“تایبه‌تمه‌ندی، مه‌ترسی، ڕێكاری به‌گژداچوونه‌وه”
گه‌شه‌سه‌ندنی میدیا له ماوه‌ی دوو سه‌ده‌ی ڕابردوودا، په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیای چاپ و گه‌یاندنه‌وه هه‌بوو، سوودوه‌رگرتنی ده‌وڵه‌تان و حیزب و لایه‌نه جۆراوجۆره‌كانیش له میدیا وه‌ك ئامرازێكی ئاڵوگۆڕی په‌یام و پڕوپاگه‌نده، له زۆر وڵات و شوێندا میدیای گه‌یانده پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م كه ده‌سه‌ڵاته‌كانیتریشی ده‌خسته‌ژێر هه‌ژموونی خۆیه‌وه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه سیاسه‌تڕێژی بۆ میدیا به‌ئامانجی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی، پۆڵێنی جۆراوجۆری بۆ كراوه، به بڕوای (دەنیس مەككوێل) پسپۆڕی ناسراوی میدیـا، ئه‌م سیاسەتڕێژییه به‌سێ قۆناغدا تێپه‌ڕی:-
قۆناغی یەكەم: سیاسەتڕێژی پیشەسازی پەیوەندی كە بەرلە جەنگی دووەمی جیهان (1945ز) دەستی پێكرد.
قۆناغی دووەم: سیاسەتڕێژی خزمەتگوزاریی گشتی (1945ز-1980ز).
قۆناغی سێیەم: سیاسەتڕێژی مۆدێرن (1980ز) تا سەردەمی ئەمڕۆ.
بە بڕوای ناوبراو؛ لە قۆناغی یەكەمدا سیاسەتی میدیایی گەیاندنی پەیامەكانی بوو لە رێگەی تەلەگرام و تەلەفۆنی بێ‌سیم، هەوڵی دەدا تا بەرژەوەندی دەوڵەتان و كۆمپانیا تایبەتی و بازرگانییەكان بپارێزێت. لەهەمانكاتدا ڕەنگدانەوەی جەنگ و سیاسەت لە میدیادا، ڕۆڵێكی باڵای لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهاندا بینی. لە قۆناغی دووەمدا كە دوای تەواوبوونی جەنگ دەستی پێكرد، سیاسەتگوزاریی میدیاكان هەڵگری كۆمەڵێك پەیامی هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و ململانێیەكی توندی سیاسی لەخۆدەگرت و تا كۆتایهاتنی جەنگی ساردی خایاند. قۆناغی سێیەم كە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1980ز) و لە ساڵی (1990ز)ەوە بەگەرمی هاتەئارا، سیاسەتی میدیایی لە هەناوی پرۆسە كۆمەڵایەتی و ئابوری و تەكنەلۆژییەكانەوە گەشەی كرد، پەیامەكەی هەڵگری پەیامی دیموكراسی و مۆدێرنە و لەهەمانكاتدا ململانێی توندی بەرژەوەندی دەوڵەتان و كەرتی تایبەت بوو[1]. وێڕای لایه‌نه ئه‌رێنییه‌كانی گه‌شه‌ی میدیا كه تائێستا توێژینه‌وه‌ی زۆر ده‌رباره‌ی ئه‌نجام دراوه، رێژه‌یه‌كی كه‌می پسپۆڕان و شاره‌زایان، شه‌نوكه‌وی ئه‌و شێواز و سیاسه‌تڕێژییانه‌یان بۆ میدیا كردووه كه كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ڕه‌وشی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌رئاستی جیهاندا هه‌بووه.
