ئۆکتۆبەری ڕابوردوو، لە شــــــاری فۆشان(Foshan)ی چین، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بەسەر کیژێکی دوو ساڵاندا ڕۆیشت. شۆفێرەکە نەوەستا. حەوت خولەک تێ پەڕی، لەو ماوەیەدا دەرزەنێک کەس بە پێیان یانژی بە پاســــــکیلەوە بە تەنیشت ئەم منداڵە زامدارەدا تێ پەڕین. دواتر بارهەڵگرێکی دیکە لە منداڵەکەی دا. لە کۆتاییدا ئافرەتێک هێنایە قەراخ شەقامەکە، پاشان دایکی گەیشت. منداڵەکە لە نەخۆشخانە مرد. هەموو ئەم دیمەنە بە ڤیدیۆ تۆمار کرا، دواتر کە لە وێســـــــتگە تەلەڤیزیۆنییەکان و لە ئینتەرنیتدا نیشان درا، شڵەژانێکی هێنایه ئاراوه. لە ساڵی ٢٠٠٤دا کارەساتێکی هاوشێوە لە لەندەن ڕووی دا، بەڵام وەک ئەوانی دیکە، لە لێنزی کامێراکان دوور بوو.
سەرباری ئەوە، مرۆڤەکان دەتوانن و بگرە زۆر جاریش بە شێوازی جودا هەڵسوکەوت دەکەن. ئەگەر هەواڵییانە بە وشەکانی “پاڵەوانێك ڕزگار دەکات” بگەڕێین، چیرۆکگەلێکمان لەبارەی ڕێبوارانێکەوە بۆ دەهێنێت کە لەپێناوی ڕزگارکردنی کەسانێک کە نایانناسن، ڕووبەڕووی ئەو قهتارانهی خەریکە دەگەن، شەپۆلە خێراکان، ئاگرە بڵێســـــەدارەکان دەبنەوە. کردە زۆر بەسۆزەکان، بەرپرسیارێتی، میهرەبانی، بە چەشنی دژەکانیان بە نزیکەیی گەردوونین. بۆچی هەندێک، لەپێناوی کەسانێکدا کە نایانناسن، ئامادەن ژیانیان بخەنە مەترســـــــییەوە، کەچی هەن تەنانەت تەلەفۆن بۆ فریاکەوتنیش ناکەن؟
دەیان ساڵە زاناکان دەســــــتوپەنجە لەتەک پرسیارگەلێکی لەم جۆرەدا نەرم دەکەن. لە شەستەکان و سەرەتای حەفتاکاندا، تاقیکردنەوە بــــــــەناوبانگەکانی ســـــتانلی میلگرام (Stanley Milgram)و فیلیپ زیمباردۆ(Philip Zimbardo) نیشانیان دا کە زۆربەمان بە ئارەزووی خـــــۆمان، لە بارودۆخی دیاریکراودا، زیانی گەورە بە کەســـانی بێتاوان دەگەیەنین. لە هـــــــــەمان ماوەدا، جۆن دارلــی (John Darley) و ســــی دانییل باتسـون(C.Daniel Batson) دەریان خست تەنانەت هەندێک لە خوێندکارانی خوێندگە ئایینییەکان کە بۆ پێشکەشکردنی وانەیەک لەبارەی چیرۆکی سامرییە باشەکەوە دەچوون، ئەگەر بیانزانیایه دوا کەوتوون، بە تەنیشت دەردەدارێکدا کە لە تەنیشت شەقامەکەوە پاڵ کەوتووە، تێ دەپەڕین. توێژینەوە نوێیەکان پێمان دەڵێن چی لە مێشکدا ڕوو دەدات وەختێ خەڵکی بڕیارە ئاکارییەکانیان دەدەن. بەڵام ئاخۆ لە تێگەیشتن لەوەی چی هەڵسوکەوتە ئاکارییەکانمان ئاڕاستە دەکات، نزیک بووینەتەوە؟
خاڵێکی فەرامۆشکراو لە زۆربەی ئەو گفتوگۆیانەی لەبارەی ئەو تاقیکردنەوانەوە کراون، بریتییە لەوەی هەندێک لە خەڵکی کارە چاکەکەیان کرد. تاقیکردنەوەیەکی نوێی زانکۆی شیکاگۆ (کە تێبینیگەلێکی ئاکاریمان لەسەری هەیە) وا دیارە تیشکی نوێی خستووهتە سەر هۆیەکەی.
