“کورتەیەکی مێژوویی هاوسەرگیری رامیاری له پ.ز دا”
هاوسەرگیری رامیاری لەکوردستانی دێریندا بەیەکێک لە بابەتە گرنگەکانی مێژووی گەلان و دەوڵەتانی کۆن دادەنرێت، هەروەها کردەیەکی رامیاری زیندووی پەیوەندی نێوان گەلانی هەموو دونیایە، ئەم دیاردەیە بووە بەبنەمایەکی سەرەکی لەگرێدانی دوو بنەماڵەی دەسەڵاتداردا. هاوسەرگیریکردن یان بەشودانی کچ و ژن لەبری خوێن یان بۆ ئاشتەوایی دوو بنەماڵە یان دوو خێڵ، تا ئەم دواییانەی سەدەی بیست لەنێوکۆمەڵگای کوردەواریدا ئەنجامدراوە، دیارە ئەم دیاردەیە تاکو ئەمڕۆش لەنێوان ماڵبات و بنەماڵەی دەسەڵاتداری ناوخۆی و هەرێمی و نێودەوڵەتیدابوونی هەبووە و بەکارهاتووە، بۆ دروستکردنی پەیوەندی ئاشتی و هاوپەیمانی، دەکرێت لەچەند پێناسەیەکدا بخرێنەروو: هاوسەرگیری رامیاری بریتیە لە کردارێکی پەیوەندی ئاشتەوای و رێکەوتنی نێوان دوو دەوڵەت یان دەستەڵاتدار یان دوو بنەماڵەی شاهانە کەپێشتر بەهۆی فراوانخوازی و پاوەنخوازی دەسەڵاتەوە تووشی شەڕوناکۆکی و پەلاماردانی یەکتربوون و هیچ لایەکیان نەیانتوانیوە سەربکەون بەسەریەکتریدا، بۆیە دواجار هەوڵی ئاشتی و رێکەوتن دراوە لەنێوان هەردوو بەرەی شەڕکاردا، پاشان رێکكەوتنامەکەیان لەراگرتنی شەڕوە گۆڕاوە بۆ رێکكەوتنی ئاشتی و برایەتی.
بۆئەوەی متمانە دروست ببێت، جارێکی ترشەڕ سەرهەڵنەداتەوە، پێشنیاری هاوسەرگیری رامیاریان کردووە، کچی پاشای لایەک دراوە بەپاشاکەی تریان کچ و کوڕی پاشاکان هاوسەرگیریان کردووە، بووە بەمایەی ئاشتەوای نێوان دوو دەوڵەت، وەکو ئەوەی لەمێژووی کۆندا لەنێوان میسریەکان و میتانی و میسریەکان و کاشیەکان، میدییەکان و لیدییەکاندا رووی داوە. هەروەها ئەم کردارە جۆر و پێناسەی زۆری هەیە، وەکو ئەوەی ئەم پرۆسەیە بریتیە لە دروستکردنی پردی پەیوەندی رامیاری و دیپلۆماتی و ئاشتی نێوان دووهێز، هێزێکی گەورەتر بۆ ڕامکردن و بەستنەوەی هێز و دەسەڵاتی لایەک یان هێزێکی بچوکتر بۆخۆی، بۆئەوەی هەڵگەڕانەوە و ئاژاوە روونەدات، هەروەها بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێوان دوو گەل و دوو دەوڵەت ئەنجام دراوە، بەبێ ئەوەی شەڕ رووبدات تەنها لەنێوان دوو بنەماڵەی شاهانەدا هاوسەرگیریەکە ئەنجام داوە، کە بەهاوسەرگیری رامیاری ناودەبرێت، یان وەکو جۆرێکی تر کە تەنها لەناو ئەندامانی خێزانی شاهانەدا رووی داوە، پەیوەندی بەخوێنی شاهانەوەهەیە، کە ئەمەش بەجۆرێکی تری هاوسەرگیری رامیاری تۆماردەکرێت.
هەروەها هاوسەرگیری رامیاری کە لەنێوان بنەماڵەی دەسەڵاتدار و پاشاکان و میرەکان و بەگ و خاوەن بەرژەوندییەکاندا ئەنجام دراوە، زۆرجار بۆ راگرتنی ئاگری جەنگ و کوشتن و خوێن بووە، زۆرجار بۆ بەستنەوە و رامکردنی لایەنێک بووە لەلایەن لایەنێکی ترەوە، لەبەرژەوەندی لایەک یان هەردوولا بووە. ئەم جۆرەیان لە ئاستێکی باڵا و هەرێمی و نێودەوڵەتیدا خۆی دەبینێتەوە. هەروەها لەناوخۆشدا لەلایەن لایەنە رامیاریەکانەوە ئەنجامدرواە، تاکو ئەمڕۆش لەکوردستان و ناوچەکەدا وەک دیاردەیەکی باو کاریگەری خۆی ماوەوە و جێبەجێ دەکرێت. زۆرجار دەرئەنجامی باشی لێکەوتۆتەوە؛ وەک ئاشتی و ئارامی و کوژانەوەی جەنگی گەورە لەنێوان دەوڵەتاندا. بۆنمونە راگرتنی جەنگی نێوان میتانی و فیرعەونی میسر کەچەندین ساڵی خایاندووە، شەڕی شەش ساڵەی نێوان میدیا و لیدیا، دروستکردنی هاوپەیمانی میدیا و بابل کە بووە هۆی رووخانی سەرسەخترین ئیمپراتۆری مێژوو کە ئاشورییەکان بوون. هەروەها مێژووی هاوسەرگیری رامیاری لەمێژووی کۆندا رەگێکی دوور و درێژی هەیە، ئەوەی تاکو ئەمڕۆ زانراوە یەکەم هەوڵی هاوسەرگیری رامیاری لەمیژووی دێریندا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سومەر و ئەکەدییەکان، لەسەردەمی بنەماڵەی ئوری سێیەمی سومەری کاتێک لەگەڵ ئیلامیەکان کەوتنە شەڕ و ناکۆکی، دواتر رێکكەوتنیان ئەنجامداوە و بە هاوسەرگیری رامیاری کۆتاییان بەکێشەکانیان هێناوە، هەروەها لە سەردەمى “سەرجونى ئەکەدى”دا، کاتیک ئیلام بووە بەشێک لە ئیمپراتۆری ئەکەدی، بەڵام لە سەردەمى نارامسین دا ئیلام هەڵگەڕانەوە، هەوڵی سەربەخۆیان داوە. بۆیە “نارام سین” ناچار رێککەوتووە لەگەڵ پاشاکەیان و نێردراو و دیارى ناردووە بۆیان و هاوکارى کردوون، هەر بۆیە هاوسەرگیرى لەگەڵ کچی (خیتا) پاشای ئیلام کردووە، فەرمانبەرى خۆى لە شوش داناوە.
