“پێشه‌کی”
ئێسته که ئه‌م دێڕانه ده‌نووسم هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکان خه‌ریکه به‌ره‌و کۆتایی ده‌ڕوات و به‌پێی ئه‌نجامه به‌راییه‌کان کورد ڕێژه‌یه‌کی باشی به‌شداریکردن و سه‌رکه‌وتنی له که‌رکووکدا هه‌بووه، ئه‌مه وه‌کوو میکانیزم و ده‌رکه‌وته‌ی سیاسی و هاوکێشه‌ی هێز ڕۆڵێکی گرینگ بۆ دۆخی کورد له ڕووی به‌ڕێوه‌بردن و پله‌ی سیاسی و ئیداره‌دانی ئۆرگانه‌کاندا له که‌رکووک ده‌گێڕێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دۆخی کورد و پرۆسه‌ی ته‌عریبکردنی کوردستان له ناو هاوکێشه‌یه‌کی تاکڕه‌هه‌ندی سیاسی و ئیداری وه‌هادا کورت بکه‌ینه‌وه بێگومان له خه‌ره‌ندی کاڵفامی و به‌رته‌سکبینیه‌وه به‌ر ده‌بینه‌وه.
پێویسته بۆ ئه‌م بابه‌ته ئاگاداری ئه‌مه بین که پرۆسه‌ی ته‌عریبکردن مێژوویه‌کی کۆن و پێشمۆدێڕنی هه‌یه و ته‌نها په‌یوه‌ست نییه به وڵاتی ئێراقیشه‌وه و پارچه‌یه‌ک به‌ناوی باشووری کوردستانه‌وه، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت چه‌مکی (عروبه) و کرده‌ی (ته‌عریب) له هه‌ناوی جیهاد و له‌شکرکێشییه‌کانی ئیسلامی سیاسی بۆ په‌ره‌پێدانی هێز ئاماده بووه و له پاش دواهه‌مین خه‌لیفه‌ی موسوڵمانان واته حه‌زره‌تی عه‌لی و له سه‌رده‌می ده‌سه‌كاتی ئه‌مه‌وی و عه‌باسییه‌کاندا ئه‌م چه‌مکه له حاڵه‌ته پێشمۆدێڕنه‌که‌یدا به چڕی و به‌شێوه‌ی به‌رهه‌ست و میسداقی خۆی مانیفێست کرد، ده‌بێ ئه‌مه‌ش بزانین هیچ کات به‌و شێوه‌یه‌ی که به‌عسی ئێراقی یان سووری یان ته‌نانه‌ت لایه‌نه شیوعییه عه‌ره‌بییه‌کان له نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌تایبه‌تی له ئێراق و سووریا ڕوخساریان ئاشکرا و بێ ده‌مامک بوو عروبه و ته‌عریب وا نه‌بوون، ئه‌وان به‌ناو و ڕوخساری ئیسلامی ڕه‌سه‌ن و دوور له هه‌ر جۆره عه‌ره‌بگه‌رێتی و عه‌جه‌مپه‌ره‌ستی هاتن و بنه‌مای جیهانبینیی مه‌عنه‌وی-سیاسیی خۆیان به پێی ئایه‌تی قورئان له سه‌ر باشتربوونی ئینسانه‌کان به‌س له ته‌قوادا دانابوو.
