“به‌بۆنه‌ی کۆچی دوایی ده‌نگبێژی له قه‌ندیلی سه‌ربه‌رزه‌وه”
ڕه‌نگه ئێمه هه‌رگیز بۆمان ساغ نه‌بێته‌وه که وشه‌ی “ڕه‌سه‌ن” وه‌کوو تێرم و ده‌سته‌واژه‌یه‌کی په‌یوه‌ست به کو‌لتوور و هونه‌ر له کام ڕووداوه‌وه جێکه‌ن بوو، به دونیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و جوانیناسیی کوردییه‌وه نووسا، ڕه‌نگه له‌م شیعره‌ی پیره‌مێردی نه‌مردا ڕه‌گوڕیشه‌یه‌کی ناسک و ته‌نکی چه‌مکی ڕه‌سه‌ن ببینینه‌وه؛ (ڕه‌سه‌ن ڕیزت گرت شه‌رمه‌زار ئه‌بێ/ به‌ڵام ناڕه‌سه‌ن تا بێ هار ئه‌بێ). ئه‌گه‌ر له‌م شیعره‌وه بڕۆینه ناو ماناکردنه‌وه‌ی وشه‌ی ڕه‌سه‌نه‌وه ڕه‌نگه ته‌نها بزانین له چ حاڵه‌ت و سیاقێکدا به‌کار دێت و به‌ڕوونی نه‌توانین ده‌لاله‌تی ورد و بابه‌تیانه‌ی جێگیری بۆ ده‌ستنیشان بکه‌ین، بۆ نموونه ئێمه ده‌توانین بۆ وشه‌یه‌ک وه‌کوو “به‌ڕێز” ده‌لاله‌ت و میسداقی دوور له مشت و مڕ و چه‌له‌حانێ دیاری بکه‌ین یان بۆ وشه‌کانی “سه‌لار و سه‌نگین” که به‌زۆری وه‌کوو ئاوه‌ڵناو دراونه‌ته پاڵ کچان و ژنانی به‌ڕه‌وشت و ویقار، به‌ڵام ڕه‌سه‌ن له‌م جۆره وشه و ئاوه‌ڵکردارانه نییه هێنده‌ی وه‌کوو چه‌مکێکی بزۆر و ناجێگیره و له هه‌رێمێکه‌وه بۆ هه‌رێمێکی دیکه ده‌گوازرێته‌وه.
له فه‌رهه‌نگی ئێتیمۆلۆژیی کوردی نووسینی “شاسوار هه‌ڕه‌شه‌می”دا سه‌باره‌ت به‌م وشه‌یه وا هاتووه: (وشه‌که هه‌ر له زمانی کوردی‌دا ده‌بینرێت. ڕیشه‌ی وشه‌که کۆن و میراتییه. له زمانی په‌هله‌ویدا aperasan واتا ناڕه‌سه‌ن. بێڕه‌سه‌ن. به‌د. به ئه‌رمه‌نی aparasan واتای یاخی و سه‌رکێش ده‌دات، له ڕووی واتاییشه‌وه ڕه‌سه‌ن بریتییه له که‌سێک که له ڕه‌گه‌زێکی دیار و پاک بێت. وشه‌که وه‌ک میتافۆڕ و خوازه‌ش به‌کار دێت و بریتییه له‌و که‌سه‌ی کارێکی گه‌وره ده‌کات و ناوبانگی بڵاو ده‌بێته‌وه. شتێکی ڕه‌سه‌ن بریتییه له شتێکی باش و ڕاست و دروست. ناڕه‌سه‌ن بریتییه له که‌سێک که له باوکی نه‌بێت. که‌س و شتی نادروست و ساخته. ڕه‌سه‌نی و ناڕه‌سه‌نی پتر وه‌ک سیفه‌ت، بۆ ئاکار و ڕه‌وشتی مرۆڤ به‌کار دێت. بۆ گیانه‌وه‌رانیش به‌کار ده‌هێنرێت. ئه‌سپی ره‌سه‌ن بریتییه له‌و ئه‌سپه‌ی که خوێنی له‌گه‌ڵ جۆره ئه‌سپی دیکه و ناوچه‌ی دیکه تێکه‌ڵ نه‌بووه). دیاره کاتێک ده‌ڵێین وشه‌ی ڕه‌سه‌ن جیاوازه له زۆر وشه‌ی دیکه مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه بنه‌چه‌یه‌کی