ساڵانە لە ٢٥ی نۆڤەمبەرەوە تا ١ی دیسەمبەر، گوایە هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژییە دەرهەق بە ژنان، کەسانی سیاسی و دەسەڵاتدارانی هەرێم زیاتر لە کەسانی تر، بانگەشەی ئەو بەرەرەنگاربوونەوەیە دەکەن. پێناچێت ئاگاداری ئەوە بن، خۆیان لەناو چ ململانێ و کێشمەکێش و بێنەوبەرەیەکن لە پێناو دەسەڵاتدا، یان دەبێت بۆ تاکە جارێکیش ئەو پێناسەیەیان نەبیست بێت کە دەڵێت: «باڵاترین جۆری دەسەڵات تووندوتیژییە.» تووندوتیژی لە واتا گشتییەکەدا ئامرازی حکوومکردنە. هەموو جۆرەکانی تووندوتیژیش بەتایبەت تووندوتیژی و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان، ڕەگ و ڕیشەیان لە ناو سێکس و سێکسواڵیتەدایە. پرسیار سەبارەت بە تووندوتیژی: تووندوتیژی یان دەستدرێژی چییە؟ کێ تووندوتیژە؟ ئایا تەنیا پیاوانن؟ فاکتەرەرەکانی پشتی چین؟ ئایا بنڕ دەکرێ؟ ئەم کورتە نووسینەی خوارەوە، هەوڵێکە بۆ وەڵامی ئەوپرسیارانە.
“ئاوڕدانەوەیەک بۆ مێژوو”
بەگويرەی لێکۆڵینەوە مێژوویییەکان؛ مرۆ لە سەرەتاکانی پەیوەندی سێکسییدا چێژ و خۆشی ویستووە، نەک منداڵخستنەوە. منداڵخستنەوە کارێکی لاوەکی بووە. لە ئەشکەوتەکانی ئیسپانیا و فەڕەنسا، هیند، پەیکەر و وێنە و هەڵکۆڵراو دۆزراونەوە، ئاماژە بە پەیوەبدی سێکسیی ژن و پیاو دەکەن. هیچ پەیکەر و وێنەیەکی وا نەدۆزراوەتەوە کە ئاماژە بۆ دایکایەتی، یان تێیدا ژن داوای یارمەتی لە پیاو بکات. خوا کۆنینەکان مێیینە بوون: خوا بالیزم و خوا ئەستریت و خوا ماجنا، خوا ئیزیس. سێکس وەک هەڵە و تاوان لێی نەدەڕوانرا، بەڵکوو کارێک بووە نزیک لە پیرۆز. لە ڕۆژهەڵاتی کۆن؛ فرەخوایی هەبووە و جیاوازی نەبووە لەنێوان نێر و مێ. هەروەها لەسەردەمانی پێش مێژوو، ئاسەوار و هەڵکۆڵدراو دۆزراونەوە گوزارشت لەوە دەکەن خواوەند مێیینە بووە. دایکی مێیینە خوای پیتاندن و خێر و ژیان بووە. منداڵ دەبرایەوە سەر دایک و میرات بۆ کچ دەمایەوە. بۆیە برا لەگەڵ خوشکی زەواجی دەکرد، تا تەخت و تاجی لە کیس نەچێت.
بەڵام فاکتەری ئابووری (خاوەندارێتیی زەوی)، ژێردەستەبوونی مرۆڤی لەلایەن مرۆڤەوە لێکەوتەوە. ئەمەش سەری کێشا بۆ کێشەی سێکسیی و دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، بۆ هەردوولا( کۆیلە و سەردار). پیاو بە هێز دەسەڵاتی گرتەدەست و بەسەر ژندا زاڵ بوو. زۆربەی ئایینەکانی تر (ئاسمانییەکان)، دوای ئەو سەرکەوتنە، داهێنران. ئایینی یەهودی، یەکەمین ئایینی ئاسمانی بوو کە پاڵپشتی خوای نێرینەی کرد و فەزڵی نێری بەسەر مێدا دا. لەگەڵ پەیدابوونی ئەم ئایینە چیرۆکی ئادەم و حەوا داکەوت. گوایە ئەوانە یەکەم ژن و پیاوی سەر ڕووی زەوین. ئالێرەدا دیدگا بۆ سێکس گۆڕا و وەک هەڵەو تاوانێک دانرا، هەروەها دیدگا بۆ ژنیش گۆڕا و لە شکۆی کەمکرایەوە و بووە سیمبولی هەڵەو گوناح. بەو پێیەی حەوا ئادەمی لە خشتە بردووە تا لە دارەکە بخوات و بەم هۆیەشەوە لەبەهەشت و نەمری بێبەشکراوە. وەک ئەوەی هەموو پیاوانی بەنی ئادەم ئەرکبێت تۆڵەی باوکیان بکەنەوە.
