ئەمڕۆ، هونەرمەند (دڵشاد حسێن) لە واڵى خۆی بابەتێکی بە ناونیشانی: پڕ فرۆشترین کتێبی من! بڵاوکردۆتەوە، باس لەوە دەکات، کتێبەکەی کە لە سێ دەقی شانۆیی پێکهاتووە، لە ڕێگای کۆمپانیاوە دابەشیکردووە، لە ماوەی سێ ساڵدا تەنها ٢٣ دانە لە کتێبەکەی فرۆشراوە، کە تەنانەت پارەی نیوەی بڵاوکردنەوەکەش نەبووە! سەرەتا، ئەوەی کاک دڵشاد باسی دەکات بوێری دەوێت، دەستی خستۆتە سەر برینەکە، کەم کەس هەیە بەو ڕاستگۆیی و بەو ڕاشکاوییە قسەبکات، چونکە لەلای ئێمە واباوە و جێگای شانازییە کە بڵێین کتێبەکەمان زۆرترین تیراژی لێچاپکراوە و لە کەمترین ماوەشدا فرۆشراوە و نووسخەی لە بازاڕدا نەماوە. ئەگەر نەشفرۆشرابێت ئەم بابەتە وەک نهێنییەک دەهێڵنەوە و باسی ناکەین، نەوەک لە شان و شکۆی ئەدەبیمان بهێنێتە خوارەوە!
من وەک خاوەن پیشەیەک کە ئەم حاڵەتە دەبینم شەرمەزار دەبم، نووسەرێک سەرەڕایی ماندووبونی، فشارێکی مادی دەخاتە سەر خۆی و لە دەمی ماڵ و منداڵی خۆی دەگرێتەوە تا کتێبێک چاپ بکات، ئەوەش باردۆخی فرۆشتنەکەیەتی! کاتی ئەوە هاتووە بپرسین ئەو هۆکارانە چین وایان کرد کە کتێب فرۆشی نەبێت ؟ بێگومان کە دەڵێن کتێب، مەبەستمان ئەو زانست و باکگراوندە مەعریفییە کە لە دوو توێیی لاپەڕەکانی کتێبدایە و بێ بەها کراوە! دەبێت ئەو ڕاستییە بڵێین: کە لە ماوەی ٣٢ ساڵی ڕابردوودا، لەسەر ئاستی خێزان و کۆمەڵگە، وە لەسەر ئاستی لایەنە پەیوەندیدارەکان: پەروەردە، خوێندنی باڵا، ڕۆشنبیری، کاروباری کۆمەڵایەتی، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و ناوەندە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان، نەمان توانی خوێندنەوە لای تاکی کورد بکەین بە کلتوور، نەمان توانی نەوەیەک پەروەردەبکەین، کە گرنگی زانست و کتێب و خوێندنەوە بزانێت، هەموومان بە کۆی سیستمەکە، هەر یەکەمان بەقەدەر پێگەی خۆی بەرپرسین لەم بارودۆخە.
ڕەنگە بڵێن: زۆر و بۆری کتێب و چاپکراوەکان، وایکردووە کە کتێبە باشەکانیش ون ببن و نەخوێنرێنەوە، ئەو قسەیەش تاڕادەیەک ڕاستە، بەڵام خوێنەری جدی کە ساڵانێک دەست و پەنجەی لەگەڵ کتێب و خوێندنەوەدا نەرمکردبێت، دەتوانێت هەڵسەنگاندنی هەبێت بۆ کتێبەکان، ئەوانە دەستەبژێربکات بۆ خوێندنەوە کە بەسوودن، ئەوانەش فەرامۆشبکات کە بەکەڵکی نایەت. هەندێکجار ڕەخنە لە چاپخانەکان دەگیرێت و دەڵێن: هەموو کتێبێک چاپ دەکەن، لێرەدا بەدەرفەتی دەزانم وەڵامی ئەو ڕەخنەیە بدەمەوە، هەرچەندە ئێمە چاپخانەیەکی کەرتی تایبەتین، وەک پابەندبوون بە ئەخلاقی پیشەوە، لە ڕووی ناوەڕۆکەوە تا ڕەدەیەک فلتەرمان هەیە و هەموو کتێبێک چاپ ناکەین، بەدەیان کتێب هەیە ڕەتمان کردۆتەوە چاپی بکەین، کتێبێک ئەگەر بزانین هانی توندوتیژی(بەهەموو جۆرەکانییەوە) دەدات، دژی پرەنسیپ و بەها کۆمەڵایەتییەکانە، چاپی ناکەین، لە ڕووی فۆرمیشەوە ستافی هەڵەچنمان هەیە، کە لە کەسانی شارەزا و دەرچووی بەشی کوردی پێکهاتوون، ئەگەر نوووسەرەکان ڕەزامەندبن لە ڕووی ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕستەسازییەوە، بەشێوەیەکی زانستی پێداچوونەوە بۆ کتێبەکە دەکەین.
پاشان دەپرسین: ئەگەر چاپخانەکانی کوردستان ئەو کتێبانە چاپ نەکەن ئیتر ئەو کتێبانە پەکیان دەکەوێت لە چاپکردن؟ نەخێر ئێستا دەستگێڕ و دەڵاڵ پەیدابوون و بەبێ هیچ مەرج و سەیرکردنی ناوەڕۆکی کتێبەکە، بەبێ ئەوەی هیچ ئیلتیزامێکیان لەسەربێت، لە وڵاتانی دراوسێ چاپی دەکەن. کێشە لە سیستمەکەدایە، ناڵێم ڕێگا لە ئازادی ڕادەربڕین و چاپکردن بگیرێت، ئەوە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام خۆ دەتوانرێت ئەم بوارە ڕێکبخرێت. ئەمەی باسی دەکەم تەنها لایەنێکی ئەم پرسەیە، بەدەیان هۆکاری تر هەیە، کە لێرەدا دەرفەت نییە باسی هەموویان بکەین، ڕەنگە بەوە بەشێک لە گیرو گرفتەکان چارەسەرببن، کەمێک بەها بگێڕینەوە بۆ کتێب.