ئەوە دوای راپەرین بوو ، هێشتا بیسمیللا هیچ نەبووە و خێر و شەڕیش دابەش نەکرابوو، بەشێک لەو خەڵکەی کە ئەمڕۆ بە جۆر و شێوازی دیکە گوزارشت دەکەن و خۆزگە بۆ نەیارانی کورد دەخوازن؛ لەبەردەرکی سەرای سلێمانی پڕ بەگەروویان هوتافیان دەکێشا، “نان و پەنیر و کەرە، سەدام باشترە لە بەرە” واتا (بەرەی کوردستانی)لە ئێستاشدا و لەناو ئەو جەنجاڵی و کێشمەکێشەی ژیاندا و لە بێسەروبەریەی ئەحزاب و میدیای بێویژداندا، رووقایمی هەندێکیان تەنها لە دژایەتیکردنی حکومەتەدا نەوەستاوە و زۆر واوەتر ڕۆچووە، بگرە داڕماو لە هەموو بەهایەک، جاڕی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمیش دەدەن و بێ ئەوەی کەسیش بێیان بڵێ بەری چاوتان کلی پێوەیە.
لە بەرانبەردا ئەمڕۆ هەموو بەچاوی خۆمان دۆخی فەلەستین و بەدیاریکراوی غەززە دەبینین کەچۆن وا خەریکە داری بەسەر بەرددا نامێنێ، غەززەیەک جگە لە سەربەخۆیی، لە هیچ خزمەتگوزارییەک وەک ئاو و کارەبا و نەوت و … هتد لە پێداویستی ژیانی رۆژانەی خەڵکی کەم نەبوو، لە شەو و رۆژێکدا بەهۆی هێرشی گروپێک یان حیزبێکی سیاسی فەلەستینی بۆ سەر ئەو وڵاتەی کە بە شریانی ژیانیان دادەنرێ (لای خۆمان پێی دەڵێن قوڵایی ستراتیژی)و ئەوان هەر بە داگیرکەری دەزانن و دەرەنجام ئەم شەڕ و کاولکاری و قات و قڕەیەی لێکەوتۆتەوە.
فەلەستینیەکمان نەبینی جا ئیسلامی بێت یاخود عیلمانی، چەپ بێت یان راست و ئەولاتریش بڕۆ تەنانەت سێکچۆڵیشیمان نەبینی، جگە لە شانازی کردن بەوەی پێی دەڵێن بەرخودان لە دژی داگیرکەر؛ رەخنەک یاخود سەرزەنشت و سەرکۆنەی ئەو کردەوە سەربازییە بکات و کەسیش ئەو جورئەتە تەنانەت نەیارەکانی ئەو هێزە سیاسیەشمان نەبینی پەیامێک لە دژی رەوتی ئەو رووداوە بدات، ناکا بکەوێتە خزمەتی ئەوەی پێی دەڵێن داگیرکەر، کەسمان نەبینی بەوپەری بێچاو رووییەوە نەفرەت لە پیرۆزیەکانی خۆی بکات و ئەو موشەکانەشی کە دوژمنی وڵاتەکەیانی پێهەژاند بە سەقەت و فاشیل پێناسە بکات، ئەمەیە ئەوەی کە ئێمە بە دوایدا وێڵین و هەمیشە گومان لە بوون یاخود نەبوونیدا دەکەین بۆیە سەد ساڵە بە بارتەقای زەبری دوژمن، گورزی لێداوین.