لە نێوان تێکڕای ئارگومێنتهكان لە دژی یوسەنەیژای خۆویست، ئارگومێنتی لێژیی خلیسک (slippery slope) لە هەموویان كاریگهرتره کە دەڵێت: «کە ڕێ بە دکتۆرەکان دەدەین نەخۆشەکان بکوژن، ناتوانین کوشتنەکە تەنها بەوانەی کە دەخوازن بمرن، سنووردار بکەین.» تەنانەت دوای ساڵانێکی دوورودرێژی جێبەجێکردنی کۆمەکی پزیشکی لە خۆکوژی یان یوسەنەیژای خۆویستانە لە هۆڵەندا، بەلجیکا، لۆکسۆمبۆرگ، سویسرا، ویلایەتی ئەریگۆنی ئەمەریکا، هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەم باگەشەیە نییە. بەڵام پەردەهەڵماڵین لەسەر ئەوەی لە نەخۆشخانەی نیو ئۆرلیانز (New Orleans) دوای زریانی کاترینا ڕووی دا، ئاماژە بۆ مەترسییەکی ڕاستەقینە لە سەرچاوەیەکی دیکەوە دەکات.
کاتێك نیو ئۆرلیانز لە مانگی ئابی ٢٠٠٥دا ئاو دای پۆشی، بەرزبوونەوەی ئاوەکە “Memorial Medical Center”ـی دابڕی، کە نەخۆشخانەیەکی خۆجێیی بوو و زیاتر لە ٢٠٠ نەخۆشی تێدا بوو. سێ ڕۆژ دوای دەستپێکی زریانەکە، نەخۆشخانەکە کارەبای بڕا، سیستەمی دابینکردنی ئاو لە کار کەوت و نەدەتوانرا تەوالێتەکان پاک بکرێنەوە. هەندێک لەو نەخۆشانەی ئامێری هەناسەدانیان لەسەر بوو، گیانیان لە دەست دا. لە گەرمایەکی پڕووکێنەردا، چاودێریکردنی ئەو نەخۆشانەی مابوونەوە و لە سەر جێگە چڵکنەکان ڕاکشابوون، فشارێکی زۆری لەسەر دکتۆر و پهرستارەکان دروست کردبوو. ترسی نەمانی یاسا و سیستەم لە شاردا و ئەوەی کە ڕەنگە نەخۆشخانەکە ببێتە ئامانجی باندە چەکدارەکان، نیگەرانییەکانیانی زیاتر کردبوو. هەلیکۆپتەرەکان داوای چۆڵکردنی نەخۆشخانەکەیان کرد. لەپێشتربوون (Priority) بەو کەسانەی لە دۆخێکی تەندروستیی باشتردا بوون و دەیانتوانی بڕۆن، درا. پۆلیسی ویلایەت گەیشتن و بە ستافەکەیان وت بە هۆی پشێوییە مەدەنییەکانەوە، تا کاتژمێر پینجی بەیانی، دەبێت کەس لە نەخۆشخانەکەدا نەمێنێت.
لە نهۆمی هەشتهمدا خاتوو جانی بۆرغیس (Jannie Burgess)ـی تەمەن ٧٩ ساڵ کە شێرپەنجەکەی لە قۆناغێکی تهشهنهكردوودا بوو، لە سەرەمەرگدا مۆرفینی وەردەگرت. بۆ هێنانەدەرەوەی، دەبوو بە قاڵدرمەی شەش نهۆمدا بیهێننە خوارەوە و پێویستی بە چاودێریی ئەو پەرستارانەی کە جێیەکانی دیکە پێویستیان پێیانە، دەبێت. بەڵام ئەگەر بە تەنیا جێ بهێڵرایە، لە دۆخی سڕبوون دەردەچوو و ئازاری دەچەشت. ئیوینگ کۆک (Ewing Cook)، یەکێک لەو پزیشکانەی لەوێ بوو، فەرمانی بە پەرستار کرد مۆرفینەکەی زیاد بکرێت، «هێندە کە بیمرێنێت». ئەمەش بە وتەی شێری فینک (Sheri Fink) کە چیرۆکێکی بۆ “The New York Times” نووسیبوو و دواتریش پەرتووکێکی لەبارەی ئەو ڕووداوانەوە بڵاو کردەوە، شتێک نەبوو «پێویستی بە بیرکردنەوە بێت».
بەگوێرەی فینک، ئانا پۆ (Anna Pou) کە پزیشکێکی دیکە بوو، بە دەستەی پەرستارانی وتووە چەند نەخۆشێکی دیکەی نهۆمی حەوتەم لەوە بیمارتر بوون کە بمێننەوە، بۆیە دەرزییەکی مۆرفینی تێکەڵ بە دەرمانێکی دیکە لێ داون کە هەناسەدانیانی هێواش کردووهتەوە تا مردوون. بەڵام پێ دەچێت لایهنی کەم یەکێک لەو نەخۆشانەی کە ئەم تێکەڵە بکوژەیان لێ دراوە، مەترسیی مەرگی حەتمیی لەسەر نەبووبێت، ئیمیت ئیفریت (Emmett Everett)، پیاوێکی ٦١ ساڵ کە بەر لە چەند ساڵێک لە ڕووداوێکدا تووشی ئیفلیجی بووبوو، بە مەبەستی نەشتەرگەریی گیرانی ڕیخۆڵە لە نەخۆشخانە کەوتبوو، کاتێک ئەوانی دیکەیان دەردەکرد، داوای کرد بە تەنیا جێی نەهێڵن.
