“پۆلێن‌کردن له نیوان سیاسه‌ت و مه‌عریفه‌دا”
ڕه‌نگه ئه‌و پۆلێنکاریانه‌ی که له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی زاره‌کی کراون پڕ به پێستی دۆخی ئه‌ده‌بی زاره‌کی له‌ناو کورددا نه‌بێت، واته ئه‌ده‌بی زاره‌کی وه‌کو باوه زیاتر بۆ ئه‌و هه‌ڵبه‌ست و حیکایه‌تانه به‌کار ده‌برێت که له سه‌ر زاری خه‌ڵکی ماونه‌ته‌وه و ده‌ماوه‌ده‌م ده‌گه‌ڕێن و وه‌کوو له کوردی‌دا ده‌ڵین: له زارێکه‌وه بۆ شارێک بڵاو ده‌بێته‌وه و په‌ره ده‌ستێنی. ئه‌گه‌رچی ئه‌ده‌بی زاره‌کیی هه‌ر ئه‌م دوو فۆرمه له هونه‌ر و ئه‌ده‌ب واته هه‌ڵبه‌ست و حیکایه‌ت ناگرێته خۆ و به‌پێی که‌لتوور و مێژوووی دیرۆکیی نه‌ته‌وه‌کان ده‌شێت جیاواز بیت واته ئه‌و مێژووه زه‌نگین و که‌ڵه‌که‌بووه‌یه وا هه‌ر جۆره پۆلێنبه‌ندییه‌کی به‌رته‌سک که له سه‌ر بنه‌مای بیردۆزییه‌کی دیاریکراوه هه‌ڵده‌وه‌شینێته‌وه و فۆرم و شیوازی نوێی پۆلێنبه‌ندیی ده‌خاته به‌رده‌م. له ئێران‌دا و له چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی کوردسڕینه‌وه‌دا هه‌ر جۆره ئه‌ده‌بێکی غه‌یری فارسی به ئه‌ده‌بی زاره‌کیی خۆماڵی یان ئه‌ده‌بی (محلی) ناو ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ش ته‌نها یه‌ک مانای هه‌یه که ئه‌م جۆره له ئه‌ده‌به په‌راوێزی و به‌شێکی تا ڕاده‌یه‌کی که‌م بایه‌خداره له ئه‌ده‌بی ئێران و فارس، دیاره ئه‌م جۆر پۆلێنبه‌ندیانه که له ئه‌ده‌ب له وڵاتێکی وه‌کوو ئێران‌دا ده‌کرێت تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامه و له چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌کی کۆلۆنیالیستی-سیاسی‌دا مانا ده‌کرێته‌وه نه‌ک شتی دیکه.
دیاره هه‌ر له کاتی ده‌سه‌ڵات وه‌رگرتنی فارسه‌کان تا ئێسته هه‌موو ئه‌ده‌بی غه‌یری فارس وه‌کوو پاشکۆ و ئامراز بینراوه بۆیه پێمان سه‌یر نابێت گه‌ر شانامه‌ی فیرده‌وسی بخوێنینه‌وه کاتێک تێده‌گه‌ین که به دانپێدانانی خودی فیرده‌وسی کۆمه‌ڵێک ئه‌فسانه و حیکایه‌ت و په‌ندی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی له شاکاره‌که‌یدا هێناوه به‌ڵام له دواجاردا و له دوا به‌یته‌کانی شانامه‌دا ده‌ڵێت (بسی رنج بردم در این سال سی/ عجم زنده کردم بدین فارسی) واته ڕه‌نج و سه‌خڵه‌تیی زۆرم چه‌شت له ماوه‌ی ئه‌م سی ساڵه‌دا که شانامه‌م نوسیوه و هه‌ر له‌م ڕێگه‌یه‌وه و له سۆنگه‌ی زمانی فارسییه‌وه عه‌جه‌مم زیندوو کرده‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئێسته من مه‌به‌ستم نییه بپه‌رژێمه سه‌ر شانامه و ئه‌و دزی و هه‌ڵگۆستانه‌ی که فیرده‌وسی له سه‌رده‌می خۆی له نه‌ته‌وه غه‌یری فارسه‌کانی کردووه و به ناوی فارس و عه‌جه‌مه‌وه ڕایگه‌یاندووه، ئه‌م کاره‌ی فیرده‌وسیی هێنده له پرۆسه‌ی شوناسسازیی فارس و شوناسکوژیی ئه‌وانی