گشتپرسیی، وەک یەکێک لە گرنگترین سیماکانی دیموکراتیی، ئامڕاز و پرۆسەیەکی یاسایی و شارستانییە بۆ وەرگرتنی ڕای گەل، تایبەت بە پرسێک پەنای بۆ دەبرێت. پرۆسەیەکە، تێکەڵەی سیستمیی دیموکراتی ڕاستەوخۆ ودیموکراتیی نوێنەرایەتییە. پاڵنەری سەرەکییش ئەوەیە، کە لە سیستمی دیموکراتییەتی ڕاستەوخۆ وا دەخوازێت گەل هەموو لە شوێنێکدا کۆبکرێنەوە و ڕایان وەربگیرێت، کە ئەمەش کارێکی مەحاڵە. بەڵام دەکرێت لە ڕێگەی هەندێک ئامڕازەوە و بۆ هەندێک پرسی دیاریکراو دیموکراتییەتی ڕاستەوخۆ بەدیبێت، کە گەل تێیدا لەڕێی هەڵبژاردنەوە نوێنەری خۆی دیاریدەکات، بەڵام هەموو دەسەڵاتەکانی ڕادەست ناکات، بەڵکوو هەندێکی دەهێڵێتەوە.
“گشتپرسی چەند جۆرێکە”
لەڕووی بابەتەوە:- بەپێی ئەو بابەتەی لەخۆی دەگرێت، گشتپرسی دەگۆڕێت، دەکرێت بابەتی گشتپرسی یەکێک لەمانە بێت (دەستوری، یاسادانان، سیاسی).
گشتپرسی دەستوری:- وەرگرتنی ڕای گەلە بۆ دانانی دەستور یان هەموارکردنی.
گشتپرسی یاسادانان :- ئەم جۆرەیان تایبەتە بە ڕەزامەندبوون لەسەر پرۆژە یاساکان کە لە بنەڕەتدا دەرکردنی یاساکان لە پسپۆڕیی دەسەڵاتی یاسادانانە. تێیدا ڕای گەل وەردەگیرێت، ئەگەر گەل ڕەزامەند بێت ئەوا یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
گشتپرسی سیاسی:- ئەم جۆرەشیان تایبەتە بە وەرگرتنی ڕای گەل، تایبەت بە پرسێکی سیاسیی دیاریکراوی چارەنوسساز.
لەڕووی کاتەوە:-
گشتپرسی پێشوەختە:- ئەم جۆرەیان لەلایەن پەرلەمانەوە پێشنیاز دەکرێت، تایبەت بە دەرکردنی پرۆژە یاسایەک، کاتێک پەرلەمان دەیەوێت یاسایەک دەربکات، پێش ئەوە ڕای گەل وەردەگرێت؛ واتە پێش ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بکرێت و دەربچێنرێت، ئەگەر لەلایەن گەلەوە ڕەزامەندی لەسەردرا، ئەوا پەرلەمان ڕێوشوێنەکانی دەرکردنی بۆ ئەنجامدەدات.
گشتپرسی دواتر:- دەکرێت یاسایەک لەلایەن پەرلەمانەوە دەربچێت، بەڵام پێش ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردن، گشتپرسی بۆ بکرێت، ئەگەر ڕەزامەندیی لەسەر نەدرا، ئەوا نابێتە یاسایەکی بەرکار.
لەڕووی پێویستیی ئەنجامدانییەو دوو جۆرە: گشتپرسی ئیجباری و ئیختیاری:-
گشتپرسی ئیجباری:- ئەم جۆرەیان دەستوور لەڕێی دەقێکەوە پێویست بوونی ئەنجامدانی گشتپرسی دیاریدەکات، لەڕێی پابەندکردنی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنەوە، تایبەت بە پرسێکی دیاریکراو، پێش جێبەجێکردنی، لەم کاتەدا پەرلەمان ناچار دەکرێت بە ئەنجامدانی.
گشتپرسی ئیختیاری:- واتە دەستوور هیچ دەقێکی تێدا نەبێت کە دەسەڵاتەکان پابەند بکات بە ئەنجامدانی گشتپرسی، بەڵکوو ئەم بابەتە بەجێبهێڵێت بۆ دەسەڵاتی تایبەتمەند، هەر کاتێک بەرژەوەندیی وای خواست ئەوکات ئەنجامی دەدەن.
لەڕووی هێزی یاساییەوە:- گشتپرسی دوو جۆرە (گشتپرسی پابەندکار و گشتپرسی ناپابەند-ڕاوێژکاریی)
گشتپرسی پابەندکار:- ئەو گشتپرسییەیە، کە دەرئەنجامەکەی هەرچی بێت، پێویستە لایەنی جێبەجێکار پابەند بێت پێوەی، جا دەسەڵاتی یاسادانان بێت یان جێبەجێکردن.
