بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٩دا مارتن سکۆرسێزیم بینی، ئەو کاتە ئیدیتەر بوو لە بەرنامەی وودستۆک. ئەو یەکێک بوو لە جدیترین کەسەکان کە تا ئێستا ناسیومه منداڵێکی پتەو، شلەژاو لە ئیتاڵیا بچووکەکەی نیویۆرکەوە کە یەک فیلمی درێژی دروستکردبوو و خەونی ئەوە بوو ڕۆژێک ببێتە دەرهێنەرێکی گەورە. پێنج ساڵی دەویست. یەکەم فیلمی Who’s That Knocking at My Door بوو. کەشفکردنی بەهرمەندێکی گەورەی وەک ئەو لە فێستیڤاڵی فیلمی شیکاگۆ لە ساڵی ١٩٦٧ بوو. چیرۆکی فیلمەکە نیمچە ژیاننامەیی گەنجێکی ئەمریکی ئیتاڵی بوو، تەمەنی بەرەو بالخبوون دەچوو؛ ستایش و خەڵاتی بۆ سکۆرسێزی بەدەستهێنا، بەڵام بەمە هیچ کارێکی نوێی بەدەست نەهێنا، ئەو بە مۆنتاژکردن وانەوتنەوە و کارە نامۆ پشتی بەخودی خۆی بەست. ئەو شەوەی چاوم پێی کەوت، چووینە ئیتاڵیا بچووک و شەرابی باردۆلینۆمان خواردەوە و ئەویش باسی ئەو پڕۆژانەی کرد پێشکەشی دەکرا.
دواجار یەکێک لە کارەکانی وەگرت-فیلمێکی ڕۆجەر کۆرمان کە بودجەیەکی کەمی بۆ تەرخان کردبوو بە ناوی Boxcar Bertha وە – چونکە پێویستی بە دووبارە دەرهێنانەوە بوو. سکۆرسێزی پێی وتم: ” کۆرمان پێی وایە فیلمێکی کەم بودجەیە”. “بەڵام من پێموایە شتێکی تر دەبێت.” ئەو ڕاست بوو، بەهرەکەی وایکرد فیلمەکە بەرهەم بهێنرێت کە باربارا هێرشی و دەیڤید کارادین ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕا، باشتر لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا. فیلمەکە کاری زیاتری بۆ هێنا. لە ساڵی ١٩٧٣، بە بودجەیەکی کەم بەڵام لەگەڵ ئازادی هونەری تەواو، ئەو Mean Streets ی دروست کرد، کە درێژەی فیلمی Who’s That Knocking بوو. شاکارێکی دڕندە، بە ئازار، قوڵ و واتادار. لە ساڵی ١٩٧٤ سەرکەوتنی گەورەی لە ڕەخنەگران و بۆکس ئۆفیسدا بەدەستهێنا، بۆ فیلمی Alice Doesn’t Live Here Anymore، کە ئیلین بێرستین خەڵاتی ئۆسکاری تێدا بەدەستهێنا. سکۆرسێزی دامەزرا، ” پەسندکراوی بانک” بوو. فیلمە نوێیەکەی ڕۆژی هەینی لە هۆڵی مەکلۆرگ کۆرت، گوندی لینکۆڵن و پێنج شانۆی دەرەوەی شار نمایش دەکرێت، ئایە Taxi Driver ی ڕۆبێرت دی نیرۆ-گەڕانەوەیەکی تووندوتیژ و ترسناکە بۆ نیویۆرک لە فیلمی Mean Streets. وا پێدەچێت سەرکەوتنێکی دیکە سکۆرسیزیی بێت. من و سکۆرسێزی لە سەردانەکەی هەفتەی ڕابردوودا بۆ شیکاگۆ بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ یەکترمان بینی و دواتر چاومان بە پۆڵ شرایدەر نووسەری سیناریۆی فیلمی Taxi Driver کەوت. ئەوان بە تەواوی پێچەوانەی یەکتر بوون، شرایدەر، پرۆتستانتێکی ناوەڕاستی ڕۆژئاوا کراس و بۆینباخێک و بلوزێکی خووری لە بەردا بوو، سکۆرسێزی ئەمریکی-ئیتاڵی نیویۆرک بوو کە کابۆیەک لەبەردا و سمێڵی دانابوو. بەڵام لە ساڵی ١٩٧٢ەوە پێکەوە کاریان لەسەر ئەم سیناریۆیە دەکرد.
