گەندەڵی ئابووری لە ئێراق یەکێک لە ئاڵنگارییە گرنگەکانە کە کاریگەریی نێگەتیڤی لە سەر پەرەسەندن و پێشکەوتنی ئابووری هەیە. ئێراق لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کێشەی گەورەبۆتەوە لە بواری گەندەڵیی دارایی. هەندێک لەو هۆکارانەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەم بوارەدا هەیە بریتیە لە:
١- سیستەمی حوکمڕانیی لاواز: سیستەمی حوکمڕانی لە ئێراق سیستەمێکی لەرزۆکە. پابەندنەبوون بە یاسا و پەیماننامە و ڕێککەوتنەکان، کەموکوڕی لە چاودێری و کۆنترۆڵ، و نەبوونی شەفافیت لە بەڕێوەبردنی کارەکان بۆتە هۆی ئەوەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەندەڵیی دارایی بێتە ئاراوە.
٢- کاریگەریی گەندەڵی: گەندەڵی لە پەیکەری ئابووری و بەڕێوەبردنی گشتی بە شێوەیەکی فراوان و لە ئاستە جیاوازەکان، بۆتە هۆی سەرهەڵدانی بەرتیل، ساختەکاری، سپیکردنەوەی پارە و ڕەفتارە نایاساییەکانیتر کە دژی بەرژەوەندییە گشتیەکانە.
٣- کاریگەریی مافیا و گروپە چەکدارەکان: لە زۆربەی ناوچەکانی ئێراق گرووپی چەکداریی نایاسایی و مافیا دەستیان بە سەر کایە ژییارییەکانی کۆمەڵگای ئێراقییدا گرتووەو، لە بنەڕەتدا ئەوان شوێنگرەوەی دەسەڵاتی دامودەزگاکانی حکومەتن. سەرچاوە ئابوورییەکانی وڵات بە تاڵان دەبەن و بە شێوەی نایاسایی کۆنترۆڵی بازاڕیان کردووە.
٤- گەندەڵی لە کەرتی نەوتدا: نەوت سەرەکیترین سەرچاوەی داهاتی ئێراقە و سەرچاەریەکی ئابووریی زەبەلاحە کە ٩٣٪ ی بودجەی ئێراق لە فرۆشتنی نەوت دابین دەکرێت، بەڵام گەندەڵی لە پیشەسازیی نەوتدا بە شێوەیەکی ڕێکخراو و لە سەر ئاستێکی فراواندا لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس و تا ئێستاش کێشەیەکی گەورەی بەردەم پەرەسەندنی ئابووری بووە. لە سەر ئاستی حکومەتیشدا کۆمەڵێک گرێبەستی نائاسایی، بەرتیل دان و وەرگرتن لە پرۆسەی بڕیاردان لەم کەرتەدا و نەبوونی شەفافیەت لە گرێبەستەکان و شێوازی دیاریکردنی سەرچاوەکان کێشەی گەورەی چارەسەر نەکراون.
٥- کێشەی سیستەمی دارایی: کەموکوڕی لە سیستەمی بانکی چاودێریی لاواز لە کەرتی دارایی و نەبوونی شەفافیەت لە سیستەمی دارایی، دەرفەتی زیاتری بۆ گەندەڵی لەم وڵاتەدا خوڵقاندووە.
بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەیی وڵاتی ئێراق لە ڕیزبەندی یەکەمەکانی گەندەڵیە لە جیهاندا. ٢٨ ملیارد دۆلار قەرزی دەرەکی و ٤٢ ملیارد دۆلار قەرزی ناوخۆیی لە سەر شانی حکومەتی ئێراقە، کە پێویستە تا ساڵی ٢٠٢٨ قەرزە دەرەکییەکان بداتەوە . ڕێژەی بێکاری لە ئێراقدا ٢١٪ ە و لە سەردەمی کابینەی سودانی ئەم ڕێژەیە ١٪ زیادیکردووە .لە هەر سێ گەنجی ئێراقی یەکێکیان بێکارە. نزیکەی هەشت ملیۆن ئێراقی لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن. پارێزگای موسەنا لە باشووری رۆژئاوای ئێراق بە ڕێژەی ٥٢٪ لە پێشەنگی هەژارترین پارێزگاکاندایە، لە دوای ئەویش پارێزگای دیوانیە و زیقار دێت بە ڕێژەی ٪٤٩.