فیلمەکان وەک هەر بەرهەمێکی هونەری تر- یان هونەری گریمانەیی- ناگۆڕدرێن. دیڤیدی “بڕینی دەرهێنەر” بە لایەکدا (و پێموایە مشتومڕی ڕەوا دەربارەیان هەیە)، زۆربەی فیلمەکان قەدەریان وایە ژیانی خۆیان بەو شێوەیە بژین کە بۆ یەکەمجار بڵاوکراونەتەوە، بەڵام ئەو کەسانەی سەیری فیلم دەکەن بەڕاستی دەگۆڕێن. ئەوان گەورە دەبن- یان لانیکەم پیر دەبن- و تێڕوانینەکانیان بۆ فیلمێکی دیاریکراو دەگۆڕێت. ئەو فیلمانەی کە لە گەنجیدا خۆشمان دەویست هەندێکجار خۆشەویستی کەمترمان بۆی هەیە کاتێک دوای ساڵانێک سەریریان دەکەینەوە، هەروەها پێچەوانەکەشی ڕاستە؛ هەندێک جار پێویستمان بە ئەزموونی زیاترە بۆ ئەوەی بە تەواوی وردبینی ئەو فیلمانە بزانین کە بۆ یەکەمجار لە ڕابردووی دووردا بینیومانە.
ئەوەی بۆ ئێمە ڕاستە وەک بینەرانی فیلم، بۆ جیهانیش بە گشتی ڕاستە. هەندێک جار ڕاستی دەگۆڕێت، بە تایبەت بۆ فیلمە خەیاڵییەکان، کە دەبێت چاوەڕێی هاتنی کاتی خۆیان بکەن. لەبەر ئەوەی ڕەخنەگرانی فیلم ناچارن لە کاتی و بڵاوکردنەوەی یەکەم پەخشی فیلمێکدا تۆمارەکە بە پەلە پڕوسکێ سەیر بکەن، گیرۆدەی سەرنجە سەرەتاییەکانیان دەبن لە سەرفیلمەکان، هەرچەندە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، ڕەنگە بۆچوونێکی ڕیشەیی جیاوازیان لەسەر فیلمێک هەبێت. بۆیە ئازایەتی “ڕۆجەر ئیبەرت”ە ئەم کۆمەڵە نووسینەی بەبێ دەستکاریکردن بڵاو بکاتەوە، هەر بیرۆکەیەکی پێداچوونەوەی هەبێت، سەبارەت بەو فیلمانەی کە باسیان دەکات کە لە دەقە ڕەسەنەکانیان جیان دەکاتەوە. هەروەها ئازایە کە ئەم کۆمەڵە پێداچوونەوە و چاوپێکەوتن و ڕەنگدانەوەیە لە یەک دەرهێنەردا قەتیس بکات، ئەوە پشتگیرییە ناڕاستەوخۆیە لە بنەڕەتدا مشتومڕاوییە بۆ شێواز و هەستیاری ئەو دەرهێنەرە- خواراکێکە بۆ ڕەخنەگران بۆ ئەوەی بیکەنە جەژنی خۆیان. بەو پێیەی کارەکانم بابەتی ئەم کتێبەیە من زۆر دڵخۆشم بەو سەرنجە وردەی “ڕۆجەر” بۆی تەرخان دەکات، هەرچەندە بە هەموو بێگەردییەکەوە دەبێت بپرسم ئایا شایەنی مامەڵەیەکی وەها بەرفراوانە. بەڵام ڕۆجەر ڕەخنەگرێکی پلە یەکە- هۆشیار، زانا، ڕاشکاوە، زۆر قووڵ و جدییە سەبارەت بە فیلمەکان. هەمیشە شایەنی خوێندنەوەیە، بەبێ گرنگیدان بە بابەتەکەی. ئێمە لە ساڵی ١٩٦٧وە یەکتر دەناسین، کاتێک یەکەم فلیمم وەرگرت،Who’s That Knocking at My Door – کە ئەو کات ناونیشانی فیلماکەم I Call First بوو- بۆ یەکەمجار لە فێستیڤاڵی فیلمی شیکاگۆ پەخشکرا و پێداچوونەوەیەکی زۆر ئەرێنی لەسەر نووسی، فیلمێکی بچووک و سادە بوو، کە بە بوجەیەکی کەم وێنەگیرا بوو، لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە کە لەو کاتەدا لە نیمچە پیشەگەر زیاتر نەبوون.
بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاونەکرایەوە و پێداچوونەوەی بۆ نەکرا، بەڵام “ڕۆجەر” شتێکی تێدا بینی کە زۆربەی خەڵک نەیانبینی، ئەو پەیوەندییەکی خودی لەگەڵ فیلمەکەدا دروستکرد، لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندیە کەنیسە کاسۆلیکییەی کە تێیدا پەروەردە بووین. کڵێساکەی ئەو ئێرلەندی بوو، هی من، ئیتاڵی. بەڵام هەردووکمان، لە قۆناغێکی ژیانی گەنجماندا، ئاواتەخوازی پیشەیەکی قەشەیی بووین و هەردووکمان لەو هەوڵەدا شکستمان هێنا. هەروەها ئێمە نیشانەکراو بوین، وەک چۆن هارڤی کیتل لەو فیلمەدا نیشانەکراووە، بە جۆرێکی تری ئەشکەنجەدان، کە مەیلی سێکسییە- مەیلێکی ناسراوی هەندێک لە پیاوان، بە تایبەت ئەوانەی لە کڵێسادا پەروەردە بوون، بۆ بینینی ژنان یان وەک مادۆنا یان وەک قحبە، بابەتێک کە ڕۆجەر زیاتر لە جارێک لەم لاپەڕانەدا لەسەری دەنووسێت. بێگومان هێمای ئەوەیە کە بۆ گەنجانی کاسۆلیکی نەوەی ئێمە پرسێکی زۆر گەورەتر بوو: ئایدیالیزمی ڕۆحی، کڵێسا بەرامبەر بە واقیعەکان- یان دەبێ بڵێم تاقیکردنەوە؟ – لە پەروەردە بوون لە ژینگەی شارە گەورەکانی Mean Streetsدا (دەستەواژەیەکی وەرگیراوە).
من ناڵێم ئەو پرسە تاکە بنەما بووە بۆ ئەو پەیوەندییەی کە لە نێوان من و ڕۆجەردا بەدرێژایی ساڵان پەرەی سەند. بەڵام لە خاڵێکدا پەیوەندیەکی هەستی لە نێوانماندا هەبوو، تێگەیشتنێکی هاوبەش، پشت جوانیناسی(sub-aesthetic)، کە وای لێکرد ئەو شتانە ببینێت و قەدریان بزانێت لە فیلمەکانمدا کە ڕەنگە بۆ ڕەخنەگرانی دیکە ئەوەندە دیار نەبوون، بەڵام پێموایە لە بواری جوانیناسیدا بوو کە ڕەنگە زیاتر پەیوەندیمان بەیەکەوە هەبووبێت. پێموایە هەردووکمان منداڵ بووین کە دەمانویست لە جیهانە ژاوەژاو و مشتومڕییەکانی خێزان و هاوڕێکانمان ڕزگارمان بێت، دەمانویست خۆمان لە خەیاڵەکاندا لەدەست بدەین، ئەگەر هەمیشە دڵخۆشکەریش نەبێت، زیاتر کات بەسەربردن بوو- لانیکەم بۆ ماوەی یەک دوو کاتژمێر (هەندێک جار زۆر زیاتر بوو) لە هەموو هەفتەیەکدا.
زۆربەی منداڵان فیلمەکان بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنن- یان لانیکەم نیو سەدە و زیاتریش لەمەوبەر بەکاریان هێناوە، بەڵام تەنها ژمارەیەکی کەمیان ئەو خولیایە پەرەپێدەدەن کە ئێمە تێیدا هاوبەش بووین، ئێمە فیلمەکان وەک خۆمان دەناسین. دەتوانین بە کاتژمێر گفتوگۆیان لە بارەوە بکەین، زۆرجار بە وردی گرتە بە گرتەی، ئێمە بەردەوام دووبارە و سێبارە سەیریان دەکەینەوە، ئێمە لە کارەکانماندا بەردەوام ئاماژەیان پێدەدەین بە شێوەیەکی سروشتی لە گفتوگۆکانیشماندا. ئەوان سەدان مێتافۆڕی ناوەندی بۆ ژیانی ئێمە دابین دەکەن، ئەمە تەنها مەسەلەی ئەوە نییە کە بتوانن وتە بەناوبانگەکان بهێنینەوە، مەسەلەکە ئەوەیە کە بتوانیت لە نزیکەوە شیکاری ڕێکخستنی کامێرایەک یان ئیدتێک بکەیت- هەندێکجار گەڕان بە ناو فیلمەکاندا ڕەنگە بە شێوەیەک بێمانا بێت، بۆ مانا قووڵەکانیان، من و ڕۆجەر هاوڕێی گیانی بە گیانی نین، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە هاڕێیەکی دێرینی یەکترین، هەندیک کەس پێیان وایە کە ئەمە پەیوەندییە ڕهنگە نائاسایی بێت. زۆرجار سینەماکاران و ڕەخنەگرانی سینەما ئەو جۆرە پەیوەندیانەیان هەیە. ئەوانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆیی نین؛ ئەوان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشن، لەو جۆرەی کە من باسم کردووە. بە خەیاڵمدا نایەت ڕەخنەگرێک یان دەرهێنەرێک بەم شێوەیە پەیوەندییان هەبێت، ئەگەر ڕقیان لە کارەکانی یەکتر بێت، یان ئەگەر ناکۆکی بنەڕەتی لەسەر سرووشتی فیلمەکان یان سەبارەت بە سەرەتاییترین هەستەکانیان سەبارەت بە فیلم هەبووبێت.
