“دۆخی تاكی كورد و خێزانەكانیان لە ئاوارەیی وڵاتی ئێراندا”
یەكێك لەو باسانەی كەمترین قسەی لەسەركراوەو وتار و تەنانەت توێژینەوەی زانستی لەسەر ئامادەكراوە، دۆخی ژیانی پەنابەرە كوردەكانی وڵاتی ئێران بوو لە ناوەڕاستی بەهاری ساڵی (1975ز)، تا ئەو كاتەی بۆ زێدی خۆیان گەڕانەوە. ژیانێك، تا ئەو كاتەی دووچاری بوون، نە بیریان لێ كردەوە، نە بە خەیاڵی كەسیشیاندا هات، دووچاری وەها ڕۆژێك ببن! جارێك بەر لە هەر شتێك زۆرینەی خەڵكی باشووری كوردستان، بە كۆمەڵێك پێداویستی سادەی ماڵی، كە باری گوێدرێژێك یان ڕەشەوڵاخێك دەبوو، ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون. بارەكەیان هەندێك كەرەسەی وەك (ڕایەخ، دۆشەك، سەرین، لێفە، قاپ وە قاچاخ، پۆشاك) بوو، لەگەڵ زێر و خشڵێك، ئەگەر هەندێك خێزان خاوەنی بووبن. ئەوان بە ئاوارەیی و بە وورەیەكی ڕووخاو تێكشاو بەبێ چەك، چوونە وڵاتی ئێران.
دواتر لەسەر سنووری نێوان (ئێراق-ئێران)، بنەماڵە و خێزانەكان لە یەك جیاكرانەوە و هەر كۆمەڵە ڕەوانەی ئەو ئۆردوگایانە كران، كە پێش ماوەیەك، لە نزیك شارۆچكە و ناوچە دووردەستە ئاوەدانەكانی وڵاتی ئێران، دروست كرابوون. ئۆردۆگاكانیش بە ئاسن و تەل و سیم، تەنرابوون، تا ڕێگا لە هاتووچۆ بگرن. ئەمەو جگە لەوەی هەموو ئۆردوگاكان خرابوونە ژێر چاودێری تووندی دەزگاكانی ساواكی وڵاتی ئێرات. بۆ هەر ئۆردوگایەكیش دەروازەیەكی مۆڵەت پیدراو هەبوو، كە بە كۆمەلێك ڕێ و شوێنی تووند، هاتوچۆی لێوە دەكرا، چونكە لەلایەن چەند تیمێكی پۆلیسی ئێرانی و دەزگای ساواك، كۆنتڕۆڵ كرابوو. واتە مافی چوونە ژوورەوە و هاتنە دەرەوە بە یاسا و بە مۆڵەت دیاریكرابوو. ئەمەو جگە لەوەی هەر ئاوارەیەك پەڕاوی تایبەتی بۆ كرابوویەوەو هەموو زانیارییە تایبەتانەی تێدابوو، كە دەوڵەتی ئێران پێویستی بوون، وەك (ناوی سیانی، جۆری ڕەگەز، مێژوو و شوێنی لەدایكبوون، تەمەن، كاری پێشووی، كێشی، باڵای، ئاستی خوێنەواری، تواناكانی،….تاد). ژیانی ئۆردوگاكانیش لەژێر كۆمەلێك خێمەدا بوو، كە بۆ هەر خێزانێك، یەك خێمە دابین كرابوو. واتە ئەو خێمەیە، شوێنی پێداویستی ماڵ و دانیشتن و نووستن و خواردن دروستكردن و نانخواردن و میوانداری و تەنانەت خۆشتنیش بوو! ئەمەو ڕۆژانە یان هەفتانە بەپێ یاسای هەر ئۆردوگایەك، خۆراكی سەرەتایی وەك (ئارد، برنج، ڕۆن، شەكر، چا، سابون، نەوت) دابەش دەكرا.
