چیرۆکەکانی پشتی بازگه زۆر و بۆرن، سەمەرەن، هەندێکیان بەڕاستی تراژیدیین و هەندێکیش لەوان تەنیا هاتوون وا خۆیان بنووێن کە خەمگین و حاڵیان لەمانە باشتر نیە، بە شێوەیەک ئەمە دەکەوێتەوە وەک ئەوەی پشتی سەیتەرە مەیدانی خەمباران بێت، دیارە سەردەستی ئەم ئۆپەڕاسیۆنەش “فەرهاد زیرەک” بوو، بە مهقامە خاو و بەرزەکانی، ئەوەی نەوەی کۆتایی هەشتەکان و سەرەتای نەوەدەکانی شاری هەولێر بێت، لەوانەیە سەردانی مەیدانی خەمخۆرانی کردبێ، یا بە جۆرێک بیستبێتی چی دەگوزەرێت یا لانی کەم ئاسهواری سەر جەستەی کەسێکی دیبێت و لای بووبێت بە پرسیار.
جارێکیان لەگەڵ خزمێکم چووین سەردانی هاوڕێیەکی کرد لەوێ، ئەو هەندێک پاکەت و خواردنهوهی كهولی و مووسی بۆ بردوو، تا نەگەیشتمە ئەوێ نەمزانی ئەو مووسانەی بۆ چییە، پاشی هەندێک کە دەستیان کرد خواردنەوە مووسەکانیان لە جەستەی خۆیان دا، لەو دەمەشدا مهقامێکی “فەرهاد زیرەک” بە کزی دەڕۆیشت، لە مهقامەکەدا سەرتاپای گلەیی و گازندەی ئاشقانە بوو، پڕ بوو لە شیعاراتی پەشیمانی و دانان بە هەڵەی ناسینی مەعشووقدا، ئەوەندەی بیرم مابێت ئەو کاتە لەو میکانیزمی خۆ-ئازاردانە تێنەگەیشتم و وەک واق وڕماوێک تەنیا تەماشام دەکردن، بەڵام تا ئێستاش لە خەیاڵمدا ماوە و دەمویست لێی تێبگەم.
لەڕووی دەرووناسی کلینکییەوە؛ میکانیزی خۆ ئازاردان لە ژێر ناوی (Self-Harm) ناسراوە، حاڵەتێکە کە کەسەکە تیایدا میکانیزمەکە لە سەر خۆی جێبەجێ دەکات و خۆی ئازار دەدات بە ڕووشاندنی یا بریندارکردنی جەستەی، ئەم جۆرە لە ئازارەش دەکرێت هەمان ڕێگەکانی سادیزمی بێت، بەڵام لەوەدا جیاواز بێت کەسی سادیزیم چێژ لە ئازاردانی کەسانی دیکە وەردەگرێت بە بەراورد بە کەسی خود-ئازاردەر کە چێژ لە ئازاردانی خۆی وەرگرێت. بەشێک لەم خۆ ئازاردانەش دەکرێت بە بێدەنگی یا لە شوێنکی چۆڵدا ئەنجام بدرێت، بۆیە پشتی بازگه لەم ڕووەوه گونجاو بوو، چونکە ئەوانەی دەهاتنە ئەو شوێنە بۆ هەمان مەبەست دەهاتن و زۆر جاریش هیچیان لەبارەی خەمگینیەکانیەوە بەوانی تر نەدەگووت، وەکوو ئەوەی دەردەکەیان بێ دەرمان بووبێ، لەبەر ئەمە لەم نێوەندەدا خاڵی هاوبەشیان نەبوو، بەڵکوو لەوەی گوێگری یەک هونەرن و یەک ئاواز کاریان تێدەکات خزماتییەکیان پەیدا دەکرد، واتە ئازارەکانیان بە جیاواز و دەگمەن دەبینی، بەڵام خودی دەرچوون لەو ئازارەشیان هەمان ڕێگا دەبینی.