گشتپرسی ناپابەند(ڕاوێژیی):- ئەو جۆرەیە کە لایەنی جێبەجێکار پابەند ناکات بە دەرئەنجامی گشتپرسییەکەوە، ئازادە لەوەی کاری پێ بکات یان نەیکات.
“میکانیزمی ئەنجامدانی گشتپرسی”
پرۆسەی ئەنجامدانی گشتپرسی، کە گەل تێیدا بەشداری دەکات، لەڕێی دەنگدانەوە لەسەر پرسێکی دەستووری یان یاسایەک، یان هەر پرسێکی تری گرنگ، کە دەتوانن بە بەڵێ یان نەخێر وەڵام بدەنەوە. گرنگترین پایە لە گشتپرسییدا؛ ئەوەیە کە کۆی پرۆسەکە بەشێوەیەکی دیموکراتیی و ئازادانە بەڕێوەبچێت، بێ زۆرلێکردن و بێ ساختەکاریی، وەک چۆن( هیتلەر) وەک یەکێک لە دیارترین دیکتاتۆرەکان، بەردەوام پەنای دەبردە بەر وەرگرتنی ڕای گەل، لەڕێی گشتپرسیی ڕواڵەتیی و ساختەوە.
“کاریگەریی گشتپرسی”
گشتپرسی، وەک پرۆسەیەکی دیموکراتی، کە گەل بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری تێدا دەکات. چەند دەرهاویشتەیەک لەخۆ دەگرێت:-
– بەشداری گەل لەم پرۆسەیەدا، هاوسەنگیی بەدی دێنێت لەنێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن.
– سەقامگیریی بۆ حکومەت دەستەبەر دەکات، چونکە گەل ئازادانە گوزارشت لە خواستی خۆی دەکات، بێ ئەوەی پەنا ببەنە بەر ئامڕازیی تووندوتیژ و کودەتا و شۆڕش.
– هاونیشتمانییان هەست بە بوونی دەسەڵات و ڕێزگرتن لە ئیرادە دەکەن، کە خاوەنی سەربەخۆیی و سەروەریین، ڕاشکاوانە دەنگی خۆیان دەدەن، بێ ئەوەی پابەندبن بە بەرنامە و باوەڕی حزبێکی سیاسییەوە.
“ئەو بابەتانەی گشتپرسییان لەبارەوە ناکرێت”
هەندێک بابەت هەن کە ناکرێت گشتپرسییان لەبارەوە بکرێت، بەهۆی خەسڵەتی بابەتەکەوە یاخود کاتێک دەستوور دیاری کردبێت کە ناکرێت بخرێنە گشتپرسییەوە. لەوانە: بابەتی بیروباوەڕیی ئایینی، یاخود ئەو بابەتانەی کە وا پێویست دەکات بەزوویی یاسایان بۆ دەربچێت، هەروەها ئەو پرسانەی تایبەتن بە دامەزراوە دادوەرییەکان، یاخود بابەتی پەیوەست بە گرتنەبەری ڕێوشوێنیی ئەمنیی، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی گشتی.
“نمونەکانی گشتپرسی”
گشتپرسی لە سویسرا لەسەدەی پانزە سەری هەڵدا، بۆ یەکەمجار هەندێک هەرێمیی سویسرا، پیادەیان کرد، یەکەم هەرێم(ڤالاس)بوو. لە دەستووری سویسرا، بۆ هەموارکردنی دەقێکی دەستوور، مەرجی ئەنجامدانی گشتپرسیی دیاریکراوە. لە یەکەم دەستووری ساڵی1798وه، تا ئێستا هەموو دەستوورەکان لەڕێی گشتپرسییەوە دەرچوون. لەدەستووری ساڵی1989، نیو میلیۆن سویسری بەشداربوون لە گشتپرسیی تایبەت بە هەڵوەشانەوەی سوپای نیشتمانی، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە 60٪ دەنگەکان نەخێر بوون، بڕیارەکە نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، بۆ یەکەمجار، گشتپرسی دەستووری لە ویلایەت(ماستشوستس) ئەنجامدرا، دواتر ویلایەتەکانی تریشی گرتەوە. لە فەڕەنساش گشتپرسی دەستووری پیادەکرا، لەوانە دەستووری 1940، کە لەلایەن”ماریشال بیتان” وە دانرا. هەروەها دەستووری 1946، لەپاش جەنگی جیهانی دووەمەوە، گشتپرسی بۆکرا. لە کۆماری میسریش لەدەستووری 1956، گشتپرسی بۆیەکەمجار ئەنجامدرا. هەروەها لە دەستووری1971، لە ماددەی”74″ ئاماژە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسیی دەکات، سەرۆککۆمار، هەرکاتێک هەستی بەبوونی مەترسی کرد لەسەر یەکێتیی نیشتمانی و ئاسایشیی گشتیی، ڕێوشوێنی خێرا دەگیرێتەبەر بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییانە، لەڕێی گەلەوە گشتپرسی دەکرێت.