بەڵام کێشی ٣٨٠ پاوەند (١٧٣ کیلۆگرام) دەبوو، هێنانەخوارەوەی بە قاڵدرمەکاندا و سەرخستنی بۆ ئەو جێیەی هەلیکۆپتەرەکانی لێ دەنیشنەوە، کارێکی ئێجگار سەخت دەبوو. پێی وترابوو دەرزییەکە سەرگێژخواردنەکەی ناهێڵێت. لە ساڵی ١٩٧٥دا کۆمەڵێ دکتۆر لە پاپا پیوسی دوانزەیهم (Pope Pius XII)یان پرسی ئاخۆ بەکارهێنانی بێهۆشکەرەکان بۆ نەهێشتنی ئازار و هۆش ڕێگەپێدراوە «ئەگەر کەسەکە پێشبینیی ئەوە بکات کە بەکارهێنانی بێهۆشکەرەکان تەمەن کورت دەکاتەوە». پاپا وتی ڕێگەپێدراوە. لەو جاڕنامەیەشدا کە لە ساڵی ١٩٨٠دا لەبارەی یوسەنەیژاوە دەری کرد، جارێکی دیکە ڤاتیکان جەختی لەسەر ئەم دیدە کردەوە.
هەڵوێستی ڤاتیکان کارکردنە بەوەی کە بە «دۆکترینی کاریگەریی دوولایەنە» ناسراوە. کردەیەک کە دوو کاریگەریی هەیە، یەکێکیان باش و ئەوەی دیکەکان خراپ، ئەوا ڕێگەپێدراوە بەو مەرجەی کاریگەرییە باشەکەمان بوێت و کاریگەرییە خراپەکە تەنها دەرەنجامێکی نەخوازراوی بەدیهێنانی کاریگەرییە باشەکە بێت. ئاشکرایە تێبینییەکانی پاپا و جاڕنامەی یوسەنەیژا جەخت لەسەر وەرگرتنی ڕەزامەندیی خۆویستانە و ڕوونی نەخۆشەکان بەر لە کورتکردنەوەی ژیانیان، هەڵبەت ئەگەر گونجا، ناکەنەوە. بەگوێرەی دۆکترینی کاریگەریی دوولایەنە، ڕەنگە دوو پزیشک لە ڕواڵەتدا کتومت هەمان شت بکەن: بۆ نموونە، ژەمێکی هاوشێوەی مۆرفین لە بارودۆخێکی هاوشێوەدا بە دوو نەخۆش دەدەن و دەشزانن ئەم ژەمە تەمەنی نەخۆشەکان کورت دەکاتەوە. وێڕای ئەمە، ئەو پزیشکەی بە نیاز بووە ئازاری نەخۆشەکان کەم بکاتەوە، بەپێی پراکتیکە پزیشکییە چاکەکان مامەڵەی کردووە، کەچی پزیشکەکەی دیکە کە مەبەستی کورتکردنەوەی تەمەنی نەخۆشەکە بووە، تاوانی کوشتنی كردووه.
دکتۆر کۆک کاتی بۆ ئەم وردبوونەوانە نەبووە. بە فینک دەڵێت تەنها «پزیشکە ساویلکەکان» نازانن کە پێدانی بڕێکی زۆری مۆرفین بە کەسێک، «ناردنی پێشوەختەیەتی بۆ نێو گۆڕ»، دواتر ڕاشکاوانە وتی: «ئێمە دەیانکوژین.» بە بۆچوونی کۆک، هێڵی نێوان شتێکی ئیتیکی و شتێکی نایاسایی «لەوە باریکترە دەرکی پێ بکەین.» پزیشکان و پەرستارانی نێو “Memorial Medical Center” لەژێر فشارێکی قورسدا بوون. ٧٢ کاتژمێر بوو هیچی وا نەخەوتبوون و لەپێناوی چاودێریکردنی نەخۆشەکانیاندا تێ دەکۆشان، بۆیە لە دۆخێکدا نەبوون بتوانن بڕیارە ئیتیکییە سەختەکان بدەن. دۆکترینی کاریگەریی دوولایەنە، کە بە چاکی تێی دەگەین، ڕەوایەتی بەو کردانەی پزیشکەکان کردوویانن، نادات؛ بەڵام، لە ڕێگەی ڕاهێنانی پزیشکانەوە بە پراکتیکی کورتکردنەوەی تەمەنی نەخۆشەکان، بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندییان، پێ دەچێت ڕێگەی بۆ کوشتنی بەئەنقەست خۆش کردبێت. بیرمەندە کاسۆلیکە ڕۆمانەکان لە دیارترینی ئەو کەسانە بوون کە دژی بەیاساییکردنی یوسەنەیژا و مەرگ بە کۆمەکی پزیشک، ڕاشکاوانە پەنایان بۆ ئارگومێنتی “لێژیی خلیسک” بردووە. ئهوان کارێکی باشیان دەکرد ئەگەر لە دەرەنجامەکانی دۆکترینەکانیان کۆڵیبایەوە.
سەرچاوە:
https://www.project-syndicate.org/
نووسینی: پیتەر سینگەر
وەرگێڕانی: دڵشاد حامید دەروێش