“پێشه‌کی”
تۆڕی میدیایی پانتایه‌کی به‌رینی له چالاکیی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی و کو‌لتووری ئێمه‌دا له‌م ساڵانه‌ی دوایی داگیر کردووه و، جێگه‌ی حاشاکردن نییه که به‌هۆی ماهییه‌تی خه‌مڵێنه‌رانه و نه‌خش و نیگارئامێزانه‌ی میدیا، ژنان و کچانیش زیاتر په‌لکێشی ئیش‌کردن له‌و پانتایه ده‌بن و زیاتریش ده‌رده‌که‌ون. بێگومان کاتێک ده‌ڵێم ماهییه‌تی خه‌مڵێنه‌رانه‌ی میدیا مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه ژن وه‌کوو کائین و کارئه‌کته‌رێک ببینم که میدیا و شاشه‌کانی پێ ده‌خه‌مڵێت و ماهییه‌تی ژنیش هه‌ر ئه‌وه‌یه که میدیا ده‌یه‌وێت، نه‌خێر به هیچ شێوه‌یه‌ک. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که مرۆڤ به‌گشتی و له‌وانه‌ش ژن خاوه‌نی ماهییه‌تێکی دیاریکراو نییه هێنده‌ی که ئه‌و تا کاتی مه‌رگ له پرۆسه‌یه‌کی بگۆڕ و بزۆزی ماهییه‌ت گۆڕی و ماهییه‌ت وه‌رگرتندا ده‌ژی و هیچ شتێکی حه‌تمی و ڕه‌ها و جه‌بریی به‌سه‌ردا ناسه‌پێت، دووه‌میش ئه‌مه‌یه که ئه‌وه میدیایه که وێنه و شوناسی درۆینکه و قه‌ڵب له ڕاسته‌قینه‌ی که‌سایه‌تی و بوونی مرۆڤ به ئامانجی پۆپۆلیستی و مێگه‌لێتی ده‌خاته ڕوو و سه‌ره‌ڕای زۆر ده‌سکه‌وتی ئه‌رێنی و باشه مه‌ترسی و دابه‌زاندنیشی له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه.
پرسیارێکی ئاسایی و ساده هه‌یه که یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی کۆی ئه‌و سیسته‌مه میدیاییه‌یه که له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی و له‌وانه‌ش کوردستان له‌گه‌ڕدایه و ئیش ده‌کات ئه‌ویش ئه‌مه‌یه کام سیسته‌م و ده‌زگای میدیایی له لایه‌ن ژنانه‌وه واته هه‌ر له سه‌ره‌وه‌ی هه‌ڕه‌مه‌که‌وه له لایه‌ن ژنانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت و سپۆنسه‌ر و پشتگیریکاری سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نی هه‌یه و له پێناو ئازاره ڕاسته‌قینه‌کانی ژن له کۆمه‌ڵگای کوردی و هه‌موو هه‌ل و هه‌ڕه‌شه‌کانی به‌رده‌می ده‌رکه‌وتنیان له کۆمه‌ڵگا هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت؟ ئایا یه‌ک تیڤی یان په‌یجی خاوه‌ن ئه‌زموون و جیدی و یان گۆڤارێک بێلایه‌نداریی سیاسیی و له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ژموونی گوتاری پیاوسالارانه بوونی هه‌یه که ببێته تریبۆنێکی ڕاسته‌قینه بۆ خه‌ون و مۆته‌که‌کانی ژنان واته جیهانی ڕه‌ش و سپیی بوونی ئاڵۆز و فره‌جه‌مسه‌ری ئه‌وان؟ که‌واته ئه‌وه‌ی که ده‌ڵێین ژنان ماهییه‌تیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت مه‌به‌ستی باسه‌که‌ی منه نه‌ک ئه‌وه‌ی که خۆیان له ناو هاوکێشه‌ی هه‌ڵبژاردن و ئه‌زموونکردنی ژیانه‌وه ئه‌و وێستگه‌یه تێپه‌ڕێنن و گۆشه‌نیگای خۆیان له که‌ون و گه‌ردوون وه‌ربگرن و ماهییه‌تی بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه و هه‌ڵیوه‌شێننه‌وه و هه‌تا دوایی.
لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئاوڕێکی خێرا له‌و به‌ستێنه کۆمه‌ڵایه‌تی و میدیایییه بده‌مه‌وه که جۆرێک زه‌بروزه‌نگ و تووندئاژۆیی له دژی کچان یان ژنان وه‌کوو ڕۆژنامه‌نووس(پێشکه‌شکار، هه‌واڵنیر و…) به شێوازی جۆراوجۆر به‌رهه‌م ده‌هێنن.
“ڕه‌گه‌زی مێ؛ بکه‌ر یان به‌رکار؟”
ئه‌و بابه‌ته‌ی له سه‌ره‌وه په‌یوه‌ست به هه‌بوونی میدیا له ژێر کۆنترۆڵی ژنان ورووژاندم به‌ده‌ر له مه‌به‌ستی پرسیاره‌که بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی که‌شی زاڵی پیاوسالارانه، هاوکات به‌پله‌ی یه‌که‌م پرسیاریشه له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته که ئایا ژنان بکه‌ر و کرده‌گه‌ران یان به‌رکارو کارپێکراون؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یدا تا ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر ڕوونه هه‌ڵگری ئاڵۆزیی خۆشیه‌تی، له پاش ڕاپه‌ڕین و دواتر له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به به‌ربڵاوبوونه‌وه‌ی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ده‌رکه‌وتنی زه‌ق و دیاری خانمان له‌و پانتایه‌دا تا گوتاری ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی ژنان که هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دا خۆی خۆی بگێڕێته‌وه و خۆی پرسه‌کانی تیۆریزه بکات، هه‌موو ئه‌مانه به‌ده‌ر نه‌بوون له ئیراده‌ی بکه‌رێتی و خواستی کرده‌گه‌رێتی به‌ڵام هاوکات له ناو دا‌و و تۆڕیکی گه‌وره‌ی میدیایی و ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالارانه و هه‌ژموونی نێرسالارانه‌دا پێوه بوون که ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ی چاوه‌ڕوانیمان لێ ده‌کرد “بکه‌ر” بێت له ناو گێژه‌نی به‌رکارێتیدا کارئه‌کته‌ری هاڕدرا و وورده‌ورده ڕاسته‌قینه‌ی مافی ژنان و ژنێتی فه‌رامۆش کرد. به به‌رکارکردنی ژنانی کرده‌گرا و هه‌روه‌ها ژنانی ئاسایی حه‌شیمه‌تێکی گه‌وره له ژنانی فه‌رمانبه‌ر و کارمه‌ندی ژێر ده‌سه‌ڵاتی گوتار و میدیای پیاوسالار دروست بوو که به‌داخه‌وه زۆربه‌شیان له ڕۆڵ و پێگه‌ی پێشکه‌شکار ده‌رکه‌وتوون.
