“پێشەکی”
چین وەک دووەم گەورەترین ئابووری لەسەر ئاستی جیهان، بەشێوەیەکی چڕ بەدوای گەشەپێدانی ئابووریدا خۆیدا دەگەڕێت، لە ڕێگەی ستراتیژی فرەلایەنەوە کە ئامانجیان ڕاکێشانی وەبەرهێنان و پێشخستنی بەکارهێنانی ناوخۆییە. ئابووریی چین یەکێکە لە بەهێزترین و ئاڵۆزترین سیستمە ئابوورییەکانی جیهان، دوای دامەزراندنی کۆماری گەلی چین لە ساڵی 1949دا چین سیستمێکی بازرگانی و ئابووری و پیشەسازی لە شوێنکەوتنی سۆسیالیستدا دامەزراند، لە ساڵی 1978ـەوە چین هەنگاوی بەرەو کرانەوەی ئابووری ناوە، بە تێکڕا گەشەی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی 10٪ بووە، نزیکەی 800 ملیۆن کەسی لە هەژاری ڕزگار کرد، لە ساڵانی دواتردا چین گەشەسەندنێکی ڕوونی لە بواری خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان و خزمەتگوزرییەکانی تری بەخۆیەوە بینیوە، چین لە ئەمڕۆدا وڵاتێکی داهات مامناوەندە و بەپێی پێوانەی وڵاتانی داهات مامناوەند هێشتا زۆر کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدان، بەمەش هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەو لاوازیە دەدرێن، بە تایبەتی ئەو هاووڵاتیانەی کە لە ناوچە شارستانییەکان دەژین.
ئەم بابەتە بەدواداچوون بۆ دەستپێشخەرییە سەرەکییەکان چین دەکات بەتایبەت لەڕووی ئابوورییەوە، هەروەها پێشهاتەکانی جیهان لەم دوو ساڵەی ڕابردوو لە ڕووانگەی پەکینەوە گەنگەشە دەکات، دواتر تیشک دەخاتە سەر تەحەددیات و وەڵامەکان بۆ بوژانەوەی ئابووری بەتایبەت لە دوای کاریگەرییەکان کۆڤید-١٩.
“ڕاکێشانی سەرنجی دونیای دەرەوە”
پەکین کاردەکات بۆ ئەوەی سەرنجی دەوڵەتانی جیهانی بەڵای خۆیدا ڕابکێشێت بەتایبەتی لە ڕێگەی بەستنی کۆنفرانس و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی لە باری ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان، بۆ دەستەبەر کردنی دەستکەوتی سیاسی و ئابووری. هاوکاری دۆستانە لە نێوان هەندێک لە وڵاتانی جیهان بەرەو پێش چوونێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیووە، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەش لە دوا لوتکەی عەرەبی-چینی زۆر بە ووردی باسیکرا کە لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ لە ڕیاز بەڕێوەچوو.
چین لەو بڕوایەدایە بەرەو پێش بردنی ئاستی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، بازرگانییەکانی لەگەڵ دونیای دەرەوە دەرئەنجام و دەستکەوتی جیهانی گەورە بۆ خۆی دەستبەر دەکات، بەتایبەت لە ئێستادا کە پەکین کار دەکات بۆ هێنانە کایەی سیستەمێکی ئابووری چینی لە بەرامبەر ئەو سیستەمەی کە ڕۆژئاوا کە ئەمریکا ڕێبەرایەتی دەکات. بەم جۆرە پەکین دەتوانێت ڕۆڵی پردی پەیوەندییە سیاسی، بازرگانی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان ببینێت لەنێوان کیشوەرەکان. (https://shorturl.at/cuwNQ)
“ئامانجە بەرفراوانەکانی چین لە چوارچێوەی گەشەپێدانی ئابووری”
بەشێوەیەکی گشتی پەکین لە ڕووی ئابوورییەوە کۆمەلێک ئامانجی هەیە لەسەر ئاستی ستراتیژییەتی (کورت مەودا، مامناوەند، درێژ مەودا)، بۆ ئەم مەبەستەش پەکین کار لەسەر هێزی ئابووری دەکات وەک ئامرازێکی نەرم بۆ گەشەپێدان و بڵاوکردنەوەی مۆدێلێکی تایبەت بۆ جیهان. لەم ڕووانگەیەشەوە ئامانجە گشتگیرەکانی گەشەپێدانی ئابووری پەکین لەم خاڵانەی خوارەوە کورت دەکرێنەوە:-
- ڕاکێشانی وەبەرهێنان دەرەکی بۆ ناوخۆیی چین لە پێناو کردنەوەی زیاتری بازاڕە ئابوورییەکەی و پەسەند کردنی ئەو سیستەمە ئابوورییەی کە هەوڵی بۆ دەدات، بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی سیستەمی ئابووری ڕۆژئاوا. بەپێی ئامارەکان قەبارەی بازرگانی نێوان چین و ئەفریقا لە ماوەی ٦ مانگی ئەمساڵدا بریتییە ١٤١ ملیار دۆلار. (https://shorturl.at/xGN79 )
- بەرەوپێشبردنی بەکاربردن لە ئاستی ناوخۆییدا، ئەمەش ئامانجێکی بنەڕەتییە بۆ پابەندبوونی وڵاتەکە بە گەشەی ئابووری بەردەوام و یەکگرتنی جیهانی.
- دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکان و کردنەوەی بازاڕ، کردنەوەی وردە وردەی بازاڕەکان بەڕووی وەبەرهێنەرانی بیانی و سووککردنی سنووردارکردنی خاوەندارێتی بیانی، ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی چینە بە یەکگرتنی ئابووری جیهانی. لەم چوارچێوەیەشدا چین کۆمەلێک پڕۆژەی ستراتیژی گەورەی جیهانی ڕاگەیاندووە کە دەتوانرێت وەک بنەمای بازاڕیکی ئابووری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت لە داهاتوودا. پەکین پڕۆژەی پستێن و رێگا و بان لە سەر ئاستی جیهان وەک پڕۆژەیەکی ستراتیجی بەدی دەکرێت. کۆی ئەو قەرزانەی کە چین لە چوارچێوەی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگاوباندا پێشکەشی دەکات لە تریلیۆن دۆلار تێدەپەڕێت، کە نزیکەی ٨٠٪ی ئەو قەرزانە دەدرێت بەو وڵاتانەی کە بەدەست کێشەی داراییەوە دەناڵێنن، ئەمەش وایکردووە دەستپێشخەرییەکە ببێتە گەورەترین کۆکەرەوەی قەرز لە جیهاندا. (https://shorturl.at/fpvAT )
- وەبەرهێنانی ژێرخانی، گرنگیدان بە پڕۆژە ژێرخانییەکان، مێژوویی چین بە پڕۆژەی ژێرخانی بەرچاو نەک تەنها چالاکیی ئابووری هان دەدات بەڵکو دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ هەردوو لایەنی ناوخۆیی و بیانی دروست دەکات.
- گۆڕانکاری و مۆدێلی گەشەی بەکاربردن، گۆڕینی ستراتیژی حکومەتی چین لە گەشەی هەناردەکردن و وەبەرهێنانەوە بۆ مۆدێلێک کە بەهۆی بەکارهێنانی ناوخۆییەوە پەرەی پێدەدرێت، گرتنەبەری ئەم جۆرە سیاسەتەش ئامانجی زیادکردنی داهاتی ناوخۆ، بەهێزکردنی تۆڕەکانی سەلامەتی کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی ئابوورییەکی بەکاربەرە.
“تەکنەلۆجیا و داهێنان وەک بوارێکی وەبەرهێنان”
تەکنەلۆجیا و داهێنان وەک دوو چەمکی بەیەکەوە بەستراو لە رووانگەی پەکینەوە بەدی دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش وەبەرهێنانی گەورە لە توێژینەوە و پەرەپێدان بەدی دەکرێت کە جەخت لەسەر خواستە جۆراوجۆرەکانی چین دەکاتەوە بۆ ئەوەی ببێتە پێشەنگی جیهانی لە بواری تەکنەلۆژیا و داهێناندا. دەستپێشخەرییەکانی ڕاکێشانی کۆمپانیا بیانییەکانی تەکنەلۆجیا و هاندانی داهێنانی ناوخۆیی بەشێکی سەرەکی ستراتیژییەتی پەکین پێکدێنێت لەم بوارەدا.
