ئەمە هەواڵێکی ئاسایی نییە. لە ڕاستیدا ئەکاونتێکی تویتەر هەیە بە ناوی “ئایا هێشتا کیسنجەر نەمردووە”. کە زیاتر لە ٣٠ هەزار فۆڵۆی هەیە. ئەم بەیانییە تەنها نووسیبوی “بەڵێ”. دەمێکە خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی ئەو هەواڵەیە. کیسنجەر زۆر ژیا، زیاتر لە سەدەیەک. هێنری ژیانێکی پڕ لە ڕووادو ژیا. لە کۆماری ڤایمەر لە شارۆچکەی فۆرث لە کۆتایی ئایاری ساڵی ١٩٢٣ هاتە دونیاوە. هێنری جوو بوو، بە هەڵکشانی نازییەت لە ئەڵمانیا خێزانەکەی ناچار بە هەڵاتن بوون بۆ ئەمریکا، ئەوکات ئەو تەنها تەمەنی شازدە ساڵان بوو. سەرباری ئەوە یەکێک لە کاراکتەرەکان کە کیسنجەری پێ دەناسرایەوە ئەکسێنتە ئەڵمانییەکەی بوو.
کیسنجەر بەناوبانگترین وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە. تەنانەت ناوبانگی ئەو لە ڕیزی بیتلز (Beatles) دا بوو، باندە گۆرانیبێژە هەرە ناسراوەکەی بەریتانیا. کیسنجەر پاش سەربازیی و ئیشی هەواڵگریی چووە ئەکادیمیا. لە زانکۆی هارڤەرد پرۆفیسۆر بوو. لەوێ لە شەستەکان کۆرسێکی تایبەتی بۆ سی ئای ئەی ئامادە دەکرد کە لە زۆر شوێنی دنیاوە، وڵاتان لاوەکانیان دەنارد، وەک سیاسیی داهاتوو، هەتا لەوێ فێری وانەی سیاسەت بن. سەربوردەیەکی سەرنجڕاکێش هەیە لە نێوان بیرمەندی ئیتالی جۆرجیو ئەگامبین و کیسنجەر لە میانەی ئەو کۆرسەدا. لە ١٩٦٨، کە ساڵێکی ئێجگار تایبەت بوو لە ژیانی شاری پاریس دا، ئهگامبین لە پاریسەوە، بە هاوکاری حکومەتی ئیتالی دەچێت بۆ بەشداری لەو کۆرسەی کیسنجەر دا، وەک کەسێک کە ئامادە بکرێت بۆ سیاسەت لە داهاتوودا. ئەگامبین لە میانەی کۆرسەکەدا بە کیسنجەر دەڵێت تۆ هیچ دەربارەی سیاسەت نازانیت. ئەویش گاڵتەی پێ دێت و تەنها زەردەخەنەیەکی بۆ دەکات. ئەگامبین پاش ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ باشووری فەڕەنسا و لەوێ لە کۆرسێکدا بەشدار دەبێت کە هایدیگەر وانەی تیادا دەڵێتەوە. هەردوو ڕەهەندە کیسنجەرییەکە و هایدیگەرییەکە بە شێوازی جیاواز سەدەی بیست دادەڕێژن.
کیسنجەر سیاسیەک و بیرمەندێکی موحافیزکار (کۆنزێرڤەتیڤ) ی دژە شۆرش بوو. تێزی دوکتۆراکەی دەربارەی کۆنگرەی ڤییەنایە، ئەو وڵاتانەی کە کۆدەبنەوە بۆ دروستکردنی بەرەیەک دژ بە شەپۆڵی شۆڕشی فەڕەنسی. لە هەمانکاتدا کیسنجەر دژە دیموکراسی و سیاسەتی جەماوەرییە. من نزیکەی زیاتر لە بیست ساڵە خولیای ژیان و کارەکانی ئەوم. کاتێک لە ٢٠٠٦ دوا توێژینەوەی قۆناغی بەکەلۆریۆسم دەربارەی ئەو نووسی، کە لەلایەن پرۆفیسۆر “ئەندرو کۆتی” و پرۆفیسۆر “یۆرن گۆتفیڵد” ـەوە سەرپەرشتی کرا، پلەی نایابم وەرگرت. لە سەردەمی جەنگی ئەمریکا بۆ سەر ئێراق، کیسنجەر هاتە زانکۆکەمان. ئەو سەردەمە خۆپێشاندانی گەورە دژی ئەو هەبوو. من نە چوومە سیمینارەکەیەوە و نە بەشداریی خۆپێشاندانەکانم کرد. ئەو سەردەمە کیسنجەر بۆ من ئەو کەسە بوو، کە دنیابینی ئەمریکای بەرامبەر کورد لە قاڵبدا. ئەم دنیابینیە لە کۆبوونەیەوەیەکدا لەگەڵ ڕیتچارد هێلمس، باڵوێزی ئەو کاتەی ئەمریکا لە ئێران، دەردەبڕدرێت. کۆبوونەوەکە لە تەموزی ١٩٧٣دا بەڕێوە دەچێت. لەوێدا کیسنجەر هاوکێشەی پەیوەندی کورد و ئەمریکا دادەڕێژێت کە هەتا ئەمڕۆ کاریگەری هەیە، ئەویش بەم شێوەیەیە.