ئه‌مه وای کرد که نه‌ک ته‌نها نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌کوو کورد به‌ڵکوو سه‌دان و هه‌زاران که‌س له نه‌ته‌وه‌کانی دیکه له سه‌رتاسه‌ری عاله‌می ئیسلامی و له ده‌ره‌وی نیمچه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بی بێنه خزمه‌تی ئیسلامه‌وه به‌ڵام به زمانی عه‌ره‌بی، ڕاسته ده‌مارگرژییه‌ک له هه‌ناوی ده‌قه سه‌ره‌کییه‌کانی ئیسلام دژ به نه‌ته‌وه‌کانی دیکه و زمانانی دیکه نابینینه‌وه به‌ڵام خودی ئه‌مه‌ی که زمانی عه‌ره‌بی بوو به زمانی پیرۆز و زمانی هه‌ڵبژێردراوی خودا و ئه‌و زمانه‌ی که قورئانی پێ دابه‌زیوه و جوبره‌ئیل و مه‌لایه‌که‌ته‌کان پێی دواون زه‌مینێکی له‌بار بوو بۆ ڕوان و باڵاکردنی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستییه‌کی شۆڤێنیانه له ناو عه‌ره‌بدا که له دواجاردا یه‌کێک له سه‌نتێزه‌کانی ئایدۆلۆژیا و ڕژێمی به‌عس بوو، سه‌نتێزێک که له به‌ر یه‌ککه‌وتنی نه‌ته‌وه‌په‌رستیی ده‌مامکهه‌ڵبه‌ست به ئیسلامی ئه‌مه‌وی و عه‌باسییه‌کان و نه‌ته‌وپه‌رستیی عوسمانییه بێده‌مامکه خوێنڕێژه‌کان هاته ئاراوه! واته به ده‌ربڕینێکی دیکه زمانی عه‌ره‌بی بوو به خانه‌ی بوونی عه‌ره‌بچێتی و عرووبه له ژێر ده‌مامکی ئیسلامی ڕاسته‌قینه یان ئیسلامی سیاسیه‌وه، هه‌ڵبه‌ت بێگومان ئه‌م ڕوانگه‌یه داکۆکی له‌وه ناکات ده‌قه‌کانی ئیسلام به ڕاشکاوی ئاوه‌ها جیهانبینییه‌کان لا مه‌به‌ست بووبێت و په‌ره‌یان پێ دابێت لانیکه‌م له ده‌قی قورئاندا شتی وا نییه. به‌ڵام سه‌ده‌ی بیسته‌م و سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌کان، فیجقه‌کردن و ته‌قینه‌وه‌ی عرووبه و ته‌عریبی له هه‌موو ئاسته‌کاندا ئاشکرا کرد، تا ڕاده‌یه‌ک که به‌شێکی زۆر له شیوعی و مارکسیسته‌کانی کوردستانیش هه‌موو شتێکیان پێ ڕه‌وا و دروست بوو جگه له ماف و حه‌قی کورد له هه‌ر ئاست و به هه‌ر ڕێژه‌یه‌ک، ئه‌م ده‌رکه‌وتن و فۆرمووله‌بوونه‌ی عروبه و ته‌عریب چ وشیارانه بوو بێت و چ ناوشیارانه، ئه‌نجامه‌که‌ی بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک جیاواز که‌وتووه‌ته‌وه، نه‌ته‌وه‌ی فارس توانیان له هه‌ناوی عروبه‌وه زاوزێ بکه‌ن و کیان و شوناسی مێژوویی و کو‌لتووریی خۆیان دامه‌زرێنن و بنووسنه‌وه، تورکه‌کانیش به هه‌مان شێوه، بۆ ئه‌م نه‌ته‌وانه کورد باشترین پردی سیرات و په‌ڕینه‌وه بوو تاکوو شکست و ته‌عریببوونه‌کانی خۆیانی پێدا هه‌ڵواسن، شۆڤێنیزمی فارسی و تورکی دژ به کورد تۆڵه‌یه‌ک بوو که ئه‌وان له کوردیان کرده‌وه له‌باتی ئه‌وه‌ی له عه‌رب و ته‌عریبی بکه‌نه‌وه.
واته قسه نه‌سته‌قه کوردییه‌که لێره‌دا بڕێک گونجاو ده‌بێت که ده‌ڵێت حیز به خاڵۆی خۆی فێره! ئه‌نجامی شکست و ملکه‌چییان له هه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی-ئیسلامی سیاسی له قه‌واره‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستییه‌کی دژه‌کوردانه خۆی ده‌رخست و تا ئێسته‌ش کورد له ناو ئاوه‌ها هاوکێشه‌یه‌کدا دۆخی خۆی ده‌بینێته‌وه، ئه‌م بابه‌ته بۆ خودی عه‌ره‌ب و وڵاتێکی وه‌کوو ئێراق زۆر ئاشکرا و ڕوونه، له ژینۆسایدی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و بارزانییه‌کان و هه‌موو ئه‌و کوردۆساید و قڕانکردنانه‌دا هیچ وڵاتێکی عه‌ره‌بی و ته‌نانه‌ت تورک و فارسیش مته‌قیان لێوه نه‌هات، ده‌بێ بزانین ئه‌م مته‌ق لێنه‌هاتنه له‌ناو هاوکێشه‌یه‌کی ئاڵۆزتر له هه‌رێمی سیاسی‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه و سه‌رچاوه سه‌ره‌کییه‌که‌ی له‌ناو ئه‌و ئایدۆلۆژیا ئایینی-سیاسیه‌یه که له سه‌ره‌وه باسم کرد، به بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م به‌ستێنه مێژوویی-ئایینی و سیاسییه هه‌رجۆره باسکردنێک له ته‌عریب ناته‌واو و نیوه‌چڵه. ته‌عریب له شارێکی وه‌کوو که‌رکووک مێژوویه‌کی جیاوازی بڕیوه و چڕبوونه‌وه‌ی ته‌عریبی نوێ و مۆدێڕن له سه‌رده‌می دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی پاشایه‌تی و نووری سه‌عیده‌وه تاکوو ئێسته‌ش به هۆکاری ژیۆپۆله‌تیکی و سیاسی به‌رده‌وامه به‌ڵام به‌ر له هه‌ر شتێک ئه‌وان ده‌بێت ڕوخسار و شوناسی مێژوویی و که‌لتووریی ئه‌و شاره بشێوێنن، ئایا سه‌رکه‌توو بوون یان سه‌رکه‌وتوو ده‌بن؟