له‌كاتێكدا ئه‌ركێكیتری گرنگی پسپۆڕان، ده‌ستنیشانكردنی دیارده نه‌رێنییه‌كانی میدیایه، تا هاوسه‌نگی له پرۆسه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی میدیادا هه‌بێت، هه‌م له‌و ڕێگه‌یه‌وه هه‌وڵی ناسین و هۆكاره‌كانی هاتنه‌ئارای دیارده نه‌رێنییه‌كان بدرێت، ڕێكاره‌كانی چاره‌سه‌ر و بنه‌بڕكردنیشی بخرێته‌ڕوو. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، باس له دیارده‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیداری میدیا ده‌كه‌ین كه ئه‌گه‌رچی مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه، به‌ڵام ماوه‌ی نزیكه‌ی سێ ده‌یه‌یه له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بینرێت، به‌تایبه‌ت له دوای داهێنانی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی خێرا په‌ره‌یسه‌ندووه كه ئه‌ویش میدیای ڕووزه‌رده.
“چه‌مك و پێناس”
میدیای ڕووزەرد وه‌ك ده‌سته‌واژه‌یه‌كی شكێنه‌ر بۆ هه‌ر جۆره ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ك به‌كارده‌هێنرێت كه هه‌واڵه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ناپیشه‌یی و ناڕه‌وشتییانه ده‌خاته‌ڕوو. (Biagi, 2011, P56). به‌بروای پسپۆڕێكیتریش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و ڕۆژنامانه‌ی كه چه‌ندین مانشێتی لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌میان بۆ بابه‌تی جۆراوجۆری وه‌ك وه‌رزش و بابه‌تی ئابڕووبه‌ر ته‌رخان ده‌كه‌ن. به وێنه‌ی گه‌وره و دروشمی ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌وه، به‌پشتبه‌ستن به سه‌رچاوه‌ی نادیار بۆ هه‌واڵ و پڕوپاگه‌نده‌چییه‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی ئابڕووبه‌رانه، بابه‌ت بڵاوده‌كه‌نه‌وه. ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ ڕۆژنامه‌ی (نیویۆرك سیتی) به‌كارده‌هێنرێت كه شه‌ڕیان له‌پێناو تیراژدا ده‌كرد. (Campbell, 2011, P8). به‌پێی بۆچوونێكیتر به‌و میدیایانه ده‌وترێت كه به‌سودوه‌رگرتنی له شێوازی عه‌وامگه‌رایی، هه‌وڵ ده‌دات تا زۆرترین وه‌رگر بۆ خۆی ڕابكێشێت (سلطانی فر، 1385، ص 108).
“مێژووی په‌یدابوونی”
رۆژنامەی رووزەرد (Yallow Joumallsm) لەمێژووی رۆژنامەوانی جیهانیدا، تەمەنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساتی دەرچوونی رۆژنامەی (The Sun) لەساڵی (1883)دا، ئەم رۆژنامەیە كە لەژێرناوی (جەماوەریی و سەربەخۆ)دا كاری دەكرد، ئامادەی بڵاوكردنەوەی هەر هەواڵ‌و بابەتێكی وروژێنەر به‌تایبه‌ت ده‌رباره‌ی تاوان بوو، بۆ هێنانه‌دی كۆمه‌ڵێك ئامانج:-
–ناوبانگ لەسەر ئاستی وڵاتەكە پەیدا بكات.
–بەرزكردنەوەی تیراژەكەی ئەگەرچی لەسەر حسابی بەهەڵەدابردنی خوێنەرو شێواندنی هەقیقەتەكانیش بێت.
–خۆژیاندنی كارمەندان‌و رۆژنامەنووسانی رۆژنامەكە لەڕێ‌ی ئەو داهاتەی بەدەستی دەهێنێت.
لە كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، هه‌ردو رۆژنامه‌نووس (ویلیا‌م راندۆڵف هێرست) رۆژنامه‌ی (ew York Morning Journal) و (جۆزیف پۆلیتزەر) رۆژنامه‌ی (New York World)ی بڵاوكرده‌وه، كه له‌ڕووی بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌تی وروژێنه‌ره‌وه كێبركێی یه‌كتریان ده‌كرد، ئەمه‌ش دەچووە خانەی میدیا ڕووزەرد و هەواڵیان لەسەر (باندی مافیا‌و دزی، توندوتیژی، سێكس) بڵاودەكردەوە تا تیراژی رۆژنامەكەیان بەرزبكه‌نەوە[2].
