بەرهەمهێنەرى قاوە و ماددەى هۆشبەرە، بیابانى گەرم و لوتکەى بەفراوى و بەشێک لە دارستانەکانى ئەمازۆنى لەخۆگرتووە، نیشتیمانى سێ هەزار جۆرى پەپولەیە، بەڵام بۆ ماوەى زیاتر لە نیو سەدە گیرۆدەى شەڕى ناوخۆیى بوو، بە هەزاران کەس کوژران و بە ملیۆنانیش ئاوارە بوون، بەڵام دواجار بڕیاریاندا بە دانوستان و رێککەوتن دەنگى چەکەکان کپ بکەن، ئەمە مێژووى نزیکى کۆڵۆمبیایە، وڵاتەکەى گابرێل گارسیا مارکێزى نووسەری ڕۆمانی “سەد ساڵ تەنیایی”. کۆڵۆمبیا تاکە وڵاتە لە ئەمریکای باشوور کە کەناراوەکانی لەسەر زەریای هێمن و دەریای کاریبی هەڵکەوتووە. وڵاتێکە چوار وەرزی نییە، چونکە دەکەوێتە سەر هێڵی ئیستوایی. ناوەکەشی لە ناوی گەڕیدەی جیهانی کریستۆڤەر کۆلۆمبۆس وەرگرتووە. دەکەوێتە بەشی باکووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئەمریکای باشوور، لە باکوورەوە لەگەڵ دەریای کاریبی، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ڤەنزوێلا و بەرازیل، لە باشوورەوە لەگەڵ پیرۆ و ئیکوادۆر، لە باکووری ڕۆژئاوا لەگەڵ پەنەما و لە ڕۆژئاواشەوە لەگەڵ زەریای هێمن هاوسنوورە.
“چەردەیەکى جوگرافی و دیمۆگرافی”
کۆڵۆمبیا کۆمارێکی دەستوورییە، لە (٢٣) ئیدارەی لامەرکەزی پێکهاتووە و ژمارەیەک دوورگە لەخۆدەگرێت، ژمارەی دانیشتووانی بە زیاتر لە (٥١) ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت. کۆلۆنییەکی پێشووی ئیسپانیایە، لە ساڵی (١٥٠٩) لەلایەن ئیسپانییەکانەوە داگیرکرا و ناویان لێنا غەرناتەى نوێ. لە ساڵی (١٨٨٦) کۆماری کۆڵۆمبیا ڕاگەیەندرا، پایتەختەکەی بۆگۆتایە، زمانی فەرمی ئیسپانییە. کۆڵۆمبیا خاوەنی هەمەچەشنییەکی دەوڵەمەندی نەتەوەیی و کولتوورییە. لە کۆمەڵێک نەتەوە پێکدێت کە بریتین لە گەلانی کیمبایا و مویسکا و تایرۆنا و کۆچبەری ئەفریقی و ئەوروپی و ئاسیایش هەن. لەدوای بەرازیل و ڤێتنام سێیەم بەرهەمهێنەری قاوەیە لە جیهاندا، هەروەها بەرهەمهێنەرى شەکریشە، هەر بەهۆی ناکۆکی لەسەر بازرگانی شەکر، شەڕێکى هەشت مانگەى بەناوى “جەنگی لێتیزیا” لەگەڵ پیرۆدا کرد. سەما یەکێکە لە خولیا بەناوبانگەکانی خەڵکى کۆڵۆمبیا و سەماى سالسا بەناوبانگترینانە.
