“کلیلی سەرپێـیی”
- ڕووسیا و ئێراق خاوەنی سەرچاوەی دەوڵەمەندی نەوتن و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لە پەروەردەکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان و بازرگانی وزە.
- هاوکاری نێوان ڕووسیا و ئێراق لە کەرتی وزەدا، بە بەشدارییەکی بەرچاوی کۆمپانیا گەورەکانی وزەی ڕووسیا؛ ڕۆس نەفت، لوکۆیل، باشنەفت و گازپرۆم لە پیشەسازی نەوتی گەشەسەندووی ئێراقدا دەردەکەوێت؛ لە ساڵی (٢٠٢٣) دا هەژموونی ئابووریی ڕووسیا لە ئێراق گەیشتوە بە (١٩) ملیار دۆلار.
- ڕووسیا شانبەشانی هاوپەیمانی سەرەکی جیۆپۆلەتیکی خۆی کە “چین”ە، لە ئێراقدا شانیان داوەتە بەر بازرگانی و وەبەرهێنان، دەیانەوێ هەمووی کۆنترۆڵ بکەن و لە ئێراقەوە بانگی کۆتایی هەژموونی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدەن.
- ئەم جۆرە لە هەژموونی ڕووسیا بە سێ قۆناخ دەستی پێکرد، لە هەرێمی کوردستان (باکووری ئێراق) ەوە لەساڵی (٢٠١٧) ەدا دەرکەوت و، لە کۆتایی (٢٠٢٣)شدا کۆمپانیای لۆک ئۆیەڵی ڕووسی زۆربەی ناوچە دەوڵەمەندەکانی باشووری کۆنترۆڵ کردوە.
“پێـشەکی”
مۆسکۆ لەگەڵ هاوپەیمانە جیۆپۆڵەتیکییەکەی خۆی کە “پەکین”ە، بەرەو کۆنترۆڵکردنی کەرتی وزەو وەبەرهێنان لە ئێراق هەنگاویان ناوە، وا دیارە دەیانەوێ ڕۆژئاوا لە ڕێککەوتنەکانی وزە لە ئێراق دوور بخەنەوە، بۆ ئەوەی بەغدا لە میحوەرە نوێیەکەی ئێران و سعودیە نزیکتر بمێنێتەوە. بۆ ساڵی (٢٠٢٣) ئاستی وەبەرهێنانی ڕووسیا لە ئێراقدا گەیشتۆتە (١٩) ملیار دۆلار. زیاتر لەوەش، لە مانگی ئازاری (٢٠٢٣) دا کۆمپانیای نەوتی زیقار (DQOC) کە سەر بە دەوڵەتی ئێراقە بە فەرمی پەرەپێدانی یەدەگەکانی (بلۆکی ١٠) ی پەسەند کرد؛ لەنێویاندا بۆ تەواوی کێڵگەی ئێریدو، کە گەورەترین کێڵگەی نەوتە لە دوای (٢٠٠٣) ەوە لە ئێراق دۆزراوەتەوە. خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کێڵگەی نەوتی ئێریدوی ئێراق لە نێوان (٧-١٠ ) ملیار بەرمیل یەدەگی هەیە، ڕووسیا لەم کێڵگەیەشدا، لە ڕێگەی کۆمپانیای لۆک ئۆیەڵەوە دەستی بەکارکردن کرد. بڕیاری ئینپێکس- Inpex ی یابانی بۆ فرۆشتنی پشکەکانی لەسەدا ٤٠ لە ناوچەی بلۆکی ١٠ کە دۆزینەوەی گەورەی ئێریدۆی تێدایە، ڕێگە ڕوون دەکاتەوە بۆ ئەوەی کۆمپانیای لۆک ئۆیەڵ کۆنترۆڵی تەواوی تەواوی ناوچە دەوڵەمەندە نەوتییەکان بکات. ئەمە جگەلەوەی لە (٢٠٢٣) دا کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی کێڵگەی نەوتی ڕۆژئاوای قوڕنەی لە بەسرە بە جێهێشت و لۆک ئۆیەڵ (Lukoil) پشکەکانی کڕییەوە.
هەماهەنگی سەربازی و وزەی نێوان ڕووسیا و ئێراق، هاوکاری بەردەوامی ئەوان نیشان دەدات. کۆمپانیایەکی وەک لۆک ئۆیەل تا ١١ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە باشووری ئێراق و بە تایبەتی لە ناوچەی بەسرە کردووە. پاڵنەرێکی دیکەی پەیوەندییەکە؛ کەرتی دەریاییە کە دەرفەت بۆ هاوکارییەکانی ڕووسیا و ئێراق دەخاتە ڕوو. لەگەڵ پێگەی ستراتیژیی ئێراق بەدرێژایی ڕێگا سەرەکییە دەریاییەکان و شارەزایی ڕووسیا لە پەرەپێدانی بەندەر و لۆجستیکی دەریایی، زیاتر دەری دەخات چ هاوتەریبییەکی سرووشتی لە بەرژەوەندییەکاندا هەیە. هەوڵە هاوبەشەکان لە پەرەپێدانی ژێرخانی بەندەرەکانی ئێراق و پەرەپێدانی هاوکاری دەریایی دەتوانێت بەشدارییەکی بەرچاو بکات لە بەرزکردنەوەی کارایی و توانای ڕێگاکانی بازرگانی دەریایی ئێراق، بەمەش بازرگانی و وەبەرهێنانی زیاتر ڕابکێشێت.
ئایا ڕووسیا گەشتەکەی لە ئێراق چۆن و بە چ میکانیزمێک دەست پێکرد؟ هۆکارەکانی گۆڕانی ستراتیجیی ناوچەیی لە لای زلهێزێکی وەک ڕووسیا بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئایا پرۆژە ستراتیجییەکانی تری ڕووسیاو چین لە ئێراق و ناوچەکەدا ستەمە مێژوییەکانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم ڕاست دەکاتەوە؟ گاز و نەوتی ئێراق و هەرێمی کوردستان چی بۆ ڕووسیا دەگەیەنێت؟ بوونی ڕووسیا لە گۆڕەپانەکەدا چ وانەیەکی مێژوویی-سیاسیی بۆ ئێراق و کوردەکانی ئێراق تێدایە؟
“چوارچێوە و سنووری باسکردن”
بژاردەی هەرە لە پێشینەی زلهێزەکان و خاوەن پیشەسازییە گەورەکان؛ بەرزڕاگرتنی ئاسایشی نیشتیمانیی و بوونی ئاستیکی بەرزی کێبڕكێیە لە ناو هاوکێشەکانی هێزدا. لە چوارچێوەی لووتکەی COP28 دا کە تایبەت بوو بە گۆڕانی کەشوهەوا لە (١ ی ١٢ ی ٢٠٢٣) لە دوبەی بەڕێوەچوو، ١٣٤وڵاتی جیهان جاڕنامەیەکیان بەناوی “جاڕنامەی ئیمارات“ واژۆ کرد. زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس، لەنێویاندا سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ٢٠٠ دەوڵەت و حکومەتی جیهان بەتەنیشت هەزاران بڕیاربەدەست، زانا، شارەزای بوارە جیاوازەکان، سەرۆک و ئەندامانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و چۆنیەتی تەرخانکردنی پارە بۆ پرۆژەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. بەڵام هێشتا دوو وڵاتە هەرە پیشەسازییە گەورەکە بەشدارنەبوون، هەر لە چوارچێوەی دەربڕینەکانیدا لە کۆپ- ٢٨، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕاشکاوی ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی هەسارەی زەوی رزگار بکرێت، دەبێت جیهان لە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەبەردبوو بوەستێت. بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەوە، ئێمە لە بەردەم وێنەیەکی دیکەدا وەستاوین، کە سیاسەت و دەنگدانەوە جیۆپۆڵەتیکییەکان، پیشەسازیی هایدرۆکاربۆن، نرخی وزە لە بازاڕی ئابووریی جیهانیدا باڵیان بەسەردا کێشاوە.
