وەستانێک لەسەر ڕۆمانی قەلەندەر و قەڵا
“وەستانێک لەسەر ڕۆمانی قەلەندەر و قەڵا (قلندر و قلعه)ی یەحیا یەسریبی کە تایبەتە بە ژیانی سوهرەوەردییەوە”
“بەرایی”
یەحیای کوڕی حەبەشی سوهرەووردی، یەکێکە لە حەکیمە گەورەکانی مێژووی ئیسلامی، لێکۆڵەر و نووسەری کورد (یەحیای یەسریبی) هەوڵی داوە لە شێوەی ڕۆماندا ژیانی ئەم حەکیمە کوردە بێنازەمان بۆ بگێڕێتەوە. شێوەی نووسین و بابەتی ڕۆمانەکە زۆر سەرنجڕاکێشە و تا ڕادەیەکی باش نووسەر سەرکەوتوو بووە لە ئاماژەدان بە گۆشەکانی ژیانی ئەم حەکیمە کوردە. لە چەندین جێگەدا ئاماژە بە کوردبوونی سوهرەوەردی دەکات و نکۆڵی لێ ناکات، نووسەر بە وردی هەندێ گۆشەی شاراوەی نێو خەیاڵی خۆی دەخزێنێتە ناو ڕۆمانەکەوە کە خوێنەر ناتوانێ لە نێوان خەیاڵ و کەتواردا (واقیع) ئەوە پەیدا بکاتەوە کە کامە بەشی ڕۆمانەکە خەیاڵییە و کامی کەتواری. ئەمەش مانای زیرەکی و لێهاتوویی نووسەر دەگەیەنێت لەم بارەوە. ئێمە لێرەدا ڕانانێک بۆ ئام ڕۆمانە دەکەین و لە چەند وێستگەدا ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە و ژیانی سوهرەوەردییش بەسەر دەکەینەوە.
“وێستگەی یەکەم”
ئەوەی جێی تێڕامانە کاراکتەری سەرەکی ئەم ڕۆمانە _کە حەکیمێکی کوردە_ ناوی ”یەحیا”یە، نووسەری ڕۆمانەکەش کە کوردە هەر ناوی ”یەحیا”یە، لە نێوان ناوی ڕۆماننووس و کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە لێکچوون و تەناسووبێکی سەرنجڕاکێش هەیە کە نووسەر لە میانەی ئەم نووسینەدا هەوڵیداوە هەندێ لە گۆشەی خەیاڵی خۆی و خەمە تایبەتەکانی خۆی بخزێنێتە ناو ڕۆمانەکەوە. چونکە سوهرەوەردی تەمەنێکی کەمی هەبووە و بە غەریبی و بێکەسی سەری ناوەتەوە ئەوا گۆشەکانی ژیانی زۆر ئاشکرا نییە، لێرەوە و بینا لەسەر ئەو دونیابینییە فراوانەی دەردەکەوێ کە خێرا قۆناغەکانی مەعریفەی بڕیبێت، ئەگەرچی درەنگ ناوی بە هەموو ئێران و جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی ژیانی یەحیای کوڕی حەبەش _کە لێی بێخەبەرین_ ون نەبێ، ناچار “یەحیای یەسریبی” بە سەلیقەی ورد و لێزانانەی خۆی ئەم کەلێنانە پڕ دەکاتەوە.
“وێستگەی دووەم: خەو و خەون”
لێکۆڵەر و کۆمەڵناسی ئێراقی دکتۆر وەردی لە کتێبی (الاحلام بین العلم والعقیدة) بە وردی باس لە ڕۆڵی گەورەی خەو دەکات لە ناو کۆمەڵگەی ئیسلامی و مێژووی مسوڵمانان و دەڵێت:- بە شێوەی گشتی زیادەرۆیی نییە گەر بڵێین هیچ ڕووداوێکی گەورە لە کۆمەڵگەی ئیسلامی ڕووی نەداوە خەوێک لە پشتییەوە نەبووبێ، بۆ نمونە خەوێک دەرگا بەڕووی وەرگێڕانی کتێبە فەلسەفییەکانی یۆنانی کۆندا دەکاتەوە و زۆر شتی دیکەش، لێرەش ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە دەسپێکی ئەم ڕۆمانە بە خەوێکی سوهرەوەردی دەست پێدەکات کە تا دوا چرکەی ژیانی سوهرەوەردی نەخشی یەکلاکەرەوە دەبینێت، ئەمەش شتێک نییە کە نووسەر لە خۆوە دەستی پێکردبێ بەڵکو دیوێکی تری ئەو هەقیقەتەی سەرەوەمان پیشان دەدات.
سەرەتای ڕۆمانەکە لە خەوێکەوە دەست پێ دەکات کە سوهرەوەردی لە خەویا سەیر دەکات باڵێکی هەیە و دەیەوێ بفڕێ بەڵام ناتوانێ، چونکە باڵێکی تری پێوە نییە، هەر دەیەوێ بفڕێ و ناتوانێ، ناچار سەر هەڵدەبڕێ و دەبینێ پیرەپیاوێکی نوورانی باڵەکەی تری بە دەستەوەیە، کاتێ دەیەوێ لێی بسەنێتەوە پیرەپیاو دوور دەکەوێتەوە و بەرە و قەڵایەک دەڕوات، ئەمیش شوێنی دەکەوێت و هاوار دەکات ئەهای پیرەپیاو وەرە و باڵەکەم بدەوە، بەڵام پیاوە دەڕوات و نایداتەوە و بەدەم ئەم خەوەوە و بە دەم عارەقکردن و شڵەژانی زۆرەوە خەبەری دەبێتەوە. دواتر ئەم خەوە بە دایکی دەڵێ و دواتریش بە مامۆستاکەی خۆی، مامۆستاکەی خۆیشی دەینێرێ بۆ لای “خواجە ئەمیر” کە یەکێکە لە زانا و خەوزانەکانی سوهرەوەرد، دواتر خواجەئەمیریش تابێڵی خەوەکەی وا دەکات کە باڵی یەکەم حیکمەتی پەیدۆزییە (الحکمة البحثیة) و باڵەکەی تریشی حیکمەتی چەشەیی (الحکمة الذوقیة)، خواجە پێی دەڵێ تۆ باڵی یەکەمت هەیە و دەبێ خۆت بڕۆیت و ئەم باڵەی ترت پەیدا بکەی تا بتوانی بفڕی. ئیدی جووڵەی سوهرەوەردی لێرەوە دەست پێدەکات تا بتوانێ باڵەکەی تری پەیدا بکات و بیدۆزێتەوە.
