یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی (ICL)،لقێکی تاڕادەیەک نوێیە و بەردەوام لە گەشەکردندایە لە یاسای گشتی نێودەوڵەتیدا، دەتوانین مێژووەکەی بگەڕێنینەوە بۆ دادگا سەربازییەکانی “نۆرنبێرگ و تۆکیۆ”، دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی. پێناسە و شیکردنەوەی جۆراوجۆر کراوە بۆ ئەم یاسایە، بە بوارێکی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت، جۆرە ڕەفتارێکی دیاریکراو قەدەغە دەکات، ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن و سزادانی ئەو جۆرە ڕەفتارانە بەڕێوە دەبات، تۆمەتبارانیش بە شێوەیەکی کەسی بەرپرسیار دەکات لە بەرامبەر کارەکانیان.
ئەم لقەی یاسای گشتی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ تاوانە نێودەوڵەتیەکانی وەک؛ جینۆساید، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دوژمنکاری دەکات. یەکێک لە بنەما بنەڕەتیەکانی ئەم یاسایە ئەوەیە، هەوڵدەدات تاکەکان بەرپرسیار بکات لە ئەنجامدانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، نەک بەتەنها وڵاتان یان لایەنەکان. وە هەڵناسێت بە دابینکردنی پارێزبەندی حکومی، بەو مانایەی بەبێ گوێدانە ڕۆڵی کەسێک لە حکومەتی وڵاتەکەیدا، جا باڵیۆزێک بێت یان وەزیری دەرەوە، سەرۆکی دەوڵەت یان سەرۆک وەزیران، دەتوانرێت هەمویان وەک بەرپرسیارێتی تاکەکەسی بە تاوانبار دابنرێن بەپێی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی.
لە نمونەی ئەمە سەرۆکی پێشوی سڕبیا سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ Slobdan Milosevic لە سەردەمی باڵکاندا، لە ساڵانی نەوەدەکان بە تاوانی جەنگ دژی مسوڵمانانی بۆسنە تاوانبار کرا، چونکە لەو کاتەدا بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری کڕواتیا بوو و ڕۆڵی گرنگی لە پلانەکانی شەڕ و سەرپەرشتیکردنی هەبووە، لەبەردەم دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی بۆ یوگۆسلاڤیا دادگایی کرا. بەو واتایەی گرنگ نییە چەندە دەسەڵاتت هەبێت لەوڵاتێکدا، ناتوانیت لە سزا ڕزگارت بێت ئەگەر یاساکانی جەنگ پێشێل بکەیت، یان ئەگەر بەگشتی یاسا نێودەوڵەتیەکان پێشێل بکەیت بەپێی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی. وەک دەزانین یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی لەلایەن دادگاکانی تاوانکاریە نێودەوڵەتییەکانەوە پراکتیزە دەکرێت و دادگایی دەکرێت. دادگای تاوانکاریە نێودەوڵەتییەکانیش دەکرێن بە دوو پۆلەوە:-
- دادگا هەمیشەییەکان؛ دادگای تاوانەکاری نێودەوڵەتی (ICC) تاکە دادگای هەمیشەییە کە لە جیهاندا دامەزراوە. ئەم دادگایە ئەرکی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی کەیسەکانی سەرانسەری جیهانی هەیە، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری سنووردارە بەو وڵاتانەی کە دەسەڵاتی دادوەرییان قبوڵ کردووە. بۆ نموونە ئەمریکا دان بە دەسەڵاتی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتیدا نانێت؛ بەم شێوەیە نە حکومەتەکەی و نە هاوڵاتیانی لە ژێر دەسەڵاتی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتیدا نین.