ئەوەی ووتمان؛ دەبێ ئەوەش بڵێم کە ئەو بەشانەی کە زۆرترین چێژم لێ وەرگرتووە لەم کۆمەڵە نووسینە ئەو بەشانەن کە ڕۆجەر گومانەکانی خۆی لە هەندێک لە فیلمەکانمدا تۆمار دەکات. بۆ نموونە بیر لە نووسینەکانی دەکەمەوە سەبارەت بە فلیمی The King of Comedy. یان گومانە دەستەواژە ئەدەبییەکانی لە بارەی فیلمی Kundun. یان هەستی ئەو لە بارەی هەوڵەکانم بۆ بەرهەم هێنانی زیاتری فیلمی سادەی وەک The Color of Money یان Cape Fear کە باشترین کارەکانی من نین. ئەوەش هەمان شتە لەگەڵ تۆزێک لە گوڕو تینی ئەو. من هێشتا لە ئاستی فیلمی Who’s That Knocking at My Door دام. وە ئەو گوڕو تینەی لە بارەی فیلمی After Hours و ڕەنگە Bringing Out the Dead شتێک بوو کەمێک سەرم لێ شێوا (وتارە ڕەخنەییەکانی لەسەر ئەو فیلمانە کەمتر بوو) بەڵام ئەوە گرنگ نییە. پێموایە تەنها شتێک کە سینەماکار دەوێرێت داوای لە ڕەخنەگرێک بکات ئەوەیە کە کارەکە بە جددی وەربگرێت، بە جددی تێڕوانینی بۆ بکات، لەسەری بنووسێت – بە ژیرانە وەڵامەکانی بداتەوە، گرنگ نییە ئەگەر ڕەخنەگرێک فیلمێکی “بەدڵی” بێت یان “بەدڵی” نەبێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بە تەواوی لەگەڵیدا خەریک بێت، ئەو قەناعەت و سۆزەی کە دەرهێنەر وەڵامەکانی دەهێنێتە ناو دروستکردنی فیلمەکەیەوە. بۆچوونەکان لەناو دەچن بەڵام کارەکە دەمێنێتەوە. بە شێوەیەکی ئایدیاڵ، جۆرەکانی سەرنجی یەکەم و دووەم لەم بەرگەیەدا تەنیا دەست بە دیالۆگێک دەکەن کە بۆ ساڵانێک – دەیەیەک – بەردەوام دەبێت.
لە کۆتاییدا مێژوو تاکە ڕەخنەگرێکە ئەژمار دەکرێت و گرنگە ئەو گفتوگۆیەی کە حوکمەکانی لێیەوە سەرهەڵدەدەن، بەو جۆرە نووسینە وریایە سۆزدارییە، لە ڕووی مێژووی و فیکرییەوە ئاگادار و ڕاستگۆیانە دەست پێ بکات کە “ڕۆجەر ئیبێرت” لێرەدا کۆی کردۆتەوە. بەردەوامم لە هەستکردن بەوەی لە هەندێک ڕووەوە شایەنی سەرنجی ئەو نیم، بەڵام شەرەفمەندم کە زۆرجار لەسەری نوسیوم. هیوادارم دیالۆگی لەمێژینەی ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ بەردەوام بێت.
سەرچاوە: Roger Ebert – Scorsese by Ebert (2009) page 218 to 223
وەرگێڕانی له ئینگلیزییهوه: هۆگر جەزا