ئەقڵی ژن و پیاو هیچ جیاوازییەکی نییە و ئێستاکە توانایی بە زاناییە. ئاستی خوێندەواری و زانایی ژنیش چووەتە سەر، بەڵام پچڕاندنی زنجیرەکانی نەریت و کولتووری چەند هەزار ساڵە کارێکی سادە و ساکار نییە و پێویستی بە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتییە لە کولتووری کۆمەڵگەدا (تلوعی،٢٠٠٥: ٢٢٠)، دیارە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی بەهێز سەرەتا لەکاری فیکریی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییەوە دەست پێدەکات، چونکە هیچ پرۆسەیەکی(سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی) بێ تێگەیشتن و فیکری کامڵ بەرهەمی نابێت. لەبەرئەوە ژن ئەگەر نەیتوانی بیریار بێت، پێویستە ڕووناکبیر بێت، ئەگەر نەیتوانی ڕووناکبیر بێت، پێویستە هۆشیار بێت یان لانیکەم فێرخواز بێت، دەنا مامەڵەکردن لەگەڵ فاکتەرەکانی دیکەدا گران لەسەری دەکەوێت (ساڵح،٢٠١٣: ٢٤٠)، نووسین و بەرهەمی بیری ژنان لە سەدەی هەژدە و نۆزدەوە وێڕای بەربەست و داب و نەریتە باوە سەپاوەکان دەرکەوت، ژنان دەستیاندایە نووسین و خوێندنەوە و هاتنە گۆڕەپانی نووسین و بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕ و تێڕوانینی خۆیان لەمەڕ پرس و بابەتە جیاوازەکان و بەرەنگاری بەکەمڕوانین و لەقاڵبدانی تواناکانی ژنان بوونەوە و هەوڵیاندا بۆ شکاندنی ئەو بەربەستە کولتوورییە ڕزیوو و بەبتبوو و ستەمگەرانەی بە درێژای دیرۆک و تا ئیستاش ڕێگرن لە خستنەڕووی توانای ژن.
ئەگەر نووسین و ئەدەبیات چالاکییەکی داهێنەرانەی مرۆیی بێت ئەوا بەرهەمی بیری ژنانیش بەشێکن لێی. بەو پێیەی ئەدەبیات ئاوێنەی ناسنامە و فەرهەنگ و مێژوو و پێشینەی گەلانە، بەرهەمی بیری هەر نووسەرێک هەڵقوڵاوی ڕامان و ئەزموون و هزرین و جیهانبینییەتی، کە چەندین ئامانجی دیار و نادیاری لەخۆیدا هەڵگرتووە، دەکەوێتە ژێرکاریگەریی ژینگەی ژیان و سیستەم و ستراکتۆری کۆمەڵایەتی و کولتووری کۆمەڵگەوە. شایانی باسە ئەدەبیاتی ژنان تەنیا ئەدەبی نووسراوی ژن نییە، بەڵکو بەرهەمی بیری پیاوانێکی بیرڕوونی زۆریشی تێدایە، کە پێش ئەوەی ژنان بێنە مەیدانی نووسین و تا ئەم ئانوساتەش لەمەڕ پرسەکانی ژنان نووسیوویانە و دەنووسن. هەرچەندە بەرهەمی بیری ژن لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا کەمڕەنگە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئازادی، هەژموونی پیاوسالاری، بوونی لەمپەر و بەربەستی زۆر، هەروەها پەراوێزخستن و کۆت و بەندکردن بەهۆی نەریتی باو و سەپاوەوە. بێگومان وەها کۆمەڵگەگەلێک زمانەکەشیان نێرانەیە و ناتوانێت وێنای ڕاستەقینەی ژن پیشان بدات، لەبەرئەوە بوونی زمانێکی ژنانە و قەڵەمی ژن و گوزارشتکردن لە خودێتی و خواست و بوون و بارودۆخیان و گەڕانەوەیان لە پەراویزەوە بۆ ناوەند ئێجگار بایەخدارە.
لە سەردەمی هاوچەرخدا بەهۆی بەرفراوانبوونی دەرفەتی خوێندن و کەمبوونەوەی سنووربەندی و ڕێگرە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان بۆ ژنان، ژمارەی ژنە نووسەر و شاعیرەکان پتر بوون، زمانێکی ژنانە لە ئەدەبیاتدا دەرکەوت، ئەم زمانەش تەنیا مانای نووسین نییە دەربارەی ژن، بەڵکو دەرکەوتنی هزری ژنانە لە داڕشتن و چنینی وشەکان و شیکار و شرۆڤەی بابەتە جیاوازەکاندا (فاتحی و اخلاصی، ١٣٩١: ١٠٨)، هەر لە سەردەمانی هاوچەرخدا نووسەرە فێمێنیستەکان لەو باوەڕەدان کە پێویستە ئەدەبیاتێکی نوێ لەسەر بنەمای ئەزموونەکانی ژن دروست ببێت و شرۆڤە بکرێت، ئەوان لە هەوڵدان تا دەستیان بگات بە ئەدەبیاتێکی ژنانە، ئەدەبیاتێک کە تێیدا ژن و گێڕانەوە لە لایەن ژنانەوە و ژنانە بەرهەم بێت و ببێتە هۆی هاتنەکایەی زاراوەی نوێ (السادات حسینی،١٣٩٥: ٢١)، بەمپێیە مۆدێرنیتە بەو هەموو کێشە و ڕەخنەیەی کە لەسەریەتی، کاریگەری زۆری لەسەر ژنانی جیهان بووە.
