زۆر جار دەڵێم من تاقەتی ئەوەم نییە دانیشم باس لەم هەموو ناڕێکییە بکەم، بەڵام ئەوە کەی حاڵە وڵاتانی ئیسلامی و بە تایبەت ئەو وڵاتانە هەیانە کە سەر بە بەرەی مقاوەمەن؟ ئەوە چەندین دەیەیە تێدەپەڕێ و تا بێ پتر تێدەگەم کە ئەم وڵاتانەی خەون بە ئیمپراتۆریەتی ئیسلامییەوە دەبینن نە ژێرخانێکی ئابوورییان هەیە، نە پێشکەوتنێکی نوێ نە هیچ، نە ئاو و ئاوەڕۆ، نە سیستەمێکی پێشکەوتووی حوکمڕانی، هەر هیچیان بەسەر هیچەوە نییە. سیاسەتمەداری ئێرانی سادقی زیباکەلام کە ڕەخنەگرێکی بەرجەستەی حکومەتی ئێرانە لە تازەترین لێدوانیدا ڕوو دەکاتە یەکێک لە بەرپرسە دیارکانی حکومەتەکەی کە ناوی حسین ئەڵڵا کەرەمە, بەرپرسی شورای هەماهەنگی حیزب الله و پێی دەڵێ: ئێوە چیتان بۆ ئێران کردووە و چی دەکەن بۆ ئەو وڵاتانەی کە گوێ لەمشتی ئێوەن، چی بۆ یەمەن دەکەن، کردمان یەمەن سەرکەوت و بەرەی مقاوەمە لەوێ زاڵ بوو بەسەر هەموو بەرەکانی تردا، کردمان لوبنان هەمووی بویە حیزبوڵاهی، کردمان ئێراق هەمووی بوویە حەشد و تەرەفداری ئێوە، ئێوە چۆن ئەو وڵاتانە پێش دەخەن، کوا پلان و ئەلتەرناتیڤتان بۆ گەشەی ئابووری ئەو وڵاتانە، کوا ژێرخان و سەرخانی ئابووری و پێشکەوتن و بەهرەی نوێتان، چی دەدەنە ئەو وڵاتانەی کە بە تێکڕا دێنە بەرەی ئێوەوە، چ پلانێکتان هەیە بۆ گەشەی ئابووری، خۆ دونیا بەس لەسەر ئەوە تەواو نابێ کە ئەمریکا دەرکەن و خۆتان وڵاتەکان بەڕێوە ببەن، ئایا ئەوەی کە ئەمریکا لێتان بپترسێ و مووشەکی بالیستیتان هەبێ دەبێتە ئاو و نان بۆ خەڵکی؟
لە ڕاستییدا و وەک زیبا کەلام دەڵێ لە هەر جێیەک ئێران هاتبێتە پێش لەوێ برسێتی و کوشت و بڕ و قات و قڕی جێی گرتۆتەوە، وڵات کەی بەم تڕە تڕە پێش دەکەوێ، کوا مۆدێلی نوێی حوکمڕانی و کوا ژێرخان و سەرخانی ئابووری ئەم ڕۆژکارە ڕۆژگاری کۆن نییە، مرۆڤی نوێ بەدوای مافەکانیەوەیە، تاقەتی ئایدۆلۆژیای تەق و ڕەقی نەماوە، خەڵک باس لە ماف دەکات، مافی مرۆڤ مافی ژن، مافی ئاژەڵ پاراستنی ژینگە کەرتی ئابووری و کەرتی پیشەسازی و کەرتی ژینگە و کەرتی گەشتیاری، خەڵک لە نیشتمان ژیانی دەوێ، دەنا وڵات و شار جێ دێڵێ و دەچێتەوە وڵاتە کافرەکان، چونکە لەوێ ژیانێکی شایستەی هەیە، لەوێ مافی پارێزراوە، لەوێ پێداویستییەکانی چێ دەبن. تێناگەم ئێمە بۆ ناتوانین هەقیقەت ببینین، دڵمان شتێکی دەوێ و بوونمان شتێکی تر، هەموو دەمانەوێ ژیانێکی ئازاد ئەزموون بکەین، ژیانێک کە شایستەبێ و بەهاکانمان تێیدا پارێزراوبێ.
هەندێ لە خەڵکی نان بە ئایدۆلۆژیاوە دەخۆن و مناڵەکانیان شاهانە دەژین، بۆیان گرنگ نییە ژێرخانی وڵاتەکەیان چی لێ دێت، تەنها بیر لە بەرژەوەندی خێزانەکانیان دەکەنەوە، دەچنە وڵاتان و سەفەر دەکەن، کام گەڕۆک پێشکەوتووە لە کنیانە، بە هەموو شێوەیەک پێداویستییەکانی پێشکەوتنیان لە بەر دەستە، کەچی زیهنی کوڕ و کچی گەنج بە ئایدۆلۆژیا بۆگەنەکانیان هاک و بارگاوی دەکەن و بە ناوی بەرەی مقاوەمە، جیهادی پیرۆز، خەبات دژی زاڵم هەرچی ستەم و نادادییە بە هەدیە دەیدەنە گەلانی ناوچەکە و نیشتمان وێران دەکەن. وڵاتێ گۆم و ڕوبارەکانی وشک بکات ئایدۆلۆژیستەکان باکیان نییە، بەڵام تەنعا چاویان لە مووشەکێکە بە تانک و کەشتی وڵاتێکی ترەوەی بنێن و ئەمەیان ناوناوە مقاوەمە.
