“هێنری کیسنجەر” ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی و پاشان وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا لە دەیەى حەفتاکاندا، لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: تورکیا و ئێران بە هیچ شێوەیەک ئامادەنەبوون، هێنانەکایەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی کورديی قبوڵ بکەن. لەبارەى ئیدارەکانى ئەمەریکاشەوە دەڵێت: ئيدارەكانى نیکسن، فۆرد، بوش، کلینتن پشتگیری سەربەخۆیی کوردەکانی ئێراقیان نەکرد.
کیسنجەر لە بیرەوەرییەکانیدا بەناونیشانى (ساڵانى نوێبوونەوە: Years of Renewal) کە لە ساڵى (1999) بڵاویکردۆتەوە، لەبارەى ئامانجەکانى شۆڕشى ئەیلولەوە دەڵێت: نیازی ڕاگەیەنراوی سەرکردەکانیان هەرچییەک بووبێ، ئامانجی بنگەییان گەیشتن بە سەربەخۆیی بوو. دەربارەى رێککەوتنامەى جەزائیریش لەنێوان شاى ئێران و سەدام حسێن، دەڵێت: بۆ لە خۆدورخستنەوەی بەرپرسیارێتییەکە، شانەکە لەسەری مندا شکێنرا”.
“تراژيدیای کورد”
هێنرى ئالفرێد کیسنجەر لە (1923) لە خێزانێکى جولەکە لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، لە (1938) کۆچیان کردووە بۆ ئەمەریکا، لە (1943) رەگەزنامەى ئەمەریکاى وەرگرتووە، دکتۆراى لە زانستە سیاسیەکان هەبووە، لە (1969 – 1973) راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیى ئەمەریکا بووە، لە (1973 – 1977) وەزیرى دەرەوە بووە. لە رۆژى (29/11/2023) لە ئەمەریکا کۆچى دوایى کرد. ناوبراو لە بیرەوەرییەکانیدا، بەشێکى تایبەتى بۆ پرسى کورد تەرخانکردوە، لە سەرەتاى باسەکەیدا دەڵێت: تراژيدیای کورد بە شێوەیەکی فراوان بەهۆی مێژوو و جوگرافیاوە قەوما، ئەوان بوونەتە قوربانی ڕووداوگەلێک، کە بۆ سەدەکانی پێشوو دەگەڕێتەوە. لەو کاتەی دەوڵەتی نەتەوە لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانییدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیدابووە، ئەوان خۆیان بە دابەشکراوی لەنێوان ئێران، ئێراق سوریا، تورکیا و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بینییەوە. بەڵێنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە کوردەکان درابوو، بەڵام کە دەسەڵاتدارە ئەوروپاییەکان دوای جەنگی یەکەمی جیهان نەخشەی سنورەکانی رۆژهەڵاتی ناوینیان داڕشت، خواستی کوردیان بۆ چارەی خۆنوسینی نەتەوەییانە پشتگوێخست”.
پاشان دێتە سەر باسى پەیوەندى ئەمەریکا لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەى کوردیان بەسەردا دابەشکراوە و دەڵێت: خواستی بەرزی نەتەوەییانەی کورد ڕووبەڕووی یەکێتی خاکی دەوڵەتە خانەخوێکان بووەتەوە، کە مەودای زنجیربەندی سەرلەبەری ئەگەری پەیوەندییان بە وڵاتە یەکگرتوەکان بەو شێوە بوو: هەندێکیان –وەک تورکیا- هاوپەیمان بوو؛ ئەوانی دیکە –وەک ئێراق-بەلای نەیارییدا دەیشکاندەوە؛ ئێرانیش لەکاتی جیاواز جیاوازدا هەردووکیان بوو؛ لەکاتێکدا سوریا خۆی بە بێلایەن وێنادەکرد. دەوڵەتەکانی دیکەش – وەک ئیسرائیل و ئوردن- لەبەر هۆکاری جیۆسیاسی و وەک شێوازێکی لاوازکردنی نەیارەکەیان- بەگشتی ئێراق، لەکاتێک بۆ کاتێکی دیکە لەو نێوەندەدا بوون”.