“که‌رکووک؛ ماده‌ی 140 و 16ی ئۆکتۆبه‌ر و ڕووداوه‌کانی دیکه”
16 ئۆکتۆبه‌ر ڕاسته له ژێر ناوی جۆراوجۆردا پێناسه کرا و وه‌کوو کرده‌وه‌ی کاڵفامانه و…هتد باسی کراوه، به‌ڵام له‌ڕاستیدا وه‌کوو شکستێک بۆ کورد و ڕه‌وتی ناسیۆنالیزمی کوردی و وه‌کوو جێبه‌جێبوونی هه‌نگاوێکی دیکه‌ی پرۆژه‌ی ته‌عریب ده‌بێ چاوی لێبکه‌ین. که به دڵنیاییه‌وه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا و به‌پێی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی به‌شداری و به‌ده‌ستهێنانی کورسییه‌کان له لایه‌ن کورده‌وه به مه‌رجی یه‌کگرتن و له ده‌ره‌وه‌ی ململانێی حیزبایه‌تی ده‌توانێت قه‌ره‌بووی بکاته‌وه. به‌ڕای من 16ی ئۆکتۆبه‌ر کورد وه‌کوو هێزی سیاسیی به‌رپرسێتی نه‌ک لایه‌نێکی دیاریکراو و به‌م ڕوانگه‌یه‌وه ده‌کرێت ئه‌و دۆخه بڕه‌وێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش ته‌نها باس و تیۆریزه‌کردنێکی زمانی و شیکارانه‌یه له ئاستی گوتاردا، و هیشتا ئێمه زۆرمان هه‌وڵ له‌به‌رده‌مه تاکوو بتوانین ئه‌م بابه‌ته قه‌ره‌بوو بکه‌ینه‌وه. ده‌بێت سه‌ره‌تا بزانین که‌رکووک په‌یوه‌ست به گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی چ ده‌لاله‌تێکی ڕه‌مزیی هه‌یه.
که‌رکووک نه‌ک ته‌نها بۆ باشوور وه‌کوو پارچه‌یه‌کی نیوه‌ئازادکراو و نیوه‌سه‌ربه‌خۆی کوردستان گرینگی ستراتیژیکیی هه‌یه، به‌ڵکوو بۆ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان خاڵی یه‌کلاکه‌ره‌ی دۆزی کورده، ئه‌وه‌ش ته‌نها لایه‌ن و ڕووه ئابووری و نه‌وتییه‌که‌ی نییه به‌ڵکوو بابه‌ته‌که خاک و شوناسه و له‌وه‌ش گرینگتر ململانێی هێزی مه‌عنه‌وی و ڕۆحیی دوو نه‌ته‌وه یان با بڵێین چه‌ند نه‌ته‌وه و ده‌سه‌ڵات و هێزه دژی یه‌ک نه‌ته‌وه که کورده. که‌رکووک سنووری ستراتیژیک و شوناسی سه‌رزه‌مینیی کورده له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب که له ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابردوودا له لایه‌ن گوتاری ناسیۆنالیستی و شۆڤێنیی عه‌ره‌به‌وه کراوه به گرێپووچکه‌ی دۆزی کورد، یانی ئه‌گه‌ر ئێمه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانیی بکه‌ین له ناو دونیای عه‌ره‌بدا ڕه‌نگه به ژماره و ڕێژه‌یه‌کی که‌م له ناو دوو تاقمی چه‌پ و لیبراڵیان نه‌بێت، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت کۆی په‌یکه‌ره‌ی کۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی به سووریای جه‌نگزه‌ده و فه‌له‌ستینی خۆشه‌ویستی جیهانی ئیسلامیشه‌وه، دژی دۆزی کوردن و به خائینانی ناو وڵاتێکی عه‌ره‌بیی ده‌زانن، ڕۆژانه لێره و له‌وێ هه‌ڵوێستی په‌نابه‌ره عه‌ره‌به جۆراوجۆره‌کان به تایبه‌ت فه‌له‌ستیینییه‌کان ده‌بینین که له هه‌ر جۆره هه‌وڵێکی ده‌وڵه‌تی یان ناده‌وڵه‌تی بۆ لێدان له کورد پشتگیریی ده‌که‌ن و پێی خۆشحاڵن، چه‌ند ساڵ پێش ئێستا له لایه‌ن ڕێبه‌ران و فه‌رمانده‌کانی فه‌له‌ستینه‌وه هێرش کرایه سه‌ر پێشمه‌رگه و ئیراده‌ی سیاسیی کورد له کوردستان، ئه‌مه له حاڵێکدایه که کورد هه‌میشه پشتگیریی له دۆزی فه‌له‌ستین کردووه و ته‌نانه‌ت له کاتی شۆڕشی ئه‌یلوولیشدا “بارزانی نه‌مر” له نامه‌یه‌کدا پشتیوانیی خۆی بۆ دۆزه‌که‌یان ده‌ربڕیوه و ئاماده‌ی هاوکاری و پاڵپشتیشیان بووه له ڕێگه‌ی ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌وه.
ئینجا ئه‌م وێنه‌یه بۆیه وا به ڕوونی به‌ڵام به گشتی ده‌کێشم تاکوو تێبگه‌ین تێڕوانینی زۆرینه‌ی گوتاری وڵاتانی عه‌ره‌بی(عروبه) یانی ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش که هێشتا وڵات نییه و ناوی فه‌له‌ستینه و ده‌یان وڵاتی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی هه‌موو جۆره پاڵپشتییه‌کی ده‌که‌ن له ئێرانه‌وه بۆ تورکیا تاکوو ئێراق و عه‌ره‌بستان و..هتد، ئه‌ویش مافی خۆم پی ڕه‌وا نابینێت. خه‌ڵکێک که هه‌موو جیهان پاڵپشتییان ده‌کات به‌ڵام کێشه‌که‌یان چاره‌سه‌ر نابێت و دژی ئێمه‌ی کوردیشن. ئێمه‌ش که هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌که پیلانمان بۆ داده‌ڕێژن به‌ڵام پشتگیریی دۆزی فه‌له‌ستین و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیان بووین. ئه‌م وێنه و پانۆرامایه پێمان ده‌ڵێت دۆزی کورد که به توندوتۆلی له‌گه‌ڵ کێشه‌ی که‌رکووکه‌وه گرێی خواردووه له باشووری کوردستان دۆزێکی چاره‌نووسساز و سه‌ره‌کییه بۆ پارچه‌کانی دیکه‌ش، کاتی خۆی مامۆستا “ئیبراهیم ئه‌حمه‌د” له وتووێژێکدا وتبووی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له تورکیا چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورده له هه‌موو ناوچه‌که‌دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئه‌م وته‌یه ده‌شێت هه‌ندێ لایه‌نی واقیعبینیی تێدا بێت، به‌ڵام هه‌ڵگری ئه‌و وردبینییه نییه که گوتاری کورد و عه‌ره‌بی پێ به‌رجه‌سته بکاته‌وه.
گوتاری عه‌ره‌بی ئه‌گه‌رچی به ناوه‌رۆک تا ئاستێکی کوشنده و تۆقێنه‌ر خێڵه‌کییانه و فاشییه و له ڕووی ڕێژه‌ی حه‌شامه‌تیشه‌وه زۆرن، به‌ڵام تا ئاستێکی سه‌یر به‌شێوه‌یه‌کی په‌رجۆئاسا له لایه‌ن کورده‌وه ملکه‌چ کراون، چاره‌سه‌ربوونی دۆزی کورد له باشوور به‌م واتایه شکستی گوتاری فاشیستی عه‌ره‌بی و فیچقه‌کردنی ئیراده‌ی دیاریکردنی چاره‌نووس و مافی سه‌ربه‌خۆیی و ڕزگاریخوازیی کورده، هه‌ر بۆیه هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ژمۆنییه ده‌یان ملیۆنی و چه‌ندین ده‌وڵه‌تییه خۆی سه‌رکه‌وتنی دۆزی کورده له باشوور، که‌چی به‌داخه‌وه به‌هۆی یه‌کانگیرنه‌بوونی هێزه سیاسییه‌کانی کوردستان و پشتگوێکه‌وتنی خه‌ونه‌کانی کورد که‌رکووک وه‌کوو پردی په‌ڕینه‌وه بۆ سه‌ربه‌خۆیی و شوناسی جوگرافی و مێژوویه‌کی که‌ونینه درایه‌وه ده‌ست ده‌وڵه‌تی ئێراقی و هێزه میلیشیا و داره‌ده‌سته‌کانه‌وه و ڕه‌نجی چه‌ندین ساڵه‌ی کورد که به خوێنی شه‌هیدان له شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه تاکوو ئێستا هاتبوو له سه‌ر سینییه‌کی زێڕین پێشکه‌شی هێزه ئێراقییه‌کان و پلاندانه‌ره ناوچه‌ییه‌کانیان کرا و که‌سیش نه‌یزانی بۆ و له‌به‌رچی؟ ده‌بێ بپرسین ئێسته له سنووره‌کانی ماده‌ی 140 چ ده‌گوزه‌رێت؟ ئایا عه‌ره‌ب ئه‌و کو‌لتووره‌یه که ئاره‌زووی پێکه‌وه‌ژیانی هه‌یه یان سه‌دان ساڵه به داگیرکاری و لێدان و کوشت و بڕۆ کردن گۆش کراوه؟