لە سەدەکانی دواتر و پەیدابووونی ئایینی مەسیح، پیاوانی کڵێسا و کەنیسە و بیرمەندانی سەدەکانی ناوەڕاست، بە لێکدانەوە و بۆچوونەکانیان دەستیانکردە پەڕاندنی سەری ژن و نێراندنی خوا و بردنەوەی ڕەچەڵەکی ژن بۆ سەر شەیتان. بیرمەندانی چاخەکانی ناوەڕاست کەوتنە قەدەغەکردنی هەموو چێژ و خۆشی و جوانی و بەهاکنی ژیان لە کچان و لە ژنان. هەتا یەکێک لە بیرمەندەکانی ئەوسا کە فیلیب دونوفیرە، پێی وا بوو، نابێت ژن بخوێنێتەوە، بۆئەوەی دووچاری شەڕانگێزی نەبێ، لە چیرۆکی مەریەمی پاکداوێنەوە، هاوسەرگیری پەرەی سەند. لە ئایینی ئیسلامیشدا جێگیربوو و هەر پەیوەندیەکی تری سێکسی لەدەرەوەی هاوسەرگیری مەمنوع و حەرامکرا. گرێبەستەکەش بووە گرێبەستێکی ئابووری و سێکسی. بەمەش ژن بووەتە شمەکێک لە شمەکەکانی پیاو، کە تا هەنووکە بەردەوامە لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا وکۆمەڵگەی خۆشمان وەک نموونە.
بە پێی دەروونشیکارییەکەی زیگمۆند فرۆید، سەرجەم چالاکی و ڕەفتارەکانی مرۆڤ، لە منداڵییەوە سەرچاوە دەگرێت. فرۆید ڕیشەییانە کێشەکان دەپشکنێت. بەپێی دەروونشیکارییەکەی، منداڵ سەرەتا پەیوەست دەبێت بەدایکەوە و دایک بە ئۆبێکتی عەشقی خۆی دەزانێت. منداڵی کچ کاتێک هەستدەکات چووکی نییە، بەوە دایکی خەتاباردەکات، ڕووی عەشقی وەردەگێڕێت بۆ باوک، هەر کە تێگەیشت باوک هی ئەو نییە، ئارەزووەکەی دەچەپێنێت و دواتر بەدوای ئەلتەرناتیڤدا دەگەڕێت. کوڕیش دایک بەهی خۆی دەزانێت کە هەستی کرد، دایک هی ئەو نییە، ئارەزووەکەی خۆی دەچەپێنێت و بەدوای شوێنگرەوەدا دەگەڕێت. منداڵی کچ و کوڕ چاویان بەیەکتر دەکەوێت کچ وا هەستدەکا خەسێنراوە لەلایەن دایکەوە و گرێی هەستکردن بەکەمی، یان خۆبەکەمزانی تێدا دەڕسکێت، بۆیە ئیرەیی بە زەکەر دەبات و هەوڵی قەرەبووکردنەوەی دەدات، دواتر ئەم ئارەزووەی دەیکاتە ژنێکی کامڵ. کوڕیش دەترسێت بخەسێنرێت، لێرەدا هەریەکەیان تووشی چەند گرێیەک دەبن و ئاسەواریان هەر دەمێنێ لەگەورەییشدا.زۆر جار کەسەکە تووشی چەقین دەبێت و ناتوانێت تێیان پەڕێنێت، یان بە فۆرمی جیاواز سەرهەڵدەدەنەوە و زۆرجار کێشە و گرفت سازدەکەن.
چەند نموونەیەک کە بەهۆی چەقین و گرێکانی خەسان و خۆبەکەمزانی و ئۆدیب و هەستکردن بە گوناح:-
پەککەوتن و هەستکردن بە لاوازیی تۆانای سێکسی لای پیاوان، ئەمەش وای لێدەکات بەردەوام پیاوێتی خۆی بسەلمێنێت، بۆیە پەیوەندی لەگەڵ چەندین ژن دەبەستێت.
دەستدرێژی بۆسەر منداڵان.
