شەڕی ئیسرائیل و حەماس جارێکی تر پرسی هاوپەیمانی نێوان چەپ و ئیسلامی هێنایە ئاراوە. ئەم پەیوەندییە هێشتا لە دونیای کوردیدا بوونی نیە، چونکە چەپی کوردی هێشتا چەپێکی سۆڤیەتییە. بۆ تێگەیشتن لەم پێکەوە بوونە قسەی زۆر کراوە، بە تایبەتی لە فەرەنسا. هەندێک پەیوەندی نێوان چەپ و ئیسلام دەگەڕێننەوە بۆ دژایەتی مۆدێرنە. هەردوو چەپ و ئیسلامی دژ بە بەهاکانی مۆدێرنەن، هەرچەندە بە شێواز و ئامانجی جیاواز. بەڵام هاوپەیمانییەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە. لێرەدا هەوڵدەدەم بۆ مەبەستی ڕوونکردنەوە کەمێک بە سادەیی قسەی لە سەر بکەم.
سەرەتا دەبێت بزانین مەبەستمان لە چەپ چیە یان کێیە؟ چەپی ڕۆژئاوایی لە ئەمڕۆدا چەپێکی مارکسی نیە. لە هەموو زیاتر چەپێکی فۆکۆییە. ئەم وەرچەرخانە هۆکارێکی سەرەکی ئەم نزیکبونەوەیە. چەپی فۆکۆیی یانی چی؟ میشێل فۆکۆ بیرمەندێکی فەرەنسی بوونیاتگەرابوو، کە دونیابینی دەربارەی دەسەڵات لە بیرمەندی ئەڵمانی نیتچەوە وەرگرتبوو. دیارە فۆکۆ نیتچەیی نەبوو بە دونیابینی، بەڵکو زیاتر بە میتۆد. بە کورتی و بە کوردی لای فۆکۆ دەسەڵات هەموو شتێکە. دەسەڵات لە هەموو شوێنێکە. هەموو کردەیەکی مرۆیی کردەیەکی دەسەڵاتیە. بەڵام بۆ پۆشینی ئەمە هەوڵدەدات بە قسەی بریق و باق بیڕازێنێتەوە کە ناوی نا خیتاب. فۆکۆ هەروەها چەمکەکانی ئەرکەلۆجیا و جینالۆجیای لە نیتچەوە وەرگرت. مەبەستی ئەو لەم دوو چەمکە ئەوەبوو کە چۆن بگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی هەموو دیاردەیەک، وەک شوێنەوارناسێک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شتەی کە دەیدۆزێتەوە. پاش دۆزینەوەی شتەکە وەک خۆی، ئینجا هەوڵدان بۆ دیاریکردنی ئەو ڕێچکەیەی کە گرتویەتیە بەر. فۆکۆ بڕوای وەهابوو هەموو شتێک لە سەرەتادا لە پێناوی دەسەڵاتدارێتیدا هاتوەتە ئاراوە.
چەمکێک لێرەدا گرنگە لێی تێبگەین ئەوەیە کە هەموو شتێک کە هەیە بونیادنراوە. ئەم چەمکی بونیادنانە پاشان بە کاردەبەم بۆ تێگەیشتن یان دیاریکردنی قەیرانی پەیوەندی چەپ و ئیسلام.
بەشێکی تر لە پرۆژەی فۆکۆ لە داڕشتنی چەپی ئەمڕۆ دیدی نەبونی گەشە و تیورەی ڕەخنەییە. فۆکۆ و زۆرێک لە چەپەکانی تر بڕوایان وەهایە کە لە گەڵ گەشەی مرۆڤایەتیدا هەمیشە نەهامەتیی هەیە. ڕەنگە واڵتەر بنیامین زیاتر ئەم دیدە بە زەقی ئاماژە پێبدات، بەڵام بە زمانێکی ئەدەبی ئاڵۆز. گومان لە گەشە و بەرەوپێشچون و بونی داهاتوی باشتر هەموو بەشێکن لە خیتابی چەپ وەک ڕەخنەیەک لە خیتابی پەرەپێدان و گەشەسەندن و بەرەوپێشەوەچون لای لیبرالەکان. لە سەروی هەموو ئەمانەوە تیورەی ڕەخنەییە. ئامانجی تیورەی ڕەخنەیی ئەوەیە کە بزانێت کە ئەو دەسەلاتخوازییە ڕاستەقینە چیە کە لە هەناوی هەموو شتێکدا خۆی حەشارداوە و چۆن بتوانین لە ڕێگای هەڵوەشانەوەی خیتاب یان دیکۆنسترەکشن یان ئامرازەکانی تر پێبگەین. ئەم دیدە لای چەپ وەهایە کە ئامانجی شارستانی ڕۆژئاوا زاڵبون و کۆلۆنیالیزم و تاڵانی و دەسەڵاتخوازییە نەک گەشانەوە و شارستانی و ئەم شتانە.
