ئەم بیرۆكەیە لە خەمێكی قووڵی ژینگەییەوە هەڵقوڵاوە. پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی ژینگەدۆستی نەبۆتە كەلتور لە كوردستان؟ بۆچی پرۆسەی ژینگەپارێزی و سەوزكردن و خاوێنڕاگرتنی ژینگە، هێندە هێواشە؟
ڕەنگە زۆرێك لە ڕێكخراوی ژینگەیی هەبن لە كوردستان، ئەوەندەی من بینیومە، تەنیا چالاكییەكانیان لە چوارچێوەی چەند خولێكی بچووك و، هەڵمەتی پاككردنەوە و هەڵمەتی چاندنی درەختدا بچووك كردۆتەوە، بەبێ ئەوەی ئەكادیمییانە، دەستیان خستبێتە سەر كرۆكی كەموكورتییەكان و دۆزینەوەی چارەسەر، یانیش پرۆژەیاسەیەكی ژینگەیی تایبەت بە كوردستان بۆ پابەندكردنی حكومەت و بەتایبەت تاكی كوردستان بە خاوێنڕاگرتنی ژینگە و سەوزكردنی شارەكان و شاخ و گردە ڕووتەڵەكان درابێتە پەرلەمان. دەپرسم، تا ئێستا چی ڕێكخراوێك توێژینەوەیەكی لەسەر ئەو بابەتە كردووە؟ كوا پرۆژ یاسایەكی ژینگەیی تۆكمە؟
من لێرەدا ئەوەندەی مێشكم بڕی دەكات، چەند رێوشوێنێك پێشنیار دەكەم. چەند وردەكارییەكی پرۆسەكە دەخەمە ڕوو، هیوادارم شارەزایانی بواری ژینگەش ئەم بیرۆكەیە وەربگرن و بەناوی خۆیانەوە لە بێژنگی توێژینەوەی بدەن و بیكەنە بابەتێكی گرنگ و دەستی لێ هەڵنەگرن تاوەكو دەگەن بە ئامانج، تاوەكو بەرهەمەكەی نەبینن، واز لەو پرۆسەیە نەهێنن.
بێگومان كە دەڵێین ژینگە، ڕاستەوخۆ دوو لایەن دەبینرێت، لایەنی خاوێنڕاگرتنی ژینگە، لەگەڵ لایەنی سەوزكردنی ژینگە.
خۆم هەمیشە داخم خواردووە كاتێك بینیومە لەناو ئۆتۆمبێل پاشماوەی بەكارهاتوو فڕێ دراوە. داخم خواردوە بۆ ئەوەی كە یاسایەك نییە بۆئەوەی بتوانم ڕێ لە كەسێكی وا بگرم كاری وا دووبارە نەكاتەوە. یان بە نووسینی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەی، یان هەر ڕێكارێكی تر كە مرۆڤ بتوانێت لەلای خۆیەوە ژینگە بپارێزێت و بتوانێت كەسی تر لە پیسكردنی ژینگە ڕابگرێت، نییە. ئەگەر شوفێرەكان پابەندبكرێن بە دانانی كامێرا لە پێش و پشتی ئۆتۆمبێلەكانیان بۆ تۆماركردنی سەرپێچییەكا – جگە لەوەی سوودی بۆ تۆماركردنی سەرپێچی ڕێگاوبان هەیە، سوودی بۆ تۆماركردنی سەرپێچی ژینگەییش هەیە – دەكرێت ڕێكارێكی باش بێت بۆ پاراستنی ژینگە لە ڕێگاوبانە چۆڵەكان كە مرۆڤ وادەزانێ لەو شوێنە چۆڵەوانییەدا، یاسا چاوی لێ نابێت. دەكرێ پاداشت بۆ هەركەسێك كە سەرپێچی ژینگەیی دەبینێت، دابنرێت و كەسی سەرپیچیكاریش سزا بدرێت – بێگومان لەڕێگەی دادگاوە – بۆ ئەوەی هەمووان چاودێر بن لەسەر هەڵسوكەوتی ژینگەیی یەكتر بە بەڵگەوە، چونكە گەر چاودێر و سزا نەبێت، بێگومان مرۆڤ یاساشكێنی دەكات. من ئەوەندەی پێم كراوە و بە پیادە كەسێكم بینیبێت ژینگەی پیس كردبێت، لەبەرچاویدا پاشماوە فڕیدراوەكەم هەڵگرتۆتەوە، ئەو هەڵوێستە ئەوەندە كاریگەری لەسەر بەرامبەر داناوە، نەیتوانیوە گوێی خۆی لێ كەڕ بكات و چاوی لە ئاستی دابخات، هاتۆتە وەڵام و پاساوی ئەوەی هیناوەتەوە كە بۆیە ئەو پاشماوەی فڕێ داوە، چونكە كەسی تر، ژینگە ناپارێزێت و هەوڵی ژینگەپارێزی، تەنیا بە ئەو، چارەسەر نابێت.