“سەرەتاى شەڕ و ئاڵۆزییەکان”
هۆکارى هەڵایسانى جەنگى ناوخۆیى کۆڵۆمبیا دەگەڕێتەوە بۆ کوشتنى جۆرج گایتان کاندیدى چەپەکان بۆ سەرۆکایەتى وڵات لە ساڵى (1948)، دواى کوشتنەکەى شەڕێکى ناوخۆیى خوێناویى بەناوى (La Violencia) هەڵگیرسا و دە ساڵ درێژەى کێشا، لە ئاکامى شەڕى نێوان ڕاستڕەو و چەپڕەوەکاندا دەیان هەزار کەس بوونە قوربانى. ئەو شەڕەى کۆڵۆمبیا درێژکراوەى جەنگى سارد و ململانێکانى نێوان ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو بوو، چونکە ئەمەریکا پشتیوانى لە حکومەت دەکرد، گرووپە چەکدارەکانیش لەلایەن یەکێتی سۆڤیەت و کوبا و ڤەنزوێلاوە پشتیوانی دەکران. لە دەیەى شەستەکانى سەدەى بیستەمدا، لە ئەنجامی هەڵمەتە تووندوتیژەکانی سەرکوتکردنى حکومەتی کۆڵۆمبیا کە دەیکردە سەر کۆمۆنیستەکانی ناوچە گوندنشینەکان لەلایەک، دروستبوونى رێکخراوى فارک (FARC)ى نەیارى حکومەت لە ساڵى (1964) لەلایەکى دیکە، ناکۆکیەکان زیاتر پەرەیان سەند.
لە سەرەتای ساڵی (١٩٦٤)دا، حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوى ناوچەکانى وڵات ئۆپەراسیۆنی مارکێتالیای دەستپێکرد، لەسەرەتادا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام شەڕڤانان تاکتیکی شەڕی گەریلاییان گرتەبەر و سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنی سوپایەک کە بە فەرمی ناوی “هێزە چەکدارەکانی شۆڕشگێڕی کۆڵۆمبیا – فارک”ى لێنرا.
لە شەڕەکانى کۆڵۆمبیادا میلیشیا نیمچە حکومى و نافەرمیەکان رۆڵێکى ترسناکیان گێڕا، چونکە پابەندى رێساکانى شەڕ نەدەبوون، دووچارى چاودێرى و لێپرسینەوەش نەدەهاتن، بۆیە پشکى گەورەى تاوانەکانى کوشتن و رفاندن و لاقەکردن لەلایەن ئەو گرووپانەوە ئەنجام دەدرا. بەپێى ئامارێک ژمارەى کوژراوان لەلایەن میلیشیا نیمچە حکومیەکان گەیشتۆتە (95) هەزار، لەبەرامبەر (37) هەزار کوژراو لەلایەن یاخیبووان و دە هەزار کوژراو لەلایەن هێزەکانى حکومەتەوە. ئەو میلیشیایانە بە بڕیارێکى حکومەت دروستکران، کاتێک حکومەت رێگەى بە خاوەن ماڵ و موڵکەکان دەدا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و بەرەنگاربوونەوەى یاخیبووە چەپەکان میلیشیا دروست بکەن، پاشان بە تێپەڕبوونى کات ئەو میلیشیایانە بوونە بەشێک لە ململانێى نێوان راستڕەوى پارێزگار و چەپە لیبراڵیەکان.
بەپێی داتا فەرمییەکانی ناوەندی نیشتمانیی کۆلۆمبیا بۆ یادەوەری مێژوویی، ژمارەی کوژراوانی ململانێکان و شەڕی ناوخۆ لە کۆڵۆمبیا گەیشتووەتە زیاتر لە (٢٢٠) هەزار کوژراو کە (١٧٧) هەزاریان مەدەنی بوون. شەڕەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی پێنج ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی، کە ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، ئەوەش دووەم گەورەترین ژمارەی ئاوارەبوونى دانیشتوانى ناوخۆی وڵاتێکە لەسەر ئاستى جیهان. بەپێی داتا فەرمییەکان (16%)ی دانیشتوانی کۆڵۆمبیا ڕاستەوخۆ قوربانی شەڕەکە بوون.