مانایی و ڕه‌گه‌زێکی دیاریکراویشی نییه، به‌ڵکوو مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه که ده‌شێت ئه‌م وشه‌یه له هه‌نووکه‌ی شێوه-ژیان و جیهان-ژینی ئێمه‌دا ده‌لاله‌تی مشتومڕهه‌ڵگر و مقمقۆئامێز له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرێت، ئه‌گه‌ر ده‌سته‌واژه‌کانی گۆرانیی ڕه‌سه‌ن، هونه‌ری ڕه‌سه‌ن، کو‌لتوور و دابونه‌ریتی ڕه‌سه‌ن و…هتد. به‌کار بهێنین ئه‌وا که‌سێک که وه‌کوو هونه‌رمه‌ند یان ده‌نگبێژێکی مۆدێڕن هه‌ڵگری جیهان ژین و شێوه ژیانێکی ئه‌مڕۆیی و مۆدێڕنه ده‌توانێت ئه‌و پێناسه‌یه‌ی که ئێمه بۆ هونه‌ری ڕه‌سه‌ن ده‌یخه‌ینه ڕوو، ڕه‌خنه بکات و ته‌نها شێوه هونه‌ر و فۆرمی جوانیناسانه به‌وه نه‌زانێت که له ده‌ربڕینی ڕه‌سه‌ندا هه‌یه و مافی خۆشیه‌تی. بۆیه پێویسته له‌سه‌ر وشه‌ی ڕه‌سه‌ن له‌نگه‌ری زیاتر بگرین تاکوو هه‌وێنی چه‌مکیانه و ده‌لاله‌تی بزۆزی ئه‌م تێرمه په‌یوه‌ست به هونه‌ر و جیهانبینیی کوردییه‌وه زیاتر ڕوون بکه‌ینه‌وه و به‌پێی ئه‌وه‌س ناڕه‌سه‌ن خۆی ڕوون ده‌بێته‌وه.
له هه‌نبانه بۆرینه‌ی “هه‌ژار موکریانی”دا وشه‌ی ڕه‌سه‌ن به واتای بنه‌چه و نه‌جیمزاده هاتووه، هه‌روه‌ها له فه‌رهه‌نگی خاڵیشدا به واتای مه‌ردوومی خانه‌دان، وڵاخی به‌ناوونیشان و له فه‌رهه‌نگی شێخانیشدا به‌واتای ڕه‌گه‌ز باش، خانه‌دان، وجاغ زاده، ڕه‌گه‌ز چاک و…هتد هاتووه، به سه‌رنجدان به‌م ڕیشه ماناییانه ده‌توانین ئاوه‌ڵناوێکی به‌رجه‌سته و تایبه‌تمه‌ندییه‌ک بۆ وشه‌ی ڕه‌سه‌ن دیاری بکه‌ین و له‌ڕێگه‌یه‌وه مانای ئه‌م تێرمه زیاتر ڕوون بکه‌ینه‌وه ئه‌ویش وشه‌ی “بێخه‌وش” یان ده‌ستێنه‌براوه و من لێره‌دا هه‌ر وشه‌ی “بێخه‌وش” به‌کار ده‌هێنم. دیاره بێخه‌وشبوون هه‌میشه ئاوه‌ڵناو و تایبه‌تمه‌ندییه‌کی باش نییه وه‌ک له لێکدانی “زێڕی بێخه‌وش”دا ده‌یبینین، په‌یوه‌ست به دونیای هونه‌ر و بابه‌ته مرۆییه‌کانه‌وه بێخه‌وشبوون و ڕه‌سه‌ن ده‌توانن مانای نه‌چه‌ماوه‌یی و پێگیرکردن له سه‌رزه‌مینێکی ئه‌به‌دی و هه‌میشه‌یی و جۆرێک جێگیریی و چه‌قبه‌ستوویی بده‌ن به ده‌سته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها ئه‌گه‌رێکه و ئه‌گه‌رێکی کراوه و لۆژیکیشه و به‌پێی پێشکه‌وتن و داهاتنی جیهان ژین و شێوه ژیان یان به ده‌ربڕینێکی دیکه سوبژیکتیڤیته‌ی دیکه ده‌شیت وه‌ها مانا بکرێته‌وه و ڕه‌خنه‌ی بکرێت.