سادیبوون و مازۆخیبوون.
ساردی سێکسی لای کچان، هەستدەکەن خوازراو نین لەڕووی سێکسییەوە، بۆیە هەوڵی جوانکاری ڕووخسار دەدەن.
بێتوانایی لە دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ.
ئەم حاڵەتانەش ئازار و تووندوتیژی و کێشەیان بەدواوەیە.
هەروەها لەکن فرۆید پاڵنەری سێکس و مەرگیش (وێرانکاری) غەریزین. دەڵێت: شارستانییەت بەهیوایە بەر بە قورسترین تاوانکارییانە بگرێت کە لەسەر قورسترین زەبروزەنگ ڕۆنراون و مافی پیادەکردنی تووندوتیژی دژی تاوانکاران بکاتە هی خۆی، بەڵام فۆڕمی نیانتر و سوکەڵەتری شەڕەنگێزیی مرۆڤ، ناکەونە سنووری ئەو یاسایەوە. بۆیە فرۆید پێیوایە، مرۆڤی سەرەتایی بەختەوەرترە، چونکە پاڵنەرەکانی بەربەستێکیان لەبەردەمدا نەبوو و مرۆڤی شارستانی بڕێک بەختەوەری بە بڕێک ئاسایش گۆڕیوەتەوە. هەروەها بەپێی فرۆید ڕیشەی دەسەڵاتخوازی و خواستی مانەوە لەدەسەڵاتدا دەگەڕێتەوە بۆ منداڵی و بۆ شیرپێدانی دایک؛ منداڵ دەیەوێت دایکی شیرەکەی و چاودێری و خێرەکانی هەر بۆ ئەو بن و بۆیە ڕقێکی ئیرەیی بەرانەی تووندی نەستەکی لە هەر خوشک و برایەکی تازە لەدایکبوویەتی. دوای لەشیربڕینەوە شەڕانی و لاسار دەبێتەوە.
ئیرەیی کە یەکێکە لە چەمکەکانی نێو دەروونشیکارییەکەی، تایبەتمەندییەکی جەوهەرییە لە مرۆڤدا، ڕیشەکەی لە منداڵییەوەیە. کچ لەبەرئەوەی نییەتی و کوڕیش دەترسێت نەیمێنێت، گرێ دروست دەکات. ژن، ئیرەیی بە ئیمتیازەکانی پیاو دەبات لە کۆمەڵگەدا، کە زەکەر سیمبوڵ و هێماکەیەتی. پیاویش ئیمتیازە بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکانی ژن؛ بەرهەمهێنان و چاودێری منداڵ. وەختێک دەسەڵاتدارێک هەست دەکات، ڕکابەرێکی هەیە، یان ترسی لە دەستدانی دەسەڵاتەکەی هەیە، هەستی ئیرەیی یان گرێی خەسان تێیدا زاڵ دەبێت، هەستی پەنابردنە بەر تووندوتیژی، تێیاندا دەبزوێت. هەڵبەت ئیرەیی هەڵگری تایبەتمەندییەکی وێرانکەرە لە مرۆڤدا. عەشق و خۆشەویستی دەتوانێت لەم چالاکییەی ئیرەیی کەمبکاتەوە یان بەسەریدا زاڵ بێت. هەروەها زۆر جار کچی چکۆلە لەلایەن دایکی یان شوێنگرەوەکانی لە خێزاندا، بە نیگایەکی گرژیش بێت ڕووبەڕووی تووندوتیژی دەبێتەوە، بەوەی ئاگادار دەکرێتەوە کە جوان دابنیشێت و عەزیەکەی و کراسەکەی هەڵنەکرێت، تا لەشی یان جلی ژێرەوەی دەرنەوێت. هەروەها بەردەوام ئاگادار و سەرزەنشت دەکرێت، کە تخونی پیاوان نەکەوێت. کاتی باڵغبوونیش، چەندین گرێ و ترسی تر، سەر هەڵدەدەن، بە هۆی جۆری پەروەردە و نەریت و یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگەوە.