سكورسيزی:- چونکە تووندوتیژییەکی زۆر لەم فیلمەدا هەیە، هەندێک لە ڕەخنەگران نیویۆرک بە فیلمێکی کەم تێچوو ناوی دەبەن، من مایە پووچ بووم لە دروستکردنی ئەم فیلمەدا. لە ئێستادا، فیلمەکانم پارەیەکی زۆریان بەدەست نەهێناوە. من بە تێچوو فیلمی داهاتوو مەسرەف دەکەم.
شرایدەر:- ئەگەر فیلمێکی کەم تێچوو بێت، خۆزگە هەر کاتێک پێمان دەگوترا هەرگیز بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتوو نابێت دۆلارێکمان لابدایە. ئەم سیناریۆیە لەلایەن هەمووانەوە ڕەتکرایەوە.
سكورسيزی:- ئێمە پیشانی هەندێک لە پەروەردەکارانی میدیای نیویۆرکمان دا، پێم وابوو لە سێدارەمان دەدەن. ئێمە پیشانی هەندێک لە سەرنووسەر و خوێندکارمان دا، یەک کەسی ژیر لەوێ بوو لە کاتی نمایشکردنی فیلمی Alice دا ناسیمەوە. پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا دوای هەموو سەرکەوتنەکانت، خەریکە شکست دەهێنیت. جارێ لە سەرەتای دەست پێکردنمام.
شرایدەر:- ئێمە بەنزیکەی هیچ کاردانەوەیەکی دروستمان دەست ناکەوێت ڕاستەوخۆ دوای نمایشکردنەکە. وەڵامدانەوەی دەستبەجێکان بەزۆری خۆڕسک و توڕەیە. بەڵام ئەگەر ئەم فیلمە مشتومڕی لەسەر نەبووایە، شتێکی هەڵە لە وڵاتەکەدا بوونی دەبوو.
ئیبێرت:- ئەم کارهکتەرە چیمان پێدەبەخشێت، دی نیرۆ کە لە شوێنێکی نادیارەوە دەرکەوتووە-ئێمە هیچ پاشخانێکی ئەومان دەست نەکەوێت و تاکسییەک لە نیویۆرک لێدەخوڕێت و لە کۆتاییدا تێدەگەین کە شڵەژانی دەروونی هەیە، هەموو ئەو تووندوتیژی لە خۆیدا کۆکردۆتەوە.
سكورسيزی:- دووبارە و سێبارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە تووندوتیژی لێیە. یەکێک لە ڕەخنەگرەکان، پێموایە ئەندرۆ ساریس بوو، وتی چەندجار دەتوانیت شەقامی ٤٢ وەک میتافۆرێک بۆ دۆزەخ بەکاربهێنیت؟ بەڵام ئەوە شتێکە بە دۆزەخ بەسراوەتەوه و بەردەوامی هەیە. ناتوانێت لێی دەربچێت، بەڵام تۆ ڕاست دەکەیت کە پێت ناڵێین لە کوێوە هاتووە یان چیرۆکەکەی چییە، دیارە لە شوێنێکەوە هاتووە و لە ڕێگادا ڕووبەڕووی ئەم کێشانە بۆتەوە.
شرایدەر:- من بەو شێوەیە نووسیم، دوای بیرکردنەوە لە شێوازی مامەڵەکردنیان لە فیلمی In Cold Blood. هەموو شتێکتان پێدەڵێن دەربارەی پێشینەی پێری سمیس، چۆن پەرەی بەکێشەکانی داوە، یەکسەر سەرنجڕاکێشیەکەی کەمتر دەبێت چونکە کێشەکانی ئەو کێشەی تۆ نین، بەڵام نیشانەکانی نیشانەی تۆن.
