دوێنێ لە هەولێربووم، لە ستۆری نووسیم”لەکن قەڵاتێ”هاوڕێیەکم نامەی بۆ ناردم نووسیبوی ئەوە بۆ کە چوویتە هەولێر زمانەکەت گۆڕاوە؟ ئەوکاتە سەرقاڵی کارێک بووم، دەرفەتم نەبوو بەنامە وەڵامی بدەمەوە، هەوڵدەدەم بەکورتی لێرە وەڵامی بدەمەوە، بێگومان وەڵامەکە بۆ خۆشی دەنێرم. زمانی کوردی، خاوەنی کۆمەڵێک دیالکت و زمانی ناوچەیی جیاوازە، ئەوەش وایکردووە زمانەکەمان دەوڵەمەندبێت. لە فەرهەنگی ویکپیدیادا، زمانی کوردی لە کۆی ١٦٨ زمان، لە ڕیزبەندی هەشتەمین زمانی دەوڵەمەندی جیهاندایە، لەپێش زمانەکانی عەرەبی، فارسی، تورکییەوەیە، بەتەنها کرمانجی و سۆرانی لە (٩١٨١٢٣) وشە پێکهاتووە، بەبێ ئەوەی شێوە زارەکانی هەورامی و لەکی و زازایی لە فەرهەنگەکەدا تۆماربکرێن، ئەگەر وشە و دەربڕینی هەموو شێوە زارەکان تۆماربکرێن (١٢٠٠٠٠٠) یەک ملوێن و دووسەد هەزار وشەیە.
ناکڕێ بەدەستی خۆمان زمانەکەمان لە قاڵب بدەین، وشە و دەستەواژەی ناوچە جیاوازەکان بەکارنەهێنین، ئەم بابەتە لەگەڵ زمانی ستانداردا جیاوازە، هەمیشە لەگەڵ زمانی ستانداردام، بەڵام کەڵکیش لەو فەرهەنگە دەوڵەمەندەی زمانەکەمان وەربگرین، لە چوارچێوەی ناوچەیەک یاخود شارێکدا زمانەکەمان قەتیس نەکەین. پاشان کێ دەڵێ تەنها لە هەولێر لەجیاتی ئەوەی بڵێن «لەلا» دەڵێن «لەکن»؟ ئەدی ئەوە نییە «نالی» زیاتر لە ١٥٠ ساڵ لەمەوبەر دەڵێت: لەکن تۆ، خار و خەس گوڵزارە بێ من لەلای من، خەرمەنی گوڵ خارە بێ تۆ هیچ سەرچاوەیەکمان لەبەردەستدا نییە، ئاماژە بەوە بکات کە نالی سەردەمانێک لە هەولێر ژیابێت!
دیارە خاوەن هزرێکی فراوان بووە و هەموو وشە و دەربڕینێکی ناوچە جیاوازەکانی بە موڵکی زمانەکەی زانیووە. پەیوەست بەم بابەتە وە، ئەگەر سەرنجی دیوانەکەی نالی بدەین، دەبینین، وشە و دەستەواژەی تری بەکاریهێناوە، کە ئێستا لە زمانی ڕۆژانەی سلێمانیدا بەکار نایەت، بەڵام لە بادینان یاخود لە کرمانجی سەروودا بەکاردێت: ناری سینەم گەر نەبێت، غەرقم ئەمن ئاوی چاوم گەر نەبێت، سوتاوم ئەز! لە شێوە ئاخفتنی سلێمانیدا ناڵێن “ئەز” دەڵێن “من”مەگەر تاک و تەرا، یاخود ڕۆشنبیرێکی وەک م. جەمال نەبەز لەبری من “ئەز”ی بەکاری هێنابێت، یان لە پەندێکی پێشیناندا دەڵێن: زانیت ئەزم، نەتزانی دزم. ئەمەش ڕەنگە بۆ سەروای پەندەکەبێت بۆ ئەوەی لەسەردەم ئاسانبێت.
بەکورتی وشە بەتەنها موڵکی ناوچەیەک و کەسێک نییە، لە بەرەنجامی سەردان و تێکەڵبوونی سەدان و هەزاران ساڵی خەڵکی ناوچەجیاوازەکاندا، بەکارهێنان و ئاڵگۆڕی وشە و دەستەواژەیان دەبێت، زمانیش هەر بەو فرە چەشنی و فرە ڕەنگییەوە جوانە