لەم گۆشەوە لێکچوونێک هەیە لە نێوان ڕۆمانی مەرگی بچووک لە نووسینی “موحەممەد حەسەن عەلوان” کە تایبەتە بە ژیانی ئیبن_عەرەبی و تێیدا ئیبن عەرەبی بە شێوەی زنجیرەیی بە دوای دینگەکانی خۆیدا دەگەڕێ کە دانە دانە بەدەستیان دێنێ تا بە تەواوی هەر چوار لەتیفەکەی دڵی دەکرێتەوە و بە مەقامی قوتب دەگات. ئەم لێکچوونە زۆر پڕچێژ و سەرنجڕاکێشیشە. لە ڕاستییشدا لای سوهرەوەردی هەرکەسێ بتوانی کۆکەرەوەی هەردوو حیکمەتەکە بێ ئەوا بە مەقامی قوتب دەگات. شەمسەددینی_شارەزووری کە یەکێکە لە قوتابییە بەوەفاکانی سوهرەوەردی دواتر دەڵێ: تەنها کەسێ کە بەم مەقامە گەشتبێ سوهرەووردییە.
“وێستگەی سێیەم: سەفەر بەرەو ئەسفەهان”
سوهرەوەردی پاش ئەوەی لە خۆی تێدەگات و پاش ئەوەش کە دایک و باوکی پەی بە تواناکانی دەبەن بڕیار دەدەن کوڕەکەیان بۆ ئەسفەهان بنێرن، چونکە لەوێ قوتابخانەی باش و مامۆستای باش و کتێبخانەی زۆری لێیە، سا بەڵکو کوڕەکەیان بە ئاواتی خۆی بگات و بە حیکمەت و دانایی قۆناغەکانی گەنجی خۆی پڕبکاتەوە، بەڵام هیوای ئەوەیان پێبوو کە پاش تەواوبوونی دەرسەکانی بێتەوە ناو سوهرەوەرد و لەوێ باقی ژیانی تەواو بکات. هەر بۆیە دایکیشی وەعدی پێدابوو کە پاش تەوابوونی خوێندنەکەی کچی یەکێک لە خوشکەکانی خۆی بۆ بخوازێ، بۆ ئەمەش پەنایان بۆ خواجە_ئەبوبەکر ناوێک برد کە ڕەوانەی ئەسفەهانی بکات، پێشتریش بۆ ماوەیەکی کەم ناردبوویانە مەراغە، بەڵام زۆر لەوێ نەمابوویەوە. دواتر بە هەر حاڵێ بێت ڕەوانەی ئەسفەهانی دەکەن و لەوێ دەست دەکات بە خوێندن و چاوی بە زەهیرەددینی فارسی دەکەوێت و لە بەردەستی ئەودا زانستەکانی لۆژیک و بەلاغە و تەفسیر دەخوێنێ و دواتر قۆناغێکی باش لە فێربوونی زانستەکان دەبڕێت.
“وێستگەی چوارەم: گەڕانەوە لە ئەسفەهان”
سوهرەوەردی پاش خوێندن لە ئەسفەهان دەگەڕێتەوە بۆ سوهرەوەرد و خزم و خوێش هەمووی دێنە پێشوازی و شەوێکی خۆش دەبەنە سەر، خەڵکی هەموو بە سەرسامییەوە لەم گەنجە تازەپێگەشتووە دەڕوانن و هەمووان دۆعای خێر بۆ حەبەشی بابی دەکەن و هیوای ئایندەیەکی باشی بۆ دەخوازن، بەڵام لەوێدا کە سوهرەوەردی ڕوو لە دانیشتوان دەکات و دەڵێ من بە تەمای مانەوە نیم لەم شارە و دەمەوێ بە دوای ئامانجەکەمدا بڕۆم و هێشتا بە ئامانجەکەی خۆم نەگەشتووم هەموان شۆک دەبن و هەندێ لە خزمانیش پێیان ناخۆش دەبێت و هەندێکیش دۆعای خێری بۆ دەخوازن.
“وێستگەی پێنجەم: سەفەر بەرەو زنجان و لادان لە ئاتەشکەدەی شیز”
سوهرەوەردی کە بەرەو زنجان بەڕێ دەکەوێ لە ڕێگەدا چاوی بە کەسێک دەکەوێ کە ئەو کەسە دواتر ڕێنمایی دەکات تا چاوی بە یەکێک لە موغەکانی ناوچە بکەوێ و لەمیانەی ئەم چاوپێکەوتنەدا هەست دەکات دەبێ ماوەیەک لە لای ئەو زەردەشتییانەی ئاتەشکەدەی شیز بمێنێتەوە، سوهرەوەردی لە ئاتەشگە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ موغەکانی ئەوێ دروست دەکات و زۆر پرسیان لەگەڵ شەن و کەو دەکات و ماوەیەکی باش بە عادەتی خۆی لەوێ عیبادەت دەکات و ئەم دژیەکییەشی هەموو دانیشتوانی ئەوێ سەرسام دەکات، ئەوەی کە مسوڵمانێک و فێرخوازێکی زانستی ئیسلامی ئەو عیشق پەیوەندییە زۆرەی هەیە لەگەڵ موغەکان و لەگەڵیان دادەنیشێ و بە شێوەی خۆی نوێژ و عیبادەت دەکات، ئەمەش هەم کێشەساز بوو هەم سەرنجڕاکێش. تا دواجار لەوێ عاشقی یەکێک لە خزمەتکارەکانی ئاتەشکەدە دەبێ کە ناوی (سیندوخت)ـە. _ سیندوخت بە واتای سیمورغ دێ_ خەیاڵی ئەم عیشقەش تا کۆتایی تەمەن هەر لەگەڵ سوهرەوەردی دەمێنێتەوە و لێی جودا نابێتەوە.
“وێستگەی شەشەم: عیشقی سیندوخت”
”یەک ڕوو و دوو قیبلە…
من مسوڵمانم
قیبلەم گووڵی سوور
جێی نوێژم چۆم و
مۆرم ڕووناکییە و
دەشتە بەرماڵم”
سوهرەووردی لە ماڵی فەریدوون ناوێک دەمێنێتەوە کە کچێکی هەیە ناوی سیندوختە، فەرەیدوون سوهرەوەردی بانگ دەکات و دەڵێ دوێشەو زەردەشت هاتە خەوم و تۆی دابوویە دەستم، روو دەکاتە مەغەکانی دی و دەڵێ ئەم مرۆڤە لە جنسی زەمینییان نییە. هەر بۆیە هۆگری یەحیا دەبن و لای خۆیان دەیهێڵنەوە. پاش مانەوەی سوهرەوەردی و پاش ماوەیەک یەحیا بێ سنوور عاشقی سیندوخت دەبێ و بە تەواوی ڕایدەگرێ، ماوەیەکی باش لە شەیز دەمێنێتەوە و سەرەڕای عیشقی زۆری بە سیندوخت، بەڵام بەچۆکدا ناهێ و بڕیار دەدات هەم عیشقەکەی جێبێڵێ و هەم ئەو ئاتەشکەدەیەش، بەڵام هەر زانست و ڕەمز و ئیشارەیەک کە لای موغەکان هەبوو تێکەڵ بە عیشقی سیندوختی دەکات و هەموویان پێکەوە کۆدەکاتەوە و تێکەڵی جیهانە ڕووناکەکەی خۆیی دەکات، تا کۆتاییەکەی لە کاتی ماڵئاواییدا بە غەمێکی قووڵەوە سیندوخت دێت و پشتێنێکی زەردەشتیانەی لە کەمەر دەبەستێت و هەر سێ بنەماکەی زەردەشت کە بریتین لە فیکری باش و گوفتاری باش و ڕەفتاری باش بیری سوهرەوەردی دێنێتەوە و مۆرێکی گڵ و پارچە حەریرێکی دەداتێ و پێی دەڵێ یەحیا تۆ خۆت یەک ئاتەشگەیت.
