“گۆڕانکاری لە تێڕوانین و گوتار دا”
ئایا نابێت دان بەوەدا بنێین کە لە باری دەروون ناسییەوە، لە تێڕوانینی شارستانییانەی خۆمان بۆ مەرگ زۆرتر لەوەی وا لە هەمبانەمان دایە دەکاری دەکەین، نابێت ئاوڕێک بدەینەوە و ئەم حەقیقەتە بناسینەوە؟ ئایا باشتر نییە لە واقیع و ئەندێشەکانماندا جێگایەک بۆ مەرگ دابین کەین کە شیاوی خۆیەتی، گرینگی تێڕوانینی نا وشیار بۆ مەرگ، کە تا ئێستاکە بە جیددیەتەوە سەرکوتمان کردووە، تۆزێک بەرجەستەتر کەینەوە؟ ئاوەها کردارێک، لە واقیع دا، وەکوو دەستکەوتێکی گەورە رەچاو ناکرێت، بەڵکوو لە رووگەلێکەوە زۆرتر هەنگاوێکە بۆ پاشەوە؛ پاشڤەچوونێکە(regression)، بەڵام بەنرخە، چونکوو بارودۆخی راستەقینەمان تێدا رەچاو کردووە.
زیگمۆند فرۆید(1915)
“ئەندێشەگەلێک شیاوی رۆژگاری جەنگ و مەرگ1”
١- مرۆڤ و پرسی بوون یان نەبوون
لەو دیو هەموو شتەکانەوە، تاپۆی گەورەی مەرگ جیهانی داگرتووە; زوڵوماتی بەرین!
“ویلیام جەیمز”
ئەگەر(بوون یان نەبوون) پرس و بابەتی سەرەکی هاملێتی شێکسپیەر، چوارینەکانی خەییام، ئیلیاد و ئۆدیسەی هۆمەر و ئەو هەموو تراژیدیا بەشکۆ و مەزنەی یۆنانی کەونارا نەبووبایەت و پاڵەوانێتی بە مانای جەنگ و شۆڕشی ئینسان دژی خۆی نەهاتبایەتە گۆڕێ، ئایا ئەم هەموو دەستکەوتە بزۆز و داهێنەرانە دەیتوانی خەڵکی دونیا وا گیرۆدە و چاوڕفێنی شوێنی خۆی بکات؟ مەرگ و ژیان هەر لە سەرەتاوە لە چەق و ناوەندی بەرهەمە بەرجەستەکانی هونەر و ئەدەبیاتی جیهان دا ئامادەبووە. جێگەی سەرسووڕمان نییە ئەگەر بڵێین کە یەکەمین کتێبێک کە لە شارستانییەتە گەورەکانی کەوناراوە بەر دەستمان کەوتووە، کتێبی “مردووەکانی میسر” و یەکەمین ئەفسانەش، ئەفسانەی” گیلگەمش”ی بابلییە کە لە هەوڵ و هەڵوەدای دۆزینەوەی گیای جوانی و ژیانی جاوید بووە.
هەروەهاش کۆنترین و بەتەمەنترین سام و خۆزگە کە لە مرۆڤی رۆژگارە دوورەکان بۆمان دەرکەوتووە، ترس و سام لە مەرگ و خۆزگە و تاسووقی نەمردن و ژیانی جاویدە. بۆیە دەشێت لەمەش تێبگەین کە بۆچی بنەمایی ترین ئامانج و دوائاکام لەئەندێشەی بوودا دا، دەست پێڕاگەییشتن بە “نیرڤانا” و دواتر پێڕاگەییشتن بە پووچییەکی سەرەڕۆ و رزگاری بەخشە؟ هەروەهاش مەرگ لە ئایینی مانی دا، خۆزگەی ئینسانی پارێزکار و خاوێن خوو و دەروازەی چوونەژوورەوەشە بۆ باخە خەیاڵی و فەنتازیاکانی رووناکی و نوور و هەروەهاش لە سۆنگەی سوقرات، باوکی فەلسەفە و ئەندێشەی رۆژئاوا، کە لە دواهەمین رۆژی ژیانیدا کە بە هەڵلووشانی جامی شووکەران کۆتایی پێهات، لە دواهەمین وانەی خۆی بۆ هاوڕێ تێبتێکانی کە لە وتاری “فایدۆن” دا دەیخوێنینەوە، دەریخستووە کە بۆ مرۆڤی بیرمەند و فەیلەسووفی راستەقینە کرداری شیاو، نەترسانە لە مەرگ و بەم رێنوماییە کە (فەیلەسووفە راستەقینەکان لەکاری چۆنێتی مردندان)2 و هەوڵ دەدەن (تاکوو رۆح لە زیندانی جەستە رزگار کەن)؛ درێژە دەدات، بۆیە( پێکەنیناوی دەینواند ئەگەر لە کاتی مەرگ، سینگی بۆ نەکەنەوە و نەیگرنە ئامێز)، حەزیان بۆ مەرگ دەشێت بە ئەندازەی ترسی ئەو رەشەخەڵکانە بێت کە(هەراسان، خۆیان لەمەرگ دەدزنەوە).