دیارە ژنان هەرگیز نەیانتوانیوە بگەنە ئاستی ئەوەی بەشی ڕاستەقینە و یەکسانی خۆیان لە ژیاندا بەدەست بهێنن، بەڵام بارودۆخیان لە چاو زەمەنی پێش مۆدێرندا زۆر گۆڕاوە. بزووتنەوە فێمینیستەکان، ئاڵوگۆڕێکی زۆریان لە ڕەوتی هەنگاوهەڵگرتنی ژنان بەرەو گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان پێکهێناوە و ئەم بزوتنەوەیە بە شێوەی جیاواز هەموو شوێنێکی جیهان و هەموو وڵاتێکی گرتووەتەبەر (تلوعی،٢٠٠٥: ١٣٥)، چونکە مێژووی ئەدەبیات تا دوو سەدە لەمەوبەر مێژووی نێرینە و ئەدەبیاتەکەشی پیاوسالارانە بووە، هەوڵی ئەدەبیاتی فێمێنیستیش بەگژاچوونەوەی ئەو دەرکەوتە ئەدەبییە بووە. ژنان لە بەرهەمەکانی خۆیاندا پەرژانە سەر هەڵاواردنی ڕەگەزی، خستنەبەرباسی ئازار و کۆژانەکانیان و داوای مافەکانی خۆیان دەکرد و لەبەرامبەر ئەو هەموو نادادپەروەریی و چەوساندنەوە و قەیرانانەدا کاردانەوەیان پیشاندا و چەندان بەرهەمیان لەگۆشەنیگای ڕەخنەییەوە لەسەر کۆمەڵگەی پیاوسالار نووسی و هاوارە کپکراو و قسە نەگوتراوەکانی خۆیان و دەنگی سەربەخۆیی و ئازادی ژنیان وێناکرد و تاڕادەیەک سەرکەوتووش بوون (بابایی فرد و زارع پور، ١٣٩٨: ٤٧)، لەبەرئەوە تەفسیری ژنان وەک بوونەوەرگەلێکی جودا و سەربەخۆ لە پیاوان و لەبەرچاوگرتنی مافە پێشێلکراوەکانیان هۆکاری شێوەگرتنی ئەدەبیاتێکی تایبەت بوو، کە هاوکات لە تێکۆشاندایە بەدوای بەدەستهێنانی مافە لە دەستچووەکانیان و نادیدەگرتنی کەسایەتی سەربەخۆییان.
ئەگەرچی کۆمەڵیک دژی چەمکی ئەدەبیاتی ژنانن و لەو بڕوایەدان کە ئەدەبیاتی ژنان بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە پەیکەربەندی ئەدەبیاتیدا بوونی نییە، بەڵام ژمارەیەکی دیکە ئەدەبیاتی ژنان بە شێوازێکی نوێی نووسین دادەنێن کە پیویستە بەهەند وەربگیرێت (غلامحسینی و حسینی،١٣٩٢: ٤٩٣)، ئاشکرایە ئافراندن و نووسەربوون بوێریی و هۆشیاریی دەوێت. هەربۆیە کۆمەڵگەیەک ژن تێیدا چەوساوە و ناهۆشیار و بەشخوراو بێت کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووە و ناهۆشیاریش بەرهەم دەهێنێت. لەو کۆمەڵگە و وڵاتانەی بوونەتە کارخانەی لەباربردنی خەونی جوان، ئافراندن تێیدا بەرهەم نایەت، بەرهەمهێنانیش تێیدا ئیستهلاکییە (ساڵح،٢٠١٣: ٢٦٦)، لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا لەگەڵ پەرەسەندنی بزوتنەوە ففێمینیستییەکان زۆرێک لە بیرمەندان پەرژانەسەر بابەت و چۆنیەتی ژنانەنووسی و بەرهەمی بیری ژنان، یەکێک لەو تیۆرستانەش “هێلینا سیکسۆسی” ژنە فەیلەسووف، ڕەخنەگر، شانۆنامەنووس و فێمێنیستی فەرەنسییە، کە پتر لە چل کتێب و سەدان وتاری نووسیووە. پێگەیەکی باڵای هەیە لەنێوان تیۆرستان و بیرمەندانی زانستە مرۆڤایەتییەکاندا، گرینگترین کتێبی (پێکەنینی مێدوسا)یە لەساڵی ١٩٧٦ نووسیوویەتی. “درێدا” لەو باوەڕەدا بوو “هێلینا” مەزنترین نووسەری هاوچەرخی فەرەنسییە. ئەم ژنە بیریارە خاوەنی تیۆری (نووسینی ژنانەیە) کە بەشێکە لە گوتاری فێمێنستی و مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هەندێک پشتیوانیان لێکرد و هەندێکی دیکەش دژی وەستانەوە. زۆرێک لەو چەمکانەی کاری لەسەرکردوون (ئەویتری، خەساوی، نەست، مەرگ، چەپاندن، ئازادی و …هتد) هەروەها لێکۆڵینەوە سەبارەت بە پەراوێزکەوتووان و پەراوێزنشینانی کۆمەڵگەوە. بەرهەمی بیری “هێلینا” وەک ژن نووسەر و چالاکەوانێکی دۆزی ژن و ڕەخنەگرێکی فێمێنستی، نموونەیەکی دیاری هەوڵی ڕۆشنبیرانەیە بۆ بەگژداچوونەوەی گوتاری هەڵاواردنی ڕەگەزی، دەسەڵاتخوازی، پیاوسالاری، داگیرکاری و کاپیتالیزم.