دیکه‌دا گرینگ بووه که هه‌ندێ له ڕه‌خنه‌گران و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ ستراتیژیستی سوپای پاسداران به فیرده‌وسی ده‌ڵێن (گه‌وره‌ترین ستراتیژیستی زمانی فارسی) دیاره ئه‌م گوزاره و مانایانه له چ کانیاوێکی لیخنه‌وه هه‌ڵده‌قوڵین. به‌ڵام باسی من لێره‌دا ئه‌وه‌یه که ڕۆڵی ئه‌م ڕوانگه‌یه له پۆلێن‌کردنی ئه‌ده‌ب و هه‌موو دیارده‌یه‌کی کو‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی له سۆنگه‌ی داگیرکه‌ره‌وه دیاری ده‌کات. بۆیه بۆ نه‌که‌وتنه داوی ئه‌م پۆلێنبه‌ندیانه که به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کانی قه‌فه‌سێکی ئایدۆلۆژیک و تیۆریکه بۆ بیرمه‌ندان و ئه‌دیبانی کورد، ده‌بێت به‌پێی پێوه‌ره‌کانی خۆمان ئه‌ده‌به‌که‌مان پۆلێنبه‌ندی بکه‌ین و بۆ ئه‌مه‌ش پێش هه‌ر شتێک پێویستمان به دامه‌زراندنی بنکه‌یه‌کی گه‌وره‌ی کوردستانیی بۆ کۆکردنه‌وه فولکلۆر و ئه‌ده‌بی زاره‌کیی له هه‌موو کوردستانی گه‌وره هه‌یه و به هه‌موو زاروه‌کان.
“پێوه‌ره‌کانی پۆلێن‌کردن”
ئه‌گه‌رچی له چه‌ندین قۆناغی جیاجیای سیاسی‌دا له ڕۆژهه‌ڵات و باشوری کوردستان له بواری ئه‌ده‌بی زاره‌کیی و فولکلۆردا کار کراوه، به‌ڵام به ڕاده‌ی سه‌رمایه و خه‌زێنه‌یه‌کی له بن نه‌هاتوو و نه‌ناسراو به ناوی فولکلۆری کوردی له هه‌موو کوردستانی گه‌وره‌دا ئه‌م هه‌وڵانه که‌م و کورتن و ده‌بێت له ئاستێکی به‌رین و به‌ربڵاو و له چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ییدا و به هه‌ره‌وه‌زیی پسپۆڕان و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵناسان و ئه‌فسانه‌ناسان ببرێته پێشه‌وه و له هه‌ر قۆناغێکدا ڕوانگه و دیدگای نوێ و تازه‌ی بۆ بخرێته ڕوو تاکوو له ناسین و لێکدانه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌کانی ئه‌ده‌بی زاره‌کیمان که‌مترین درێخیمان کردبێت. کاتیک نا‌ڵێم هه‌مووی، به‌ڵام به‌شێکی زۆری ئه‌م سه‌رمایه و خه‌زێنه مه‌زن و شوناسسازه‌مان کۆ کرده‌وه و له چوارچێوه‌ی لێژنه ئه‌کادیمی و ڕۆشنبیرییه‌کاندا و له ڕوانگه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵناسی، ئوستووره‌ناسی، سیاسی، کو‌لتووری و شوناسمه‌ندانه و ته‌نانه‌ت کۆلۆنیالیزمه‌وه هه‌ڵمان سه‌نگاندن ئه‌و جاره پێوه‌ری ڕاسته‌قینه‌کانی تایبه‌ت به ڕۆح و ڕوانگه‌ی کوردیمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که چۆن ئه‌ده‌بی زاره‌کیمان پۆلێن بکه‌ین، بابه‌ته‌که ته‌نها هه‌ر لێره‌وه کۆتایی پێ نایه‌ت، به‌ڵکوو ئه‌ده‌بی زاره‌کیی بنه‌ما و کۆڵه‌که‌یه‌کی ڕه‌سه‌ن و سه‌ره‌کیی ئه‌ده‌بی نووسینیشه، کاریگه‌ری و شوێنپیی ئه‌ده‌بی زاره‌کی و کۆنمان له سه‌ر نالی و مه‌حوییه‌وه تا ده‌گاته “شێرکۆ بێکه‌س و عه‌بدوڵلا په‌شێو” دیار و ئاشکرایه.