- دادگا تایبەتەکان یان کاتییەکان؛ ئەم دادگایانە مامەڵە لەگەڵ ململانێ نیشتمانی و نێودەوڵەتییە تایبەتەکان و ئەو تاوانانە دەکەن کە لەلایەن لایەنە چەکدارەکانی بەشداربووەوە ئەنجام دەدرێن. ئەوان ئیختیاری کاتییان هەیە، کە دوای بەدیهێنانی ئامانجەکانیان هەڵدەوەشێنەوە. لە ناودارترین دادگاکاندا دادگای سەربازی نێودەوڵەتی نۆرنبێرگ کە دوای جەنگی دووەمی جیهانی سەرکردە سەربازی و سیاسییەکانی ئەڵمانیای لێپێچینەوە و ئیدانە کرد، هەروەها دادگای سەربازی نێودەوڵەتی بۆ خۆرهەڵاتی دوور بە دادگای تۆکیۆ ناسراوە، سزای بەسەر سەرکردەکانی ژاپۆن دەرکرد بەهۆی تێوەگلانیان لە کارەکانیان دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. لە ئێستادا دادگا تایبەتەکان وەک دادگای تایبەتی لوبنان هێشتا کاردەکەن.
“بەرپرسیارییەتی تاکەکەسی”
کاتێک باس لە بەرپرسیاریەتی تاکەکەسی دەکرێت، تەنها باسی ئەو تاکانە ناکرێت کە تاوانەکەیان ئەنجامداوە، دەکرێت بکرێن بە سێ دەستەی سەرەکیەوە، کە لێرەدا سەرنجیان دەخەینە سەر:-
- تۆمەتبارانی ڕاستەوخۆ؛ هەموو ئەو کەسانەی تاوانی جەنگ یان نایاسایی دیکە ئەنجام دەدەن، زۆرجار پێیان دەوترێت تۆمەتبارانی ڕاستەوخۆ. ئەمانە ئەو سەربازانەن لەژێر فەرمان و کاریگەری کەسێکەوە تاوانەکەیان ئەنجامداوە. وەک ئەوەی زۆرجار گوێمان لە بەرگریەک دەبێت، کە دەڵێت “من تەنها شوێن فەرمانەکان کەوتوم و هیچ بژاردەیەکم نەبوو بۆ هەر شێکی ترسناک ئەنجامم یابێت، چونکە فەرمانم پێکرابوو بیکەم” بەگشتی دادگای تاوانکارییە نێودەوڵەتیەکان ئەم بەرگرییە قبوڵ ناکەن، مەگەر لەژێر بارودۆخێکی زۆر دەگمەندا نەبێت. یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی تەنها سەرنجی لەسەر تۆمەتبارە ڕاستەوخۆکان نییە، زۆرینەی کات دادگا نێودەوڵەتیەکان سەرنجیان لەسەر تۆمەتبارە گەورەکانە، ئەو کەسانەی باڵاترن لە زنجیرەی فەرمانیدا، بەرپرسیارن لە ڕێکخستنی هەر تاوانێکی نێودەوڵەتی کە ئەنجامدراوە.
- ئەو باڵادەستانەی فەرمانیان لەژێر دەستە؛ ئەمانە پشتیوانی خۆیان ئاڕاستە دەکەن تاوەکوو بەژداری چالاکی نایاسایی بکەن، وەک ئەو فەرماندەیەی فەرمان بە سەربازەکانی دەکات کردەیەکی بۆردومانکاری ئەنجام بدەن.
- ئەو کەسانەی لە بنەڕەتدا خاوەن هێزن و ڕێگەیان داوە ئەم ڕەفتارە نایاساییە بەردەوام بێت، کە ئەو بەرپرسە سەربازیی یان حکومیانەن زانیویانە ژێردەستەکانیان کارێکی نایاسایی دەکەن، بەڵام شکست دەهێنن لە وەستاندنیان.
“سەرچاوەکانی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی”
بنەماکانی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی جیاوازن لە بنەماکانی یاسای ناوخۆیی. ئەگەر بێینە سەر سەرچاوەکانی، بەداخەوە یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی دەستورێکی نییە یان کتێبێکی نییە هەموو یاساکانی تاوانی نێودەوڵەتی لەخۆ بگرێت. هەر دادگایەکی تاوانکاری نێودەوڵەتی کە درووست دەکرێت، دامەزراندن و یاسای حوکمڕانی خۆی هەیە، لە بنەڕەتدا ئەو یاسایەیە کە ئەرکی دادگا دیاری دەکات. وە ئەم یاسایانە هەرچەندە زۆر دوور و درێژن بەڵام ڕێژەیەکی کەم لە توخمەکانی تاوانەکان لەخۆ دەگرن، و وەک هەر یاسایەک ناتوانێت پێشبینی هەمووشتێک بکات کە لە دادگا ڕوودەدەن، بۆیە پێویستە پشت بە سەرچاوەی دیکەی یاسا ببەستێت.
“پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان”
پەیماننامەکان لە بنەڕەتدا ئەو ڕێکەوتنانەن کە ماف دروست دەکەن و پەبانەدبوون و ئەرک لەنێوان دەوڵەتەکاندا دەسەپێنن، دەکرێت پەیماننامەی دوو لایەنە بن، لەنێوان دوو دەوڵەت بێت، یاخود لەنێوان دەوڵەت و ڕێکخراوێک بێت. یان دەتوانرێت پەیماننامەی فرە لایەنە بێت لەنێوان کۆمەڵەیەکی گەورەی دەوڵەت، یان کۆمەڵەیەکی گەورەی ڕێکخراو. ئەمانە بەگشتی ئەو پەیماننامانەن یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی سەرچاوەی لێوە وەردەگرێت. وەک ڕێکەوتنامەی جینۆسایدی ساڵی ١٩٤٨، ڕێکەوتنامەی جنێڤ و دەستووری نەتەوە یەکگرتووەکان.
“نەریتی نێودەوڵەتی”
لە بنەڕەتدا ئەو یاسایانەن کە دابونەریتی گەلانن یاخود بەشێوەیەکی گشتی دەوڵەتانن. بۆئەوەی بنەمایەک ببێتە یاسای نەریتی نێودەوڵەتی، دەبێت باوەڕێکی گشتی لەنێوان دەوڵەتەکاندا هەبێت لەسەر ئەوەی کە ئەم بنەمایە یاسایە، و وە دەبێت پراکتیکی دەوڵەت بونی هەبێت. گرنگترین نمونە بۆ یاسای نەریتی نێودەوڵەتی بریتیە لە مەرجی مارتینز بڕگەی چوارەم لە مادەکانی ٦٢، ٦٣، ١٤٢، ١٥٨ لە پەیماننامەکانی ژنێف
“پڕەنسیپە گشتییەکانی یاسا”
دەکرێت سەرچاوەی ئەو پڕەنسیپانە یاسای نیشتمانی یان یاسای نێودەوڵەتی بن، وەک پڕەنسیپی کۆنەکردنەوەی دادوەر و دژ لەیەک کەیسدا، پڕەنسیپی دەستێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتان، پڕەنسیپی مافی چارەی خۆنوسین.
“بڕیاری دادگاکان”
یەکێکی دیکەیە لەو ڕێگایانەی پیشانی دەدات کە یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی جیاوازە لە ڕێسای ناوخۆیی، دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ ئەم یاسایە. هەر کەیسێک یاخود بۆچوونێک کە لەلایەن دادگا تاوانکاریە نێودەوڵەتیەکانی ترەوە یان دادگا نێودەوڵەتیەکانی دیکەوە دەرچووە، پابەندکەر نییە بۆ هیچ دادگایەکی نێودەوڵەتی دیاریکراو، بەڵام قایلکەرن، واتە دەتوانرێت وەک خاڵی دەستپێک دادگاکان بەکاری بهێنن بۆ بڕیاردان.
“بۆچونی یاساناسان”
لەکاتی نەبوونی پێنج سەرچاوەکەی تردا دادگا دەتوانێت بەشێوەی ڕاوێژ سود لە بۆچونی یاساناسان وەربگرێت.
“پڕەنسیپەکانی دادپەروەری و چاکە”
هیچ لادان و سەرپێچیەک نییە بۆ دادگا کە دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر کەیسێک بەگوێرەی پڕەنسیپەکانی دادپەروەی و چاکە، گەر لایەنەکانی داواکە ڕازیبوون. وەک کەیسی نێوان لیبیا و مالتا ساڵی ١٩٨٥ لەسەر داوای هەردوو دەوڵەت.