دواتریش ئەم کارە وەک دیاردە و کردارێکی گرنگ سەیرکراوە لەلایەن گەلانی دێرینی کوردستانەوە ئەنجامدراوە، بووە بەمایەی راگرتنی شەڕ و دروستکردنی برایەتی و ئاشتی نێوان دوو دەسەڵات. هەروەها ئەم بابەتی هاوسەرگیری رامیارییە جێی پرسیار و گومانە، بەتایبەتی لای میدیەکان جێی بایەخ و گرنگی پێدان سەرسوڕمانە؟ واتە ئەنجامدانی هاوسەرگیری رامیاریان لەگەڵ گەلانی ناوچەکەدا، پێویستە زۆرتر لێکدانەوەی بۆ بکرێت، چونکە ئەم پەیوەندیە دوو لایەنی باش و خراپی هەبووە، هەندێکیان بوون بەمایەی ئاشتی و سەرکەوتنی گەورە بۆ میدیەکان بەتایبەت ئەوەی لەگەڵ بابل و لیدیادا، بەڵام ئەوەی لەگەڵ قەمبیزی فارس دائەنجامدرا، بووە مایەی لەدەستدانی دەسەڵاتی دەوڵەتی میدیا، لەسەردەستی کۆرش، دواتر رووخانی میدیای لێکەوتەوە، ئەویش ئەوکاتە بووکە کۆرشی کوڕی قەمبیز کەدایکی (مەندانە)ی کچی ئەستیاگی دوا پاشای ماد بوو لەناوچەی پارسوا لەدەستەڵاتی میدیاهەڵگەڕایەوە، توانی کۆتای بەدسەڵاتی میدیابهێنیت، ئەمەش وەک دەرئەنجامێکی نەرێی هاوسەرگیری رامیاری نێوان میدیا و فارس دەخرێتەروو.
هەروەها دەبێت بوترێت بۆچی هاوسەرگیری میدیا و فارس وەکو هاوسەرگیری رامیاری میسر و میتانی و کاشی نەبوو؟ بۆچی بۆ میدییەکان بووە کێشیەکی رامیاری گەورە؟ ئەگەر بەپێچەوانەوە بووایە پارسوا ملکەچی خۆی بۆپاشا ئەستیاگ دەبڕیایە، یان هاوسەنگی و ئاشتی هەبوایە؟ میدیەکان بەوزوانە نەدەکەوتن، شارستانی و دەوڵەتداری میدیەکانیش نەدەبوونە هی فارس، لەبری فارس میدیەکان ناو و ناوبانگیان زیاتردەبوو! هەربۆیە ئەم جۆرەی هاوسەرگیریە کێشەیەکی گەورەی بۆمیدیەکان دروست کرد، لەدوایدا بووە هۆی لەناوچوونی ئیمپراتۆری میدیەکان و سەرهەڵدانی فارسەکان. لای توێژەرانی کورد ئەم بابەتە کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە، پێویستە توێژینەوەی زۆرتری لەسەربکرێت. ئەوەی تێبینی کراوە ئەم بابەتە لەکوردستاندا زۆرکەم کاری لەسەرکراوە، توێژینەوەی زانستی لەسەرنەکراوە، لەلایەکی ترەوە لەلای توێژەرانی بیانی و عهرەب لەسەر ئەو بابەتە توێژینەوە هەن، بەڵام کەمتر ئاوڕیان لەولایەنە داوەتەوە کە پەیوەندی بەکوردستانی دێرینەوە هەیە، زیاتر لایەنی شارستانی و وڵاتی خۆیان دەرخستووە نەک مەبەستیان بێت باس لەگەلانی دێرینی کوردستان بکەن، بۆیە بۆتوێژەرانی کورد گرنگە خۆیان لەم کارەدا تاقی بکەنەوە.
ئەوەی لەم توێژینەوەیەدا باس کراوە لایەنی پەیوەندی هەرێمی و نێودەوڵەتی گەڵانی دێرینی کوردستانە لەگەڵ گەڵانی بێگانەی تردا، لەدەرەوە و ناوەوەی کوردستاندا، بەتایبەتی هاوسەرگیری رامیاری لەکوردستانی دێریندا. بۆئەم مەبەستەش چەند گەلێکی گرنگ دیاری کراون، لایەنی پەیوەندیە رامیاریەکان شیکراونەتەوە. هەریەک لەگەلانی هوری و میتانی و کاشی و میدی وەرگیراون، وەک چوار گەلی گرنگ و خاوەن دەوڵەت لەکوردستانی دێریندا، بەتایبەتیش ئیمپراتۆریەتی میدیەکان بەهەند وەرگیراوە، چونکە میدیەکان هاوسەرگیری رامیاریان لەگەڵ سێ گەلی دراوسێو و هاوسنووردا ئەنجامداوە. کە هەندێکیان بوون بەمایەی ئاشتی وسەرکەوتنی گەورە بۆمیدییەکان بەتایبەت ئەوەی لەگەڵ بابل و لیدیادا ئەنجامیان داوە، ئەوەی میدیا و فارسیش کە بووە مایەی رووخاندنی ئیمپراتۆریەتی میدیا. هاوسەرگیری رامیاری وەک کردارێکی پەیوەندی ئاشتەوایی و رێکكەوتنی نێوان دوودەوڵەت یان دەستەڵاتدار یان دوو بنەماڵەی شاهانە ئەنجام دراوە،یان پردی پەیوەندی رامیاری و دیپلۆماتی و ئاشتی نێوان دوو هێز بووە، هێزێکی گەورەتر بۆ رامکردن و بەستنەوەی هێز و دەستەڵاتی هێزێکی بچوکتر بۆخۆی، بۆئەوەی هەڵگەڕانەوە و ئاژاوەروونەدات، هەروەها بۆدروست کردنی پەیوەندی نێوان دوو گەل و دوو دەوڵەت ئەنجام دراوە بەبێ ئەوەی شەڕ رووبدات، تەنها لەنێوان دوو بنەماڵەی شاهانەدا هاوسەرگیریەکە رووی داوە، کە بەهاوسەرگیری رامیاری ناودەبرێت.