بۆ نموونه چیرۆکه شیعری (مامه‌یاره) که مامۆستا شێرکۆ کردوویه‌تی به حه‌ماسه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه‌ی نه‌مر ڕاسته زۆر دوور نییه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می عوسمانییه‌کان و شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ بابی عالی و نه‌جیب پاشادا به‌ڵام زه‌ینییه‌تی فولکلۆرداڕێژ و مه‌کینه‌ی به‌رهه‌مهێنی ئه‌ده‌بی زاره‌کیی له سه‌ر زاری خه‌ڵک(به گێڕانه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فای ڕه‌وانشاد له زاری مه‌حموود جه‌وده‌ت له کتێبی میرایه‌تیی بابانه‌کان له نێوان به‌رداشی عه‌جه‌م و ڕۆمدا) ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ی خولقاندووه که دواتر بووه به هه‌وێنی شاکاره‌که‌ی مامۆستا شێرکۆ. هه‌ر بۆیه ئه‌ده‌بی زاره‌کیی له‌سه‌ر کۆ‌ڵه‌که‌ی فولکلۆر و تێڕوانینن مرۆڤی کورد له مێژوویه‌کی دوورودرێژی ژیان و ژیاری خۆیدا راوه‌ستاوه و ئه‌ده‌بی نووسراوه‌یش پشتئه‌ستوور به ئه‌ده‌بی زاره‌کی و فولکلۆر. ئاشکراکردنی ئه‌م پانۆراما و پریسپێکتیڤه جیاواز له‌وه‌ی له چه‌ند ڕه‌هه‌نده‌وه دیاریکه‌ری دیارده و فۆنۆمێنه‌کانی زه‌ینییه‌ت و ئاوه‌زی مرۆڤی کورد ده‌بێت به‌ڵکوو پێوه‌رر پیویسته‌کانیشمان بۆ دامه‌زراندنی ڕێچکه‌یه‌ک بۆ پۆلێن‌کردن و ناساندن و تیۆریزه‌کردنی فۆرمه ئه‌ده‌بییه‌کانی خۆمان و ناوه‌رۆکه‌که‌ی ده‌خاته به‌رده‌ست.
“پانتایی ئه‌ده‌بی زاره‌کی”
ئه‌ده‌بی زاره‌کیی کوردیی پانتاییه‌کی به‌رفراوان و به‌ربڵاو ده‌گرێته خۆی، زه‌نگینی و ده‌وڵه‌مه‌ندیی و ڕه‌نگاڵه‌یی ئه‌م پانتایه به‌ڕاده‌یه‌که که ده‌توانین بڵێین هه‌ر شار و شارۆچکه و گوند و ناوچه‌یه‌کی کوردستان تایبه‌تمه‌ندیی زمانی و ده‌ربڕینی جیاوازی خۆی له ئه‌ده‌به‌که‌دا هه‌یه، ئه‌مه جگه له‌وه‌یه زۆرێک له فۆرم و شێوه‌کانی ئه‌ده‌بی زاره‌کیی ئێمه هه‌ر ئاوڕیان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه یان به ڕاده‌ی پێویست ئاوڕیان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه. بۆیه له حاندی ئه‌و شه‌قڵنه‌شکاوی و ده‌ست بۆ نه‌براوییه‌ی ئه‌ده‌بی زاره‌کیمان ده‌توانین بڵێین ئێمه له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌یه‌کی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندی شوناسسازدا به‌ره‌وڕووین، به‌یت و باو، به‌رته‌وانه‌نه، لایه‌لایه، به‌یته جۆراوجۆره‌کان، حه‌یران و لاوک، سیاچه‌مانه و هۆره و ده‌یان فۆرمی دیکه‌ی ئه‌ده‌بی زاره‌کیی که هێشتا ئێمه له تۆماریکردنیدا به شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک و ڕێکخراوانه قۆڵمان لێ هه‌ڵنه‌کردوون، بێگومان له باشووری کوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتیش به‌شێوه‌ی په‌رته‌وازه کاری زۆر باش کراوه، به‌ڵام کاتێک ئه‌م هه‌موو کانیله و کانیاوانه نه‌بن به‌و ڕووباره پڕ تافه‌یه هیچ کات زه‌ریای جوانی نه‌ته‌وه و نیشتیمان ڕاکێشی تێڕامان له قووڵاییه‌کانیمان ناکات، یان ڕه‌نگه نه‌یاران و داگیرکاران به‌ره‌و ئاڕاسته‌ی خۆیان ئه‌م کانیاوه دابشکێنن و وه‌کوو له سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری مۆرک و ده‌مامکی خۆیانی لێ بده‌ن و ئێمه‌ش دواتر بۆمان ساغ نه‌بێته‌وه.
