تەوالێت، پێداویستییەکی سەرەتایی و لایەنێکی گرنگی گەشتیارییە. کوردستانیش بەهۆی جوگرافیا و سروشتە جوانەکەیەوە، بووەتە جێی سەرنجی گەشتیارانی وڵاتانی تر. هەلێریش، لەم ساڵانەی دواییدا، بە پایتەختی گەشتیاریی هەڵبژێردرا لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا. هەروەها لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدوای جێگرەوەی تری نەوتدا دەگەڕێت بۆ بەدەستهێنانی داهات و تیایدا گرنگی بە کەرتی گەشتوگوزار دەدات وەکو سەرچاوەیەکی داهات، بۆیە پێویستە تەوالێتەکانیش بخرێنە بەرنامەی گەشەپێدانی کەرتی گەشتیارییەوە وەکو سەرچاوەیەکی داهاتی ئەو کەرتە.
هەریەک لە وڵاتانی جیهان، لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە، داهاتیان دەستدەکەوێت و وڵاتەکەی خۆیانی پێبەڕێوە دەبەن. زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن، هەندێکی تر نەک بە گوڵ، تەنانەت توانیویانە گژوگیایەی دەشت و کێوی وڵاتەکەیان بکەنە سەرچاوەی داهات، وەک لای گوڵفرۆشەکاندا دەیانبینین کە بۆ دیاری دەیپێچنەوە، یان لە شوێنی نەمامفرۆشەکان دەیانبینین بەناوی گیای گینەڵی هۆڵەندی و دارە قەزەمە جۆراوجۆرەکانی تر.
کوردستانیش دەکرێ دەست بۆ ئەو بوارانە ببات کە یارمەتی دەدات، خۆی لە قەیرانی دارایی ڕزگار بکات، بۆیە گونجاوە دەست بۆ هەر بوارێک ببات، تاوەکو سەرچاوەی داهاتی پێزیاد بکات. هەبوونی تەوالێت لە شوێنە گشتییەکان، نەک تەنیا بۆ ڕەچاوکردنی گەشتیارە بیانییەکان، بەڵکو پێویستییەکی گرنگیشە بۆ هاوڵاتییانی کوردستان. هاوڵاتی کاتێ سەردانی بازاڕ دەکات، لەبەر نەبوونی تەوالێتی تایبەت، تەوالێتی مزگەوتەکان بەکار دەهێنێت. وای لێهاتووە، ئەوەندەی مزگەوتەکان بۆ مەبەستی بەکارهێنانی تەوالێتەکانی بەکار دێن، ئەوەندە بۆ مەبەستی خواپەرستی بەکار نایەن. بەهۆی ئەو لێشاوە زۆرەی بەکارهێنانی تەوالێتەکانیان و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری خاوێنکردنەوە، تەوالێتی مزگەوتەکان، لەڕووی تەندروستییەوە گونجاو نین.
ئافرەتان کە زۆرترین ڕێژەی مامەڵەی بازرگانی پێک دەهێنن و زۆربەی کڕیار و سەردانکەرانی بازاڕەکان پێک دەهێنن، لە خزمەتگوزاری تەوالێت بێبەشن و خۆیان لە بەکارهێنانی تەوالێتی مەزگەوتەکانیش دەپارێزن. هەرچەندە ئافرەتان زۆربەی سەردانکەرانی بازاڕ پێک دەهێنن، کەچی زۆربەی بەکارهێنەرانی تەوالێت لە بازاڕەکاندا، پیاوەکانن، ئەو ناهاوسەنگییە دەریدەخات کە، لەو لایەنەوە، ناعەدالەتی بەرامبەر بە ئافرەتان کراوە، چونکە ئافرەتانیش وەکو پیاوان، پێویستیان بە بەکارهێنانی ئەو شوێنە هەیە. نەبوونی تەوالێتی تایبەت بە ئافرەتان، نائارامیی دەروونی بۆ هاوڵاتیان و گەشتیاران دروست دەکات. بۆیە دەبوو لەپێش هەموو کەسێکەوە، ڕێکخراوەکانی ئافرەتان، لەسەر ئەو بابەتە هەڵوێستیان هەبووایە. ئەگەرچی تا ئێستا لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی، یەک شوێن دابین کراوە تەنیا بۆ ئافرەتان بۆ ئەو پێداویستییە و سیستەمەکە بە پارەیە، سیمایەکی جوان و شارستانیانەی هەیە و دەکەوێتە سەر شەقامی مەولەوی، بەڵام تەنیا ئەوە بەس نییە و دەبوو لە هەموو ئاراستەی شەقامە جیاوازەکاندا، لەو جۆرە تەوالێتە هەبووایە و هەردوو ڕەگەزەکە لەبەرچاو بگیرایە.
