[بۆ کەسێ، سەری لە “بێجگە”دەرنەچێ]
ووشەی [بێجگە] لە ڕۆژزمان (زمانی ڕۆژانە Alltagssprache/ Umgangssprache)ی کوردی، دوو واتا دەبەخشێت. [بێجگە] لە باری واتایی [Semantik]ەکەوە وشەی هەڵاوێر[ئیستیسنائـ]کردنە، کە لە فەرهەنگە کوردییەکان بە واتای: [جگە، بێ، بەدەر، ژبل] هاتووە، بەڵام لە باری بەکاربردن و زمانی ئاخاوتن، لە دوو میانە [سیاقKontext]ی جیاواز، دوو واتای جوایەز دەسازێنێت.
– میانەی یەکەم
بێجگە: بە واتای [بەدەر و جگە] ساکارانە لەنێو خەڵک بەکاردێت، واتاکەشی [عدا، ماعدا، غیر، Außer،Außerdem]یە.
[بێجگە] لەم میانەدا بۆ مرۆڤ و بۆ کەلوپەل و بێگیانیش بەکاردێت.
ئا- بۆ مرۆڤ:
[بێجگە لە من، ماڵێ هەموو چوونە سەیران]
واتە: بەدەر لە من، جگە لە من، بەبێ من، غەیری من، ماڵەوە هەموو چوونە سەیران.
بێ-بۆ شت
[قەت لە دنیادا نەبوو بێجگە لە ناخۆشی بەشم
مات و داماو و پەشێو و بێکەس و چارەڕەشم]
مامۆستا هێمن
واتە جگە، بەدەر لە ناخۆشی، قەت شتەکانی تر نەبوون بە بەشم.
– میانەی دووەم
[بێجگە] لەم میانەیەش، هەم بۆ مرۆڤ هەم بۆ کەلوپەل و بێگیان بەکاردێت. لێرە وشەی بێجگە بە واتای: سەرەڕا، سەربار، هەروەتر Noch دێت.
ئا ـ بۆ شت
[بێجگە لە نان و ماست، شەکر و چاش بکڕە]. واتە سەرەڕای نان و ماست، شەکر و چایەش بکڕە. لێرە [بێجگە] بۆ [کەلوپەل] بەکاردێت.
[بێجگەش لەوەش، دەیگۆت ئەتوو لە منت خیت کردییە] واتە سەرباری ئەو قسە خراپانەشی، ئەمنی بە دزین تۆمەتبار کرد. لێرە [بێجگە] بۆ [بابەت] بەکاردێت.
بێ ـ بۆ مرۆڤ
[بێجگە لەوەی پێی پەتی بوو، لاقیشی بریندار بووبوو]. واتە سەرباری برینی قاچی، پێپەتییش بوو.
[بێجگە لە ئارام، ئازا و هێوریش هاتن]. واتە سەرەڕای ئارام، هەروەتر ئازا و هێوریش هاتوون.
لەم میانەیەی کۆتا، کاتێ بێجگە بە واتای سەرەڕا بۆ مرۆڤ دێتە بەکارهێنان، دەبێت ئامرازی [ش/یش] بخرێتە سەر ناو یان ڕاناوەکان، دەنا واتاکەی بەرەواژ دەبێتەوە. گەر بڵێین: بێجگە لە ئارام، ئازا و هێور هاتن. واتە ئارام دەگەڵ نییە، غەیری وی ئازا و هێور هاتوون.
جا بۆ هەر کەسێ، کە زمانی کوردی دەتارێنێ، گەمەی زمانەوانیی پیت و هێماکان تەنیا لە عارەبی یان ئەڵمانی دەبینێ، با ئەو هەڵاڵەیە بۆن بکا و لەو گەمە شیرینەی زمانی ڕۆژانەی کورد بڕوانێ:
[بێجگە لە من، قوتابییەکان هەموو دەرچوون]
[بێجگە لە من، قوتابییەکانیش هەموو دەرچوون]
گوزارەی یەکەم واتە: بەدەر لە من، غەیری من، ئەمنی لێ دەربچێ، جگە لە من قوتابییەکان هەموو دەرچوون، ناجیح بوون.
گوزارەی دووەم واتە: سەرەڕای من، ئەمنیش هەروەتر، بێجگە لە منیش قوتابییەکانی تریش خڕ دەرچوون، هەموو ناجیح بووین… جوانتریش ئەوەیە، کە ئاخێوەر لە ڕۆژزمان لە ڕێی وەستە [وەقف]ی گۆکردن و گۆڕینی نەوا [تۆن]ی دەنگی، باری ڕێزمانی و واتای میانەیی وشەکە لە گوزارەی وەها دیاری دەکات.