ئەو حاڵەتەش بۆ سەوزایی ژینگەش دروستە، هەركەس داری بڕیەوە، تەنانەت گوڵێكی سەر شەقامەكانی لێكردەوە، سزا بدرێت، ئەوەش هەوڵێكی بچووكە بۆ هێشتنەوەی سەوزایی. بەڵام ئەوەی كە زۆر گرنگە و هەست بە بۆشاییەكی گەورە دەكرێت تیایدا، پرۆسەی هێواشی سەوزكردنی كوردستانە. ئایا ئەوەندە كارێكی قورسە بۆ خەڵك و لایەنی پەیوەندیدار؟
پرۆسەی سەوزكردنی كوردستان دەكرێت خێرا بكرێت، بەجۆرێك لەماوەی یەك ساڵدا، ئەنجامەكەی بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر دەردەكەوێت. ئەو بیرۆكەیەی كە دەیخەمە ڕوو، وەرگیراوی ئەزموونی هیچ شوێنێكی تر نییە. لەڕاستیدا ئەمە تەنیا بیرۆكەیە و شارەزا نیم، پسپۆڕانی بواری ژینگە و سەوزكردن، دەكرێ توێژینەوەی جدی لەسەر بكەن و بیرۆكەكە بچەسپێنن، یان هەر ئەنجامێكی تر كە پێی دەگەن. من لەگەڵ ئەوە نیم بۆ هەموو شتێك پێویست بكات نموونەی ئەزموونكراوی وڵاتان بهێنن، بەڵكو دەكرێ ئێمە نموونەیەك پیشان بدەین و ئەزموون بكەین، كە كوردستانیی بێت و بنەمای توێژینەوەكەشمان تەنیا لەسەر بیرۆكەیەكی ئاسایی خۆماڵێ بێت، بێ ئەوەی نموونەی تری ئەزموونكراو بخەینە ژێر توێژینەوە. ئەوە شتێكی مەحاڵ نابێت، وڵاتانی تر نموونەیەك لە ئێمە وەربگرن كە بیرۆكەكەی خۆماڵی كوردیی بووە، بێ تێكەڵەی سیستم و ئەزموونی تر. چونكە ڕەنگە ئەو ژینگەیەی لە كوردستان هەیە، هاوشێوەی ژینگەی هەندێ وڵات و شوێنی تر بێت، بەڵام هەرگیز دەقاودەق وەك ژینگەی شوێنی تر دەرناچێت، بۆیە باشترین كار، ئەوەیە لەسەر بیرۆكەی كوردستانیی كار بكەین، بە ژینگەیەكی كوردستانییانەوە.