یەکێک لە پڕفرۆشترین ڕۆژنامەنووسە دارایی و نووسەرە جیهانییەکان “سایمون واتکینز Simon Watkins”ە، کە بەرپرسی فرۆشتن و بازرگانی دامەزراوەیی فۆڕێکس بووە و، دواتر بەڕێوەبەری فۆڕێکس بووە لە بانکی مۆنتریال، هەروەها وەک ڕاوێژکاری مەترسی جیۆپۆلەتیکی بۆ ژمارەیەک سندوقی گەورەی پاراستن لە لەندەن و مۆسکۆ و دوبەی کاری کردووە. لە (١٠) ساڵدا پێنج کتێبی لەسەر بازرگانی دارایی و نەوت و بازاڕە داراییەکان نووسیوە، واتکینز تازەترین کتێبی خۆی لە (٢٠٢٣) دا لە ژێر ناونیشانی ” سیستەمی نوێی بازاڕی نەوتی جیهانی و چۆنیەتی بازرگانیکردن پێی – The New Global Oil Market Order and How to Trade it ” لە ئەمازۆن بڵاوکردۆتەوە. واتکینز جموجوڵەکانی ڕووسیا لە پێناو پێشبڕکێ لەبازاڕی وزەی جیهانییدا شرۆڤەدەکات، یارمەتیمان دەدا لە هەنگاوەکانی ڕووسیا لە ئێراق و هەرێمی کوردستان لە بەرایی (٢٠١٧ ەوە بۆ کۆتایی ٢٠٢٣) تێبگەین، چۆن هەریەکێک لەم ڕووداوانە شێوازی کارکردنی بازاڕی نەوتی جیهانی لەو ماوەیەدا گۆڕیوە، چۆن ئێستا هەموویان کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی ڕێسای نوێی بازاڕی نەوتی جیهانی دروست بکەن.
بەلای واتکینزەوە هێشتا نەوت دیاریکەرێکی چارەنووسسازە بۆ داهاتووی دارایی و ئابووری هەموو وڵاتێک. هەروەها بەهۆی ئەمەوە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە داڕشتنی سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەو وڵاتانەی بەرهەمهێنەر و بەکاربەری سەرەکی نەوتن لە ئاستی جیهان. لەبەر ئەوەی گرەوەکان زۆرن، بەشداربووانی سەرەکی لە بازاڕی جیهانی نەوتدا هەر شتێک دەکەن بۆ ئەوەی سوودێکی تێدا بەدەستبهێنن. بۆیە ئەوەی کە بازرگانەکە (واتە دەوڵەتانی فرۆشیار و کڕیار: دەوڵەت دەبێ بازرگانییانە ڕەفتاربکات) بەتەواوی دەبێ ئاگاداری بێت، ئەوەیە کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوویداوە؛ دیارترینیان بە دەستپێکردنی پەتای کۆڤید-١٩، پاشان لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا، ئنجا ئەمەش بوەتە هۆی گۆڕینی شێوازی مامەڵەی یاریزانە پێشەنگەکانی بازاڕی نەوت لە جیهاندا، بۆیە بە جۆرێکی دیکە ڕێبازی سیاسیی و دیبلۆماسیی لە ئاستی ناوچەییدا پێناسە کردۆتەوە.
“ڕووسیا لە هەرێمی کوردستانەوە دەستی بە دەستکاریکردنی ناوچەکە کرد”
ڕۆسنەفت و گازپرۆم بە پلەی یەکەم وەک چەکی دەوڵەتی ڕووسیا کاردەکەن. هەرچەندە ئەوان لە بازرگانیدان بۆ ئەوەی پارە بۆ خۆیان پەیدا بکەن، بەڵام دواجار ئەم کۆمپانیا دەوڵەتییە خزمەت بە بەرژەوەندی حکومەتی ڕووسیا و “ڤلادیمێر پوتین” دەکەن، هەروەها خزمەتی هەموو ئەو کارسازانە دەکەن کە داهاتە نا-شەرعییەکانیان بەندە بە بەردەوامبوونی دەستڕاگەیشتن بە پەمپی وزە لە جیهاندا. لە ساڵی (٢٠١٨) ەوە، لە ڕێگەی زنجیرەیەک گرێبەستی بازرگانی ستراتیژییەوە، ڕۆسنەفت بە تایبەتی بووەتە ڕیزبەندێکی شەڕانگێزی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ڕووسیا؛ پێگەی دیار و بەرچاوی کۆمپانیای زەبەلاحی نەوت بە وەبەرهێنانی بەرفراوان لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوە بۆ ڕووسیا بووە، لەوانە جەمسەری باکوور، چین، ڤێتنام، ڤەنزوێلا، ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە حوزەیرانی ٢٠١٧ ەدا، شاندی هەرێمی کوردستان بە ڕێبەرایەتی سەرۆکی حکومەت “نێچیرڤان بارزانی” و جێگری سەرۆکی حکومەت “قوباد تاڵەبانی” و “وەزیری سامانە سرووشتییەکان “ئاشتی هەورامی” سەردانی ڕووسیایان کرد، لە پەراوێزی بەشداریی کردنیان لە کۆڕبەندی ئابووری سانت پیترسبۆرگ دا کە سەرکردەکانی ١٣٠ وڵات و ١٢ هەزار کەسی بۆ خۆی ڕاکێشابو، گڕیبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیای ڕۆس نەفت واژۆ کرد.