سێ سەدە دوای سوقرات، سیسرۆ، کە لە فەرمانڕەوایەتی و سیاسەت کشابۆوە و دەیەویست ئەندێشەکانی سوقرات و ئەفلاتوون لە ئاکادێمی یۆنانەوە بگوازێتەوە بۆ ئیمپراتۆریای رۆم، لە(مشت و مڕەکانی تۆسکۆلان) دا، بە رەتکردنەوەی لایەنی شەڕ و دزێوی مەرگ و سەلماندنی پیت و بەرەکەت و پیرۆزی مەرگ، قسەی سوقراتی لە زمانی ئەفلاتوونەوە ئاوەها دەگێڕایەوە کە(تەواوی ژیانی فەیلەسووفەکان تەیار بوون و خۆرێکخستنە بۆ بەرە و پیرەوەچوونی مەرگ)3. سێنێکاش بۆ سەرکەوتن بە سەر هەراس و سامی مەرگ دا وانەیێکی ناوداری هەبوو کە ئەویش(تێڕامانی بەردەوام لە سەر مەرگە)4. بەڵام سەدەها پێش لە ئەو ئەبیقور رێگەچارەیێکی بۆ قوتاربوون لە هەراس وسامی مەرگ خستبووە روو، دەیگووت( خوو بگرە بەم باوەڕە کە مەرگ بۆ ئێمە هیچە . . . چوونکە کاتێک ئێمە هەین مەرگ نییە و کاتێک مەرگ دێت، ئێمە نیین)5. رەنگە ئەمە یەکێک لە گەورەترین سەفسەتە و چەواشەکارییەکان بێت سەبارەت بە مەرگ و ئینکار کردنی گرنگیی رۆڵی مەرگ لە ژیان دا کە هاتۆتە ئاراوە. لە واقیع دا بە درکاندنی ئەمەی کە مەرگ بۆ ئێمە هیچە بە شێوازێکی پەنامەکی و دزەکییانە داکۆکی لەوە دەکرێت کە خودی ژیان هیچە. قووڵتێڕامانەکانی (meditation) مارکۆس ئێلیۆسیش زۆرتر تێڕامانە لە مەرگ و ئیتر هیچ! ئەو، ژیان بە هۆی تێپەڕ بوون و کاتی بوونیەوە، بە هیچ و پووچ دادەنێت. بۆیە زەینی رەواقییانەیەتی کە دەپرسێت(سێ یان پێنج سال بۆ ئێوە چ جیاوازییەکی هەیە)6. لە واقیع دا ژیانی پێنج و دوو رۆژی مرۆڤ دەداتە بەر گاڵتە و پێکەنین و بەشێوەیێکی خێرا کورتی و تێپەڕبوونی ژیان بە هۆکاری بێبایەخی و هیچ و پووچی ژیان دێنێتە ئەژمار.
ئایا لە گۆشەنیگای کەڵەعارفانی رۆژهەڵات و لە عیرفانیی ژیان بێزیان دا، هەر ئەم شتە حاکم و سالار نییە؟ تەمەنێکی تۆکمە و لەبەردەست کە(پێنج و دوو رۆژێکە) و مەرگێک کە ژیانی جاوید و سەرمەدییە!
مەرگ ئەگەر پیاوە بڵێ سەردانی من کات تا توند توند لە کۆشی گرم و ئەو کات
من لەو تەمەنێکی تۆکمە وەردەگرم، جاویدان ئەو لە من پێستێک دەگرێ، نغرۆی رەنگی ژیان
لە تێڕوانینی مەولەوی دا، بوونی ئینسان لە سەرەتاوە تا کۆتایی لە بەر شەپۆلی لەدایک بوون و مەرگی بەردەوام دایە.7 و لە چاوی ئیمام غەزالییەوە لەگەڵ مەرگدا هاودەم و هاوسەر بوون(بنەمای هەموو بەختەوەرییەکانە) و هەروەها لە گۆشەنیگای سەناییشەوە ژیان، هەمووی(سەفەری مەرگە).8
بەرەو مەرگە خەڵک لار و لەنجەیانە تێپەڕانی شەو و رۆژ بەپڕتاو و خێرایانە
گیان داران هەموو چ هەژار و چ دارا هەموو لە کەشتییان و لەسەر رۆخی مەرگا
فرۆید لە وتارە باس ئەنگێزەکەی خۆیدا؛ واتە(ئەوپەڕی پرەنسیپی چێژ) هەر ئەم چەمکە سوقراتی – ئەفلاتوونیەی نووسایەوە کە (ئێمە ناچارین بڵێین کە ئامانجی تەواوی ژیان مەرگە).9 مەرگێک کە بە ڕای فرۆید لە رۆژئاوا دا حاشای لێکرابوو. گەرچی لە مەودای دوو جەنگی جیهانی، سەرەنجی بیرمەندانی رۆژئاوا بۆ وتەزای مەرگ زۆرتر لە جاران راکێشرابوو و وتارگەلێک لەم بارەیەوە بڵاو کرایەوە، بەڵام بەو رادە نەبوو کە سەرەنجی گشتی بۆ خۆی رابکێشێت. دەتوانین بڵێین کە مەرگ تا شەستەکانی سەدەی بیست لە رۆژئاوا دا وەکوو تابۆ و بڤەیێک دەردەکەوت و چاوی لێدەکرا. کەس نەیدەتوانی لە بارەیەوە قسەیێکی ئەوتۆ بکات. تەنانەت لە پرسە و سەرەخۆشییەکانیشدا مەرگ نکۆڵی لێدەکرا و مرۆڤی زیندوو نەیدەتوانی پرۆسێس و تێپەڕینی پرسە و سەرەخۆشی بە شێوەیێکی سرووشتی و سەربەست ئەزموون بکات. بەڵام لەو کاتە بەم لاوە بە بەرهەمە پێشەنگەکانی لێکۆڵەرانێکی وەکوو جان بالبی، کالن ماری پارکێز، ئێلیزابت کوبلێر-راس و جان هینتۆن و بە سەرنج دان بە وتارەکەی فرۆید لە ژێرناوی (پرسە و مالیخولیا)1915 و هەر وەها بە ئەزموونە تازەکانی بواری بالینی، هەم وتەزای پرسە(bereavement)، و هەم دیاردەی سەرەمەرگ(dying) کەوتە بەر خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی بەربڵاو و بەرینەوە. لەمەش بترازێت پرسی خۆکوژی کە بە شێوەیێکی بەرچاو پەرەی سەندبوو، بە شێوازێکی بەرین لە دیدی بالینییەوە خرایە بەر شیکاری و لێکدانەوەوە. هەنگاوە سەرەتاییەکان لە بارەی بواری مراندن( Euthanasia) یان کوشتن لە رووی بەزەییەوە، کە پرسێکی تازە بوو، هەڵگیرا. هاوکات لە گەڵ ئەم موتاڵا و خوێندنەوانە دا کە لە بواری پزیشکی بالینیدا رووی دەدا، خودی پرسی مەرگ، بە تایبەتی دوای جەنکی دووهەمی جیهانی و بە سەرنجدان بەو هەموو قات و قڕی و خاپوورکردنەی کە دیاری جەنگ بوو، و هەروەهاش هەراس و سامی لەناوچوونی ئەتۆمی، جارێکی دیکە سەرەنجی بیرمەندانی روژئاوای بۆلای خۆی راکێشا.