شێوازی نووسین دەرهاویشتەی هزر و قوڵایی بیرکردنەوە و ئەزموونی ژیانی نووسەر و پیشاندەری دونیابینی و چۆنیەتی تێگەیشتنیەتی لە بوارە هەمەچەشنەکانی ژیاندا و تاڕادەیەک دەتوانین بڵێین نووسین پێناسەی کەسایەتی نووسەر دەکات، هەرچەندە هەندێکجار بەپێی قۆناغ و گۆڕانکارییەکانی ژیان و کۆمەڵگە گۆڕان بەسەر هزر و ئەندێشەیدا دێت، نووسینیش پانتاییەکی فراوانە و نووسەران پەیوەست نین بەیەک شێوازی تایبەتی دەق و نووسینەوە”(کۆمەڵێک نووسەر، ٢٠٠٩: ١٤٥)، ئەگەر لە ڕوانگەی دۆرکهایمیشەوە بڕوانین کە دەڵێت بیرۆکەکانی تاکەکان بەتەنیا بەرهەمی چالاکییە ئەقڵییەکانی خۆی نییە، بەڵکوو بەرهەمی ئەو بارودۆخ و ژینگە کۆمەڵایەتییەیە کە ئەو بەشێکە لێی، کەواتە ئایا ژنی نووسەری کورد لە کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی کوردی و لە بەرامبەر ئەو هەمووە ئاڵەنگاری و بەربەست و نەریتە ستەمگەرانەدا چۆن بتوانێت نووسەرێکی کارا و خاوەن بەرهەمی بەپێزی بیری خۆی بێت؟ چۆن بەبێ یەکگرتوویی و بە تاک و تەرای دەتوانن بازنەی پەراوێزخستنی لەمێژینە تێک بشکێنن؟ چۆن بتوانن زەمینەی گونجاو بڕەخسێنن لەڕێگەی هەوڵە ڕۆشنبیرییەکانیانەوە بە ئامانجی هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤدۆست و کاڵکردنەوەی هەلاواردنی ڕەگەزی؟ بەوپێیەی گۆڕانی ڕیشەیی و هاتنەدی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و بەهێز پێویستی بەهۆشیاری و تێگەیشتن و هەوڵی هەرەوەزیی تاکەکانیەتی، ژنانیش وەک بەشێکی کۆمەڵگە ئەگەر ئاستی ڕۆشنبیریی و جیهانبینی و تێگەیشتنیان فراوان نەکەن، بێگومان هەردەم ڕووبەڕووی پێشێلکاریی ماف و توانا و خواستەکانیان دەبنەوە و هەمیشە لە پەراویزدا دەبن، بەدڵنیاییەوە دەرچەی سەرەکیی ڕزگاریی ژن ئاگایی و هۆشیارییە لەمەڕ خۆی و کۆمەڵگە و جیهان بەگشتی. چونکە تاکی هۆشیار و چاوکراوە هەمیشە بەدوای ڕزگاری و ئازادییەوەیە، نەک خۆبەدەستەوەدان و ملکەچی زوڵم و نادادی.