لێرەیا نووسەری ڕۆمانەکە هەوڵ دەدات لە یەک کاتدا هەم عیشق، هەم ئایینی زەردەشتی تێکەڵ بە تەعالیمی ئیسلامی/شێعی بکات و لە سوهرەوەردییدا کۆیانبکاتەوە و بابەتی پارچە حەریر و مۆرەکەش تێکەڵەیەکە لە دیدی مەزهەبی شێعەگەری. لە ڕاستییدا سوهرەوەردی نەک زانایەکی سوننی بووە بگرە لەسەر ڕێبازی شافیعییش بووە، ئەگەرچی لە دونیابینی عیرفانی و لە بازنەی فەلسەفەدا مەزهەب واتا لەدەست دەدات.
“وێستگەی حەوتەم: وێڵبوون بە دەشت و دەردا”
”سوهرەوەردی بەردەوام دەجووڵا، بەبێ هیچ سوارییەک و بێ هاوڕێ، تەنها و بێکەس، پاییز بوو کە ئاتەشگەی شیزی جێهێشت و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە شیز کرد بەرەو مەراغە، سوهرەوەردی بە هیوا و ئومێدی مەراغە ڕۆشت، لە ڕێگا بەردەوام خەریکی ڕاز و نیاز بوو، پێدەشت و چیای دەبڕی، هەکتار بە هەکتاری خاکی جێ دەهێشت، هیچ وەستانی نەبوو، جلی شڕ جێگە و بانی بوو، هیچی پێ نەبوو و هیچی نەبوو بیخوات جگە لە ڕووناکی، تەنها و تەنها ڕووناکی”
مرۆڤ کاتێ دەگاتە ئەم بەشانەی ڕۆمانەکە خۆی پێناگیرێ و ئەشک چاوی تەڕ دەکات بۆ تەنهایی و بێکەسی ئەم حەکیمە بێنازە. دواتر سوهرەوەردی لە ڕێگا ڕێی دەکەوێتە ماڵی پیاوێکی پیر، پاش ڕاز و نیاز و ماوەیەک مانەوە ئەو پیاوە پیرە داوای لێ دەکات کە بمێنێتەوە و پێی دەڵێ کە حەکیمێک دەناسێ و پێویستە بچنە لای ئەو حەکیمە تا بەڵکو شتێکی لە دانایی فێر بکات. سوهرەوەردی بەو هیوایە دەمێنێتەوە و دەچێتە لای ئەو حەکیمە، دەرمانێک کە حەکیم بۆی دەنووسێ چلەنشینی و تەنهاییە، پێدەچێ لە لای ئەو پیاوە حەکیمە سوهرەوەردی فێری نهێنییەکانی عیرفان بووبێت. دواتر شێخی حەکیم داوای لێ دەکات کە لەوێ بمێنێتەوە چونکە مەراغە دۆخی نائارامە و ئاشووب هەیە، سوهرەوەردی بڕیا دەدات دوو ساڵ لەوێ بمێنێتەوە و لە خزمەتی ئەم حەکیمە عاریفەدا بخوێنێت.
“وێستگەی هەشتەم: هاوسەفەری موحەممەد ناوێک و ڕۆشتنیان بەرەو چیاکان”
سوهرەوەردی پاش دوو ساڵ مانەوە لە خزمەت ئەو حەکیمەدا بە کەسێک ئاشنا دەبێت کە جاروبار لە ماڵیان دەمێنێتەوە و لەگەڵیشی دەچێتە شاخ، ئەو کەسە ناوی موحەممەدە، بەڵام نووسەر هیچمان لە بارەی ئەم موحەممەدەوە پێ ناڵێ کە داخۆ ئەمە هەمان موحەممەدی کوڕی مەحموودی شارەزوورییە کە ناسراوە بە شەمسەددینی_شارەزووری یان کەسێکی ترە. هەمیشە زۆربەی کاتەکانی خۆی لەگەڵ موحەممەددا بەسەر دەبات، تەنانەت جارێ موحەممەد پێی دەڵێ باشە یەحیا تۆ دەبێ شتێکی جیاوازبی دەنا شێخ ئەوەندە لەگەڵ تۆدا نەدەمایەوە، تۆ دەبێ ناوازەبیت. ڕۆژێکی تر موحەممەد پێی دەڵێ یەحیا وەرە بچینە شاخ، من زۆر جار مانگانە وەختێکم هەیە و دەچمە چیا دەمێنمەوە، تۆش ئەمجارە لەگەڵ مندا وەرە، یەحیا داخوازییەکەی موحەممەد قبووڵ دەکات و لەگەڵی دەڕوات. موحەممەد ئەمە بە فرسەت دەزانێ و لە ڕێگا پرسیاری زۆر لە سوهرەوەردی دەکات کە یەکێک لەوانە ئەوەیە دەڵێ یەحیا پێم بڵێ عیشق چییە، یەحیاش بە وردی واتای عیشقی بۆ ڕوون دەکاتەوە.
موحەممەد و یەحیا ئەو چەند شەوەی کە لە چیا دەمێننەوە زۆر سوود لە دۆخەکە وەردەگرن، بەڵام بەردەوام یەحیا خەوی جۆراوجۆر دەبینێ، تەنانەت جارێ بە دەم خەوەوە دادەچڵەکێ و موحەممەد هەستی پێ دەکات، بەڵام سوهرەوەردی هەموو شتێکی بۆ ڕوون ناکاتەوە. دواتر پێکەوە دێنەوە ناو ئاوایی، هەر هێشتا نەهاتوونەتەوە ئاوایی سوهرەوەردی بڕیار دەدات جارێکی تر بچێتەوە شاخ و بۆ ئەمەش ئیزن لە شێخەکەی وەردەگرێ و ئەویش ڕێگەی پێ دەدات، بەڵام ئەمجارە موحەممەد لەگەڵ خۆی نابات. لێرەدا لێکچوونێکی سەیر هەیە لە نێوان سوهرەوەردی و زەردەشتدا. سوهرەوەردی بڕیار دەدات ئەمجارە بە تەنها بچێتە شاخ وەک زەردەشت، نووسەر لەم گۆشەیەوە هەر دەڵێی نیچەی ئەڵمانییە و گۆشەیەک لە ڕۆمانی زەردەشت دەنووسێتەوە. یەحیا ئەمجارە بۆ چەند شەو دەڕوات، بەڵام تا چل شەو لە شاخ دەمێنێتەوە. یەحیا شەوان خەریکی عیبادەتە و بە ڕۆژیش بەڕۆژوو بەڵام بێ ئەوەی هیچ ڕۆژوو بشکێنێ دیسان بەڕۆژوو دەبێتەوە تا چلەکەی تەواو دەبێت. دواتر شەوان چەندین جار سیندوخت دەبینێ لە خەودا و هەموو جارێ باسی زەردەشت و کێوی سەبەلانی بۆ دەکات و لە بارەی ڕووناکی و عیشقەوە قسەی بۆ دەکات تا بە تەواوی هەست بە ڕووناکی و فەڕڕی ئێزەدی دەکات..