به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها ئاستی ڕووکارانه و ڕواڵه‌تیی ئه‌م لێکدانه‌یه و ده‌شیت بێخه‌وشبوون له یه‌ک توخم و ئێلێماندا پێناسه نه‌کرێت، واته کاتێک وه‌کوو نموونه‌یه‌کی گریمانه‌کراو بڵێین وڵاتێکی بێخه‌وش یان جلێکی که‌لتوورێکی بێخه‌وش ئه‌مه به‌و مانایه نییه که ئه‌م وڵات یان کو‌لتووره به‌ری هیچ شه‌پۆلێکی ده‌ره‌کی یان جه‌وهه‌ری کو‌لتوور و ولاتانی دیکه نه‌که‌وتووه، به‌ڵکوو به‌و مانایه‌یه که به پێوه‌ری بێخه‌وشبوون لایه‌نه باڵاکانی ئه‌وانیش ڕاکێشی هه‌ناو و زاتی خۆی ده‌کات بۆیه په‌یوه‌ست به په‌یوه‌ندیی بێخه‌وش به ڕه‌سه‌نه‌وه ده‌شێت بڵێین؛ ڕه‌سه‌ن هاوکات که هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندیی بێخه‌وشبوونه ده‌توانێت بێخه‌وشی و ناوازه‌بوونی دیکه‌ش بگرێته خۆ و له فۆرمێکی دۆگمایی و نه‌جیمزاده‌یی و خانه‌دانی ده‌رچێت و بازنه‌یه‌کی به‌رینتر له به‌ها باڵاکان و جیهانبینیی ئیستاتیکایی بۆ خۆی مانیفێست بکات. به‌کارهاتنی وشه‌ی ڕه‌سه‌ن بۆ گیانداران و به دیاریکراویش ئه‌سپ(ئه‌سپی ڕه‌سه‌ن وه‌کوو ئه‌سپی که‌حێڵ) خۆی نیشانده‌ری بزۆزیی نه‌ک هه‌ر ئه‌م تێرمه به‌ڵکوو زۆرێک له‌و تێرمانه‌یه که ڕه‌گ و ڕیشه‌یه‌کی کۆن و هاوکات هه‌ژموونیکیان هه‌یه و، به ناو کۆمه‌ڵگا و خانه له‌گه‌ڕه‌کانی په‌یکه‌ره‌ی کۆمه‌ڵگا و زمان و کو‌لتووره‌که‌یدا بڵاو ده‌بنه‌وه.
