مەبەست لە چەمکی (ئێراقی نوێ) ئەو دەوڵەتە نییە، کە لە ساڵی ١٩٢١ لەلایەن ئیستعماری ئینگلیزەوە، لە دەرەنجامی یەکەم جەنگی جیهان دروست کرا، کە بەرمەبنای لەبەریەک هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆرییەتی دەوڵەتی عوسمانی، چەندین دەوڵەتی لاواز لە ناوچەکە دروست کران، بۆ ئەوەی دەوڵەتانی بەرژەوەندیخواز لە ناوچەکە هەژموونی خۆیان بەردەوام بكەن، بەڵکوو ئەو دەوڵەتەیە، کە لەدوای ڕووخانی سیستەمی خۆسەپێنی حزبی بەعس لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە بنیات نراوە، بە جۆرێک، کە فۆڕمی ئەو دەوڵەتە چ لە ڕووی سیستەمی حوکمڕانییەوە بێت، یانیش لە ڕووی سیستمی دەستووری و یاساییەوە، تەواو جیاواز بوو لە سەردەمی پێش ساڵی ٢٠٠٣.
ئەگەرچی سیستەمی حوکمڕانیی ئێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە ڕووی حزبی، ئایدۆلۆژی، ئیتنیکی و مەزهەبییەوە بە سیستەمێکی پلۆرالیستی دەناسرێت، بەو مانایەی، ئێراق سیستەمە سیاسییەکەی بە جۆرێک داڕێژراوە، کە گشت گرووپە جیاوازە نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییەکان لەخۆ دەگرێت، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە ئەم سیستەمە بە هیچ شێوەیەک نەیتوانیوە نوێنەرایەتیی ئەو هەموو جیاوازییە جۆراجۆرانە بکات و لە یەک چوارچێوە کۆیان بکاتەوە، ئەمە دەرەنجامی ئەو ویستە پاوانخوازییەی هێزە عەرەبە باڵادەستە شیعەکانە بۆ دەسەڵات و جێگیرکردنی پایەکانی هەژموونیان لە سەرجەم کایە جۆراوجۆر و سەرەکییەکانی دەسەڵات لە دەوڵەت.
بابەتی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و میلیشیا لە ئێراقی نوێ، یەکێک لە پرسە هەرە گرنگ و بەرچاوەکانە، بە جۆرێک، لە ئێراق ناتوانرێت بەدەر لە میلیشیا باس لە دەوڵەت بکرێت، واتە میلیشیا بە جۆرێک ڕۆ چووەتە نێو دەوڵەت، ئەستەمە جیا بکرێتەوە، بۆیە زۆرجار بە ئێراق دەگوترێت دەوڵەتی میلیشیا، لەبەر ئەوەی ئەم میلیشیایانە دەتوانن سیاسەتی گشتیی دەوڵەت ئاراستە بکەن، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ بێت، یانیش لەسەر ئاستی دەرەوە.
لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ بە چەند قۆناغێکی جیاواز ئێراق بووەتە دەوڵەتی میلیشیاکان، بەتایبەت لە سەردەمی نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئێراق، کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤ حکوومەت لە ڕووی سەربازییەوە لەبەرامبەر هێزەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش بەرەو ڕووی شکستی گەروە بووەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی میلیشیاکان بە قورسایی و قووڵاییەکی زۆرەوە بێنە نێو پڕۆسەی سیاسی و سیستەمی حوکمڕانی. هەروەها سیاسەتەکانی مالیکی زۆر بەئاشکرا ئەوەی تێدا بەدی دەکرا، کە پڕۆسەی بەتائیفەکردنی دەوڵەتی لەخۆ دەگرت، بەتایبەت لە شارێکی وەکوو بەغدا، کە ڕێژەی عەرەبە سوننەکان لە ڕووی ژمارەوە ڕووی لە کەمی کردووە. لەم قۆناغە بەدواوە، ئیدی سەردەمی بەمیلیشیاکردنی ئێراق بەشێوەیەکی زۆر فراوان و ئاشکرا دەستی پێکرد، بەتایبەت لەنێو دامودەزگا و دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت.
هاتنی داعش بۆ ئێراق ئەگەرچی بووە هۆی وێرانکارییەکی زۆر بۆ ناوچە عەرەبە سوننەکان، بەڵام دەرفەتێکی ناوازە بوو بۆ میلیشیا عەرەبە شیعەکان، بۆیە ئەم هەڵەیان قۆستەوە و توانییان زۆربەی عەرەبە سوننەکان لە چەک دابماڵن و هەژموون و پێگەی خۆیان لە ناوچەی عەرەبە سوننەکان قایم بکەن. ڕۆچوون و جێگیربوونی ئەم میلیشیایانە لەنێو سیاسەت، کاروباری ئابووری، بازرگانی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە دۆخێکی هێناوەتە ئارا، کە ئەم هێزانە جووڵە و چالاکی و داهاتووی کۆی سیستەمی سیاسی و جومگەکانی حوکمڕانیی دەوڵەت دیاری دەکەن.