دوای ئەوەی چلە دەشکێنێ دەگەڕێتەوە ئاوایی، دواتر شێخ پێی دەڵێ من لە خەودا عەین_ئەلقوزاتی هەمەدانیم بینی وتی ئیزنی یەحیا بدەن با بچێتە مەراغە و چیتر مەراغە دۆخی باشە و کێشەی تێدا نەماوە. سەیرە عارفێکی وەک عەین ئەلقوزات _کە ئەویش عارفێکی کوردە_ دێتە خەوی مامۆستاکەی سوهرەوەردی و دەڵێ بڵێن با بجوڵێ بەرەو مەراغە. سوهرەوەدی پاش ئەم خەوە بڕیار دەدات بڕوات بەرەو مەراغە. دواتر کە دەگاتە مەراغە دەچێتە دەرسی شێخ مەجدەدینی_جیلی و دەبێتە قوتابی ئەو و دەرسی ئیشاراتی ئیبن سینا دەخوێنێ و بە موحەممەدی کوڕی عومەر کە بە فەخرەددینی ڕازی ناسراوە ئاشنا دەبێت کە ئەویش لەوێ دەخوێنێت و پێکەوە خەریکی ئیشکالە گرنگەکانی لۆژیکی ئیبن سینا دەبن.
“وێستگەی نۆیەم: بێهیوابوون لە گەڕانەوە”
سوهرەوەردی لە مەراغە دەمێنێتەوە و لەگەڵ فەخری ڕازی پێکەوە لای جیلی دەخوێنن، دواتر خەبەر دەگاتە یەحیا کە تاعوون شاری سوهرەوەردی گرتۆتەوە کە دایک و باوکی بەم نەخۆشییە تیاچوون، هەر لەوێ هاوڕێکانی سەرەخۆشی لێ دەکەن و پرسە بۆ دایک و باوکی دادەنێن و بڕیار دەدات نەگەڕێتەوە بۆ سوهرەوەرد و لە مەراغە بمێنێتەوە.
“وێستگەی دەیەم: فەلسەفە و لۆژیک”
سوهرەوەردی گەرچی هەم لە ئەسفەهان و هەم لە مەراغە بە وردی خۆی بە دەرسی لۆژیک و فەلسەفەوە خەریک کردبوو، بە باشیش ئەو زانستانەی دەزانی بەڵام بەردەوام بەدوای گەوهەرێکی بایەخدارترەوە بوو کە دەتوانین بە ڕووناکی ناوزەدی بکەین، ئەوەی کە حەکیمەکان بە وجود ناویان دەهێنا سوهرەوەردی بە ڕووناکی ناوی دەبرد. سوهرەوەردی لە مەراغە جارێکی تر بە شێوەیەکی چڕوپڕتر و ڕەخنەگرانە خۆی بە حیکمەتی پەیجوورییەوە خەریک دەکاتەوە. سوهرەوەردی بوێرانە و بەردەوام ڕەخنەی لە ئیبن سینا و قوتابخانەی مەششائی و تەنانەت ئەشعەرییەکانیش دەگرت، گەرچی فەخری ڕازی بەردەوام بەرگری لە قوتابخانەی ئەشعەری دەکرد بەڵام سوهرەوەردی دیفاعی لە هیچ قوتابخانەیەک نەدەکرد، تا ئەوەبوو مەجدەددینی جیلی لە ستایشی یەحیادا دەڵێ ئەم گەنجە یەک شەهابە، دواتر هەر لەوێ ناسناوی شەهابەددینییشی پێ دەبەخشێت.
“وێستگەی یانزە: شەوقی سوهرەوەردی بۆ شیعر و مۆسیقا و سەما”
سوهرەوەردی بەردەوام شیعری دەگوت، عاشقی ئەدەبیات بوو، پێی وابوو کە زمانی شیعر تاکە زمانە کە لە حیکمەتی ئیشراق و هێماکانی شهوودەوە نزیکبێ، ئەو پێی وابوو کە تەنها زمانی شیعر و سەما و مۆسیقا دەرەقەتی ئەو هەموو کەشف و کەراماتانە دێن کە بەسەریا دەبارین، هەر بۆیە بەردەوام بە فارسی و عەرەبی و کوردی شیعری دەگوت و سەمای دەکرد، تەنانەت جارێک لە ئامەد دەبینێت خەڵكی لە بۆنەیەكدا خەریكی گۆرانی و سەماكردنن، ئەمیش دەچێتە ناوەندی خەڵكەكە و خودەکەی سەری لادەبات و بەدەم شیعر و ئاوازەوە دەست دەکات بە سەماكردن. ئەمە بۆ زانایانی تر زۆر دژوار بوو، هەر ئەمانەش ببوونە مایەی ڕق و تووڕەیی لەلایەن شێخ و زانایان و هاونشینانی خۆیەوە و بە سوكایەتی و خۆبچووككردنەوە هەژماریان دەکرد.
“وێستگەی دوانزە: جادووگەری و زانستی سیمییا”
سوهرەوەردی بێجگە لەوەی شارەزایەکی باشی ئەستێرەناسی و حیکمەت و مۆسیقا و کەلام بوو، شارەزایەکی باشی زانستی ژمارە و جادو هەروەها زانستی سیمییا بوو، زانستی سیمییا لە سەردەمی سوهرەووردی زانستێک بوو لە هەندێ ناوەندی زانستی گرنگی دەدرایێ. ئەگەرچی زانستی ژمارەکان لای عاریفەکان گرنگییەکی زۆری هەبوو، ئەوەتا بە ئاشکرا ئاساری ئەم زانستە بە بەرهەمەکانی ئیبن عەرەبییەوە دیارە و حاشا هەڵنەگرە، بەڵام سوهرەووردی سەرەڕای ئەوە خەریکی زانستی سیمیاش دەبوو هەر بۆیەش بە شەعبەدەباز و جادوگەریان لە قەڵەم دەدا. سیمیا یەکێکە لە جۆرەکانی زانستە نهێنییەکان یان زانستە نامۆکان. تەوەری باسەکەی بریتییە لە هاوئاهەنگکردن و تێکەڵکردنی هێزی ئیرادە لەگەڵ هێزە ماددییە تایبەتەکان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات لە زانستە نامۆکانی ناو سروشت و دەستێوەردان لە هەندێ کاروبارەکانییدا. یەکێک لەوانە بەرزەفت و دەستێوەردانە لە خەیاڵی مرۆڤەکاندا کە پێی دەوترێت سیحری بینراو و ئەم تەکنیکەش لە هەموو تەکنیکەکانی دیکەی جادو دڵنیایانەتر و ڕاستگۆیانەترە.
