بەیانی ڕۆژی شەممە (٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، چەکدارانی حەماس لە هێرشێکی بێوێنە و ئاڵۆزدا دزەیان کردە ناو ئیسرائیلەوە، بەو هۆیەوە (٦٠٠) کەسی جولەکە گیانی لەدەستداوە و سەدانی دیکەش برینداربوون. ئەو گرووپە چەکدارە فەلەستینییە ئیسرائیلییەکانیشیان بە بارمتە گرتووە. “بنیامین ناتانیاهۆ” سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەرپەرچی هێرشەکانی بۆسەر کەرتی غەززەی دایەوە و وتی، “ئێمە لە شەڕداین”. ئایا چی لە پشت ئەم هێرشە شۆکهێنەرەوە بوو وە چی لە داهاتوودا بۆ ئیسرائیل و ناوچەکە دێت؟
“بیرکردنەوە خێراکان بۆ ڕووداوەکە چۆنن؟”
لە جیهاندا، دەیان پسپۆڕ و کەسی باڵا پەلامارەکەی ڕۆژی شەممەی حەماسیان بە ١١ی سێپتەمبەری ئیسرائیلییەکان ناوبرد. لەم ڕۆژەدا خانەکانی بیریی و پسپۆڕان ڕۆژێکی پڕ بیرکردنەوەی خێرایان بەسەر برد. بۆ پاڵپشتی ئەو دەرئەنجامانەی لەم نووسینەدا دەخرێنە ڕوو، ئاماژە بە تێگەیشتنەکانی تەنها سێ هاوەڵی خانەی بیری ئەتڵەنتیک کەنسڵ دەدەم:-
ئەگەرچی لەم ساڵانەی دواییدا ناوبەناو تووندوتیژی لە ناوچەکەدا سەرهەڵدەدات، بەڵام جۆناسان پانیکۆف- Jonathan Panikoff بەڕێوەبەری دەستپێشخەری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سکۆکرۆفت و جێگری پێشووی ئەفسەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک، بڕوای وایە ئەمجارەیان ئەمە نابێتە شتێکی بچووک و هەروا تێبپەڕێت، چوونکە سرووشتی بێهاوتای هێرشەکە ڕێگەی پێنادات. هێزەکانی ئیسرائیل بە هێرشی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر غەززە وەڵامیان دایەوە و ترسی ئەوە هەیە کە حزبوڵڵا لە بنکەکەی لە لوبنانەوە بچێتە نێو شەڕەکەوە. جۆناسان ئاماژە بەوە دەکات ساڵانێکە هۆشدارییەکان سەبارەت بە ئەگەری شەڕێکی فرە بەرەیی هەیە، ئەگەر ئەمە سەرەتای یەکێک لەوانە بێت، ڕەنگە مردن و لەناوچوونی زۆری دیکە ئەگەرێک بێت لە سەرووی هەموو شتێکەوە کە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا بینیومانە.
چاوەکان لەسەر “ڕیاز” ن، جۆناسان دەڵێ “ڕەنگە ڕیاز بە شێوەیەکی تایبەت پشتگیری لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی حەماس (ئەو بە تیرۆریست ناوی بردوون)، بەڵام پێناچێت شەقامی عەرەبی ئەوەندە پشتیوانی بکات، بەتایبەتی کە وێنەی زیاتری مردن و بێهیوایی لە میدیاکاندا دەردەکەون.” دواجار ئیسرائیل بەهۆی ئەو هێرشە بێ وێنەیەوە بە پێی پەتییەوە گیرا، کە پێدەچێت ببێتە هۆی تۆمەتبارکردن لە بەرەی ناوخۆدا. بۆیە خەڵکی ئیسرائیل بە تەواوی توڕەن لەو دۆخە، ئێستا زۆرێک لە ئیسرائیلییەکان لە خەباتدان بۆ ئەوەی تێبگەن کە چۆن دەکرا ئەمە ڕووبدات.