من وەک خۆم زۆر بە وردی دەیان ساڵە موتالەعە دەکەم لە فیکری ئیسلامی و فیکری ڕۆژهەڵاتدا، لە مێژووی ئیسلامیدا بەردەوام دەمخوێندەوە، نووسینی زۆربەی بیریارە ئیسلامییەکانم خوێندۆتەوە تا عەلی عیززەت بیگۆڤیچم نەناسی وام دەزانی ڕێگا درووستەکە ئەوەیە کە ئێمە خاکی ئیسلامی بگەڕێنینەوە، بەڵام کە ئەو پیاوەم ناسی تێگەشتم کە ئێمە هەڵەیەکی گەورە دەکەین و بەرەو دونیاببنیبەک دەچین نە بە کەڵکی خۆمان دێ نە نەوەکانی داهاتوومان. بیگۆڤیچ لە یادداشتەکانی خۆیدا دەگێڕێتەوە کاتێ چوومە تاران و لەوێ وتارم هەبوو پاش وتارەکەم گەنجێکی ڕیشن پارچە کاغەزێکی دایە دەستم کاتێ خوێندمەوە نووسرابو ئێمە یارمەتی ئێوەمان دا بەڵام تۆ غەربزەدە دەرچووی، دەڵێ من بەم کاغەزە دۆش دامام، ئێمە بۆ دیموکراسی جەنگاین یارمەتی ئێرانیشمان وەرگرتبو چونکە ناچاربوین بەڵام لە ڕاستییدا گەلانی مسوڵمان زۆر لە پاشن و ڕێژەی نەزانین لە ئاستێکی بەرزدایە لە ناو گەلانی مسوڵمان، هێشتایش نازانن کە جەنگ ئامانج نییە بەڵکو ئاوەدانی ئامانجە و گاولکاری ئاسانە بەڵام ئاوەدانی قورس و دژوار.
بیگۆڤیچ دەڵێ، کاتێ لە پاریس بە ناچاری زەهری ڕێکەوتنم خواردەوە سووکە جەڵدەیەک لێی داوم، بەس کە هاتنەوە بە گەلەکەی خۆمم وت ئێمە هەندێکی خاکەکەمان لەدەست داوە و ئەمەم پێ ناخۆشە، بەڵام هەق ئەوەیە گەر ئێمە ئەم بەشەی کە هەمانە ئاوەدانی بکەینەوە ئەوا گرەوەکەمان بردۆتەوە، گەرما بەشەکەی تریشمان هەبێ و ئاوەدان نەبێ و بێ ژێرخان و سەرخانبێ توورێک ناژی. هاوڕێی ئازیز و برای بەڕێزم، جەنگ دۆخکە جێگیرەکە نیبە، جەنگ چ سوودی هەیە تۆ خاکێکت دەسکەوێ بەس لە ناوخۆدا هەر خوریکی دەسشکاندی یەکدی بین و پارچەپارچە ببین و هەرکەس لەسەر کەرتێ شەریبێ، سووننە کەرتێکی بوێ و شێعە کەرتێکی بوێ، چەپ کەرتێکی بوێ و ڕاستڕەو کەرتێ کاتێ کە وڵات هیچ ئارامییەکی نەبێ، من قودسم بۆچییە گەر نەتوانم خزمەتی مەککە بکەم، من مزگەزتی ئەقسام بۆچییە کە نەتوانم مزگەوتی حەرام بە جوانی ڕاگرم، من دیمەشقم بۆ چییە گەر ئاوی ورمێ وشکی کردبێ و نەتوانم بیپارێزم، من یەمەنم بۆ چییە نەتوانم جەزائیر بکەمە کەناری گەشتیاری و کەرتی ئابووریەکەی وێرانبێ؟
برای باشم ئایدۆلۆژیا تا بیناقاقا من و تۆی خنکاندووە، من کتێبخانەم بۆ چییە وەختێ هەموو کتێبەکانیشی بخزێنمەوە هێشتاش لە و ماکە ئایدۆلۆژییە قوتارم نەکات؟ من نیشتمانێکم بۆ چییە کە تاک تێیدا ئازاد نەبێ لاپەڕەیەک بە دڵی خۆی بنووسێ؟ من بۆچی حەز بکەم کە جوولەکە کە هەزاران ساڵە لەو ناوچە دەژین ڕاوەدوو بنێم و خاکەکە بە دەست بێنمەوە لە کاتێکا خاکی کوردان بەدەست کۆمەڵێ مەغۆلی پێپەتی ئەسپسوار گیرابێ و بە ناوی دینەوە هیچ زانایەکی ئیسلامی جورئەتی نەبێ بڵێ کوا مافی ئەم گەلە لە نیشتمانی خۆیا؟ من وڵاتێک و ئیمپراتۆریەتێک و خاکێکم بۆ چییە تەنها هی کۆمەڵێ ئایدۆلۆژیستبێ کە بە ناوی دینەوە دونیای خەڵک وێران دەکەن و نیشتمان بۆ خۆیان دەکەنە بەهەشت و هەموو کەمینەکانی دیکە پەراوێز دەخەن؟ من خاکێکم بۆ چیبە کە ئایدۆلۆژیا بیخنکێنێ، من میدیا و ڕێکخرا و نیزامێکم بۆ چییە کە ئازادی تێدا نەبێ و کەس مافی ئەوەی نەبێ بڵێ نا، من مزگەوتێکم بۆ چییە کە لە دیل و کۆتەکان ڕزگارم نەکات، من ئاینێکم بۆ چییە کە بە ناوی بەهەشتی دواڕۆژەوە دونیام بکاتە دۆزەخ؟ گەلۆ مافی خەڵکی نییە بپرسێ؟