بە تایبەتی لە شەستەکاندا کە هێشتا قات و قڕی ژیان لە ڤییەتنام و مەرگ لەبەر برسێتی و رەش و رووتی لە ئەفریقا و باقی وڵاتانی جیهانی سێهەم بەشێوەی بەردەوام هەبوو و هەروەهابوونی نەخۆشیگەلێکی کوشندە وەکوو شێرپەنجە و ئایدز کە هێشتا پزیشکی هیچ چارەیێکی بۆ شک نەدەبردن، هەموو ئەمانە بە گشتی تێڕوانینی کۆمەڵگای رۆژئاوایان بۆ مەرگ بە خێرایی خستە ژێر گۆڕانەوە. بە شێوەیەک کە لە کۆتایی شەستەکاندا، کتێبگەل، وتارگەل و نووسراوەگەلێکی زۆر لە بواری مەرگ و رەهەندی مەرگ ناسیەوە(thanatology) نووسرا و بڵاو کرانەوە. هەڵبەت پەیوەست بە لێکدانەوەی پرسی مەرگەوە، توندوتیژی کاریگەری و بایەخی زۆری هەبوو، بە تایبەتی زۆربەی نووسەران بە لایەنگری لە فرۆیدەوە ئەم تووند و تیژییەیان بە شەپۆل و لایەنێک لە گەڕاڵانی مەرگ(death tribe) دەزانی. گریتس جانتسۆن لە دوا کتێبی خۆیدا واتە بنەماکانی تووندوتیژی دەنووسێت:-
هەڵبژاردنی مەرگ، عەشق بۆ مەرگ و ئەوەی لە پێناوی مەرگدایە لە نووسراوی هۆمەری و ئەفلاتوونی و لە تەواوی چاخەکانی دەسەڵاتی مەسیحی، تایبەتمەندی روژئاوابووە و بە تایبەتی لە سەردەمی پۆست مۆدێرنیتە دا شێوازی مەرگباری گرتۆتە خۆوە.10
ئەگەرچی ناتوانین پۆست مۆدێڕنیتە بە گۆشەنیگای باو و سەروەر لە ئەندێشەی رۆژئاوا دا بزانین، بەڵام مەرگ ئەندێشی–کەبەمانای سەرقاڵ بوونی فیکرییە بە پرسی مەرگ- لە خۆکوژی و مەرگی ئیرادیەوە بگرە تا دەگاتە سام و هەراس لە مەرگ و هەڵاتن لە مەرگ، مەیل بۆ کوشتن و کوژران تا ئازارخوازی و ئازار چێژی، تووندوتیژی، جەنگ خوازی و هەروەها هەرجۆرە کایەیێک لە گەڵ مەرگ یان تەشقەڵەکردنی مەرگ و تەواوی ژانێرە ئەدەبییەکان کە لەسەر تەوەرەی مەرگ ئیش دەکەن و لەم بازنەیەدا دەسووڕێن، دەتوانین بە( هەڵبژاردنی مەرگ و ئەوەی لە پێناوی مەرگدایە) لەقەڵەمی بدەین و بیهێنینە ئەژمار. لەو کاتەدا دەتوانین لە دەعیەی جانتسۆن تێبگەین کاتێک بە کەڵک وەرگرتن لە دەستەواژەیێکی رەوان پزیشکی دەڵێت کولتووری رۆژئاوا بووەتە کولتوورێکی(مەرگ دۆست) یان مردووباز)(Necrophillic). سەرووتر لەم بابەتەش، بە پەرەسەندن و جێگیربوونی بیر و ئەندێشەی ئاپۆکالیپتیسیزم(Apocalypticism) لە رۆژئاوای پۆست مۆدێڕندا، کە نەتەنیا پرس و بابەتێک نییە لە رەوتی گەشەی رەخنە لە مۆدێڕنیتە یان تەنانەت درێژەدەری ئەو پرۆژەیەش، بەڵکوو بەپێچەوانەشەوە، بە روونی و ئاشکرا دەکەوێتە دژایەتی لەگەڵ ئامانجەکانی مۆدێڕنیتەدا، ئەوکات دەتوانین نیگەرانی و خەمخۆری جانتسۆن باشتر تێبگەین.
بەهەر حاڵ لەم بەراییەدا ناکرێت تەواوی ئەو وتەزا و بابەتانەی کە پەیوەستە بە مەرگ، شی بکرێنەوە، و مەبەستیش ئەوە نەبووە کە مێژووی مەرگ، یان رەچەڵەک ناسی مەرگ و کەونینە ناسی مەرگ بخرێتە بەر شیکاری و لێکۆڵینەوە. مەبەستی من زۆرتر سەرنج دانێکە بە گۆڕانی تێڕوانین و گوتار لە بارەی مەرگەوە کە لە ئەندێشەی رۆژئاوایی دا هاتۆتە ئاراوە، کە لە یۆنانی کەونارا دا تا چاخی پۆست مۆدێرنیتە خۆی پێناسە کردووە و دەتوانین بیناسینەوە، و بە چاو خشاندنێکی خێرا بە جیاوازی تێڕوانینی بنەمایی بۆ مەرگ کە لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا دا زاڵە و بەلەبەر چاو گرتنی کارتێکەری گشتی مەرگ ئەندێشی لە سەر شێوازی ژیانی خەڵک لەم کولتوورانە دا و هەروەهاش سەرەنجدان بە کاریگەری کولتووری رۆژهەڵات لە رۆژئاوا لەسەر چاخی پۆست مۆدێڕنیتە دا، هیوادارین بتوانین پێناسە و فامێکی قووڵتر لەسەرمەرگ لە ئەندێشەی رۆژئاوایی دا وەربگرین.