لێره‌دا ده‌توانین بڵێین؛ وشه‌ی ڕه‌سه‌ن ئاماژه به جۆره بێخه‌وشبوونێکه که سه‌ر به سه‌رزه‌مینێکی جوانه، به‌ڵام ته‌یاری کۆچ و پێهه‌ڵگرتن به‌ره‌و سه‌رزه‌مینی دیکه‌شه، ڕه‌هه‌ندێک که وشه‌ی ڕه‌سه‌ن له ئاسته ساده ڕۆژانه‌ییه‌که‌ی ده‌رباز ده‌کات خودی شێوه‌ژینی کورد بووه، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که ئێسته ئێمه له ژیانی شارستانیی و شارییدا ده‌یبینین که پێکهاتێکی دیاریکراو له به‌ها و نۆرمه‌کان مرۆڤی شاری له قه‌واره‌ی فه‌رمانبه‌ر، ڕؤشنبیر، هونه‌رمه‌ند، چالاک، نووسه‌ر و …له ناو ژیاندا نغرۆ کردووه و هه‌موو هه‌وڵیان به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که هه‌ڵگری زه‌ینییه‌تێکی رادیکاڵی ڕه‌خنه‌گرانه‌ن ده‌ربازبوونێکی ڕه‌مزی یان واقیعییه له‌و سیسته‌مه به‌هایی و نۆرمانه، ئه‌مه بۆ ده‌سته‌واژه‌ی ڕه‌سه‌ن به‌ڕاست ناگه‌ڕێت، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه به قووڵی له‌گه‌ڵ سرووشت و ڕه‌نگاڵه‌بوون و نه‌ناسراویی و ناکۆتابوونی سرووشته‌وه گرێدراوه، واته هه‌ڵگری ئاره‌زوویه‌کی نه‌ناسراو و بێیاسایه بۆ گێڕانه‌وه و جوانیناسی، بۆ تێگه‌یشتن له‌مه ته‌نها به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ئه‌و هونه‌رمه‌ند و شاعیر و گۆرانیبێژانه بده‌ین که وشه‌ی ڕه‌سه‌نیان بۆ به‌کار ئه‌هێنرێت، “حه‌سه‌ن زیره‌ک” نموونه‌یه‌کی به‌رزه له هونه‌ری ڕه‌سه‌ن؛ گه‌ڕاڵێکی سه‌رهه‌ڵگرتووی جوانیناس که هه‌موو سووچ و قوژبنێکی ئه‌م وڵاته‌ی به ده‌ربه‌ده‌ری و ئاواره‌یی پێواوه، وه‌کوو خۆیشی ده‌ڵێت له ئاخری عومریدا له شوێنێک له نیوان سه‌قز و بانه چاخانه‌یه‌کی سه‌یری پڕتووکاوی داناوه.
ئه‌و جوانیناسییه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌کی نه‌خوێنده‌وار پێشکه‌شی ده‌کات جیهانبینیی ڕه‌سه‌ن و راسته‌قینه‌ی مرۆڤی کورده، له جوگرافیایه‌کدا که هه‌م عه‌شق و خۆشه‌ویستی تێدایه هه‌م نیستیمان دۆستی و هه‌میش باوه‌ڕ به ئایین و خودا و ئه‌مانه و زۆر شتی دیکه‌ش له دونیای ده‌نگی ئه‌م هونه‌رمه‌نده ڕه‌سه‌نه‌دا ده‌بینرێته‌وه و ده‌بیسرێته‌وه، هونه‌ره‌که‌شی هه‌موو سنووره ده‌سکرده سیاسی و کو‌لتوورییه‌کانی به‌زاندووه و ته‌نانه‌ت له ناو زمان و کو‌لتووری غه‌یری کوردیش‌دا کاریگه‌ریی هه‌یه، ده‌توانین بڵێین؛ دواتر و به‌گشتی هه‌موو ئه‌و گۆرانیبێژ و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که