مێژووی هاوسەرگیری رامیاری لەمێژووی کۆندا رەگێکی دوورودرێژی هەیە، یەکەم هەوڵی هاوسەرگیری رامیاری لەمێژووی دێریندا دەگەڕێتەوەربۆسەردەمی سومەر، چونکە کاتێک باس لەپەیوەندی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەکرێت، یان باس لەرێکەوتننامە و دانوستان دەکرێت دەبێت بگەڕێینەوە بۆسەردەمی سومەری کۆن وسەردەمی شارەدەوڵەتی سومەری لەنێوان خۆیاندا، پاشان رێکەوتن و دروستکردنی یەکەمین پەیوەندی دەرەوەی سومەر لەگەڵ گەلانی ناوچە شاخاوییەکانی زاگرۆسدابووە، بەتایبەتی لەگەڵ ئیلامیەکاندا لەناوچەی ئەنشان، هەروەکو لەدەقی (ئینمێرکاروئاراتتا)(Enmerkar and the Lord of Aratta)دا هاتووە، کەباس لەڕێكکەوتننامەی نێوان دوولایەن دەکات (ئینمێرکار) وەک پاڵەوان سەرکردەیەکی سومەر لەشاری ئوروک-وەرکای یەکەم لەگەڵ فەرمانڕەوای شاری (ئاراتتا) لەنزیک شاری دیزفولی کوردستان، ئەمەش بەیەکەمین رێکكەوتن و پەیوەندی رامیاری دادەنرێت لەنێوان گەلانی کۆندا لەمێژوودا، لەسەردەمی چاخی بنەماڵەی دووەمی سومەر لەنزیکەی ٢٦٠٠ساڵ پ.زدا، لەم ماوەیەشدا بۆیەکەمجار نوێنەر و نوێنەر گۆڕینەوە هەبووە، گفتوگۆ هەبووە لەنێوان (ئینمێرکارو ئاراتتا) دا، هەر لەوکاتەدا ئاماژە بەنوێنەرێک کراوەبەناو لوگال باندا-Lugalbunda) کە بەباوکی گەلگامێشیش دادەنرێت، هەروەها دیاری گرانبەها لەلایەن ئاراتتاوە بۆخواوەند (ئیناننا-Inanna)ی سومەر نێردراوە، کە تاجێکی شاهانەبووە لە خشڵ وزێڕ. (Thorkild Jacobsen:Once,1987.p368) هەرئەم رێکكەوتننامەو پەیوەندییە گرنگ و رامیاریە دواتر هاوسەرگیری رامیاریشی لێدروست بووە، وەک ئەوەی لە میسۆپۆتامیای دێریندا باس لەمارەبڕین و بەشودان کراوە لەنێوان خێزان وبنەماڵەی فەرمانڕەوادا لەناوخۆی ودەرەوەدا،بۆنمونە باس لەوەدەکرێت کچەکانی شولگی(٢٠٩٤-٢٠٤٧)پ.ز،دراون بەخەڵکانی نەیار لەدەرەوەی سومەرلەناوچەشاخاویەکانی رۆژهەڵات، بەرەچاوکردنی بنەماکانی یاسا ناوخۆی ودەرەکیەکان لەهەڵبژاردنی هاوسەرگیریەکەدا.
لەگەڵ ئەوەشدا لەوکاتەدا باس لەهاوسەرگیری کچان لە نێوان بنەماڵەی لارسا و ئوردا کراوە، لەگەڵ ئەو کەلوپەلانەی کە بۆیان هێنراوە بەدیاری.( J.N.Postgate: 2002,p101.) هەروەها کاتێک دوو شاری وەکو (لکش و ئوما) شەڕ و کێشەیان بۆ دروست دەبێت رێکكەوتن لەسەر سنووردەکەن، کاتێک (اور-لوما)فەرمانڕەوای شاری ئوما کوڕی (ئاکالی) لەگەڵ فەرمانڕەوای شاری لگش رێکكەوتننامەی ئەنجامداوە، ئەم دیاردەیەش لای سومەر تاکۆتای دەستەڵاتیان هەربەردەوام بووە، لەسەردەمی بنەماڵەی ئوری سێیەمیش کاتێک لەگەڵ ئیلامییەکان کەوتنە شەڕ و ناکۆکی، دواتر رێکكەوتنیان ئەنجام داوە، بەهاوسەرگیری رامیاری کۆتاییان بەکێشەکانیان هێناوە، ئەوە بوو کوڕە شازادهیەکی ئیلامی لەئەنشان کچی پاشای سومەری شوسین(٢٠٣٧-٢٠٢٩)پ.ز مارەدەکات و دەیخوازێت، هەروەها فەرمانڕەوایەکی تری ئیلامی بەناوی(زابشالی) ئیلامی کچێکی تری شوسین دەخوازێت، وەک هاوسەرگیری رامیاری. بێگومان ئەم دوهاوسەرگیریەش لەچوارچێوەی رێكکەوتنی رامیاری و هاوسەرگیری رامیاریدابووە، هەرچەندە ئەم رێکەوتننامەیە تا سەر نەبووە، بەتایبەتی کاتێک سومەر بەرەولاوازی چووە ئیلامیەکان رێکكەوتننامەکەیان شکاندووە، لەسەردەمی (ابی-شین)دا، دواترکۆتای بەدەستەڵاتی سومەرهات.( خزعل الماجدي ،٢٠٢١، ص-١٢٦-١٢٧ ) هەروەها لە سەردەمى سەرجونى ئەکەدى (2325 – 2269) پ.زدا ئیلام بووە بەشێک لە دەسەڵاتی ئەکەدی، بەڵام لە سەردەمى نارام-سین (2244 – 2207) پ.زدا، ئیلامیەکان هەڵگەڕانەوە، هەوڵی سەربەخۆیان داوە، بۆیە نارام سین ناچار رێککەوتووە لەگەڵ پاشاکەیان، نێردراو و دیارى ناردووە بۆیان، لەهەمان کاتدا هاوکارى کردوون دژى گوتییەکان، چونکە لەوکاتەدا ئەکەد و گوتی لە شەڕدابوون. هەر بۆیە نارام سین هاوسەرگیرى لەگەڵ کچی (خیتا) کردووە، فەرمانبەرى خۆى لە شوش داناوە، کە ناوی (شار ریش کاکاڵ)بووە. کاتێک (کوتیک ئنشو شیناک) براى (خیتا) بوو بە پاشای ئیلام هەرپاشکۆى (نارام سین) بووە.(.Wolfram Soden,1994,p24)
“هاوسەرگیری رامیاری خورییەکان لەگەڵ گەلانی تردا”
هەروەها دواتریش هورییەکان وەک گەلێکی رەسەنی کوردستان لەهەزارەی دووەمی پ.زدا دەرکەوتن، توانیان کیانێکی رامیاری بەهێز بۆ خۆیان دروست بکەن. مەڵبەندی سەرەکیان( نوزی) کەرکوک تا رۆژئاوای کوردستان بووە، یەکەم دیاردەی هاوسەرگیری رامیاری لە کوردستانی دێریندا دوای سومەرییەکان وئیلامییەکان بۆ ئەمان دەگەڕێتەوە. ئەوەش لەئەنجامی ئەوەی کاتێک ئاشورییەکان هاتونەتە میسۆپۆتامیا و کوردستان، وردە وردە خۆیان بەهێزکرد و توانیان وەک هێزێک لەناوچەکانی هوری خۆیان دەرخەن. لەم روانگەیەوە هەندێجار شەڕ و هەندێجار ئاشتی لەنێوان هوری و ئاشوریدا روویداوە. پێ دەچێت هورییەکان ویستبێتیان کێشەی هاتن و سەرهەڵدانی ئاشوور لەخاکەکەیاندا بەئاشتی چارەسەربکەن، بیانکەن بە بەشێک لەدانیشتوانی دەوڵەتی هوری و نەیەڵن زیاتر گەشە بکەن بەتایبەتی لەرووی رامیاری و سەربازیەوە، تا سەربەخۆ نەبن و کێشەی گەورە بۆ دەسەڵاتی هوری دروست نەکەن. بۆیە بۆچارەسەری کێشەکان هاوسەرگیری رامیاریان ئەنجام داوە، کەئەمەش خاڵێکی باش دەبێت بۆ بەستنەوەی ئاشور بە هورییەکانەوە، بەڵام ئەم کارەی هوریەکان بەپێچەوانەوە دەرئەنجامی نەرێی لێکەوتەوە.
