زوو هات و زوو چوو. محمد ڕێکان حەلبوسی کە کەربولییەکان هێنایان، لە دایکبوی سەرەتای هەشتاکانە. کاتێک جەمال کەربولی پێشنیاری کرد بۆ گروپێک لە ڕاوێژکاران لە عەممان، یەکێک لە ڕاوێژکاران دژی وەستایەوە بەوەی لاوە، تموحی زۆرە و خەڵکی ئەنبارە. حەلبوسی لە بنەماڵەیەکی بەعسی هاتوەتە دونیاوە، باوکی لە کۆشکی دیکتاتۆری پێشوی ئێراق بەڕێوبەری گشتی بوو. هەڵکشانی جێگای سەرنج بوو بەوەی لە نەوەی سێیەمی سوننەکانی پاش سەدامە. کاتێک حەلبوسی پاش بڕیاری دادگای باڵا بە دوورخستنەوەی ماڵئاوایی لە پەرلەمان کرد، لە وتارە کورتەکەیدا ئەم دیدە بە ڕونی دیاربوو. ئەو باسی لەوە کرد کە ئەو لە پێکهاتەیەکە کە نەیدەویست بەشداری پرۆسەی سیاسی بکات، بەڵام ئەوان هێنایان بۆ ناو پرۆسەی سیاسی. ئەمەشە کە چاودێران حەلبوسی بە پراگماتیست ناو دەبەن. ئەمە بەو مانایە دێت کۆتایی بە خەونی سوننە بۆ حوکمی ئێراق و داننان بە حوکمی شیعە و بەشداریی کردن لە گەڵیاندا. ئەم وەرچەرخانە وەهای لێکرد کە قاسم سولەیمانی موبارەکەی بکات، کاتێک یەزنی کوڕی مشعان جبوری حەلبوسی برد بۆ لای ئەو.
هەڵکشان و داکشانی حەلبوسی زۆر شتمان دەربارەی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و ئیقلیمی ئەمڕۆی ئێراق پێدەڵێت. حەلبوسی کەسێکی لێهاتوو و سیاسیەکی خاوەن روانگە نەبوو، بەڵکو وەک زۆرێکی تر لە ئێراق، فێریی یارییەکە بوو بوو. یان ڕێسای یاریەکەی بە باشی پیادە دەکرد. حەلبوسی پارەی وەردەگرت یان بە دەست دەهێنا و پارەی دەدا. بردن و دابەشکردن بەشێکی کۆنی کولتوری کۆمەڵاتی و سیاسی ناوچەکەیە. ئەگەر بە ووردی تەماشای رەفتارەکانی پاش بڕیاری دادگا بکەیت، دەبینیت چەند خەسڵەتێک تیایدا زەق دەبێتەوە کە زۆر شتمان دەربارەی سیاسییەکانی ئەمرۆی ئێراق پێدەڵێت. دیاردەیەک هەیە لە ئەمڕۆی ئێراقدا ئەویش ناوی دیاردەی موقتەدا سەدرە. سەدر ئەو کەسایەتیە سیاسیەیە کە هەموو سیاسەیەکی تری ئێراقی ئیرەیی پێدەبات و هەوڵ دەدات لاسایی زۆر خەسڵەتی بکاتەوە، بە تایبەتی لە بونی جەماوەرێکی موتیع و ملکەچ هەتا ئاستی پەرستن. کاتێک حەلبوسی داوای کرد کە ئەندامەکانی لە پەرلەمان و حکومەت دەست بکێشینەوە، هەوڵێک بوو بۆ دەرخەری ئەوەی کە ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکان موتیعی ئەون وەک ئەندامەکانی سەدر. بەڵام بوون بە سەدر مەحاڵە، لە بەر هۆکاری زۆر و ئاڵۆز، کە پەیوەندی بە بنەماڵەی سەدری و ئاینی شیعە و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی شوێنکەوتوانی سەدر کە زۆربەیان هەژارانی شیعەن لە گەڵ بونی هێزی چەکداری دڕ. بۆیە سەدر لە سەروی یاسا و دادگا و حکومەت و هەموو شتێکەوەیە.