ڕیچارد لیبارۆن – Richard LeBaron جێگری پێشووی سەرۆکی نوێنەرایەتی بووە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل، گریمانەی ئەوە دەکات کەناری ڕۆژئاوا دەبێتە بەرەیەکی دیکە لە هەر شەڕێکی لەو جۆرەدا. لایوایە، قەبارەی هێرشەکان ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پێدەچێت پلاندانان پێش ئەوەی دانوستانەکانی ئیسرائیل و سعودیە هەڵمی لێ هەڵبسێت دەستی پێکردبێت، بەڵام هێشتا مەبەستیان ئەوەیە پەیامێک بۆ ڕیاز بنێرن، کە نابێت پرسی فەلەستین تەنها وەک بابەتێکی لاوەکی دیکە لە دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. چوونکە بۆ حەماس فەلەستین تەنها بابەتە.
لە کاتێکدا ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوە هۆکارێکی گرنگە، بەڵام هۆکاری سەرەکی پشت هێرشەکان، وەک ڕیچارد پێمان دەڵێت، “سەرنج ڕاکێشانە بۆ ئەو ڕاستییەی کە ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان چارەسەر نەکراوە “. فاکتێک کە نابێ لە بیری بکەین، ئەوەیە کە ئیدارەی ئەمریکا ساڵانێکە هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامییدا ئاسایی بکاتەوە، بە بێ ئەوەی چارەسەرێک یان گرەنتییەکی بۆ مافی فەلەستینییەکان وەرگرتبێ. ماوەیەکی کەم نییە کە حەماس پێی وایە دۆخەکە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیلدا بە شێوەیەکی بەرچاو خراپترە. ڕووداوەکە ئەگەر سەت ئاماژەی هەبێت، یەکەمینیان ئەوەیە کە حەماس توانیویەتی سەرکردایەتی ئیسرائیل و ئامێرە سەربازی و هەواڵگرییەکانی بە شێوەیەکی خراپ شەرمەزار بکات. بۆ حەماس ڕەنگە ئەوە بەس بێت.
پێدەچێت ئەو ململانێیەی کە لە ئارادایە، دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە و ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوە لە قاڵب بدات. بۆیە “کیرستن فۆنتێنڕۆز- Kirsten Fontenrose”، کە هاوکارێکی باڵای غەیرە نیشتەجێیە لە دەستپێشخەری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سکۆکرۆفت و بەڕێوەبەری باڵای پێشووی کەنداو لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، دەڵێت؛ “ئەگەر حەماس کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی کرابێت، هەوڵی ئەوە دەدا ئەو دانوستانانە لە ڕێڕەو دەربهێنێت. لە کاردانەوەدا ئیسرائیل بە ئامادەبوونێکی بێ وێنە و سنووردارکردنی خنکێنەر غەززە دادەخات. ئەوە دەبێتە هێڵی بنەڕەتی نوێ کە ئێستا ڕیاز دەبێت دانوستان لەسەر “رێگای پێشەوە” بۆ فەلەستینییەکان بکات. بۆ پاراستنی دانوستانەکان کە لە دۆخێکی تەواو ناسکدان، کیرستن دەیەوێ ئامۆژگاری ئیسرائیل بکات کە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ڕۆژی شەممەدا خۆگرتن نیشان بدات، ئەگەر ئیسرائیل وریا نە بێت ئەوە ئەنجامی ڕێککەوتنەکەی خۆی و سعودییە دەخاتە دەستی حەماس و ئێڕان، کە دەیانەوێت بە وەڵامدانەوەی سەربازیی ئیسرائیل فەلەستینییە بێتاوانەکان بە کۆمەڵ بکوژرێن، ئەوکاتیش مەحاڵە سعودیە لە پێناو ڕێککەوتن و یەکگرتن لەگەڵ ئیسرائیلدا لەو کارانە لابدات.