گوێگرتن لە گۆرانی دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دۆخی سۆزداری و تێگەیشتنمان لە ئازار هەبێت. لە کاتێکدا ڕەنگە ئازاری جەستەیی بە تەواوی نەهێڵێت، زۆرینەی شارەزا و پسپۆڕان لەسەر ئەوە کۆکن کە گوێگرتن لە مۆسیقا دەبێتە هۆی ڕەوینەوەی خەمگینی، چونکە بەدەر لە لایەنە ئارام بەخشەکەی، سوودی گۆرانی لەوەدایە سەرقاڵمان دەکات بە ئاواز و تێکست و مێژوو و شوێنەوە، هەڵبەت خۆشی لە هیچ شوێنکدا نیە و بەڵام شوناسی ئەو شوێنە هەڵدەگرێت کە تۆ پێناسەی پێدەکەیت، ئەمە لایەنێکی گرنگیش نەبێت، کەمیش نیە کە گۆرانی دەتوانێت بیکات، مێرگ و چەم و مریەم و دەیان وێنەی تر لە دنیای حەسەن زیرەکیشدا بە کاری گەنجێک دێن لەزیندانێکدا پێی مەست بێت و بکەوێتە وەس وەسەی وێناکردنی سرووشت، بۆیە لەم ڕوانەگەیەوە چەندێک گوێگر تاوانبار بێت هێندەش هونەرمەندەکە، یا خالقەکە کە وادەکات من ئەو جیهانەی ئەو نەخشاندوێتی وەک خۆی ببینم، وێنەکان ئەو پێمی دەدات و بگرە خۆشی مامەڵەکەم بۆ ڕێک دەخات، چۆن مامەڵەی لەگەڵ دا بکەم، بۆیە لەدنیای هەوادارانی فەرهادیشدا، بیسەران بەر کڵۆڵی و دابڕانێکی سەخت دەکەون، گەرچی دەکرێت زۆیان هەمان خەفەتیان هەبێت، بەس موومکین نیە ئەوان یەک ڕەفتاریان هەبێت، لێرەدا ئەو جۆرە هونەرەی بەدبەختی دەگێڕێتەوە بەرز دەبێتەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر، یانی دەگاتە شوێنێت کە وێنەکان دەشوێنێت و، کۆتاییەکانی زۆر تراژیدیمان بەسەر دێنێ.
لەکاتێکدا هیچ شوێنێک و هیچ دەرچەیەکی ڕزگاری نەبێت، تێکڕای هەمووشتێکیش نا ئومێدی بێت، ئایا تۆ چیدەکەیت؟ یان دەبێت بیر لە خۆ کوژی بکەیتەوە، یانیش دەبێت بیر لەوە بکەیتەوە بە ڕێگایەک خۆت ئازار بدەیت، بیسەرانی پشتی بازگه (سەیتەرە) لەناو دنیا نا ئۆمێدییەکەیاندا زۆربەیان کوڕی هەژار بوون، بەیانی تا ئێوارەش بەشوێن پاروویەک ناندا ڕایاندەکرد، سەرباری ئەو ژیانە قورسەیان هێشتا پەنجەرەیەکی هەتاوییان هێشتبووەوە بۆ کچە ئامۆزا یا بۆ دراوسێکەیان، کاتێک ئەویش بێ هیوای دەکردن، ئیدی بێدەسەڵاتیان دەهۆنیەوە، وەک مرۆڤێکی تەواو شکشت خواردوو و دابڕاو لەو جیهانەدا خۆیان دەبینی کە هیچ شتێک مانای نەماوە، تاکە مانا ئەوەیە بگەڕێن بۆ جوگرافیایەک یا شوێنک تیایدا دەسەڵات وەرگرنەوە، چوون هەمیشە وایە کەسی مافخوراو بەشوێن مافی خۆیدا دەچێت، تا ماهیەتی خۆی لە دەست نەدات و دەستێک بە خۆیەوە بگرێ، لاتان سەیر نەبێت گەر بڵێم پشتی بازگهش ڕێک ئەو شوێنە بوو، شوێنی مافخوراوان، بۆیە هەمووان بە ڕقێکەوە دەهاتن و دەیان ویست بە تاڵی بکەنەوە، وەلێ لەوێش دەیان ڕوانی هەموو ئەوانەی لەوێن وەک خۆیان مافخوراون، ئینجا دەچوون داخی دڵی خۆیان بە خۆیان دەڕشت.