“هاوكارى يان دژایەتى سۆڤیەت؟”
كيسنجەر کە لە دەورانى دوو سەرۆکى ئەمەریکادا لە لوتکەى بڕیارداندا بووە، باس لەوە دەکات لە ساڵى (١٩٧٢)ەوە پشتیگیریی کوردیان کردوە، بەمەبەستى ئەوەى “ئێراقییەکان بۆ چەسپاندنی ڕژێمەکەیان زۆريان لەسەر بکەوێ، بۆ ئەوەی هێزی دانوستانی کورد زیاتر بێ و بەهۆیەوە بەغدا هانبدرێ لە ڕەفتاری سیاسییانەیدا زیاتر رێزی ئاسایشی دراوسێکانی بگرێ و ئۆتۆنۆمیش بداتە کەمینەی کورد”. ئەو، هاوکاریکردنى کورد دەبەستێتەوە بە ململانێى نێوان ئەمەریکا و سۆڤیەت لە ناوچەکەدا، لەوبارەیەوە دەڵێت: “ڕزگارکردنی کورد ئەوەی دەخواست، بەرەیەکی نوێ لە شاخە سەختەکانی نزیک سنوری یەکێتیی سۆڤیەت بکرێتەوە. کردنەوەی دەرگەی پابەندبوونێکی وا قەبەو دەرەنجامێکی پێشبینینەکراو دەبووایە شانی بدرێتەبەر، لەکاتێکدا پەیوەندییەکانی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا لاوازدەبوو، دانوستانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش چەقی بەستبوو”.
دەربارەى رۆڵى وڵاتان لە هاندانى ئەمەریکا بۆ هاوکاریکردنى کورد، دەڵێت: لە تشرینی دووەمی (١٩٧١) و دووبارەش لە ئازاری (١٩٧٢)دا شاى ئێران داوای لە نیکسن کرد کە هاوکار بێ لە پشتیوانیکردنی بارزانیدا. لە (٢٨)ی ئازاردا شای ئوردنیش وەک ناوبژیوانێک ڕاستەوخۆ بۆ بارزانی هاتەسەرخەت و داوای کۆمەکی لە نیکسن کرد. هەرچی ئیسرائیلیش بوو هەرگیز ڕاستەوخۆ داوایەکی پاڵپشتی وەهای نەکرد، بەڵام ئێمەی لە نیگەرانییەکانی خۆیان سەبارەت بە ئاراستەی سیاسەتی ئێراق و بەرژەوەندیشیان لە هەبوونی ئۆتۆنۆمی لەناوچەی کورداندا، ئاگادارکردەوە. سەبارەت بە وەڵامى ئەمەریکا، دەڵێت: ئێمە ڕوومان لەو داوا کۆمەکە راستەوخۆیانە وەرگێڕا، چونکە نەماندەویست زیاتر هاتنی چەکی سۆڤێتی و دەسترۆیشتنیان لەو ناوچەیەدا بوروژێنین. “كيسنجەر” پرۆسەى هاوکاریکردنى کورد زیاتر رووندەکاتەوە و دەڵێت: لە (1/ئاب/1972) نیکسن فەرمانی رێنماییەکانی بەرنامەی ژێربەژێری واژۆکرد. ئەمریکا بڕی (٢٥٠.٠٠٠) دۆلاری مانگانەی وەک کۆمەکێکی ڕاستەوخۆی ساڵی دارایی (١٩٧٣)دا تەرخانکرد، سەرباری دوو ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ تەقەمەنی، یان پێنج ملیۆن دۆلار ساڵانە. پشکدارییەکەی شاى ئێرانیش لەو بڕە زۆر زیاتر بوو. سەرجەم کۆمەکەکان بەیەکەوە لەگەڵ هی ئیسرائیل، بەریتانیاو ئێرانییەکان بۆ کورد گەیشتە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار مانگانە. هەروەها دەڵێت: ئەگەر هاتباو ئێمە لە (١٩٧٢)دا دەستمان بەو بەرنامە ژێربەژێرە نەکردبايە، ئەوا هەر بەخێرایی کورد تێکدەشکا”.
