لە ساڵی ١٩٤٩وە، وەختێك کۆمۆنیستەکانی ماوتسی تۆنگ لە شەڕی ناوخۆی چیندا سەرکەوتنیان بە دەست هێنا، تا ڕووخانی دیواری بەرلین دوای چل ساڵ، گرنگیی مێژوویی کارل مارکس بێوێنە بوو. نزیکەی چوار لە دەی مرۆڤەکانی سەر زەوی لە سایەی حکومەتێکدا دەژیان کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد مارکسیستن. هەروەتر، لە زۆر وڵاتی دیکەدا مارکسیزم ئایدیۆلۆژیای باڵادەستی چەپەکان بووە، سیاسەتی بەرەی ڕاستڕەویش زۆر جار لەسەر بنەمای چۆنێتیی بەرپەرچدانەوەی مارکسیزم دادەڕێژرا. بەڵام کە کۆمۆنیزم لە یەکێتیی سۆڤییەت و وڵاتە پاشکۆکانی ڕووخا، کاریگەریی مارکس زۆر کەمی کرد. لە یادی ٢٠٠ ساڵەی لەدایکبوونی مارکس لە ٥ی ئایاری ١٨١٨دا، زێدەگۆیی نییە ئەگەر بڵێین پێشبینییەکانی بە هەڵە خرانەوە و تیۆرەکانی بێئەرزش کران و بیرۆکەکانیشی بەسەر چوون. کەواتە بۆچی لە سەدەی بیستویەکهمدا گرنگی بە میراتەکەی بدەین؟
ناوبانگی مارکس بە دڕندەییەکانی ئەو ڕژێمانەی خۆیان بە مارکسیست لە قەڵەم دەدا، زۆر لەکەدار بوو، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک نییە خودی مارکس پشتگیری لەو جۆرە تاوانانە بکات. بەڵام کۆمۆنیزم بە خراپی داڕما، لەبەر ئەوەی وەک لە بلۆکی سۆڤییەت و لە چینی سەردەمی ماودا بینیمان، نەیانتوانی بژێویی خەڵکی بگەیەننە ئاستی بژێویی زۆربەی خەڵکی لە ئابوورییە سەرمایەدارییەکاندا. ئەم شکستانە ڕەنگدانەوەی کەموکوڕییەکانی وێناکردنی مارکس بۆ کۆمۆنیزم نین، چونکە مارکس هەرگیز وێنای نەکردووە، بچووکترین گرنگیدانی بە وردەکارییەکانی چۆنێتیی کارکردنی جڤاتێکی کۆمۆنیستیی نیشان نەداوە. بەڵکو شکستەکانی کۆمۆنیزم ئاماژە بۆ کەموکوڕییەکی قووڵتر دەکەن، ئەویش تێڕوانینی هەڵەی مارکسە بۆ سروشتی مرۆڤ.
بە بڕوای مارکس، شتێک بە ناوی سروشتی مرۆیی خۆڕسک یانژی بایۆلۆجی نییە. لە تێزەکانیدا لەسەر فۆیەرباخ نووسیویەتی، سروشتی مرۆیی «کۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە.» ئەمەش دەمانگەیەنێت بەوەی بڵێین، ئەگەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕیت –بۆ نموونە بە گۆڕینی بنەمای ئابووریی جڤات و هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیی نێوان سەرمایەدار و کرێکار– خەڵکی لە جڤاتی نوێدا، لەوەی ژێر سەرمایەداری، تەواو جیاواز دەبن. مارکس بە لێکۆڵینەوەی وردی لە سروشتی مرۆڤ لە سیستەمە ئابوورییە جیاوازەکاندا بەم بڕوایە نەگەیشتووە، بەڵکو چەسپاندنی دیدگای هیگڵ بوو بۆ مێژوو. بە بڕوای هیگڵ، ئامانجی مێژوو ڕزگارکردنی ڕۆحی مرۆڤە، ئەمەش ئەو کاتە دەبێت کە لەوە تێ دەگەین ئێمەش بەشێکین لە ئاوەزی گەردوونیی مرۆڤ(Universal Human Mind). مارکس ئەم تیۆرە “ئایدیالیستییە”ی بۆ “ماتریالیستی” گۆڕی کە تێیدا هێزی بزوێنەری مێژوو تێرکردنی پێداویستییە ماددییەکانمانە و ڕزگاربوون بە خەباتی چینایەتی دەبێت. چینی کرێکار دەبێت بە ئامرازی ڕزگاریی گشتی، چونکە دژی موڵکایەتیی تایبەتە و خاوەنێتیی بەکۆمەڵ بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا دەسەپێنێت.