بەڵام بە هەمان شێوە کە گووترا ئەم لێکدانەوەیە لە سەر تەوەرەی گۆڕان لە تێڕوانین(Attitudinal) و گوتار(Discourssive) دا بۆ مەرگ دەسووڕێتەوە. بۆیە لە بەر چاوگرتنی رووداوە یەک لە دوای یەکەکان وەکوو نۆرم و هارمۆنی مێژوویی و زەمانیی لە پەیوەندی لە گەڵ مەرگدا بە پێویست نازانێت. لەم رووەوە دەسپێکی نووسینەکە دەپەرژێتە سەر مەرگ لە پەیوەندی لەگەڵ دوو جەنگی گەورەی جیهانی لە سەدەکانی 19 و 20 دا و بەهەمان ئاراستە، گۆڕانکارییە گوتارییەکان لە ئەدەبیات و نووسینی فەلسەفی و دەروون شیکارانەی ئەم سەردەمە دەکات بە دوا ئامانجی شیکارییانەی خۆی. لەمەش بترازێت بە هۆی کورت بوونی ئەم وتارە و ئەو بەربەستانەی هەیە، بە ناچاری بابەتگەلێک کە باس لە سەر گۆڕانکاری تێڕوانینی کولتووری هۆمەری، چاخی تراژێدی، ئایینی ئورفەیی–دیۆنیزیۆسی و ئەوەی پەیوەستە بە فەلسەفەی یۆنان و رۆمی باستان، دەخرێتە خانەی بێدەنگییەوە، تا بەڵکوو زۆرتر سەردەمی مۆدێڕنیتە و پۆست مۆدێڕنیتە شی بکرێنەوە. لێرەدا تەنیا ئەو کاتانەی کە بە پێویستمان زانیوە و بۆ راڤە و شرۆڤەی بەراوردکارانە بەکەڵکمان زانیوە، ئاماژەیێکی خێرا و تێپەڕیش دراوە بە رابردووە دوورەکان، چاخی حەماسە، ئوستوورە و تراژێدی و هەندێ جاریش ئەندێشەی فەلسەفی سەردەمی کەونارا.
٢- جەنگ و مەرگ
روون و ئاشکرایە کە جەنگ رووبەرووبوونەوە و هەڵس و کەوتی ساویلکانە لەگەڵ مەرگدا دەگۆڕێت؛ مەرگ ئیدی نکۆڵی لێ ناکرێت. ئێمە ناچارین باوەڕی کەین، خەڵک بەراستی دەمرن، ئەویش نە تاک تاک، بەڵکوو کۆمەڵ کۆمەڵ، هەندێ کاتیش دە هەزارکەس لە رۆژێکدا. مەرگ چیدی رووداوێکی بەهەڵکەوت نییە . . . ژیان جارێکیتر بە راستی سەرنج راکێش بووە . . . .
“زیگمۆند فرۆید11”
فرۆید لە ساڵی 1915، نێزیکەی یەک ساڵ دوای دەستپێکردنی جەنگی یەکەمی جیهانی، وتاری(ئەندێشەگەلێک شیاوی رۆژگاری مەرگ و جەنگ) ی نووسی و بە رستەیێکی لاتینی کۆتایی پێهێنا (ئەگەر دەتەوێ بەرگەی ژیان بگری، خۆت بۆ مەرگ ئامادەکە):
12 para mortem. ، “si vis vitam
مارتین هایدگێریش چەند ساڵ دواتر بە تێڕوانینێکی بوون ناسانە بۆ مرۆڤ، لە کتێبی هەستی و زەمان، (دازاین) ی بە ئیرادەی بەرەو مەرگ کشان ناسییەوە. دەزانین کە وتارەکانی فرۆید و ئەم کتێبەی هایدگێر بوو کە لە مەودای نێوان دوو جەنگی جیهانی، بەو دۆخە تایبەتەی کە جەنگی یەکەم خولقاندبووی، کۆمەڵگای رۆژئاوا و تێڕوانینی رۆژئاوای بۆ مەرگ و دواتر بۆ سەرتاپای ژیان و لایەنە رەنگاڵەیی و جۆراوجۆرەکانی گۆڕا و ئیدی رۆژئاوا نەیتوانی چاوی خۆی لە هەمبەر مەرگدا بنووقێنێت! ئەگەرچی بە باوەڕی زۆر کەس مەرگ لە رۆژئاوای نێوان ساڵەکانی 1970-1920 وەکوو تابۆ لە تەشقی بێدەنگی و شەقڵ نەشکاوی خۆیدا بووە13(دوایی دەپەرژێینە سەر درووستی و نادرووستی ئەم وتەیە).
بۆیە ئەو روانینەی کە لەسەرەتای چاخی رێنێسانس و بووژانەوە دا لە مەڕ دیمەن و دیمانەی بەردەوامی مەرگ، کە لە کۆمەڵگای مەرگ ئەندێشی چاخەکانی ناوەڕاست دا وەرگەڕابوو تا لەمەبەدوا چاو ببڕێتە ژیان، جارێکی دیکە گۆڕانی بەسەردا هات. بیری ئینسانی مۆدێرن وەها زاخاو درا بوو کە ئیدی بیر لە مەرگ نەکاتەوە، بە هەمان شێوە کە ئێسپیۆنۆزا لەو نۆرمە ئەخلاقییە تازەیەی دایڕشتبوو، دەیگووت: (مرۆڤی ئازاد) دەبێت (کەمتر لە هەرشتێکی دیکە بیر لە مەرگ بکاتەوە) چونکو (هزری ئەو) لە سەردەمی نوێدا(قووڵ روانین بۆ ژیان) بوو و نەک (مەرگ)14؛ بەم عەقڵە نوێیە ژیانخۆشەویستەوە بوو کە رۆژئاوا دەسکەوتگەلێکی گەورە و سەرسووڕهێنەری مسۆگەر کردبوو و پاشەڕۆژی خۆی گەش دەبینی، بە زانست و تەکنۆلۆژیا بە خێرایی و قورس و قایمییەکی زۆرترەوە بە سەر تەنگ و چەڵەمەکان زاڵ دەبوو. بۆیە ئیدی هیچ هۆیەکی نەبوو کە بگەڕێتەوە سەر هەمان رێبازی مەرگ ئەندێشی کە لە سوقراتەوە تاکوو میشێل دۆمونتین لەسەری رۆییشتبوو. بەتایبەتی کە نیچەش، پێغەمبەری کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست ،ئاشکرا و روون فەرموو بووی:- ئەوەی کە خەڵک هەرگیز نەیانەوێت لە ئەندێشەی مەرگ بیر بکەنەوە، من شادمان دەکات، زۆر خوازیاری ئەوەم کە وەها بکەم بیرۆکەی ژیان سەدان جار تامەزرۆتر بێت لایان.15