“زەوى و زار و ماددەى هۆشبەر”
یەکێک لە هۆکارەکانى بەردەوامبوونى شەڕى ناوخۆیى کۆڵۆمبیا کێشەى زەوى و زار بوو، چونکە لاوازى و نەبوونى دەسەڵاتى دەوڵەت لە ناوچە گوندنشینە دوورەدەستەکاندا، بووە هۆى ئەوەى گروپێکى پاوانخواز دەست بەسەر زەوى و زاردا بگرن و زۆرینەى جوتیارانى لێ بێبەش بکەن، چەپەکانیش ئەم دەرفەتەیان قۆستەوە و دروشمی یەکسانی زیاتریان بەرزکردەوە و توانیان ڕێژەیەکی زۆر لە دانیشتوان بەلاى خۆیاندا ڕابکێشن. لە بەرامبەردا، حکومەتیش لە ساڵی (١٩٧٤)ەوە هەوڵیداوە چەندین چاکسازی دەستووری بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، گرنگترین کێشەکانیش کە دەبنە سووتەمەنی ململانێ ناوخۆییەکان لەناوبەرێت، لە ساڵی (١٩٧٨)دا یاسای چاکسازی کشتوکاڵی خستەڕوو کە ئامانج لێی ئەوەیە هەموو خەڵکی کۆڵۆمبیا بتوانن بەبێ پاشخانی چینایەتی مافی خاوەندارێتی زەوییان هەبێت. هۆکارێکى دیکەى ململانێکان، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بوو، چونکە کۆڵۆمبیا بە وڵاتێکی بەرهەمهێنەر و دروستکەرى ماریجوانا و کۆکاین ناسراوە. سەرەتای قاچاخچێی بە ماددەی هۆشبەر لە کۆڵۆمبیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان، گرووپە چەپەکان و میلیشیاکانى نزیک لە حکومەتیش لەم بازرگانیەوە تێوەگلان و بەو هۆیەوە چەندین باندى مافیایى دروستبوون.
گرووپە چەکدارە چەپەکان و گروپە نیمچە سەربازییە ڕاستڕەوەکانیش دەستیانکرد بە قاچاخچێتى و بازگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و ناردنى بۆ بازاڕەکانى ئەمەریکا و ئەوروپا، بە بەشێک لەو داهاتەشى دەستیاندەکەوت چەکیان دەکڕى و بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکان بەکاریاندەهێنا. ئەمەش بووە مایەى کەمبوونەوەى پشتیوانى جەماوەرى ئەو گروپانە. حکومەتیش توانی ژمارەیەک باندی مادەی هۆشبەر هەڵبوەشێنێتەوە. لە ئەنجامی ئەو قاچاخچێتی و بازرگانییە بەربڵاوەی کە لە دەیەى شەست و حەفتاکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان پەرەی سەند، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئاستی توندوتیژی زیادی کرد و زۆربەی ناوچەکانی وڵاتی گرتەوە.
“کاردانەوەى وڵاتان”
لەبارەى قەیرانى شەڕى کۆڵۆمبیاوە، دەوڵەتان بەسەر سێ ئاراستەى جیاوازدا دابەشبوون، یەکەمیان ڤەنزوێلا بوو کە بەڕاشکاوی بزووتنەوە چەکدارییە هاوتەریبەکانى بە گرووپی شەڕکەر دادەنا، دووەمیان ئەمەریکا، کەنەدا، شیلی، پیرۆ، کۆستاریکا، هندۆراس و دەوڵەتانى دیکە بوون کە وەک گروپی تیرۆریستی پۆلێنیان دەکردن، سێیەمیش ئیکوادۆر، ئەرجەنتین، بۆلیڤیا، بەرازیل و مەکسیک بوون ئیدانەی کردەوەی توندوتیژیان دەکرد، بەڵام خۆیان لە دانانى لایەنە هاوتەریبەکان بە بزووتنەوەى تیرۆریستی دەپاراست.