“ئاستەنگە ئابوورییەکانی بەردەم چین”
دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخی کە لە دەرئەنجامی کاریگەرییە نەرێنییەکان ڤایرۆسی کۆرۆنای کۆڤید ١٩ تووشی ببوو خەریکە دۆخەکە لەڕووی ئابوورییەوە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چین ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵنگاری دەبێتەوە، لەوانە:-
- پرسەکانی وەک ناڕەحەتی بازاڕی خانووبەرە کە پەیوەندی بە ناجێگیریی لە نرخەکانەوە هەیە. بێگومان چالاکیی لاواز لە کەرتی نیشتەجێبوون، یەک لە هۆکارەکانی لاوازی گەشەی ئابوورییە. ئەمە زەبرێکی زۆری لە ئابووری داوە، چونکە نیشتەجێبوون و پیشەکانی پەیوەندیدار، یەک لەسەر سێی بەرهەم و داهاتی ناوخۆیی پێکدێنێت.
- مەترسییەکانی قەرزی حکومەتی ناوخۆیی بەتایبەت لەسەردەمی کۆڤید ١٩ کە دەوڵەتی بەرەو رووی قەبارەیەکی زۆری قەرز کردەوە.
- گرژیی و ناکۆکییە جیۆپۆلیتیکییەکان لەسەر ئاستی جیهان بەتایبەت لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا یەکناگرێتەوە لەگەڵ ئامانجە ئامانجە ئابوورییە لەسەرخۆکانی چین کە زیاتر پەیوەستن بە هێزی نەرم.
- لاوازکردنی متمانەی بەکاربەر و وەبەرهێنەرانی بیانی، چاودێریکردنی گەورەوەبەرهێنەرانی بواری تەکنەلۆژیا کە دوو ساڵە درێژەی هەیە، ئەنجامی خراپی لێکەوتووەتەوە. هۆڵدینگی چینی (تێنسێنت) و کۆمپانیای (عەلی بابا) یەکەم کەمبوونەوەی قازانجی خۆیان لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، راگەیاند.
قازانجی هەر دوو کۆمپانیاکە بە رێژەی 50٪ کەمیکردووە. دەیان هەزار کرێکاری گەنج بێکاربوونە و ئێستا لە هەر پێنج کەسی 16 بۆ 24 ساڵان، یەکیان بێکارە. ئەمە لە درێژخایەندا، زیان بە گەشەی ئابووری چین دەگەیەنێت. وەبەرهێنەرانیش هەست بە گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی پەکیندا دەکەن. بەشێک لە سەرکەوتووترین کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی چین هاوکات لەگەڵ زیاتربوونی دەسەڵاتی (شی جین پینگ)، چاودێری زیاتریان خراوەتەسەر. بەو هۆیەی ئێستا لە چین، پشتگیری زیاتر لە کۆمپانیا حکومییەکان دەکرێت، وەبەرهێنەرانی بیانی پارەی خۆیان دەکێشنەوە. (shorturl.at/eglzL)
هەموو ئەو ئاڵنگارییانە بەیەکەوە بەشدارن لەوەی ئابووری چین لاواز بکەن یان تواناکانی سنووردار بکەن بۆ ئەوەی نەتوانێت ئەو ئامانجە بەرفراوانە ئابوورییانە بەدی بێنێت کە کاری بۆ دەکات.
“دەرئەنجام”
لە کۆتاییدا، دیمەنی ئابووری دینامیکی چین ڕەنگدانەوەی بەدواداچوونی ستراتیژی ئامانجەکانی گەشەپێدانە لە نێوان تەحەددیاتی جیهانیدا. لە کاتێکدا دەستپێشخەرییەکانی ئێستا جەخت لەسەر کراوەیی، داهێنان و گەشەکردن بە سەرکردایەتی بەکاربردن دەکەنەوە، وەڵامەکانی ئەم دواییە بۆ ئاستەنگە ئابوورییەکان جەخت لەسەر گونجاندنی سیاسەتەکانی چین دەکەنەوە. لە کاتێکدا وڵاتەکە بەرەو ئاسایی بوونەوەی دۆخی کۆڤید-١٩ دەڕوات، ڕۆڵی وەبەرهێنانی بیانی و بەکارهێنانی ناوخۆیی و ئامرازە داراییە داهێنەرەکانی وەک بۆندەکانی پاندا بەردەوام دەبێت لە داڕشتنی ڕێڕەوی ئابووری چین لەسەر شانۆی ئابووری جیهانی.