لەم دواییانەدا، كارێكی باش كراوە كە بڕیارێك دراوە هەركەسێ منداڵی تازەی بوو، پێویستە دارێك بچێنێت. بەڵام تەنیا ئەو بڕیارە، نە دەردی بێ سەوزاییمان چارە دەكات، نە تێگەیشتن بۆ تاكیش دروست دەكات بۆ چاندنی دار و گول َو سەزایی و پاراستنیشیان. دەكرێ بە پرۆژە یاسایەك، تاكی كوردستان و هەر كەسێك لە كوردستان دەژی، لە ڕۆژی لەدایكبوونیدا پابەند بكرێت دارێك بچێنێت و گەورەیی و قەبارەی دارەكە یان گوڵەكە، بەپێی توانای دارایی ئەو كەسە دیاری بكرێت و لەڕێگەی شارەوانییەكانی سنووری گەڕەك و ناوچەكان یان لایەنێكی چاودێری ئەو پرۆسەیە، دیاری بكرێت كە ڕەنگە گوڵێكی گوڵباخ بەر كەێك بكەوێت بۆ چاندنی، بەهۆی دەستكورتییەوە. چاندنی نەمامەكەش، هەر پێویستە لەژێر چاودێری ئەو لایەنە پەیوەندیدارەوە ئەنجام بدرێت و شوێنەكەی بۆ دیاری بكرێت، بۆ ئەوەی چاندنی نەمام و درەخت و گوڵەكان، هەڕەمەكی نەبێت و ئەندازەیی بن. دەكرێ ڕێكخراوە ژینگەدۆستەكان ئەوكاتە كار لەسەر ئەوە بكەن و فریای ئەو هەژارانە بكەون و تێچووی درەخت و گوڵەكانیان بگرنە ئەستۆی خۆیان كە ناتوانن تیكە نانێك ئامادە بكەن چی بگات بە چاندنی گوڵێكی بچووكیش. بەم شێوەیە، پرۆسەی سەوزكردن لەبەر هەژارییش ڕاناوەستێ و بەردەوام دەبێت. لایەنی چاودێر پێویستە سزای ئەو كەسە بدات كە پابەند نابێت بە چاندنی ئەو درەختەی كە ساڵانە دەكەوێتە ئەستۆی. ئەگەر ژمارەی دانیشتوان پێنج ملیۆن كەس بێت، كەواتە ساڵانە پێنج ملیۆن نەمام و درەخت لە كوردستان دەچێنرێن. ئەوەش پرۆسەیەكی خێرای سەرسوڕهێنەر دەبێت و كاریگەرییەكی ئێجگار زۆری دەبێت بۆ هۆشیاری خەڵكیش.
وردەكاری ئەو پرۆسەیە، بەشێوەیەك دەبێت كە بەڕێوەبەرایەتی ڕٍەگەزنامە، داتاكانی ڕۆژی لەدایكبوون و تەمەنی كەسەكان بدات بە لایەنی پەیوەندیدار، كە شارەوانی، یان كەرتێكی تایبەت دەبێت بەو بوارە. هەموو تاكێك لە سنووری زۆنە دیاریكراوەكان و نیشتەجێی ئەو زۆنە، بەپێێ داتایەكی زیرەك، لەلایەن ئەو لایەنە پەیوەندیدارەوە دەردەكەوێت كە فڵانە كەس یادی لەدایكبوونیەتی و پێویستە دار بچێنێت. جا كەسەكە یان دەبێت خۆی فریا بكەوێت و پەیوەندی بكات بە لایەنە پەیوەندیدارەكەوە تاوەكو شوێنێكی بۆ دیاری بكرێت ئەركەكەی خۆی ئەنحام بدات. یانیش لایەنە پەیوەندیدارەكە ڕاستەوخۆ و بێ دواكەوتن، كەسەكە ئاگادار دەكاتەوە كە دەبێ ئەمڕۆ لەژێر چاودێری ئەوان، نەمامێك بچێنێت، بە پێچەوانەوە سزا بدرێت و ئەو هەڵوێستەی وەكوكەمكردنەوەی نمرەی سلوك هەژمار بكرێت و ئەو نمرەیە تا تەمەنی ماوە، لەكۆڵی نەبێتەوە.