مارکس لەو بڕوایەدا بوو وەختێك کرێکاران بە شێوەیەکی هەرەوەزی خاوەنێتیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دەکەن، «چاوگەکانی سەروەت و سامانی هاوبەش» بەراورد بە چاوگەکانی سەروەت و سامانی تایبەت، زۆر زیاتریان پێدا دێت – ڕاستییەکەی، بە ئاستێکی وەها دەگات کە چیتر دابەشکردن کێشە نابێت. هەر بۆیە مارکس بە پێویستی نەزانی بچێتە نێو وردەکارییەکانی چۆنێتیی دابەشکردنی داهات یان کاڵاکانەوە. ڕاستییەکەی، کاتێک مارکس پلاتفۆرمێکی پێشنیازکراوی یەکگرتنی دوو پارتی سۆسیالیستی ئەڵمانیی خوێندەوە، دەستەواژەکانی وەک “دابەشکردنی دادپەروەرانە” و “مافی یەکسان”ی بە “هەڵیتوپەڵیتی زارەکیی بەسەرچوو” وەسف کرد. بە بۆچوونی وی، ئەم دەربڕینانە سەر بە سەردەمی نەبوونین و شۆڕش کۆتایی پێ دەهێنێ.
یەکێتیی سۆڤییەت سەلماندی هەڵوەشاندنەوەی خاوەنێتیی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، سروشتی مرۆڤ ناگۆڕێت. زۆربەی مرۆڤەکان لەبری ئەوەی خۆیان بۆ چاکەی گشتی تەرخان بکەن، بەردەوام لە هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات و جیاوک (privilege) و لوکس (luxury)دان بۆ خۆیان و کەسانی نزیکیان. ئایرۆنییانە، دەتوانین ڕوونترین بەڵگە لەسەر ئەوەی چاوگەکانی سەروەت و سامانی تایبەت لەوانەی سامانی بەکۆمەڵ زیاتری پێدا دێت، لە مێژووی ئەو وڵاتە گەورەیەدا ببینین کە تا ئێستاش دەستی بە مارکسیزمەوە گرتووە.
لە سەردەمی ماودا زۆربەی چینییەکان لە نەداریدا دەژیان. ئابووریی چین لە دوای ساڵی ١٩٧٨ـهوە دەستی بە گەشەکردنێکی خێرا کرد، کاتێک جێنشینی ماو، دێنگ شیاوپینگ (Deng Xiaoping) (ئەو کەسەی ڕای گەیاندبوو «گرنگ نییە پشیلە ڕەش بێت یان سپی، گرنگ ئەوەیە مشک بگرێت») ڕێگەی بە دامەزراندنی دامەزراوە تایبەتەکان دا. چاکسازییەکانی وی ٨٠٠ ملیۆن کەسی لە هەژارییەکی تاقەتپڕووکێن دەرهێنا، بەڵام جڤاتێکیشی چێ کرد کە نایەکسانیی داهات تێیدا لە هەر وڵاتێکی ئەورووپی (و هەر زۆر لە ئەمەریکا) زیاتر بوو. هەرچەندە چین هێشتا بانگەشەی ئەوە دەکات «سۆسیالیزم بە تایبەتمەندیی چینییەوە» بونیات دەنێت، بەڵام زەحمەتە بزانین چی لە پەیوەندیدا بە ئابوورییەکەیەوە سۆسیالیستییە، چ جای مارکسی. ئەگەر چین بە شێوەیەکی بەرچاو لەژێر باندۆری بیرکردنەوەی مارکسدا نەمابێت، دەتوانین ئەنجامگیریی ئەوە بکەین کە مارکس چیدیکە لە سیاسەت و ئابووریدا گرنگ نییە، وەلێ هەژموونی هزری وی هەر ماوە. تیۆرە ماتریاڵیستییەکەی بۆ مێژوو، بووەتە بەشێک لە تێگەیشتنمان لەو هێزانەی كە ئاڕاستەی جڤاتی مرۆیی دیاری دەکەن. پێویست ناکات باوەڕمان بەوە هەبێت، وەک ئهوهی مارکس سەرپێیانە گوزارشتی لێ دەکات، ئاشی دەستی جڤاتێکمان پێ دەدات لۆردە فیۆداڵەکانی تێدایە، ئاشی هەڵمییش جڤاتێک کە سەرمایەدارە پیشەسازەکانی لەخۆدەگرێت. مارکس ڕوانگەیەکی ئاڵۆزتری خسته ڕوو کە تێیدا کارلێک لە نێوان هەموو لایەنەکانی جڤاتدا هەیە.
گرنگترین شتێک کە لە تێڕوانینی مارکس بۆ مێژوو وەری بگرین، شتێکی نەرێنییە: پەرەسەندنی بیرۆکە و ئایین و دامەزراوە سیاسییەکان سەربەخۆ نین لەو ئامرازانەی کە بۆ تێرکردنی پێداویستییەکانمان بەکاریان دەهێنین و لەو پێکهاتە ئابوورییانەی کە لە دەوری ئەو ئامرازانە ڕێکیان دەخەین، هەروەتر، لەو بەرژەوەندییە داراییانەشی دروستیان دەکەن. ئەگەر ئەمە ڕوونترە لەوەی پێویستی بە بەیانکردن هەبێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە ئێمە ئەم بۆچوونەمان ناونشین (internalized) کردووە. بەو واتایە، ئێستا هەموومان مارکسیستین.
سەرچاوە
https://www.project-syndicate.org/
نووسینی: پیتەر سینگەر
وەرگێڕانی: دڵشاد حامید دەروێش