فەیلەسووفانی ئیسلامی پاش ئەرستۆ زۆر بە وردی لە نەفس ورد بوونەتەوە، ئەمە تایبەتمەندیەکی گەورەی ئەوانە و نابێ نادیدە بگیرێ. ڕاستە ئەرستۆ پێناسەی خۆی هەیە بۆ نەفس و هەندێ شتی جوانی گوتووە بەڵام لە مێژووی ئیسلامیدا فەیلەسووفە ئیسلامییەکان شتی زۆر دانسقەیان لەسەر نەفس گوتووە، تەنانەت نامەیەکی ئیبن سینا هەیە لەسەر نەفس چوارسەد ساڵ دەستاودەست دەڕۆشت و زمان بۆ زمان وەردەگێڕا و ڕۆژهەڵاتییەکان و ڕۆژئاواییەکان زۆر بە گرنگیەوە لێیان دەڕوانی و لێی فێر دەبوون.یەکێک لەو فەیلەسووفانەی زۆر بە وردی باسی نەفسی کردووە شارەزووری فەیلەسووفە کوردە بێنازەکەی خۆمانە کە بەندە بەم نزیکانە ئەو پەرتووکەی چاپ دەکەم و لە داهاتوویەکی نزیکدا وەری دەگێڕم بۆ زمانی شیرینی کوردی. یەکێکی تر لەو فەیلەسووفانە مەلا سەدرای شیرازییە کە ڕای شیرازی زۆر نزیکە لە هی شارەزوورییەوە و تەنانەت ئەمە وای کردووە کەسێکی وەک سەید حسێن نەسر بە مەلا سەدرا بڵێ نیوئیشراقی.
مەلا سەدرا سەبارەت بە نەفس هەر وەکو فەیلەسووفانی مەششائی (فارابی و ئیبن سینا) پێی وایە نەفس گەوهەرە. ئەگەرچی مەششائییەکان پێیان وایە نەفس جیایە لە جەستە چونکە بابەتی نەفس هەر لە بنەڕەتدا بابەتێکی جیاوازە و نەفس و جەستە دوو ڕاستی جیاوازن، بەڵام مەلا سەدرا پێکەوە گرێیان دەداتەوە و ئەو دوالیزمەی مەشسائییەکان ڕەت دەکاتەوە. مەلا سەدرا پێی وایە هەقیقەتی نەفس ناناسرێ و ناسینی وی کاری مرۆڤ نییە، ئەگەرچی نەفسیەتی نەفس شیاوی ناسینە و دەکرێ بیناسین.ئەمەیشی لە شارەزووری وەرگرتووە بەڵام زۆر باسی ناکات.
سەدرا پێی وایە کەماڵ و پێگەیشتنی نەفس لە هەقیقەتی مرۆبوون و خۆبوونیدایە، ئەم چوارچێوەیەش لەبۆ نەفس بە حیسابی ناو (اسم) نییە لەبۆی، هەرچۆن دەڵێن فڵانی باوکە و فڵان نووسەرە، وایش بڵێن فڵان نەفسیەتی هەیە، ئەو دەڵێ بەم شێوە نییە و ئەمە هەڵەیە، چونکێ نەفسیەتی نەفس ئەوەی کە خاوەنی نەفسبی وەکو باوکایەتی نییە بۆ باوکێ، یان نووسەربوون بۆ نووسەرێک، کە مرۆ هەرکات بیەوێ دەتوانێ لەم شتگەلە دەرچێ و شتێ تر بکات، لێ ناتوانێ لە نەفسیەتی نەفس دەرچێ و قەواخێکی بێ نەفس بێ و هەستیشی بمێنێ، چونکێ چییەتی نووسەربوون بوونێکە و بوون بەنووسەر بونێکی دیکە، ئەمەو لە کاتێکدا نەفس و هەقیقەتی نەفس دوو بوونی جوداواز نییە، جا بۆیە مرۆبوون گەوهەرە، لێ نووسەربوون بەڵخەکییە (عرض) و ڕێژەیی (نسبی).
هەروەها نەفسیەتی نەفس هەنگاوە بەرەو کەماڵاتی تایبەتی خۆی، (نەفس خۆی کەماڵ بەخۆی دەدا) چونکە چییەتی نەفس بوونێکی دیکەی نییە تا بەرەو ئەو بوونە هەنگاو هەڵگرێ، چونکە پێی وایە نەفس و هەقیقەتی نەفس هەر یەک شتن (ئەمەیشی دیسان لە شارەزوورییەوە وەرگرتووە)، یان یەکن و یەک نین، لێ دوو بوونی جودا لە یەک نین، وەک دەگووترێ: (لا هو ولا غیرە).
لێرەوە کڵێشەی نەفسناسیی لای سەدرا لەگەڵ کڵێشەی خواناسینی عاریفان پێک دێنەوە.
سەدرا چەندین بەڵگەو ئارگیۆمێنت دەخاتە بەردەست تا سابتی بکات کە نەفسیەتی نەفس چتێ نییە بە چییەتی نەفس یان هەقیقەتی نەفسەوە لکابێت.
لەوانە:
١_ ئەگەر وابێ دەبوو هەقیقەتی نەفس گەوهەرێکی وابێ کەخۆی خۆی درووستبکردایە وەکو گەوهەرە ئاوەزەکییە ترازەکان (المفارقات)، پاشان فەرمانێکی بۆ ڕەخسابێ کە بە جەستەوە بلکێ و جیهانی قودسی ببڕێ و ئەوێ جێبێڵێ و بە جیهانی توخمەکانەوە بلکێت، ئەمەیش مەحاڵە، چونکێ شتێ کە خودەکی بێت لەناو ناچێ و ناڕوات، هەروەها گەوهەری تراز(مفارق) ڕێگا نادرێ شتێ بکات کە لە خۆیدا بوونی نەبێ، چونکە لێرە جێگای ڕووداوەکان بریتییە لە جیهانی ماتریاڵ و جیسمانی، هاوڕێ لەگەڵ ئەو شتگەلەی کە لێیانەوە نزیکە.
٢_ نەفس بۆ جەستە کەماڵە، واتە کەماڵی جەستە نەفسە، بوونی نەفس بۆ جەستە هێژایەتییە، دەنا جەستە بێ نەفس بەهای نییە، لە ئەنجامی هاتنی نەفس و جەستەی ماتریاڵ شێوازێک لە کەماڵی جیسمانی چێ دەبێت، مەلا دەڵێ: چۆن دەبێ و دەگونجێ لە شتێکی دابڕاو لە ماددە (مجرد عن المادە) جۆرێکی دیکە لە سرووشتی ماددی بێتە بوون!