هونەرەکان بەگشتی گەر لە چەندین فۆڕم و پێکهاتەدا جیاواز بن، بەڵام دەکرێت لە زۆر لایەنی ترەوە پەیوەندیدار بن، تێکڕای هەموویان لەم ڕووەوە هاوبەشن کە پڕۆسەی تۆمارکردنن، بۆ نموونە لە هونەرەکانی سینەما و شانۆ و وێنە کێشاندا، دەکرێت زۆر جار کارێک بە خاتری هەست و سۆز نەیەتە بەرهەم و تۆمار نەکرێت، بەڵکو زیاتر بیر لە لایانی پەیام و ئیستاتیکا بکرێتەوە، بەس ئەمە بۆ گۆرانی گوتن جیاوازە و مۆسیقا سەر بەهەمان ڕەوت نیە، ڕاستە دەتوانێت شوناس و مۆرکی شوێنک بێت و بگەڕێتەوە بۆ مێژووەکەی، بەس هەڵەیە گەر بگوترێت هەموو کەرەستەکانی لە خزمەتی سۆز و هەستدا نین، لەبەر ئەمەیە دەنگ خۆش یا کەسێک گۆرانی دەچڕێت زۆر گوێ بەوە نەدات کە گۆرانییەکەی پەیامی هەبێت، بەڵکو گوێ بەوە بدات تا چەند هەست و سۆزی لەنێو تێکست و وشەکاندا بتوێنتەوە، هەڵبەت تا چەند لەوەدا سەر کەوتوو بێت ئەوەندەش سترانبێژێکی باشە، چونکە گۆرانی خەمی دەستە جەمعی دەگرێتە باوەش و بە نزیکەیی لە بری هەموو تاکەکان خەم لە خۆی بار دەکات. بۆیە “فەرهاد” هونەری ئاستی چینە پاراوێزەکانی لە باوەش گرتبوو، دەنگی خۆی تەرخان کردبوو بۆ ئەو مرۆڤانەی هیچ پانەگەیەکیان نیە جگە لەوەی گوێبگرن، ئەم بیستەرانەش بەوە ڕاهاتووبوون بە هەموو هونەرمەندەکانی تر نامۆن و، کەس باری خەمی وانی لە کۆڵ نیە، ئینجا هێندە ڕۆدەچوون پیایدا و بە جۆرێک بە دڵ گوێیان بۆ دەگرت کە لەگەڵ لەش و لاریشیان نامۆ دەبوون، بەو مەستیەوە خۆیان بریندار دەکرد، دەتوانم بڵێم ئەو هونەرەی ئەم هونەرمەندە پێشکەشی دەکرد زۆر دەهاتە نێوان خۆتەوە و دوو کەرتی دەکردی.
