سوننە لەمێژوودا ئاڵاهەڵگریی نەیارێتی نەریتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیلە.. بە هەموو پێوەرێکی بابەتی و بنکۆڵکاریی سیاسیی، ئەوە ڕوونە کە سوننەکان لە مێژوودا توانیویانە تەمای شکاندنی جەبەڕووتی جووەکان بگرنە ئەستۆ.
بۆنموونە:
پاڵەوانی یەکەم:
لە سەردەمی دووەم خەلیفەی دەوڵەتە ئیسلامی و عەرەبییەکەدا، خودی عومەری کوڕی خەتاب بە ڕاسپاردنی ئەبو عوبەیدەی جەڕڕاح لەمیانی شەش مانگ گەمارۆی شارەکەدا لە نۆڤەمبەری (٦٣٦)ی زایینیدا تاوەکو بەهاری (٦٣٧)، بەتریک (سفونیوس)یان ناچار کرد کلیلی کۆی دەروازە سەرەکییەکانی شار ڕادەستیان بکات. لێرەوە بۆ ماوەی مێژووی چوار سەدە، تاوەکو کۆتایی سەدەی یازدە، قودسی قیبلەی دووەم، دوور بوو لە هەر هێرش و هەژموونێکی ئەوانی تر. دواتر لە دەسپێکی هێرشی ئەوروپییەکاندا، لە ١٠٩٩ دا جارێکی تر کیانەکە کەوتەوە نێو مەترسییە مێژووییەکەوە.
پاڵەوانی دووەم:
سەڵاحەدینی ئەیوبی بە تاکتیک و توانایەکی لەڕادەبەدەری لۆژیکی جەنگ و ئیرادە و ئیمانەوە، توانی بۆ جاری دووەم، پاش ئەوەی نزیکەی سەدەیەک بوو، ناوچەکە نرابوویە ژێر بازووی بابەتێکی ئایدیۆلۆژی و ئایینی پەڕگیرەوە، دواجار لە جەنگی بەناوبانگی (حطین)دا، ساڵی ١١٨٧ سوپای سەڵاحەدین سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. سوپایەک لەژێر فەرماندەیی گەنجێکی پەنجا ساڵیدا و بە (١٢)هەزار جەنگاوەر کە کوردەکان بەشێکی سەرەکی بوون تێیدا، توانیان بە کوشتنی (٦٣)هەزار کەس کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن و سەڵاحەدین بۆ خۆی (٢٤)ساڵ حوکمی کرد. جیا لەوەش سەڵاحەدین توانی کۆتایی بە حوکمی فاتمییەکان بهێنێ لە میسردا، کە لەسەر میحرابی هەموو مزگەوتەکان نەمان و نەفرەتیان بۆ گیانی ئەبوبەکر و عومەر نوسی بوو.
پاڵەوانی سێهەم:
لە نەریتی بەندایەتی و بابەتە ئاینییەکاندا، سێهەمجار سوننەتە، واتا کردەکە لە سێهەم جاردا پیرۆز دەکرێ.
ئایا ئێرانی ئێستا، کە ڕەمزی ڕابردوویەکی دوور و درێژی بیری سیاسیی شیعەی تێدا بەرجەستە بووە، بەو ئاسانییە، سوننەتی سەرکەوتنەکە لە سێهەمجاردا بەدەستی خۆی ڕادەستی سوننەیەکی تر دەکات؟
لەکاتێکدا حەسەن نەسڕوڵڵا لەناو هوتافەکانی ئەودا ڕیشی ڕەشی سپی کردووە. حەسەنێک بۆ خۆی ماڵە و ماڵی بەیروت دەگەڕا و وێنەکانی خومەینی بەسەر کۆڵانە قوڕینەکانی لێواری بەیروت و باشووری لوبناندا دابەش دەکرد.
ئایا کەسێ زەڕڕەیەک زمانی ئەقڵ بزانێ، لەو ڕازی ڕابردووە سەردەرناکا؟ ڕازێک پێی وابێت ئێران پشتیوانی جیهاد و حەمماسە!
ئایا ئەو ئەتک و ئابڕووبردنەی ئێران لە هەمبەر ئیسرائیل داویەتەبەر، هێندەی ئەو نەفرەت و جنێوانە گەورەن کە بە عومەر و سەڵاحەدینی دەدەن؟
ئایا لە ئەدەبیاتی ئێراندا هیچ سیمای شارۆن داود گریۆن دزێوترە لە سەڵاحەدین و عومەر؟
ئایا هیچ بێجایەک هێندەی هوتافەکانی فەتح و فەلسەفەی کۆتایی ئیسرائیل لەسەر دەستی حەماس بێجایە. هیچ خۆڵکردنە چاوێک هێندەی ئەم تەپوتۆزەی میدیای ئەمڕۆ زەق و زماندرێژ بووە؟
دوو کەس کە توانیویانە فەتحی فەڵەستین! بکەن، ئێران تینووە بە ئێسک بە ئێسکی گۆڕەکەشیان، کەچی واخەریکە بە ماچ و موچی میراتگرەکانیان فریودەدرێین.