نووسین و ئەدەبیات بوارێکی هەستیار و کاریگەر و دیاری گەشەی مرۆڤایەتیی هەر کۆمەڵگەیەکی دیاریکراوە، لەو کۆمەڵگەیانەدا کە دامەزراوە مەدەنی و ڕەوتە فەلسەفیی و ئایدۆلۆژیی و فیکرییەکان نەبوون، یان دواکەوتوون، ئەدەب جێگای پڕ کردوونەتەوە، یان گرتوونەتەوە، لە کۆمەڵگەی کوردیشدا، لەبەر نەبوونی ئەوانەی لە پێشەوە باسکران، ئەدەب ڕۆڵێکی گرینگی لە بانگەشە بۆکردن و گەشەپێدان و بڵاوکردنەوە و بەرجەستەکردنی بوارەکانی دیکەدا هەبووە (حسەین،٢٠١٣: ١٣٥)، بەرهەمی ئەدەبی، یەک جیهانبینی و شێوەی دیتن و هەستکردنی دنیایەکی کۆنکرێت لە مرۆڤەکان و شتەکان بەیان دەکات. نووسەریش کەسێکە کە فۆڕمێکی شیاو بۆ خولقاندن و دەرخستنی ئەم دنیایە دەبینێتەوە (گۆڵدمەن، ٢٠٠٨ :٢٧٧)، لەبەرئەوە بە هەموو پێودانگەکان ئەگەر بمانەوێت لە کێشە و پرسەکانی هەر کۆمەڵگەیەک بدوێین، دەبێت زۆر بەقووڵی ڕۆبچینە نێو ئەدەبیاتی ئەو کۆمەڵگەیە و ئەدەبەکەیمان بەوردی خوێندبێتەوە، وەک چۆن ناسینی گەلێک بێ ئەدەب و فەرهەنگێکی تایبەت بەو گەلە دەبێتە پرۆسەیەکی ئاڵۆز، بەهەمان شێوە کە لە کێشە و پرسی ژنان وەک پرسێکی نێو کۆمەڵگە دەدوێین، دەبێت بگەڕێینەوە پەراوێزی ڕووداوەکان و وێنەی ڕووداو و دیاردەکان لە نێو تێکست و دەقە ئەدەبییەکاندا. لە خوێندنەوەی ئەم دەقانەشەوەیە کە بە واقیع و ناخی کۆمەڵ و کۆمەڵگە و شتە زۆر پەنهانی و شاراوەکان ئاشنا دەبین و دەتوانین هەموو ئەو دەمامکانە دابماڵین کە بە ڕووخساری کۆمەڵگەوەن (حەمەڕەشید،٢٠١٠: ٨٦)،”بیرمەندانیش لەگۆشەنیگای تایبەتی خۆیانەوە لە نووسین و ئەدەبیاتیان ڕوانیووە، لەڕوانگەی “ئۆگست کۆنت”ی کۆمەڵناسەوە، ئەدەب یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی بنیاتی کۆمەڵایەتیی، بەو پێیەی لانی کەم پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی لە نێوان دوولایەندا دروست دەکات، کە دواجار ئەو دوولایەنە، لە پرۆسەی کارلێککردنە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک کارتێکەر و کارتێکراو دەردەکەون و لەسەر بنەمای تیۆرەکانی هێربێرت سبنسەر ئەدەب سەرچاوە و هۆکارێکی گرینگی زیندوو ڕاگرتنی هەر کۆمەڵگایەکە” (حسەین، ٢٠١٣: ١٤٠)، مەدام دی ستایل نووسەری فەرنسیش دەبیژێت: کاریگەریی ئایین، داب و نەریت و یاساکان لە ئەدەبیات و لە بەرامبەریشدا کاریگەریی ئەدەبیات بەسەر ئەواندا ئاشکرایە، ڤلادیمێر ژدانۆڤ لە ساڵی ١٩٥٦دا دەڵێت: ئەدەب دەبێت لە پەیوەندی لێکدانەبڕاوی لەگەڵ ژیانی کۆمەڵایەتیدا، لەسەر پایەی ژێرخانی ئەو هۆکارە میژوویی و کۆمەڵایەتییانەی، کە کاریگەرییان بەسەر نووسەرەوە هەبووە لێی بڕوانرێت (ئیسکاریپ، ٢٠١٨: ٣١). هەر بەوچەشنەی کە نووسەران، شاعیران و ئەدیبان، ژێرخانە هزرییەکانی خۆیان لە ئەزمووەکانی ژیان لە کۆمەڵگەوە وەردەگرن و گۆڕانە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان کاریگەریی لەسەر ڕووبەری فیکرییان دادەنێت، لەهەمان کاتدا نووسین و بەرهەمە ئەدەبییەکانی وەها کەسانێک، لەسەر کۆمەڵگە، کولتووری ئەو کۆمەڵگە و دواتر لەسەر گۆڕانە کولتوورییەکان کاریگەر دەبێت و بەزۆری خۆیشی دەبێتە فاکتەری گۆڕانکاری (بابایی فرد و زارع پور، ١٣٩٨: ٣١).
ژنانەیی و ژنێتی ئەویترییەکە کە دەتوانێت لە ناسین و ڕەخنەگرتن لەدامەزراوە سەرکوتکەر و هەڵاوێرەکاندا ببێتە ڕێنوێنیکەر، لێکۆڵینەوە لە ئەزموونەکانی ژنانیش دەکرێت یارمەتیمان لە ناسینی پرۆسە ستەمگەرانەکان و شێوازەکانی بەرەنگاریی ژنانە بدات. کاتیگۆری(پرس)ی ژنێتی “ژنانەیی” دەلالەتە لەوەیکە ژیان لەپەراوێزدا شێوازە تێڕوانینێک بۆ واقیع دەهێنێتەئاراوە کە تێیدا دەتوانرێت دەستت بە جیهانی ناوەوە و دەرەوەش بگات (محمدی و پاشایی،١٤٠٠: ٣٨٣)، ژنانەنووسیش گوتارێکە بەسەرنجدان لە هزر و ڕەگەز و زمان دەنووسرێت، لەسەر ئەوبڕوایە جێگیرە ئەو سیستمە هێماییانەی کە هەن، هەرچییەک بن ڕەزامەندیبەخش نین. ئەوان سەرسەختانە ژنان لە هەناوی سیستەمێکی سنووردارکەردا دادەنێن کە بوونە بکەری کارایان نامومکین دەکات (آذزری، ١٣٩١: ٣١)، هەروەها ئەدەبی ژنانە جەخت دەکاتە سەر ئەوەی کە پێویستە ئەو ئەدەبەی ئافرەت دەینووسێت، نمایندەی مێینەیی خۆی بکات، واتا مێینەیی وا دەربخات و پیشانی بدات وەک ئەوەی تایبەتمەندی و سیمایەکی ئافرەتانە بێت، لەو بارەیەشەوە بووە خاوەن کولتوورێکی ڕەخنەیی زۆر و کۆمەڵێک ئافرەتی زۆر، ئەوانەی پاڵپشتیان لە پرسی ژن دەکرد، بەشدارییان تێدا کرد و پرسەکە هەر تەنیا لەنێو کولتووری خۆرئاوادا نەمایەوە، بەڵکوو کاری کردە سەر سەرجەم کولتوورە جیهانییەکان و یەکێکە لەگرینگترین ئاڕاستە ڕەخنەییە تازەکان (کۆمەڵێک نووسەر، ٢٠٠٩: ٤٣٥)، بەهەند وەرگرتنی جیاوازییە زمانییەکانی ژنان و پیاوان، لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٦٠ زاینی، لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا و لە بەرەنجامی بەدەستهاتووەکانی توێژەرانی کۆمەڵناسیی زمان و چالاکییە ئازادیخوازەکانی فێمێنیستەکان هاتەئاراوە.