هەموو ئەمانە هاوبەشییەکی زۆری هەیە لە گەڵ دیدی ئیسلامیەکاندا بۆ دونیا بە تایبەتی بۆ دونیای ڕۆژئاوا و لیبرالیزم بە تایبەت تر، کە ئێستا وەها دەبینرێت زاڵە بە سەر دونیابینی ڕۆژئاوادا.
لێرەدا دەبێت بە ئاگاییەکی زۆرەوە پرسەکە ڕاڤە بکەین. هاوپەیمانی چەپ و ئیسلامی لە پانتاییەکەوە بۆ پانتاییەکی تر هۆکار و پاڵنەری جیاوازی هەیە. زۆربەی جار مەبەست جیاوازە بەڵام کردار یەکە. بۆ نمونە، چەپێک بە لایەوە ئاساییە کە ئافرەتێکی موسوڵمان لە شارێکی ئەوروپی سەرپۆشی دابێت. بەڵام ئەم ئاسایی بونە، ئاڵۆزییەکی زۆر لە پشتیەوەیەتی. لای چەپ هەموو شوناسێک بونیادنراوە، مرۆڤەکان دەبێت ئازادیان هەبێت کە هەرشوناسێک دەیانەوێت بونیادی بنێن، چونکە هیچ شوناسێک کرۆکی یان فیترەیی نیە. لێرەدا دێمە سەر چەمکی کرۆک یان فیترە وەک چەمکێکی سەرەکی لای ئیسلامیەکان دژ بە چەپ.
بەم پێیە، لای چەپێکی فۆکۆیی، کەسەکان مافیانە هەرچۆنێک خۆیان بونیادبنێن، چونکە لە دوا ئەنجامدا هەموو شوناسێک دەستکردەو و بونیادنراوە، لە نێویاندا شوناسی ئیسلامی بون، پۆشینی سەرپۆش یان هەر کردەیەکی تر. بەڵام هەمومان دەزانین کە کەسێکی ئیسلامی پرسەکە وەها نابینێت، بەڵکو لای ئەو هیچ شتێک بونیادنراونیە بەڵکو پێدراوە، یان کرۆکی بونیەتی و یان ئەوەیە کە پێی دەوترێت فیترە. ئەم جیاوازییە لە هەندێک بواردا کێشە دروست ناکات بۆ نمونە سەرپۆش پۆشین، بەڵام کە دێتە سەر پرسی ڕەگەز، ژن و پیاو هەردوو چەپ و ئیسلامی خێرا لە یەکتر جودا دەبنەوە، چونکە لای چەپ هەمووی ڕەگەز و ژن و پیاوی و هەرشتێکی تر بونیادنراوە، بۆیە دەکرێت بگۆڕدرێت. بەڵام لای کەسێکی ئیسلامی ئەمانە فیترەتن نابێت بگۆردرێن. ئەمە قەیرانە پەنهانە، وەهای کردوە لە هەندێک وەها بیر بکەنەوە کە بە ناو دۆستایەتی نێوان ئیسلامی و چەپی فۆکۆیی تاکتیکە یان هاودوژمنایەتییە، نەک هاوپەیمانی.