سوهرەوەردی جارێک لەگەڵ هەندێ لە هاوڕێکانی دەیانەوێ بچنە چیا لە ڕێگە بەرخێ لە شوانێک دەکڕن، بەڵام برادەری شوانەکە داوای پارەی پتر دەکات و هاوڕێکانی یەحیا نایانەوێ ئەو پارە بدەن، ناچار سوهرەوەردی دەڵێ لێیگەڕێن خۆم ڕازی دەکەم، لێیدەگەڕێن، بەڵام لەگەڵ سوهرەوەردی پاش قسە و باسی زۆر ڕازی نابێ، ناچار دەبێتە مقۆمقۆیان و کابرای شوان پەلی چەپی سوهرەوەردی ڕادەکێشێ و لێدەبێتەوە، کە کابرا دەستی لێبووەوەی سوهرەوەردی دەبینێ زۆر دەشڵەژێ و ڕادەکات و دوور دەکەوێتەوە، هاوڕێکانیشی زەق زەق ئەمە دەبینن، دواتر سوهرەوەردی دەستی دەخاتەوە جێی خۆی و دەڵێ بابڕۆین حەل بوو، هاوڕێکانی خۆیان پێناگیرێ و دەڵێن: هەر بەڕاست یەحیا پێمان بڵێ ئەمە چ بوو و تۆ کێیت؟ ئەویش دەڵێ هیچ نەبوو باشبوو دەستەکەی لەگەڵ خۆی نەبرد دەنا بێ دەست دەمامەوە. نووسەر بە گێڕانەوەی ئەم دیمەنانە خوێنەر بە دۆخێکی جیاواز دەگەیەنێت کە هەست بە زاڵبوونی خەیاڵ دەکات بەسەر کەتواردا، لە ڕاستییدا ئەم وێنانەش تەنها بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو واتا وەردەگرنەوە.
“وێستگەی سیانزە: جوڵان و سەفەری بەردەوام”
وەک دیارە سوهرەوەردی یەک گەرد ئارام و قەراری نەبووە، بەردەوان گەڕاوە، لە هیچ کوێ نەیتوانیوە زۆر بمێنێتەوە، هەر بۆیە بڕیار دەدات مەراغە جێ بهێڵێت. کەمخۆری و وەرعی لە ڕادەبەدەری سوهرەوەردی وای لێ دەکات کە بەردەوام بەدوای نهێنی گەردووندا بگەڕێ و لە گەوهەری ڕووناکی بکۆڵێتەوە، ئەو پێی وایە مرۆڤ بە تەنهایی دەتوانێ پەی بە نهێنییەکانی جیهان ببات و بە گەوهەری نەفسی خۆی ئاشنا ببێ، گەر مرۆڤ بە گەوهەری نەفسی خۆی ئاشنا بوو ئەوا فەڕڕی ئێزەدی بەسەریا دەبارێ و دەرگاکانی ئەم جیهانەی بە ڕوودا دەکرێتەوە. سوهرەوەردی پێشی وابوو کە حاکم دەبێ شارەزای ئیلاهیات بێت و بەشێک لە فەڕڕی ئیلاهی تێدابێ، هەر ئەمەش وای لە زانایانی سەردەمەکەی کرد کە تۆمەتباری بکەن کە داوای خەلافەت و فەرمانڕەوایی دەکات. سوهرەووردی گەنجێکی شیفتە و عاشق و شڕۆڵە کە کاری سەیر و سەمەرەی دەکات، نووسەر بە وردی تیشک دەخاتە سەر ئەو گۆشانە و نایانشارێتەوە. یەکێ لەو کارانەی کە هاوڕێکانی پێیان سەیر بوو جلە شڕ و شۆڵەکانی بوو کە لە هیچ بۆنە و مەجلیسێکدا دای نەدەکەند. هەر کاتێک هەر هەدیەیەکیشیان پێدابێ ڕەتی کردۆتەوە، تەنانەت جارێک مروارییەکی دانسقەی بە هەدیە بۆ دێنن، بەڵام بە بەرچاوی یار و نەیارەوە بە بەرد وردی دەکات و دەڵێت: گەوهەری بە نرخ ناسینی نەفسە و لە وجودی مرۆڤ خۆیدایە نەک ئەمانە.
سوهرەوەردی کاتێ دەیەوێ لە مەراغە بەرەو حەلەب بڕوات بەدرەددین کە یەکێکە لە هاوەڵە زۆر نزیکەکانی داوای لێ دەکات و دەڵێ حەزناکەم لێت جیا ببمەوە با هاوسەفەرت بم و ئاگام لێتبێ، بەڵام سوهرەوەردی ڕەتی دەکاتەوە بە بیانووی ئەوەی نەیاری زۆرە و نایەوێ بەهۆی ئەوەوە ناوی کەس لەکەدار ببێ. سوهرەوەردی هەر پێشتریش دەیزانی کە بە مەرگی ئاسایی نامرێ، چونکە هەرگیز زمانی خۆی نەدەپاراست و بەردەوام ڕەخنەی دەگرت، هەر لەبەر ئەمەش بوو کە هەندێک پێش مەرگی بە سوهرەوەردی کوژراو (مقتول) ناوی بێنن، سوهرەوەردی باروبنە بەرەو حەلەب دەپێچێتەوە و دەڕوات، کە دەگاتە حەلەب بڕیار دەدات لە قوتابخانەی حەلەوییە بمێنێتەوە.
قوتابخانەی حەلەوییە چەند ژوورێکی نزیک مزگەوتی سیراجینی حەلەب بوو کە نیو سەدە پێش سوهرەوەردی درووست کرابوو، ئەم مزگەوتە پێشتر کلێسای مەسیحی بوو کە دواتر کرابوو بە مزگەوت، ئەم مزگەوتە نوردەین زەنکی دروستی کردبوو بۆ حەنەفییەکان، بەڵام ئەگەرچی سوهرەوەردی شافیعی مەزهەبیش بوو کەچی لەوێ ڕێیان کردەوە، ئەوکات یەحیا کتێبی حیکمەتی ئیشراقی نووسی بوو، لەوێ بە تەمەنێکی کەمەوە کەم کەم یار و هاودەم و قوتابی بۆ دروست بوو دەرسی حیکمەتی ئیشراقی پێ دەوتنەوە و لە فەیلەسووفەنی پێشتری وەک فارابی و سوهرەوەردی ڕەخنەی دەگرت. سوهرەوەردی لە حەلەب دەمێنێتەوە و لە سەرەتاوە کەشێکی باشیشی بۆ دەڕەخسێ و زاهیر پاشا ڕێزێکی زۆریشی دەگرێ و زۆری خۆش دەوێ، بەڵام ئەمە کرمی حەسادەتی زانایانی تر دەجووڵێنێ و دواتر کێشەی بۆ دەسازێنن.