ناوبراو باس لە کۆبوونەوەیەکى هاوبەشى نێوان شاى ئێران و ئوردن دەکات و دەڵێت: لە (٣١/تەموز تا ٢/ئاب/١٩٧٢)، شا و مەلیک حوسێن لە کۆشکی شا لەسەر دەریای قەزوین کۆبوونەوە. ئەوان بارزانییان ئاگادارکردەوە کە خۆی لەهەر جموجۆڵێکی دراماتیکیانە بە دووربگرێ، نەبادا ببێتە ڕێخۆشکردنی هێرشێکی سەرتاسەری ئێراق، وەک ئەوەی جاڕی دەوڵەتێکی سەربەخۆیی کوردی بدا. ئەو ڕژدبوونەیان بۆ بەهێزکردنی توانستی بەرگریکارانەی کوردی بوو بۆ پاراستنی پێوانەیەکی زۆری ئۆتۆنۆمی.
“لە ئەمەریکاوە بۆ چیاکانى کوردستان”
دواى بڕیارى هاوکاریکردنى کورد، پرسى گەیاندنى ئەو هاوکارییانە دێتە گۆڕێ، “کیسنجەر” باس لەوە دەکات بەهۆى دوورى ئەمەریکاوە سودیان لە ئێران و تورکیا وەرگرتوە، لەوبارەیەوە دەڵێت: بۆ گەیشتنی کۆمەکەکانی ئەمەریکا بە دەڤەری کوردی، تەنها لە ڕێی خاکی هەندێک لە وڵاتە هاوپەیمانەکانەوە بوو- ئێران لەسەردەمی فۆرد، تورکیاش لەسەردەمی کلینتندا. بەڵام ئەو دەوڵەتانەش تەنها لە خاڵێکی دیاريکراودا هاوبابەت بوون لەگەڵ ئەمەریکادا، ئەویش کە رێگربن لەبەردەم کۆمۆنیستەکان یان ڕژێمە ملهوڕەکان کە کۆنتڕۆڵی ناوچە کوردییە دەورەدراوەکە بکەن. هیچ کامیان، نە ئێران لە حەفتاکان و نە تورکیاش لە نەوەدەکان سوکە بەرژەوەندییەکیشیان لە هەڵچوونی مەشخەڵی نەتەوەخوازییانەی کورد نەدەدەۆزیەوە، چونکە لەنێو خودی خۆشیاندا دانیشتوانی کورد هەبوون، هیچ کامێکیان ئامادەنەبوون بۆ تاکە دەوڵەتێکی کوردی دەستبەرداری کەمینەکانی خۆیان ببن. لەهەمان کاتیشدا، هەردوو دەوڵەتەکە چەقی بازنەی ستراتیژی هەمەگیری ئەمەریکا بوون”.
لەبارەى ئەم بەدەمەوە هاتنەى ئەمەریکا، “کیسنجەر” روونکردنەوەى زیاتر دەدات و دەڵێت: تورکیاو ئێران دەیانویست پشتگیری کوردەکان بکەن تا گوشاری ئێراق لەسەر هەرێمەکانی خۆیان لابدەن. بەڵام ئەوان بە هیچ شێوەیەک ئامادەنەبوون، هێنانەکایەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی کوردی لەباوەش بگرن. لەسۆنگەی هەمان ئاماژەشەوە، نە نیکسن، نە فۆرد، نە بوش، یان نە ئیدارەی کلینتن پشتگیری سەربەخۆیی کوردەکانی ئێراقیان نەکرد. هەموویان بەدوای ئەو تێکهەڵکێشیەی ئۆتۆنۆمی کورد بۆ پاراستنی یەکێتی خاکی ئێراق دەگەڕان، لەوە دەترسان، لەباریەکهەڵوەشانی ئێراق پەنجەدانان بێ بەسەر پەلاپیتکەی دەیان ساڵی پشێوی کە دراوسێکان شەڕیان لەسەر دەستکەوتەکان دەکرد. بەتایبەتیش کە ئێران لەژێر فەرمانڕەوایی خومەینیدا چووە ناو لیستی دەوڵەتە فەندەمەنتالە نەیارەکان، ئیدی یەکێتیی خاکی ئێراق وەک دژەهاوسەنگیەک بەڕووی جێ تەماعی ئێرانییەکان سەیرکرا. “كيسنجەر” ئاشکراى دەکات لە (٢٩/ئازار/١٩٧٣)، پشتگیری داوایەکی (CIA) کردووە، تاوەکو بڕی کۆمەکى ئەمەریکا بۆ شۆڕشى کوردى بۆ پتر لە پێنج ملیۆن دۆلار ساڵانە زیادبکرێ. لە بەرامبەردا “شاى ئێرانیش پابەندبوونە دارایيەکەی لە سى ملیۆن دۆلار نزیک كردەوە، جگەلە یارمەتی لۆجستیکی و تۆپی مەودا درێژ”.