چونکە زمان لەخودی خۆیدا و وابەستەی ڕەگەز نییە، بەڵکو تێڕوانینی بەکاربەرانیەتی وەهایە و ڕەگەزایەتی لەزماندا پەیوەستە بە قۆناغی بە کۆمەڵایەتیبوونی زمانەوە (یونسی، همکارانش، ١٣٩٦: ٩٩)، بۆیە ناودێرکردن و دابەشکردنی نووسین بەسەر نووسینی ژنانە و پیاوانە یاخود هێنانە بەرباسی دەستەواژەیەکی وەک ئەدەبیاتی ژن بە مانای پۆلێنکردن و دابەشکاری ئەدەبیات نییە بەسەر ڕەگەزدا، چونکە نووسین کردە و پرۆسەیەکی مرۆییە، بەڵکو مەبەست لەوەیە بە لەبەرچاوگرتنی جیهانبینی و خودیتی و بارودۆخی ژن بەرهەمی بیری ژنان خاوەن تایبەتمەندی و وردەکاری خۆیەتی، چونکە ئەوەی ژن سەبارەت بەخۆی و هاوچەشنەکانی و دۆز و کۆژان و پەراوێزکەوتن و کۆت و بەندە زۆر و زەوەندەکانی کۆمەڵگەی نەریتی و پیاوسالارییەوە دەینووسێت جیاوازە لەو وێنا و باسکردنەی بە پێنووسی پیاوێک لەبارەیەوە دەنووسرێت و لە دەقەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە.
ئەو هەوڵ و کۆششانەی ژنانی دەستەبژێر و پیاوانی بیرڕوون بوو بەهۆی ڕێگەخۆشکردن بۆ هاتنەئارای گوتاری ژن، ئامانجی ئەم گوتارەش هەوڵی گەڕاندنەوەی شکۆی مرۆیی ژن بوو کە ساڵانێکی زۆر لێی زەوت کرابوو. ئاشکرایە هەر گرۆ و بزاوت و ڕابوونێکی سیاسی- کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خاوەن گوتاری خۆیەتی. گوتار کە بە فەرەنسی پێێ دەگوترێت(دیسکۆرس)، تێگەیەکە لەلایەن فەیلەسوفان و بیرمەرندانی بوار و بابەتە جۆراوجۆرەکانی وەک فەلسەفە، کۆمەڵناسی، زمانناسی و مرۆڤناسی بە بەربڵاوی بەکاردەبرێت. بێگومان مەبەست لە گوتار(دیسکۆرس) وتار (مقالە، Article) نییە. دەتوانین ببێژین سەرەتای دەرکەوتنی زاراوەی گوتار(دیسکۆرس) دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چواردەی زایینی لە وشەی (discurrere)ی یۆنانییەوە وەرگیراوە کە مانای بزوتنە بە دەوروبەردا. گوتار واتا پەیوەندی نێوان زمان و واقیعە کۆمەڵایەتییەکان، یان پەیوەندی پەیڤ و کارلێکە فیکری و کۆمەڵایەتییەکانە کە کۆی چالاکییە سیاسی، کۆمەڵایەتی، زانستی و هونەرییەکانی مرۆڤ لەخۆ دەگرێت. ئەم زاراوەیە دیاردە یان پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە کە خاوەنی بنچینەیەکی کۆمەڵییە. دەربڕینی بیروبۆچوون و پەیڤ و ڕستە و گوزارە و ماناکانیان، پەیوەندی بەوەوە هەیە ئەم زاراوە، چۆن و لەلایەن چ کەسێک و لە چ ساتەوەختێکدا و بەدژ یان بە قازانجی چ کەسێک دەبێت.