“بەرەو چارەسەرى سیاسى”
بەئامانجى کۆتایهێنان بە شەڕى ناوخۆ، لە ساڵی (١٩٨٥) دانوستان لەنێوان سەرۆکی ئەوکاتی کۆڵۆمبیا بیلیساریۆ بێنتاکۆر و هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکاندا دەستیپێکرد. هەوڵدرا گرووپە چەپە چەکدارەکان واز لە تووندوتیژی بهێنن و پارتێکی سیاسی چەپ پێکبهێنن. لە ئەنجامدا یەکێتی نیشتمانی وەک پارتێکی سیاسی چەپ دروستبوو. بەڵام ئەم گۆڕانکارییە نەبووە هۆی ئەوەی کە گروپە چەکدارەکانى نزیک لە حکومەت واز لە پەلاماردانیان بهێنن. بەگوێرەی داتاکان، لە ماوەی نێوان ساڵانی (1958 تا 2002)، گرووپە نیمچە سەربازییەکان بە هاوکاری و پشتیوانی هەندێک لە دەزگاکانى حکومەت، زیاتر لە چوار هەزار ئەندام و لایەنگری پارتی یەکێتی نیشتمانی چەپیان کوشتوە یان رفاندوە. دیارترین ئەو کەسانەشی کە کوژران یان بە زۆر بێسەروشوێنکراون بریتین لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی، شەش ئەندامی کۆنگرێسی کۆڵۆمبیا، حەڤدە نوێنەری ناوچەکان و (١٦٣) راوێژکار. ئەم تووندوتیژییەش ململانێکانی کۆڵۆمبیاى زیاتر تاودا.
“قۆناغێکى نوێى ئاڵۆزییەکان”
لە ساڵى (2002) کاتێ ئەلڤارۆ ئوریبێ پۆستى سەرۆکایەتى کۆڵۆمبیاى وەرگرت، قۆناغێکى دیکەى رووبەڕووبونەوە دەستى پێکرد، چونکە ناوبراو لە یەک کاتدا هێرشێکى دوو لایەنەى بۆ سەر میلیشیاکانى نزیک لە حکومەت و گرووپە چەپە یاخیبووەکان دەستپێکرد.
ئوریبێ لەماوەى هەشت ساڵى سەرۆکایەتیدا، سوودی لە پشتیوانییە بەرفراوانەکانی ئیدارەی کلینتۆن و بوش لەژێر ناوی “پلانی کۆڵۆمبیا”دا وەرگرت کە بڕەکەى زیاتر لە (٢.٨) ملیار دۆلار بوو، ئەوەش لە ئاکامى ڕێککەوتنێکی دوولایەنە بوو کە لە ساڵی (١٩٩٩) لەنێوان حکومەتەکانی کۆڵۆمبیا و ئەمەریکا بۆ چەند ئامانجێکى دیاریکراو ئەنجامدرا، کە بریتى بوون لە: دروستکردنی بوژانەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووری، کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری لە کۆڵۆمبیا، شەڕی سەخت لەدژى ماددە هۆشبەرەکان و جەنگی دژی تیرۆر.
لە ئەنجامى هەوڵ و فشارەکانى ئەلڤارۆدا، زیاتر لە (٢٦) هەزار ئەندامی چەکداری هێزی چەکداری شۆڕشگێڕی کۆڵۆمبیا و سوپای ڕزگاری نیشتمانی دەستبەرداری ئەندامێتی خۆیان لەو دوو گرووپە بوون. لە ساڵی (٢٠٠٨)یش چەندین خۆپیشاندان لەدژی هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیا و گرووپە نایاساییەکانى دیکە ئەنجامدران. بەو هۆیەوە حکومەتی کۆڵۆمبیا و هێزە چەکدارەکانی لە دۆخێکی باشتردا بوون و بەهێزتر بوون. هەرچەندە شەڕ لە زۆربەى ناوچەکانى وڵات روویدا و هەزاران هاووڵاتى کوژران، حکومەتیش بەشێک لە دیسیپلینی ئەمنی گەڕاندەوە، بەڵام نەیتوانى کۆنترۆڵى تەواوەتى یاخیبووان بکات.