لەو ساڵانەدا هەموو شتێک بە تووندی لە ژێر هەڕەشەی لە ناوچوونی تاک و کەسایەتیدا بوو، هەموو ڕێگەکان دەچوونەوە سەر قڕ کردن و فرامۆشکردنی تاک، لەو شوێنەدا هیچ مانایەک بۆ ژیان نەمابوو، هیچ جۆرە سەرقاڵییەک نەبوو، وەک ئێستاش نەبوو، تاک نەیدەتوانی لە ژێر ئەجێندای ئایین و سیاسەتدا دەرباز بێت، ڕەنگەکانی ژیان لە ئاین و خواناسیدا چڕبوونەوە، ئەوان نەیاندەتوانی وەک ئەو تاکا دیندارانە خۆیان هەڵبگرن بۆ ئەو دنیا، لەم دنیایە مافیان دەیوست و ژیانیان دەیوست، چ ژیانێک؟ کاتێک هیچ جۆرە لە خەون و مافە سەرەتاییەکانمان بە دی نایەت، ئیتر وون دەبین، نازانین چی بکەین. زۆر کەس دەڵێن ڕەفتاری گەنجانی نەوەدەکان لە نەزانین و تێنگەیشتنەوە بوو بۆ ژیان، ژیانیان لە ئافرەتێکدا چڕ کردۆتەوە، بەڵام گەر واش بێت، هێشتا ئەمە ئەو پەڕی نەزانین نیە و هێشتا بەشێکە لە مانای ژیان دۆستی، تۆ لە نێو ئەم کابووسەدا بیت و هیوات تەنیا ئافرەتێک بێت ئەویش دڵت بشکێنێت. ئایا ئەمە ئەو پەڕی تێنگەیشتن نیە لە ژیان؟ لای زۆبەی فەیلەسووفانی وجوودییەت مانا لە وونبووندایە، چونکە کاتێک تۆ نغرۆ و کڵۆڵ دەبیت، ئینجا لە بەشێکی تر ژیاندا خۆت دەدۆزیتەوە و دەزانیت بۆچی گرنگی، واتە دۆزینەوەی خود لە ماهیەتدا، ڕەنگە ڕەسەنی یا جەوهەری بۆ دابنێن، ئەوان دەیانزانی گرنگ نین و، بەڵام تێنەدەگیشتن بۆ گرنگ نین، کاتێک لەم شتەش بێ ئومێد بوون دەگەڕانەوە بۆ ڕەسەنی خۆیانی و خۆیان ئازار دەدا.
لە بنەڕەتدا ژیان پڕە لە سەر سوڕمان و باوەڕ هێنان بەو دیاردانەی کە سرووشت دەینووێن و بەشێکە لە خۆشویستنی ژیان، خۆشەویستیش بۆ ژیان لایەنێکی قووڵی چەسپاو و ئاڵۆزی سرووشتی مرۆڤە، کە بە تێکەڵەیەک لە هۆکارە بایۆلۆژی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لە قاڵب دراوە، لایەنە بایۆلۆژییەکە مرۆڤ ناچار دەکات بە زاوزێ و بەرهەم، بۆ ژیان لە خۆیدا بڕێک جار هۆکارێکی غەریزەی بایۆلۆژییە، پاڵنەری زگماکی بۆ مانەوە و گواستنەوەی جینەکانی مرۆڤ لایەنێکی بنەڕەتی ژیانە.
ئەم غەریزەی مانەوە دەتوانێت وەربگێڕێت بۆ خۆشەویستی بۆ ژیان، گەر لەمە دایبماڵین مرۆڤ وەک بوونەوەرانی دیکەشی پێ ناکرێ، نووشست دەهێنێت، فەرزە جیناتە ماوەکەشی لەناو دەچێت، ئەو پێشهاتانە هەمووی لە بەرچاوی ڕوودەدان و هەست بە لایەنێکی بەرزی خۆشنەویستی ژیان دەکات، لە کاتێکدا ئەو دڵنیا بێت میکانیزمی لە ناوچونی ژیانی بەسەردا دێت، زووتر ئەو مافە بە خۆی دەدات میکانیزمی (خود-ئازاردان) ئەنجامبدات، تاک لە بینیەوەی لەناوچوونی جیناتیەوە هەستی پێدەکات، تا کردارەکە دەبێتە دەروون نەخۆشی و نەڕەحەتی، لە هەردوو میکانیزمە بایۆلۆژییە و دەروونییەکەدا، تاک هەست دەکات بەرهەمدار نیە و ناتوانێت هیچ بەر هەم بێنیت، بەم هۆکارەوە میکانزیزمی خۆ ئازاردان، جۆرێکە لەوە تاک تیایدا دان بەوەدا دەنێت چیتر سەری ناسوڕمێت و، کەس و شتەکانی چوار دەوری هیچیان سەرسوڕێهنەر نین، ئیدی ئەم کردەیە وەک کردەیەکی سەر سوڕمان بۆ ئەوانی دیکە دێتە بوون، یانی لە کۆی هەموو ئەم شتانەدا دەتوانین خوێندنەوەیەکی تازە بە خۆ ئازاردان بکەین وەک جۆرێک لە بەرهەم هێنانی سەر سوڕمان پێناسەی بکەین.