“پێکهاته‌ی به‌یتی کوردی؛ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک وه‌کو سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ پێوه‌ر”
پێکهاته‌ی به‌یتی کوردی کتێبێکی قووڵ و ده‌گمه‌نه به میتۆدی پێکهاته‌خوازانه له‌سه‌ر به‌یته کوردییه‌کان ئیشی کردووه. ئه‌م کتێبه به شێوه‌ی کۆپی له بازاڕدا بڵاو بووه‌ته‌وه و له سه‌رده‌مێکدا له ئێران بڵاو بووه‌ته‌وه که ئه‌ده‌بی کوردی وه‌کوو ئێسته ئه‌م تۆزه هه‌ناسه‌یه‌ی پێ نه‌ده‌درا. ئه‌م کتێبه له لایه‌ن نووسه‌ر و ڕه‌خنگر د. ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده‌وه و له ساڵی 1381ی هه‌تاوی (2002زاینی)نووسراوه. له فه‌سڵی یه‌کی ئه‌م کتێبه گرینگه‌دا هه‌م به‌ها و بایه‌خی بێ وێنه‌ی میتۆد و شێوازناسیی به‌یتمان وه‌کوو لقێک له ئه‌ده‌بی زاره‌کیی بۆ ده‌رده‌که‌وێت و هه‌میش قووڵایی سامانی مه‌عنه‌ویی و ئه‌ده‌بیی ئه‌ده‌بی زاره‌کیمان بۆ ده‌سه‌لمێت و هاوکات ئه‌مه‌شمان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه که به‌و هه‌موو سه‌رمایه مه‌عنه‌وی و دیرۆکییه‌وه چه‌نده که‌مته‌رخه‌میمان کردووه و ئه‌وه‌ی ده‌بوو بمانکردبایه ده‌بووایه زۆر زیاتر بایه له ئاستی ئه‌وه‌ی که کردوومانه. له فه‌سڵی یه‌که‌می ئه‌م کتێبه‌دا ده‌خوێنینه‌وه: “وشه‌ی به‌یت له نووسراوه‌کان و له ئاخافتنی خه‌ڵکی ئاسایی‌دا، به سێ مانای جیاواز ده‌کار کراوه:-
1.به‌یت به مانای هه‌ره گشتی: واته ئه‌و به‌شه له فولکلۆری کوردی که تێکڕای (ئه‌ده‌بی داستانیی زاره‌کی) ده‌گرێته‌وه. دیاره له‌م به‌کارهێنانه‌دا، وشه‌ی به‌یت جگه له لاوک و حه‌یران و به‌ند، به‌شێک له گۆرانی و چیرۆکی فۆلکلۆریشی گرتۆته‌وه. هه‌ر ئه‌و چه‌شنه لێکدانه‌وه‌یه‌یه‌ی وشه‌ی به‌یت، بۆته هۆی قه‌ناعه‌ت هێنان به‌مه که (به‌یت) له ئه‌ده‌بی کۆنی گه‌لانی دیکه‌شدا هه‌بووه: (ئه‌ورووپییه‌کان، وشه‌ی کۆنی یۆنانی (epic)بۆ شتێکی نزیک له به‌یتی کوردییه‌وه به‌کار دێنن…ئه‌پیکی ئه‌ورووپییه‌کان دوو جۆر بوون: (folk epic) واته به‌یتی ڕه‌مه‌کی که ئه‌میان به سه‌ر زاری گه‌لدا ده‌گه‌ڕا و دێ به دێ و ناوچه به ناوچه له به‌ر ده‌کرا و دانه‌ره‌کانیان نه‌ناسراو بوون وه‌کو “ئیلیاد و ئۆدیسه‌ی” یۆنانی. جۆری دووه‌می ئه‌پیک، پێی ده‌ڵێن (art epic) ئه‌مه‌یان دانه‌ره‌که‌ی دیاره و واته به‌یتی هونه‌ری.
