گشتاندن لە دژایەتی و ڕق لە جوو (هەر پێکهاتەیەکی دیکە) کێشەیەکی قوڵی هزریی سیاسیی و فاشستییە
ئەو رقە کە لە ئەکادیمیا بە دژە-سامی یان دژە-جوو ناسراوە، رەگێکی ئایینی و نەتەوەییشی هەیە. ئەمەش بۆ ئەو خەسڵەتە دەگەڕێتەوە، کە باوەڕدارەکانی ئایینێک خۆیان پێ لە باوەڕدارانی ئایینەکانی دیکە پێ باشترە، واتا جۆرێکە لە فاشیزمی ئایینی.
ڕقی ئایینی تەنیا لە نێوان موسڵمانان و جووەکان (یەهودییەکان) نیە، بەڵکو رقێکی زۆر لە نێوان مەسیحییەکان و جووەکانیش هەیە. ئەوەش پەیوەندی بە چیرۆکە رووداوانەوە هەیە لە ئینجیل باس لە دونیابینی لایەنێکیان دەکات بەرامبەر بە لایەنێکی دیکە. بەشێکیشی پەیوەندی بە چیرۆکی ئازاردانی مەسیح (د. خ.) هەیە تا دەگاتە چەندین چیرۆکی دیکە. ئەو رقە ئایینیە یان فاشیزمە ئایینییەی پشت بە سڕینەوەی بەرامبەر دەبەستێت، زیاتر لە شوێنکەوتووی ئایینەکان ڕەنگی داوەتەوە، نەک راستەوخۆ ئایینەکان.
ڕقی دووەم پەیوەندی بە دژایەتی نێوان عەرەب و یەهوودییەکانەوە هەیە. ئەوانە لە کێشەی خێزانیی نێو ماڵی حەزرەتی ئیبراهیم (د. خ.) – ەوە ڕقیان لە یەکتری هەیە. رقەکە بە درێژایی مێژوو لە هەردووک لا بەرامبەر یەکتری هەیە، یانیش پەیوەندی بە بێ متمانەیی بەرامبەر بە یەکتری یاخود پەیوەندی بە ترس هەیە لە نێوان عەرەب و جوو، وەکو دوو ئامۆزای سامی.
ڕقەکە پەیوەندی بە دروستکردنەوەی ئیسرائیلیش هەیە. ئیسرائیل وێڕای مێژووێکی دوورودرێژ، بە بەڵگەی ئینجیل و تەورات و تا ڕادەیەک قورئانیش، بێجگە لە سەرچاوە مێژووییەکان، لە دروستکردنەوەی ئیسرائیل لە قۆناغی نوێ و دوای کۆڵۆنیالیزم، رەخنەی ئەوەی لێ دەگیرێت، کە ڕەچەڵەکی بەشێکی بەرچاویان ڕەچەڵەکی نوێیان ئەوروپایە یان وڵاتانی دیکە. هەرچەندە ڕوونە ڕەچەڵەکی زۆربەی جووەکان هەر ئەو ناوچە کێشەلەسەرەی ئیسرائیل و فەلەستینە، بەڵام لە قۆناغی جیا ئاوارە بوون.
کێشەی پێگەی ڕۆحیی قودس، خێروسەلام، یان ئۆرشەلیم، بەهۆی گرنگی بۆ هەرسێک ئایینی ئیبراهیمی، سازش لەسەر کردنی بە تێگەیشتنی ئایینی خۆیان، یانیش نەریتی ئایینی، زیان بە بیروباوەڕ دەگەیەنێت.
کێشە رەچەڵەکییەکانی دوای کۆڵۆنیالیزم و داگیرکاریی ئەوروپی و پێشووتریش داگیرکاری عوسمانی و سەفەوی ئایینی یان ئیسلامیی، سنووری جیاجیای نەتەوەیی یان سنووری ئەندێشەیی و خەیاڵی لە بیابانەکان بە خوێن کشراون، ئەوە وای کردووە بە درێژایی چەندین سەدە وەکو چۆن لە رابردوو بەردەوام بوون، لە داهاتووش هەر بەردەوام دەبێت.
بوونی ئەو هەموو هۆکارانە بۆ دژایەتی و ڕق ئەوە دەخوازێت زمانی گفتوگۆ زاڵ بکرێت و کار بە هێزی لۆژیک بکرێت. هاوکات، کە جێی داخە، کێشە نەتەوەییەکانی وەکو کورد و بەلوجی و کشمیری و فەلەستینی و ئیسرائیلی و رەسەنەکانی دیکەش پێویستی بە چارەسەری بوێر هەیە. پێویستە چارەسەرییەکان بە جۆرێک بن دژایەتی زیاتر دروست نەکات. ئێستا کێشەکان ئەوەندە قوڵ بوونەتەوە، شەڕ و تیرۆر و ترس و تۆقاندن چارەسەریان ناکات، چارەسەر تەنیا بریتییە لە بووی گفتوگۆ و ڕێکاری دیبلۆماسی. بە بۆچی من، هیچ کام لە کێشەی ئەو نەتەوانە بەهۆکاری جیای وەکو بەهێزی دەسەڵاتەکانی ناوەند و گوێمەدێیی بەناو نەتەوە یەکگرتووەکان ناتواندرێت بێجگە لە ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، هەر ئەوەش رێگە راستەکەیە، نەک ڕق و گشتگیری کردن بەرامبەر بە جوو، موسڵمان یان دژبەیەک یانیش دژ بە هەر کۆمەڵێکی دیکە.