دیاره ئه‌مه‌ش دابه‌زاندنی ئاستی بوون و تاکایه‌تییه‌کانی ژنان بووه، هه‌ست و نه‌ست و دنیای جیاواز و سه‌ربه‌خۆی ژنان بۆ چالاکیی چه‌ند پێشکه‌شکار که به دوای بابه‌تێک ده‌گه‌ڕێن که له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی میدیایه‌کدا سه‌رنجی بینه‌ر ڕابکێشێت و لایک و کۆمێنت به‌رهه‌م بهێنێت، دانابه‌زێنرێت، ئه‌گه‌رچی زۆر پێشکه‌شکار له ڕووی به‌رهه‌مهێنانی ناوه‌رۆک و مانادا خزمه‌تیان کردووه و ده‌یکه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه له بنه‌ڕه‌تدا دووره له دنیابینی و ئیراده‌گه‌رێتی ژنان و پلانێکی ته‌واو بازرگانانه و سێکسیسییانه‌شه (هه‌ڵبه‌ت و به‌دڵنیاییه‌وه نه‌ک هه‌میشه به‌ڵام که‌شی زاڵ ئه‌مه‌یه). ئه‌گه‌ر له به‌رنامه‌یه‌کدا (که به‌داخه‌وه ئێستا ئیتر له به‌رنا‌مه ترازاوه و بوو به یه‌ک پلانی سه‌رتاسه‌ری بۆ زۆربه‌ی په‌یج و که‌ناڵه‌کان) کچه پێشکه‌شکارێک ده‌یه‌وێت له پێناو ڕه‌سه‌ن پیشاندانی ژیانی کۆنی کۆمه‌ڵگای کوردی و ده‌رخستنی ڕه‌سه‌نایه‌تی به مایکێکه‌وه ئاواره و عه‌واداڵی گونده‌کان یان گه‌ڕه‌که کۆنه‌کان ده‌بێت و هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وه‌یه به ئه‌ده‌ب و ئه‌ته‌کێته‌وه ڕایه‌ک یان ده‌ربڕینێک له پیره‌پیاوێک یان پیره‌ژنێک وه‌ربگرێت به‌ڵام ڕووبه‌ڕووی جۆرێک تووندوتیژی یان له ڕوانگه‌ی ئایینی یان له ڕوانگه‌ی نه‌ریتی و عورفییه‌وه ده‌بێته‌وه جگه له میتۆدی سواوی میدیای پیاوسالار و به‌ئامرازکردنی ژنان بۆ به‌رهه‌مهێنانی ناداهێنه‌رانه‌ی ناورۆکی به‌رنامه‌یه‌ک کێ به‌رپرسیاره؟ من نامه‌وێت لێره‌دا هه‌موو شته‌کان به‌سه‌ر ئه‌و جۆره میدیایانه‌دا بشکێنمه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان له به‌رکارکردنی ژنان به‌م واته‌یه بکه‌رن و له بکه‌رخستنی ژنان ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی یان وشیارانه یان ناوشیارانه ده‌گێڕن.
“پێشکه‌شکاران؛ مۆدێلینگ یان ئاخێوه‌ر؟”
بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت له ڕووی ڕواڵه‌ت و سیماوه کچان و ژنانی ئه‌م سه‌رده‌مه جیاوازترن له دایه و دایه گه‌وره‌کانیان، ئه‌مه‌ش سه‌پێنراوی دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی نوێ و هه‌روه‌ها نه‌زمی گشتگیری سه‌رده‌مه، نوکته‌یه‌ک هه‌یه له ئێران ده‌یگێڕنه‌وه ئیدی چه‌ندی ڕاست بێت یان نا کارمان به‌وه‌ی نییه به‌ڵام جۆره ته‌نزێکه بۆ نیشاندانی ئه‌و دۆخه‌ی که به‌سه‌ر ژنان و کچان له کۆمه‌ڵگا ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا هاتووه، “ده‌ڵێن جارێک خانمه هونه‌رمه‌ندێکی ئه‌ورووپی سه‌ردانی ئێران ده‌کات و زۆر شه‌قام و کۆڵانی کۆنی ئێران ده‌گه‌ڕێت و زۆر شوێنی مێژوویی به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، دواتر که ده‌گه‌ڕێته‌وه لێی ده‌پرسن ژنانی ئێرانت چۆن بینی؟ ئه‌ویش ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌مووه مۆدێلینگه‌ی لێ نه‌بایا کۆمه‌ڵگایه‌کی باش بوو”، واته هێنده ڕووخسار و سیمای پێڕاگه‌یشتوو و مه‌کیاجکراوی بینیبوو پێی سه‌یر بوو و وای زانیبوو ئه‌مانه هه‌مووی کاری مۆدێلینگ ده‌که‌ن، ئه‌م دۆخه به‌شێک له‌و زه‌مینه مێژووییه‌ی هه‌ژاریی کو‌لتووری و زه‌بروزه‌نگی مێژوویی له‌سه‌ر مرۆڤی ئه‌م جوگرافیایه پیشان ده‌دات، ئێمه که ڕوخساری دایه‌گه‌وره و داپیرانمان ده‌بینین هێنده‌ی ئازار و ڕه‌نج به لۆچی لاجانگ و ته‌وێڵیانه‌وه دیاره ڕاسته‌وخۆترین ده‌لاله‌ت بۆ روخساریان ماندوویی و شه‌که‌وتی و ئازاره.