بەها و نۆرم و ڕەفتارەکان و هەموو ئەو پردانەی پەیوەندییان بە هەستەکانەوە هەیە ئاماژەن بۆ دیاری کردنی نەخۆشی کولتووری هەستەکی، لەم نێوەندەدا دەکرێت وەها پۆلێن بکرێت کۆمەڵگەی ئێمە، کۆمەڵگایەکی هەستەکییە تا کۆمەڵگایەکی بیرکردنەوە، دەگونجێت ئەم کارلێکە کۆمەڵاتییە تەنیا لە چوارچێوەی تاکدا خۆی نیشاننەدات بەڵکو زۆر جار بگوازرێتەوە بۆ گرووپ و تاقمێک، یان زۆر جار لەناو خێڵ و تەریقاتە دینەکاندا خۆی بنوێنێت؛ وەک ئەو نەریتەی لە مەڕاسیمی دەروێشەکان، یاخود شیعەکان دەبینرا، بەم شێوەیە خود ئازاردان لە تاکێکەوە دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵێک، لەمەوە میتۆدێکی نوێی قبووڵکردن و ڕەتکردنەوە دێتە ئاراوە، کە لەناو تاکەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ ئامژەقبووڵنەکردنی ژیانێک بەبێ مەعشوق، لە کۆمەڵدا نیشانەیەکە بۆ ڕازینەبوونی ئەو سیستەمەی باڵی بەسەر ئایدۆلۆژیاکەیدا گرتووە و ناتوانێت سەر بەخۆ بێت.
هەر بۆیە خود ئازاری میکانیزمێکی ڕەتکرنەوەی خودە، بیستەران هیچ کاتێک ناتوانن نێوەند گیر بن، یاخوود بێ لایەن بن، یان قبووڵی دەکەن و یان ڕەتی دەکەنەوە، بەمەش بێ دەرئەنجامەکە لەوەدا خۆی بەتاڵ دەکاتەوە کە بیسەران نێوەند گیر نین و دیاردەکە لەسنووری بەهایەکی ئەخلاقیدا ڕەچاو ناکەن، جەستە و لەشیان بە بەشێک لە دەرە خۆیان دەبینن، هیچ جۆرە بەرپسیارەتییەکی ئەخلاقی لە بەرامبەری لە ئەستۆ ناگرن، ئەوەش ڕەفتارێک نیشان دەدات کە لەناو جەرگی ڕاستیەکان دەدات، بۆ ئێستا و داهاتووشمان کێشە دارە، چونکە فێر دەبین نەتوانین لەگەڵ ڕاستیەکاندا بژین و باردۆخە جۆر بەجۆرەکانی ژیانمان خۆشبوێت.
سهرچاوهكان:-
- Self-harm-https://www.healthdirect.gov.au/self-harm.
- Music Preferences: https://edubirdie.com/examples/music-preferences-
- Living Life And Loving Life: https://www.bartleby.com/essay/Living-Life-And-Loving-Life-PKF7GDTK6ZKQ.
- Essay on Values, Norms and Beliefs: https://www.yourarticlelibrary.com