لەو دەمەدا “کیسنجەر” بە نیکسنى سەرۆکى ئەمەریکا دەڵێت: ئێمە دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین کە دووربکەوینەوە لە پێدانی پابەندبوونێکی درێژخایەن، بەوەی بە بارزانی بڵێین کە ئیمە ئەو کۆمەکە زێدەییانەمان بۆ ئەم ساڵەیە و لەسەر بنەمای مانگانەشە، بەڵام هەرچۆنێک بێ دەبێ جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە ئێمە هاوبۆچوونی شاین سەبارەت بە مانەوەی ئەو ڕەوشە بەرگرییەی ئێستای کورد”. لە (6/10/1973) هێزەکانى سوریا و میسر پەلامارى سوپاى ئیسرائیل دەدەن، ئەفسەرە پەیوەندیکارەکانی ئیسرائیل، هانی کورد دەدەن تاوەكو پەلامارى ئێراق بدەن، لە (15/10)دا پەیامێکی بەپەلەی بارزانی دەگاتە کیسنجەر و لێى دەپرسێت: ئايا بەگوێی ئەفسەرە ئیسرائیلیەكان بکەين و هێرش بکەينە سەر پێدەشتە تەختەکانی ئێراق؟، لەوبارەیەوە “کیسنجەر” دەنووسێت: هەرگیز داوایەکی وەهامان لە تەلئەبیبەوە پێنەگەیشت. وام مەزندەکرد کە مایەی ژیری نییە بەوەی کورد لەسەر تاکتیکێکی ئیسرائیلی نمایشبکەن و ئیدی ناوچە کوردییە گەمارۆدراوەکەیان بخەنە بەر رق و تووڕەیی دەوڵەتە عەرەبییەکان. لە (١٦/10) بە پەسەندنامەی نیکسنەوە، ئەم پەیامەم بۆ بارزانی نارد: ئێمە لەگەڵيدا نین، وەهای نابینین کە کردەی پەلاماردانێکی سەربازییانە وەک ئیسرائیلییەکان پێشنیازیان بۆ کردووی، بۆ تۆ باش بێ.
“نەوتى کەرکوک و دەرگاى ئێراق”
هاوکارییەکانى ئەمەریکا لە ساڵى (1974) زیاد دەکات و خواستەکانى کوردیش دەگۆڕێن، لەوبارەیەوە “کیسنجەر” زانیارى زیاتر دەخاتەڕوو، دەڵێت: بارزانی لە (١٦/ئایار/١٩٧٤)، دوو ئەگەری بۆ پێشنیازە ستراتیژیەکەی خۆی خستە بەردەممان: (180) ملیۆن دۆلار بۆ ئۆتۆنۆمییەکی تەواوپڕ؛ (360) ملیۆن دۆلاریش بۆ دامەزراندنی ئەوەی ئەو ناوی لێنابوو پاشخانێکی “گونجاو” بۆ سەربەخۆیی. کیسنجەر راشکاوانە دەڵێت: نیازی ڕاگەیەنراوی سەرکردە كوردەکان هەرچییەک بووبێ، ئامانجی بنگەییان گەیشتن بە سەربەخۆیی بوو یان بە لای کەمی ئۆتۆنۆمییەکی تەواوعەیار بوو”. لەبارەى وەڵامدانەوەى ئەو خواستەى بارزانى، دەڵێت: بۆچوونی بارزانی بۆ ئۆتۆنۆمی کورد هەرگیز لەلایەن شا یان تورکیا پشتگیری لێنەدەکرا. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش لە دۆخێکی وەهادا نەبوو ببێتە پاڵپشتی ئەو داخوازییە. تەنانەت بڕى هەرە کەمی داخوازینامەی بارزانی لە سەرجەم ئەو بودجەیەی ئۆپەراسیۆنی ژێربەژێر تێپەڕاندبوو، کە وڵاتە یەکگرتووەکان لەئەستۆی خۆی گرتبوو”. پاشان دەڵێت: بیرکردنەوەیەکی تاکڕەهەندیانە دنەی بارزانی دەدا، بەبێ ئەوەی هیچ کەمە خەباتێکی سەربەخۆخوازانەش گیرابێتەبەر”.