بەڵام ئێستاکە ئەم جەنگە مەرگئامێز و رووخێنەرە، وەها زەینی ئینسانی رۆژئاوایی هەڵخڕاندبوو تاکوو جارێکی کە ئاوەزبێزی(عقل ستیزی-لایەنی دەروونی بابەتەکە مەبەستە،) و بەربەرییەتی پەنامەکی ناخی خۆی بۆ دەرخات؛ ئەو بەربەرییەتەی کە وای دەزانی چووەتە ژێر رکێفی ئەقڵی ئامێریانەی خۆی، مرۆڤی شارستانی توانیویەتی خواستی شەڕئەنگێزی و تووندوتیژی لەهەمبەر ئەویدیدا، واتە ئینسانی بەربەری ئەشکەوت نشین، کۆنترۆڵ بکات و بەجێ بێڵێت! بەڵام جەنگی یەکەم بە فریوسڕینەوە(disillusionment) لە زەینی شارستانیانەی مرۆڤی رۆژئاوا، چاوی ئەو بوونەوەرەی دڕییەوە تا کوو واقیعی راستەقینەی خۆی ببینێت. کەواتە فرۆید خەمە زەینییەکانی خەڵکی دەرەوەی بەرەکانی شەڕی لە بەر چاو بوو و دوو هۆکاری گرینگی تێدا بەدیکرد:
یەکەمیان:- فریو سڕینەوە لەو شتەی کە ئەم جەنگە هەڵیخڕاندبوو و ئەویدییان تێڕوانینی گۆڕدراو بەنیسبەت مەرگ) کە ئەم جەنگە دەشێت وەک هەر جەنگێکی دی بە سەرماندا بیسەپێنێت.16
راستی دەگووت (ئەم جەنگە وەکوو هەر جەنگێکیتر، سەرەنجی مرۆڤ بۆ لای مەرگ رادەکێشێت)، بەڵام ئەمە گرێدراوی ئەو مەرجە بوو کە راڤەکاران و شیکارانی کولتوور، لە دوای هەر جەنگێک بە شێوازێک بێنە ناو کایەکەوە کە وەکوو ئەو و باقی دەروون شیکاران، کۆمەڵ ناسان و مرۆڤناسانی سەدەی بیستەم لێکیانبدایەوە و شییان بکردایەوە.. ئەگینا ئەگەری ئەوە لە ئارادا بوو کە گۆڕانێکی ئەوتۆ لە زەینی مرۆڤ دا نەخولقێت؛ ئەگەرچی لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە تاکوو 1815 جەنگە بەردەوامەکانی ناپلیۆن، ئەورووپای بێقەرار و پەشۆکاو کردبوو. بەڵام چاوخشاندنێکی خێرا بە ساڵەکانی دوای ئەو جەنگانەدا دەریدەخات کە تێڕوانینی ئەورووپییەکان بۆ مەرگ، بە شێوازێکیتر داشکایەوە و گۆڕانی بەخۆوە دیت. کاریگەرییەکەی لانیکەم لەسەر ئەدەبیات و فەلسەفەی سەدەی نۆزدەهەم جیاواز بوو.
“ئەدەبیات و مەرگ”
لە ئەدەبیاتی ئەو سەردەمە دا وشەی هاوزا(double) سێبەری داخست و بوو بە باو، کە بە شیکاری و شرۆڤەکانی ئۆتۆ رانک (otto rank) لە پێوەندی لەگەڵ مەرگدا وەکوو هێما و سەمبوول هاتە پێناسەکردن. ئەم مۆتیڤە(motif) لە دوای شەڕەکانی ناپلیۆن لە ئەدەبیاتی ئەورووپادا زۆر و زەبەند بوو، بەڵام ساڵەکانی دوای جەنگی یەکەم و دووەم یا نەدەبینرا یان بەدەگمەن دەبینراو هەستی پێ دەکرا.17 دیاردەیێکی دیکە، لەساڵی 1818 دا بە بڵاو بوونەوەی فرانکێشتاین مێری شێلی سەریهەڵدا و بە ژانێرێکی نوێ لە رۆمان نووسی ئەورووپا لە قەڵەم دەدرا، دەرکەوتنی رەهەند و لق و پۆپی جیاواز بوو لە سەر تەوەرەی مەرگ، یان ئەو ژانێرانەی بابەتی هاوبەشیان بریتییە لە سامی مەرگ، کوشتن، کوژران، رۆح و تارمایی.
بەکورتی واتە ئەو ژانێرانەی کە لە خۆگری رۆمانی جینایی، پۆلیسی-جینایی، خوێن مژەکان، کوشتنە زنجیرەییەکان و یان بەسەرهاتی شێرلووک هۆڵمز، نۆڤڵە سیاسییە جیناییەکان، نۆڤلەتۆقێنەرەکان و بە گشتی ئەوەی وا لەژێر واتای ئەدەبیاتی گۆتیک لە سەرتاسەری سەدەی نۆزدەهەم دا زاڵ و باو بوو. رەنگە دیاردەی سەرەکی هەموو ئەم ژانێرانە ئەوە بووبێت کە فرۆید بە وشەی”uncanny18″ لێکیدابووە و شیکردبووەوە و لە وتارێکدا دوای جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی 1919 دا بڵاوی کردەوە. فرۆید لەو وتارەدا، چیرۆکی (پیاوی رێخاوی-مرد شنی) هۆفمان و دیاردە سەیر و سەمەرە و غەوارە و ترسناکەکانی کە رەنگە بە هێما یا نواندنەوەی مەرگ لە قەڵەم بدرێت، خستە بەر سەرنج و تێڕامان. ئەمە سەرەڕای جۆرەها فیلمی بە ناوەرۆکی تارمایی و رۆحلەبەر و بوونەوەرە فەزاییەکان و فیلمە جینایی، رەوانییە-جیناییەکان، کە دواتر گەییشتە رەوایەتە مرۆڤخۆرانەکان لە سینەمادا؛ وەکوو فیلمگەلی هانیباڵ و بێدەنگی کارژۆلەکان، کە لە هەموویاندا خواستی مرۆڤ بۆ تووندوتیژی، تاوان و مەرگ ناوەند و چەق بووە.