دواجار ئاشورییەکان هەنگا و هەنگا و خۆیان بەهێزدەکەن و وڵاتی هوری دەخەنە ژێردەستی خۆیان، پاشان خاک و نیشتیمانیان داگیردەکەن، بۆنمونە سەرچاوەکان باس لەودەکەن لەسەردەمی (شەمش ئادادی یەکەم-١٨١٣-١٧٨١)پ.ز و کوڕەکانی شەڕیان لەگەڵ هورییەکان کردووە، هەندێجار رێکكەوتن و ئاشتیش هەبووە، دواتر کوڕەزایەکی شەمش ئاداد کچی پاشای هوری خواستووە، ئەمەش بە پەیوەندی ئاشتی و ئەنجامدانی هاوسەرگیری رامیاری دادەنرێت. ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە لە مێژووی دێریندا کەمتر ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە لەگەڵ ئاشوور و ئەکەدییەکان کراوە، چونکە ئەم دوو گەلە زیاتر وەک هێزیکی دوژمنکارانەی دڵ رەق و تووند ناسراون لەکوردستاندا. هەر بۆیە لەماوەکانی دواتردا پەیوەندی هوری و ئاشووری تێك دەچێت وشەڕ لەنێوانیدا روویداوە، هوریەکانیش چەندین هێرشی سەربازیان دژی ئاشوورییەکان ئەنجامداوە.( Wolfram V Soden,1994,p25) (جورج رو ،1986، ص ٢٦١.) هەروەها هورییەکان هاوسەرگیری رامیاریان لەگەڵ هیتیەکانیشدا ئەنجامداوە، چونکە لەو کاتەشدا هیتیەکان وەک گەلێکی بەهێز بوونیان هەبووە لەناوچەکەدا، بۆ نمونە سەرچاوەکانی سەردەمی هاتوسیلیس باس لە رووداوەکانی شەش ساڵی سەردەمی خۆی دەکات، کاتێک بەهێزێکەوە روویکردۆتە ناوچەکانی باکووری سوریای ئێستا تا ناوەڕاستی فورات رۆیشتووە، وەک لەنامەکانی ئالالاخیش داهاتووە، زۆرشاری گرتووە، وەک شاری ئۆرشۆ، هەروەها لەساڵی سێیەمی دا سەرکردایەتی سوپایەکی کرد بەرە و باشووری رۆژئاوا لەدژی دەوڵەتێکی بەهێز بەناوی (ئەرزاوا)، لەر ۆژئاوای ئاسیای بچوک، بەڵام بەهۆی سەرقاڵی بەو جەنگەوە سەرجەم ئەو خاک و هەرێمانەی بەدەستی هێنابوو لەدەستی دا، بەتایبەتی لەلایەن هوریەکانەوە.
هەربۆیە هاتوسیلیس وازی لەداگیرکردنی ئەرزاوا هێنا و کەوتە بەرگریکردن لەوڵاتەکەی، تا هورییەکان زیاتر پێشڕەوی نەکەن، بەڵام لەئەنجامدا لەشەڕێکدا دۆڕا کەدژی هوریەکان لەناوچەکانی حەلەب ئەنجامی دابوو، لەوکاتەدا ئەوشارە هاوپەیمانی هوریەکان بووە، یان بەشیک بووە لەوڵاتی هوری، لەو شەڕەدا بەبرینداری گەڕایەوە پایتەختی خۆی، لەراسپاردەکەیدا داوای دانانی جێنیشین بۆخۆی دەکات لەسەرتەختی پاشایەتی.(Seton Lloyd, 1992,p-39.)( J.G.Macqueen,1975,p22-25) ئەوە بوو دواتر مورسیلیسی یەکەم کوڕەزای هاتوساس جێی گرتەوە بووە پاشای هیتی، ئەم پاشایە توانی هورییەکان تێکبشکێنی و بەشێوەیەکی خێرا بەرەو ئەوناوچانە کەوتەڕێ کەپێشتر لەدەستیان دابوو، لەگەڵ ئەوەشدا بەرەو میسۆپۆتامیا هات کە ئەوکات لە ژێر دەسەڵاتی گەورەکانی ئاموری و بنەماڵەی یەکەمی بابلدا بوو، مورسیلیس بەشێوەیەکی کوتوپڕ بەخۆی و سوپا و ئەسپ و گالیسکەوە خۆی کردە بابلی وڵاتی حامورابیدا، خۆی وەک پاشا ناساند، بەڵام بەهۆی کێشەی ناوخۆیەوە لەکۆشکی پاشایەتی لە هاتوساس گەڕایەوە و بابلی بەجێهێشت.( Nils Billing, Susanne Carlsson, ,2017 ,p58) لەوکاتدا زۆربەی ناوچەکانی هیتی کەوتوونەتە دەست هورییەکان، بوون بە بەشێک لە دەسەڵاتی هانیگالبات (خانی گڵبات)، کە یەکێک بووە لەهەرێم و ناوەندی دەسەڵاتی پاشایەتی و رامیاری کە هورییەکان تێیدا باڵادەست بوون.( (Seton Lloyd, 1992,p 43-44. دوای ئەویش (هاتوسیلیسی سێیەم) بوو بەپاشای هیتی، لەسەردەمی ئەم دا ئارامی و ئاسایش گەڕایەوە بۆ وڵاتی هیتی، لەگەڵ میسر رێکكەوتنامە ئەنجامدرا، دوای ١٣ ساڵ هاوسەرگیری رامیاری ئەنجامدرا، کچی هاتوسیلسی سێەم درا بەفیرعەونی میسر، بەمەش سەردەمی ئاشتی دەستی پێکرد.