2.به‌مانای تایبه‌تی: واته به‌شێک له ئه‌ده‌بی زاره‌کیی کوردیی که گه‌رچی خزمایه‌تیی و نزیکایه‌تی له‌گه‌ڵ لاوک و حه‌یراندا هه‌یه به‌ڵام نه لاوکه و نه حه‌یران. بۆ نموونه (لاس و خه‌زاڵ) به‌م مانا تایبه‌ته، به‌یتێکه که به‌م ناوه له نێو خه‌ڵکدا به‌ناوبانگه و ناکرێ ناوی لاوک و حه‌یرانی له‌سه‌ر دابنیین. له‌م گوته‌یه‌ی خواره‌وه‌دا، وشه‌ی به‌یت به‌م مانایه ده‌کار کراوه:_ “جیاوازیی به‌یت له‌گه‌ڵ هێندێک گۆرانیی میللی کورد وه‌کوو حه‌یران، قه‌تار و لاوک، ئه‌وه‌یه که به‌یت به زۆری گێڕانه‌وه‌ی تێدایه و به گشتی درێژه. به‌یت هه‌روه‌ها زۆر به ڕوونی له حیکایه‌ت یان چیرۆکی کوردیش جیایه”.
3.به مانای هه‌ره گشتی: واته چه‌شنه به‌کارهێنانێک که له نێوان مانای هه‌ره گشتی و مانای تایبه‌تیدا جێگیر ده‌بێت. له‌م چه‌شنه لێکدانه‌وه‌یه‌دا، به‌یت به مانای تایبه‌تی و هه‌روه‌ها لاوک و حه‌یران، هه‌موویان تێکڕا ناوی به‌یت یان جاری وایه له به‌کارهێنانی به‌رفراوانتردا ناوی “به‌یت و باو” یان له‌سه‌ر داده‌نرێت.
لێره‌دا ته‌نها ده‌لاله‌ته سه‌ره‌تاییه‌کانی به‌یت باس ده‌کرێت و دواتر له ڕوانگه‌ی پێکهاته‌خوازییه‌وه به‌یته کوردییه‌کان به وردییه‌کی بێ وێنه‌وه شی ده‌کرێنه‌وه، ئه‌م ڕانانه زۆر خێرا و تێپه‌ڕه به ده‌ر له‌وه‌ی ئاماژه‌دان و ناساندنێکی کورتی ئه‌و سه‌رچاوه گرینگه‌یه، ڕه‌چاوکردنی شێوازی ورد و قووڵ و ئه‌کادیمی له هه‌ڵکۆڵینی سامه‌نه مه‌عنه‌وییه‌کانی ناو ئه‌ده‌بی زاره‌کیمانه، کاریگه‌ریی ئه‌ده‌بی زاره‌کیی له کۆنه‌ست و ئاکاریی گشتیی کۆمه‌ڵایه‌تیی شتێکی حاشاهه‌ڵنگره، ڕێزدانان بۆ خۆشه‌ویستیی له ناو کورد و هه‌موو کوردستان بۆ ئه‌م سه‌رچاوه قووڵه دیرۆکییه ده‌گه‌ڕێته‌وه، حیکایه‌ت و چیرۆکی کوردیی به‌شێکی زۆری گرێدراوه به ڕه‌هه‌نده گێڕانه‌وه‌ییه‌کانی به‌یت و باو و ئه‌ده‌بی زاره‌کییمان به مانا گشتییه‌که‌یه‌وه، هه‌ر بۆیه ده‌بێت وه‌کو سه‌رمایه‌یه‌ک چاوی لێبکه‌ین و بیخه‌ینه گه‌ڕ، هه‌ڵبه‌ت نه‌ک وه‌کوو سه‌رمایه‌یه‌کی خه‌وتوو و نووستوو، به‌ڵکو وه‌کو سه‌رمایه‌یه‌ک بخرێته ناو ده‌ماری خوێنی شوناس و نه‌ته‌وه‌سازیی و وشیارکردنه‌وه له مێژوو و جوانیناسیی و دیرۆکی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، ئه‌گینا به ئاسانی و له ناو زانستی کۆلۆنیالیستته‌وه‌ری داگیرکه‌راندا ئه‌م سه‌رمایه مه‌عنه‌وییه بێ بنه ده‌بێت به مه‌ترسییه‌کی گه‌وره له سه‌ر خۆمان، ئه‌مه‌ش له‌و دژوازیی و غه‌درانه‌ی مێژووی ناوچه‌که‌یه که ئێمه‌ی کورد به نیسبه‌ت خۆمانه له ده‌یان پنتی چاره‌نووسسازی مێژوویی‌دا ئه‌زموونمان کردووه و پێویسته له ژێر تیشکی وشیاری و ڕۆشنگه‌ری و ماندووبووندا له دووپاتبوونه‌وه‌ی ئه‌م ئازاره مێژووییه ڕێگری بکه‌ین.