“فەلسەفە و مەرگ”
سەرەڕای ئەدەبیات، لەفەلسەفەی سەدەی نۆزدەهەمیش دا دوای شەڕەکانی ناپلیۆن، لانیکەم لە نووسراوەکانی هیگل و شوپێنهاور دا، مەرگ زۆرتر لە نووسراوەکانی دیکە دەرکەوتنەوەی هەیە. ئەگەرچی رۆمانتیکەکان لەمەڕ بەشکۆ ڕاگرتنی مەرگ ناسراون. هیگل لە دیاردەناسی رۆح دا، لەو بەشەی کە تایبەت دراوە بە دیالیکتیکی پێوەندی نێوان خودا و بەندە، دەپەرژێتە سەر ترسی مەرگ و دڵەڕاوکێی مەرگ و گیانبازی لە پێناوی ئەویدی دا. بەندە، رکەبەری دۆڕاو و تێکشکاو کە لە گیانبازی دا، تاکۆتایی رێگا نەڕۆییشتووە و ئایینی خودا واتە یان سەرکەوتن یان نەمان(مەرگ) ی قەبووڵ نەکردووە، ئەو عەبدایەتی(بەندایەتی) لەباتی مەرگ هەڵبژاردووە و بەم هۆیەشەوە بە ژین و ژیانی، عەبدایەتی کردووە بە پیشە.(٢-ئەلف)
وشیاری بەندە نە لەسەر ئەم شت یان ئەو شت و نە لە فڵان کات و فیسار ساتدا، بەڵکوو لەو رووەوەیە کە لە تەواوی وجوودی خۆی دا ترساو و تۆقاو بووە. ئەو هەراس و سامی مەرگی کە خودای هەموو خوداکانە قبووڵ کردووە.(2-ب)19. بۆیە بەم شێوەیە و لەم مشت و مڕەی وشیاری/ دەسەڵات لە نێوان خودا و بەندە دایە کە هەر کامەیان دەتوانن بەم ریسک کردن و مەترسی قبووڵکردنە، خۆی پارێزراو و گەرەنتی بکات، لە ئاکامدا ئەمەش هەراس و سامی مەرگە کە دوابڕیاردەر و دوابکەری کایەکەیە. ترسان و تەنانەت زانینی ئەوەی کە مرۆڤ لە مەرگ دەترسێت بەس نییە. دەبێت ژیان پێڕەو و بەستراوەی مەرگ بێت. بەڵام ئەم شێوە ژیانکردنە، خزمەتکردنە لەپێشدەمی کەسێکدا کە مرۆڤ لێی دەترسێت و دڵەڕاوکێ لەهەناوی مرۆڤ دا دەچێنێت، بێ ئەم خزمەتکردنە دڵەڕاوکێ نا توانێت وجوود بگۆڕێت، ئەمە بە خزمەتکردنی ئەویدی و هاوپێوەندی لەگەڵ دیترانە، کە مرۆڤ لە چڕنووکی هەراس و سامی بەندەخولقێن کەوا ئەندێشەی مەرگ بە سەر گیانی دا زاڵ دەکات و دەیسەپێنێت، قوتار و رزگار دەکات20. لە ئاکامدا دەڵێت: ئینسانێک کە تامی هەراس و دڵەخورپێ و سامناکیی مەرگی نەکردبێت، نازانێت کە جیهانی سرووشتی، دوژمنیەتی و عەوداڵی کوشتن و لەمەی کە بەشیوەی زاتی خۆشنوود و کامەرانی کات دەستکورت و نەتوانایە ئەمه ئەوپەڕەکەی بیەوێت چاکسازی و ریفۆرم بکات واتە وردەکارییەکانی بگۆڕێت، بێ ئەوەی تایبەتمەندییە جەوهەری و ناخییەکانی جیهان بگۆڕێت. ئەم مرۆڤە لە پێگەی ریفۆرم خواز، بزان و بزۆزە و تەنانەت رەنگی تاقم و توێژیش دەگرێتە خۆی بەڵام قەت قەت نابێتە هۆی شوڕشێکی راستەقینە21.
ئەلێکساندێر کۆژۆ، راڤەکاری بەرهەمەکانی هیگل لە پێشەکییەکدا کە لە سەر فەلسەفەکەی نووسیویەتی، جێگە و پێگەی مەرگ لە قەوارە و چوارچێوەی ئەندێشەی هیگلدا دەباتە تەشق و ترۆپکێک کە تێیدا دەڵێت: (فەلسەفەی دیالیکتیک یان ئینسانناسی هیگل لە دوالێکدانەوەدا، بە فەلسەفەی مەرگ ناوزەد دەکرێت)22. هیگل، مەرگ نە تەنیا لەبنەما و ناخی دیالیکتیکی دەسەڵات، واتە پێوەندی نێوان خودا و عەبد(بەندە)، دیاری دەکات، بەڵکوو لە دیالیکتیکی عەشقیش دا دەڵێ: ( مەرگ خودی عەشقە، لەمەرگدایە کە عەشقی رەها و پوختە ئاشکرا دەبێت)23. ئەم تێگەیشتنە لە مەرگ، نێزییکە بەو مانایەی مەرگ کە رۆمانتیکەکانی سەردەمی هیگل باوەڕیان پێی بوو. بۆ هەندێک لەوان مەرگ رژانە ناو دەریای بەرین; واتە بەرەو رووی کل یان گشت چوونە، و بۆ هەندێکی دی سەرەتای دەستپێکردنی ژیانی ناکۆتا و جاویدی مەسیحییەت بوو، بەو شێوەیەی کە سۆفی و شەهیدە مەسیحییەکان باوەڕیان پێی بوو.