ڕۆژانه ئێمه هه‌واڵ له‌سه‌ر لێدان له زمان و کو‌لتووری کوردی و ڕه‌تکردنه‌وه‌یان ده‌بیستین و ده‌خوێنینه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها ڕه‌مز و ئاماژه‌یه‌کی ئیدارییه بۆ پلانێکی گه‌وره‌تر که ئه‌ویش ته‌عریبی دووباره و چه‌ندباره‌ی که‌رکووکه، لێدانه له جووتیاره ماندوونه‌ناس و دڵسۆزه‌کانی کورد و ده‌رکردنیانه له سه‌ر زێدی باو وباپیرانیان و هاورده‌کردنی عه‌ره‌ب و نیشته‌جێکردنیانه. به‌پێی ئاماره‌کان و به وته‌ی په‌رله‌مانتارێکی کوردی په‌رله‌مانی ئێراق؛ نه‌جوا حه‌مید محه‌مه‌د پرۆژه‌ی به‌ته‌عریبکردنی که‌رکووک ئێسته له سه‌رده‌می به‌عس زیاتر و ترسناکتره و به پلانێکی ژێره‌وانکێ و به شێنه‌یی خه‌ریکن ته‌عریبی ده‌که‌ن که ده‌ستی ڕاکان جبووریی به‌چڕی پێوه دیاره، به‌ڵام بێگومان هه‌ر ئه‌وه نییه. له کابینه‌ی نوێی سوودانیدا هه‌ندێ جمووجووڵ هه‌یه بۆ جێبه‌جێکردنی ماده‌یه‌کی یاسای بنه‌ڕه‌تیی ئێراقی به ناوی ماده‌ی 140 که خۆیان ده‌نگیان پێ داوه و چه‌ندین ساڵه له ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌ته یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی ئێراقه‌وه سڕ ده‌کرێت، به‌ڵام جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140 له ئێستادا داوێکی گه‌وره و ناسکه چون ئێستا ژماره‌یه‌کی زۆر عه‌ره‌بی هاورده هاتوونه‌ته که‌رکووک و کوردانیان وه‌ده‌رناوه و جووتیاری کورد له زه‌وی و ماڵ و حاڵی خۆیان ده‌رده‌که‌ن مه‌گه‌ر سه‌ره‌تا ئه‌م دۆخه چاره‌سه‌ر بکرێت پاشان ئه‌و پرۆژه‌یه جێبه‌جێ بکرێت.
له ئه‌نجامدا ده‌بێت بڵێین؛ ئێمه وه‌کوو کورد به نیسبه‌ت دۆخی که‌رکووک له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان به‌رپرسین و نابێ گوێی لی بخه‌وێنین به‌ڵکوو ده‌بێ به شێوه‌گه‌لی جۆراوجۆر له ئاستی میدیایی، یاسایی، سیاسی و کو‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا که‌رکووک به‌ڕاده‌یه‌ک زه‌ق بکه‌ینه‌وه تاکوو شوناسی سه‌رزه‌مینی و مه‌زڵوومیه‌تی کورد له‌وێ و ڕۆحی شۆڤینیی جیهانی عه‌ره‌ب زیاتر زه‌ق بکه‌یه‌نه‌وه! و دونیا لێی ئاگادار بێت! ئه‌م به‌رپرسیارێتی و ئه‌رکڕاپه‌ڕاندنه به‌رخۆدانه له هه‌مبه‌ر خودی ته‌عریب و ئه‌و عروبه‌یه‌ی که سه‌دان ساڵه نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی نیمچه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بی چه‌وساندووه‌ته‌وه.