کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی بەرخودانی ئیسلامی (حەماس)، بەیانیی رۆژی شەممە لە ژێر ناوی “تۆفانی ئەقسا”، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دەستپێکرد، هەزاران مووشەکی ئاراستەی نێو خاکی ئیسرائیل کرد و چەکدارەکانی دزەیان کردە نێو ئۆردوگا جوونشینەکان.
(شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023) چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس سەربە فەڵەستین لەڕێگەی زیاتر لە 2200 مووشەکەوە قوڵایی خاکی ئیسرائیلیان بۆردومان کرد، لە هەمان دەمی سەرقاڵکردنی ئیسرائیل بەو هێرشە مووشەکیانە، حەماس لە ڕێگەی 2000 چەکدارەوە، گەیشتە شارۆچکە سنوورییەکانی ئیسرائیل، بەمەش پێکدادانی قورس ڕوویاندا، دوا بە دوای ئەوە ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی دەستپێکردەوە، بە پێی ئاماری دەزگای فریاکەوتنی ئیسرائیل، لە هێرشەکانی کەتیبەکانی بزوتنەوەی حەماسدا بۆ سەر ئیسرائیل، لانیکەم 300 ئیسرائیلی کوژراون و 1100 کەسیش برینداربوون.
تاوەکو ئێستا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزیەکانەوە 556 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3652 کەسین بریندار بوون و چەندین کەسیش بێسەروشوێنن، بێ شک ئەم ئامارانە کاتین و لە کات و ساتتدا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، ئەمە جەنگە بە درێژایی مێژووی جەنگەکانی ڕابردوو لەنێوان ئەم دوو لایەنە، هێندە کارەساتبار نەبووە، بەڵکو شۆکێکی گەورە بوو بۆ ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، بەشێوەیەک دوورنییە، ئەم پێکدادانە پڕ کێشمەکێشمە، ببێتە هۆکار بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە یاخود داڕشتنەوەی سیاسەتی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
یەکێک لەو پرسە گرنگانەی شایستەی هەڵوەستە لەسەر کردنە، ڕۆڵی دەوڵەتانی دیکەیە بەتایبەت ئێران، کە بە هەموو شێوەیەک دژی ڕێککەوتنی ئاشتی ئیسرائیلە لەگەڵ ووڵاتانی عەرەبی-ئیسلامی، ئێران هەر جووڵەیەکی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شکاندنی هەیمەنە و هەژموونی خۆی دەزانێت، بەوپێیەی ئێران لەڕێگەی پرۆژەی (هیلالی شیعی)ـیەوە، دەیەوێت باڵادەستی خۆی بەتەواوی بەسەر ناوچەکەدا بچەسپێنێت.
یەکێکی دیکە لە هۆکاری ئاڵۆزبوونی دۆخەکە، پرسی چالاکییەکانی ئیسرائیلە لەنێو خاکی ئێران و بە ئامانجگرتنی فەرماندە و بەرپرسانی ئێرانی لە سوریا و بۆردوومانکردنی یەکە سەربازییەکانی ئێران لە هەندێک ناوچەی سنوریدا، لەگەڵ ئەوەشدا حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، بە تۆپ و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی ئیسرائیل لەسەر سنوور.
حیزبوڵلا کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، لە راگەیێندراوێکدا (یەکشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2023) رایگەیاند “بەرخودانی ئیسلامی بە ژمارەیەکی زۆری تۆپ و مووشەکی ئاراستەکراوەوە، هێرشی کردە سەر سێ پێگەی دوژمنی زایۆنی لە ناوچەی داگیرکراوی باخەکانی شەبعاء.” کەواتە هەموو ئەمانە دەرخەرن کە (ئێران) لە جەنگەکەدا ڕۆڵی هەیە و ئیسرائیلیش بەمە نیگەرانە.
تەنها ئێران نا بەڵکو تورکیاش بەشێکە لەو بارودۆخە سەختەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە، لەماوەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران بەهۆی شەڕی ئازەربایجان-ئەرمینیاوە، بەرەو ئاڵۆزی چوو، چوونکە هەریەکەیان تەرەفگیری لایەکیانن، ئێران ترسی لە زیادبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئازەربایجان هەیە کە ببێتە مەترسیی داهاتوو لەسەر ئابووری سنووری لەگەڵ ئێراندا.
بۆیە دوور نییە ئەو دوو دەوڵەتەش لە پشتەوە لە قورمیشدانی ئاڵۆزییەکان درێغی نەکەن و بەرژەوەندییەکانی خۆیانی تێدا ساغ بکەنەوە. ڕۆڵی ووڵاتان لە جەنگەکەدا چین کە یەکێکە لەو دەوڵەتانەی بەردەوام بە دوای زیادکردنی هەژموونی خۆیەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی توندوتیژییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەربڕی و داوای کردووە دان بە خۆیاندا بگرن.
هەریەکە لە ئۆکرانیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ئیسرائیل دەکەن و رووسیاش داوای دانبەخۆداگرتن دەکات. جۆو بایدن، سەرۆکی وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ بە ئاشکرا ئەوەی خستەڕوو؛ کە ئەوان لە هەموو ڕوویەکەوە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن.
کۆبەند بەپێی ئاماژەکان؛ جەنگەکە بەرەو فراوانی زیاتر دەچێت، چوونکە ئەوەی لە ئەمریکاوە ڕاگەینراوە درێژەدانە بە شەڕ نەک ڕاگرتن و ئاگربەست، پاڵپشتیی ئیدارەی بایدن بۆ ئیسرائیل دەرخەری ئەوەیە کە ئیسرائیل دەستکراوە دەبێت لە هێرش و بۆردومان و هاتنەوە پێشەوەی زیاتر و کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی فەڵەستین، ئێران فەڵەستین بە ئامراز و ئەمریکاش ئیسرائیل بە باشترین نوێنەری خۆی دەزانێت، لە یەکلایی کردنەوەی ئەم کێبڕکێ هەژموونیەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دواجار یەکلایی دەکاتەوە، ئایا ئیسرائیل لە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی سەرکەوتوو بووە، یاخود ئێران ڕکی خۆی بە ئیسرائیل دەڕێژێتەوە.