ئیبێرت:- پاولین کایل وتوویەتی کە سکۆرسێزی، ڕۆبەرت ئاڵتمان، فرانسیس فۆرد کۆپۆلا سێ دەرهێنەری سەرنجڕاکێشن لە ئێستای وڵاتەکەدا و کە لەوانەیە بەهۆی کاسۆلیکییەکەیانەوە بێت، کە دوای ئابڕوچوونەکەی واتەرگەیت، میللەت هەست بە جۆرێک لە تاوانباری دەکات و پێویستی بە جۆرێک لە قەرەبووکردنەوە و کاسۆلیکەکان لە تاوان تێدەگەن بە شێوازێک کە ئەوانی تر نایکەن، وەک ئەوەی ئەوان لەسەری پەروەردە بوون.
سكورسيزی:- تاوان هیچ شتێک نییە کە بتوانیت پێم بڵێیت دەربارەی تاوان.
شرایدەر:- من زۆر تاوانی پرۆتستانتیم هەیە.
سكورسيزی: ئیتر ناتوانیت فیلم دروست بکەیت کە بۆ هەموو وڵاتەکە مانای هەبێت (بێکێشە بێت). دوای ڤێتنام، دوای واتەرگەیت، تەنها شتێکی کاتیە؛ ئەوە شتێکی هەمیشەییە کە وڵاتەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت. هەموو ئەو شتانەی کە بە پیرۆز دەمانزانی- هەموو ئیمپراتۆریەتی کات-ژیان لە پڕ نەمان باشە، هێشتا کات ماوە.
ئیبێرت:- لە زۆرێک لە فیلمەکانتدا، ئەم هەڵوێستە دووفاقییە هەیە بەرامبەر بە ئافرەتان. پیاوان سەرسامن بە ژنان، بەڵام بە تەواوی نازانن چۆن پەیوەندییان لەگەڵدا ببەستن.
سكورسيزی:- *ئاڵۆزی مادۆنا. تۆ بۆ ئەوە پەروەردە بوویت کە ژن بپەرستیت، بەڵام نازانیت چۆن لە ئاستی مرۆیی یان سێکسی لێیان نزیک بیتەوە. ئەوە شتێکە، حاڵەتێکە لە تراڤیسدا، کارەکتەری دی نیرۆ لە شۆفێری تەکسی. ئەو کچەی کە دەکەوێتە داوی خۆشەویستییەوە، کارەکتەری سیبیل شێپەرد، بەڕاستی گرنگە کە ئەو کچە قژ زەرد بێت، شاجوانی چاو شینی بێت.
شرایدەر:- لە خوداوەندێکەوە دەبێتە خوداوەندێکی منداڵ. ئەو لەشفرۆشە دوانزە ساڵ و نیوەی کە هەوڵی ڕزگارکردنی دەدات-تەنانەت ئەویش ناتوانێت نزیک ببێتەوە.
سكورسيزی: کچەکە مۆمەکانی لە ژووری نووستنەکەیدا داگیرسانووە، ئەو وەک کەسێکی پیرۆز وایە بۆ ئەو. ناتوانێت بە خەیاڵیدا بێت، ئەم گەوادانە بەو شێوەیەی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. پێش ئەوەی بچێت تۆڵەی بۆ بکاتەوە، وەک ئەوە وایە بەنزیکەیی خۆی لە گوناح پاک بکاتەوە، وەک لە فیلمی The Virgin Spring کە ماکس ڤۆن سیدۆ بە قامچی شێلاق (جەڵد)ی خۆی دەکات بە لقی دارێک، پێش ئەوەی بچێت دەرێ بۆ تۆڵەسەندنەوەی مردنی کچەکەی.
شرایدەر:- لە ڕاستیدا ئەو گرتەیەمان لە فیلمەکەدا هەبوو، بەڵام دەرمانهێنا. تراڤیس پێش ئەوەی بە دەمانچەکانیەوە بچێتە دەرەوە بە خاولی خۆی شێلاق کرد. ئێمە ئەو گرتەیەمان لابرد چونکە کەمێک زۆرەملێ و ناسروشتی دەرکەوت.