بەشێوەیەکی گشتی لە جیهاندا، گرێبەستی نەوت و غاز لە نێوان سێ لایەندایە:- لایەنی یەکەم خاوەنی بەرھەمەكەیە (وڵات یان هەرێمی خانەخوێ)، دووەمیان، ئەو لایەنەیە كە پەیوەندارە بە رێڕەوی ھەناردەكردنی نەوت یان غازەکە (لەمەی کوردستاندا تورکیایە)، لایەنی سێیەمیشیان كڕیاری بەرھەمەکەیە. بە پێی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆس نەفت تەنیا گوژمەی دروستكردنی بۆری گواستنەوەی غازی شل لە ھەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەو بازاڕەی كۆمپانیای رۆس نەفتی رووسیا دەیەوێت، یەك ملیار دۆلارە، ئایا كۆمپانیایەكی وەك رۆس نەفت، گرێبەست لەگەڵ ھیچ وڵاتێك بەو قەبارەیە واژۆ دەکات کە گرەنتی گواستنەوەی نەبێت؟ لە ساڵی ٢٠١٧ەوە کۆمپانیای زەبەلاحی وزەی ڕووسی ٣.٥ ملیار دۆلاری بە قەرز بە حکومەتی هەرێم داوە و گرێبەستی پەرەپێدانی پێنج بلۆکی نەوتی واژۆ کردووە، هەر بەو پێیە کۆنترۆڵی بۆری نەوتی کەرکوک – جەیهانیشی کردووە. لایەنەکان لە نیسانی ٢٠١٨ەوە، ڕێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی گەڕانی جیۆلۆجی و دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی تاقیکاریی. ڕێککەوتنەکە لە کاتێکدا بوو، کە دوو گەورەترین کۆمپانیای بواری وزەی ئەمریکی “ئیکسۆن مۆبیل” و “چیڤرۆن” لە ساڵەکانی (٢٠١٥ و ٢٠١٦) ەدا، ژمارەیەک کێڵگەی هەرێمی کوردستانیان بە جێهێشت. هەروەها لە میانەی شەڕی داعش دا، حکومەتی فیدراڵی بەغدا مووچەی هەرێمی کوردستان و تێچووی هێزی پێشمەرگەی نەدەدا. هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠١٧) ەدا، بەرەو ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەنگاوەکانی هەڵگرتبوو، تێگەیشتنی ڕێبەرانی کوردستان وابوو کە ویلایەتە یەکگرتوەکان پاڵپشتی کورد ناکات لە کێشەکانی لەگەڵ بەغداد و لە پرسی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی سیاسییدا، کە دواتر لە ئەیلولی (٢٠١٧) ەدا نیزیکەی (٩٣٪) خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ڕیفراندۆمەکەدا دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا و، بەهۆی فشارەکانی حکومەتی ئێراق و پاڵپشتی نەکردنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریکاوە، ئەنجامی ڕیفراندۆم شکستی هێنا.
“سانت پیترسبۆرگ- ڕووسیا (حوزەیرانی ٢٠١٧): نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ ئیگۆر سێچین بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڕۆس نەفت گڕیبەست واژۆردەکەن.”
هەر لەسەرەتاوە بۆ ئێراق، کۆتایی یارییەکە لە دەستبەسەرداگرتنی کاریگەرانەی ڕووسیا لە پیشەسازی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستانی پڕ لە کێشەی ئێراقدا لە باکوورەوە دیار بووە. کۆنترۆڵی ڕووسیا بەسەر کوردستانی ئێراقدا لە ڕێگەی پرۆکسی کۆمپانیاکانی دەوڵەتەوە، بەتایبەتی ڕۆسنەفت، لە پایزی (٢٠١٧) ەوە، لە ڕێگەی سێ میکانیزمەوە مسۆگەر کرا:-
یەکەم:- یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەک دارایی لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتی پێشوەختە کە لە سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا دەدرێت، دابینکرد.
دووەم:- لەسەدا ٨٠ی بەرژەوەندی کارکردنی لە پێنج بلۆکی نەوتی گەورەی هەرێمدا وەرگرت، لەگەڵ وەبەرهێنانی دەرەنجامی و هاوکاری تەکنیکی و ئامێرەکان.
سێیەم:- خاوەندارێتی لەسەدا ٦٠ی بۆرییە گرنگەکەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشووتر بینای کردبوو، ئەوەش لەڕێگەی پابەندبوون بە وەبەرهێنانی یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ زیادکردنی تواناکانی بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
دوابەدوای ئەمە، ڕووسیا دەستکاری ناوچەکەی کرد و کەوتۆتە بەریەککەوتنێکی سەرسوڕهێنەر لەگەڵ حکومەتی ناوەندی ئێراق لە بەغدا، کە قۆناغی کۆتایی پلانی هێنانە ناوەوەی کاریگەرانەی هەرێمی کوردستانی ئێراق بۆ ناو هەموو بەشەکانی تری ئێراق. بەجۆرێک لە کۆتایی (٢٠٢٣) ەدا، ڕووسیا بە تەواوەتی لەڕێگەی بەشداریی لە کەرتی “گاز”ی ئێراقدا بەرەوپێش دەچێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە، ئێستا ڕووسیا و چین هەنگاو دەنێن بۆ دەستەبەرکردنی باڵادەستی خۆیان بەسەر هەموو ئێراقدا، لابردنی کۆمپانیای ئینپێکس لە مەیدانی فراوانی ئێریدۆ تەنها دوایین نموونەی ستراتیژی فراوانتربونیانە لە کارکردندا.
سیاسەتی فراوانخوازیی – دەرەوەیی ڕووسیا، لە دامەزراندنی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٢٢ەوە، ئەوە بووە کە ویستەکانی خۆی لە ناوچەکانی پشێویی و ئاژاوەدا بە پرۆژە بکات (تەنانەت ئەگەر ئەو ئاژاوەگێڕییە پێشتر بوونی نەبووبێت – هەوڵی دروستکردنی بدات). بۆیە سەیر نییە کە ڕووسیا کارکردن لەسەر ئامانجی فراوانخوازیی لە دەرەەوەی خۆیدا زیاتر بەرەو پێش ببات. لە ئەیلوولی ٢٠١٧دا ئەوەی ڕووسیا دەیویست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ زیادکردنی ئەو دەستدرێژییە گەورەیەی کە پێشتر لە ئێرانی دراوسێدا کردبووی، ئەوە بوو کە کاریگەرییەکانی زیاتر بۆ ناو ئێراق درێژ بکاتەوە، بەڵام لە باشووری ئێراقدا نەیتوانی ئەوە بکات، چونکە هێشتا ئەمریکا ئامادەبوونێکی سەرەکی لەوێ هەبوو. باشترین کاری دواتر ئەوە بوو کە بوونی خۆی لە هەرێمی نیمچە سەربەخۆی کوردستاندا جێگیر بکات، تا ئەو کاتەی کە بتوانێت کاریگەری خۆی لە بەشەکانی تری ئێراق بەکاربهێنێت بۆ درێژکردنەوەی پانتایی خۆی بۆ باشووری ئێراق، پاشان سەرۆکایەتی یەکخستنی باکوورو باشووری ئێراق بکات بۆ یەک وڵات کە دەتوانێت کۆنترۆڵی تەواوی بەسەردا هەبێت.