ئه‌گه‌رچی ئه‌مه تێکه‌ڵ به شکۆ و پیرۆزییه‌ک ده‌که‌ین، سه‌رنجی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای ژنان و کچانیش ده‌ده‌ین جۆره یه‌کده‌ستی و چوونیه‌کییه‌ک ده‌بینین ڕه‌نگه به ئاسانی نه‌توانین چه‌ند ڕوخساری لێک جیاواز که هه‌ر کامه‌یان به‌پێی ژێنێتیک و تایبه‌تمه‌ندییه جوانیناسانه‌کانی خۆیان بێت دیاری بکه‌ین هێنده له‌ڕێگه‌ی ده‌سکاریکردنه ده‌سکرده‌کانه‌وه به شێوه‌ی نائاسایی ڕوخساریان شێواوه، دیاره کاتێک دیارده‌یه‌کی ئاواهی گشتگیر ده‌بێت به‌و مانایه نییه که دروسته و هاوکاتیش به‌و مانایه نییه که دیارده‌یه‌ک زاڵ بوو ئیتر هه‌موو ده‌رکه‌وته و قورساییه وجوودییه‌کانی ژنان له کۆمه‌ڵگا به‌رامبه‌ر سیفر بکات، کاڵاگه‌رێتی له دونیادا دیارده‌یه‌کی گشتگیره، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا په‌سه‌ندکراو نییه به‌تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و کو‌لتووره نه‌ریت ته‌وه‌ره‌کان، به‌ڵام به‌خۆڕاگه‌یشتن و جوانکاریی به‌شێکه له ناخی ژنان و پیاوان و زۆر ئاساییه خۆیان به جوانترین و شیاوترین و بۆن‌خۆشترین شێوه ده‌ربخه‌ن له کۆمه‌ڵگادا، هه‌موو ئه‌مانه‌م بۆیه ڕست که بڵێم کچانی پێشکه‌شکار له بێنازترین کچانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ن، جۆره ڕۆژنامه‌نووسانێکی ماڵ به کۆڵ و مایک به‌ده‌ستن که ده‌یانه‌وێت خۆیان به کۆمه‌ڵگا و میدیایه‌ک که کاری بۆ ده‌که‌ن بسه‌لمێنن، ده‌یانه‌وێت له پاڵ ئه‌وه‌شدا تۆزه پاره‌یه‌ک په‌یدا بکه‌ن و ئاتاجییه‌کیانی پێ دابین بکه‌ن، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مانیش وه‌کوو زۆربه‌ی زۆری کچان و ژنانی سه‌رده‌می ئێستا زیاتر به خۆیانڕا ده‌گه‌ن به شێوه‌یه‌ک وشیارانه یان ناوشیارانه ڕووبه‌ڕووی جۆرێک ڕه‌تکردنه‌وه و زه‌بر و زه‌نگ و تووندوتیژی ده‌بنه‌وه.