فەلسەفەی زمان، بەو پێیەی کە کار لەسەر پەیوەندی نێوان زمان و واقیع و ڕەنگدانەوەی زمان لە واقیعدا دەکات، فەیلەسوفەکانی کایەی فەلسەفەی زمان: فرێگە و ڤیتگنشتاین، پێشنیازی زمانێکی لۆژیکی و نموونەیی دەکەن، چونکە هەڵەی زمان هەڵەتێگەیشتنی لێدەکەوێتەوە. ڤیتگنشتاین پێیوابووە، فەلسەفاندن لەگرژی دەروون ڕزگارمان دەکات. ئەمەش لەو دیدەوە کە گرژی دەروون دەرەنجامی هەڵە بەکاربردنی زمانە. لێرەدا پرسیاێک قوت دەبێتەوە: داخۆ فەلسەفەی شۆپنهاوەر و ژان ژاک ڕۆسۆ سەبارەت بە ژن ڕاست دەربچن و شیکردنەوەی زیاتر هەڵبگرن؟ گەر باسەکەش سادە و پەیوەست بکەین بە باسەکەی سەرەوە؛ هەندێک وشە و دەستەواژە هەن بۆ سێکس و هەم وەک جنێویش بەکاردێن، کە لە خۆیاندا هەڵگری مانایەکی قێزبزوێنن. داخۆ سێکس بەسرووشتی خۆی دیوێکی قێزەونی هەبێ؟ یان ئەو دەربڕینانە بەهەڵەماندا دەبەن و هەڵەتێگەیشتن دەخەنەوە؟
سێکس کردەیەکی مرۆییە، لە ئەنجامی پێکگەیشتنی دوو ڕەگەزی پێگەیشتوو و ئازاددا ڕوودەدات و دەبێتە هۆی گەشەی ڕۆح. مرۆڤی پێگەیشتوو؛ مرۆڤێکە منداڵیی بەجێهێشتووە و لە چەقین و گرێ و گۆڵەکانی تێپەڕاندووە. سێکس، ئۆرگازمی بەدوادا نایات گەر لەسەر بنەمای عەشق و خۆشەویستی دوو ڕەگەزەکە نەبێت. بەبێ خۆشویستن، تەنها خاڵیبوونەوەیەکی بێ چێژە، بگرە بە ئازاریشە. ڕەنگە زۆرجاریش تووندوتیژی بەدواوە بێت، چونکە بە دەربڕینە نەوال سەعداویەکە بیڵێین، ئۆرگازم تەنیا پڕۆسەیەکی فسیۆلۆژی و بایۆلۆژی نییە، بەڵکو لوتکەی هەستکردنە بە ئەویتر و ترۆپکی هەستکردنە بە خۆ. بۆ ئەوەی سێکس بەهای خۆی وەربگرێت و دەربخات، دەبێت بەر لە هەر شتێک بەرگە ئابووری و دینی و هەر بەرگێکی تر کە تێوەی پێچراو، دابماڵرێت، ڕووت بێتەوە و وەک خۆی دەربکەوێت. لە دەروونشیکاریشدا؛ سێکسێکی تەواو پێرفێکت نییە. کەواتە ئەوە عەشقە کەلێن و کەند و قۆڵتەکانی پڕ دەکاتەوە.کەواتە بۆ ئەوەی ڕق و کینە خۆی دەرنەخات زەروورە عەشق ئامادە بێت. دەسەڵاتیش، لە هەناوی خۆیدا تووندوتیژی هەڵگرتووە. هەر کە ڕووبەڕووی هەڕەشە و داڕوخان بووەوە، تووندوتیژی خۆی دەردەخات.
سەرچاوە بەکارهاتووەکان؛
ـ نەوال سەعداوی، ژن و سێکس، و. ئەیوب جلال ماوانی، مێخەک.
ـ نەوال سەعداوی، پیاو و سێکس، و. ئەیوب جلال ماوانی، مێخەک.
ـ زیگمۆند فرۆید، ژنێتی، و. وەلید عومەر، ناوەندی ڕەهەند.
ـزیگمۆند فرۆید، شارستانییەت و ناکامیەکانی، و. وەلید عومەر – ڕوشدی جەعفەر، ناوەندی ڕەهەند.
ـ ئازاد حەمە، چییەتی فەلسەفە یان چی بە فەلسەفە ناودەبرێت؟)، چاپخانەی تاران،.
ـ هیوا جەلال، سەرەتایەک بۆ فەلسەفەی زمان(فرێگە، ڕاسڵ، ڤتگنشتاین)، ناوەندی ڕێنوێن.
ـ هانا ئارێنت، دەربارەی توندوتیژی، و. حەمە ڕەشید، چاپخانەی ڕوون.
ـ کەیت بارۆز، ئیرەیی، و. وەلید عومەر، ناوەندی ڕەهەند.