“وێستگەی چواردە: دادگایی سوهرەوەردی”
دوای فیتنەچینی نەیارانی سوهرەوەردی و دژایەتی ئاشکرای ئەم حەکیمە کوردە چیتر ژیانی لێ تەنگ دەکەنەوە تا کار دەگاتە قسە پێگوتن و تەکفیر کردن و بەرد تێگرتن، دواتر زاهیر پاشا لە ژێر گوشاردا بڕیاری ڕێکخستنی مەحکەمەیەکی دادگەرانە دەدات تا هەق و باتڵی ئەم بابەتە ڕوون ببێتەوە. شێوازی دادگایی سوهرەوەردی بە یەک شێوە نەبوو، بەڵکو بە شێوەی جۆراوجۆربوو و تا دوو بۆ سێ مانگ پتری خایاند، زانایانی ناو حەڵەب ببونە چەند بەشەوە، لانیکەم سێ بەش، هەر گرووپە و جۆرێک لە ڕەخنەی لە سوهرەوەردی هەبوو، گرووپەکان وەک یەک نەبوون، گرووپی تێدا بوو تووندڕەو کە دەرگایان لەسەر گفتوگۆ دادەخست و بە توندی دژی سوهرەوەردی بوون. دادوەری دادگاییەکە قازی روکنەددین بوو کە یەکەم پرسیاری لە سوهرەوەردی باسی نەسخ بوو. پێی گوت: گەر پێت وایە کە دینی موحەممەد ناسیخی هەموو دینەکانە و کۆتای هەموویان بۆچی بەردەوام لە نووسینەکانتدا باسی زەردەشت دەکەیت و ستایشی حەکیمە زەردەشتییەکان دەکەیت و نیوەی زانستی خۆت لەوانەوە وەردەگریت؟ نوێکردنەوەی شیرک و سەنەوییەت لە ناو کۆمەڵگەیەکی زۆرینە مسوڵماندا چ واتا و ئامانجێکی هەیە؟ یەکێ ماوەیەک لەگەڵت دانیشێ یان بەرهەمەکانت بخوێنێتەوە نەک هەست دەکات دانت بە پێغەمبەرایەتی زەردەشتا ناوە بەڵکو دانت بە پێغەمبەرایەتی پادشاکانی ئێرانی کۆنیشدا ناوە، وەڵامت چییە؟
سوهرەوەردیش لە وەڵامدا دەڵێ: مەبەستی من مەنسووخ بوونی دینی زەردەشت نییە، ڕاستە دینەکان نەسخن، بەڵام زەردەشت خۆی یەکتاپەرست بووە و ئەوەی ئێوە ناوتان ناوە سەنەویەت شتێکی نوێ بووە دواتر هەندێ لە زەردەشتییەکان خزاندویانەتە ناو ئاینەکە. ئەوەی بۆ من گرنگە حیکمەتە، چ لای ئەفلاتۆن بێ یان حەکیمە زەردەشتییەکان و من بڕوام بە مەزنی و پاکی شاهانی کۆن هەیە بەڵام نەمگوتووە پێغەمبەرن. هەروەها دەڵێت: من بڕوام بە خەتمی پێغەمبەری ئیسلام هەیە، بەڵام دانی پێدا دەنێم کە ئاگری عیشق سارد نابێتەوە و لوتف و مەرحەمەتی ئیلاهی کورت ناکرێتەوە لە سەردەمێکدا. ساقیانی هەقیقەت هەمیشە هەن و باشتر وایە ئێوەش لە جێی ئەوە جام هەڵگرن و خۆتان لە شەرابی مەعنەویەت بنۆشن و ئیشارات و ئاماژەکانیان بخوێننەوە، تەنانەت پێشیان دەڵێ ڕێی ئەمە ئاسان نییە و دەبێ وەرزشی مەعنەوی بکەن تا لەمە تێ بگەن! جەلەسەی یەکەم بەم شێوە کۆتایی دێت و نووسەری ڕۆمانەکە هەوڵ دەدات بە وردی باس لە گۆشەی پرسیار و وەڵامەکان بکات و هزری سوهرەووردی بخاتە روو. پاش ماوەیەک گەڕی دووەمی دادگایی سوهرەووردی دەستی پێ دەکاتەوە، ئەم گەڕەیان تایبەتتر دەبێ و ڕێگە نادەن بە قوتابی و فەقێکان کە تێیدا بەشدار بن. ڕەخنەی یەکەم تایبەت دەبێ بە سەنەوییەت و لێی دەپرسن کە سەنەویەت کوفرە و تۆ جیهانت بە ڕووناکی و تاریکی دابەشکردووە، ئەمەش هەمان سەنەوییەتە چۆن ئەم سەنەوییەتە چارە دەکەیت؟ سوهرەوەردی لە وەڵامدا ڕەتی دەکاتەوە کە هەموو سەنەویەتێک کوفر بێت و دەڵێت: پۆڵێنکردنی جیهان بە ڕووناکی و تاریکی جیایە لە بابەتی دوو خودایی، جیهانی ڕووناکی و تاریکی هەردوو لە ژێر فەرمانی خودای تەنهادان، لە قورئانیشدا باسی ڕووناکی و تاریکی هاتووە، ئەمە مانای سەنەوییەت ناگەیەنێت. هەرچۆن بروا بە خێر و شەڕ واتای سەنەویەت ناگەیەنێ وایش بڕوا بە جیهانی ڕووناکی و تاریکی.
پرسیاری دواتر تایبەت دەبێ بە خیلافەت. لێی دەپرسن کە تۆ بڕوات بە خیلافەتی کەسێکە کە هەم لە حیکمەتی بەحسی (بحثی) شارەزابێ و هەم لە حیکمەتی چەشەیی (ذوقی) ئەمە و لە کاتێکدا کە فەیلەسووفانی پێش تۆ دانیان بە خیلافەتی خەلیفەکانی پێشتردا ناوە، بۆ نمونە ئیبن_سینا کە گەورەترین حەکیمە شتی وای نەوتووە و دانی بە خیلافەتی خەلیفە عەبباسییەکاندا ناوە. ئەمەیان چۆن وەڵام دەدەیتەوە؟ سوهرەوەردیش لە وەڵامدا دەڵێت: هیوادارم باسی عیلمی و سیاسی تێکەڵ نەکەن، هیچ خەلیفەیەک بە حوکمی حەکیمێ نەبووە بە خەلیفە تا بە حوکمی حەکیمەکان لاببرێت، ئەوان بە شمشێر چوون و ئەمە باسێکی ترە. بنەماکانی خەلیفەش فارابی بە ڕوونی بەیانی کردووە، دەبێ سەیری کردەوەی خەلیفە و حاکمەکان بکەین تا چەند دادپەروەرن و تا چەند دادپەروەرنین. نووسەر لێرەش بە وردی باسی جیاوازی فیکری سوهرەووردی و فارابی و ئیبن سینا دەخاتە بەر باس.