هەموو تاك و خێزانەكانی نێو ئوردوگاكانیش، لە ژێر چاودێری توندی هێزەكانی پۆلیس و دەزگای ساواكی ئێراندا بوون. ئەو جۆرە لە ژیانیش بەبێ كار و بەبێ ماندووبوون، بۆ ئەوانەی پێشتر بە بێ كاركردن و ماندووبون ڕانەهاتبوون، دژوار بوو. ئەمەو جگە لەوەی هیچ ئامێرێكی پەیوەندیكردن نەبوو. نە تەلەفۆن هەبوو، نە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن. هەربۆیە ئاگاداربوون لە هەواڵ و ڕووداو باسوخواسێكی ناوخۆیی و جیهانی، سەخت بوو. جیاواز لەوانەش لەناو خاكی ئێران پۆشاكی كوردی و بەستنی جامانە قەدەغە و یاساغ بوو. هەر كەسێكیش پێویستی بە كڕینی شتێك هەبوایە، كە لە ئۆردوگاكان نەبێت، دەبوا بە پارەی خۆی بیكرێت. پارەكەش ئەو بڕە كۆكراوەبوو، كە پێش ئاوارەبوونیان لەگەڵ خۆیان هەڵیانگرتبوو، یان بەو زێرو زیو و خشلەی بەهەندێك خێزانەوە بوو، یان هەڵیانگرتبوو، تا بۆ كاتی پێویست سوودی لێوەربگرن و بە فرۆشتنیان، پێداویستیەكانیانی پێ بكڕن. بۆ ئەوەش دەبوا سەردانی بازاڕەكانی نزیك ئۆردوگاكان بكەن، تا بیفرۆشن و پێداویستییەكانیانی پێ دابین بكەن. یان دەبوا بیدەنە ئەو ئێرانیانەی بۆ فرۆشی ئەو زێر و زیو و خشڵانە یان بۆ كڕینی هەندێك پێداویستی تر، هاتبوونە دەرەوەی ئوردوگاكان، تا لێیان بكڕن. هەربۆیە ژیان لەوەها دۆخێكی دارایی خراپ و ژیانی ڕۆژانەی داخراوی ئۆردوگاكاندا زۆر قورس و وەك زیندان وابوو. مۆڵەتی چوونە دەرەوەش سەرباری ئەوەی ڕێكاری خۆی هەبوو، دەبوا كەسە ئاوارەكە بەهۆی خزمێك یان كەسێكی نزیكی كوردی ئێران، داوا لە بەرپرسانی ساواك یان پۆلیسی ئەو شار و شارۆچكەیە بكات، كە لێ نیشتەجێ بوو، تا بتوانێت ڕەزامەندی و كەفالەتی خزمەكەی یان كەسە نزیكەكەی لەنێو ئۆردوگاكە بكات و بیباتە دەرەوە.
بەپێ ئەو تۆمارانەی لای خۆمان پارێزراون و ئەو تۆمارنەشی لە زمانی شایەتحاڵەكانی سەردەمەكەوە وەرگیراون، دۆخی ئۆرودۆگاكان زۆر بەرتەسك و ناخۆش و دژوار بوو. ڕاستە خۆراك و ئازوخەی پێویست دابەش دەكرا، بەڵام ژیانیان سەخت و داخراو بوو. پیاو و ژن و گەورە و بچوك، هەموویان ڕۆژان و شەوان سەرقاڵی ئەو كارانە بوون، كە بەردەوام دووبارە دەبوونەوە. پیاوەكانی دوان دوان و سیان سیان كۆدەبوونەوە و باسی ڕۆژانی ژیانی شۆڕش یان ژیانی گوند و شارۆچكە و شارەكانیان دەكرد. ژنەكانیش سەرباری باسوخواسەكانی خۆیان، سەرقاڵی ئامادەكردنی سێ ژەم خواردن و شتنی پۆشاك و پاكردنەوە بوون. كچانیش سەرباری هاوكاری دایكانیان، بە تەنەكە و گۆزە، ئاویان بۆ ناو خێمەكانیان دەگواستەوە. هێنانیش ئاویش لە شوێنێكی ئۆردوگاكە دانرابوو، كە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بۆ ئۆردوگاكان دابینكرابوو.
لەم دۆخەشدا سەركردایەتی سیاسی كورد و بەتایبەت ماڵباتی بارزان لە باكووری كەرەج، مەڵبەندێكیان بۆ ئاوەدان كرایەوە، تا لێی نیشتەجێ ببن و لە دووری جەماوەرەكەیان ژیان بەسەر ببەن و ئاگاداریان نەبن. ئەوەش بە مەبەستی دابڕانی سەركردایەتی پارتی و شۆرش لە فەرماندە سەربازییەكانیان و خەڵكەكانیان.