ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان بە (دەسەڵاتی چوارەم)ئەژمار دەکرێن و چاودێرن بەسەر دەسەڵاتەوە لەپێناو پێشخستنی وڵات و كۆمەڵگەدا، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان كاتێ قەیران و كێشە روو لە وڵات دەكات، هەندێك لە (رۆژنامەوانانی كوردستان!)دەبنە تابووری پێنجەم و ورەی خەڵکی دادەبەزێنن و ترس و نیگەرانی لەناو خەڵکیدا بڵاو دەكەنەوە.
ئەوانەی لە پیشەی ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندندا کار دەکەن و بە (دەسەڵاتی چوارەم)ناودێر كراون، كارەكەیان گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە لە بنیاتنانی وڵاتدا، بۆیە ڕۆڵی میدیاكاران دوای ڕۆڵی سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادوەری دێت. پیشەی ڕۆژنامەنووسی، هەوڵ و ماندووبوونە، چالاکییە، پیشەی گەڕانە بەدوای راستی و پێشینەی ڕووداوەکاندا و پەخشكردنیەتی بۆ بینەر و بیستەر و خوێنەر، ئەمەش بەشدارییە لە بنیاتنانی وڵات و كۆمەڵگە بە شێوەیەکی دروستی شارستانی.
لە ڕێگەی کارکردن لە بواری ڕۆژنامەوانی و لێکۆڵینەوەیی و بەدواداچوون و گەڕان بەدوای ڕاستییەکان، بۆ گەیاندنی بە لایەن و كەسانی پەیوەندیدار، نەک بۆ ناوزڕاندن، میدیاكارانی کوردستان چەندین شەهید و قوربانییان داوە، بەڵام لەسایەی دۆخێكی ناهەمواری رۆژنامەنووسی و و ئەو ئاژاوەیەی لێرەولەوێ بڵاو بووەتەوە، دەبێ هەڵوەستەیەک بكەین لەسەر ئەوانەی ناسنامەی رۆژنامەوان بۆ دژایەتیی وڵات و میللەتی خۆیان بەكار دەهێنن. هەڵبەتە ئەوانە لە پەیام و پیشەی راستەقینەی رۆژنامەوانی بەدوورن و خزمەت بە كوردستان و نەتەوە و كۆمەڵگە ناكەن، چونكە رۆژنامەنووس دەبێ دەسەڵاتی چوارەم بێت نەك تابووری پێنجەم.
خاڵی لێکچوون و نزیکی لەنێوان دەسەڵاتی چوارەم و تابووری پێنجەم وەک جیاوازیی نێوان خۆشەویستی و ڕق وایە، تابووری پێنجەم لە دژی وڵات و نەتەوە و كۆمەڵگە كار دەكات و بۆ بەرژەوەندیی دوژمنان دەخرێتە گەڕ، بەڵام دەسەڵاتی چوارەم ئەركێكی زۆر گرنگی هەیە لە پێشخستنی وڵات و پێشكەوتنی كۆمەڵگە و دۆزی نەتەوە و بنیاتنانی نیشتماندا، لێ بەداخەوە لە باشووری كوردستان هەندێ جار هەندێ میدیا و رۆژنامەوان رۆڵی تابووری پێنجەم دەگێڕن نەك دەسەڵاتی چوارەم.