس دەڵێ من هەمیشە لە دڵتام و کاری ترم هەیە و نێردراوم بۆ کەسێکی دیکە، بێ ئەوەی ناوی مەولانا بهێنێت.
“سیفرەکان”
نوسەر هەوڵ دەدات کۆی ڕۆمانەکە بە سەر دوازدە سیفردا _ڕەمزی دینی، عەهدی کۆن_ تەوزیع بکات و لێرەشەوە کۆمەڵێ سەردی دیکە جیا لە بیۆگرافی ئیبن عەرەبی تێدا تێهەڵکێش بکات کە ئەو وردە چیرۆکانە باس لە شێوەی مانەوە و دەستبەدەستکردنی دەسخەتی کتێبەکانی ئیبن عەرەبی دەکەن کە زیاتر لە چوارسەد کتێب بوون، تا دێتەوە سەردەمی نوێ کە کیژێکی فەڕەنسییە و دکتۆراکەی لەسەر بن عەرەبییە و نوسخەیەک لە سووریا بە دوو هەزار دۆلار دەکرێ و پاش تەواو بوونی دکتۆراکەی مسوڵمان دەبێ.
“چوار-چوار”
جیا لە چوار وەتەد ژیانی شێخ بەسەر چوار بەشیشدا دابەش دەبێ، لە مورسیە لە دایک دەبێ، غەربی جیهانی ئیسلامی، شارەکانی جایە، ئشبیلە، مەغریب و هتاد دەگەڕێ، دواتر شەرقی جیهانی ئیسلامی و دواتر جنوب و شمال کە لە کۆتاییدا لە دیمەشق کۆتاییەکانی تەمەنی بەڕێ دەکات و دەشڵێ کەشفی من کەشفی عیسەوییە و پێم خۆشە لە نزیکی جێی هاتنی ئەو بمرم.
“خەیاڵ و واقیع”
“عەلوان” زۆر ورد چیرۆکەکان دەداتە دەم یەک، لە بەردەم کۆمەڵێ وشە و ئەفکاردا خۆت دەبینیەوە کە زۆر ئەقڵانی نین، وا دەردەکەون کە دەخزێیە ناو خەیاڵەوە، واتە خەیاڵ لێرەیا وەک هەموو ڕۆمانێکی دیکە حزووری دانەبڕاوی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا ڕووداوەکان و تەنانەت ئەکتەرەکانیش واقیعین، واتە کاتێ دەتەوێ بە واقعی سەیری بیۆگرافی ئیبن عەرەبی بکەیت تەماشا دەکەیت تەواوی ئەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکە، شێوازی بەریەککەوتنیان هەموو واقعین، لە عەبدوڵای مامی و عەلی باوکیەوە تا نووری دایکی و مەریەمی خێزانی و زەینەبی کچی و بەدری غوڵامی و حەریری هاوڕێ و هتد تا دێتەوە بۆ نیزام و ئیسحەق و شەمسی تەبرێزی، لێرەیا بە کۆمەڵێ ئەکتەرەوە کە واقعین و ناوەکانیشیان نەگۆڕاوە بە شێوەیەک کە دەڵێی خەیاڵ و واقیع پێکەوە کۆی پڕۆسەکە دەدەنە دەم یەک، هەمان ئەو حەزرەتەی کە لای ئیبن عەرەبی مەرکەزی یەکگرتنی قەوسی بڵند و نەوییە، واتە وەختێ وەک خوێنەر دەتەوێ ڕۆمانەکە دیققەت بدەیتێ بە تەواوی بەر ڕۆمانێک بە هەموو خەسڵەتەکانی ڕۆمان دەکەویت و کاتێکیش دەتەوێ پشکنین بکەی بۆ واقیعەکە بە تەواوی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک حەدەسی واقیعی دەبیتەوە. کۆمەڵێ حەدەس کە لە جیهانی عەیندا بوونیان هەیە.