سكورسيزی: بەڵام شتە کاسۆلیکییەکە؟ پێم وایە ئاماژەکانی کاسۆلیک ناو فیلمەکە زۆرن، تەنانەت ئەگەر تەنها ئاماژەی کەسی خۆم بن. وەک ئەو ساتەی پێش ئەوەی بچێتە دەرەوە بۆ کوشتنی گەوادەکە گوڵەکان دەسوتێنێت. کاتێک دەمانچەکان لە فرۆشیارەکە دەکڕێت یەک لە دوای یەک دەیخاتە سەر قیفەکە، وەک ڕێکخستنی قوربانگاکە (مێحراب) لە کاتی ئاهەنگ گێڕانی مەسیحییەتدا.
شرایدەر بۆ چاوپێکەوتنێکی دیکە ڕۆیشت و من و سکۆرسێزیش بەردەوام بووین، گفتوگۆکەمان لە ژووری هۆتێلەکەدا: پاکەتێکی گەورەی بسکیتی ئیتاڵیای لێبوو (“دایکم ئەوانی ناردووە، دەیزانی منیش بیری ماڵەوە دەکەم”) و کۆمەڵێک لە نوێترین ژمارەکانی گۆڤارەکانی فیلم. سکۆرسێزی لەم دواییانەدا هاوسەرگیری لەگەڵ نووسەرێکی سەربەخۆ کرد بە ناوی جولیا کامیرۆن، خەڵکی لیبرتیڤیلە، ئەو شەو ئەویش پلانی ئەوەی هەبوو ژەمی ئێوارە لەگەڵ ماڵە خەزوورانە نوێیەکەیدا بخوات. پێی وابوو ئەو پاکەتە بسکیتە لەگەڵ خۆی دەبات.
ئیبێرت:- باست لەوە کرد کە لە سەر بودجهی فیلمی داهاتوو مەسرووف دەکەیت.
سكورسيزی: ناوی فیلمەکە New York, New York کە. ڕووداوەکانی فیلمەکە باس لە ساڵانی چل و پەنجاکان دەکات، باس لە گرووپە گەورەکانی موزیک دەکات. لیزا مینێلی ڕۆڵی گۆرانیبێژ دەگێڕێت و دی نیرۆ دەبێتە هاوسەری. فیلمێکی میوزیکاڵی نییە؛ فیلمێکە کە مۆسیقای تێدایە. ئەو پێناسەیەم لە بیلی وایڵدەرەوە وەرگرتووە، کە وتی ناتوانیت ناوی لێ بنێیت ژانرایەکی میوزیکاڵی چونکە ئەگەر ئەکتەرەکان لە دۆخێکدا گۆرانی بڵێن کە چاوەڕێی ئەوە لێناکرێت کە گۆرانی ببێژن. ئەوە لەبارەی تێکچوونی پەیوەندی هاوسەرگیرییەکەیانەوە، باس لە کێشە و پەیوەندییەکانی نێوانییان دەکات.
ئیبێرت:- ئایا ڕوانگەی فێمینیست وەردەگرێت؟ خەڵکێکی زۆر فیلمی Alice Doesn’t Live Here Anymore وەک ڕوانگەیەکی فێمینیستی وەردەگرن.
سكورسيزی:- باشە، باس لە کێشەکانی پڕۆسەی هاوسەرگیری دەکات، نازانم فێمینیستە یان نا. لە ڕاستیدا، ئەلیس نا، بەڵکو شۆفێری تەکسی- ئەمە فیلمی فێمینیستی منە. کێ دەڵێت فیلمێکی فێمینیست دەبێت لەسەر ژن بێت؟ هەرگیز مەبەست نەبووە ئەلیس وەک پانتاییەکی فێمینیست نیشان بدەم. لە کۆتاییدا، ئەلیس هەمان هەڵەکان دەکات. یەکەم گرتە لە ماڵی کریس کریستفێرسۆندا دەردەکەوێت کە قاپەکان دەشوات. گرتەیەکی کلۆزئەپی گەورەیە.