هەروەها لەم کاتەدا هیتییەکان لەگەڵ هورییەکانیشدا هاوسەرگیریان ئەنجامداوە، یەکێک لەهاوسەرەکانی هاتوسیلسی سێیەم شازادەیەکی هوری بووە بەناوی (پودوهیبا)کەکچی پاوێکی ئایینی بووە، لەرووی ئایینی و کارگێڕی و بەڕێوەبردنەوە کاریگەری گەورەی لەسەر هاتوسیلیس هەبووە، کاریگەری ئەم ژنە هوریە لە پەیکەری بەردە نوسراوەکانی شوێنەواری یەزلیکایە و دیوارەکانی دەرەوەی هاتوساس بەروونی دەردەکەوێت، دوای مردنی هاتوسیلسی سێەم کوڕەکەی بەناوی (تودالیاس چوارەم) بوو بە پاشا، ئەمیش کە دایکی هوری بوو کاریگەری گەورەی دایکی لەسەربووە لەبەرێوەبردنی کاروباری وڵاتدا. هەر لێرەشەوە بوو هیتییەکان کەوتنە ژێرکاریگەری خواوەندەکانی هورییەوە، زیاتر خواوەندی خوریان پەرستووە، خواوەندەکانیان وەکو خواوەندی خوری ناسراون، هەرچەندە ئەم پاشایەش زۆری نەبرد کەوتە شەڕەوەلەگەڵ ئەرزاوا لەرۆژئاوا و لەرۆژهەڵات لەگەڵ ئاشوور و لەلایەکی ترەوە لەگەڵ ئالاسیا-قوبرس و گەلانی دوورگەکانی ئیجە و وڵاتانی پشتەوەی هیتی. (Seton Lloyd : 1992,p47-50.) هەروەها لەلایەکی ترەوە پەیوەندى هورییەکان لەگەڵ میسرییەکاندا دەستی پێکردووە، سەرەتا وەک پەیوەندییەکى بازرگانى بووە لە سەردەمى چاخى ناوەند(2160 – 1660 پ.ز)، چونکە لەو کاتانەدا کەنارەکانى لوبنان و سوریا لە ژێر دەسەلاتى هورییەکاندا بووە. زۆرجار پاشا خورییەکان دیارییان پێشکەش بە فەرمانڕەوا ئامورییەکان کردووە کە نزیکیان بوون، ئەوەش وایکردووە زیاتر هورییەکان لە بنەماڵەى (18) فرعەونییەکان نزیکببنەوە، ئەم زانیارییانەش لە دۆزینەوەکانى ئوغاریت (راس شمرە) و (قتنە و نیراب) نزیک حەلەب و شارى پیلوس (بیروت) هاتووە.(جورج روو ،1986، ص 322)، هەرچەندە لەم کاتانەدا زۆرجار ناوى هەرێمەکانى (خورى -میتانى) پێکەوە دێت لە شەڕ و لە ئاشتیدا.
بۆ نمونە لە سەردەمى بنەماڵەى هەژدەهەم دا(1567 – 1320 پ.ز) بۆ یەکەمجار باس لە پێکدادانى نێوان خورى و میتانى لەگەڵ میسرییەکان کراوە، وەک فیرعەونى میسرى (تحوتمسى یەکەم 1525 – 1512 پ.ز) پاشاى سێیەمى بنەماڵەى هەژدە لە بەردەنووسەکانیدا باسى هێرشەکانى دەکات، دواى ئەمەش (تحوتمسى دووەم و سێییەم) هێرشیان کردۆتەسەر هەرێمەکانى خورى لە باکورى سوریا، ناوى (میرەکانى خارو) واتە خورى و میتانى و ناهیرى-ناهارین دێنن، جارێکى تریش هێرشیان کردۆتەسەر وڵاتى هورى. .( Nils Billing,2017 ,p57.) هەرچەندە دواتر رێکەوتننامەیان کردووە، پاشان ئاشتی و هاسەرگیری رامیاری بەدواداهاتووە، وەک لەدەقی ژمارە(٢٤)ی نامەکانی ئەلعەمارنەدا هاتووە، لەنامەیەکدابەناونیشانی (نامەیەک لەهوریەکانەوە دەربارەی هاوسەرگیری وهاوڕێیەتی-A letter in Hurrian about marriage and friendship) (Wiliam. L.Moran,1992,p63,EA 24,Text;VAT 422,,Copy WA,VS12,200.,)هەربۆیە بەپێی بەڵگەنامەکان تحوتمسی سێیەم سێ جار هاوسەرگیری لەگەڵ هوریەکان کردووە، لێرەش بە دواوە وڵاتى هورییەکان بە تایبەتى لە رووى کارگێرى و رامیارى و پاشایەتى و هێز و سوپاوە دەکەوێتە دەست بنەماڵەى میتانى، ئەوان حکومەت و دەوڵەت بەرێوەدەبەن، بۆیە وردە وردە ناوى هورییەکان کەمتر بەرچاو دەکەوێت بەتایبەتی لەماوەکانی نێوان ساڵانی ١٥٠٠بۆ١٣٥٠پ.زدا لەرووی ئەنجامدانی هاوسەرگیری رامیاری وپەیوەندیەدەرەکیەکانەوە.( Nils Billing,2017 ,p57.)