“بەرەو چارەسەرى یەکلاکەرەوە”
مانوێل سانتۆس (Manuel Santos) لە (2010 – 2018) بووە سەرۆک، لە ساڵى (2016) گەیشتە ئەو بڕوایەى کە هاوکێشەى سفرى لەگەڵ یاخیبوان سودى نییە و هەر دەبێت لەسەر مێزى دانوستان لەگەڵیاندا رێکبکەوێت، بۆیە توانى لەگەڵ یاخیبوواندا لەسەر بەشدارى سیاسى و رادەستکردنى چەک و دروستکردنى پارتێکى سیاسى بگاتە رێککەوتن، بەڵام بەشێکى بچوکى ئۆپۆزسیۆن پابەندى رێکەوتنەکە نەبوون و بەردەوام بوون لە شەڕکردن لەگەڵ حکومەتدا.
سانتۆس سیاسەتێکی پێشکەوتنخوازانە و شێوازێکی نوێی لە بەرامبەر ناکۆکیە ناوخۆییەکان و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا پەیڕەوکرد، ئەنجامەکەى واژوکردنى رێککەوتننامەى ئاشتى بوو لەگەڵ گرووپە شۆڕشگێڕەکان لە ساڵى (2016)، بەو هۆیەوە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا و لەلایەن گۆڤارى تایمەوە وەک یەکێک لە سەد کەسایەتیە کاریگەرەکانى جیهان دیاریکرا. دانوستانەکان لە هاڤاناى پایتەختى کوبا بەڕێوەدەچوون، خاچى سور ئەرکى گەیاندنى سەرکردەکانى فارکى بە هاڤانا لە ئەستۆ گرتبوو، هەریەکە لە نەرویج و ڤەنزوێلا و چیلى و نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمەریکا و پاپاى ڤاتیکان پشتیوانیان لە دانوستانەکان دەکرد. بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان شەڕى نێوان حکومەت و گروپى فارک، بووە هۆى کوژرانى نزیکەى (260) هەزار کەس، بێسەر و شوێن بوونى (45) هەزار کەس، راگواستنى (6.9) ملیۆن کەس لە ناوچەکانیان. پرۆسەى دانوستانى ئاشتى نێوانیشیان ماوەى چوار ساڵى خایاند لە (26/9/2016) سانتۆسى سەرۆکی کۆڵۆمبیا و تیمۆلیۆن خیمێنیز سەرۆکی فارک رێکەوتنى ئاشتییان واژۆکرد.
رێکەوتنەکە (297) لاپەڕە بوو، دیارترین تەوەرەکانى کۆتایهێنان بە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە، قەرەبووکردنەوەى قوربانیان و لێپرسینەوە لە گەورە تاوانباران، قەدەغەکردنى چاندن و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، چەکداماڵین و بەشدارى سیاسى و چاکسازى کشتوکاڵ بوو. لە (2018) ئیڤان دۆکى مارکێز بە دروشمى شکستهێنان بە رێکەوتنى ئاشتى و بە پشتیوانى وڵاتانى ئەوروپا بە سەرۆکى کۆڵۆمبیا هەڵبژێردرا، لەماوەى سەرۆکایەتى دۆکیدا رێکەوتنەکە چووە بوارى پەککەوتنەوە و هیچ پێشکەوتنێکى بەرچاوى بەخۆیەوە نەبینى. بەڵام لە ساڵى (2022) بۆ یەکەمجار لە مێژوى وڵاتەکەدا بەربژێرى چەپ گۆستاڤۆ پیترۆ (Gustavo Petro) کە لە تەمەنى حەڤدە ساڵیەوە چوو بووە ریزەکانى ئۆپۆزسیۆنەوە بە سەرۆکى وڵات هەڵبژێردرا. سەرەڕاى دژایەتییەکی توند لەلایەن لایەنگرانی ئۆریبێ، بەڵام بڕیاریدا پێشکەوتن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاشتیدا بەدیبهێنێت.