هەوڵێکی تری حەلبوسی بۆ بە سەدر بوون واژۆکردنی کاغەزی سپی بوو بە ئەندامەکانی. پاڵنەری ئەم واژۆیە سەپاندنی دەسەڵاتیەتی بە سەر ئەندامەکانیدا، بە تایبەتی کە توانای میلیشایی و جەماوەری چەسپیو و ڕەهەندی ئاینی نیە. بەڵام یارییەکەی لە خۆی گەورەتر بوو بۆیە خزایە تەڵەکەوە. حەلبوسی لە هەوڵی بۆ چەسپاندنی خۆی زەمینەی ڕوخانی خۆی بونیادنا. ئەمە تەنها خەتای خۆی نەبوو. هەرچەندە بە هەموو پێوەرێکی یاسایی حەلبوسی کەسێکی تاوانبارە، بەڵام لە هەناو یاریگا بێ مۆڕاڵەکەی سیاسەتی ئێراقی هەنگاوەکانی زۆر ئاسایی بوون. بەشی زۆری سیاسیەکانی ئێراق نەک تەنها سامانی وڵات دەبن بەڵکو بکوژی دەیان و سەدان کەسی بێ تاوان یان خۆپێشاندەرن. بۆیە پێوەری هەڵە و چەوتی لە هەناو کایەی سیاسەتی ئێراقیدا جیاوازە. بەڵام سەرباری ئەمە ڕێسایەک هەیە کە دەبێت هەموان لێی بە ئاگابن. هەندێک دەتوانن هەڵە و خەتا بکەن، هەندێکی تر ناتوانن. حەلبوسی وەهای لە خۆی دەڕوانی کە گەشتوەتە پلەی ئەوانەی کە دەتوانێت هەڵە بکات و باجەکەی نەدات. بەڵام هەڵە بوو. سەرباری ئەمە حەلبوسی دەرخەری کۆمەڵێک خەسڵەتی تری تایبەتی کایەی سیاسی ئەمڕۆی ئێراقە، لە خوارەوە بە کورتی ئاماژە بە هەندێکیان دەدەم.
یەکەم: کایەی سیاسی ئێراقی بونی نیە، بەڵکو کایەی سیاسی کوردی و سوننی و شیعی تەواو جیاوازن. هەریەک لەم کایەیانە لە ژێر کاریگەری مێژو و نەرێت و بەها و کەلتور و دونیابینی و هێزی هەرێمی و یادەوەری و کینە و بوخزی تایبەتی خۆیەتی. حەلبوسی لە ناو کایەی سونییەوە هات. بە تایبەتی لە نەوەی سێیەم، ئەوانەی کە چیدی هەڵگری یوتوپیاکانی پان-عەرەبیزم و پان-ئیسلامیزم نین، هەروەها هەڵگری وەهمی خاوەندارێتی عێراقیش نین. بەڵکو وەک لە خیتابیدا بەردەوام جەختی لێدەکاتەوە هەڵگری خەونی پارێزگاییە. حەلبوسی لە پارێزگای ئەنبارە، سەرۆکی پەرلەمانەکانەکانی پێشوی سوننە هەریەکە و لە پارێزگایەکی جیاوازبون. مەشهەدانی خەڵکی بەغدایە. سەلیم جبوری خەڵکی شارەبانە، ئەیاد خەڵکی سامەڕایە، نوجەیفی خەڵکی موسڵ. ئایا ئەم دابەشکردن ڕێکەوتە یان پلان بۆ داڕێژراوە، بەڵام ئەوەی نهێنی نیە، کە شوناسی سونیی، لە هەمانکاتدا شوناسێکی پارێزگاییشە یان خۆیان واتەنی مەناتیقییە. خەڵکی پارێزگا جیاوازەکانی ناوچە سونییەکان هەریەکە و خاوەن شوناسی تایبەتی خۆیەتی. ئایا ئەمە پەرە و بەردەوامی پێدەدرێت وەک بەشێک لە ڕێسای کۆنی بەڕێوەبردنی ئەویتر، کە بە پەرت بکە و زاڵ بە ناسراوە، یان خۆیان ناتوانن بە سەریدا زاڵ بن. دەبینیت چۆن جیاوازیی کورد و کورد بە باشی ئیدارە دەدرێت و کوردیش بە ئاسانی دەهێنرێتە سەما.