“هاوسەرگیری لەنێوان میتانییەکان و فیرعەونەکانی میسردا”
یەکێکی تر لەگەلە دێرینەکانی کوردستان میتانیەکانن کە رۆڵی سەرەکیان گێڕاوە لەکرداری هاوسەرگیری رامیاری و پەیوەندی نێودەوڵەتی لەمێژووی کۆندا، بەتایبەتی لەگەڵ فیرعەونەکانی میسردا. ئەم پەیوەندییە رامیاریانەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بنەماڵەی هەژدەهەم (١٥٦٧-١٣٢٠)پ.ز، بەتایبەت سەردەمی پاشا (تحوتمسی یەکەم-١٥٢٥-١٥١٢)پ.ز کە هاوچاخی پاشای میتانی (پاراتارنا)بووە، لەوکاتەدا پاشای میسر هێڕشی کردۆتەسەرناوچەکانی میتانی (ناهارین)لەسوریای ئێستا، سەرکەوتنی بەدەست هێناوە. هەروەها دوای ئەویش تحوتسمسی دووەم(١٥١٢-١٥٠٤)پ.ز، تحوتسمس سێیەم(١٥٠٣-١٤٥٠)پ.ز هێرشی گەوەرەیان کردۆتە سەر وڵاتی میتانی.( (Colin Walters;2007,p28)
هەربۆیە لەسەردەمی تحوتسمی چوارەم کوڕی ئامنحوتبی دووەم باوکی ئامنحوتبی سێیەم(١٤٢٥-١٤١٧)پ.ز، شەڕ کۆتای پێدێت و رێکكەوتن دەکرێت، کچی پاشای میتانی ئارتاتاما بەناوی (موت ام ویا) دەدرێت بەتحوتسمی چوارەم، ئەمەش یەکەمین هاوسەرگیری رامیاری نێوان میسرومیتانی بووە بەشێوەیەکی فەڕمی، هەرچەندە تحوتمسی سێیەم سێجار هاوسەرگیری لەگەڵ هوریەکان کردووە.(احمد عبدالقادر: ٢٠١٥، ص ٣٠-٣٢ )(محمد محی: ٢٠٢١، ص ١٦٥) لەدوای ئەمانەشەوە جارجار شەڕوکێشەکان درێژەیان کێشاوە تاهاتنی ئامنحوتبی سێیەم( ١٤٠٥-١٣٦٧پ.ز)، ئامینحوتبی چوارەم(ئەخناتون)، لەسەردەمی ئەمانەدا پەیوەندی نێوان میسرومیتانی بەرێکكەوتن و ئاشتی دەستی پێکرد، هاوسەرگیری رامیاری لەنێوانیاندا ئەنجام دراوە. (Georges Roux: 1992,p256))محمد عبداللطيف محمد : 1986 ,ص 18 – 23) (محمد محی: ٢٠٢١، ص ١٧٠) کاتێک ئامنحوتبی سێیەم کوڕی ئامینحوتبی دووەم جێی تحوتمسی چوارەمی گرتەوە بەهۆی شەڕوفراوانخوازیەکانیەوە پەیوەندیەکی باڵای هەبوولەگەڵ گەلانی ناوچەکەدا، بەتایبەتی لەگەڵ میتانیەکان و گەلانی تری ناوچەکانی شامدا، هەربۆیە دوای کێشە و ململانێکی زۆر لەگەڵ میتانیەکان رێکكەوتنی کرد، لەئەنجامدا هاوسەرگیری رامیاری لێکەوتەوە، هەرلەهەمان کاتداکچی پاشا(تویا-Tuya)ی خواست بەناوی (تی-Tiy)، کەدایکی ناوی (یویا-Yuya)بووە. Joann Fletcher: 2005,p226)) لەناوچەکانی نێوان (کاروی-Karuy)و(نەهارینا-Neharina)،رەنگە ئەم کەسە فەڕمانڕەوایەکی ژێردەستەڵاتی هوری-میتانیەکان بێت، ئەم شازادەیە لەکۆشکی پاشایەتیدا رۆڵی گەورەی هەبووە لەکاروباری دەوڵەت، تەنانەت پرۆژەی گەورەی ئاوەدانی و دروستکردنی کۆشک و ئاودێری بەناوی (تی)ەوە نراوە، فیرعەون لەم شازادەیە شەش مناڵی هەبووە، گرنگترینیان ئامینحوتبی چوارەم بووە. (احمد عبدالقادر: ٢٠١٥، ص ٣٢).
هەروەها ئەم فیرعەونە هاوسەرگیری لەگەڵ کچی پاشا شوترنای دووەمی میتانی کرد، کەجێی ئارتاتامای گرتەوە، باس لەوەدەکرێت کچی (شوتتارنای دووەم-Shuttarna II)ی میتانی دراوە بە ئامینحوتبی سێیەم، ئەم هاوسەرگیریەش بەگەورەرترین هاوسەرگیری رامیاری دادەنرێت لەنێوان پاشاکانی میتانی و فیرعەونەکانی میسردا. Joann Fletcher: 2005,p228-229)) هەروەها کاتێک شوتتارنا مرد و توشراتا جێی گرتەوە، بۆئەوەی پەیوەندی ئاشتی بەردەوام بێت ئەم پاشانوێیەی میتانی کچی خۆی بەناوی (تادۆهیپا-Tadukhepa)دابە ئامنحوتبی سێیەم، ئەم هاوسەرگیریەش بێگومان هەنگاوێکی گرنگ بووەلەوکاتەدا. Joann Fletcher: 2005,p228-229))Michael Cook:,2003,P141)) هەر لەهەمان کاتدا بەپێی ئەو رێکكەوتننامەیەی نێوانیان ئەوە بوو (کیلوخیپا-Kiluhepa)(*) کچی شوتتارنای دووەمی میتانی درابە ئامینحوتبی چوارەم (ئاخناتوون)کوڕی ئامینحوتبی سێیەم، ئەم شاژنە میتانیە لای میسریەکان بەنەفەرتیتی ناسراوە، کاتێک ئەم شاژنە گەیشتۆتە میسر گەورەترین ئاهەنگ و رێوڕەسمی شاهانەی بۆ ئەنجامدراوە، وەک رێزێک ٣٢٧ژنی میتانی لەگەڵداهاتوون بۆ میسر، ئەم هاوسەرگیریەش بەگەورەرترین هاوسەرگیری رامیاری دادەنرێت لەنێوان پاشاکانی میتانی و فیرعەونەکانی میسردا. Joann Fletcher: 2005,p228-229)) هەربۆیە دوای ئامنحوتبی سێیەم کە ئاخناتوون بووە فیرعەونی میسر، پەیوەندی ئاشتی و دۆستانە زیاتر دەستی پێکرد لەنێوان میتانی و فیرعەونەکانی میسردا. هەروەها باس لەوەدەکرێت کەئاخناتوون لە (کیلۆخیبا-نەفەرتیتی)ی هاوسەری، شەش کچی بووە، بەوکارەش هاوسەرگیری رامیاریەکە و پەیوەندی ئاشتیانەی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە تا کۆتایی بنەماڵەی هەژدەهەم وەک خۆی مایەوە، بەهاوسەرگیریەکی بەهێزوگرنگ دانراوە.( Amellie Kuhrt: 2002, p195.)