لەدوای دەرچوونی ئەم دوو رۆژنامەیە، لەزۆرینەی ئەو وڵاتانەی ئازادی رۆژنامەگه‌رییان تیادابوو، دەركردنی رۆژنامەی ڕووزەرد لەژێرناوی جەماوەریی و ئەهلیدا بووە دیاردەیەكی باو، هەمیشەش خاوەنی تیراژێكی بەرز بوون، هەربۆیەشە تیراژەكانیان چەندین هێندەی رۆژنامە بەناوبانگەكانی (لۆس ئەنجلس تایمز) و (گاردیان) و (لیمۆند) بوو. به‌رله جه‌نگی دووه‌می جیهان، رۆژنامەگەریی رووزەرد له‌ڕێگه‌ی چه‌ندین ڕۆژنامه و گۆڤاره‌وه له په‌ره‌سه‌ندندا بوو، به‌بڕوای (فرانك لۆتەر مات) به‌پێنج تایبەتمەندی ده‌توانرا بناسرێته‌وه:-
ا-مانشێتی گەورەی تۆقێنەر.
2-بەكارهێنانی زۆری وێنە و دیمەنی خەیاڵی.
3-سودوەرگرتن لە چاوپێكەوتنی تەزویر، مانشێتی بەهەڵەدابەر، نیمچە زانستی و زانیاری نادروست.
4-جەخت كردنەوە لە بڵاوكردنەوەی پاشكۆی رەنگاورەنگ.
5-هاوسۆزی دراماتیك لەگەڵ ئەوانەی شكستیان لەبەرامبەر سیستەمی فەرمانرەوادا خواردووە. (Mott,1941: p.539).
لەئێستاشدا، ناسینەوەی میدیا ڕووزەردەكان لەناو دنیای رۆژنامە سەربەخۆكاندا بەپێ‌ی سەرجەم پێوەری ڕێكخراو و سەندیكا رۆژنامەوانییەكانی جیهان وەك: (ڕێكخراوی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان-IOJ) و (فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان –IFJ) و (یەكێتی كاسۆلیكانی چاپەمەنی نێودەوڵەتی- VCIP) بریتین لەو میدیایانه‌ی لەسەر (بڵاوكردنەوەی بابەت‌و هەواڵی وروژێنەر) دەژین، تەنانەت ئەگەر رۆژنامه‌یه‌ك لاپەڕە (یەك)ی لێبكەیتەوە یان میدیایه‌ك گوێ له هه‌واڵه‌كانی نه‌گریت، ڕەنگە كەس رۆژنامەكە نەكڕێت یان سه‌یری میدیاكه نه‌كات. بە پێچەوانەی میدیا سەربەخۆو جدییەكانه‌وە كە جگە هەواڵ، بابەتەكانیتری سەرنجڕاكێش‌و زانستین و زیاتر باس لە (بۆچی)ی ڕووداوەكان دەكەن نەك (چۆنییەتی)ی ڕووداوەكان. خەسڵەتێكیتری میدیای ڕووزەرد، بڵاوكردنەوەی هەواڵە بەمانشێتی گەورە یان زه‌قكردنه‌وه‌ی له كاته گرنگه‌كانی شه‌ودا به‌تایبه‌ت كاتژمێر (8).