ئیبێرت: لە Taxi Driver دا، پاڵەوانەکە ناتوانێت پەیوەندی ببەستێت لەگەڵ ژناندا بە هیچ شێوەیەک.
سكورسيزی:- فێمینیست. چونکە پرسی نێرینەگەر دەخاتە بەر دەرئەنجامی لۆژیکیی: باشتر پیاوی ئەو پیاوەیە کە دەتوانێت بتکوژێت. ئەمیش ئەو جۆرە بیرکردنەوە ئەو جۆرە کێشەیانە نیشان دەدات کە هەندێک لە پیاوان هەیانە، لە نێوان خوداوەندەکان و قەحبەکاندا دەگەڕێن. تەواوی فیلمەکە لەسەر بنەمای بینینی یەک گرتە دامەزراوە کەتێک کوڕەکە لەلایەن کچەکەوە لە تەلەفۆنەکەدا ڕەفز دەکرێتەوە و لە ڕاستیدا کامێراکە لێی دوور دەکەوێتەوە. زۆر بە ئازارە ئەو ڕەتکردنەوە ببینیت.
ئیبێرت:- فیلمەکە پێشکەشکراوە بە بێرنارد هێرمان، گەورە ئاوازدانەری فیلم، دوای تەواوکردنی مۆسیقای فیلمکە کۆچی دوایی کرد.
سكورسيزی: خودایە ئەوە ترسناک بوو، یەکسەر دوای ئەوەی زۆر دڵخۆش بوو، گەڕایەوە هۆلیوود، ئۆرکێسترایەکی تەواوی هەبوو، خەڵکی بۆی دەچەمانەوە، هەندێک پارچە موزیکی جازی بەرهەمهێنا، پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەو ڕۆژە تەواو بکات. پێم گوت هەفتەی داهاتوو بیکەین، چونکە ماندوو دەرکەوت. گوتی: “نا، با ئێستا بیکەین.” ئەوەش لە ٢٣ی کانوونی دووەمدا بوو. بەیانیەکە ڕۆژی دوای ئەوە، ڕۆژی کریسمش، بە مردوویی دۆزرایەوە. ئەو یەکشەممەیە من و جولیا بە فڕۆکە ڕۆیشتین بۆ شیکاگۆ بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بکەین.
ئیبێرت:- ویستم پرسیار لە دیمەنە تووندوتیژەکان بکەم، ئەو دیمەنانەی کە. تراڤیس تووشی شۆک دەبێت و دەست دەکات بە تەقەکردن.
سكورسيزی: ئێمە ئەو گرتانەمان بە جوڵەی خاو گرت. لە چل و هەشت فریم لە چرکەیەکدا دووەمیان کە دوو هێندەی بیست و چوار فرەیمی ئاساییە و، بێگومان ئەگەر دوو هێندە خێراتر گرتەی بگریت و بە خێرایی ئاسایی پرۆژەی بە نیوەی خێرا بەر دەستمان دەکەوێت.
ئیبێرت: ئەمەش ئەوەیە کە هەمووان پاشەکشێ لە بەکارهێنانی جوڵەی خاوەوە (سلۆمەوشن).
سكورسيزی: ڕاستە لە دیمەنە تاوانکارییەکاندا، جوڵەی خاو(سلەومەوشن)ی قۆڵەکانی دی نیرۆ، ئێمە ویستمان بە نزیکە لە دڕندەیەک بچێت، ڕۆبۆتێک، کینگ کۆنگ دێت بۆ ڕزگارکردنی فەی ڕەی. شتێکیتر: هەموو گرتە کلۆزەپەکانی دی نیرۆ کە دیالێکتی تێدا نییە وێنەیان بە چل و هەشت فرەیم بۆ لە چرکەیەکدا گیراوە – بۆ ئەوەی کاردانەوەکانی دەربهێنێت و زیادەڕەوی بکات. چ ئەکتەرێکە، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر تەکنیکێکی لەو جۆرەدا ئەوەندە گەورە دەربکەوێت! من خۆم ئەو هەموو گرتانەم گرتووە، تا بە چاوی خۆم بزانم چ جۆرە کاردانەوەیەکمان بەدەست دێت.