هەرچەندە لەناو بازاڕی شاری هەولێریش یەک شوێن تەرخان کراوە بۆ هەردوو ڕەگەزەکە و دەکەوێتە سەر ئەو شەقامەی باخی شار و سەرەتای بازاڕی باتە، پێکەوە دەبەستێتەوە، بەڵام جێگایەکی تەنگەبەر و بێ خزمەتە و بەخۆڕاییە. ئەوەش بەس نییە و پێویست بوو لە ئاراستە جیاوازەکانی تری بازاڕ، خزمەتگوزاری تەوالێتی لێبێت، چونکە بازاڕەکان لەیەکەوە دوورن. لەسەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا کە جیهانی گرتەوە، کاتێ کە هێشتا قەدەغەی هاتوچۆ ڕانەگەیەنرابوو و بازاڕەکان هێشتا کراوە بوون، مزگەوتەکانی کوردستان دەرگانیان داخرا. هەروەها دوای نەهێشتنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ و کرانەوەی ڕێگاکان و کردنەوەی بازاڕەکان، هێشتا دەرگای مەزگەوتەکان نەکرابوونەوە بۆئەوەی جەنجاڵیی و بەریەککەوتنی زیاتر دروست نەبێت، چونکە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو شوێنانەدا زیاتربوو. بەداخستنی دەرگای مزگەوتەکان، تەوالێتەکانیش کە پێداویستییەکی سەرەتایی، بەڵام هەرە گرنگی هاوڵاتیانە، لەبەر ئەوەی لەناو حەوشەی مزگەوتەکاندان، داخران و کێشەی بۆ خەڵک و خاوەن دوکانەکانیش دروست کرد.
بەهۆی ئەوەی کوردستان، لەئەنجامی سیاسەتەکانی حکومەتی بەغداد، کەوتۆتە قەیرانێکی داراییەوە و لەسەردەمی کۆرۆناشدا، کاتێ نرخی نەوت دابەزی بۆ ژێر سفر، دەبێ بەخەبەری هێنابین بۆ ئەوەی هەنگاوی دروستکردنی سەرچاوەکانی داهات خێراتر بکەێن و تەوالێتەکانیش بکرێن بە پارە لە شوێنە گشتییەکان و لە شوێنە گەشتیارییەکاندا کە، لە هەمان کاتیشدا، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەلی کاریش. بۆئەوەی تەوالێتەکان ببنە سەرچاوەی داهاتی حکومەت، دەکرێ کۆمپانیاکان هان بدرێن بۆ دروستکردنی تەوالێتی هاوچەرخ، بە دیزاین و سیستەمی سەردەمییانە و فراوان کە سیمایەکی شارستانییان هەبێت، بە ڕەچاوکردنی پاکوخاوێنی و بۆنی خۆش، بۆ پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و گەشتیاران. پێویستە زەوی لە شوێنی گونجاو بۆ ئەو مەبەستە دابین بکرێت بەتایبەت لەناو بازاڕی شارەکان.
ئەگەر حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەیانەوێت پرۆژەکە بەخێرایی جێبەجێ بکرێت، دەتوانن سەرەتا تەوالێتی مزگەوتەکانی ناو بازاڕ و شوێنە قەڵەباڵغەکانی شار و شارۆچکەکان، لەژێر چاودێری ورد بۆ ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و داراییەکان، بکرێن بە پارە بە بڕێکی ڕەمزیی و بە کۆمپانیاکان بسپێردرێن بە مەرجی نۆژەنکردنەوە و دامەزراندنی سیستەمی نوێ و هاوچەرخ بۆ بەڕێوەبردنی تەوالێتەکان. بەپارەکردنی تەوالێتی مزگەوتەکان، ئەرکی خزمەتکردنی مزگەوتەکانیش ئاسانتر و باشتر دەکات، هەروەها ئەو کارە، پێگەی مزگەوتەکانیش تەنیا بۆ خواپەرستی، دەپارێزێت. حکومەتی کوردستان ئەگەر کارگەی بەکارهێنانەوە و خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆکانی نەبێت لەبەر ئەوەی تێچووی زۆری دەوێت، ئەوا بەسیستەمکردنی تەوالێتەکان بۆ بەدەستهێنانی داهات، تەنیا یەک بڕیاری پێویستە و کۆمپانیاکان دەتوانن لەدوای بڕیارەکە، جێبەجێی بکەن و لەو داهاتەی بەدەستیان دێت، ئەرکی نۆژەنکردنەوەی تەوالێتەکانی مزگەوتەکان، یاخود دروستکردنی تەوالێتە هاوچەرخەکانی تر، بۆخۆیان گل بدەنەوە، بەماوەیەکی دیاریکراو کە حکومەت بۆیان دیاریدەکات.
بە سیستەمکردنی تەوالێتەکان وەکو سەرچاوەی داهات، سیمای شارستانی و جوان دەدات بە شوێنە گشتی و گەشتیارییەکان. هەروەها دەبێ هاوڵاتیان لەوە هۆشیار بکرێنەوە کە ئەو پارەیەی دەیدات، بۆ خزمەتکردنی خۆی و پاراستنی تەندروستی خۆیەتی. خۆ ئەگەر هاوڵاتییەک دەیەوێت خێر بکات و نایەوێت خێرەکەی بەزایە بچێت، ئەوا هیچ خێرێک لەو خێرە باشتر نییە کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی پێداویستییەک، خزمەت بە تەندروستی خۆی و هاوڵاتیان، یاخود خزمەت بە مزگەوتەکان بکات لە ڕێگەی پێدانی بڕە پارەیەکی ڕەمزیی.