من ئێسته نامه‌وێت نموونه‌ی چه‌ند ڕۆژی پێشووی هه‌ڵوێستی مامۆستاکه له هه‌مبه‌ر ئه‌و کچه هه‌واڵنێره له خۆپیشاندانه‌کاندا باس بکه‌ن به وردی، له ڕووه شه‌خسی و میدیاییه‌که‌یه‌وه بابه‌ته‌که کۆتایی پێ هاتووه و مامۆستاکه په‌ژیوان بوویه‌وه له‌و وته و قسانه‌ی، به‌ڵام له ئاسته کۆمه‌ڵایه‌تیییه‌که‌یدا ئه‌مه ڕووداوێک نییه به ئاسانی به سه‌ریدا تێپه‌ڕین و ده‌بێ وه‌کوو بابه‌تێکی سۆسیۆلۆژی له‌سه‌ری بوه‌ستین و بپرسین بۆچی ئاوه‌ها کرده‌وه‌یه‌ک (هه‌ڵبه‌ت نه‌ک وه‌کوو شه‌خسێک به ناوی فڵانی، به‌ڵکوو وه‌کوو توێژێک به ناوی مامۆستا و له دواجاردا وه‌کوو مرۆڤێک که له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌ژی) له هه‌مبه‌ر ئه‌و کچه هه‌واڵنیره پیشان درا؟ ئه‌گه‌رچی ئێمه ڕوخسار و شێوه‌ی کچه‌کامان نه‌بینیوه به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵوێسته و ئه‌و زمانه ده‌ربڕی ئه‌و جۆره به‌رپه‌رچدانه‌وه نه‌ریتییه‌یه‌یه که له هه‌مبه‌ر کچێک به ڕوخسارێکی ئه‌وڕۆییانه‌وه ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌م نموونه‌یه پێشتریش به جاران هاتووه‌ته ئاراوه و پیره‌پیاوێک له هه‌مبه‌ر وه‌ڵامی کچه پێشکه‌شکارێکدا وتی هه‌موو نه‌هامه‌تی و غه‌زه‌بی دنیا به‌هۆی ئه‌و له‌چکنه‌پۆشی و سه‌رڕووتکردنه‌ی ئێوه‌مانانه و کچه‌که‌ش زۆر به ئه‌ده‌ب و حورمه‌ته‌وه وه‌ڵامی داوه، ده‌مه‌وێت بڵێم؛ هه‌ڵبژاردنی هه‌ر جۆره جلوبه‌رگ و پۆشینێک به‌نده به دنیای تاکه‌که‌سیی خۆمانه‌وه به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا زۆر گرینگ و شایسته‌یه که ژنان و کچان ته‌نها به جه‌سته‌وه خۆیان نه‌ناسێنن و له ئاسته‌کانی ئه‌ده‌بی، ڕۆشنبیری، کۆمه‌ڵایه‌تی و کو‌لتوورییه‌وه خاوه‌ن تێگه و ڕوانگه‌ی خۆیان بن و من پێم وایه له‌م حاڵه‌ته‌دا هه‌ر جۆره ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی ئاوا وه‌کوو ئه‌و نموونانه‌ی سه‌ره‌وه بێته ئاراوه شیوازی دیالۆگێک که خانمێک ده‌یگرێته به‌ر ده‌رگای جۆره گۆڕانکارییه‌کی هه‌ر چه‌نده بچووک یان تێڕامانێکی سووکه‌ڵه له‌و دۆخه ده‌کاته‌وه.