لە نێو رۆمانتیکەکان دا، نۆڤالیس(1801-1722) کە بیرمەندترین و قووڵترینیان بوو، دەیگووت: (ژیان دەسپێکی مەرگە؛ ژیان بە بۆنەی مەرگە؛ مەرگ، لەیەک کاتدا هەم دەستپێکە و هەم کۆتاییش24). بۆ زۆرێک لە رۆمانتیکەکان، مەرگ زۆر سەرەنج راکێش و خۆشەویست بوو، بۆ نموونە شێلی دەیگووت: “چەندە سەرسووڕهێنەر ، شکۆدار و خۆشەویستە مەرگ”، و بۆ کلایست و هۆڵدرلین مەرگ چ روخسارێکی جوانی هەبوو کە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا. کلایست لە سەر گڵکۆی خوشەویستەکەی خۆی کوشت. رەنگە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە مەرگ خودی عەشقە. عەشق و خۆشەویستی بۆ مەرگ، هێمای بەرچاوی ئەو رۆمانتیکانەی وەکوو شێلینگ بوو کە شکۆمەندکردن و بەرزراگرتنی مەرگیان کردبووە پیشە. لە واقیع دا لەگەڵ بەرهەمی رۆمانتیکەکان بوو کە مەرگ و نواندنەوەکانی بەسەر ئەدەبیات دا زاڵ بوو، و ژیان لەگەڵ دەرد و رەنج و ناکامییەکانی بەرەو تەشق دەچوو و بەرز رادەگیرا، دەتگووت جۆرێک لە جوانی ناسی دەرد و مەرگ بوو.
ئەم هەموو ستایش و شکۆڕاگرتنەی مەرگ بەهۆ و لەگەڵ فەلسەفەی هیگل، رومانتیسیسم و ئەدەبیاتی گۆتیک دا سەرەولێژبووە ناو چاخی نۆزدەهەم.
مەرگ و تەرمی مردوو و خوێن، لە هونەر و ئەدەبیات دا جێگەی بەرز و بەسامی خۆی هەبوو، دیتنی تاوانی سەرسووڕهێنەر، تووندوتیژی تۆقێنەر و هەراس و سام لەمەرگ، کوشتن و کوژران بۆ نووسەر و خوێنەری رۆمانگەلی جینایی، چیرۆکی خوێنڕێژە زنجیرییەکان و خوێنمژەکان، بەچێژ و تام بوو. تا ئەو شوێنەی کە دەتوانیین بڵێین ئەدەبیات و نووسراوەی چاخی نۆزدەهەم، وەگێڕ و دیلمانجی مەرگی جوان و تووندوتیژی بەشکۆ بوو. جوانی ناسی شەڕ، نەتەنیا بۆ رۆمانتیکەکان، بەڵکوو بۆ ناتۆرالیستەکانیش زۆرتر لە رابردوو بە هونەری جیددی و کاریگەری ئەو سەردەمەوە مانا و بوونی بەخشی. ئەم دیاردەیە کە بە مەودایێکی کەم تا زۆر، دوای دەستپێکی رۆشنگەری لە کولتووری رۆژئاوا دا دەرکەوت، (ئەوەش دوای چاخێک کە ستایشی ژیان و دەستکەوتنی چاکە و رووهەڵگەڕان لەئاستی مەرگ، تەوەر و خولێنکەی باو و زاڵی بوو)، دەبێت زۆر پرسیارئەنگێز بێت، کەبۆچی ئاوەها تێڕوانینەکانی گۆڕا و بیچم گرتن و سەرهەڵدانی گوتارێکی نوێ دەستی پێکرد؟ ئەگەر جەنگە بەربڵاوەکانی ناپلیۆن، لە پاریس بۆ مۆسکۆ، کە ساڵەها درێژەی هەبوو، نەبووایە و ئەو هەموو تووندوتیژی، و کوشت و کوشتار و وێرانییە ئەزموون نەکرابایە، کام هۆ و هۆکار دەیتوانی ئەم گۆڕانی تێڕوانینەی مۆدێڕنیتە لە ژیان و هیواوە بۆ مەرگ و تووندوتیژی روون کاتەوە و پاساوی بۆ بهێنێتەوە؟
هەڵبەت لە چاخی حەڤدەهەمیش دا بیرمەندێکی وەکوو توماس هابز، هەراس و تۆقان لەمەرگ و فەنابوونی لەدووتوێی کتێبی لویاتاندا هێنابووە ناو ئەندێشەی سیاسی ئەو سەردەمەوە. بەڵام بەدرێژایی سێ سەدە، رۆژئاوا چاوی بڕیبووە ژیان و داهاتوو، و بە هیچ کڵۆجێک مەرگ لە فەلسەفە و ئەدەبیات ئاوەها جێگە و پێگەیێکی بۆخۆی نەدۆزیبووەوە کە دوای شەڕەکانی ناپلیۆن، دەبینرا. هەڵبەت بێجگە لە شەڕ، قەیرانگەلی وێرانکەر و مەترسیداریتر؛ وەکوو برسێتی و قات و قڕی، بوومەلەرزە، هەرەس و نەخۆشیگەلێکی پەرەسێنەر وەکوو تاعوون(یان دواتر ئایدز) دەتوانن سەرەنجی کۆمەڵگا کارەسات بارەکان بۆ لای مەرگ رابکێشن، و تەنانەت بواری ئەوە بڕەخسێنن کە تێڕوانینگەلێکی سۆفیانە دژی ژیانی دونیایی یان تاقم و گرووپی ئایینی مەرگ ئەندێش، برە و پەرە بستێنن. بەڵام لەسەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە هیچ کام لەم دیاردانە بە شێوەیێکی بەرچاو و جیددی بوونی نەبوو. بۆیە لانیکەم لەپێگەی یەکێک لە هۆکارەکانی دەرفەت ساز و بوارخولقێنەر، ئەم جەنگەش وەکوو هەر جەنگێکی دی، مرۆڤی رۆژئاوای لەگەڵ مەرگ دا بەرەوڕوو کردبووە. بەڵام بۆچی بەپێچەوانەی ئەو تێڕوانین و گۆشەنیگا نێگەتیڤە بۆ مەرگ و جەنگ، کە لەدوای شەڕی یەکەمی جیهانی بوونی هەبوو، لەنیوەی یەکەمی چاخی نۆزدە و دوای شەڕەکانی ناپلیۆن ئەوەی بەدی دەکرا، زۆرتر سەلمێنەر و نیشاندەری جۆش و خرۆش لە ئاست مەرگ، چێژ و چڵێسی بۆ مەرگ و تووندوتیژی، دواتر عەشق و خۆشەویستی بۆ مەرگ بوو؟ جۆرێکە لە مردووبازی یان مردوودۆستی(Necrophilia) کەگریس جانتسێن(Jantzen.G)25 دەیداتە پاڵ تەواوی کولتووری رۆژئاواوە.