“هەماهەنگیی کەرتی وزە لە نێوان ڕووسیا و ئێراق”
مایکڵ بارانتشیک ( Michael Barantschik) یەکێکە لەو پسپۆڕانەی کار لەسەر پاشخانی پیشەسازیی نەوت و گاز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی نێوان ڕووسیا و ئێراق بۆ مێژووییەکی دوور و درێژ و ئاڵۆز دەگەڕێنێتەوە؛ لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، بازرگانان و گەڕانکارانی هەردوو ناوچەکە بەریەکدەکەوتن، بە ڕێڕەوی بازرگانی ڤۆڵگا و دەریای قەزوین دا دەڕۆیشتن، تۆڕی بازرگانی سەرەتاییان لە نێوان ئەو ناوچەیەدا دامەزراند کە زۆر دواتر بوو بە ڕووسیا و ئێراق. پەیوەندی دیپلۆماسی فەرمی لە ٩ی ئەیلولی ١٩٤٤ دامەزرا و سەرەڕای دابڕانێکی کورت لە نێوان ساڵانی ١٩٥٥ بۆ ١٩٥٨، پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات گەشەی کرد و بەغدا وەک هاوبەشێکی بەرچاوی سۆڤیەت لە جیهانی عەرەبیدا سەیرکرا.
لە ساڵی ٢٠٠٨دا، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە بەشێکی زۆری قەرزەکانی ئێراقی سەردەمی سۆڤیەت خۆش بوو، ئەمەش زەمینەی ڕێککەوتنێکی نەوتی بە بڕی ٤ ملیار دۆلاری ئەمریکی دانا. ئەم ئاماژەیە دەستپێکی یارییەکی قووڵتری ئابووری بوو، کە لە ساڵی ٢٠١٢دا زیاتر پتەوتر بوو بە بەشدارییە بەرچاوەکانی کۆمپانیای نەوتی لوک ئۆیەڵی ڕووسی لە کەرتی وزەی ئێراقدا. پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات زیاتر بەشداریکردنی ڕووسیای لە کەرتی نەوتی ئێراقدا بەهێزتر کردووە. لە شوباتی ٢٠٢٣ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەردانی بەغدای کرد. یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان کە باسکرا، میکانیزمی پارەدان بوو بە کۆمپانیاکانی وزەی ڕووسیا، کە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی هاوبەشە بۆ بەردەوامبوون و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان سەرەڕای سزاکانی ڕۆژئاوا. هەروەها ئەمە تەوەری بەردەوامی گفتوگۆی نێوان محەمەد شەیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێراق و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بوو لە ١٠ و ١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لە میانەی کۆبوەنەوەکانیان لە کۆشکی کرێملین، کە لە پاشخانی بەردەوامی ململانێکان لە ئۆکرانیا و بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەقی گرتبوو. پتەوکردنی پەیوەندیی لە نێوان ڕووسیاو ئێراقدا هەموو بوارەکانی گرتۆتەوە؛ لە ٢٠٢٢ -٢٠٢٣ دا ڕووسیا (٢٠٠) کورسی خوێندنی خۆڕایی لە ئاستە جیاجیاکاندا بۆ هاووڵاتیانی ئێراق دابین کردوە.
سەرباری گڕیبەست لەگەڵ کۆمپانیا ڕووسییەکان؛ ڕووسیا و ئێراق ڕێککەوتنیان واژۆ کردووە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هاوکارییەکان لە کەرتی نەوتدا، لەوانە پڕۆژەکانی گەڕان و کونکردن و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری. ئەم ڕێککەوتنانە هەنگاوێکی بەرچاوە بەرەو قووڵکردنەوەی پەیوەندییە وزەییەکانیان و دڵنیابوون لە ڕەوتی بەردەوامی وەبەرهێنانەکان کە گرنگن بۆ گەشەکردن و بەردەوامیی پیشەسازی نەوتی ئێراق.
جگە لە کەرتی نەوت، لە کەرتی گازیشدا ئێراق و ڕووسیا هەماهەنگیان هەیە. لەگەڵ ئەوەی ئێراق ئامانجی کەمکردنەوەی سووتانی گازەکەیە و ڕووسیا ئەزموونێکی زۆری هەیە لە بەرهەمهێنان و پرۆسێسکردنی گازدا، هاوکارییەکی سرووشتی هەیە بۆ هاوکاریکردن. دەتوانرێت یارمەتی تەکنیکی، وەبەرهێنانی هاوبەش لە دامەزراوەکانی پرۆسێسکردنی گاز و گواستنەوەی زانیاری زیاتر بکۆڵرێتەوە بۆ ئەوەی هەردوو وڵات سوودی هاوبەشیان هەبێت.
“چڕبوونەوەی بەشدارییە ئابوورییەکان پرۆژە ستراتیجییەکان بوێرتر دەکات”
چڕبوونەوەی بەشدارییە ئابوورییەکان لە کەرتی وزەدا تیشک دەخاتە سەر پێویستی هەمەچەشنکردن بۆ دڵنیابوون لە پەیوەندییەکی ئابووری هاوسەنگ و بەردەوام. گەڕان بەدوای ڕێگا نوێیەکان بۆ هاوکاری ئابووری لە سەرانسەری کەرتە جیاوازەکاندا لەوانە کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیا، بەرهەمهێنان، سەرمایەی مرۆیی و پەرەپێدانی کارامەیی دەتوانێت پەرە بە بەشدارییەکی ئابووری هەمەچەشن بدات، بەمەش پەیوەندی ئابووری نێوان ڕووسیا و ئێراق دەوڵەمەندتر بکات. گواستنەوە و ژێرخان توخمێکی گرنگن لە پەیوەندی دوولایەنەی ڕووسیا و ئێراقدا، کە بڕبڕەی پشت بۆ بەرزکردنەوەی بازرگانی و هاوکاری ئابووری و پەیوەندی ناوچەیی پێکدەهێنن. ئێراق پڕۆژەیەکی بە بڕی ١٧ ملیار دۆلاری ئەمریکی دەستپێکردووە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی گواستنەوەی وڵاتەکەی، ئامانجی بەستنەوەی بەندەرێکی بەرچاوی کاڵا لە باشووری وڵاتەکەوە (بەندەری فاو) لەڕێگەی شەمەندەفەر و ڕێگاوبانەکانەوە بۆ باکورو سەر سنوری تورکیا، ئەمە پرۆژەی “رێگای گەشەپێدانی ئێراق” ە، کە ئامانجی گۆڕینی ئێراقە بۆ ناوەندێکی گواستنەوەی ناوچەیی لە ڕێگەی پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگاوبان و شەمەندەفەرەکەی، بەمەش ئەوروپا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ببەستێتەوە. ئەم پڕۆژەیە کە ١٢٠٠ کیلۆمەتر لە تورکیاوە تا کەنداو درێژ دەبێتەوە، وەک بەردێکی بناغە بۆ ئابوورییەکی بەردەوامی نا-نەوتی و ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی یەکگرتنی ئابووری لەناو ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.
