كورد وه‌ته‌نی (ئه‌وه‌ی سمێڵی سوور بوو شه‌رت نیه هه‌مزه ئاغا بێت) یه‌عنی ئه‌وه‌ی كادری حزب بوو مه‌رج نییه سیاسی بێت یان سیاسه‌ت زان بێت، چوونكه سیاسی بوون كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌ت و پره‌نسیپی خۆی هه‌یه؛ وه‌ك چۆن قۆمیسهرێكی پۆلیس شاره‌زای لێكۆڵینه‌وه‌یه له رووداوه‌كان، پارێزه‌رێك شاره‌زای یاسایه، دارتاش، ئاسنگه‌ر، ئه‌ندازیار، دكتۆر خاوه‌نی پیشه‌ن و پسپۆرن له كاره‌كانی خۆیاندا، به‌و جۆره‌ش مرۆڤی سیاسی ده‌بێ قاڵبووی ناو بۆته‌ی سیاسه‌ت بێت و هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی تایبه‌ت به سیاسه‌ت بێت، مێژووی جیهان و سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی شاره‌زابێت، هه‌ڵسوكه‌وت و ره‌فتار و كردار و قسه‌كردنی سیاسییانهبێت و ره‌نگدانه‌وه‌ی بیره سیاسییه‌كه‌ی و ئایدیۆلۆژیا و ستراتیژه‌كه‌ی بێت، به قووڵایی زانستی سیاسه‌ت و ئهتهكێتاتی سیاسه‌تدا رۆچووبێت، كه هاته مه‌یدانی سیاسه‌تكردنه‌وه ده‌سته‌پاچه و كۆڵه‌وار نه‌بێت و دار شه‌قی سیاسه‌تی ده‌ڵه‌مه و نهگیرساوی له بن باڵدا نه‌بێت، چونكه سیاسه‌تكردن به‌بادانی دووكه‌ڵی جگه‌ره و تروكاندنی گوڵه‌به‌رۆژه نییه، سیاسه‌تزانی شاره‌زاییه‌كی ته‌واوی له مێژووی حزبه‌كه‌ی خۆی و گه‌ل و نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌كه‌ی و سیاسه‌تی راست و چه‌پی دنیا هه‌بێت، مێژوویه‌كی له خوێندنه‌وه‌ی ململانێ و ناكۆكی و زۆرانبازییهكانی ئیستعمار و فاشیه‌ت و دیكتاتۆرییه‌ت و پۆپۆلیستی و میكیاڤیللی و دیموكراسیدا به‌سه‌ر بردبێت و له ئایدیۆلۆژیا و و ستراتیژیه‌تی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و سۆشیالیزم شاره‌زابێت، مێژووی شۆرشه‌كانی دنیا و شه‌ره جیهانییه‌كان و بیری ئهنترناسێنال و ناسیۆنالیستی ناكۆكی نێوانیانی خوێندبێته‌وه، له مانای ناوه‌ندێتی دیموكراتی و دیسپلینی حزبی و په‌یره‌وكردنی دادپه‌روه‌ری و پیكه‌وه ژیان تێگه‌یشتبێت، به‌رژه‌وه‌ندییه شه‌خسییه‌كانی خۆی وه‌لا نابێت و بیری ئینتهازییهتی له گیانی داماڵی بێ و خه‌بات بۆ گه‌ل و نیشتمان و سه‌ركه‌وتنی ستراتیجییه‌تی حزبه‌كه‌ی بكات و ئاسۆی تێكۆشانی به سه‌ركه‌وتنی میلله‌ته‌كه‌ی و رزگاری نیشتمانی و نه‌هێشتنی چه‌وسانه‌وه‌ی تاكی كۆمه‌ڵگاكه‌یه‌وه گرێدابێت.
مرۆڤی سیاسی ده‌بێ هه‌میشه گوێگری هه‌واڵه ناوخۆیی و جیهانییه‌كان بێت به‌رده‌وام به‌دواداچوونی هه‌بێت بۆ هه‌موو بابه‌ت و گۆرانكارییه سیاسیه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌بێت له باره‌یانه‌وه و چاودێرێكی وردی ناكۆكی و ململانیه‌كان بێت. سیاسه‌ت زان هه‌میشه هه‌گبه‌كه‌ی پڕه له زانیاری و زۆر كه‌م داده‌مێنی بۆ وشه و پركردنه‌وه‌ی موجامه‌له سیاسییه‌كان له هه‌موو بابه‌تێكی تایبه‌ت به سیاسه‌ت شتێكی لێ ده‌زانی تا قسه‌ی له‌سه‌ر بكات و ده‌می وه‌ك ته‌ڵه‌ی ته‌قیوی لێ نه‌یه‌ت، یان قسه‌كان به لارێی سیاسه‌تدا نه‌بات بۆ خۆ ده‌ربازكردن له گفتوگۆ سیاسیه‌كان. كه‌سی سیاسی ئه‌بێ زۆر باوه‌ری به‌خۆی هه‌بێت، كه‌م قسه بكات، كه قسه‌ی كرد زۆرترین خه‌ڵك گوێی لێ بگرێت، قسه‌كانی ته‌ئسیر له‌سه‌ر گوێگره‌كانی دابنێ .هوشیاری و رۆشنبیری سیاسی زۆر پێویسته بۆ مرۆڤه سیاسییه‌كان تا توانایه‌كی باشی هه‌بێت له كۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی و خوێندنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر و باشتر هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا بكات و زووتر له كێشه‌كانیان تێبگات. كه‌سی سیاسی مه‌رج نییه خاوه‌ن بروانامه‌ی به‌رز بێت، به‌ڵام پێویسته خاوه‌ن هوشیاری و رۆشنبیری سیاسی بێت و ئاگاداری سه‌رجه‌م رووداوه‌كانی مێژوو بێت و به‌رده‌وام به‌دواداچوونی هه‌واڵ و سیاسه‌تی دنیا‌و رووداوه‌كان بكات.
