بەرەو بونیاد نانی زمانێکی کوردی یەکگرتوو لە نووسیندا:- زمانی کوردیمان بەشێکی گرنگی ناسنامەی نەتەوەیی ئێمەیە کە زمانی دایکمانە و شانازیشی پێوە دەکەین. سەرەڕای ئەو هەموو کاولکەریانەی بەسەر کورددا هێنراوە لەلایەن دوژمنان و داگیرکەران لەهەموو قۆناغە جیاجیاکانی مێژوودا و زۆرترین جاریش هەوڵی سڕینەوەو شێواندن و قەدەغەکردنی زمانەکەی دراوە هەرجارەو بەشێوازێک کەچی تا ئێستاش وەک ناسنامەی نەتەوەیەک هەر بەزیندوویەتی ماوەتەوە، بەحوکمی ئەوەی لە کۆمەڵێک قۆناغی مێژوویدا و تا ڕاپەڕینەکەی ئاداری ساڵی ١٩٩١ کورد بن دەست بووە کە ئەمە کاریگەری نەرێنیشی کردۆتە سەر زمانەکەشی و بەدەستی ئەنقەست داگیرکەران ئەمەیان کردووە و کوردیش، چونکە لەوقۆناغانەدا هەر خەریکی شەڕی ڕزگاریخوازی و بەرخۆدان بووەو نەپەرژاوەتە سەر ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکە نیشتمانییە، بەداخەوە دوای ڕاپەڕینیش شەڕی ناوخۆ سەری هەڵدا و ناکۆکیەکانی کورد لەگەڵ کورد ئەمەش کاریگەری نەرێنی دروستکردووە لەسەر بابەتی گرنگی دان بە پرسە نەتەوەییەکان، یەکێکیش لەو پرسانە پرسی (زمان)ە.
زمانی کوردیش زمانێکی زۆر دەوڵەمەندی فرە زاراوەیە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش نەتوانراوە زمانێکی کوردی یەکگرتوومان هەبێت کە پێک هاتبێت و سوودی وەرگرتبێت لەهەموو زاراوە کوردیەکان و کوردی دانیشتووانی هەموو شارو پارچەکانیش تێی بگەن و بیزانن، ئەو زەراەیەی ئێستا ئێمە پێی دەنووسین کە سودی لەیەک تاکە زاراوە وەرگرتووە بەداخەوە هەندێ جار ووشەی بێگانەی تێدا بەکار دەهێنرێت و تۆزێک بە کوردی کراوە کەچی گەر لەزاراوەکانی تری کوردی بۆی بگەڕێیت لەوانەیە ووشەیەکی زۆر کوردی پەتی بوونی هەبێت و هیچ پێویست بەوە نەکات تا پەنا ببرێتە بەر کورداندنی یان بەکوردی کردنی ووشەی زمانەکانی بێگانە.
یەکخستنی زمانی نووسینیش نەتەوەکەمان زیاتر یەک دەخات ولەیەکتر نزیکی دەکاتەوە لەبری ئەوەی ئەوانەی بەزاراوەیەکی دیاری کراو قسە دەکەن نەتوانن لە وانە تێ بگەن کە بە زاراوەکانی تر قسە دەکەن و دەنووسن، بۆ نموونە لەناو نەتەوەی عەرەب بەچەندین زاراوە قسە دەکرێت، بەڵام بۆ زمانی نووسین هەر هەموویان بە یەک زمان دەنووسن و ئەمەش لەیەکتری نزیک کردوونەتەوەو وای لێ کردوون لەڕووی نەتەوەیی و زانستی و ڕۆشنبیری لەیەکتر دانەبڕێن هەرچەندە ئەوانیش بەرژەوەندی کەسی ئەوانیشی پارچە پارجە کردووە تا ڕاددەیەک.
کەواتە زمانێکی یەکگرتوو پێویستە بۆ پتەو کردنی پرسی نەتەوەیی و پارچە پارچە بوون و دوور کەوتنەوە و دوورەپەرێزی نێوان لایەنەکانی هەر نەتەوەیەک ناهێڵێت یان بەشێوەیەک کەمی دەکاتەوە کە ناهێڵێت ببێتە هۆکاری لاوازی و دوورکەوتنەوە لەیەکتری، ڕۆشنبیرانی کوردیش لە ڕابردوودا هەڵگری ئەو خەمە بوونە و داوای یەکخستنیان داوە، بۆ نموونە شاعیری گەورەی نەتەوەییمان (حاجی قادری کۆیی) ساڵی (١٨١٥ -١٨٩٧) ساڵانی لەدایک بوون و کۆچی دواییەتی لە شیعرێکیدا دەڵێت:- ببینە یەک لە تەعلیم و لە نووسین جل و بەرگ و زوبان و ڕەسم و ئایین.