هەروەها، ئەم پڕۆژەیە هێمای هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بەرزکردنەوەی ڕەوتی بازرگانی و کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە و باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکان. بە وەبەرهێنان لە دروستکردنی هێڵی ئاسن، ڕووسیا و ئێراق زەمینەسازی بۆ تۆڕێکی لۆجستیکی بەهێز دادەنێن، کە نەک تەنها سوودی بۆ بازرگانی دوولایەنە دەبێت، بەڵکو کاریگەرییەکی شەپۆلاوی لەسەر داینامیکی بازرگانی ناوچەیی دروست دەکات. ئەگەرچی ئێراق لە هەموو ڕوویەکەوە وڵاتێکی نا-سەقامگیرە، دۆخی سیاسیی و ناکۆکی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان، هەروەها دەستوەردانی دەرەکیش وایکردوە گرەوی تەواوەتی لەسەر وەرچەرخانی وڵاتەکە لە خراپەوە بۆ باش و لە باشەوە بۆ باشتر نەکرێت. بەڵام هەبوون و خستنەڕووی دیدگایەکی ستراتیجی و جیۆپۆڵەتیکی کە کاریگەریی تەواو دەخاتە سەر توخمە ئابوریی و کولتووری و تەکنەلۆژییەکان و ژینگەی بازرگانی گشتی دەبوژێنێتەوە ئەگەرێکی بەهێزە بۆ ئەوەی ئێراق لە قووڕ و چڵپاوی دەیەکانی ڕابردوو دەربهێنێت، وەکو لە (٢٠٢٣) دا بە دروستکردنی ڕێگاوبان، مۆدێرنکردنی فڕۆکەخانەکان، دەستپێشخەرییەکانی گەشەپێدانی شارەکان دەستی پێکردوە.
“چیرۆکی کەرکوک؛ ڕووسیا هات و بریتش پێترۆلیۆم ڕۆیشت”
نەوتی ئێراق، لە ساڵی ١٩٢٧دا لە کەرکوک خۆماڵی کرا. کەرکوک شوێنی لە دایکبوونی پیشەسازی نەوتی ئێراقە. کۆمپانیای بریتش پێتریۆلیۆم (بی پی) لە سێپتەمبەری ٢٠١٣ەدا، نیەتنامەیەکی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکووری سەر بە وەزارەتی نەوتی ئێراق واژۆکرد، بۆ پاڵپشتیکردنی گەڕان و توێژینەوەکانی چالاکی مەیدانی لە کەرکوک بە بەهای (١٠٠) ملیۆن دۆلار. هاتنی داعش لە ساڵی (٢٠١٤) و دەستبەسەراگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک لە لایەن هێزە کوردستانییەکانەوە، کارەکانی بی پی دواخست. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ دا، دوای تەواوکردنی ڕاپرسی و توێژینەوەی تەکنیکی بوارەکە، بی پی ئەنجامی کارەکانیان و لاپتۆپەکانیان بۆ کۆمپانیای نەوتی باکور بەجێهێشت. ئێراق هیوای خواستبوو بی پی یارمەتی بدات بۆ سێ هێندەکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانەوە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە زیاترە لە یەک لەسەر پێنجی بەرهەمی ئێستای ئێراق و دەکاتە لەسەدا یەک لە ئاستی بەرهەمهێنانی جیهانی.
بە پێی بەدواداچوونەکانی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، دەستگەیشتن بە زانیارییی و ئامارەکانی بی پی ئاسان نەبوەو نییە، بەڵام ئاماژەکانی دوای ڕۆیشتنی بی پی لەکەرکوک بۆ حکومەتی ئێراق و کۆمپانیای نەوتی باکوور هیوا بەخش نەبوە. ئەگەر ئەنجامەکانی توێژینەوەکە هاندەر بوونایە بۆ کۆمپانیای بی پی و رۆژئاواییەکان، بێگومان ماوەی مانەوەو کارەکانیان درێژ-دە کردەوە. جگەلەوەش، زۆربەی نەوتی خاوی ئێراق لەو ناوچانە بەرهەم دەهێنرێت کە لەلایەن حکومەتی ناوەندی بەغداوە بەڕێوەدەبرێن، لە باشوور و لە بەندەرەکانی باشووری سەر کەنداوەوە هەناردە دەکرێت. دوای ئەوەی داعش لە ساڵی (٢٠١٤) هێڵی بۆڕی کەرکوک- جەیهانی تەقاندەوە، حکومەتی هەرێمیش لە ماوەی (٢٠١٤ بۆ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) ڕۆژانە نیزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لە ڕێگەی هێڵی بۆڕی کوردستان- جەیهانەوە بۆ تورکیا هەناردە دەکرد، تا ئەوکاتەی کۆمپانیا ڕووسییەکان خۆیان لە هەرێمی کوردستان جێگیرکردو ئێراق لەشەڕی داعش بوویەوە؛ ئیتر بە زەبری هێز و بە پاڵپشتی ناوچەیی و بێدەنگی بەریتانیاو ئەمریکا، حکومەتی ناوەندی ئێراق کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکی کۆنترۆڵ کردەوە و، فەرمانڕەوایی هێزە کوردییەکانی لەشارەکە کۆتایی پێ هێنا.
“بۆچی ڕووسیا مکوڕە لەسەر تەنینەوەی هەژموونی خۆی لەناوچەکەدا؟”
یەکێک لەو چەمکانەی بیرمەندە ڕووسەکان لە دوای جەنگی ساردەوە بە گەرمی کاری لەسەر دەکەن “ئۆراسیا”یە. ئۆراسیا، یەکێکە لە چەمکە ئاڵۆزەکان، چوونکە هێشتا لە ڕووی جوگرافییەوە شوناسێکی یەکانگیری نییە؛ ئایا مەبەست لێی ئاسیا و ئەوروپایە، یان ئەو ناوچانەی ئاسیاو ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستنەوە. هەرچی شوێنێک بێت ڕووسیا و ئێران و ئێراق و سوریا پێکەوە خاوەنی زۆرترین یەدەگی نەوت و گازی سرووشتین لە جیهانداو، پێگەو گرنگییان فەرامۆش ناکرێت و، هەژموونی ڕووسیا لەو ناوچانەدا بەر بڵاوە. ئۆراسیا هەر کوێیەک بێ، ڕووسیا هەموو شتێک دەکات تا سیستەمی تاک جەمسەریی و فەرمانڕەوایی جیهان بگۆڕێت، بۆ ئەوەش دەبێ لەو حەوزە ستراتیجییانەی وزەدا ئامادەگی هەبێت کە ڕۆژئاوا تیایاندا هەژموونێکی هەیە. ئۆراسیا هەر کوێیەک بێ، تورکیا لەناو جەرگەیدایەو هەر هێڵێکی وزە ڕووسیا لە هەرێمی کوردستانەوە یان لە ئێراقەوە ڕابکێشێت دەبێ تورکیا لایەنێکی سەرەکی گرێبەستەکە بێت (وەک لایەنێکی گرێبەستەکەی نێوان ڕۆس نەفت و هەرێمی کوردستانە). تورکیا دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست، دەریای ڕەش و دەڕوانێت بەسەر قەفقاس و ئۆراسیادا، بەشێکە لە ئەوروپا و بەشێکی سەرەکیشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. رۆبەرت کابلان (Robert D. Kaplan) پڕۆفیسۆرو پسپۆڕی جیۆسیاسیی ئەمریکی لە ساڵی (٢٠١٨) کتێبێکی بە ناونیشانی “گەڕانەوەی مارکۆ پۆڵۆ؛ جەنگ و ستراتیج و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەدەی بیستو یەک” دا نووسیوە؛ دۆخەکە بە چرکەساتێکی ڕاگوزەر دەست نیشان دەکا، کە پێویستە لە دوو ئاستدا هەستی پێ بکرێت:-
یەکە:- ئەمریکا پێویستە لە ئۆقیانوسی ئەتڵەسیدا بەر بە هەژمونی چین بگرێت، لە ئەوروپاش بەر بە ڕاسترەو پۆپۆلیزم.