هەروەک لە دەقی ژمارە(١٧)ی نامەکانی ئەلعەمارنەدا باس کراوە؛ بەناونیشانی هەوڵێکی میتانی بۆ نوێکردنەوەی هاوپەیمانی: ((بڵێ بە ]نیبمواریا-Nibmuareya [(**)، پاشای میسر، براکەم: تویشێراتتا، پاشای [میتانی]، براکەت. بۆ من هەموو شتێک بە باشی دەڕوات. ڕەنگە بۆتۆش هەموو شت باش بێت. بۆ کیلو-هێبا ڕەنگە هەموو شتێک بە باشی بڕوات. بۆ ماڵەکەت، ژنەکانتان، بۆ کوڕەکانتان، بۆ گەورەکانتان، بۆ جەنگاوەرەکانتان، بۆ ئەسپەکان، بۆ گالیسکەکانتان لە وڵاتەکەتدا، ڕەنگە هەموویان زۆر باش بن. ١١-٢٠. لەوەتەی تۆ لەگەڵ باوکم دۆست بوویت، منیش بەو پێیە دۆستایەتیم کردووە. نووسیوومە و پێم وتیت تا براکەم ئەم شتانە ببیستێت وشاد بن. باوکم تۆی خۆشدەویست، تۆش باوکمت خۆشدەویست. کاتێک باوکم خوشکەکەمی بەتۆدا. وەک سڵاو- دیاری براکەم، پێنج گالیسکەتان بۆ دەنێرم،لەگەڵ پێنج لە تیمی ئەسپەکان.٤١-٤٥. هەروەک دیاری سڵاویش بۆ کیلو-هیبا، خوشکەکەم، دەرزەنێک لە زێڕ،یەک گوارە لەزێڕ، یەک ئەڵقە، دەفرێکی بۆن کە پڕە لە “زەیتی شیرین دەنێرم.٤٦-٥٠. لێرەوە کەلیا، وەزیری سەرەکیم و تونیپ-ئیبری دەنێرم. براکەم بەپەلە ڕێگەیان پێبدات تا بتوانن بەپەلە ڕاپۆرتم بدەنەوە و منیش گوێم لە سڵاوی براکەم دەبێت و دڵخۆش بم. براکەم بەدوای دۆستایەتیمدا بگەڕێت، براکەشم نێردراوەکانی بۆ من بنێرێت تا سڵاوی براکەم بۆم بهێنن و گوێم لێیان بێت.٥١-٥٤)). (Wiliam. L.Moran,1992,p41,EA17,Text;BM29792,Copy B,B9) هەروەها دۆزینەوەکانی (ئەلعەمارنە)کەبەشاری ئاخناتوون و پەرستگای کەرنەک ناسراوە، وەک مۆزەخانەیەکی گرنگ سەیردەکرێت، کەزۆرترین بابەت و کەلوپەلی تێدا دۆزراوەتەوە، هەر هەمووشیان پەیوەندییان بەهاوسەرگیری و خۆشەویستی ئاخناتوون و نەفەرتیتیەوە هەیە، کە زیاتر بابەتی کۆمەڵایەتی و پەیکەر و وێنە و کچەکانی نەفەرتیتین، هەموو ئەوانە زیاتر باس لەخۆشەویستی ئاخناتوون بۆ هاسەرەکەی دەکەن، کە لە پلە و پایەیەکی باڵا دووبەرزدا بووە، وەکو شاژنێکی مەزن ناوی براوە، تەنانەت دوای مردنی ئاخناتوونی هاوسەریشی وەکو فیرعەون فەرمانڕەوایەتی کردووە بۆ ماوەی دووساڵ.( (Joann Fletcher: 2005,p35-3 ل ەدەرئەنجامیشدا شاژن نەفەرتیتی کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر لایەنی ئایینی بۆ سەر میسرییەکان، بەتایبەتی شۆڕشی ئەخناتون و بابەتی یەکتاپەرستی، ئەم بیرۆکەیە لە وڵاتی میتانیەوە گواستراوەتەوە بۆ میسر.( Colin Walters;2007,p28) هەروەک چۆن مێشێل کووک دەڵێت: “بابەتی یەکتاپەرستی مسریشی گرتۆتەوە وەک ئەوەی ئەخناتون داوای دەکرد تەنها یەکخوا بپەرستن ئەمەش لە ژێر کاریگەری شاژنە میتانیەکاندا بووە، چونکە لە وڵاتی میتانی سەردەمی پەرستنی یەکخوای بووە) Michael Cook: 2003,P141)(محمد عبداللطيف محمد : 1986 ,ص 18 – 23.” لەم کاتەشدا کە میتانی و میسرییەکان رێکكەوتنامە و هاوسەرگیری رامیاریان ئەنجام داوە، ئاشتی و ئارامی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەری ئەرێنی هەبووە لەسەر هەردوووڵات و ناوچەکە.(Wiliam. L.Moran,1992,p1.) هەرچەندە بە نزیکبوونەوەی میسرومیتانی هیتییەکان کەوتنە مەترسیەوە زۆر کیشەیان بۆ دروست بوو لەگەڵ میتانیەکاندا، لەوکاتەدا کە سوپیلولولیماس فەرمانڕەوابوو، کەبەبەهێزترین پاشای ئەوکاتی هیتی دادەنرێت، بۆماوەی چواردەیە پاشابوو، شوراکانی شاری هاتوساسی بەتەواوەتی بەهێزکرد، هەوڵیدا هیتیەکان بپارێزێت، هەربۆیە رووبەرووی میاتنیەکان بۆیەوە، زۆربەی ناوچەکانی پێشتری گرتەوە تا نزیک دیمەشق رۆیشت و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا، بەڵام نەیتوانی هەموو وڵاتی میتانی بگرێت، ئەم رووداونەش ساڵی ١٣٦٥پ.ز بووە، پاشماوەیەک گەڕایەوە هاتوساس وتێلیپینۆسی کوڕی کردە بەرپرسی پەرستگای شاری (کومماننی) ولەساڵی ١٣٤٦ پ.زدا مرد، دوای ئەمێش قۆناگێکی گرنگی پەیوەندی هیتی ومیسری دەست پێدەکات. ( (Seton Lloyd, 1992,p43-44.هەرچەندەدواتر رێکەوتن وئاشتی نێوان هیتی ومیسری دەستی پێکرد، ئەمانیش هاوسەرگیری رامیاری لەنیوانیاندا ئەنجام دراوە،وەکو لەنامەی ژمارە(٣١) نامەکانی ئەلعەمارنەداهاتووە بەناونیشانی (Marrige negotiations in Hittte)، باس لەکرداری هاوسەرگیری نێوان پاشاکانی وڵاتی هیتیەکان ومیسریەکان کراوە. Wiliam. L.Moran, ,1992,p101-102,EA31,Text ,C,4741(12208) لێرەشەوە ئەو راستییانە دەردەکەون کە میتانیەکان دەستێکی باڵایان هەبووە لە گۆڕینی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لە نێوان هێزە دەستەڵاتدارەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆندا، بەتایبەتی لەرووی هێنانە کایەیی شێوازێکی نوێی دیپلۆماسی و ئاشتیانە کە هاوسەرگیری رامیاریە.
