دوور نیە حەماس بەو ستراتیژیەتە “بێسەروبەر” ەی کۆتایی بە غەزە بهێنێت
فەلەستینییەکان لە هەرێم و ناوچەکە و جیهان پاڵپشتییەکی بەرچاویان هەیە. هەندێک جار کاریگەری عەرەبی موسڵمان ئەوەندە زۆرە، فەلەستین راستەوخۆ بە باوەڕی موسڵمانان دەبەسترێتەوە، کە ئەمە جۆرە دووڕووییەکی لە نێو موسڵمانان دروست کردووە، کە ئایا بۆ جیاوازی لە نێوان موسڵمانانی کشمیر و کوردستان و ئێراق دەکرێت. واتا بۆ باسکردن لە فەلەستین یان غەزە یەکەم باسە و تا داوای روونکردنەوە نەکەیت لە پاڵپشتی فەلەستین قودس نایەتە بەر باس. خێروسەلام، قودس، ئەوەندی بۆ موسڵمان گرنگە، بۆ زیاتر و بۆ مەسیحیش بەهەمان شێوە، کە شوێنی بڵاوبوونەوەی پەیامەکەیان و ژیانیانە وەکو جوو/یەهوودی سامی. ئەی حەماس لە کوێی ئەو هاوکێشەیەیە کە جیهانی بەسەر سێ بەرەی دژ و لەگەڵ و بێلایەن دابەش کردووە؟
هێرشەکەی ئەم دواییەی حەماس خراپ شکایەوە لە جیهان. بەمە حەماس وا دەکات غەزە تەنیا وەکو یادگارییەک بمێنێتەوە و بە تەواویی داگیر بکرێت. حەماس تاقمێکی مەترسیداری توندڕۆیی بێ دونیابینی هاوچەرخە و زیاتر لە دوژمنەکانی بۆتە بەڵا بۆ فەلەستینییەکان. وەکو چاودێری و تێبینم کردووە، دیارە حەماس لە غەزە کەشێکی سەپاوی ناوەندگەرای خراپیشی دروست کردووە، کەسوکاری قوربانیەکان ناوێرن و دەوروبەریان دەمیشیان دەگرن کاتێک لۆمەی حەماس دەکەن، وێڕای هەواڵی دەستگیر کردن و تۆمەتدانەپاڵییان بەهۆی رەخنە گرتن. دیارە حەماس هەرچۆنێک بێت وەکو پارتێکی کوردی توندڕۆی ئایدۆلۆجی خۆسەپێن، ڕێک پیلانی دوژمنانی جێبەجێ دەکات، کاتێکیش دان بەوە دەنێت وڵاتێکی هەرێمی هاوکاریی کردوون، زیاتر ئەوە دەسەلمێنێت و قوڕێکی خەست بۆ هەموو هەرێمەکە دەگرێتەوە.
لەم سەردەمە و لەو ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییە و لە هەمان کات پێشکەوتنە تەکنەلۆجیایانەی سەردەم، شەڕکردن لەگەڵ وڵاتێکی زلهێز بێسەروبەرییەکی ستراتیژی مەزنە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت مافی ئەوەیان نەبێت، بەڵام لەم هێرشەی دوایی حەماس نەک تەنیا بەرگری نەکرد، بەڵکو رەشبگیریی و کۆکوژیەکی مەزنی هاوڵاتی ئیسرائیلیی و گەشتیارانی ئەو وڵاتەی کرد، کە ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو، ئەوەبوو چەپ و بێ دین و هاوکار و هاوپەیمانانی فەلەستینیان کردنە ئامانج و کوشتیان. حەماس وێڕای رەخنەی ناوخۆ، تێبینی و رەخنەی نێودەوڵەتی زیاتریش بۆخۆی دەهێنێت، وێڕای ئەوەی تێکڕای چەپ و لیبراڵەکانی ئیسرائیل، کە زۆرینەی قوربانییەکان هەر لەوان بوو لە هێرشەکەی حەماس، پێناچێت چیدیکە “شەفاعەت” یان بۆ بکەن.
کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل کێشەیەکی ئاڵۆزە و بە تێڕوانینی جیا، بەردەوام یەک لایان خەتابار دەکرێت نەک هەردووکیان. لە ڕووی مێژووی ئیسرائیل مێژووێکی یەکجار کۆنی هەیە، بەڵام ئیسرائیلی نوێ پێکهاتەیەکی تێکەڵی جووە خۆجێیی و “هاوردە” یان” گەڕاوە”کانە. واتا لە کۆتاییدا وەکو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمان ڕەوایەتی یاسایی هەیە و لە ڕووی مێژوو خاوەنی مێژووێکی قوڵیشە بە پێچەوانەی وڵاتی داتاشراو وەکو ئێران، ئێراق، سوریا و تورکیا، بەڵام ئەمە لە ڕوانگەی ئایینی بە شێوەیەکی دیکە لێکدانەوەی بۆ دەکرێت.
خەڵکی فەڵەستین و ئیسرائیل شایانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەن هەردووکیان دوور لەو توندڕۆ و کۆنەپارێزانەی هەیانن لە هەردووک بەرە. دەشکرێت لە وڵاتێکی هاوبەش شوێنی خۆیان بکەنەوە، وەکو ئیسرائیل و فەلەستین، واقعێکی مێژوو و واقعێکی ئایینی تێکەڵ بە یەک بن و یەکتر قەبوڵ بکەن، نەک مانەوەی خۆیان بە لەناوبردنی بەرامبەر ببەستنەوە، لەوەش مەینەتبارتر، کوردە کە بۆتە هاوکێشە لە کێشەیەک لە کاتێک بە هەموو پێوەرەکان خۆی داگیرکراوە لە ژێر هەژموونی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژهەڵاتی سەفەوی و عوسمانی دایە. هەردووک لای جوو و موسڵمان بە تەواویی دەسەڵاتی یەکتر بەسەر خاکی پیرۆز رەت دەکەنەوە، هەن ئەو جوانەی دژی ئیسرائیلن، هەشن هەر دژی دەوڵەتی خۆیانن، جووش هەن، کە هەر چارەی موسڵمانانیان ناوێ و بەهاوردەیان دەزانن و بە پێچەوانەش هەر ڕاستە.
حەماس کە لە لایەن سۆفییەکان، کە خۆیان بە موسڵمانی ڕاستەقینە دەزانن لە هەرێم و لەگەڵ سەلەفییەکان، کە موسڵمانێک بنچینەیین، حەماس بە کەمتەرخەم و هەراسان کار دەزانن، وێڕای ئەوەش ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە ئەو رەخنەیەیان لەوە گەڵاڵە نەبووە هانی ئیسرائیل بدەن. کاتێکیش حەماس دێت هەژموونی بێ هەڵبژاردنی خۆی بەسەر غەزە دەسەپێنێت، تونێل لێدەدات، چەک لە وڵاتێکی هەرێمی وەردەگرێت و رایدەگەیەنێت، ڕق لە عەرەب رادەگەیەنێت، بارودۆخێکی وەهای دروست کردووە لە عەرەبستان بێجگە لە عەرەبە دژە جووە فاشیست و ئیخوانییەکان پاڵپشتی لە حەماس ناکەن و هەواداریان زۆر کەمتر بووە. ئێستا سەردەمی تەکنەلۆجیایە، نە تاوانی ئیسرائیل دەشاردرێنەوە و نە هی حەماسیش، بەڵام کێشە ئەوەیە قوربانی ناموسڵمان لە موسڵمانستان کەمبایەخ سەیر دەکرێت هەروەکو چۆن کوشتن و کۆکوژی موسڵمان بەدەستی موسڵمان کەمتر بایەخی هەیە بەراورد بە کۆکوژی ڕۆژئاوا بۆ رۆژهەڵات.
بە کورتی، گرنگە کورد خۆیان و لەژێر رۆشنایی کوردبوون، خۆییبوون و ئازادیخوازیی بیر لە بەرامبەر بکەنەوە. واتا کورد پێویستە بەرژوەندئاسا و لێزان و بە شێوازێکی رامیاریی و سیاسیی خۆماڵی دۆست و دوژمنی هەڵبژێرێت. لەوەش گرنگتر ئەوەیە هەرگیز لەسەر هەست و سۆز بڕیار نەدات و قوڵ بێتەوە لێی بە بێ دەستبەرداربوونی بنەما مرۆڤایەتییەکان و کوردییەکان.