دووەم:- بە بڕوای کاپڵان هەریەک لە جوگرافیا و تەکنەلۆژیا بەریەککەوتنیان هەیە. لێرەوەیە ڕووسیا هەمیشە هەژموونی بەسەر خۆرهەڵاتی ئەوروپادا هەیە، لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا ناڕەزایی دژی سیستەمەکان وایکردوە بزوتنەوە ڕاسترەو و شەعبەوییەکان دەستەڵات بگرنە دەست. ئەمەش بەرژەوەندی ڕووسیا مسۆگەر ئەکات.
ئەمە نیشانمان دەدا، ڕووسیا لە هەر جێگەیەک دەبێ کە خۆرئاوا وەک بەرژەوەندیی خۆی لێی بڕوانێت. ئێستا وای دابنێین ڕووسیا پرۆژەی ئۆراسیای هەیە و ڕێبەرایەتی حەوزەی قەزوینیش دەکات، هەروەها لە (٢٩ ی ئایاری ٢٠١٤) ەوە یەکێتی ئابووریی ناوچەی ئۆراسیا (EAEU) پێکهینراوە. حەوزەی کەنداوی عەرەبی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو (GCC) یان هەیە، لە ساڵی (٢٠١٠) ەوە گازی سرووشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەراست دۆزراوەتەوە و بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی گازی سرووشتی لە ناو دەریاو لە کەنارە ئاوییەکاندا ئیسرائیل، قوبرس و میسرن، ئەوانیش زیاتر لە (٢٠) وڵات لووتکەی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (EMGF) یان درووستکردوە لە (٢٠١٧) ەوە. هەروەها “چین” لەم ناوچەیە بەگشتی پرۆژەی “پشتێنەی ڕێگا- پشتوێن و ڕێگا” ی هەیە. ئەی کورد لەناو ئەم پرۆژە ستراتیجییانەدا چۆن مامەڵە دەکات؟
“نەوت و گازی کوردستان چاوەڕوانی پرۆژەیەکی ستراتیجی لە سەرکردە کوردەکان دەکات”
وانە مێژووییەکە ئەوەیە چیتر نابێت کورد یاری پێکراو بێ لەلایەن هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانەوە؛
بە درێژایی مێژوویی ناوچەکە، ململانێ لە پێناو ناسنامە، شەڕی تایەفی و هەوڵ بۆ جیابونەوەی “خوزستان” لە ئێران لە ئارادا بووە. بەتایبەتی عەرەب، لە دوای دووەمین جەنگی جیهانی و لە سەردەمی جەنگی سارددا، وەهایان دەبینی بە بێ ساخکردنەوەو یەکلاکردنەوەی خوزستان بەلای خۆیاندا، شتێکی وەهایان نەکردووە کە جێگەی باس بێت. ئەم ناوچەیە قورگی کەنداوە، بۆڕی هەناسەدانی ئێرانە، ڕێڕەوە بۆ هەناردکردنی نەک نەوت بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی سەرجەم کاڵا بازرگانییەکان بەرەو خواروو و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
کاتێک ساڵی (١٩٥٥) هەریەکە لە؛ ئێراق، تورکیا، ئێران، پاکستان بەسەرپەرشتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا “پەیمانی بەغدا” یان بۆ بەرگرتن و ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەی بیری کۆمۆنیستی و هەژموونی یەکێتی سۆڤییەت واژۆکرد. بەهۆی کودەتای “عەبدولکەریم قاسم” لە ساڵی (١٩٥٨) و گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایی ئێراق لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری، هەروەها بەهۆی تەشەنەسەندنی شیوعییەت و هەژموونی سۆڤیەت لە ئێراقدا، ئێراق کە ئەندامی دامەزرێنەری پەیمانی بەغدا بوو لە ٢٤ ی ئازاری ١٩٥٩ لە پەیماننامەکە کشایەوە. ئەمەش ململانێکەی سەختتر کردەوە؛ ئێران، بۆ ئەوەی ئێراق و نەتەوەی عەرەبی سەرقاڵ بکات بە کێشەی کورد و شۆڕشی کوردەوە و “خوزستان”یان لە بیربباتەوە، بەدرێژایی (١٤) ساڵ پاڵپشتی شۆڕشی ئەیلولی کرد. توانی تا ڕادەیەکی زۆر باش سەرکەوتوو بێت لە سەرقاڵکردنی حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی ئێراق بە پرسی کوردەوە. ئەگەرچی دواجار شۆڕشی ئەیلول بۆ-خۆی بەڕێبەرایەتی “مەلا مستەفای بارزانی” خاوەنی پەیامی نەتەوەیی و داخوازی ڕەوا بوو لەمەر دیاریکردنی چارەنووسی کوردستان، لەولاشەوە بەڕێژەیەکی زۆرباش کورد توانی هەموو هێزی سەربازیی ئێراق سەرقاڵ بکات بەخۆیەوە.