بەو هەنگاوانەش ئاشتی و دانوساندن بووە خاڵێکی گرنگ لەبری شەڕوتووندوتیژی لەنێوان گەلانی جیهانی کۆندا، نامەکانی ئەلعەمارنە بەوردی باس لە پێشکەوتنی پەیوەندییە رامیاریەکانی نێودەوڵەتی ئەو سەردەمە دەکەن، کە میتانیەکان وەک دەستپێشخەری داهێنەری ئەو بوارە بوون، لەو نامەزۆرانەی کە لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕکراوە، باسی پێدانی دیاری و ئاشتی و برایەتی کراوە، کەلەم روانگەیەوە ژن و ژنخوازی(ئاڵوگۆڕی شازادەکان) لەنێوان بنەماڵەی پاشاکان و دەسەڵاتداراندا بووە بە بنەمایەکی پتەوی ئاشتەوایی و رێکەوتننامەکان، بەوەش پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان زۆرتر بەرەوپێشتر چوون و دیاردەی هاوسەرگیری رامیاری زیاتر سەرکەوتوتر بووە، لەدرێژەدان بەئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان بەبێ شەڕ و تووندوتیژی.( Wiliam. L.Moran, ,1992,p1.) ( Colin Walters,p29.)-( Brian. M. Fagan:,1998,p415) Amelie Kuhrt: 2002, p195.)
“هاوسەرگیری رامیاری لەنێوان کاشییەکان و فیرعەونەکانی میسردا”
کاشییەکان وەک گەلێکی تری دێرینی کوردستان لەماوەکانی دوای حامورابی توانیان لەوڵاتی میسۆپۆتامیا دەوڵەتێکی بەهێز دروست بکەن، لەوماوانەشدا چەندین پاشای بەناوبانگیان هەوڵی فراوانخوازیان داوە، وەک کندیش کە بەپاشای وڵاتی سومەر و ئەکەد و بابل و پاشای چوارئاراستەکە ناوی هاتووە، دوای خۆی کوڕەکەی بەناوی (ئاگۆم)ی یەکەم کەپێ دەچێت (ئاگوم کاکریمە)بێت،ناوەکەشی بەمانای گەورەدێت جێی گرتۆتەوە، دواى ئەويش كاشتلياشى یەکەم، ئوشى (Aushi)، ئەبيرتاش (Abirtash) و كاشتلياشى دووەم، لەدواى ئەوانيش ناوى (أبيادتاش و أورزى كوروماش ) بە تازورى گورماش (Tazuri gurmash ) يان (تاشيشيكورماش) وخاربیشیخۆ (Xarbishixo ) وتیپتاکزی (Tiptakzi ) وئاگۆکاکریمەی دووەم، موبریاش، موبریاش وئاگۆمی سێیەم دێت.
لێرەوە قۆناغێکی نوێی کاشی دەست پێدەکات بەناوی چاخی کلاسیکی کاشی. لەم سەردەمەدا پاشا کرندش رۆڵی سەرەکی هەبووە، ئەم پاشایە دامەزرێنەری بنەماڵەیەکی نوێی کاسیەکانە، لەسەردەمی ئەمدا پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لەگەڵ میسر و ئاشوور دروست دەکات. لێرەشەوە زانیاری تەواو لەسەر دەوڵەتی کاشی بەردەستە. دوای ئەمه پەیوەندییەکان زیاتر پەرەدەسێنن بەتایبەتی سەردەمی پاشا (ميليشيخوMilishixo- ). ئەوەی لەسەردەمی ئەمدا جێی بایەخ و سەرنجە پەیوەندییەکانێتی لەگەڵ فیرعەونی میسر(تحوتمسی چوارەم ) هەروەها رێکكەوتننامەیەک لەنێوان پاشای کاشی (کورندیش )وپاشای ئاشوری( بيل – نيشيشو (1417 – 1409 پ.ز ) ئەنجامدەدرێت بەمەبەستی رێکخستنی سنوری نێوانیان، کەبەهۆی مەترسی میتانییەکانەوە بووە. دواترپاشا (کادیشمان هاربەی یەکەم 1410 – 1386 )پ.ز دێت کە ناوی لەبەردەنووسی کودورودا هاتووە.
پاشان کوریکایلیزی یەکەم هات شاری کوریکالیزۆی دروست کرد.(سامى سعد الاحمد : سومر1983،ج1-2،مجلد 37،ص ١٣٥-١٣٨) کاتێک کاشیەکان دەستیان بەسەروڵاتی بابلداگرت کەوتنە فراوانخوازی بەرەو رۆژئاواو باشووری خۆیان لەماوەی دەستەڵاتیاندا لەنێوان ساڵانی(١٥٩٥-١١٥٨)پ.ز توانیان تا کەناراوەکانی دوورگەی عهرەبی بڕۆن، لەوێشەوە ببنە درواسێی میسر، لە ئەنجامی دۆزینەوەی پاشماوە شوێنەوارەکانی کاسیەکانەوە، ئەو راستیە دەردەکەوێت کەکاشیەکان توانیویانەدەست بەسەر وڵاتی دیلمۆن دابگرن و بیخەنەسەروڵاتەکەیان، پاشان ئەم پەیوەندییە بەردەوام بووە، بۆنمونە دۆزینەوەی مۆرێکی لولەیی کاشیەکان لە بەحریەن کە نووسینی لەسەرە باسی دیڵمۆن دەکات، وەک لەم دەقەدا هاتووە؛ “کۆشکی ریموم خزمەکاری خواوەند ئینزاک لە ئاگاروم و مۆرێکی سەرکەوتنی جێگری پاشا (شاخاناکو) لە دیڵمون”.