بۆیه ده‌بێت ئاگاداریش بین ئه‌گه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه جیاوازکارانه‌مان نه‌بێت له نێوان ژن و ژنێتی له سه‌رێکه‌وه و مۆدێل و مۆدێلینگ که ته‌نها و ته‌نها جه‌سته و سێکسیزم تێیدا ڕۆڵ ده‌گێڕن، ناتوانین خۆمان یه‌کلایی بکه‌ینه‌وه چ بۆ خۆمان چ بۆ بینه‌ر و به‌رده‌نگ، دیاره مۆدێلینگیش جۆره ئیش و کارێکه و له ئاستی بازاڕ و فرۆشدا ناتوانین به ته‌واوه‌تی ڕه‌تی بکه‌یه‌نه‌وه، به‌ڵام کاری ڕۆژنامه‌نووسی و هه‌واڵنێریی و ئاماده‌یی ڕاسته‌وخۆ له پانتای که‌لتووری گشتیدا له ڕێگه‌ی زمان و ئاوه‌زه‌وه زۆر جیاوازه له‌وه‌ی که ژنێک یان کچێک به ناوی مۆدێلینگ و ڕیکلامی برانده‌وه (که شتێکی باو و ئاساییه له دونیا) ئه‌ته‌کێت و کرده‌وه‌ی نه‌شیاو و دژه‌به‌هاکانی کۆمه‌ڵگا بڵاو بکاته‌وه، چاوخشاندنێکی خێرا به ناو تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌تایبه‌تی تیک‌تۆک و سناپچه‌ت ده‌رخه‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن.
“ئه‌نجام”
ئه‌م ڕاستییانه‌ی که له سه‌ره‌وه باسم کردن ده‌بێت ئێمه ڕێنوێنی بکه‌ن بۆ قبووڵکردنی شایسته و ڕاسته‌قینه‌ی هه‌وڵ و چالاکیی ئه‌و خانمانه‌ی که له بواری سۆشیال میدیادا ده‌یانه‌ویت خزمه‌تێک به کۆمه‌ڵگا بکه‌ن و ده‌نگی ئازار و خه‌م و په‌ژاره‌کانی کۆمه‌ڵگا و هاوکات ده‌نگی به‌ها و نه‌ریت و ڕه‌سه‌نایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بن، ئه‌مڕۆ میدیا گشتییه‌کان و به‌تایبه‌تی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌توانن له ئاستی کو‌لتووریدا نه‌ته‌وه‌یه‌ک ببووژێننه‌وه یان له زۆنگاودا بیچه‌قێنن، هاوکات که ئێمه وه‌کوو پیشه و کارئه‌کته‌ر به‌رگریی له ڕه‌وایی پیشه‌ی پێشکه‌شکاری و ڕۆژنامه‌نووسیی ده‌که‌ین به‌و واتایه نییه که ئه‌وانیش بێژه‌ر و دووپاتکه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک به‌یاننامه و په‌یڕه‌ی لایه‌ندارانه بن، به‌ڵکوو له هه‌موو دنیادا سه‌ربه‌خۆیی و بوێریی و سه‌رکێشیی ڕۆژنامه‌نووس له‌گه‌ڵ هه‌موو زه‌خته ئابووری و کۆه‌مه‌ڵایه‌تی و کو‌لتوورییه‌کان خاڵی به‌رز و دره‌وشاوه‌یه و هه‌ر به‌وه‌ش خه‌ڵاته گه‌وره‌کان ساڵانه له دنیادا پێشکه‌ش ده‌کرێت.
مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه فۆکۆسێک که میدیا و تۆڕه میدیاییه سه‌رمایه‌دار و بازاڕته‌وه‌ره‌کان خستوویانه‌ته سه‌ر جه‌سته و له‌شی ژن ده‌شێت له ڕێگه‌ی زه‌ینییه‌ت و ئه‌قڵییه‌تێکی ڕه‌خنه‌گرانه و سه‌ربه‌خۆ و ژیرانه‌وه لانیکه‌م کاڵ ببێته‌وه ئه‌گه‌ر پووچه‌ڵیش نه‌بێته‌وه و ئه‌مه زه‌مینه‌ساز و ڕێخۆشکه‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی که ئێمه له هه‌ر پێگه و پۆستێک و به هه‌ر پیشه و ئاستێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌وه ڕێز له ناوه‌رۆک بگرین زیاتر تاکوو فۆرم و بیچم، حورمه‌ت بۆ ئه‌قڵییه‌ت دابنێین تاکوو جه‌سته و له‌ش.