یەکێکی تر لەو پرسیارانەی کە ڕووبەڕووی سوهرەوەردی دەبێتەوە پرسی مەرجەکانی خەلیفەیە و پێی دەڵێن: ئەمەی تۆ دەیڵێی و ئەو مەرجانەی کە تۆ داتناون بۆ خەلیفە تەنها هەر خۆت دەگرێتەوە، نەکا داوای خیلافەت دەکەی؟ بەڵام پێش ئەوەی سوهرەوەردی وەڵام بداتەوە شێخ حیسامی_ئامێدی لە جێی خۆی هەڵدەسێ و دەڵێت: دەمەوێ شتێ بڵێم دادوەر ئیزنی دەدات، ئامێدی دەڵێت: من پێشتریش چەندین جارم لە سەیفەدینی ئامێدیم بیستووە کە سوهرەوەردی گەرچی زۆر زانایە و وردە بەس ئەقڵی نییە، بەم قسەی ئامێدی هەموو کۆڕەکە دەدەنە قاقای پێکەنین. دواتر ئامێدی دەڵێت: هەر لە سەیفەدینم بیستووە کە گۆیا سوهرەوەردی لە خەویا ئاوی هەموو جیهانی خواردۆتەوە، من بە یەحیام گوت تابێڵی خەوەکەت دەشێ زانست و حیکمەتبێ، کەچی دانی پێدا نەنا، نەکا بیەوێ خۆی ببێ بە حاکیمی هەموو مەملەکەت؟ بەم قسانەی ئامێدی مەجلیس دەبێتە دەنگە دەنگ و ژاوەژاو، ئیتر قازی ڕوکنەددین داوای دەکات ئامێدی دانیشێ و ڕیعایەتی ئارامی دانیشتنەکە بکەن.
سوهرەوەردی پاش قسەکانی ئامێدی هەڵدەسێ و دەڵێت: ئێوە پرسیاری ئاوکێش دەپرسن و چاوەڕێن بە کورتی وەڵامتان بدەمەوە، ئامانجی هەموو دینەکان لابردنی حاکمانی ناداد و زاڵمە تا حاکمی دادگەر بچێتە جێیان و چینایەتی نەمێنێ و خەڵکی جیاوازییان نەمێنێ، بەڵام کام خەلیفە ئەمەی کردووە و کام حاکم بەمە هەستاوە؟ ئەمانە هەموو دزی و گزیی و سنوورشکاندنێ ئەنجام دەدەن و بیریان لای غولام و کەنیزەکە و تەماح لە نامووسی خەڵک دەکەن و کاریان بۆتە سەربڕینی خەڵک و جۆرەها جینایەت دەکەن و خۆشیان بە جێنشینی پێغەمبەر دەزانن، ئایا ئەمانە جێنشینی پێغەمبەرن و دەبێ زانایان دوای ئەمانە بکەون؟
لێرەدا نوسەر هەوڵ دەدات هەندێ لە تێڕوانینەکانی سوهرەوەردی لە ڕێگەی ئەم دادگاییەوە بخاتە ڕوو و دەڵێت: سوهرەرەردی لە دادگا بە دوور و درێژی باسی خیلافەت دەکات و نایشارێتەوە کە شیاوی ئەو پلەیەش نەبێ و تەنانەت دەڵێت کەس ئەو مافەی نییە ئەوە بە من ڕەوا نەبینێ. بۆ دواتر قازی ڕوکنەدین دەڵێت: بەسە و لەمە زیاتر گوێت بۆ ناگرین و هیچت نییە بۆ وتن. هەروەها بە سوهرەوەردی دەڵێ تۆ هەر جارە ڕوو لە قیبلەیەک دەکەیت و نوێژت دروست نییە. دواتر ئەم گەڕە بێ ئاکام کۆتایی دێت و بۆ ڕۆژانی دواتر دوادەخرێت. دانیشتنی دواتر کە دەست پێ دەکاتەوە سوهرەوەردی پێش هەمووان ئامادە دەبێت، بەڵام ئەم جارەش هەر بێ ئاکام تەواو دەبێت و مشت و مڕ هەر بەردەوام دەبێت و دادگا لە سوودی سوهرەوەردی نابێت.
لە دانیشتنەکانی دواتردا تیشک دەخرێتە سەر سیاسییەکان و لەمەشدا سوهرەوەردی زۆر سەرکەوتوو نابێت و دادوەر وەڵامەکانی ئەوی بە دڵ نابێت. دواتر هەندێ لە زانایانی ئەوێ توڕە دەبن و دانیشتنەکە جێدێڵن. لە دانیشتنەکانی دواتردا زانایان سەبر و تاقەتی سوهرەوەردیان نامێنێ و کەم کەم جێی دێڵن، کە دانیشتنەکە تایبەتتر دەبێ لێی دەپرسن تۆ بینراوی شەرابت خواردۆتەوە و گوێت لە مۆسیقا گرتووە، تۆ دەبێ حەددی شەرعیت لەسەر جێبەجێ بکرێ، تا کار بەوە دەگات کە سوهرەوەردی دەڵێت: ئێوە گەر بڕوا بە مسوڵمانی من ناکەن ئەوە شایەتمان دێنم، بەڵام بۆ ڕەقس و سەما و مەستی من ئیدەعای عیسمەت و کامڵی ناکەم و گوڵ گەر ناز نەکا چبکا، ماهی تابان گەر نەدرێشێتەوە چ بکا، ئێوە گەر بەدوای ستەمکارەوەن بچن ستەمکارە گەورەکان دادگایی بکەن کە هەزاران خەڵکیان برسی کردووە و بێ نان و ئاو شێو دەکەنەوە. ئێوە لە ڕژانی خوێنی حوسێن بێباکن و پرسیاری نوێژیبوون یان نانوێژیبوونی خوێنی مێشوولە دەکەن، دواتر باسی دانیشتنەکە دەچێتەوە سەر پرسی خەتمی پێغەمبەر و سوهرەوەردی دەڵێت: بەڵێ دەزانم موحەممەد خاتەمی پێغەمبەرانە بەڵام ڕزقی مەعریفەی ئیلاهی کۆتایی نایەت و ئیلهام و وەحی ئیلاهی لە سەردەمێکدا کورت ناکرێتەوە. دیسان دانیشتنەکە بێ ئاکام و بە بێدەنگی کۆتایی پێ دێت.
دواتر ئەبو_حەفس هەموو وردەکاری دادگاییەکە بە نوسین دەباتە بەردەم زاهیر پاشا و پێی دەڵێت ئەمە ئەنجامی دانیشتنەکانمانە، پاشاش بە ئەنجامەکە نائارام و ناڕەحەت دەبێت. دواتر لە دانیشتنی کۆتاییدا بڕیاری کۆتایی لەسەر سوهرەوەردی دەدرێ کە زۆر بە خێرایی مۆر دەکرێ و بەرەو داری خەلافەت واتە بۆ لای سەلاحەددین دەبرێت و ئەویش بڕیاری کۆتایی لەبارەی سوهرەوەردی دەر دەکات کە کوشتنە. سوهرەوەردی بە دوو فەرمان دادگایی کۆتایی کرا، یەکەم کاریگەربوون بە باتنیبوونی لە بارەی خەتمی پێغەمبەرایەتی و دووەمیش هەڵەتێگەشتنی سوهرەوەردی لە سیاسەت و خیلافەت و زمانتوندی ئەو دەرهەق بە میر و خەلیفەکانی زەمانە.