دەبێت پشتیوانی کورد بکرێت هەتا ئاستێک کە فشار بخاتە سەر نەیارەکانمان. نابێت ئەو فشارە بگاتە ئاستێک گۆڕانکاریی لە نیزامی ناوچەکەدا دروست بکات. بۆیە دەبێت پشتیوانییەکە سنووردار بێت. ئەم دیدە دەربڕی فەلسەفەی کیسنجەرە، کە بەلایەوە نیزام (order) گرنگترین شتە. کیسنجەر کتێبێکی بەو ناوەوە هەیە. لای ئەو نیزام لە هەوڵی هاوسەنگیی کردن یان نەهێشتنی مەترسی ئەویتر یان مانەوەی خۆیدایە. بەڵام لای ئەو بوونی نیزام گرنگە یان پێویستییە. کیسنجەر پرسی کورد لە هەناو نیزامدا دەبینێتەوە، بە جۆرێک بەکاربێت بۆ ئیدارەدان و ڕاستکردنەوەی ئاراستەی ئەو نیزامە بەپێی پێداویستی ئەمریکا، نەک تێکدانی یان گۆڕینی. بوارێکی دیکە کە پاشان گرنگی بۆ من زیاتر بوو، چیڕۆکی چین بوو. کەس هێندەی کیسنجەر ڕۆڵی کاریگەری نەبینیوە لە دروستبوونی چینی ئەمڕۆدا. چینییەکان خۆشیان دەویست و لە دوا سەردانیدا لە تەمەنی سەد ساڵیدا سەرۆکی چین پێشوازی لێ کرد. چیرۆکی کیسنجەر و چین بە سەردانی نهێنی لە ١٩٧٢ دەست پێ دەکات. کیسنجەر وەک کەسێکی ئاسایی و بە نهێنی، بەڵام بە ئاگاداری و هاوکاری دەوڵەتی پاکستان، دەچێتە چین. کاتێک لە ئوتێلەکەیەوە دەبرێت بۆ فڕۆکەخانە، کوڕی وەزیرێکی پاکستانی بە ئۆتۆمبیلی خۆیان دەیبات بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێت.
ئەو ڕۆژگارە هەوڵ دەدرا چین لە سۆڤیەت دوور بخرێتەوە. هەوڵەکە سەرکەوتوو بوو. چین و سۆڤیەت پەیوەندییان تێک چوو. شۆڕشی کولتووریی و بازدانە تراجیدییەکانی ماو چینی برسی و ماندوو کردبوو. بۆیە ئامادەبوون بکرێنەوە بە ڕووی سەرمایەداریدا، بەڵام بە قۆناغ. بۆ ئەوەی لە کۆنتڕۆڵیان دەرنەچێت. کیسنجەر چەند جارێک ماو دەبینێت. ئەو وەها وەسفی دەکات کە لە قۆناغی دایەلۆگی سۆکراتیدا بوو. مەبەستی ئەو لەو دەربڕینە ئەوە بوو کە ماو، بەردەوام قسە دەکات، ئەوەی گوێی لێ دەگرێت ناوەناوە یەک دوو وشە دەڵێت و ئەویش بەردەوام دەبێت. یەکێک لە خەسڵەتەکانی سیاسییە چەپەکان ئەوەیە کە زوو خۆیان لە سیاسییەوە لێ دەبێتە فەیلەسوف، یان کەسێک کە چاوەڕێ دەکەن هەمووان ئەشهەدبیلای بۆ بکەن. کیسنجەر وەک جەستە مرد. بەڵام ڕوانگەکانی دەمێننەوە. لە ماوەی داهاتوودا بەشی دووەمی ژیاننامەکەی لەلایەن مێژوونووسی ئینگلیزی “نایڵ فێرگەسن”ـەوە دەردەچێت. بەشی یەکەمی چەند ساڵێک لەمەوپێش بڵاوبووەوە، بە ناوی ئایدیالیست. چەمکێک کە هەمیشە کیسنجەر وەک دژی بینراوە.