ئەگەر ڕوونكردنەوەو ڕاستكردنەوەیەكیش لەبارەی بابه‌تێكی وروژێنراوه‌وه هه‌بێت، بەپێ‌ی یاسای رۆژنامەگه‌ری دەبێ لەهەمان شوێن و قەوارەی هەواڵە بڵاوكراوەكە بڵاوبكرێتەوە، بەڵام رۆژنامە ڕووزەردەكان خۆیان لەم یاسایە ده‌بوێرن و لەلاپەڕەیەكی كەم بایەخدا‌و بە بچوكی بڵاوی دەكەنەوه، یاخود پشتگوێی ده‌خه‌ن. زۆربەی ئەم میدیایانه دەبنە چەك و ئامرازێك بەدەست لایەن‌و گروپە ناكۆكەكانەوە بۆ شكاندنی یەكتر، بەهیچ شێوەیەكیش ئامادەنین ڕەخنە لەو كۆمپانیا‌و بازاڕانە بگرن كە ڕیكلام دەدەنە رۆژنامەكە. ئێستا ئەم جۆرە میدیایه به‌تایبه‌ت له چه‌ندین سه‌ردێڕی هه‌واڵ و به‌رنامه‌ی كه‌ناڵه‌كان، یاخود سۆشیالمیدیای كوردیدا ده‌بینرێت و بەشێوەیەكی مەترسیدار لە پەرەسەندندایە. دیارترین خەسڵەتەكانی ناسینەوەیان له بریتین لە بایه‌خدان به‌ئه‌م ته‌وه‌رانه‌ی خواره‌وه:-
1- سێكس و دەستدرێژی: پێشكه‌شكاری هه‌واڵ و به‌رنامه‌كه، هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دات به‌تامه‌زرۆیی و دنه‌دانه‌وه باس له گێچه‌ڵی سێكسی بكات، زۆرجاریش هه‌وڵی ناشرینكردنی ناوچه‌یه‌ك یاخود شار و شارۆچكه‌یه‌كیش ده‌دات.
2- تیرۆر و تووندوتیژی: هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م دوو دیارده‌یه وه‌ك پاڵه‌وان بۆ خه‌ڵك نمایش بكات، په‌رده‌پۆشی تاوانه‌كانیان به‌پاساوی مه‌زوڵومبوونیان ده‌دات. هه‌ندێكجار مه‌ترسی وروژاندنی بۆ ئه‌و ڕاستییه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه خستنه‌ڕووی ورده‌كارییه‌كانی ئه‌م تاوانانه، ده‌بێته‌مایه‌ی هه‌وڵدان بۆ دووباره‌كردنه‌وه‌یان له‌نێو چینی گه‌نجان و مێردمناڵان.
3- گەندەڵی و دزی: په‌رده‌هه‌ڵماڵین له‌سه‌ر دۆسییه‌كانی گه‌نده‌ڵی، ئه‌ركێكی گرنگی میدیایه به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی ڕایگشتی دژ به‌و تاوانه و فشارهێنان بۆ داواكاری گشتی و دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانیتر، به‌مه‌به‌ستی به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی.
له‌هه‌مانكاتدا میدیای ڕووزه‌رد، ئه‌م دۆسییه گرنگانه ده‌قۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانێك یاخود لایه‌نێك به‌گه‌نده‌ڵی تۆمه‌تبار بكه‌ن كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌و دۆسییانه‌وه نییه. بۆنمونه تۆمه‌تباركردنی لایه‌نێك یاخود به‌رپرسێك به دزی و گه‌نده‌ڵی له‌پێناو شكاندندا بێ ئه‌وه‌ی هیچ تاوانێكی كردبێ. زۆرجاریش ئامانجه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه كه دیدی جه‌ماوه‌ر بۆ نسینه‌وه‌ی كه‌س و لایه‌نی گه‌نده‌ڵكار ناڕۆشن بێت. هه‌روه‌ها له تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشدا، وێڕای ئه‌م خاڵه گرنگانه‌ی سه‌ره‌وه، دیارترین خەسڵەتەكانی ناسینەوەیان بریتین لە:-
–خۆحەشاردانی خاوەنی پەیج و ئەكاونتەكان كە هیچ جۆرە ناو و ژمارە تلفونێكیان دیار نییە، هەندێكیان حیزب و كەس و لایەنی گەورەیان لە پشتە، بەڵام هەر ئامادەی خۆدەرخستن نین.
–بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست (Fake news) و واتەوات و دەنگۆ.