بەڵام رەنگە زۆرتر لەسەردەمی دەسەڵاتی کلێسادا و یان چاخی کولتووری هۆمەری دا بووبێت، کە لەچەشنی تووندوتیژی پیرۆز و پاڵەوانێتی، لەگەڵ ئیشتیا و حەزی ژیان و واڵایی دەردەکەوت. بەڵام لەسەدەی نۆزدەهەم جوش و خرۆش لەگەڵ مەرگدا گرێدراو بوو! ئەمە رەنگە بە تەنیا شووپێنهاوەر بووبێت کە وەکوو یەکەمین فەیلەسووفی مۆدێڕن، پرسی مەرگی بە شێوەیێکی سیستەماتیک و رێک و پێک لێکدایەوە.
شووپێنهاور رەنگە یەکەمین فەیلەسووفی مۆدێڕنیش بێت کە بە شێوەیێکی جیددی و سەرنج راکێش پردێکی لە نێوان بیریاری رۆژئاوایی و حیکمەتی رۆژهەڵاتیدا هەڵبەست. ئەگەرچی هەندێک دەڵێن هیندوییزم و بودیزمی خراپ فام کردووە و هەندێکی دی بە پێچەوانەی ئەم رایەوە دەدوێن. لەمە بترازێت ئەوەی وا گرینگ و پڕبایەخە ئەوەیە کە شووپێنهاور بە کاریگەرییەک کە لە سەر واگنێر، نیچە، فرۆید، یۆنگ و باقی بیرمەندانی رۆژئاوایی سەدەی نۆزدە و بیست دا هەیبوو، مۆدێڕنیتەی دوای خۆی وەها خستەژێر گۆڕان و ئاڵووگۆڕەوە کە بەڕای بێرتراند راسێل،(تێزی شووپێنهاوەر) بوو بە تایبەتمەندی و رۆحی هاوبەشی فەلسەفەی سەدەی نۆزدە و بیست و ئەوەی کە خواست(Will) سەرتر و لەبەرترە، لە لایەن زۆرێک لە فەیلەسووفانی مۆدێڕن و زۆرتر لە هەموویان، نیچە، بێرگسۆن، جیمز و دیوئی قبووڵکرا26و هیوایێکی نوێی دایە جیهانی مۆدێڕنی رۆژئاوا. ماکس هۆرکهایمەریش نووسی: “جیهان لە دژایەتی و رووبەرووبوونەوە لە گەڵ بێ هیوایی رەها و خەبات لەدژیدا، بە هەبوونی بیر و ڕاکانی شووپێنهاور، پێویستی بە ئەندێشەکانی تر نییە”. شووپێنهاور ئەم هیوایەی لە حاڵێکدا دەپەستاوتە نێو کولتووری رۆژئاوایی کە ئەورووپای دوای شەڕەکانی ناپلیۆن بە مەرگ ئەندێشی رۆمانتیکەکان و هەراس لەمەرگ لە ئەدەبیاتی گۆتیک دا دەیبردە سەر و دەژیا. ئەگەرچی ناپلیۆن شکستی خواردبوو، بەڵام تارمایی ناپلیۆنی، ئەو پاڵەوانە بەئیرادە و نەبەزاوە، کە وەکوو ژولیۆسی سێزار و ئەسکەندەری گەورە لە وێنەی پاڵەوانێتی(Heroism) ئاخیلس وەرگیرابوو، لە ئاسمانی ئەورووپادا جەوەڵانی بوو و لە هات و چۆدابوو.
ناپلیۆن دوورخرابووەوە و مردبوو، بەڵام (خواستی ژیان) تێیدا لەوێنە و رووخساری(خواستی دەسەڵات)- ئەگەرچی رووخێنەر و مەرگبار، بەڵام بەگوڕ و ئەبەدیانە لە هەموو شوێنێک دا دەینواند. بۆیە کاتێک شووپێنهاور چەمکی (خواستی ژیانی) پێشکەش کرد، دەتگووت دیاردەیێکی (پێشبینرا (de ja vu) بوو)شووپێنهاور فەیلەسووفێکی ناوچاوگرژ و بە بێ هیوا ناسراو خۆی لە کۆتایی دا(نکۆڵی خواستی ژیانی) لە خەڵکی رۆژهەڵاتدا ستایش دەکرد. هەر بە هۆی ئەم فەلسەفە بێ هیوا و مۆنە بوو کە بەردەوام هیگل لەو سەرکەوتووتر بوو و رەنگە نێزیکەی بیست ساڵ لە بڵاوبوونەوەی کتێبی جیهان وەکوو خواست و باوەڕتێپەڕی تا توانی لە ئەورووپا دا سەرنج بۆ لای خۆی راکێشێت. بەڵام رەنگیشە ئەمە سەرەنج و تێڕامانی ئینسانی ئەورووپایی لە سەر چەمکی(خواست) لەو سەردەمە تایبەتەدا بووبێت کە بیروڕای شووپێنهاوری- هەرچەند دێرتر بەڵام لە ئەنجامدا قبووڵ و پەسەند کرد.
ئەو تێگەییشتبوو کە(خواست) لە هەموو ئۆبژەیێک لەم دونیایەدا و لەهەر بوونێکی گیانلەبەر دا هەیە، هەم ئەم جیهانە و هەم خودی ئینسان و لەشیشی دیارکەر و نوێنەری ئەم(خواست)ەن27. شووپێنهاور فەلسەفەی خۆی بەم رستەیە دەستپێدەکات کە (جیهان ئایدیای منە) و ئەمە راستییەک بوو کە تەنها مرۆڤ دەیتوانی بیکێشێتە وشیاری دەرهەستی بیرلێکراوی خۆی28 . بۆیە جیهان بوو بە ئایدیای ئینسان. شووپێنهاور نووسی:( تەواوی ئەم جیهانە تەنیا ئۆبژەیە لە پێوەندی لەگەڵ سووژەدا، فامی فامکەرە و لەیەک وتەدا نواندنەوە (representation) و ئایدیایە29.
نووسینی: دوکتور موحەمەد سەنعەتی
وەرگێڕان لە فارسییەوە: عادڵ قادری