ئەم تێگەیە لەلایەن ئەنتۆنیۆ گرامشی(١٨٩١-١٩٣٧)، بە شێوەیەکی لاوەکی و میشێل فۆکۆ (١٩٢٦-١٩٨٤)، بە شێوازێکی ئاشکرا بەکاربراوە*. گوتار هەرجۆرە قسە یان باسێکی نووسراو و بیستراوی زانایانەیە، لەبارەی بابەتە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئەدەبی و مەزهەبییەکان. گوتار کاتێک کە وەکو چەمکێک بەکاردەهێنرێت ئیدی بەو پێناسە گشتگیر و هەمەلایەنە دانامرکێت، بەڵکوو وردتر دەبێتەوە و هەوڵدەدات سەرەتا لەناخی زمان و چییەتی زمان و ڕۆڵی زمانەوە پێناسە وەربگرێت. خاڵی دەستپێکی ڕوانینەکانی شیکردنەوەی گوتار هەمان بانگەشەی فەلسەفی زمانی بونیادگەری و پۆست بونیادگەرییە، واتە ئەوەی دەست پێڕاگەیشتنی ئێمە بە واقیع لە ڕێگەی زمانەوەیە (عەبدولغەفوور، ٢٠١٣: ٢٧)، یان مەبەست لەگوتار (دیسکۆرس)، سیستەمێکی مانابەخشە کە مانا و پێناسەیەکی نوێ بە سەرجەم ڕووداوە فەرهەنگی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەبەخشێت و بە واتایەک دیاردە و ڕووداوەکان لە ڕێگەی گوتارەوە مانا وەردەگرن و دەناسرێن. کەواتە ئەرکی سەرەکیی گوتار، شوناسسازی و مانابەخشینە و لێرەوە گوتار هەوڵدەدات دووبارە و سەرلەنوێ کۆمەڵگە پێناسە بکاتەوە، هەوڵدەدات کۆمەڵگە و شوناسی کۆمەڵگە سەرلەنوێ مانا بکاتەوە و کۆمەڵگە و دانیشتوانی کۆمەڵگە ڕووبەڕووی ئەندێشەیەکی نوێ و جیاواز بکاتەوە (مەحموودی،٢٠٢٠: ٦٠). گوتار قەڵەمڕەوی گشتیی دەستەواژەکانە، چەمک و مانا و ئایدیاکی گۆڕاوە و پانتاییەکی زۆر فراوان دەگرێتەوە، فۆکۆ گوتار بە ئەزموون و بیرکردنەوە دادەنێت، یان دەڵێت گوتار بەمانای سیستەمی نووسینە، کە لەوانەیە نووسراوەکانی چەندین نووسەر لەکات و سەردەمە جیاوازەکان، بە زمانگەلی جیاواز و لە وڵاتی جیاوازدا پێکەوە گرێ بدات. بەمجۆرە نووسراوی ئێرانییەک لە سەدەی حەوتەمدا، نووسراوی ئەمریکییەک لەسەدەی بیستەم و نووسراوی هەر کەسێکی دی لە هەر شوێن و کاتێک کە لەگەڵ یەکتردا هاوبەشی ناوەڕۆکیان هەبێت، سیستەمێکی دیسکۆرسی لەوبارە تایبەتەوە پێکدەهێنن (عەبدولغەفوور، ٢٠١٣: ٣١)، فێرکڵاف پێێ وایە، کە گوتار کۆمەڵەیەکی پێکەوەچنراوە لە سێ ڕەگەز: کردەی کۆمەڵایەتی، کردەی گوتار و دەق، لای سۆسێریش گوتار زمانە لەکاتی بەکارهێناندا و زمانی زارەکییە، بەلای دۆرۆفەوە گوتار ئەو فاکتەرەیە گێڕەرەوە لەڕێگەیەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و جیرار جینێتەش گوتار بە جۆرێکی گێڕانەوە لەقەڵەم دەدات.
هەروەها دکتۆر “سەید عەلی” سەراج لە کتێبی گوتاری ژنانەدا باس لە پێکهێنەرەکانی گوتاری ژنان و سێ قۆناغی ڕەوتی ژنانەنووسی دەکات:-
یەکەم:- قۆناغی هەڵڕشتنی ڕق و تووڕەیی مێژوویی، لەم قۆناغەدا کەشێک ڕەخسا تاکوو ژنان توڕەیی سەرکوتکراو چەپاوی خۆیان هەڵبڕێژن و گرێی بێدەنگی مێژوویان بکەنەوە و مەزڵومیەت و چەوساندنەوەکانیان پیشان بدەن، ئەو بابەتانەی لەم قۆناغەدا باس دەکران، ڕق و کینەی مێژوویی ژن، بێپەنایی، تەنیایی، کێشمەکێشی نهێنی ژن لەتەک کۆمەڵگەکەی خۆیدا، خستنەڕووی بەربەستەکانی بەردەم ژن، نایەکسانی مافە کۆمەڵایەتییەکان، زاڵێتی بیروباوەڕە نەریتی و عورفییەکان، پەیوەندییە خێزانییەکان، کێشە و دژوارییە تایبەتەکانی ژنان وەک دووگیانی، لەباربردنی کۆرپەلە، سووڕی مانگانە و پەردەی کچێنی. کە دەکرێت ئەم قۆناغە لە ئەدەبیاتی ژناندا بە ئەدەبیاتی ناڕەزایی و بەگژداچوونەوە دابنرێت.