–بایەخدان بە سێ تەوەرەی ورورژێنەر (تیرۆر، گەندەڵی، سێكس و دەستدرێژی)، هەڵبەستنی بەسەرهات و چیرۆك بۆ شكاندنی كەس و لایەنی جێمەبەست و تاوانباركردنیان بەوەی تیرۆریان كردووە، گەندەڵن یا سێكس و دەستدرێژیان ئەنجامداوە، ئەگەر بەڵگە و دیكۆمێنتیان لەبەردەستدا بێ جێی دەستخۆشییە، بەڵام زۆربەیان لەسەر بنەمای گومان و دەنگۆیە.
–بڵاوكردنەوەی بەدگومانی لەناو كۆمەڵگا بەتایبەت چینی گەنجان، بۆ نمونە گەنج باوەڕی بەهاوسەرگیری و كار و خزمەتی وڵات و جێبەجێكردنی یاسا نەمێنێ، تا هاوڵاتییەكی بێ بەرنامە و بێ دەربەست بەرهەم بهێنێ. بەپێ‌ی دۆسییەكانی دادگا لە هەرێمی كوردستان، زۆربەی ئەو كەسانەی سەرەڕۆیی لە شۆفێری و تەقەكردن و دزی و خیانەت و قۆڵبڕینی خەڵكدا دەكەن و دووچاری دادگایی دەبن، لەژێر كاریگەریی ئەم پەیجانەدان، بەمانایەكیتر دەشێ بەهۆشبەریی ئەلیكترۆنی ناوزەدیان بكەین.
“فاكته‌ره‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی”
سێ فاكتەری گرنگ هەن بۆ سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ئەم دیاردە دزێوەی میدیا:-
یەكەم: بەشێك لەو كەسانەی پیشەی رۆژنامەنووسی هەڵدەبژێرن، خولی زانستی و یاسایی تایبەت بە میدیایان نەبینیوە، دەشێ نەزانن یان لەبەرخاتری لایك و ڤیوی زیاتری بابەت و گرتەكانیان، چاوپۆشی بكەن لە كاریگەرییە خراپ و لێكەوتەكانی بۆسەر كۆمەڵگا، لەكاتێكدا بەپێ‌ی یاسا نەزانین پاساو نییە بۆ ئەنجامدانی تاوان و سەرپێچی و هەر سزای لەسەرە.
دووەم: بەئانقەست پشتگوێ خستنی ماددە و بڕگە یاساییەكان لەلایەن ئەو رۆژنامەنووس و پەیج و ئەكاونتانەوە، زۆربەشیان خاوەنەكانیان دەمامكدارن و هیچ ژمارە تەلەفۆن و ناونیشانێكیان لەسەر نییە، لەهەمانكاتدا بودجەیەكی زۆریشیان بۆ سپۆنسەری پەیجەكانیان تەرخان دەكەن، ئایا خۆحەشاردانی خاوەن و تەرخانكردنی پارەی زۆر بۆ سپۆنسەر و گوێنەدان بە لێكەوتە خراپەكانی هەندێ لە بابەتەكانیان، جێی گومان نین كە ئەمانە میدیای ڕووزەردن؟.
سێیەم: كەمتەرخەمی داواكاری گشتی لە لێپرسینەوە لەو خاوەن پەیج و ئەكاونتانەی لەسەر وروژاندن و گەورەكردنی دیاردە دزێوەكان دەژین. بۆ نمونە پەیج هەیە هەموو بابەتەكانی لەم چەشنەن: بزانە برایەك چۆن پەیوەندی سێكسی لەگەڵ براژنیدا دروست كرد؟. كچێك چۆن بەدزی هاوسەرەكەیەوە، پەیوەندی لەگەڵ پیاواندا دروست دەكات؟. لە داواكاری گشتی و لایەنە بەرپرسەكان دەپرسم، ئەم بابەتانە نابنەمایەی نەمانی متمانە لەناو چینوتوێژەكانی كۆمەڵگا؟ ئایا بێدەنگی ئێوە، هێندەیتر ئەم دیاردە دزێوانە زیاتر ناكات؟.