لە سەرەتای نیسانی (١٩٧٤)دا بەشداری ژێربەژێرى ئەمەریکا لە پێنج ملیۆنەوە بۆ هەشت هەشت ملیۆن زياد دەکات. (شا)ش پشکی خۆی لە سى ملیۆن دۆلارەوە بۆ (٧٥) ملیۆن دۆلاری ساڵانە بەرزدەکاتەوە؛ کۆمەکی بەریتانیا و ئیسرائیلیش لەسەر ئاستی باوی خۆیان دەمێننەوە. كيسنجەر دەڵێت: ئەگەر لە هاوینی (١٩٧٤)دا هیچ سەرچاوەیەکی زیادەمان پێنەدابان، بەدڵنیاییەوە کوردەکان دەڕووخان. دواى زيادكردنى هاوكارييەکان، کیسنجەر بە بەرپرسانى ئەمەریکى و شاى ئێران رادەگەیەنێ کە: بەرژەوەندی وڵاتە یەکگرتووەکان لەوەدایە:- (أ)-کورد توانای ئەوەیان پێبدرێ پارێزگاری لە بنکە مەعقولەکانی دانوستاندن بۆ دداننان بە مافەکانیان لەلایەن حکومەتی بەغداوە بکەن(ب)- دەستوپێ بەستنەوەی حکوومەتە هەنوکەییەکەی ئێراق، بەڵام (ج) نەوەک دابەشکردنێکی هەمیشەیی ئێڕاق، چونکە لەڕووی ئابوورییەوە ناوچەیەکی سەربەخۆی کورد ناژیێ و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو ئێرانیش هیچ بەرژەوەندییەکیان لە داخستنی دەرگاکان بەڕووی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئێراقێکدا نییە، کە لەبن سەرکردایەتییەکی نەرمڕەودابێ”.
لە سەرەتای ئەیلوولى هەمان ساڵدا، بارزانی پێشنیازی ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەرانە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک دەکات، بەڵام “ئێمە لە هەژدەی ئەیلولدا ئەو پێشنیازەمان ڕەتکردەوە، چونکە نەماندەویست قەیرانە مەترسیدارەکەی نەوت قوڵتربکەینەوە. بە دنەدانی زنجیرەیەک توندوتیژی دژی دامودەزگا نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین” كيسنجەر واى نووسيوه. لەو ساڵەدا پەیوەندییەکانى شۆڕشى کورد و حکومەتى ئێراق ئاڵۆز دەبن، سوپاى ئێراق هێرشەکانى بۆ سەر کوردستان دەست پێدەکاتەوە، بارزانى داواى هاوکارى و پشتیوانى زیاتر لە ئەمەریکا و ئێران دەکات، بەڵام هەموو ئەو داوایانە لە لایەن (CIA)یەوە رەتدەکرێتەوە، چونکە وەکو “کیسنجەر” دەڵێت: ئێمە ئەو بژاردەیەمان لەبەردەستدا نەبوو بە ئاشکرا پشتگیری لە جەنگێک بکەین کە لەڕووی لۆجستییەوە سەخت، دورەدەست و بۆ جەماوەری ئەمەریکاش مایەی لێ تێگەیشتن نەبوو. کردنەوەی دەرگای بەرەیەکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوینێکی ناجێگیر، ئەوا بێباکانە قومارکردن بوو بە چارەنوسی هاوپەیمانێکی دیکە، بەدڵنیاییشەوە لەلایەن کۆنگرێسەوە ڕەتدەکرایەوە”. لە (٢٦/ئاب/1974)دا، سەرۆک فۆرد پێشنیارێکى “کیسنجەر” و سیمچا دینتزی باڵوێزی ئیسرائیل لەواشنتن پەسەند دەكات. بۆ گواستنەوەی ئەو چەک و تفاقە جەنگیە سۆڤێتیانەى کە ئیسڕائیل لە جەنگی (١٩٧٣)دا کەوتبووە بندەستی، بۆ کوردەکان. لەبەرامبەردا ئەمەریکا ئیسرائیل بە چەکى ئەمەریکى قەرەبوو دەکاتەوە. بەهاى تەواوى ئەو کەرەستە جەنگیانەش (28) ملیۆن دۆلار بووە. لە کۆبەندى ئەم باسەدا، کیسنجەر دەڵێت: “پشتگیرییەکەی ئێمە بۆ بارزانی لە ساڵە داراییەکانی (١٩٧٣، ١٩٧٤ و ١٩٧٥)دا سەرجەمەکەی نزیکەی بيست ملیۆن دۆلار و (١،٢٥٠) تەن کەرەستەی جەنگی لەخۆگرتبوو”.
“هەرەسهێنانی شۆڕشى کورد”
لە (18/شوبات/1975)، “کیسنجەر” لە شارى زیورخى سویسرا شاى ئێران دەبینێ، لەوێدا شا پێى دەڵێت هەوڵى دانوستاندن لەگەڵ سەدام حوسێن دەدەم، بەڵام “کیسنجەر” هۆشدارییە دووبارەبووەکەی خۆی بەبیر شا دەهێنێتەوە، بەوەی هەرەسهێنانی کورد تەواوی ناوچەکە دەشێوێنێ. دواى قسەکەى شا، کیسنجەر راپۆرتێک بۆ سەرۆکى ئەمەریکا دەنێرێت و تیایدا دەنووسێت: “لەوەڵامی پێشنیازێکی گفتوگۆی ئێڕاقییەکاندا، ئەو بەتەمایە لەگەڵ سەددام حوسێندا کۆببێتەوە. شا گوتی؛ ئۆتۆنۆمییەکی دەوڵەتی کوردی پێ قبووڵناکرێ، کە بکەوێتە بن ڕکێفی حکومەتێکی ناوەندی کۆمۆنیستی ئێڕاقی. ئەو گومانی ئەوەی هەیە ئێراقییەکان چەند ڕووداوێکی سەر سنووری ئێراق-ئێران بورووژێنن، ڕەنگبێ سەربکێشی بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی پرسی کوردو بگەیەنرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان، کە ئەو کات و بە مەزندەی ئەو هیچی دەرهەق ناکرێ. بەکورتی، پێدەچێ مرخی لەوە خۆشکردبێ لەگەڵ عێراقییەکان لەیەک تێگەیشتنێک سەبارەت بە کوردەکان هەبێ، بەڵام گومانێکی زۆریش لەپێش ئەو ئەگەرەدا هەیە. لەو نێوەشدا بە تەمایە لە کۆمەککردنی کوردەکان بەردەوام بێ.” “کیسنجەر” رایدەگەیەنێت لە (6/ئازار)دا، لەکاتى گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین، بە بیستنى هەواڵى رێککەوتنى شا و سەدام سەرسام بووە، کە دەرەنجامەکەى دەستبەرداربوونی کورد بووە.