دووەم: سوننەی ئێراق لەوەدا لە کورد و شیعە جیاوازن کە کورسی و دەسەڵات بەشێکە لە کەلتوری سیاسیان. زمانی دەربڕینی ڕێزی دەسەڵاتی سوننە لە ئێراقدا زۆر جیاوازترە لە زمانی دەربڕینی کورد و شیعە. کورد چونکە لە مێژودا دەسەڵاتی نەبوە، خاوەن زمان و کەلتوری دەسەڵات نیە. بۆ ئەوانەی کە لە هەوادا دەژین ئەمە ڕەنگە ڕەهەندێکی پۆزەتیف بێت، بەڵام دواجار نیشانەی نەبونی ئاگایی و شارەزایی دەسەڵاتییە. بۆیە لە ناو سوننەدا هەرکەسێک کورسی هەبێت پێگەی بۆ دروست دەبێت، هەروەها پێچەوانەکەشی راستە. بۆیە لابردنی حەڵبوسی بە هەموو شێوەیەک کۆتایی ژیانی سیاسیەتی.
سێیەم: لە میانەی توێژینەوەکەمان دەربارەی سەرهەڵدانی حوکمی شەخس و خێزان لە ئێراق، کە بەم زوانە لە دوو توێی کتێبێکدا بە زمانی ئینگلیز و عەرەبی بڵاودەبێتەوە، ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە هێزە نوێکانی ناو کایەی سیاسی ئێراقی خێراتر بەرەو حوکمی شەخس و خێزان دەڕۆن بە بەراورد بە هێزە تەقلیدییەکان. کۆمەڵێک هۆکاری زۆر هەیە لە پشت ئەم دیاردەوە، لەوانە کەلتور، میدیا، ئابوریی، لە گەڵ بونی تێگەیشتنێکی ساویلکە لای خەڵک، کە هەندێک کەسایەتی هەیە، توانای زیاتر و باڵاتری هەیە لە ئەوانیتر، بە کورتی یانی کاریزمان، کە بۆخۆی ڕەگی لە باوەڕی دینیدا هەیە. ئەمە بە تایبەتی لە سەردەمی پارە و میدیادا کەسەکان دەتوانن لایەنە لاواز و ناشیرینەکانیان بە پارە بشارنەوە. ئەم هەڵکشانەی حەلبوسی، هۆکاری لابردنی بوو، دیارە تەنها لە بەر خۆی نا بەڵکو لە بەر سوننە بە گشتی. لە ئێراقێکدا کە دەبێت شیعە حوکمی بکات، نابێت سوننە جارێکی تر یەکگرتووی و هێز بەرهەم بهێنن و بڕوا بەوە بهێنن کە دەبنە خاوەن دەسەڵات.
چوارهەم: هێشتا ئەمریکا بە لابردنەکە ڕازی نیە و بە نادەستوری لە قەڵەم دەدات. لە ڕاستیدا لە ڕۆڵەکانی دادگای باڵانیە کە دەستوەردان لە کەرتی تەشریعدا بکات، هەموو کارەکانی ناوبژیوانی نێوان دەسەڵاتە جێبەجێکەرەکانە. ئەمە بنەمای جیاکاری دەسەڵاتەکانە. جیاوازییەکان لە کەرتی تەشریعدا سیاسین. بەڵام دەرئەنجام لاوازبونی ئێراقێکە کە کورد و سوننە هیچ پێگە و ڕۆڵکیان تیایدا نیە. بۆ نمونە ئێستا لە مشتومڕی ئەوەی کە کێ جێگەی حەلبوسی بگرێتەوە، دەبینین کە کەسایەتیە شیعیەکان بڕیار دەرن و هەریەک لە کەسایەتیە دیارەکانی شیعە کەسایەتی تایبەتی خۆی هەیە بۆ پڕکردنەوە ئەو شوێنە. بە جۆرێک کە کابرای سوننە تەنها کاتێک لە سەر کورسییەکە دادەنیشێت کە کەسایەتیەکی شیعە بۆی دابینکردبێت و هەر کاتێک ویستی دەتوانێت کورسییەکەی لە ژێڕ ڕاکێشێت. دیارە دەبێت ڕەهەندی کاتیش لە بەرچاو بگرین. بۆ حەلبوسی کە نزیکەی ساڵێکە دەعوای لە سەرە ئێستا لا دەبرێت؟ تەنها جیاوازێک لە نێوان ئێستا و ماوەی ڕابوردوودا، هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنەکانی شارەوانییە. ئایا حەلبوسی لابرا بۆ ئەوەی ڕێگریی لە سەرکەوتنی زۆری بکرێت و پاشان بەرەو فیدرالیەتی سوننە هەنگاو بنێت؟