دووەم:- قۆناغی دۆزینەوەی خود، لەم قۆناغەدا نووسین و بەرهەمەکانی ژنانی نووسەر ڕوون و ڕاشکاو و خاڵی لە هەرچەشنە سنووربەندییەک لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا وێنا دەکات. ئەو بابەتانەی لە بەرهەمەکانی ئەم قۆناغەدا دەخرانەڕوو بریتین لە: خۆناسین، خۆدۆزینەوە و گەڕان بەدوای خوددا لە بازنەی خێزان و پەیوەندییە خێزانییەکان، ئاشقبوون و گەڕان بەدوای ئەشقدا، باسکردنی مافی هەڵبژاردن، مەیلی نوێبوونەوە، گرنگیدان بە پێویستییە سێکسییەکان، ئازادیخوازی ژنانە لە چیرۆکدا، ژیان بەئارامی لەتەنیشت پیاوێکەوە، وێناکردنی زەینیەتی ڕۆمانسی ژنانە، بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکانی ژنان، بەکاڵاکردنی ژن، لەشفرۆشی ژنان و هەوڵدان بۆ جیاییبەخشین بە ناسنامەی ژنانە.
سێیەم:- قۆناغی سەربەخۆیی، پاڵەوانی ئەم قۆناغە ژنێکە کە ڕێبازێکی فیکری نوێ و گیانێکی ئازادیخوازانەی هەیە. ڕەخنەگرانە و بێباک دەچێتە بوارە کۆمەڵایەتییەکانەوە و دژی سیستمی کۆمەڵایەتی هەبوو ناڕەزایی دەردەبڕێت و یاخی دەبێت و تێدەکۆشێت بۆ گوتنی نەگوتراوەکان. لە دەربڕینی ئەزموونە هەستی و ئاشقانە و جنسیەکانیدا تابوشکێنی دەکات. ڕوانگە و تێڕوانینێکی دیکەی بۆ جەستە و پێویستییە جەستەییەکان و تواناکانی ژنان ڕواننێکی ژنانەی هەیە. هێرش دەکاتە سەر پەیوەندیی نایەکسانی ژن و پیاو و بەشانازییەوە وێڵی دەربڕینی ناسنامە و شوناسی سەربەخۆیانەی ژنانەی خۆیەتی. خواستی نوێبوونەوە و سەربەخۆیی ئابوری و مافی هەڵبژاردنی هەیە.
بەدڵنیاییەوە بارودۆخی ژن بەشێکە لە بارودۆخی کۆمەڵگە، لە کۆمەڵگە ئازاد و شارستانییەکاندا ژن پتر دەتوانێت جێ پەنجەی دیار بێت و بەشداری کایەکانی کۆمەڵگە بکات و ڕۆڵی لە چاکسازی بوارە کولتووری- سیاسی و هزرییەکاندا هەبێت، بەمەش ژیانی خۆی و کۆمەڵگە بەرەو باشتر دەبات، پێچەوانەکەشی ڕاستە. کەواتە ژینگەی ژیان کار دەکاتە سەر بەرهەمی بیری نووسەران و دەبێتە ئاوێنەی پیشاندەری کەتواری کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسی ئەو کۆمەڵگەی تێیدا دەژی. چونکە مەبەست لە نووسین و بڵاوکردنەوە بەزۆری فەرهەنگسازیی و ڕاژەی زمان و شکاریی دیاردە و پەیوەندییەکان و پرسە هەمەچەشن و فرەڕەهەندەکانە و زەمینەسازییە بۆ گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە لە ڕێگەی کاریگەریدانان لەسەر هزری تاکەکان. بەم پێیە هەر گوتارێک بەپێی هەلومەرجێکی دیاریکراو دێتەبەرهەم، کە بەشیکار و شرۆڤە ڕەهەندە فرە لایەنەکانی بارودۆخی ئەو قۆناغ و سەردەمە ڕوون دەکاتەوە، بۆیە گوتاری ژنانیش گەرەکە گوتارێک بێت لە خەمی ئازادی تاک، دادپەروەریی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا بێت و دەستەبەری کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموارکردنەوەی یاساکان و بەشداری کارای ژنان لە گشت ڕەهەندەکانی کۆمەڵگەدا بکات و ببێتە هۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتی.
جێی خۆیەتی بپرسین ئایا گوتاری ژن لە کوردستاندا چۆنە و ڕەنگدانەوەی لە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەدا لە چ ئاستێکدایە؟ بؤچی وێڕای دەستەبەری کەشێکی نیمچە ئازاد لەم پارچەی کوردستاندا و دوای سێ دەیە، هیشتا ڕێژەی سووکایەتی و بێڕێزی بە مرۆڤ و ژن و کولتووری ژنکوژی لە هەڵکشاندایە؟ دەکرێت ببێژین گوتاری ژن گوتارێکی یەکگرتوو و هاوبەشی بەهێزی ژنانە نییە، کە هەموو ژنان بەجیاوازییە هزری و ئایدۆلۆژییەکانیانەوە کۆبکاتەوە و یەک دەست و یەک دەنگ کار بۆ بەشارستانیکردنی کۆمەڵگەی کوردی بکەن، بەڵکو مخابن خۆیان دابەشبوون بەسەر پارت و خێڵ و دەست و تاقمە جیاواز و دژە شارسانییەتەکاندا و بەرهەمهێنەرەوە و درێژەپێدەر و ڕەوایەتی پێدەری هەمان کولتووری دزێو و نەخوازراوی لەمێژینەن، کە ڕێگە خۆشکەری ئەم ئەمڕۆیەیە بەدەستییەوە دەناڵێنین. لەبەرەنجامی نەبوونی یەکگرتوویی و گوتارێکی هاوبەشدا ئەو دەنگە تاک و تەرا ئازاد و بوێر و سەربەخۆیانەش هەبوون و هەن، ناتوانن کاریگەری تەواەتی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی دابنێن.