به هۆی دۆزی شۆڕشه‌وه له‌گه‌ڵ بنمتک و دار و ده‌وه‌ن و شاخ و دۆڵه‌کان بوون به هاوڕێ و هاوپێخه‌ف هه‌ڵگری ئه‌م گه‌ڕاڵی و یاخێتی و سه‌رکێشییه‌ی سرووشت بوون و له هونه‌ریشیاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، شه‌هید “جه‌ماڵ موفتی”یش نموونه‌یه‌کی که‌م به‌رهه‌می دره‌وشاوه‌یه، ناسری ڕه‌زازی، نه‌جمه‌ی غوڵامی و حه‌مه جه‌زا و تاهیر خه‌لیلی ڕه‌وانشاد و ده‌یانی دیکه‌ش. بێگومان وه‌کوو له سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری؛ جیهان ژین و شێوه ژیانی نوێ ده‌توانێت ئاره‌زوو و ده‌عیه‌ی مه‌وداگرتن له هونه‌ری ڕه‌سه‌نی هه‌بێت، به‌ڵام سیحری وشه‌ی ڕه‌سه‌ن و ره‌سه‌نایه‌تی له‌وه دایه هیچ هونه‌رێکی دره‌وشاوه ده‌رناکه‌وێت ئه‌گه‌ر سیله‌ی چاوێکی له سه‌رچاوه‌ی ڕه‌سه‌ن نه‌بێت واته ئه‌و فۆرمانه‌ش که ده‌یانه‌وێت جیاواز له دونیای ڕه‌سه‌ن ئیش بکه‌ن نموونه‌ی “خه‌په گیان بوخوم”ی هونه‌رمه‌ند ئاراس به شێوه‌یه‌کی نوێ تۆمار کراوه و زۆر توخمی مۆدێڕن له شیعر و ئاواز و نواندنیدا به‌دی ده‌کرێت، به‌ڵام ده‌شێت پێیه‌کی به‌شێوه‌ی قاییم له‌ناو ڕه‌سه‌نایه‌تیدا بێت واته ڕه‌سه‌ن به‌م باره‌شدا سه‌رجه‌می هه‌ست و نه‌ست و خه‌یاڵدانی ئه‌و زمانه‌یه که ئێمه پیی ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕین، ده‌چڕین و ده‌نووسین.
هیچ گۆرانیبێژ و هونه‌رمه‌ند و هۆنه‌رێکی ڕه‌سه‌ن ناتوانێت له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ڕۆحه به‌رهه‌مێکی به‌رز و باڵا پێشکه‌ش بکات، ده‌بێت ئه‌مه‌شمان له‌بیر بێت ئێمه کاتێک ده‌ڵێین ڕه‌سه‌ن مه‌به‌ستمان ته‌نها سه‌رده‌مێک نییه که سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ر یان زیره‌ک و عه‌لی مه‌ردان و…هتد، تێیدا ژیاون به‌ڵکوو ئاماژه‌مان بۆ کۆمه‌ڵێک به‌ها و نۆرمی نه‌مر و به‌رزه که پێشتر له‌مانه و به‌ناو دونیایه‌ک حیکایه‌ت و مۆتیڤ و ده‌نگ و چریکه‌دا هاتووه و ئێسته‌ش ڕێگه‌ی خۆی به‌ره‌و زه‌مه‌نی نادیار و ناکۆتا ده‌بڕێت که‌واته کاتێک ده‌ڵێین ڕه‌سه‌ن مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه کۆمه‌ڵێک به‌های چه‌قبه‌ستوو و دۆگم به‌سه‌ر هه‌ر هه‌وڵێکی نوێ‌دا بسه‌پێنین، به‌ڵکوو مه‌به‌ستمانه شوێنپێیی ئه‌و جوانیناسه هه‌سته‌کی و نه‌سته‌کییه ببینینه‌وه که له یاده‌وه‌ری و خه‌یاڵدانی ئاخێوه‌ری ئه‌م زمانه‌دا ئافرێندراوه، بۆیه ئێمه ده‌توانین به ئاسانی