“وێستگەی کۆتایی: فەرمانی کۆتایی”
سوهرەوەردی گەرچی حەلەبی پێخۆش بوو لە قوتابخانەی حەلاوییە دەرسی دەگووتەوە، بەڵام زانایانی دیکە لە دەرەوە لەبارەیەوە ببونە چەند بەرە، هەندێ پێیان وابوو حەکیمێکە لە ئاستی ئیبن سینا و فارابی و هەندێکیش پێیان وابوو عاریفێکە جێی پێ جێ نییە و بڕێکی تریش بە شێت و شڕۆڵ و جادووگەر هەژماریان دەکرد، ئەوانەی کە دژایەتییان دەکرد بە زیندووكردنەوەی ئایینی زەردەشت و گومان لەسەر خەتمی نبووەت و بەردەوامیی ئیلهام و ئیدیعای پێغەمبەرایەتی و بابەتی كەرامات و سوجدەبردن بۆ هەتاو و گوێگرتن لە موزیك و … هتد ) تاوانباریان دەکرد و لە ئەنجامدا نەیاران گەلەکۆمەیان لێکرد و بە هەرجۆرێ بوو نامەی حوکمیان گەیاندە سەلاحەددین. دوای ئەوەی کە خێرا فەرمانی کۆتایی سوهرەوەردی مۆرکرا بڕیار درا لە زیندانی خوارەوەی قەڵا بهێڵڕێتەوە تا لە برسان دەمرێ و هیچ نان و ئاوێکی نەدرێتێ.
پێشتر و پێش ئەوەی ببرێتە قەڵا نوێنەری ئەمیر نێردرایە لای سوهرەوەردی و ئەویش یاداشتێکی بۆ مەلیک نووسی و تێیدا ستایشی مەلیکی کرد و و تێیدا باسی ئەوەی کرد کە ئەمیر بێزار نەبێ و ئەم لوتف و مەرحەمەتی بەرز دەنرخێنێ، مەلیک کە نامەی پێگەشت چاوی پڕ لە ئاو بوو و تێیدا نوسیبوی کە من سی ڕۆژی تر دەمرم، کۆتا تیکەی ژیانم خواردووە و چیتر هیچی ئەم جیهانە ناخۆم تا دەمرم و بە یەکجاری ماڵئاوایی دەکەم. مەلیک زاهیر خۆی پێ ناگیرێ و بە خێرایی نامەیەکی تر بۆ سەلاحەددین دەنێرێت و تێیدا داوا دەکات کە گۆڵی فەقێ و مەلایانی دونیایی نەخوات تا ئەم حەکیمە بنێرێتە دیمەشق و خۆی لە نزیکەوە دادگایی بکات تا بەڵکو مەرگی سوهرەوەردی دوابخرێ و دەروویەکی نوێی بەڕوودا بکرێتەوە و بە ناهەق خوێنی نەڕێژرێت، بەڵام سەلاحەددین لە جوابدا بۆی دەنووسێ ڕۆڵە گیان من کە شارەزا نیم و فەقیه نیم تا حوکم بدەم، پێویستە حوکمی فوقیهەکانی حەلەب چێ بکرێ، گەر ئەو حوکمە جێبەجێ نەکرێ ئەوا ناچارم لە فەرمانڕەوایی حەلەب لات بدەم و کەسێکی تر بخەمە جێگەت، بۆشی دەنووسێ کە تا فوقەها و زانایان ئێمەیان تۆمەتبار نەکردووە زوو حوکمەکە جێبەجێ بکات، گەر خوێنێکی ناهەق بڕژێ ئەوە خەتای سوهرەوەردی خۆیەتی، چونکە خەڵکی ئێرە نییە و نەدەبو ئەو خەڵکە لە خۆی بئاڵێنێ و دەبوو بە بێدەنگی دانیشێ.
نووسەر باسی ئەم چرکەساتە زۆر بە خەماوی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لە کاتێکا لە دەرەوە قسە لەسەر سوهرەوەردی دەکرا کەچی ئەو لە چاڵێکی تاریکدا بە برسیەتی شەو و ڕۆژی دەکردەوە. هەروەها نووسەر باس لە چرکەساتی ئاگری ڤینی شارەزووری و سوهرەوەردی دەکات بە شێوەیەک کە دڵ دێنێتە کوڵ و دەڵێت: ڕۆژی دوو شەممە سوهرەوەردی خرابوویە ناو سیاچاڵ، ڕۆژی جومعەی کۆتا ڕۆژی وادەی سوهرەوەردی بوو، پێنج شەممە شەمسەددینی شارەزووری قوتابی و دڵسۆزی پڕ شەوقی سوهرەووردی دەڕوات بۆ لای هاوڕێکانی و دەڵێت ئەم شەو خەونم دیوە کە ڕۆژی جومعە سوهرەووردی ئازاد دەکرێ و دێتەوە ناومان، من دەچم بۆ قەڵای حەلەب و دەمەوێ هەواڵێک بزانم، هاوڕێکانیشی دەڵێن ئێمەش تا نزیکی قەڵا دێین لەگەڵت.
مەغریب کە دادێ و نوێژی مەغریب دەکەن کەچی شەمسەددین هەر نایەتەوە، نووسەر دەڵێ شارەزووری کە دەچێتە قەڵا خەوی لێدەکەوێ و خەلسەیەک دایدەگرێ، کە دێتەوە دەڵێ دڵنیام تا هەتایە شێخ ناگەڕێتەوە، چونکە نوورێکم دی لە نووری ئاسایی نەبوو، دڵنیام ئەمە سەمای عالەمی ڕۆحە و هەمووان چاوەڕێی ئەم مرۆڤە ئاسمانییەن و ئاسمانیان چاوەڕێی ئەم مرۆڤە باڵایەیە، بە هاوڕێکانی دەڵێ بە نووری دڵ دیم کە قەترە قەترەی قەڵای حەلەب وەک مرواری وابوون و هەموو دەگریان. ئاسمان ڕووناکی بوو، گالیسکەیەکی ئاسمانی هات و ئەم ڕۆحەی لەگەڵ خۆی برد. لەم کاتەدا نووسەر بیری دەچێت بۆ لای عاریفی گەورەی کورد ئەوبو وەفا و دەڵێت: لەم کاتەدا ئەبو وەفا بە هاوارەوە دێت و دەڵێت: من لە خەومدا پێغەمبەرم دی کە لە ناو ئەم قەڵایەدا مشتێک ئێسک و پرووسکی کۆکردەوە.
دواتر ئەم هاوڕێیانە و خەڵکی تریش کۆ دەبنەوە تا هەموو وەک شۆڕشێ بچنە ناو قەڵاکەوە و نەیارانی سوهرەوەردیش دێن و دەڵێن دەبێ دەریبێنین و لە داری بدەین، کاتێ دەچنە ناو زیندانی قەڵا دەبینن تەنها ئیسکێکی بێ گیان ماوەتەوە، سەرەڕای ئەوەش ئەم ئێسکە دێنن و بە دار ئاوێزانی دەکەن. نووسەر لێرەدا جارێکی تر دەمانباتەوە سەر دیمەنی شارەزووری و دەڵێت لێرەدا شەمسەددینی شارەزووری دەست دەکات بە سەما و بە دەم گریانەوە دەڵێت:
میان ما چو شمعی نور میداد
کجا شد ای عجب بیما کجا شد
دلم چون برگ میلرزد همه روز
که دلبر نیم شب تنها کجا شد
چو دیوانه همیگردم به صحرا
که آن آهو در این صحرا کجا شد
ز ماه و زهره میپرسم همه شب
که آن مه رو بر این بالا کجا شد.