“ڕێكاره‌كانی چاره‌سه‌ر”
گرنگترین ڕێوشوێنەكانی چارەسەری میدیا ڕووزەردیش بریتیە لە:-
–ئامۆژگاری و رێنوێنی رۆژنامەنووسان بۆ خۆپارێزی لە بڵاوكردنەوەی بابەتی ناراست و وروژاندنی ئەو بابەتانەی ئەخلاقی كۆمەڵگا لەكەدار دەكەن، پێویستە میدیا بۆ بنەبڕكردنی دیاردە دزێوەكان و پتەوكردنی پرەنسیپە ئەخلاقی و یاساییەكان بەكاربهێنرێ و ڕۆڵی دەسەڵاتی چوارەم بگێرێت.
–ئەكتیڤكردنی داواكاریی گشتی بۆ سكاڵاتۆماركردن و لێپرسینەوە لەو پەیج و ئەكاونتە دەمامكدارانەی كە سەدان هەزار لایكیان بەبابەتی رووزەرد كۆكردۆتەوە، ئامانج و دەرەنجامی بابەتەكانیان بوونەتە هۆی لێكترازانی پێكهاتەكانی كۆمەڵگا كە بەپێ‌ی یاسای رۆژنامەگەری ژمارە (35)ی ساڵی (2007ز) بەتاوان دادەنرێت.
–هۆشیاركردنەوەی جەماوەر بەتایبەت گەنجان بۆ خۆپارێزی لە بینینی ڤیدیۆ و بابەتی نادروست تا لەو تەمەنەوە جۆرەها بەدگومانی لە ژیان نەكات، بەڵكو گوێبیستی ئەو بابەتانە بێت كە چۆنییەتی مامەڵەكردنی دروست و هەوڵدان و كۆششی راستەقینەیان لەپێناو ژیاندا فێر دەكات.
دواجار ڕاستییەكی تاڵ دەبێ داواكاریی گشتی و خاوەن پەیجە ڕووزەردەكان و تەنانەت بینەر و وەرگرەكانیشیان بهەژێنێ، لاوازكردنی بونیادی ئەخلاقی هاووڵاتیان و زیاتركردنی ململانێ و ناكۆكییە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی كۆمەڵگای كوردی، راستەوخۆ دەبێتەمایەی هەڵكشانی جۆرەها دیاردەی تاوان كە ئەمڕۆ و سبەی مەترسی ئەوە هەیە كەسانی نزیك و شوێنی كار‌و نیشتەجێبوونیشمان ئاڵودە بكات. لەو ڕوانگەیەوە ئەركی ئەخلاقی و یاساییە بۆ بەرهەمهێنانی كۆمەڵگایەكی ئارام و دروست، دامودەزگا یاساییەكان و ڕێكخراوە مەدەنییەكان، بەرنامەڕێژییەك بۆ بەگژداچوونەوەی ئەم دیارد مەترسیدارەی سۆشیال‌میدیا بكەن تا ئازادیی رادەربڕین و كەرامەتی مرۆڤ پارێزراو بێ.
*پسپۆڕی تاوانەكانی بڵاوكردنەوە
سه‌رچاوه‌كان:
-به‌زمانی فارسی:
1-سلطانی فر، محمد: زردنویسی در رسانه‌ها، تهران، 1383، فصلنامه رسانه، شماره 60.
-به‌زمانی ئینگلیزی:
-1Biagi Shirley, Media Impact: An Introduction to Mass Media, Wadsworth Pub Co, 1995
-2Campbell W. Joseph, Yellow Journalism: Puncturing the Myths, Defining the Legacies, Westport, Conn,
Praeger, 2001
-3Mott Frank Luther, American journalism: A history, 1690-1960, Macmillan, 1941
[1]– Cuilenburg , J Van van and McQuail ,Denis, (2005) ,Media Policy Paradigm Shifts, SAGE Publications, P 180.
[2]– W. Joseph Campbell :A timeline of yellow journalism