ئەم هاوپەیمانییە لە شوێن و ئاستی تردا بە شێوازی جیاوازتر دەردەکەوێت. بۆ نمونە، چەپ کاتێک توشی داڕمان بوو لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئەمریکدا، وەک تیورەش توشی ئیفلاسیی بوو، بۆ بارتاقەی ئەمە پەنایان بردە بەر ئەدەبیاتی فاشیزم. ئیتر خەڵکانی وەک هایدگەر، کارل شمت، نیتچە و زۆری تر بوون بە بنەمای تیوریی ڕەخنە لە سەرمایداریی و لیبرالیزم. ئەم هاوپەیمانیەی نێوان چەپ و فاشیزم زەمینەی خۆشکرد بۆ هاوپەیمانی نێوان چەپ و ئیسلامی، بە تایبەتی ئیسلامی دژ بە ئەمریکایی. ئەمریکا لای چەپ و ئیسلامی وەک شەیتانی گەورە دەبینرێت. هیچ پرسێکیش بەرجەستەی ئەم هێزە نیە هێندەی ئیسرائیل. بۆیە دژایەتی چەپ بۆ ئیسرائیل لە دژایەتی ئەمریکاوەیە. بەڵام دژایەتی ئیسلامی بۆ ئیسرائیل پاڵنەری جیاوازتری هەیە. چەپ بە گشتی بڕوای وەهایە کە هۆکاری سەرەکی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستوەردانی ڕۆژئاوایە، ئیسلامیەکانیش لەمەدا هەتا ئاستێکی زۆر هاوڕان.
ئەم دیدە لە بوارێکی بەرفراوانی دونیای ئەکادیمیادا بە زەقی بەرجەستە دەبێت کە ناوی پۆست-کۆلۆنیالە، یان پاش کۆلۆنیالیزم. قوتابخانەی پاش کۆلۆنیالیزم، بواری زۆرە، لە دەرکەوتە ئیدوارد سەعیدیەکەیدا ئەمریکا بەرپرسە لە هەموو نەهامەتیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی تر. بەڵام لای بیرمەندی هیندی هۆمی بابا، پۆست-کۆلۆنیال موتوربەیەکە لە نێوان کۆلۆنیال و پێش-کۆلۆنیال. بەڵام بە گشتی ئەم ئەدەبیاتە دوانەیەکی بەرهەمهێناوە لە زاڵم و زوڵملێکراو. زاڵم ڕۆژئاوایە و زوڵملێکراو ئەوانیتر.
بەڵام کاتێک کە دەسەڵات بەرجەستە دەبێت، خێرا چەپ و ئیسلامی نەک لە یەکتر جودا دەبنەوە بەڵکو دەبنە نەیار و دوژمنی یەکتر. چونکە لای ئیسلامی بەرنامەیەک هەیە کە دەبێت مرۆڤەکان پیادەی بکەن و بۆیان نیە بیگۆڕن، بەڵام لای چەپ هیچ شتێکی پێدراو بونی نیە، بەڵکو هەموو ئەوەی هەیە مرۆڤ خۆی بونیادی دەنێت. ئەمەش وەها دەکات کە هاوپەیمانییەکە قۆناغیی بێت، بۆ نمونە فۆکۆ زۆر سەرسام بوو بە شۆرشی خومەینی.
بۆچی نە چەپ، نە ئیسلامی دۆستی کوردنین؟ هەندێک لە چەپ دۆستی تێزە نوێکەی ئۆجەلانن لە دژایەتی مۆدێرنەی سەرمایەداریی، بەڵام بە گشتی دۆستی پرسی کوردنین. هۆکاری ئەمە ئەوەیە کە چەپ تەنها پاڵپشتی ئەو پرسانەیە کە تەبایە لە گەڵ ئایدلۆژیاکەیدا و هەروەها پرسەکە چەندێک مرۆڤانە یان ڕەوابێت ئەگەر دژ بە ئەمریکا نەبێت ئەوان پشتیوانی ناکەن. لای چەپ و ئیسلامی وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا و عێراق و سوریا وڵاتی خراپ نین، هەرچیەکەیش دەیکەن جێگای بایەخی ئەوان نیە، چونکە ئەوان تەنها بە دوای هاوبەرژەوەندێتی خۆیاندا وێڵن بەبێ گوێدانە هەر پرسێکی تر. بۆ نمونە لە کاتێکدا پشتیوانی غەزەن، بەڵام کاتێک ڕوسیا گرۆزنی پایتەختی چیچانی وەک غەزە لێکرد، ئەوان نقەیان لێوە نەهات. نوکتەکە ئەوەیە کە کاتێک چەپ و ئیسلامی لە ژینگەی بیری فۆکۆدا پێکەوە هەڵدەسوڕێن، کاتێک فۆکۆیانە لێیان دەڕوانیت ئەوانیش جگە لە دوو گروپی دەسەڵاتخوازی خاوەن خیتابی بریقەدار هیچی تر نین.