میدیای کوردیی، ئەوانەی ئەدەبیاتێکی ئیسلامگەراییان هەیە، یان لە لۆژیکی مێژوو تێناگەن، یان هەڵگیرساوی دوگمەکانی دەستی ئێرانن، یاخود سۆز و عاتیفە و ئەشقێکی ناخیان بۆ خەڵکە مەزڵومەکە ڕێگەنادا ڕاستییەکان ببینن.
لێرەدا چەند سەرنجێك دەخەمە ڕوو:
١- بەداخەوە جنێوبارانێکی زۆر دەبینم، جنێو بە داروبەردی ئەوانەی کە پێیان وابێ ئەم شەڕە، شەڕی موسڵمان و ئیسرائیل نییە و بابەتێکی بەرژەوەندیداری هاوکێشەکانی هێزی ناوچەکەیە.
٢- یاخود بینیومە یەخەی یەکتریی گیراوە لەسەر ئەوەی بۆچی کوشتنی خەڵکی بێتاوان هەستی مرۆڤانەت ناجوڵێنێ. یانی نەفەرم دیوە، خەنجەری بدەیتە دەست، دەیکات بە ورگی ئەو کەسەدا کە بۆچی بۆ منداڵی بێتاوانی غەززە هاوسۆز نییە.
٣- ئەم مۆدیلە هێندە باوە، ئێستا ئەوەی دێڕێک دەنوسێ، لەترسی جنێودا دەنوسێ: بەڕاستی هاوسۆزی منداڵ و خەڵکی سیڤیلی غەززەم.
٤- تەنها لەدەمت دەرچێ بنوسە: خۆ ساروخە ڕوسییەکانی حەماسیش ئەقڵیان نییە تا بڵێن ئەو بینایە خەستەخانەیە نەک منداڵێ پێوەبێ، ئەوەی کە خەستەخانەیەکی ئیسرائیل نەڕوخاوە، پەیوەندی بەوەوەیە ناتوانن بیڕوخێنن، نەک هەستە ئینسانییەکە ئەگینا لە جەنگەکەدا هەردوولا هێندەی یەکتریی بە قەولی باو کافرن، ئەوا یەکسەر دەڵێن: تۆ لایەنگریی ئیسرائیلیی.
لەڕاستیدا ئەدەبیاتی تۆمەتی لایەنگریی ئیسرائیل، لە شەستەکانەوە تا سەرەتای دوو هەزار، بۆ ماوەی چل ساڵ، کچێک لەماڵەوە پەرداخێکی بشکاندایە، دایکی پێی دەوت: تۆ لایەنگری ئیسرائیلی. ئەم نەخۆشیە ئەوان تەرکیان کرد، ئێستا بنسەلمان بخوردی سەر گۆڕەکەی باپیری ڕۆژانی هەینی، بۆنێکی ئیسرائیلییە، بەڵام تازە بەتازە ڕۆشنیرانی کوردی باشووری گرتووەتەوە. لەکاتێکدا دڵنیابن، کورد جارێکی تر قودس ڕزگار بکاتەوە، لەلای عەرەب هەر سەڵاحەدینی دووەمە.
٥- جارێ هاوسۆزی بابەتێکە پەیوەستە بە ئازادی کەسەکانەوە، ئەسڵەن بە تۆچی هاوسۆزە یان نا؟ هاوکات، بەتۆچی کابرا هەواداری چ لایەنێکە؟ تۆیەک بەناوی خوداوە، لەپێناو بەرژەوەندی و گرێی سایکۆلۆژی خۆت و حزبەکەت، ئامادەی یاری بە ئایاتی قورئان یش بکەیت، بە چ هەقێک ئایەتی (نصر من الله و فتح قريب)بەکاردەهێنی بۆ تەقوتۆقەکە، ئەی وا هەزار ساڵە ئەو فەتحە ڕووینەداوە، کەوایە کامەیە نزیکەکە؟ ئاشکرایە کێشە لە ئایەتەکەدا نییە، کێشە لە ئەقڵی تۆدایە کە پێت وایە نوێنەری خودای، لەکاتێکدا هیچی خواش نیت، بەڵکو دەربار و داردەستی ئەم و ئەوی دەوربەریت.