بڵێین هونه‌ری هۆمه‌ر دزه‌ییش که له سه‌رده‌می ئێسته‌ماندا ده‌ژی و ژیانی مۆدێڕنی ئه‌ورووپای ئه‌زموون کردووه و فۆرمێکی جیاواز له ده‌نگبێژه ڕه‌سه‌نکانی دیکه‌شی داهێناوه، ڕه‌سه‌نه و شوێنپێی ڕه‌سه‌نایه‌تی له کاره‌کانیدا بدۆزینه‌وه و ئه‌مه بۆ گوێگرێکی ئاساییش درک ده‌کرێت، به‌ڵام ئایا ده‌توانین بڵێین گه‌عده و شه‌ڕه‌به‌ند و پێکداهه‌ڵشاخان شوێنپێیه‌کیان له ناو ڕه‌سه‌نایه‌تیدا هه‌یه؟ بۆ نموونه ده‌توانین بڵێین (ئه‌لف. سه‌نگاوی) هیج په‌یوه‌ندییه‌کی به ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌وه هه‌یه؟ یان ئه‌مانه ئه‌و لایه‌نه ناڕه‌سه‌نه‌ی مرۆڤی کۆمه‌ڵگاکان به گشتی و لێره‌دا مرۆڤی کورده که به‌هۆی له‌خۆنامۆبوون و سه‌رلێشێواوییه‌وه که‌وتووه‌ته داوییه‌وه و خه‌ریکه ستاتیکا و جوانپه‌رستیی چه‌ندین ملیۆن که‌س ژاراوی و چرووک ده‌کات؟ ئێمه له گه‌عده‌کاندا ده‌بینین که کابرا دوور له ساده‌ترین ئیستاتیکای ئه‌ده‌بی و ئینسانی باسی نامه‌ربووت و بێبه‌ها به مۆسیقایه‌کی حه‌ندرحۆوه ده‌کات و هاوکات خه‌ریکه نێرگه‌له‌ش ده‌کێشێت. من پێم وایه هارمۆنیی هیستریایانه‌ی شیوه‌ژیانی ئه‌مانه خۆی مانیفێستکه‌ری ئه‌و دۆخه ناڕه‌سه‌نه‌یه که به‌رهه‌می ده‌هێنن و به شێوه‌یه‌ک ئێمه‌ش خه‌ریکین تییدا ده‌ژین، ئه‌گه‌ر پرسیارێکی دادوه‌رانه له میحرابی ئیستاتیکا و جوانپه‌رستیدا بێته ئاراوه ده‌توانین بپرسین ئایا نابێت سیسته‌مێک بۆ به‌رگری له جیهانبینی نه‌ریتی و هونه‌ری ڕه‌سه‌ن یان پاراستنی ئه‌و جیهانبینییه ستاتیکییه هه‌بێت و پێش به ناڕه‌سه‌نه‌کان بگرێت؟
بێگومان ئه‌مه به پله‌ی یه‌که‌م له لایه‌ن خودی هونه‌ری ڕه‌سه‌نه‌وه ده‌بوو بکرایا، ده‌بوو هونه‌ری ڕه‌سه‌ن ئه‌و توانست و شه‌پۆلانه‌ی هێنده به‌رز و به‌هێز بایا که به هیچ شێوه‌یه‌ک مه‌جالی بۆ ده‌رکه‌وتنی هیچ ده‌رکه‌وته‌یه‌کی ناڕه‌سه‌ن نه‌دایا به‌ڵام ئایا شه‌پۆلی نه‌زمی نوێ و مارکس وته‌نی مۆدێڕنه‌یه‌ک که هه‌موو شتێک(چ سه‌خت و ڕه‌ق و چ نه‌رم و نیان) ده‌کات به بۆکڕووز و به‌ربادی ده‌دات، بواری هه‌ناسه‌دان به ئاوه‌ها جیهانبینییه‌کی شوناسبه‌خش و واڵا ده‌دات؟ ئایا ئه‌م مۆدێڕنه‌یه جیاواز له‌وه‌ی که ده‌شێت مۆدێڕنه‌یه‌کی کاپیتالیستی و سه‌رمایه‌دارانه بێت، ئامرازی ده‌ستی داگیرکه‌ر و چه‌وسێنه‌رانی کۆن و نوێی ناوچه‌که و جیهان نین؟ ئایا دیسان دۆزی کوردبوون به‌رۆکمان ناگریت لێره‌شدا؟ ئایا ئه‌م هاوکێشه‌یه ده‌بێت ته‌نها به‌م شێوه‌یه بنه‌خشینرێت؟ ئایا ده‌سه‌ڵات و ناوه‌نده که‌لتوورییه‌کان و ڕۆڵی وشیاریی تاک و کۆمه‌ڵ و ده‌ستی ده‌رکی و هه‌ژموونی کو‌لتووری ده‌رکی و ده‌یان گۆڕمه‌نی و لایه‌نی دیکه به‌شدار نین له‌م پرۆسه-پرۆژه‌یه‌ی ناڕه‌سه‌نکردن و سووک و چرووککردنی هونه‌ر و جیهانبینی و شێوه‌ژیانی ڕه‌سه‌نی کورد؟