“دیوی ڕۆمانسیانە”
ئێمە کاتێ سیرەتی عارفێک دەخوێنینەوە بەر کۆمەڵێک ڕووداو دەکەوین کە تێیدا هەمووی یان تراژیدیای کەسایەتییەکە باس دەکەن یان دیوی باڵای ئەو کەسایەتیە، وەک دەگوترێ کەسایەتییەکە بە ئیحتیفازێکی زیاترەوە دەناسین کە تێیدا مرۆڤێکە خاوەن شکۆ و لە دەرەوەی هەموو جۆرە نزمی و تەنازولێکەوەیە، واتە مرۆڤێکی باڵا دێتە بەر چاومان، بەڵام لە ناو ڕۆمانەکەدا بەر مرۆڤێک دەکەوین هەم باڵا و هەم واقیعی و ئاسایی، مرۆڤێک ئاشق دەبێ و دڵی بۆ کیژان لە سینە دەفڕێ و وەک پەپولەیەک هەر تاوێک بەسەر گۆنای گوڵێکەوە دەنیشێتەوە و وەک بولبولێک لە قەفەس دەڕوات و مەست و سەرخۆش دەبێ، ئاشقێک کە مەی دەنۆشی و دەڕەقسێ و دەستی کیژانی قەد باریک و مەعشوقەی بێ دین و مەزهەب دەگرێ و لەگەڵی خوازیای سەما و هەڵدانی شەراب و گوتنی گۆرانی ئاشقانەیە، شەو تا بەیان بۆ یاری جوان دەسووتێت و دەسازێت و دەڕەقسێت و دە جۆشێت، لێرەیا مرۆڤێک دەبینین ئاسایی و مەجزووبێک دەبینین سالیک.
“دیوی تراژیدی”
دیارە دەرخستن و دیارخستن و تەرکیزخستە سەر و ڕوونکردنەوەی دیوی تراژیدی مرۆڤە گەورەکان هێند دژوار نییە، بە تایبەت ئەو مرۆڤانەی کە لە ڕابردوودا ژیاون و تا مەسافەی نێوان دوو شاری وەک قورتوبە و مورسیەیان بڕیوە، یان مەککە و بجایە، دەبێ چەند سەختی و نەهامەتیان دیبێت؟ ئەگەر لەمڕۆدا بە سەیارە بە دوو ڕۆژ بتوانی مەسافەی نێوان شارێکی وەک بجایە و مەککە ببڕی دەبێ لە سەردەمانی کۆندا و لە سەدەی شەشی هیجریدا نزیکی شەش هەزار و پێنجسەد هەزار کیلۆ مەتر چۆن تێپەڕێنرتبێت و چۆن تەواو بووبێت؟ زۆر بە دژواری.
نووسەر لەسەر ئەم پنتانە جوان دەوەستێت و بە قووڵی و زۆر زیرەکانە و تراژیدیانە ئەو واقیعە تاڵانەمان دەخاتە بەر دەست و خوێنەر بریندار دەکات، لە خواردنی تیکە نانێکی ڕەق و هەندێک تەڕە وە بگرە تا دڕانی پێڵاو و قڵیش بوونی قاچ و ئاوسانی ڕان و هەڵکردنی غوبار و حیلانی ئەسپ و هەڵهاتنی خەڵک و ڕووبەرووبوونەوەی جەردە و تێکەڵبوونی عارەق و خۆڵ لە بیابانەکاندا، هەرهەمووی زنجیرەیەکن لە دیوی تراژیدی ڕۆمانەکە، لە یەکێک لە چرکەساتەکاندا کە خوێنەر ڕووبەڕووی دەبێتەوە و بە واقعیش لە ژیانی بن عەرەبیدا ڕووی داوە مردنی زەینەبی کچیەتی کە یەکەم مناڵیەتی و باوکی چەندین ساڵ جێی دێڵێ، بەڵام لە دوای ئەوەی لە مەککە جێگیر دەبێ بەدری قوتابیی دەنێرێ کە مناڵەکانی لە بجایەوە بۆ بێنێ بۆ مەککە، بەڵام تا دەگەنە مەککە زەینەبی هەشت ساڵە بەرگەی ڕێگا ناگرێت و دەمرێت و تابووتێک دەگاتە مەککە و دەگاتە بەردەم ئیبن عەرەبی. لێرەدا بن عەرەبی چ خاکێک بکات بەسەر خۆیدا و خوێنەری ئەو چرکەساتەش چ نەفەسێک لە قورگیا گیر دەکات و نەدێ و نە دەڕوات.
“وەرگێڕی ڕۆمانەکە و بەشی دوو”
بۆ ئەوەی زۆر درێژ نەبێتەوە دەمەوێ بڵێم کە تەرجەمەی فارسی ڕۆمانەکە ئەگەرچی زۆر باش و جوانە، بەڵام وەرگێڕانی سەردێڕ و دەسپێک بە ئاشکرا کەم و کوڕی تیایە و پڕە لە هەڵە، نەک هەر کەموکوڕی تیایە، بگرە هەڵەی چاپی لە ڕستە عەرەبیە دانراوەکانیشدا هەیە، وەک بڵێی وەرگێڕ ئاگای لەمانە نەبووبێ و چاوی پیا نەخشاندبێتەوە، چونکە هەڵەکان زەقن و لە ئاستی کۆی تەرجەمەی ڕۆمانەکەدا نین.