“پوختەی ئەزموونەکە”
لە ئەزموونی کۆڵۆمبیاوە دەردەکەوێت یەکێک لە هۆکارەکانی درێژەکێشانى ئەم ململانێ خوێناوییە، بە پلەی یەکەم بۆ نەبوونی کەسایەتییەک لە حکومەتدا دەگەڕێتەوە کە خوازیاری گفتوگۆ و ئاشتی بێت، ئەمە جگەلە دەستێوەردانەکانی وڵاتانی دراوسێ، کە سووتەمەنی بە ململانێکانی کۆڵۆمبیا دەدا و دەیکردە کێشەیەکی ناوچەیی و جیهانی. هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ بووە هۆى ئەوەى ململانێکان بە هەڵگیرساوى بمێنێتەوە، بەگوێرەى پاشخانی سەرۆکی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیا سیاسیەکەى، ئەو ململانێیە بەرەو هەڵکشان و داکشان دەچوو، بە نموونە خوان مانوێل سانتۆس کە بەشدارییەکی بەهێزی لە وەستاندنی شەڕی گەریلایدا هەبوو، پەیوەندییەکى زۆر گرژی لەگەڵ ڤەنزوێلادا هەبوو، کە گوتارێکی دوژمنکارانەى لەبەرامبەر بیرۆکەکانیدا گرتەبەر، بەڵام پتەویی دەسەڵات و پشتیوانی نێودەوڵەتى، وایکرد دراوسێیەکەى بەسەر پێشمەرجە ئایدۆلۆژییەکانیدا زاڵ بێت و پشتگیری سانتۆس بکات و تەنانەت بەشداری لە هەوڵەکانی ئاشتیشدا بکات، بەڵام بەبێ ئەوەی هاوپەیمانەکانی لەناوخۆدا فڕێبداتە دۆزەخەوە.
بەپێچەوانەوە پەیوەندییەکانی سانتۆس لەگەڵ دەوڵەتی ئیکوادۆر زۆربەی کاتەکان دۆستانە بوون، بەو پێیەی لە بوارەکانی ئاسایش و بەرگری و مافی مرۆڤدا پشتیوانی سیاسەتە پێشکەوتنخوازەکانی ئەو بوون، هەر بۆیە لە چارەسەرکردنی ململانێ چەکدارییەکانی کۆلۆمبیادا، ڤەنزوێلا و ئیکوادۆر ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو، ڤەنزوێلا زامنى رێکەوتنامەى ئاشتی لەگەڵ هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیادا کرد، هەروەها ئیکوادۆریش ئاشتی لەگەڵ سوپای ڕزگاری نیشتمانیدا مسۆگەر کرد. ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان کە بەم دواییانە بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆڵۆمبیا بۆ قەرەبووکردنەوەی تەواوى قوربانیانی ململانێکان پێویستی بە نزیکەی پێنج دەیە هەیە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە تائێستا گرژیی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا بەردەوامە، بەڵام وەستاندنی کۆنترین شەڕی گەریلایی لە جیهاندا، دانانی بەردی بناغەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیانەی کە کۆڵۆمبیا دەیان ساڵە پێویستی پێیەتى، تاوەکو لە ڕێگەیانەوە درەنگ یان زوو سەقامگیری بۆ وڵاتەکە و خەڵکەکەی بگێڕێتەوە.
سەرچاوەکان:
یەکەم: أحمد فوزی سالم: رحله كولومبیا إلی السلام بعد 10 حروب أهلیه، موقع نون بوست، لە (9/4/2021).
دووەم: عبدالعالم بجاش: 7 ملايين شخص ضحايا حرب أهلية منخفضة الحدة في كولومبيا… ماذا عن اليمن؟ موقع مشاهد نت، لە (25/مارس/2021).
سێیەم: ابراهيم فريحات: الحرب فى كولومبيا و راهن اتفاق السلام: موقع العربى الجديد، لە (13/يناير/2023).
چوارەم: أهم مضامین اتفاق السلام الکولومبى، موقع الجزیرە نت، لە (27/9/2016).