سەرچاوەکان:
١-لویس گۆڵدمەن. و:هادی محەمەدی (٢٠٠٨)، کۆمەڵگە، کولتوور، ئەدەبیات، چاپی یەکەم، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی.
٢- د.هاڤاڵ ئەبوبەکر حسەین(٢٠١٣)، ئەدەب و ژیانی مەدەنییەت، گۆڤاری زانکۆی سلێمانی، ژمارە ٤٠.
٣- هاوژین حەمەڕەشید(٢٠١٠)، ژن لە جیهانی ئەدەبی شێرزاد حەسەندا، لەبڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی فیکریی و ئەدەبی نما. کوردستان، هەولێر.
٤- ڕۆبێرت ئیسکاریپ. و: هیمداد حسێن و سەنگەر نازم(٢٠١٨)، کۆمەڵناسی ئەدەب، چاپی یەکەم، هەولێر.
٥- د.ڕوئیا تلوعی(٢٠٠٥)، هەرگیز لە ژن بوونم پەشیمان نیم، چاپی یەکەم، دەزگای سەردەم، سلێمانی.
٦- محەمەد ئەلمستاری. و: ئومێد عوسمان(٢٠١٣). سۆسیۆلۆژیای هاوچەرخ لای ئالان تۆرین، سەرچاوە گۆڤاری ئایدیا: ساڵی ٩ ژمارە دوو.
٧- هەژار ئەحمەد عەبدولغەفوور(٢٠١٣). تێزی دکتۆرا لە ئەدەبی کوردیدا، ڕوانینێکی ڕەخنەیی لەسەر نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی کوردی، سکوڵی زمانی زانکۆی سلێمانی.
٨- کۆمەڵێک نووسەر. و:ئیسماعیل، ڕێبین ڕەسوول(٢٠٠٩). لەمۆدێرنیتەوە بۆ پۆست مۆدێرنە، چاپی یەکەم، خانەی وەرگێڕان، سلێمانی.
٩- ئیسماعیل مەحموودی(٢٠٢٠). ڕۆشنبیرانی کورد مەکتەبی ئیستەنبوول حاجی قادری کۆیی و گوتاری تازەگەریی کوردی ناوەندی توێژینەوەی ئەدەبیی عەبدولڕەحمان زابیحی، سلێمانی.
١٠- کازیوە ساڵح(٢٠١٣). ئاسمان لەهەموو شوێنێک شینە، چاپی یەکەم، چاپخانەی ئاراس، هەولێر.
١١- جمال محمدی و لطیفە پاشایی(١٤٠٠). زنان کرد در حوزە عمومی: زمینەها، مولفە ها و فعالیت های تشکل های اجتماعی زنانە، (مطالعە موردی: استان کردستان)، مقالە پژوهشی زن در توسعە و سیاست، دورە ١٩،شمارە ٣.
١٢- اسد اللە بابایی فرد و سرور زارع پور(١٣٩٨). تعامل تغییرات فرهگنی و ادبیات: بررسی سیمای زن در ادبیات فارسی معاصر،فصلنامە تخصصی مطالعات کاربردی در علوم اجتمعی و جامعە شانسی سال دوم، شمارە٤.
١٣- شکوە السادات حسینی(١٣٩٥). زبان و جنسیت در رمان زاکرە الجسد احلام مستغانمی، پژوهش نامە زنان، پژوهشگاه علوم انسانی و مطالعات فرهنگی، سال هفتم، شمارە سوم.
١٤-پروا آذری(١٣٩١). مشخصەهای زبان و روایت زنانە در داستان های نویسندگان زن، کتاب ماه ادبیات، شمارەی ٦١، ص ٢٩-٣٨.
١٥- ابوالقاسم فاتحی و ابراهیم خلاصی(١٣٩١). گفتمانهای اجتماعی زنان در پارادایم سنت و نوگرایی، مطالعە زنان هجدە تا چهل سال شهر شیراز. معرفت فرهنگ اجتماعی، سال سوم، شمارە سوم.
١٦- خوش قدم یونسی و رحمان مشتاق مهر و ناصر علیزادە(١٣٩٦). نشانەهای سبک زنانە در ادبیات داستانی معاصر، ادبیات پارسی معاصر، پژوهشگاه علوم انسانی و مطالعات فرهنگی سال هفتم، شمارە سوم، پایز و زمستان.
١٧-دکتر سید علی سراج(١٣٩٤). گفتمان زنانە، چاپ اول، انتشارات روشنفکران و مطالعات زنان.
١٨-تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان، ماڵپەڕی برادۆست.
https://bradost.net/ferheng/index.