توێژەران دوو مشکیان هێنا، ئەم دوو مشکە لە نێو قەفەسێکدا بوون، یەکێکیان دەخستە نێو بۆرییەکەوە کە تەنها لە دەرەوە دەکرایەوە. مشکە ئازادەکە هەوڵی دەدا دەرگاکە بکاتەوە، لە کۆتاییشدا لەم کارەیدا سەردەکەوت. هەرچەندە مشکە ئازادەکە دەیتوانی بەر لە ئازادکردنی مشکە گیرخواردووەکە، هەموو چکلێتەکە بخوات. کەچی زۆربەیان ئازادکردنی هاوقەفەسەکەیان پێش دەخەن. تاقیکەرەوەکان دۆزینەوەکانیان وەک دەرخەری هاوسۆزیی نێوان مشکەکان لێک دەدەنەوە. بەڵام ئەگەر وابێت، ئەوەشیان دەرخستووە کە مشکەکان جیاوازن، لەبەر ئەوەی تەنها ٢٣ دانە لە کۆی ٣٠ مشک هاوڕێ مشکە گیرخواردووەکەیان ڕزگار کردووە.
هۆ جیاوازیی هەڵسوکەوتی مشکەکان، دەبێت هەر لە مشکەکان خۆیاندا بێت. وا دیارە مرۆڤەکانیش، هەر وەک مشکەکان، لە دەستگیرۆیی ئەوانی دیکەدا، جیاوازن. تاقیکردنەوەی زۆر لەسەر مرۆڤە نائاساییەکان کراوە، وەک سایکۆپاتەکان، بەڵام ئێمە پێویستە زیاتر دەربارەی جیاوازییە تا ڕادەیەک جێگیرەکان (کە ڕەنگە لە جینەکانماندا ڕیشەیان داکوتابێت) لای بەشی هەرە زۆری خەڵکی بزانین.
بێگومان بارودۆخ و بیروباوەڕی ئاکاری دەتوانن جیاوازیی گەورە بهێننه ئاراوه، بەڵام ئەگەر مرۆڤەکان لە مەیلیاندا بۆ کردەی ئاکاری جیاواز بن، ئەوا پێویستە زیاتر لەبارەی ئەم جیاوازییانەوە بزانین. تەنها ئەو کاتە تێگەیشتنێکی دروست لەبارەی هەڵسوکەوتی ئاکاریمانەوە بە دەست دەهێنین، دەشزانین بۆچی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە زۆر جیاوازە و ئاخۆ شتێکیشمان لەو بارەیەوە لە دەست دێت؟
توێژینەوەكان لەسەر مێشکی ئەو کەسانەی کە یەکێک لە گورچیلەکانیان بە نەناسراوێک بەخشیوە، دەری دەخەن ئەمیگدالاکان (amygdala)یان لە سەرووی قەبارەی ئاساییەوەیە و کاتێکیش کەسێک لە ناڕەحەتیدا دەبینێت، لەچاو هیی کەسێکی ئاساییدا چالاکترە. لەوانەیە ئەمیگدالا وەڵامی ئۆکسیتۆسین (Oxytocin)بداتەوە کە ناسراوە بەوەی هانی گرنگیدان بە کەسانی تر، لە نێویاندا کەسانی نەناسراو دەدات. زۆر لێکۆڵینەوەی دیکەش هەن کە بارودۆخە بایۆکیمیایییەکان بە مەزاج و ڕەوتارەوە دەبەستنەوە، هەروەتر، دەرمانگەلێک دروست كراون کە دەستکاریی ئەم هۆ بایۆکیمیاییانە دەکەن تـــا ڕەوتارەکان بگۆڕن.
