ئێستا کە گوێ لە برادەرانی سلێمانی دەگریت، دەستپێکی قسەکانیان وەهایە کە لیبرالیزم و مۆدێرنەی سەرمایەداریی و دیموکراسیی و دەوڵەت و دەوڵەت نەتەوە و نەتەوە و هتد هەموو کۆتایی هاتوە. کاتێک گوێبیستی ئەمە دەبم، ئەو گۆرانیە میللیەم بیردەکەوێتەوە کە کابرای گۆرانیبێژ بە غرورێکی نێرانەوە ناوی دەرزەنێک ئافرەت ڕیز دەکات کە گوایە دڵیان شکاندوە.
ئەم جۆرە دەربڕینە ئاسانانە دەربارەی کۆمەڵە چەمکێکی زێدە ئالۆزە لە مێژووی بیردا ڕەنگە دەرئەنجامی ئەو دۆخە بێت کە ئێمە لەم سەردەمەدا تیایدا دەژین. سایمۆن کوپەر لە دوا ستونیدا لە ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز باس لە simplesity دەکات لەم سەردەمەدا. سملپسیتی یانی سادەگەرایی، بەڵام چونکە سادەگەرایی مانای پۆزەتیفیشی هەیە من سایەتی بۆ بەکار دەبەم. سا پێشگرێکە لە گەرمیان بەکار دێت بۆ سادەیی یان ساویلکەیی، کاتێک دەڵێن کابرا سائەقڵە یانی سادە ئەقڵە. سایمون ئەوە پیشان دەدات کە چۆن شۆرشی ئینتەرنێت زۆرینەمانی نەخوێندەوار کردوە. بە تایبەتی سەردەمی خوێندنەوەی قوڵ و ئاڵۆز بە سەرچووە. یەکێک لەو ڕستە بێزارانەی بەردەوام ساخوێنەرانەکان پێم دەڵێن ئەوەیە کە گوایە سەردەمی خێراییە و خەڵک کات و تاقەتی نیە بابەتی درێژ بخوێنێتەوە. خۆی بۆ خۆی دەربڕینێکی دڵتەنگی بێزارکەرە، چونکە نە کورد لە سەردەمی خێراییدایە و بە بێ کاتە، بەڵکو تەمەڵە و توانای خوێندنەوەی نیە.
سایمۆن بەرئەنجامی ئەمە دەبەستێت بە سیاسەتەوە کە چۆن ئەمر خەڵکی فاشی و توندڕەو و ساویلکە و دەبەنگ دەبنە ڕابەر، چونکە سادە دەدوێن، توانای گەیشتنە ئاگایی زۆرینەیان هەیە و وروژانی تیادا دروست دەکەن. ئەم دیاردەیە لە ئاستی فیکریدا بونی زۆر لە دونیای ئێمەدا. بۆ نمونە بۆ ئێمە لە نێوان ماوە ماوەدا لە بیرمەندێکەوە دەگوێزینەوە بۆ بیرمەندێکی تر. بۆ ڕۆژانێک مارکس بوو، پاشان کامۆ و سارتەر، پاشان فۆکۆ، ئێستا نیتچە و هایدگەر و ئەوانیتر.
هەرچەندە ئەم وەرچەرخانە دەرئەنجامی دونیای ئێمە نیە بەڵکو ئاراستەکراو و ڕێکخراوە. گواستنەوەی چەپەکان لە مارکسەوە بۆ نیتچە، وەرچەرخانێکی خراپی بیرلێنەکراوەیە. چۆن لە کون فەیەکونێکدا کەسێکی خەڵک دۆست دەبێتە کەسێکی هەرەمخواز، بەو مانایە بڕوای بە پلەبەندی کۆمەڵایەتی و ڕیزبەندکردنی خەڵکیە لە سەر بنەمای توانای ئەقڵی و نەفرەتکردنە لە کۆیلە، کە یانی زۆرینە.ماوەیەک کابرایەک هەبوو بانگەشەی بۆ کۆنزێرڤەتیزمی شۆڕشگێڕانە دەکرد، کە دەرکەوتەیەکی تری فاشیزمی ئەڵمانیە. مەبەستمە بڵێم نەخوێندنەوە، کەمخوێندنەوە، سادەخوێندنەوە، مۆدێل خوێندنەوە، هەموو زۆری شتی دروشمی قەبەی بەرهەم دەهێنن، بەڵام کفۆڵ و کەف ئاسان، زوو فەنا دەبن.