کۆچی دوایی “تاهیر خه‌لیلی” ده‌نگبێژی ڕه‌سه‌ن و خاوه‌نی سروودی “له قه‌ندیلی سه‌ربه‌رزه‌وه” هاوکات که دڵته‌زێنه لێدانی زه‌نگی مه‌ترسیی نه‌مانی ده‌نگه ڕه‌سه‌ن و خاوه‌ن ڕێچکه‌کانه و کاڵتربوونه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و به‌هایانه‌ی دونیای مرۆڤی کورده، که له دووره‌ده‌سته‌کانی مێژووه‌وه تا ئێسته به شێوه‌ی نیوه‌چڵ و ناته‌واو به ناو دووکه‌ڵ و تۆزی لمی ئه‌سپی داگیرکه‌ران و، پلان و پیلان و کڵاو سوور و کڵاو ڕه‌شدا هاتووه و خۆی گه‌یاندووه‌ته زاکیره و خه‌یاڵدانی چه‌ندین نه‌وه و حه‌شیمه‌تی ئێمه‌ی کورد، په‌یوه‌ست به هونه‌رمه‌ندێکی کاریگه‌ری ئاوه‌ها ده‌شێت بڵێم تایبه‌تمه‌ندیی هونه‌ر و گۆرانی ڕه‌سه‌نی کوردی، له نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ئاوێزانبوونێتی له‌گه‌ڵ شۆڕش و خودی ده‌سته‌واژه‌ی شۆڕش و دۆخی شۆڕش مانا و وزه‌یه‌کی باڵای دابوو به چه‌مکی ڕه‌سه‌نایه‌تی و هۆنه‌ری ڕه‌سه‌ن، بێگومان من لێره‌دا باس له ئایدلۆژیای چه‌پ و ڕاست ناکه‌م، که به‌شێک له‌سه‌ر هونه‌ر وه‌کوو جوانیناسیی و ئامانج کاریگه‌ریی دانابوو، به‌ڵکوو باس له‌و ئاره‌زووانه ده‌که‌م که ته‌نانه‌ت ئایدۆلۆژیاش نه‌یتوانی ده‌سته‌مۆی بکات و هه‌ر وه‌کوو شۆڕش له‌ناو شۆڕشدا مایه‌وه، هونه‌ری ڕه‌سه‌نی کوردی شۆڕش بوو له ناو شۆڕشدا و تاهیر خه‌لیلی و ده‌یانی وه‌کوو ئه‌و خه‌یاڵدانی ئێمه‌یان نه‌ک به ئاسۆی ڕزگاریی کورد له دۆزێکی ژێرده‌سته‌یی و سه‌رلێشواویی ده‌نه‌خشاند به‌ڵکوو هاوکات لێزمه‌ی دابارینی چێژ و خه‌یاڵکردنی مرۆڤی ئێمه بوون.
هه‌ر ده‌لاله‌تێک دیاری بکه‌ین بۆ ڕه‌سه‌ن بێگومان له دۆخی بێسه‌روبه‌ری ئێسته‌ی گه‌عده و سێکسیزمی مۆسیقایی میدیاکان و میزاجی تێکچووی کورده‌واریی به‌شیکی زۆری کۆمه‌ڵگادا ده‌لاله‌تێکی به‌رز و باڵایه، ئه‌گه‌رچی به دڵنیاییه‌وه لێره‌دا من ته‌نها ویستم بۆ ڕێزی ده‌یانی وه‌کوو ڕه‌وانشاد تاهیر خه‌لیلی، جه‌ماڵ موفتییه‌کان، ناسر ڕه‌زازییه‌کان و…هتد. سه‌روپێیه‌ک له باسه‌که بشکێنم و به‌س و زۆری به به‌ره‌وه ماوه.