یەکێتی سۆڤییەت ڕۆڵێکی بەرچاوی بینی لە ڕێککەوتننامەی ئازاری ١٩٧٠ دا؛ کە سەدام حوسێن ددانی نا بە مافەکانی گەلی کوردداو، بۆ ماوەی چوار ساڵیش ئاگر بەست ڕاگەیەندرا (ئێراق ئەوەی دەویست، تا خۆی پڕچەک بکات). کە ئێراق پەیوەندیی لەگەڵ سۆڤییەت بەست، شای ئێران مەترسی پەیداکرد، داوای لە ئەمریکا کرد کورد لەخۆی نیزیک بکاتەوە، تا لە سۆڤییەت نیزیک نەبنەوە. لە ٩ ی نیسانی ١٩٧٢ ئێراق ڕێککەوتنی لەگەڵ سۆڤییەت کرد بۆ کڕینی چەک، تاخۆی بەهێزکرد بۆئەوەی شەڕدەست پێبکاتەوە بیانوویەک پێویست بوو، یاسایەکیان لە لە شوباتی ١٩٧٤ خستە بەردەست شۆڕش بۆ ئیمزاکردنی حوکمی زاتی، بێ ئەوەی پرسی دیاریکردنی سنووری تێدا بێ. هەر بەهۆی پرسی کوردەوە سەددام حوسەین پەنای بردە بەر شای ئێران و ڕێککەوتننامەی جەزائیری لە ساڵی (١٩٧٤) دا واژۆکرد، کە تیایدا ئێراق دەستی لە بەشێک لە سنووری ئاویی خۆی لە “شەتولعەرەب” هەڵگرت بۆ ئێران. دوای ئەوەی شۆڕشی ئەیلول لەو گەلەکۆمەکییە ناوچەییەدا خامۆش کرا. ئینجا سەددام حوسەین لە رێککەوتنەکە پاشگەزبۆیەوە و جەنگی ئێراق- ئێران هەڵگیرسا (سەدام هەڵیگرساند) و (٨) ساڵی خایاند. بەم پێیە، هەر پرسی کوردیش بوو بووە هۆی ئەوەی جەنگی دووەمی کەنداو بەرپابێت. جیهان بینی ئەمریکا بەرانبەر کورد هینری کیسنجەر لەسەردەمی جەنگی سارددا دای ڕشتۆتەوە، ئەم دیدگایەش لە میانەی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ڕیتچارد هێلمس، باڵوێزی ئەو کاتەی ئەمریکا لە ئێران، لە تەموزی ١٩٧٣دا باس دەکات. لەوێدا کیسنجەر هاوکێشەی پەیوەندی کورد و ئەمریکا وێنادەکات کە دەبێت تا ئەو ئاستە پاڵپشتی کورد بکرێت کە فشار بخاتە سەر نەیارەکانی ئەمریکا. نابێت ئەو فشارە بگاتە ئاستێک گۆڕانکاریی لە سیستەمی ناوچەکەدا دروست بکات. بۆیە دەبێت پشتیوانییەکە سنووردار بێت. تا ئێستاش شێوازی “پشتیوانی سنوردار” لە ئەمریکاوە بۆ کوردستان پەیڕەو دەکرێت. بۆیە شۆڕشی کوردستان کۆتایی پێ هات، چوونکە باوەڕی ڕێبەری کۆچکردوو مەلا مستەفا وا بوو هەر جووڵەیەک بە بێ پاڵپشتی ئەمریکا یان سۆڤییەت سەرکەوتوو نابێت.
“هایدرۆکاربۆن، ئاسایشی هەرێمی کوردستانی خستۆتە مەترسییەوە”
پانۆڕامای ڕووداوەکان، لە دوای ساڵی (٢٠١٧) ەوە، کێرڤی ئابووریی سیاسیی و ئاسایشی هەرێمی کوردستانیان بەرەو داکشان بردووە:_
- لە سێپتەمبەری ٢٠٢١ دا، ویلایەتە یەکگرتووەکان، بە بڕی (٢٥٠) ملیۆن دۆلار پاڵپشتی دارایی کێڵگەی گازیی کۆرمۆری کردووە، ئەوەش بۆ فراوانترکردنی وێستگەکانی کێڵگەکە (کە بە KH250) ناسراوە. چاوەڕێ دەکرێ لە کۆتایی (٢٠٢٤) دا ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگە سەرەکییە بگاتە (٧٥٠) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا و، ساڵی دواتریش هەنگاو بنێ بەرەو (١) ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی ڕۆژانە. کێڵگە کۆمپانیای کرێسنت پێترۆلیۆمی ئیماراتی لە ساڵی (٢٠٠٧) ەوە کاری تیادەکات.
- لە ساڵی (٢٠٢١) ەوە، هەرێمی کوردستان و تورکیا بەیەک بڕو ئاڕاستە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەرەو پێشتر دەبەن، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سەرکردایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی ناوەندیی هەبووە لە ئاسانکاری گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان تورکیا و ئیمارات، ئەگەرچی ئەمە ڕەنگە ڕۆڵێکی لاوەکییانە بێت، بەڵام ڕاپۆرتکردن لە سەر بەشدارییەکی هەرێمی کوردستان بەڵگەی هەڵسوڕانی ڕۆڵێکی ناوەندییە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە.
- سەرەتای شوباتی ٢٠٢٢، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق، گەشتێکی بۆ ئەنقەرە کرد بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە نزیکەکانی وزە لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان. هەر لەو مانگەدا هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە تۆڕی بۆڕی غازی خۆی بەرەو سنووری تورکیا درێژ دەکاتەوە، لە ڕێگەی بۆرییەکی ١١٢ میلییەوە زامنی دابینکردنی بەرفراوانی غاز دەدات. ئەمە هەنگاوێک بوو وەک بوێریکردنی تواناکانی هەناردەکردنی کوردستان دەرکەوت، هەروەها ئەوەی نیشاندا، کە پێگەی تورکیا وەک ناوەندێکی سەرەکی دابینکردنی غاز، بەتایبەتی بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا بابەتێکە هەموو کات بیرلێکراوەیە. دوو هەفتە دوای سەردانەکەی “نێچیرڤان بارزانی” بۆ ئەنقەرە، لە میانەی سەردانێکدا بۆ قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی “مەسرور بارزانی” سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی تواناکانی غازی کوردستانی کرد. لە (٢٠٢٢ و ٢٠٢٣) سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێکەوەو بە جیاجیا (١١) جار سەردانی ئیمارات و قەتەریان کردوە.
- ئەو جووڵانەی سەرەوە بە بێ مەترسیی و ئاڵەنگاریی نەبوون؛ لەگەڵیدا ئێران و گرووپە شیعییە- میلیشیاکان لە ئێراق (بە ئاگاداری ڕووسیا)، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چەندین هێرشی ئاشکرایان کردۆتە سەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان. لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ ەوە تا جانیوەری ٢٠٢٣ سێ جار بە کاتیۆشا و درۆن هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر. لە ١٣ ی مارسی ٢٠٢٢ دا ئێران (١٢) مووشەکی نا بە شوێنی نیشتەجێبونی “شێخ باز بەرزنجی” خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی کار لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان (٤٠٪ ی هێڵی بۆڕی کوردستان کارگرووپ و ٦٠٪ ی ڕووس نەفت خاوەندارێتی دەکەن).