كه‌سی سیاسی پێویسته توانایه‌كی باشی له ده‌ربرین و وتاربێژیدا هه‌بێت تا بتوانێ باشتر په‌یامی حزبه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێ و به‌هێزه‌وه شیكاری بكات بۆ جه‌ماوه‌ر. كه‌سی سیاسی پێویسته راستگۆبێت له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری حزبه‌كه‌ی و ناو و ناوبانگی باشی هه‌بێت، رێز له هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵ بگرێت و خۆی فه‌رز نه‌كات به‌سه‌ریاندا. كه‌سی سیاسی پێویسته ده‌ست پاك و داوێن پاك بێت و دووربێت له گه‌نده‌ڵی و له‌ناو جه‌ماوه‌ردا پێگه‌ی كه‌سایه‌تی به‌هێز بێت، باوه‌رپێكراو و جێگه‌ی سیقه‌ی هه‌ڤاڵانی بێت. كه‌سی سیاسی پێویسته كاره‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانی به گروپ ئه‌نجام بدات دوور بێت له تاكره‌وی و بریاردانی نادروست ، پێگه و پله‌كه‌ی به‌كارنه‌هێنێت بۆ به‌سوك سه‌یركردن و سزادانی هه‌ڤاڵانی خۆی و دووربێت له دروستكردنی كوتله و پیاو دروستكردن و ئاژاوه نانه‌وه، كه‌سی سیاسی ئه‌بێ خۆی به‌دوور بگرێت له بۆڵه و خوته و وتنه‌وه‌ی رسته‌ی سواو به ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه وه‌ك مامۆستا و سه‌ركرده هه‌لسوكه‌وت بكات و په‌یوه‌ندیه‌كی ئۆرگانیكی له‌گه‌ل ستافی ئیشه‌كه‌ی هه‌بێت.
مرۆڤی سیاسی ئه‌بێ هه‌وڵبدات خاڵی لاوازی زۆر كه‌مبێت، هه‌میشه به زیره‌كی و هوشیارییه‌وه هه‌نگاوبنێت و كاری رۆژانه‌ی ئه‌نجام بدات، كه‌سی سیاسی نابێت شه‌رمۆك بێت له ئاست وتنی راستییه‌كانی و داوای مافی میلله‌ته‌كه‌ی ده‌نگی نزم بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ناكرێت زۆر بڵی بێت و ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ بیڵی سوكی بكات و خه‌ڵك گوێی بۆ نه‌گرن، كه‌سی سیاسی ئه‌بێ به‌رده‌وام له گه‌شه‌دان به بیری خۆیدا بێت و زانیاری زیاتر به‌ده‌ست بهێنێ بۆ به‌هێزكردنی توانا سیاسییه‌كانی، مرۆڤی سیاسی پێویسته توانایه‌كی باشی هه‌بێت له قایلكردنی كه‌سی به‌رامبه‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته‌كان. كه‌سی سیاسی پێویسته هه‌وڵبدات كه‌مترین توره‌بوونی پێوه دیاربێت، هه‌میشه راشكاوانه و نه‌ترسانه قسه بكات راراو دوودڵ نه‌بێت له‌وه‌ی ده‌یڵێت و ده‌ری ده‌برێ و گومانی له كه‌م توانایی خۆی نه‌بێت، زمان شیرین و قسه خۆش و نزیك له جه‌ماوه‌ر بێت. مرۆڤی سیاسی پێویسته له یه‌كێك له مه‌جاله سیاسی و حزبی و جهماوەریهكاندا پسپۆرییه‌كی باشی هه‌بێت تا تیایا قاڵ بوبێت و پێوه‌ی بناسرێته‌وه. كه‌سی سیاسی پێویسته رێك پۆش بێت و گرنگی به دیكۆری له‌ش و جلوبه‌رگی خۆی بدات نه‌ك شڕو شه‌پۆر و هه‌ڵوه‌شاو كه ته‌ئسیری نه‌رێنی له‌سه‌ر بۆچونی ئاماده بوانی دابنێت. مرۆڤی سیاسی به‌پێی ئه‌و باكگراونده سیاسی و به‌دواداچوونه هه‌میشه‌یی و ئه‌زموونه میژوویه‌ی ته‌مه‌نی سیاسی خۆی له‌سه‌ر رووداوه‌كان پێویسته پێشبینی گونجاوو ئه‌رێنی بۆ رووداوه نوێ یه‌كان هه‌بێت.