“کیسنجەر” لەسەر چەند ئاستێک باس لە رێککەوتننامەى جەزائیر دەکات و دەڵێت: لەسەر ئاستی مرۆییدا ڕەفتارەکەی شا دڵڕەقانەو مایەی بەرگری لێکردن نەبوو. بەڵام بۆ ئاسایشی ئێران، مایەی لێتێگەیشتن بوو. ئاخر تەنها بە دەستێوەردانێکی ڕاشکاوانە ئێرانییەکان دەیانتوانی کوردان ڕزگاربکەن، بە دڵنیاییشەوە نرخەکەشی وەک بارزانی لە (١٩٧٤)دا داوایکردبوو بڕی (٣٦٠) ملیۆن دۆلاری تێیدەپەڕاند”. سەربارى ئەوەش دەڵێت: شا بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک دەستی لە پرسەکە شوشت. بەڵام هەرگیز لاری لە بڕیارە هەمەجۆرەکانی ئێمە سەبارەت بە کۆمەکی کورد نەبوو.
لە (١٠/ئازار)دا، “كيسنجەر” بروسکەیەک بۆ شا دەنێرێت و تیایدا دەنووسێت: بۆ خاوەن شکۆیە بڕیار لەسەر بەرژەوەندی دەوڵەتەکەی خۆی بدات. وەک هەمیشە سیاسەتەکەمان لە پشتگیریکردنی ئێران وەک دۆستێکی نزیک و پشتپێبەستووی وڵاتە یەکگرتوەکان دەمێنێتەوە”.
“بەرگرینامەى کیسنجەر”
دواى هەرەسهێنانى شۆڕشى ئەیلول، وەکو “کیسنجەر” دەڵێت: “بەتووندی پەلاماری ئیدارەی فۆرد -منیشيان بەتایبەتی-دا بەوەی “دەستبەرداری” کورد بووین. بەڵام خۆ شا بڕیارەکەی دابوو، ئێمەش نە بەڵگەوبەندێکی شایستە و نە ستراتیژیێکیشمان هەبوو تا لە بڕیارەکەی پاشگەزى بکەینەوە”. “کیسنجەر” لە بیرەوەرییەکانیدا، بەمجۆرە بەرگرى لە هەڵوێستەکانى خۆى لەو دەمەدا دەکات: بۆ لەخۆدورخستنەوەی بەرپرسیارێتییەکە، شانەکە لەسەری مندا شکێنرا، نووسینگەکەی منیش ئەو شوێنە بوو کە کاتی خەتابارییەکەی لێفڕێبدرێ. بۆ ساڵێک، ئەو کۆمەکە زیادەیەی کە بۆ کوردەکان ڕۆیشت، لە ئەنجامی زاڵبوونی گوشارەکانی من بوو بەسەر نەیاربوونی (CIA)دا. هۆی ئەوەش کە ئیدی من وەڵامی یارمەتیدەرانەم بۆ ئەو داوا بێهودەییانەی کورد نەبوو، ئەوەبوو کە هیچ شتێک نەمابۆوە کە من بیڵێم، نووسەرەکانیش ئەوەیان باش دەزانی، بە داخستنی سنووری ئێران بەسەرماندا، نەدەکرا هیچ کۆمەکێکی بە پەلە بگەیەنرێتە ئەوێ”.
لەدرێژەى نووسینەکەیدا، دەڵێت: بەڵگەکانی کاتی ڕووخانی شا، راست و دروستی بڕیاری ئێمەیان سەلماند، لەبەر خاتری هاوسەنگی جیهان و ناوچەکە ئێرانێکی دۆست هی ئەوە نەبوو دەستی لێهەڵبگیرێ. پابەندبوونمان بە بەرگری لە ئێران هی ئەوە نەبوون لێی بکشێینەوە کە ئێمە لێی پەست بووین، بەڵکو دەربڕی خودی بەرژەوەندی جیۆسیاسییمان بوو. ئیدی دەبوایە من بەرگەی شاهیدبونی بەکۆیلەکردنی گەلێکی دۆست بگرم. قەیرانی کوردەکانيش خەمگینانە کۆتاییهات.
* تێبینى: دەقى وەرگێڕانى ئەم بەشە لە بیرەوەرییەکانى کیسنجەر، لە پاشکۆى کتێبى (ئەرێ کورد بوونە بەردەباز) وەرگیراوە، کە لە نووسینى (بریان گیپسن) و وەرگێڕانى شەفیقى حاجى خدرە.