خێزان بریتیە لە حکومەتێکی بچووکی کۆمەڵگە، کاتێک ئەم حکومەتە دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان تاک و رەگەزەکانیدا هەبوو، دەتوانێ ئاشتی و ئاسودەیی تێدا بەرقەراربێت و کاراکتەری بەپرەنسیپ و سودبەخش پێشکەشی کۆمەڵگە بکات.
بەپێی زۆرێک لە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە سەر کەسانی لادەر یان تاوانکار، ئەو کەسانەبوون، کە ناکۆکی و شەڕ لە ناو خێزانەکانیاندا هەبووە. کەسانی توندوتیژ باکگراوندیان توندوتیژی تێدایە، بەجۆرێک لە داهاتوو دەبێتە بەشێک لە کاراکتەریان و تۆڵەدەکەنەوە.
نێر و مێ لە خێزاندا تەواوکار و بەردەوامی ژیانن، هەردوو رەگەز پێویستیان بەیەکترە و ژیانی لایەکیان بەبێ ئەویتر ئەستەمە. ئەوانەش کە بەهۆکارێک توشی تەنیایی دەبن، هەمیشە هەستێکی پەنگخواردوو لە ناخیاندایە، کە زۆرجار لە رەفتارەکانیدا رەنگدەداتەوە بەبێ ئەوەی خۆی هەستی پێبکات.
پیاوان، باوک، برا، هاوسەر، کوڕ، هاوڕێ و هاوکاری ئێمەن، بەردەوام پێویستمان پێیانە، هەریەکیان جۆرێک لە خۆشەویستیمان پێشکەش دەکەن. بەپێچەوانەوە، بەڵام کاتێک لە خێزانێکدا تێگەیشتن و جیاکاری رەگەزی گەیشتە ئاستی توندوتیژی، رەوتی ژیان لاسەنگ دەبێت و دڵشکان و بۆشایی گەورەی تێدا دروست دەبێت.
وێڕای هەموو ئەوانە ئاشکرایە، کە شەڕ و جەنگە جیهانییەکان و زۆربەی وێرانکارییەکان، لە سەر دەستی پیاو روودەدەن. ئەمەش لە پێناو دەسەڵات و بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەکانە، تیژلێخوڕینی ئۆتۆمبیل و رووداوەکان، کوشتن بەهەموو جۆرەکانیانەوە، داربڕین و کاولکردنی ژینگە هەتا دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، بەعەقڵ و لەسە دەستی پیاوە. سستمی سەرمایەداری ژیانی کردە دیلی پیاو و پیاویشی کردە دیلی دراو، بەداخەوە رەگەزی مێ هەرگیز وەک ئەم سەردەمە، وەک کاڵا مامەڵەی لە گەڵ نەکراوە!
ئێستا کە بەهۆی هاتنی پەتای کۆرۆنا، لە زۆربەی وڵاتان بەهەرێمەکەی ئێمەشەوە، خەڵک بۆ خۆپاراستن گەڕاوەتەوە ماڵەکان، لە گەڵ خێزانەکان کۆبووەتەوە. ئەگەرچی ئەم گەڕانەوەیە لایەنی ئەرێنی زۆرە بەدەر لە ڤایرۆسەکە، بەڵام زۆرێک لە پیاوان بە شێوازی جۆراجۆر بێزاری دەردەبڕن، کە سوکایەتی و وەک کاڵا سەیرکردنی خودی هاوسەر و ئافرەتانی ماڵەکانی خۆیانی تێدایە.
گەلۆ بۆچی پیاو ماڵەکانیان وەک زیندان دەبینن؟ ئایا پەیوەندی بەخودی باری بایۆلۆژی پیاوەوە هەیە، کە ئەو توندوتیژی و کاولکارییەکی لە دەرەوە ئەنجامیدەدا، ئێستا هێناویەتە ماڵ و دەیەوێ بە فۆرم و بیانوی تر ئەنجامی بدات؟ یانیش سەرمایەداری کردوویەتییە بونەوەرێکی نامۆیی بەژیانی خێزانی و پەیوەندییە خێزانییەکان؟ بۆچی لوت بەرزی پیاو گەیشتۆتە ئاستێک، کە لە جیاتی کۆبوونەوە لە گەڵ ماڵ و منداڵی خۆشحاڵی بکات، بەتەنزی سوکایەتی ئامێز دەربڕینی لێدەکات؟ ئایا ئەو پیاوانە دەتوانن بەبێ ئافرەتانی ژیانیان (هاوسەر، کچ، خوشک و دایکیان) لە ژیان بەردەوام بن؟
کلتوری ئێمە و باری ژیان، جۆرێک لە دابەشکاری کاری سەپاندبوو، زۆربەی پیاو لە دەرەوە کار دەکات و ژن لە ماڵەوە. ئێستا کۆرۆنا ئەم دابەشکارییەی هەڵوەشاندۆتەوە، هەموان هەر کارێکیان هەیە دەبێ لە ماڵەوە ئەنجامی بدەن. رەنگە ئەمە جارێکی تر کارەکان تێکەڵ بکاتەوە و یانیش گۆڕانکاری بەسەر رۆڵ و کارکردندا بێنێت. ئەو پیاوەی لە دەرەوە غەدری لە سروشت و بونەوەرەکانیتر دەکرد، ئەو ژنەی هەمیشە ماڵی پاک دەکردەوە و دەیپاراست و منداڵی بەخێودەکرد، ئێستا هاتوونە یەک پانتایی بۆ کار و ژیان.
زۆرێک لە خێزانەکان بەهۆی شەڕ و توندوتیژییەوە، بواری ئەوەیان نییە، کە ئایا ئێستا لە جیاتی ناکۆکی و ئاژاوە بۆچی بیر لەو بۆشاییانە ناکەنەوە، کە لە ژیاندا هەیانبووە پێشتر دەیانگوت دەرفەتمان نییە ئەنجامیبدەین و بیری لێبکەینەوە؟ ئایا ئەگەر ئەم پەتایە درێژماوە بێت، چۆن لە رووی تەندروستی، دەرونی و ئابوری خۆمانی لە گەڵ بگونجێنین؟ ئایا ژیانی دوای کۆرۆنا چۆن دەست پێبکەینەوە؟ ئایا ئەگەر ئەم پەتایە ببێتە پەتایەکی وەرزی، چۆن مامەڵەی لە گەڵ دەکەین؟ بۆچی ئێمە هەمیشە بەزمانێکی پڕ لە گلەیی و رەخنە ئامێز باس لە ژیانی خۆمان دەکەین؟
ئەم ئابڵوقەدانی ماڵ دەرفەتێکی باشە، کە بیر لەم پرسە وجودییانە بکەینەوە و هەوڵ بدەین لە دوا رۆژ وەڵامی تێروتەسەلی ئەم پرسانە بدۆزینەوە، چونکە ئەو رێگا و کارانەی تا ئێستا بەکارمان هێناوە ئەوا گەیاندنیە ئەمڕۆ، کەواتە زۆربەی ئەو تێگەیشتن و کار و پلانانە شکستیان خوارد. مرۆڤی عاقڵ ناکرێ هەڵەکانی دووبارە و سێبارە بکاتەوە، چونکە ئەوە جۆرێکە لە خۆ کوژی بەکۆمەڵ.