ئیبێرت:- تەواوی فیلمەکە زۆر ستایلدار و دەربڕینخوازانەیە. دیمەنەکان پارچە پارچە دەکەیت بۆ وردەکاری زۆر سەرنجڕاکێش، ڕەنگەکانت کۆنتڕۆڵ دەکەیت بۆ ئەوەی هەستێکی دیاریکراو بەدەست بهێنیت، ڕووناکیەکی گەشاوەی هەیە.
سكورسيزی:- پاشان خوێندمەوە کە من واقیعبینم، سرووشتناسێکم، کەسێک فیلمەکەی بەراورد کرد بە Shoeshine بەڕاستی من حەزم لە نیگایەکی واقیعی نییە بە هیچ شێوەیەک، هەرگیز نا. هەموو فیلمێک دەبێ بەو شێوەیە دەرکەوێت کە من هەستی پێدەکەم.
ئیبێرت:- خوێندمەوه کە دی نیرۆ بەڕاستی تاکسی لێخوڕیوە بۆ ئەوەی خۆی بۆ ئەم ڕۆڵە ئامادە بکات.
سكورسيزی:- بەڵێ، چەند شەوێک لەگەڵیدا ئۆتۆمبێلم لێخوڕی. هەستێکی سەیر و سەمەرەی پێگەیشت کاتێک خۆی خستە ئەو باروو دۆخەوە. بە تەواوی ون بوو. خەڵک هەر شتێکیان دەگوت، لە کورسی پشتەوە هەر شتێکیان دەکرد، وەک ئەوە وابوو کە ئەو بوونی نەبێت. لە کۆتاییدا کابرایەک سواری تەکسییەکە دەبێت، ئەکتەرێکی پێشوو، کە ناوی لەسەر مۆڵەتەی شۆفێرییەکە دەبینێت دەیناسێتەوە. دەڵێت: “ئەی خوایە، ساڵی ڕابردوو خەڵاتی ئۆسکارت بەدەستهێنا و ئێستا جارێکی دیکە تاکسی لێدەخوڕیتەوە.” دی نیرۆ ئاماژەی بەوەکرد، تەنها بەدواداچوون دەکات، ئەکتەرەکە دەڵێت: بەڵێ بۆبی. “دەزانم. منیش لەشوێنی تۆیا بووم”.
دوای ئەوەی فیلمی Mean Streets بڵاوکرایەوە، وتارێکم نووسی و وتم کە سکۆرسێزی چانسی ئەوەی هەیە لە ماوەی دە ساڵ یان زیاتر ببێتە فێلینی ئەمریکی. جارێکی تر، دوای بڵاوکردنەوەی وتارێکەم یەکترمان بینی، مارتی بە جدی و نیگەران دەرکەوت: “بەڕاستی پێتوایە دە ساڵ دەخایەنێت؟”
تێبینی
*ئاڵۆزی مادۆنا : کۆمپلێکسی مادۆنا- لەشفرۆش مەیلی هەندێک لە پیاوانە بۆ پۆلێنکردنی ژنان وەک ژنانێکی بەنرخ قورس ، یان وەک “زۆر ئاسان سەرجێگییا لە گەڵ دەکرێت”، یان لەڕادەبەدەر شەهوانین و لەشفرۆشی بێ بەهان.
سەرچاوە کتێبی:
Roger Ebert – Scorsese by Ebert (2009) page 42 to 47
https://www.google.com/search?q=roger+ebert+and+martin+scorsese+photo&sca_esv=581158237&rlz=1C1KNTJ_enIQ1064IQ1064&tbm=isch&sxsrf=AM9HkKnTBrergCiU4TqwImEbrMvUiDijUw:1699613125902&source=lnms&sa=X&ved=2ahUKEwi7x_-koLmCAxVDQ_EDHWrWDycQ_AUoAXoECAIQAw&biw=1368&bih=761&dpr=2#imgrc=HzSdDzm01b9vMM
وەرگێڕانی: هۆگر جەزا