لەم خاڵەوە بیرۆکەی حەبی ئاکاری – دەرمانێک وامان لێ بکات زیاتر یارمەتیی کەسانی دیکە بدەین، بیرۆکەیەکی ئهستەم (far- fetched) نییە. ئاخۆ خەڵکی وەری دەگرن تا ببن بە مرۆیەکی باشتر؟ ئاخۆ بژاردەی ئەوەی لەبری زیندان دەرمانێکیان پێ بدرێت وایان لێ بكات كهمتر مهیلی ئازاردانی ئهوانی دیکەیان ههبێت، دەدەین بە تاوانباران؟ بۆ دڵنیابوون لەوەی کە حەبەکە دەخۆن، دەتوانرێت تێکەڵ بکرێت لەتەک ئەوەدا کە پێی دەوترێ حەبی زیرەک، یانژی ئەو حەبە دیجیتاڵییانەی هەستەوەرێکیان تێدایە، كه کاتێک قووت دەدرێت، داتا دەگوازێتەوە.
بە هەمان شێوە، حکومەتەکان دەتوانن بە مەبەستی دۆزینەوەی ئەو کەسانەی بە ئەگەرێکی زۆرەوە تاوان دەکەن، خەڵکی بپشکنن. ڕەنگە حەبی ئاکاریش بەم کەسانە بدرێت بۆ ئەوەی ئەم ئەگەرە کەمتربێت؛ ئەگەر ڕەتیان کردەوە، لەوانەیە داوایان لێ بکرێت ئامێرێکی شوێنپێهەڵگرتن لە خۆیان ببەستن تا لە هەر کاتێکدا بێت، شوێنیان دیاریبکرێ، بۆ ئەوەی بزانن ئەگەر تاوانێکیان کرد، ئەوا ئاشکرا دەبن.
پەنجا ساڵ لەمەوبەر، ئەنتۆنی بیرگێس ڕۆمانی A clockwork Orangeی نووسی، ڕۆمانێکی ئاییندەیی لەبارەی سەرکردەیەکی خراپەکاری باندێکەوە کە بە ڕێکارێکدا دەبرێت چیتر توانای توندوتیژیی ناهێڵێت. فیلمەکەی ســــــاڵی ١٩٧١ی ســــــــتانلی کوبریک (Stanley Kubrick)کە لەم ڕۆمانەوە وەرگیرابوو، گفتوگۆیەکی چڕی بەدوای خۆیدا هێنا، زۆرێک پێداگیرییان لەسەر ئەوە کرد ئێمە هەرگیز پاســــــاوێکمان بۆ ســــــەندنەوەی ویستی ئازاد لە خـــــەڵکی نییە، با ئەو توندوتیژییەی ڕێگەی لێ دەگرین، زۆر ترســناکیش بێت. گومانهەڵنەگرە هەر پێشنیازێک بۆ پەرەپێدانی حەبی ئاکار، تووشـــی هەمان بەرسڤ دەبێتەوە.
بەڵام ئەگەر کیمیای مێشـــــکمان کاریگەریی لەسەر ڕەوتاری ئاکاریمان هەبێت، ئەوا پرسی ئەوەی کە ئاخۆ هاوســـەنگییەکە بە شێوەیەکی ســـروشتی یان بە دەستێوەردانی پزیشکی دانراوە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەوەی چەندە ئازادانە مامەڵە دەکەین، نییە. ئەگەر جیاوازیگەلێکی بایۆکیمیکی لە نێوانماندا هەبێت کە بتوانرێت بۆ پێشبینیی ئەوەی چۆن لە ڕووی ئاکارییەوە هەڵسوکەوت دەکەین، بەکار بهێنرێت، ئەوا یان ئەو جیاوازییانە لەگەڵ ئیرادەی ئازاددا دەگــونجێن، یاخود بەڵگەن لەسەر ئەوەی لایهنی کەم لە پەیوەندیدا بە هەندێک لە کردە ئاکارییەکانمانەوە، هیچ کام لە ئێمە ویستی ئازادمان نەبووە. بەهەرحـــاڵ، ویســــــــتی ئازادمان هەبێت یانژی نا، پێ دەچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕووبەرووی بژاردەگەلێکی نوێ ببینەوە لەبارەی ئەو شێوازەی کە دەخوازین کاریگەری لەســـــەر ڕەوتارەکانمان بەرەو باشتر دابنێت.
سەرچاوە:
Ethics in the Real World: 90 Essays on Things That Matter – A Fully Updated and Expanded Edition
نووسینی: پیتەر سینگەر
وەرگێڕانی: دڵشاد حامید دەروێش