دەكرێ ئەو هەڵمەت و ڕێكارە سەرەنتا لەناو شارەكان لەنێوان شەقامەكان و شوێنە ڕووتەڵەكان جێبەجێ بكرێت، پاشان بەرفراوان بكرێت بۆ شەقامەكانی نێوان شارەكان، پاشان دەشت و كێوە ڕووتەڵەكان. بێگومان، جۆری درەخت و نەمامەكان و توانا بەرگەگرتنیان لەو شوێنانەی دەستنیشان دەكرێن، بەپێی شارەزایی كشتوكاڵناسەكان هەڵدەبژێردرێن و بڕیاری لێدەدرێت. چی درەخت و نەمامێك زووتر هەڵدەكشێت و بەرز دەبێتەوە، پێش هەموو جۆرێكی تر بخرێت. وا باشترە درەختی خۆماڵی كە كوردستان پێی ناسراوە، بچێنرێت، وەكو درەختی چنار. درەختی چنار بۆ ناو شارەكان گونجاو دەبێت، چونكە درەختێكی ئازایە و زوو هەڵدەكشێت و هەوایەكی فێنك و سازگاریش بە ژینگە دەبەخێ و درەختێكە كوردستانی پێناسراوە و چەندین شیعر و شانامەش، ئاماژەیان بەو درەختە كردووە و، یارەكەیان بەو درەختە چواندووە. بەداخەوە تایئێستا درەختی چنار لە كوردستان، بۆ بەرهەمی دارەكەی پەروەردە كراوە و دواجار بڕدراوەتەوە و هێشتا وەكو درەختێكی جوان و سازگار بەكار نەهێنراوە.
بە دڵنیاییەوە ڕێوشوێنی تر هەن بۆ دەوڵمەندكردنی ئەم بیرۆكەیە و سەرخستنی بیرۆكەكە، دیسان دەڵێم، بەڵام تەنیا پێویستی بە بڕیارە. پاشان هەوڵدان بۆ بەئەنجام گەیاندنی و دەستی لێ هەڵنەگیرێ تاوەكو دەسەپێنرێت.
ئەوەی كاری حكومەت قورس دەكات، پێم وابێت، ئاودانی ئەو درەخت و نەمامە زۆرەیە كە لەم پرۆسە خێرایەدا دەچێنرێت. بەتایبەت لە دەشت و كێوە ڕووتەڵەكان، چونكە ئەوكاتە، بەخێرایی ڕووبەری سەوزایی فراوان دەبێت و، گەر درەخت و نەمامەكانیش دێمی بن و پێویستیان بە ئاوی زۆر نەبێت، بەڵام لەسەرەتای چاندنیاندا تا ماوەیەك پێویستە ئاو بدرێن تاوەكو ڕەگەكانیان لە ژێر زەویدا خۆیان قایم دەكەن. بۆ ئەوەش بەدڵنیاییەوە پێویستە پلانی پێشوەختەی بۆ دابنرێت و ئامادەكاری بۆ بكرێت. ئەوكاتە ڕەنگە پێویست بكات تیمێكی فریاگوزاری دابنرێت بۆ ئاودانی درەخت و سەوزاییەكان. تەلەفۆن دەكرێت ئێرە تیمی فریاگوزاری بوژاندنەوەی سەوزاییە؟ بەڵێ. فریاكەون هەر ئێستا چەند دۆنمێك زەوی لە شاخی گۆیژە و دۆڵی دڵۆپە سەوز كراون، پێویستیان بە ئاوە. چەندە جوانە ئەو تیمە كوردییە هەبێت!!! پەیامنێری كەناڵە ئۆپۆزسیۆنەكانی وڵاتانی تر: هاوڵاتیانی خۆشەویست، هەواڵێكی گرنگم پێیە بۆتان. لای ئێمە دەبێت بەدیار سەوزاییەكانەوە بین تاوەكو ئەگەر ئاگریان گرت، فریا بكەوین بیانكوژێنینەوە. كەواتە ئێمە هەمیشە لە هێڵی بەرگریداین، بەڵام لە كوردستان ئەو لەوە دەرباز بوون و هێزی هێرشیا هەیە بۆ برەودان بە سەوزایی، هێزی فریاگوزاری ئاودانی سەوزایی. بەڕاستی ئەوە سەرسوڕهێنەرە لەم وڵاتە، سەوزایی بەجۆرێ بەخێرایی فراوان دەبێت، هێزی فریاگوزارییان بۆ داناوە. ئێمە لەوەدا دواكەوتووین. ئایا تا چەند ساڵی تر دەتوانین بگەینەوە بە كوردستان؟