“قەرزکردنی وانەیەک لە مێژوو”
لێرەوە، دەبێت بەلایەنی کەمەوە وانەیەک لە مێژوو وەربگیرێ، چوونکە ڕووداوەکەی ڕۆژی شەممە لە ساتەوەختی تێپەڕینی پەنجا ساڵەی جەنگی یەوم کیپوری ساڵی ١٩٧٣ یە، لە ماوەی ١٩ ڕۆژی گرژی جەنگی یەوم کیپور (هەندێکی تر بە شەڕی ئۆکتۆبەر یان ڕەمەزانی ١٩٧٣ ناوی دەبەن)، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گۆڵدا مایەر ڕووبەڕووی ئەگەری لەناوچوونی تەواوەتی ئیسرائیل دەبوویەوە. دەبوو لە ئەگەری زۆر و کابینەیەکی گوماناوی و پەیوەندییەکی ئاڵۆز لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هێنری کیسینجەردا بڕوات، کە ژیانی ملیۆنان کەس لە مەترسیدایە. سەرکردایەتی قۆناخێکی سەختە، کە ئەو لە کۆتاییدا چارەنووسی نەتەوەکەی یەکلایی دەکردەوە و میراتێکی مشتومڕاوی لە سەرانسەری جیهاندا بۆ بەجێدەهێشتن! دوای پەنجا ساڵی ڕێک، لەهەمان ڕۆژدا مێژوو بەسەر ئیسرائیلدا خۆی دووبارە کردەوە. ئەمە ڕووداوێکە هەڵبژاردنی کاتەکەی لە خۆوە نییە. پەنجا ساڵ پێشووتر ئیسرائیل گومانی لە پاڵپشتی تەواوەتی ئەمریکا دەکرد، ئێستاش بەهۆی دەست شل کردنی ئیدارەی بایدنەوە بۆ ئێران، ئیسرائیل دڕوودۆنگە لە ئەمریکا، پەنجا ساڵ پێشووتر ناوخۆی ئیسرائیل بەهۆی ململانێی سیاسییەوە سەرقاڵ بوون، لە (٢٠٢٣) شدا ئیسرائیل نەک ململانێی ناوخۆیی بەڵکو زۆربەی ساتەکان لەسەر پەتی ڕوودانی شەڕێکی نێوخۆیی بوون. پەنجا ساڵ پێشووتر عەرەبەکان ویستیان لە ساڵی (١٩٧٣) تۆڵەی شکستەکانی پێشووتریان (١٩٤٨ و ١٩٦٧) بکەنەوە، ئەمجارەیان حەماس بە بیری جیهانی هێنایەوە کە شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل تەواو نەبووە، پێویستە لە پێشینەی کاروباری جیهانیدا هەر بمێنێتەوە. جەنگێک تەمەنی (١٠٠) ساڵی تەواوە، بەڵام ئەمجارەیان بێ پێشینە بووە.
“ئەنجام و لێکەوتەکان”
یەکەم:- دۆخەکە نیزیکە لەوەی حیزبوڵلا لە لوبنان، حەشدی شەعبی لە ئێراق، حەماس لە فەلەستین، حوسییەکان لە یەمەن، لەناکاو لەم جەنگەوە بگلێن.
دووەم:- ئەم جەنگە نرخی وزەو سووتەمەنی بەگشتی بەرز دەکاتەوە، هەمووی هەژدە مانگە کە ڕێککەوتن لە نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل سەبارەت بە سنوورە ئاوییەکان و کێڵگەی گازیی کاریش-Karish ی ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئیدارەی بایدن کراوە. پێش ئەو ڕێککەوتنە حیزبوڵڵا سەدان مووشەکی گرتە کێڵگە گازییەکانی ئیسرائیل و بەهۆی سیسیتەمی دژە مووشەکییەوە زیانەکان کەمکرانەوە. ئیسرائیل لە دوای دۆزینەوەی گازی سرووشتی لە کەناراوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی لە وڵاتێکی هاوردەکاری گازەوە بووەتە هەناردەکار بۆ میسر و ئەردەن، هەروەها لەڕێگەی بۆڕییەکی ١٩٠٠ کیلۆمەترییەوە کە ساڵی (٢٠٢١) بیناکراوە بەژێر ئاودا تا دوورگەی کریتی یۆنان گازی قوبرس و ئیسرائیل هەناردەی ئەوروپا دەکات. جگە لەمەش، ئەم جەنگە کێشە و ڕا-ڕایی بۆ ناوچە ئاوییەکانی دەریای سپی درووست دەکات، کە ڕێرەوێکی ستراتیجی گواستنەوەی نەوت و گاز و شمەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکاوە بۆ ئەوروپاو خۆرئاوا بەگشتی.