- هەرێمی کوردستان، بەدەست دابەشبوونی سیاسیی-ناوخۆییەوە دەناڵێنێت. بەپێی راگەیەنراوی “بافڵ تاڵەبانی” سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ٢٨ ی نیسانی ٢٠٢٢ دا، لە ئەنجامی كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی، رێكخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان لە ھەرێم رایگەیاند “ئەگەر گرێبەستی گازی سرووشتی بە شەفافی و بێ ئاگایی ئەوان بە ڕێوە بچێت، ئەوا دەبێت بەسەر لاشەی “بافڵ جەلال تاڵەبانی”دا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت”، هەر هەفتەیەک دوای ئەم هەڕەشەیەی سەرۆکی یەکێتی، تیرەکان هەناوی حیزبەکەی “بافڵ تاڵەبانی”یان پێکا؛ گەورەترین بەرپرسی ئەمنی سەر بە حیزبەکەی “بافڵ تاڵەبانی” کە لە دۆسییە هەستیارەکاندا کاری کردووە، لە ناوچەی سولەیمانییەوە بەرەو هەولێر و ژێردەستەلاتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵهات.
“دەرئەنجام”
ڕووسیا، توانیویەتی تا ئاستێکی زۆر لە ئێراقدا بچێتە پێش؛ بەگشتی دەست و سەری ڕووسیا لەناو خوانی وزەی ئێراق و هەرێمی کوردستاندایە. بەڵام ڕێگای بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی نێوان ڕووسیا و ئێراق بارگاویکراوە بە تەحەددای ناوخۆیی و دەرەکی. گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ سزا نێودەوڵەتییەکان، تەحەدای بەرچاو بۆ پەیوەندییە ئابوورییەکانی ڕووسیا و ئێراق دروست دەکەن. هەروەک “مایکڵ بارانتشیک”یش لایوایە، گەشتکردن بەم ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییانەدا پێویستی بە بەشداریکردن لە گفتوگۆی بەردەوام هەیە لەسەر ئاستی دوولایەنە و ناوچەیی بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە جیۆپۆلەتیکییەکان و پەروەردەکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر بۆ هاوکاری ئابووری. بەربەستە داراییەکان، لەوانەش سنووردارکردنەکانی سزا نێودەوڵەتییەکان و نەبوونی ژێرخانی دارایی بەهێز، ڕێگری لە ڕەوتی بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی ئێراق و ڕووسیا دەکەن. گەڕان بەدوای میکانیزمە داراییە جێگرەوەکاندا و بەهێزکردنی ژێرخانی دارایی دەتوانێت ئاسانکاری بۆ ڕەوتی بازرگانی و وەبەرهێنان بکات، ئەمەش کاریگەرییەکانی ئەم بەربەستە داراییانە کەمدەکاتەوە. جگە لەوەش ژینگەی ڕێکخستنی کاروبارە سیاسی و ئابووریی و ئەمنییەکانی ئێراق دەتوانێت ئاستەنگ بۆ وەبەرهێنەرانی ڕووسیا دروست بکات. ڕێکخستنی پرۆسەکانی ڕێکخستن و دڵنیابوون لە شەفافیەت زۆر گرنگە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هاوکاری ئابووری.
کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان، دۆخی خراپی ئابوریی و دابەشبوونە ناوخۆییەکان لە هەرێمێکی وادا، چاوەڕوانی پرۆژەیەکی ستراتیجیی- گشتگیری هەمەلایەنە دەکات، بۆ ئەوەی سەرچاوە سرووشتییەکانی خۆی بوێرتر بکات و توانای هەبێت وەرچەرخانێکی جیۆپۆڵەتیکیی ئەنجام بدات، تا لەو ڕێگەیەوە خاڵی بەهێزی سیاسیی، ئابووریی، دیبلۆماسی و ئەمنی زیاتر بۆ خۆی تۆمار بکات.
بیبلۆگرافیا
- M (2023) Russia and Iraq: The 2023/24 Trade and Investment Dynamics. Mediterranean Institute for Regional Studies. Available at: https://www.mirs.co/details.aspx?jimare=221
- Iraq-business news (2023) Russia “Takes Control of Iraq’s Biggest Oil Discovery for 20 Years” Available here: https://www.iraq-businessnews.com/tag/block-10/
- Watkins (2023) Russia Takes Control of Iraq’s Biggest Oil Discovery for 20 Years. Oil Price. Available at: https://oilprice.com/Energy/Crude-Oil/Russia-Takes-Control-of-Iraqs-Biggest-Oil-Discovery-for-20-Years.html
- Cop 28 (2023) UAE Day 1, 2, 3, 4. Available at: https://www.cop28.com/en/
- Watkins (2023) The New Global Oil Order And How To Trade It. Independently published. ISBN-13 : 979-8390950616
- BLANK، S (2021) Rosneft in Kurdistan: A Neglected But Critical Aspect of Russian Regional Strategy. KCCRC. Available at: https://www.kurdistanc.com/en/details.aspx?jimare=1111
- Petkova (2019) What did Russia get from its KRG gamble? Aljazeera. Available at: https://www.aljazeera.com/features/2019/4/15/what-did-russia-get-from-its-krg-gamble
- Borshchevskaya, A & Wahab, B (2018) In Search of a New Patron, the KRG Turns Back to Moscow. The Washington Institute for Near East Policy. Available at: https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/search-new-patron-krg-turns-back-moscow
- Zhdannikov, D (2018) The great Russian oil game in Iraqi Kurdistan. Reuters. Available at: https://www.reuters.com/article/us-rosneft-iraq-insight/the-great-russian-oil-game-in-iraqi-kurdistan-idUSKBN1HQ1R3/
- الحمـراني، فالح (٢٠٢٣) على هامش زيارة السوداني إلى موسكو: العراق في أولويات روسيا. الصباح. (٢٢/١٠/٢٠٢٣) https://alsabaah.iq/85857-.html
- Emirates Policy Center (2023) “Iraq’s Development Road Project: Geo-Political and Economic Implications and Prospects of Success”. Iraq Studies Unit. Available at: https://epc.ae/en/details/featured/iraq-s-development-road-project-geo-political-and-economic-implications-and-prospects-of-success
- Zhdannikov, D & Rasheed, A (2020) Exclusive: BP pulls out of Iraq’s Kirkuk field as expansion plans stall. Reuters. January 21, 20203:57 AM PST. Available at: https://www.reuters.com/article/us-iraq-oil-bp-exclusive/exclusive-bp-pulls-out-of-iraqs-kirkuk-field-as-expansion-plans-stall-idUSKBN1ZK1BI/
- Jaafar, Bahrooz (2023) The Geopolitics of the Iraqi Kurdistan Natural Gas: A Stalemate or a Shift in Perspective? The Mediterranean Institute for Regional Studies. Policy Paper. https://www.mirs.co/details.aspx?jimare=222
- Jaafar, Bahrooz (2022) The United States and the Kurdistan Region’s Energy Issue. The Mediterranean Institute for Regional Studies. https://www.mirs.co/details.aspx?jimare=182
- Alaaldin, Ranj (2023). THE GEOPOLITICS OF IRAQI KURDISTAN’S GAS RESERVES: CHALLENGES AND PROSPECTS. The Middle East Council on Global Affairs.