سێیەم:- لە دوای (١٩٧٨) ەوە هەرکاتێک پەیوەندیی تورکیاو ئیسرائیل بەهێزتر بووبێت، یان ئاسایی بووبێتەوە، لەسەر حیسابی پرسی سوریا و چاودێریکردنی ئێران و ئێراقە. بە مانایەکی تر ماوەی ساڵێکە پەیوەندییە سیاسیی و دیبلۆماسیی و ئابورییەکانی تورکیاو ئیسرائیل بە فەرمی ئاسایی بۆتەوە. کە ساڵی (٢٠١٠) بەهۆی پاڵپشتی ئەردۆگان بۆ فەلەستینییەکان و هەڕەشەکانی ئەردۆگانەوە، ئەو پەیوەندییە تێک چوو. لە (٢٠١٧) ەوە بەردەوام تورکیا داوای ئاسایی بوونەوەی ئەو پەیوەندییەی کردوە. بۆیە ئەم ئاسایی بوونەوەیە، بە پلەی یەکەم و بە تەواوی بە زیانی پرسی کورد لە سوریا دەشکێتەوە. بە پلەی دووەم ململانێ و نا-سەقامگیریی دەخاتە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکانەوە، چوونکە تورکەکان لە چەندین دانیشتندا بە ئاشکرا ئەو نیگەرانییەیان نەشاردۆتەوە کە لە دوای (١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) ەوە کەرکوک و شەنگال بەتەواوی بوەتە بەشێک لە ستراتیجی ئێران و قەڵەمڕەویی ئێرانییەکان. ڕۆشنتر لەمە، تورکیا دەست لە کاروباری هەرێمی کوردستان وەردەدات، هێرشی ئاسمانی دژی پەکەکە دەکات، بەڵام مەبەستی ئێرانە نەک پەکەکە. تورکیا یەکەمین وڵاتی خاوەن زۆرترین نفووسی ئیسلامییە کە لەساڵی (١٩٤٨) پیرۆزبایی لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی کرد. لە نەوەتەکانی سەدەی پێشوودا پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تورکیا ئەوەندە بەهێز بوو، کە هەموو بوارێکی گرتبوەوە، لە نێویشیاندا دەستگیرکردنی ڕێبەری کوردو پەکەکە “عەبدوڵا ئۆجەلان” بەهاوکاری ئیسرائیل بوو. بۆیە لەبەرانبەر ئەم ستراتیژەدا پەکەکە و حەماس لە ماوەی یەک هەفتەدا جەنگیان بردە ناوخۆی تورکیاو ئیسرائیلەوەو، هەردووکیشیان پەیامی خۆیان گەیاند.
“دێڕەکانی کۆتایی”
جەنگەکە ئەگەر ناوی بنەین “وێناکردنەوەی پەیوەندییەکانی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” وایە، ئەگەر ناوی بنرێت باڵاتربوونی دەستی هێزە هەرێمییەکان لە ئەنجامی کاڵبوونەوەی ڕۆڵی زلهێزێکی وەک ئەمریکادا، هەروایە. بەڵام لە هەمووی ڕاستر ئەوەیە ناوی بنەین گۆڕانێکی جیۆپۆڵەتیکی مەترسیدار کە هۆکارە سەرەکییەکەی هێڵ و هێڵکاریی گازی سروشتی و نەوتە. لەمەدا بلۆکی ڕووسیاو ئێران براوەن؛ لە ژێر سمێڵەوە پێدەکەنن کە لەبەر نەبوونی وزە و زیاتر سەرفکردنی کارەبا لە دوای (١١) ی شەوەوە ڕووناکییەکانی بورجی ئیڤڵ دەکوژێننەوە، کات کاتی هەڵبژاردنە لە ئەمریکاو هەڵکشانی نرخی سووتەمەنی پێوەرێکی سەرەکییە بۆ دەنگدان لەناوخۆی ئەمریکادا. هەروەک چۆن ڕووسیا بوو لە ساڵی (٢٠١٤) دا بەهۆی جەنگی “قرم” و داگیرکردنییەوە، پرۆژەی هێڵی بۆڕیی گازیی نابۆکۆی لە بیری خۆرئاوا بردەوە. کۆتا دێڕەکان هەرئەوەیە؛ ئێڕان سەرکەوتوو بووە لەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا سەربازەکانی خۆی بە کوشت نادات، جەنگەکان لەناوخۆی ئێڕان دووربخاتەوە، عەرەب بکاتە هاوبەشی خۆی لەپەلاماردانی ئیسرائیلدا، ئایا ئیسرائیل و هاوئاوازەکانی هەمان کار دەکەن و جەنگەکە دەبەنە ناوخۆی ئێرانەوە؟